ترپه‌ی دڵم له‌سه‌ر دڵڕه‌قی زه‌مه‌نا….غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵا
چیرۆك
ترپه‌ی دڵم له‌سه‌ر دڵڕه‌قی زه‌مه‌نا..
غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵا
***********************************
پێت وابوو كه لێت جیا ببمه‌وه
ئیدی بیری تۆ نایه‌ت به سه‌رمدا
وه‌لێ چی بڵێم جگه ئه‌م كڵپه‌یه
ئاگرێكی دیكه نیه له گیانی مندا ..!!-فروغ فروخزاد-
ئه‌وه‌ی له‌خه‌یاڵم نه‌بوو ئیمشه‌و روویدا، شتێك زۆر په‌یوه‌ندی گیانی به‌گیانی، یان چاره‌نووسسازی به‌منه‌وه هه‌بوو، كه چه‌ند ساڵێك بوو ده‌مه‌ویست له هه‌موو كون وقوژبنێكی بوونمدا بیسڕمه‌وه، بگره نامهویست كه‌سیش ناوی بهێنێ، چونكه زۆر مه‌ینه‌تیم به‌ده‌ستیه‌وه دیبوو، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌و خۆشه‌ویستیه سه‌رنه‌كه‌وتوه بوو، كه نازانم چۆن ناوی خۆشه‌ویستی بوو؟. پهیابوونهوهی له‌م شه‌وه تۆف و سه‌خته‌دا به‌دبه‌ختیه‌كی دیكه بوو ، بڕوام نه‌ده‌هات كه‌س له‌م شه‌وه سه‌خته‌دا ، با له‌و په‌ڕی دنیاشه‌وه بێ منی بیركه‌وێته‌وه ! من ده‌مێكه خۆمم له‌بیركردوه، چۆن ئه‌وه‌ی كه چووه سه‌ر خه‌رمانی بهدبهختیهكانم ، منی بیركه‌وته‌وه؟ هه‌رچه‌ندێ حه‌زناكه‌م زاراوه‌ی كشاوهرزیش به‌كاربهێنم، وه‌كو ئه‌وه‌ی زۆر له نوسه‌ره‌كان ده‌سبه‌رداری نابن و، به‌كارده‌هێنن وه‌كو شتی دانسقه‌و ده‌گمه‌ن بۆ نموونه: شه‌غره، گێره ،جه‌واڵ، جه‌نجه‌ر، ره‌شكه و، كه‌ر له‌كوێ كه‌ووتوه و كونه له‌كوێ دڕاوه !..تاد…ئه‌م كاره‌ساته‌ی منیش په‌یوه‌نده به‌و كۆمه‌ڵگا كشاوهرزیه دواكه‌وتووه‌وه ، ئه‌ی ئه‌گه‌ر دواكوتوویی نه‌بووایه ، چۆن( ن ) بریارێكی وه‌ها جه‌رگبڕی ده‌داو ئیستایش باجه‌كه‌ی ده‌دات؟!.. ده‌ره‌وه سه‌رمایه‌كی یه‌كجار سه‌خت بوو ، له دوێنێوه به‌فربارینه‌كه وه‌ستابوو ، به‌ڵام وشكه سه‌رما ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ئاسنشی ره‌ق دهكردو به‌ستبووی. لهژوورهكهم له‌به‌ر سه‌رما خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت ، ژوورێكی رووتی گه‌وره‌ی ئوتێلێك بوو، ده‌مێك بوو ته‌نیایی ببووه به‌شم ،مه‌گه‌ر له من ته‌نیاتر (فروغ) بووبێت ، -هه‌میشه ته‌نیام وته‌نیایی ناوهكۆڵم ده‌كات-، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی -فروغ-یش له‌دوای مه‌رگی خۆم بهجێناهێلم ، كه‌چی –فروغ- 37 تومان و8 ریاڵ وپاكهتێك جگه‌ره‌ی لێ به‌جێما!. بهبیریشم نایه‌ت كه‌سێكی دڵسۆزم هه‌بووبێت، یان خهمخۆریك، ته‌نها دایكێكم هه‌بوو ، وه‌كو دایكی (رامبۆ) ساڵانیكه جێمهێشتووه ، نه ئه‌و ده‌زانێ چیم به‌سه‌رهاتووه ، یان نهدهمزانی ئه‌و چی به‌سه‌رهاتووه! وه‌كو بایه‌قوش ته‌نیا بووم، بایه‌قوش ده‌توانێ به قیڕه قیڕ گوزارشت له‌ده‌ردی ته‌نیایه‌كه‌ی خۆی بكات، من له‌وه‌شدا كۆڵه‌وار بووم. هه‌رچه‌ندێ ئێواره له‌گه‌ڵ هاورێ هه‌میشه مهستهكانم زۆرم خوارد بووه ، به تایبه‌تی له‌وه‌ته‌ی ( ن ) ، بۆچه‌ند ساڵێك ده‌چێ له‌كوت وپڕێكدا شووی كردبوو ، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریشم كاته‌وه له‌و مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌ی هه‌ردووكمان!. قیروسیا قه‌یناكه شووی كرد ، به‌ڵام هه‌رنه‌بووایه شووی به‌كه‌سێك كردبایه له‌م وڵاته بووایه، نه‌ك بهههندهرانیهك ، هه‌ر هیچ نه‌بووایه جار به‌جار له‌گه‌ڵ مێرده خهڵاتاوهكهی ده‌مبینی و، چاومان له‌یه‌ك ده‌بڕی و سوكناییهكمان ده‌هاتێ. چونكه به‌راستی ئه‌و بڕوای به‌هیچ جۆره خیانه‌تێك نه‌بوو، نه‌خوازه‌ڵا خیانه‌تكردن له مێرده‌كه‌ی، با هه‌رچه‌ندێكیش منی خۆشبوێ ، تابڵێم به مه‌یلی جارانه‌وه خیانه‌ت له مێرده‌كه‌ی بكات و بێته‌لام . هه‌ر له‌م چیرۆكه‌شدا راده‌ی خۆشه‌ویستی وشهیدایی ئه‌وتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت . به‌راستی نه‌متوانی ئه‌م چیرۆكه‌ی خۆم یان ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی خۆم نه‌نووسمه‌وه، هه‌ر خه‌ریكی بابه‌تی جاد بم ، هه‌رچه‌ندێ خۆشه‌ویستییش بابه‌تێكی زۆر جادی مرۆڤه.. ئیدی دوای ئه‌و، تهنیاییهكهم هێنده‌ی دیكه خه‌ست بوه‌وه، ئهوهندهیدیكه غه‌رقی مه‌ی و مه‌یخانه بووم ، به‌راستی خه‌ریكه وه‌كو (ئه‌دگار ئاڵان پوو)م لێدێت و، هه‌ر ئه‌وه‌م ماوه له كوچه‌و كۆڵانه‌كان له مه‌ستیدا بكه‌وم. لێتانی ناشارمه‌وه چه‌ند ساڵێكه له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌م جیا بووینه‌ته‌وه و، ئه‌و بۆ خۆی شووی كرد. هه‌ر خۆشه‌ویستی (ن)یش بووه هۆی له‌یه‌ك جیابوونه‌وه‌مان ، به دڵداری ژنه‌كه‌م نه‌هێنا بوو ، بگره وه‌كو چاوبهستراوێك ده‌ست بخاته سه‌ر شتێك ، ئاوها وه‌كو پیتاقه بۆم ده‌رچوو بوو ، كه‌چی پیتاقهیهكی خراپیش نه‌بوو، به‌ڵام خۆشه‌ویستی( ن ) فریوی دام ، تا ژنه‌كه‌م پێ ی زانی و، شوولی لێ هه‌ڵكێشا و ووتی یان من یان ( ن )؟ منیش هات بهدهمماو وتم ( ن) . نه‌شمزانی ئه‌و خۆشه‌ویستیه ده‌بێته خوومێك و ده‌چێت به باڵای ته‌مه‌نما!. به‌هه‌رحاڵ، ژووره‌كه‌م سۆپاشی تیا نه‌بوو، تیای هه‌بوو به ناو ، وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیسی ده‌كرد، هه‌ر چاره‌كه سه‌عاتێك دوای هه‌ڵبوونی دهمكوژاندهوه، ناچار بووم هه‌ر زوو خۆم ده‌كرد به ژێر لێفه‌و