Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

توركیا لە دواى 14ى ئادار…

Be First!
by April 2, 2008 گشتی

 شیكردنەوەیەكى داواى داخستنى پارتى داد و گەشەپێدان و ئاكامەكانى……
 هێمن میرانى…….

 پارتى داد و گەشەپێدان AKP لە 14 ى ئۆگێستى 2001 دامەزراوە. ئەو پارتە لە لایەن چەند ئەندامێكى جیابۆوەى پارتى فەزیلەى ئیسلامى دیارترینیان رەجەب تەیب ئەردۆگان و عەبدوڵڵا گویل دامەزراوە كە خۆیان بە باڵى ریفۆرمخوازى فەزیلە دادەنا. پارتى ناوبراو لە هەڵبژاردنەكانى نۆڤەمبەرى 2002 و یۆلیۆى 2007 زۆرترین كورسیەكانى پارلەمانى توركیاى بردەوە و ئێستا خاوەنى 345 كورسى پارلەمانە. بۆیەكەم جارە پارتێكى سیاسى كە باكگراوندێكى ئیسلامى هەبىَ لە یەك كات و بە هەڵبژاردن بتوانىَ هەر سىَ پۆستى سەرۆكایەتى توركیا (سەرۆكى كۆمار و ئەنجومەنى وەزیران و پارلەمان) وەربگرىَ. لەسەردەستى پارتى ناوبراو لە 3ى ئۆكتۆبەرى 2005 دواى چڵ ساڵ چاوەڕوانى گفتوگۆى ئەندامەتى لە نێوان توركیا و یەكێتى ئەوروپا دەستى پێكرد و بۆ یەكەم جارە كۆمیسیۆنى ئەوروپا رایگەیاند كە توركیا خەریكى جێبەجىَ كردن و خۆگونجاندنە لە گەڵ پێوەرەكانى كۆپنهاگن. پارتى داد و گەشەپێدان لەوەتەى دەسەڵاتى گرتۆتە دەست لە چاو حكومەتەكانى دیكەى توركیا زۆرترین گۆڕانكارى و ریفۆرمى سیاسى ئەنجامداوە و لە بەرنامەى حكومەتى نوێدا هەیە كە دەستورێكى مەدەنى لە جێگەى دەستورى ئێستا دابنىَ كە لە ساڵى 1982 و دواى كودەتاى سەربازى ساڵى 1980دانراوە. داواكارى گشتى توركیا لە رۆژى هەینى 2008-03-14 داواكارییەكى پێشكەشى دادگاى باڵاى دەستورى توركیا كرد بۆ دادگایى كردنى پارتى داد و گەشەپێدان و 71 ئەندامى باڵاى ئەم پارتە. رۆژى دوو شەممە 2008-03-31 دادگاى دەستورى بە تێكڕایى هەر یانزە ئەندامى داواكەیان وەرگرت و خستیانە بەرنامەى كارەوە، لە خوارەوە ئەم رووداوە و كاردانەوە و كاریگەرییەكانى شیدەكەینەوە.
 
 دادگاى دەستورى توركیا
 دادگاى دەستورى توركیا بە گوێرەى مادە 146ى دەستور لە یانزە ئەندامى هەمیشە و چوار ئەندامى یەدەگ پێك دێت و ئەندامەكانى لە دەزگا جیاجیاكانى توركیا هەڵدەبژێردرێن. زیاتر ئەو دەزگایانەى خۆیان بە پارێزەرى بنەماكانى عەلمانیەت و كەمالیزم دەزانن، وەكو دەستەى خوێندنى باڵا و دادگاكان و سوپا. بە گوێرەى مادەى 148 دەستور دادگاى دەستورى ئەركى چاودێرى كردنى جێبەجىَ كردنى دەستور و بەراوردى قانونەكان دەبینىَ و لە دەستوریى بوونیان دەكۆڵێتەوە. بە گوێرەى مادەى 149 ى دەستور بڕیارەكانى دادگاى دەستورى بە زۆرینەى 7 ئەندام دەربارەى هەڵوەشاندنەوەى هەموارێكى دەستورى یان داخستنى پارتێكى سیاسى دەردەچىَ ( ئەم دەقە لە 17 ى ئۆكتۆبەرى 2001 هەموار كرا، پێشتر بڕیارەكە پێویستى بە دەنگى 6 ئەندام هەبوو ). ئەندامانى دادگاى دەستورى ئێستا بەم شێوەیە دانراون ( دوو دادوەر لە دادگاى تەمیزى باڵا، دوو دادوەر لە ئەنجومەنى شوراى دەوڵەت، دادوەرێك لە دادگاى باڵاى تەمیزى سەربازى، دادوەرێك لە دادگاى باڵاى ئیدارى سەربازى، دادوەرێك لە دادگاى حسابات، ئەندامێك لە ئەنجومەنى خوێندنى باڵا، سىَ ئەندام لە ئەفسەر و پارێزەرە ئیدارییەكان). ئەم دادگایە لەوەتەى لە ساڵى 1963 ەوە دامەزراوە، 24 پارتى سیاسى بە تۆمەتى بانگەشەكردن بۆ ئەجێنداى ئیسلامى و هاندانى هەستى جیاخوازى كوردى لەكار خستووە، كە هەردوو پرسى ناوبراو لە ستراتیجێتى كەمالیەكان بە هێلى سوور و هەڕەشە دەژمێردرێن. ئێستا كەیسى دوو پارت لە بەردەم دادگایە، پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتى DTP كە پارتێكى كوردییە، و پارتى داد و گەشەپێدان كە پارتى فەرمانڕەوایە لە توركیا.
 