پهتانیهكانهوه. گه‌رچی زۆریش ده‌ترسام وه‌كو (سادق هیدایه‌ت) دوای ئه‌وه‌ی لاشه‌كه‌م له‌ژووره‌كه بۆگه‌ن ده‌كات ئه‌وجا بزانن مردووم بمدۆزنه‌وه. ژووره‌كه پهنجهرهێكی گه‌وره‌ی تیا بوو، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه یارمه‌تیده‌ر بوو تا سه‌رما له ژووره‌كه چڕبێته‌وه. تاكه چاكه‌ی سه‌رماكه ئه‌وه‌بوو مۆرانه‌و مێروله‌ی كردبووه كونهوهو له خواردن و به‌رماوه‌ی خواردنه‌كانم دووری خستبوونه‌وه. ئه‌و شه‌وه له‌به‌ر سه‌رما نه‌متوانی له ژێر بهتانیهكانیش بێمه‌ده‌ره‌وه‌و خواردن بخۆم ، باشترین خواردنم فه‌لافل و نۆكاوی سارده‌وه بوو، یان هێلكه‌ی كوڵاو بوو. زۆریش لاواز ببووم و ئیشتههای خواردنم نه‌ما بوو ، به‌یانیانیش زۆر به‌زه‌حمه‌ت راست ده‌بوومه‌وه و ده‌چووم بۆ فهرمانگاكهم ، له‌وێش له سه‌روچاوی ژن و كچه فه‌رمانبه‌ر و پیاوه فه‌رمانبه‌ره نه‌عله‌تی و حهسوودهكاندا ده‌یان به‌زه‌ییم ده‌خوێنده‌وه ، ده‌یانزانی(ن) غه‌درێكی گه‌وره‌ی لێكردبووم، هه‌ستیان ده‌كرد مه‌رگم نزیكه ، هه‌ندێجار یه‌ك دوو له كچه‌كان ده‌هاتنه لام وده‌یانووت:
– كاك ئومێد هه‌ندێ خواردنه‌وه كهمكهرهوه ، ئه‌وه‌ی تۆ خواردنه‌وه نیه بگره خۆكوشتنه.
– ئافره‌ت كه‌ی ئه‌وه‌یه تۆ جوانی خۆت بخهیتهسهری .. ئاوڕ بده‌ره‌وه ده‌یان كچی جوان ئاماده‌ن شووت پێ بكه‌ن.
ده‌مێك بوو ئه‌م قسانه‌م له‌پێ كردبوو، چونكه هه‌رگیز بڕوام به چیرۆكی ئه‌فسانه‌ی وه‌كو رۆمیوو ژوولێت و شیرین و فه‌رهاد و مه‌جنون له‌یلاش نه‌بووه، بگره هه‌مووی وه‌كو ئه‌م چیرۆكه‌ی بهردستتان وایه. ئه‌قڵی مرۆڤی ده‌ستبه‌تاڵ و لێقه‌وماو خوڵقاندوونی، مرۆڤ تائیستا له هه‌زاره‌ی سیێه‌مدا ده‌یه‌وێ له‌ئه‌فسانه‌كانی ئه‌سخیلۆس و هۆمیرۆس دا بژێت!.. من بۆ ( ن ) خه‌مبار نه‌بووم ، بگره بۆ ئه‌وه خه‌مباربووم، كه خۆشه‌ویستترین مرۆڤ له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا له پشته‌وه چه‌قۆی ژه‌هراوی لێدام و بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت! من ئیستا نازانم ئه‌و كرده‌وه نامرۆڤانه كوت و پڕیه‌ی بۆچی بوو ؟ چی هانیدا ئه‌و غه‌دره گه‌وره‌یه له‌خۆی و منیش بكات؟. له‌وانه‌یه له‌درێژه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌شدا بۆتان ساغ نه‌بێته‌وه! وه‌كو ووتم ده‌مێك بوو هه‌ندێ ووره‌م هاتبوه‌وه ، به‌وه‌ی گوایه خۆشه‌ویستی (ن ) مۆته‌كه‌یه‌ك بوو ره‌ویه‌وه و دووباره نابێته‌وه. ئه‌ویش له‌و هه‌نده‌رانه له‌خه‌ویشدا منی به‌خه‌یاڵدا نایه‌ت. كه‌چی هه‌موو بۆچوون و غایڵهكان ئه‌م شه‌و لنگه‌و قوچ بوونه‌وه، قوڕبه‌سه‌ر خۆت خه‌مه‌ت كه‌م بوو، ئه‌م شه‌و ئه‌وه‌نده‌ی تری خهستكردهوه، ئه‌ی خۆم نهمدهووت گۆم تا قووڵ بێت مه‌له‌ی خۆشه! ده‌ی بزانم له‌م به‌حری غه‌مه چۆن مه‌له ده‌كه‌یت؟. ئه‌و براده‌رانه‌ی كه( ن )یان ده‌ناسی هه‌ركه به‌سه‌ردان ده‌هاتنه‌وه بۆ نیشتیمان، ده‌ترسام چاوم پێیان بكه‌وێ ، نه‌وه‌ك هه‌واڵی ئه‌وم بده‌نێ و برینه‌كان تازه بكه‌ونه‌وه..به‌ڵام هیچ چارێكت نیه خه‌می ئه‌و قه‌ده‌ری تۆیه ئاخر شه‌ڕ! خه‌ریك بوو چاوم ده‌چووه خه‌و یان ناچووه خه‌و ، هه‌ندێ جار له نێو تاریكیكهدا تارمایی باوكم ده‌هاته‌پێش چاوم، ده‌مبینی ته‌ماشای ده‌كردم و فرمێسك به روومه‌ته قوپاوهكهیدا بۆ بهدبهختیهكهم ده‌هاته خواره‌وه. گوێم له‌زرمه‌ی ده‌رگا بوو، گوێم لێ بوو شاگردی ئوتێله‌كه بوو، ده‌یووت(مامۆستا ئومێد ،مامۆستا ئومێد) .هه‌رچۆنێك بوو به‌ده‌م له‌رزه‌وه خۆم له‌ژێر نوێنه‌كه ده‌رهێناو، بهلهپهكوتێ به‌ره‌و ده‌رگاكه رۆیشتم و كردمه‌وه، شاگرده‌كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌با نه‌بوو لایتێكی به‌ده‌سته‌وه بوو ، رووناكیه‌كه‌ی به‌شه‌رمێكه‌وه ئاراسته‌ی من كرد و وتی:
– مامۆستا ئومێد داوای لێبوردن ده‌كه‌م ،كاتیش دره‌نگه و نووستبووی، ئێواره كه‌سێك ئه‌م زه‌رفه‌ی هێنا، به ناونیشانی ئوتێله‌كه‌ی ئێمه هاتووه ، ئه‌وه‌ی هێنای ده‌یووت فاكسێكی په‌له‌یه بۆ جه‌نابت ، داوای لێبوردن ده‌كه‌م من دوام خست وابزانم ئه‌و ناونیشانه‌ی بۆی هاتووه ئه‌وانیش دوایان خستووه..ئیدی له‌شه‌رما به‌بێ خواحافیزیش لیێداو رۆیشت و، منیش ده‌رگاكه‌م داخست. ئیدی تاگه‌یشتمه سهرنوێنهكهم به‌و تاریكیه یه‌ك دووجار له‌به‌ر نیگه‌رانی پێم له‌هه‌وا هه‌ڵده‌كه‌وت و، هه‌ر به‌بۆشایی خۆم ده‌گرته‌وه. به‌راستی من له هیچ كوێ نه براده‌ری زۆر دڵسۆزم هه‌یه و، نه‌كه‌سی خه‌مخۆر ئاوها له‌و هه‌نده‌رانه منی له‌م ئوتێله گومناوه دۆزیبێته‌وه‌و به‌سه‌رم بكاته‌وه، هه‌ر خێرا به لهپهكوتێ چرا لالهكهم دۆزیه‌وه‌و چه‌رخه‌كه‌م له‌ژێر سه‌رینه‌كه ده‌رهێناو هه‌ڵمكرد، به‌راستی خه‌ریك بوو زه‌رفه‌كه پشت گوێ بخه‌م ، وه‌لێ شتێك له ناوه‌وه رایدهوهشاندم و ، هانی ده‌دام زه‌رفه‌كه بكه‌مه‌وه. به‌ترسێك وخهمساردیشهوه فاكسی ناو زه‌رفه‌كه‌م ده‌رهێنا ، پێنج لاپه‌ڕه‌و نیوی نووسین بوو، هه‌ركه ده‌ست خه‌ته‌كه‌م بینی سه‌ره‌گێژه‌م پێكه‌وت و ووتم دڵم ده‌وه‌ستێ. هه‌رچۆنێك بوو ووره‌م دایه به‌رخۆم و ، درۆیش ده‌كه‌م بڵێم ئه‌گه‌ر به‌دیتنی دهسخهتهكهی نهگهشامهوه, بێ ئه‌وه‌ی بچمه ناو مه‌به‌ستی نامه‌كه‌وه ، ووتم دیاره هه‌ستی به‌ئازاری ویژدان كردوه و له‌مێرده‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه به‌ته‌مای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نیشتیمان!. ئیدی ئه‌و شه‌وه خه‌وو سه‌رمام له‌بیرچوه‌وه.