 داواكارى گشتى داواى بەرزكردەوە
 دواى ئەوەى لە كۆتایى مانگى شوباتى رابردوو پارتى داد و گەشەپێدان AKP بە هاوكارى پارتى بزوتنەوەى نەژاد پەرست MHP كە 71 كورسى لە پارلەمانى توركیا هەیە، توانییان هەموارێكى دەستورى ئەنجام بدەن كە رێگە بدرىَ بە ئافرەتى لەچك بەسەر بچێتە زانكۆ، عەبدوڵڵا گویلى سەرۆك كۆماریش پەسندى كرد. چاودێران پێشبینیان كرد ئەم گۆڕانە هێندە بە ئاسانى بەسەر AKP تێپەڕنەبێت. چونكە كەمالیەكان لەچكى ئافرەتان بە هێماى ئیسلامى دەزانن و رێگە دان بە لەچك لەسەر كردن لە زانكۆ و دامەزراوەكانى دەوڵەت بە هەڕەشە بەسەر سیكۆلاریزمى توركیا و بنەماكانى كۆمار وەسف دەكەن. ئەوەبوو لە رۆژى 2008-03-14 داواكارى گشتى توركیا عەبدولرەحمان یاڵچینكایا داوایەكى 162 لاپەڕەى پێشكەشى دادگاى دەستورى توركیا كرد بۆ دادگایى كردنى پارتى داد و گەشەپێدان ى فەرمانڕەوا و سزادانى 71 ئەندامى باڵاى پارتى ناوبراو بە دوور خستنەوەیان بۆ ماوەى پێنج ساڵ لە كارى سیاسى كە لە نێوانیان عەبدوڵڵا گویل ى سەرۆك كۆمار و رەجەب تەیب ئەردۆگان ى سەرۆك وەزیران هەیە. داواكارى گشتى لە سكاڵاكەى پارتى داد و گەشپێدانى بە نازى ئەڵمانیا و شۆرشى ئیسلامى لە ئێران وەسف كردووە، بۆ سكاڵاكەى پشتى بەستاوە بە 61 لێدوانى ئەردۆگان و 16 لێدوانى بوڵەنت ئیرنیچ ى سەرۆكى پارلەمانى پێشووى توركیا و 10 لێدوانى عەبدوڵڵا گویل ئەو كاتەى وەزیرى دەرەوەى توركیا بوو. بە گوتەى ناوبراو هەموو لێدوان و وتارەكان بۆنى دامەزراندنى دەوڵەتى ئایینیان لىَ دىَ. یاڵچاینكایا ئاك پارتى بە كانیاوى دژ بە سیكۆلاریزم وەسف دەكات و دەڵێت ( ئەو پارتە بۆتە مۆڵگەى چاڵاكى دژ بە سیكۆلاریزم). ناوبراو دەڵىَ ( ناكرىَ ئێمە چاوەڕىَ بكەین كەى پارتى داد و گەشەپێدان ئەو دەوڵەتە دادەمەزرێنىَ كە بانگەشە و هەوڵى بۆ دەدات ) وەكو هێمایەك بۆ ئەگەرى دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسلامى. لە یەكێك لەو دەقانەى سكاڵانامەكەى داواكارى گشتى هاتووە ( ئەو نمونەى ئیسلامى میانڕِەو كە لە توركیا داواى بۆ دەكرىَ، كار بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێكى ئایینى دەكات كە كار بە گوێرەى شەریعەت بكات و ئەگەر پێویستى كرد بۆ هێنانەدى ئەو ئامانجە پەنا ببردرێتە بەر تیرۆر). دواى بەرزكردنەوەى داواكە، رۆژى دووشەممە 2008-03-31 دادگاى دەستورى توركیا كۆبۆوە و بە تێكڕایى هەر یانزە ئەندام (كە لە نێوانیان ئەحمەد نەژدەت سیزەرى سەرۆكى پێشووى توركیا هەیە) داواكەى وەرگرت و خستیە بەرنامەى كارەوە. ئەم پەرەسەندنە بە رووداوێكى نەخوازراو دادەنرىَ، چونكە بەشێوەیەكى گشتى ئەزموونى توركیا وا پیشان دەدات هەر پارتێك داواى لەسەر تۆمار كرابىَ و لە دادگاى دەستورى وەرگیرابىَ، ئەنجامەكەى بە داخستنى پارتەكە تەواو بووە. بەڵام ئەمە یەكەم جارە پارتێكى فەرمانڕەوا كە بە پاڵپشتیەكى گەورەى جەماوەرى هاتبێتە سەر دەسەڵات داواى داخستنى بكرىَ. هەروەها شتێكى سەیرتر ئەوەیە كە داواى دادگایى سەرۆك كۆمار كراوە كە بە گوێرەى دەستورى توركیا تەنیا ئەگەر خیانەتێكى گەورە بكا دادگا بۆى هەیە لە سەرۆك كۆمار بپرسێتەوە. ئێستا تۆپەكە كەوتۆتە گۆڕەپانى ئاك پارتى و پێویستە بە دواى باشترین و خێراترین ئەلتەرناتیڤ بگەڕىَ كە لەو تەنگەژە گەورەییە رزگارى بكات و لە داخستن بیپارێزىَ.
 