ده‌ستم كرد به‌داگیرساندنی جگه‌ره‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك. ده‌ست خه‌تی جوان نه‌بوو وه‌كو خۆی ، دهسوخهتهكهی پێچه‌وانه‌ی خۆی بوو، یه‌كه‌م ووشه‌ی نامه‌كه ئاوها ده‌ستی پێكرد 🙁 خۆشه‌ویسته غهدرلێكراوهكهم…)! تاس بردمیه‌وه و هه‌ندێ تارمایی له‌به‌ر رووناكی چراكه هاتنه به‌ر چاوم ، دوای بۆم ده‌ركه‌وت كه سه‌رگورشته لێڵه‌كه‌ی خۆم بوو ، لهناوهاراستهوه هه‌ندێ رووناك بوه‌وه، بۆم ده‌ركه‌وت وێنه‌كه‌ی( ن ) بوو. چۆن دانپیانانێكه دوای شه‌ش ساڵ به‌ده‌م ئه‌و غه‌دره‌وه دهتڵێمهوه،ئیستا به‌ئاگاهاتووه‌ته‌وه؟! (( من ئیستا وه‌زعم زۆر له‌تۆ شڕتره، له‌م دواییه برادرێكتم بینی و هه‌واڵی تۆم پرسی، زانیم هێشتا له‌و شاره ماوی وله‌و ئوتێلێهش ماوی كه چه‌ند جارێك ده‌هاتم بۆلات . ئیدی نه‌متوانی بێده‌نگ بم هه‌موو شتێكت بۆ نه‌گێڕمه‌وه، گه‌رچی له‌م نامه كورته‌دا ناكرێت! ئه‌گه‌ر بمبینی نامناسیته‌وه، نازانم ئه‌و بڕیاره سه‌خیفه چی بوو منی خسته ئه‌م هه‌ڵدێره‌وه، له‌وه‌ته‌ی چووم بۆ هه‌نده‌ران، هه‌ر ساڵێك لای میرده سهگبابهكهم مامه‌وه،دوای ئه‌وی سكم پڕ بوو كوڕێكم بوو، ناوی تۆم لێناو چووم له‌لای خێزانێكی كوردی كه‌ركوكی داڵدیان دام ، به‌راستی لێت ناشارمه‌وه مێرده‌كه‌م بۆم ده‌ركه‌وت منی هێنا بۆ هه‌نده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی كاسبیم پێوه بكات، كه‌هات بۆ داخوازیم له‌وێ زۆر رێك وپێك بوو ، زمانی شیرین بوو. دیار بوو كه من تۆ له‌شتێكدا جیاواز بووین ، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی قه‌ده‌ریه‌ت بوو، كه زۆر شانۆی كۆنی گریك بڕوای پێ هه‌بوو ، بۆ نموونه شانۆی ئۆدیبی سۆفۆكڵیس ، من دیار بوو ئه‌و قه‌ده‌ریه‌ته هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندم و له‌خشته‌ی بردم ، تا ئه‌و غه‌دره گه‌وره‌یه له‌خۆم وتۆ بكه‌م. تۆ كه‌سێكی هه‌میشه سه‌ر سه‌خت بۆی ، كه‌ی بروات به‌وشته قۆڕانه هه‌بووه‌و، جرتت بۆیان كێشاوه! ئه‌وه‌ی منی به‌م ژیانی وغوربهتهوه گرێدابوو: دوو(ئومێد) بوو ، تۆ و كوڕه‌كه‌م ، له‌دووری تۆدا بۆنم ده‌نا به(ئومێد) ی كوڕمه‌وه و، ئه‌وم له‌ئامێز ده‌گرت وتۆم بیرده‌كه‌وته‌وه، ئه‌م ساڵانه پڕ نه‌هامه‌تیه ته‌نها خه‌ونم هه‌بوو ، ته‌نها خه‌ونه كه ته‌مه‌نی مرۆڤی بێ ئومێد ولێقهوماو درێژده‌كات ، زۆرجار بیرم ده‌كرده‌وه بڕیاری یه‌كجاره‌كی بده‌م و بگه‌رێمه‌وه بۆ نیشتیمان، به‌ڵام شه‌رمه‌زار بووم به‌رامبه‌ر به خۆشه‌ویسترین كه‌س له‌م سه‌ر زه‌ویه، بۆیه دیسان خۆم دایه ده‌ستی قه‌ده‌ر و چاوه‌رێ بووم.. ( جه‌میله) له چیرۆكه‌كه‌ی -جه‌نگیز ئیتماتۆف-دا ، چه‌ند ژنێكی ئازا‌و به‌جه‌رگ بوو ، هه‌ركه مێرده‌كه‌ی پشت گوێ ی خستبوو، كه‌وته دوای ئه‌و سه‌بازه هه‌ڵاتووه‌ی كه له كێڵگه‌كه‌یان ببووه كریكار وبه‌دڵ خۆشی‌ویست و رۆیشت له‌گه‌ڵیداو،رزگاری بوو له‌و مێرده دواكه‌وتووه كهمنموودهی، چه‌ند زۆر له جۆری ئه‌م چیرۆكه جه‌رگبڕانه ، وه‌كو چیرۆكی فلیمی(The bridges of (madeson country. نیوان كابرایه‌كی به ساڵاچووی ره‌به‌نی وێنه‌گر و ژنێكی خاوه‌ن مێرد‌و مناڵی پشت گوێخراو.كه هه‌موو جارێك ده‌یبینم ، ناتوانم پرَ به دڵ نه‌گریم. یان دڵیشم نه‌ده‌هات (ئومێد) له‌وماڵه بهجێبهیلم و سه‌ری خۆم هه‌ڵگرم وبڕۆم ، یان خۆم تووڕدهمه ده‌ریاوه، یان وه‌كو (فروغ) شووشه‌یه‌ك حه‌بی گاردیناڵ بخۆم و رزگارم بێت، گه‌رچی فروغ نه‌مردو بۆ قوڕبهسهریهكانی ژیان مایه‌وه.. ئه‌وه‌ی مێرده خوێڕیهكهم بوو ، به‌یه‌كجاری رزگارم بوو لێی و پار بووه ژێر ئۆتۆمبیله‌وه و، یه‌ك دوویه‌ك له‌كه‌س وكارهكهی هاتن بۆ ئێره‌و قه‌ره‌بوویه‌كی باشی مردنه‌كه‌یان وه‌رگرت و رۆیشتنه‌وه..منیش له‌نیشتیمان له‌برایه‌كی هه‌میشه سه‌رخۆش وبێ مه‌سره‌ف وخوشكێكی بێوه‌ژن كه‌سی دیكه‌م نه‌ماوه و ، واتا (ئومێد)یش كۆپیه‌كی ده‌قاوده‌قی تۆیه!(ئومێد )، ئیستا ته‌مه‌نی پێنج ساڵه. خۆم لهكارگهیهك دامه‌زراوم به‌و ئیشه ویارمه‌تی بژی ومهمر ژیان ده‌به‌ینه سه‌ر. به‌بیرت دێ جارێكیان ئه‌و چیرۆكه‌ی –چیخۆف-ت دامێ (خانمه خاوه‌ن سه‌گه‌كه)؟ چه‌ند من و(ئانا سیرگیڤنا) به یه‌ك ده‌چین ؟ هیچ نه‌بێ ئه‌و سگهكهی هاورێی خه‌می بوو، هه‌ركه دێمه‌وه ۆ ماڵ ئومێد وه‌كو باوكه لهوهلاتر رۆیشتووهكهی ، ئه‌ونده‌ی كه بێزارم ده‌كات ، ووڕكاویه، ده‌مێك بوو ده‌مویست نامه‌ت بۆ بنووسم و دڵی خۆمت بۆ بكه‌مه‌وه، به‌ڵام هێنده شه‌رمه‌زارم له ئاستی تۆ جورئه‌تم نه‌ده‌كرد ، هه‌ست ده‌كه‌م چه‌ند به‌رامبه‌ر خودی خۆشم كه‌رامه‌ت رووشاوم!.مێرده‌كه‌م دوای چه‌ند مانگێك كه‌وته گومانه‌وه كه له نیشتیمان رابردوویهكم هه‌بووه و به‌جێمهێشتووه، به‌تایبه‌ت دوای له‌دایكبوونی ئومێد گومانه‌كه‌ی زیادی كرد‌و، ده‌یپرسی بۆ ناوم نا –ئومێد- ! چونكه زۆرجار داوای ده‌كرد به‌ناوی باوكی ئه‌وه‌وه ناوی بنێم، یان ناوی كه‌سێكی خۆی یان كه‌سێكی دیكه، ئیتر باش بوو دوای ئه‌وه جیابووینه‌وه)) .. وام لێهات خه‌ریك بوو بڕوا به قه‌ده‌ریه‌ت بهێنم ! زۆر ده‌ترسام بچمه‌وه سه‌ر نامه‌كه‌ی ، چونكه چاوه‌رێ ی خراپترم ده‌كرد، منیش به‌رگه‌ی له‌وه زیاتر ناگرم ، ئه‌مجاره له‌رزێكی زۆر دایگرتم ، ده‌ترسام رۆژ نه‌بێته‌وه ، هه‌ر شه‌و بێت! ئه‌م شه‌و ئه‌م سه‌رمایه بمكوژێت، ده‌مێك بوو به‌هۆی ئه‌م لهبیرچوونهوهیهش زۆر شت ببوونه قوربانی ئه‌و له‌بیرچونه‌وه‌یه و، زۆر شتی گرنكی ژیانم له‌بیرچوو بوه‌وه، كه به‌لامه‌وه زۆر گرنگ بوون، ناو وشوێن وئه‌وی په‌یوه‌ست بوو بهچارهنووسمهوه. به‌و سه‌رمایه نازانم په‌روانه‌یه‌ك له‌كۆێوه هات ونووسا به چراكهوه؟ یان خه‌یاڵی ئه‌و بوو له‌ترسی تاریكی به ده‌ووری بلووری چراكهوه ده‌خولایه‌وه! سێ پیت له پیته‌كانی وشه‌ی (په‌روانه) سێ پیتی ناوه‌كه‌ی ئه‌ویشن. ئه‌و گیانداره به‌ستزمانه چ چاره‌نووسێك هانی دابوو به‌م شه‌وه سه‌خت ولهم ژووره سارده‌دا ببێته هاوریێ ته‌نیاییم، باش بوو تهنیایهكهم هه‌ندێ سووك بوو ، توانیم له‌خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی( ن) به‌رده‌وام بم: (( نازانم باسی چی بكه‌م له‌سه‌ر ئه‌م لاپه‌ڕه كهڕولاڵانهدا، چۆن له ئه‌م ده‌ریای غه‌می منه ده‌گه‌ن ، ئای چه‌ند ده‌ترسم ئه‌م نامه‌یه رێگا وێڵ بكات و، هه‌رگیز نه‌گاته تۆ‌و نه‌شگاته هێچ كوێ. چونكه ئه‌گه‌ر به تۆیش نه‌گات با كه‌سێكی تر بیخوێنێته‌وه و، بزانێ ئه‌م دنیایه چه‌ند له‌و خه‌ڵكه به‌دبه‌خته پڕه كه دنیای خۆیان نیه!.-هێلین- له ته‌ڕواده چه‌ند به‌جورئه‌ت بوو ، مێرده خوێڕیهكهی به‌جێهێشت وكه‌وته دوای-پاریس-ی خۆشه‌ویستی . كه‌چی من پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بووم، خۆشه‌ویسته‌كه‌م به‌جێهێشت وكهوتمه دوای كه‌سێكی بووده‌ڵه‌و نه‌دیو نه‌شاره‌زا !. ده‌زانی زیاتر چی هانیدام ئه‌م ملهوڕیه بكه‌م؟ به‌ڵێ زۆر ده‌ترسام تۆ ببیت به "راسكۆلینكۆف" ومنیش ببمه "سۆنیا"، من داخوازیم زۆر بوو، تۆیش فه‌رمانبه‌رێكی تازه ودستكورت وپهناههندهی ژووری ئوتێلێكی هه‌رزان بووی. یان بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه وه‌كو"فرمیناداسا"و"خۆفیناڵ ئۆربینۆ"مان لێبێت و ئه‌وجا بۆ یه‌ك ببین. به‌هه‌رحاڵ، ئیستا ته‌نیا ئاواتم ئه‌وه‌یه كوڕه‌كه‌م گه‌وره‌كه‌م و بۆئه‌و ده‌ژیم وهیچی تر.تازه ده‌ست له من بشۆره ، ده‌زانی هه‌موو جارێ ئه‌و وێنه‌یه ده‌ردێنم و به‌دیاریه‌وه تێر ده‌گریم ، ئه‌و وێنه هه‌تیووه‌ی كه پێكه‌وه له چێشتخانه‌یه‌كی شار پێكه‌وه دانیشتبووین وگرتمان، تۆ له‌لای چه‌په‌وه خه‌مبارو دوور ههڵدهروانی و،منیش له‌لای راسته‌وه به بزه‌یه‌كی دڵخۆشیه‌وه ته‌ماشات ده‌كه‌م، نازانم و له‌بیرم نه‌ماوه ئه‌وسا تۆ بۆ وادوور رۆیشتبووی و، منیش دڵم به‌و تێڕامانه هه‌میشه خه‌مباره‌ت خۆش بوو؟! هه‌موو جارێكیش شیعری ئه‌و گۆرانیه‌ی "داریوش" ده‌ڵێمه‌وه ، كه تۆ له سه‌ر كارتۆنێك نووسیبووت وبهدیواری ژووره‌كه‌ته‌وه له‌و ئوتێله ههڵتواسی بوو:
" خۆزگه هۆشیاریی بهنهسیبم نه‌بووایه
چونكه هۆشیاریی خه‌مێكی گه‌وره‌یه"
بۆیه لێت ده‌ترسام ، له‌و هۆشیاریهت ده‌ترسام كه له پێناویدا هه‌موو شتێك بخه‌یته ژێر پێته‌وه، به منیشه‌وه)).. نه‌متوانی ئه‌مشه‌و خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی ته‌واوكه‌م، سه‌رمام بوو، چاوم سوورهه‌ڵگه‌رابوو، پهروانهكهش كه له‌مه‌وبه‌ر له‌ده‌وری چراكه ده‌خوولایه‌وه، به‌قه‌د بلوری لالاكهوه وووشك ببوو، گیانی ده‌رچووبوو. دڵم نه‌هات به مردوویش له بلورهكهی بكه‌مه‌وه، با تاهێزی مابێ به‌مردوویش له‌گه‌ڵ رووناكی چراكه‌دا بێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو چراكه‌م نهكوژاندبوهوهو ، خه‌وم لێكهوتبوو .بۆ به‌یانی له‌خه‌و هه‌ڵسام ، بگره له‌ده‌نگی زرمه‌ی ده‌رگای ژووره‌كه‌م به‌ئاگاهاتمه‌وه، سه‌عات (10)ی به‌یانی بوو، ده‌رگام كرده‌وه هه‌مان شاگردی ئوتێله‌كه بوو، وتی (مامۆستا ئومێد ، ئه‌م زهرفهش ئه‌م به‌یانیه هاتووه). نازانم بۆ له خۆمه‌وه دڵم داخورپا! بهخاویهكهوه زه‌رفه‌كه‌م كرده‌وه ، به بێتاقه‌تیه‌كی ئێجگاره‌وه كردمه‌وه، هه‌ركه كردمه‌وه ته‌نها وێنه‌یه‌كی تیا بوو، ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه له‌نامه‌كه‌یدا باسی كردبوو ، وێنه‌ی من و( ن) خۆی بوو، له‌یه‌ك دوو جێگاوه به ئاگری جگه‌ره سووتا بوو ، بۆیه یه‌كسه‌ر هه‌ر به‌ته‌نیشت شیعره‌كه‌ی "داریوش"ه‌وه چه‌سپم كرد‌و، خۆم گۆری و ده‌رچوومه ده‌ره‌وه..كزه‌یه‌كی سارد ته‌زیوو هه‌ڵیكردبوو، به‌هه‌زار حاڵ خۆم گه‌یانده فه‌رمانگه‌كه‌م..ده‌شێ دوای ماوه‌یه‌كی دیكه كه‌سێك ، یان هه‌واڵێكم بۆ بێت ، كه له‌ژووره‌كه‌یدا به‌گاز مردووه ، یان كه‌وتووه‌ته دوای كابرایه‌كی وه‌كو ئه‌وه‌ی "جه‌میله"ی ئیتماتۆف و رۆیشتووه، یان خۆی فرێداوه‌ته ده‌ریاوه ، یان شووشه‌یه‌ك حه‌بی گاردیناڵی خواردوه و كه‌س فریای نه‌كه‌وتووه مردوه‌و، كوڕه‌كه‌یشی دامه‌زراوێكی منداڵ به‌خێوكردن ده‌یگرێته‌خۆی…. نازانم چۆن بوو ئه‌م ووته‌یه‌ی "جوبران خه‌لیل جوبران"م بیركه‌وته‌وه كه ده‌ڵێ: (دوای مردنم كه‌سێكی دیكه دێت به‌ردێكی نوێ زیاد ده‌كات، به‌م شێوه‌یه نه‌وه‌یه‌كی زۆر دێن وده‌ژین و ده‌مرن، له هه‌موو نه‌وه‌یه‌كدا برایه‌كی من دێت به‌ردێك ده‌تاشێ وله شوێنێك دایده‌نێ و به‌و شێوه‌یه ، تا په‌رستگا درووست بكات و ئه‌وانه‌ی له به‌رزایین بیكه‌نه داڵده‌ی خۆیان"..فه‌بریوه‌ری 2009 سلێمانی ..