 هەڵوێستى راى گشتى توركیا دەربارەى داواكە
 بە گوێرەى راپرسى هەندىَ میدیاى توركیا زیاتر لە p ى هاوڵاتیانى توركیا دژى داخستنى پارتى داد و گەشەپێدانن. هەڵوێستى پارت و لایەنەكانى توركیاش جیاواز بوو. گەورەترین پارتى بەرهەڵستكار كە پارتى گەلى كۆمارییە CHP داواكەى داواكارى گشتى بە كارێكى قانونى وەسف كرد. ئینور ئیویمین جێگرى دەنیز بایكاڵ ى سەرۆكى پارتى گەلى كۆمارى گەورە ئۆپۆزیسیۆن پێى وابوو ئەو داوایە شتێك نیە دژ و پێچەوانەى دیموكراسى بىَ. ناوبراو بە گوێرەى هەواڵێكى توركیش دەیلى نیوز رایگەیاندووە كە (دەسەڵاتى دادوەرى بە ئەركى خۆى هەڵدەستىَ، داخستنى پارتێكى سیاسى بە فەرمانێكى دادوەرى كارێك نیە پێچەوانەى دیموكراسى بىَ). محەمەد ساندیر سەرۆكى فراكسیۆنى پارتى بزوتنەوەى نەژاد پەرست (MHP) كە حزبەكەیان 71 كورسى لە پارلەمان هەیە نیگەرانى دەربڕى بەرامبەر ئەو داخوازییە، ناوبراو گوتى ( جێى نیگەرانییە لەو كاتەدا داواى داخستنى پارتێكى سیاسى بكرێت ) لە لایەكى دیكە ناوبراو رایگەیاند كە پێویستە هەموو لایەك رێز لە دەرەنجامەكانى ئەو پرۆسەیە بگرین كە دادگا گرتویەتیە بەر ). توندترین هەڵوێستى دژ بەو داوایەى داواكارى گشتى، لە لایەن پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتى DTP بوو كە لەسەر زارى ئەندام پارلەمانى پارتى ناوبراو سەڵاحەددین دیمرتاش هات. ناوبراو ئەو دۆزەى بە دۆزێكى ئایدۆلۆژى وەسف كرد، لەمبارەیەوە رایگەیاند ( داخستنى پارتێكى سیاسى كە بە زۆرینەى G و بە رێگەى هەڵبژاردن دەسەڵاتى وەرگرتبىَ، كارێكە جێى داخە و هەر لە لەسێدارەدان دەچىَ ). لەسەر ئاستى ئەكادیمى و رۆژنامەگەریش چەند هەڵوێستێك دەخەینە روو. عەلى بیرم ئوغلو لە رۆژنامەى رادیكال نوسیویەتى كە (ئەمە كودەتایە لە رێگەى دادگاوە، مەبەستیەتى پارتى داد و گەشەپێدان لە كار بخات). سەفەر توران سەرنووسەرى دەنگوباسى كەناڵى حەوتى تەلەفزیۆنى توركى پێى وایە ئەمە تۆڵەى ئەو سەركەوتنەیە كە پارتى داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردن بە دەستى هێنا. توران دەڵىَ ( لە توركیا تەیارێكى دۆڕاو هەیە كە دژى هەموو كارێكى دیموكراسى دەوەستىَ، ئەو رەوتە عەلمانیە توندڕەوەكانن كە لە هەڵبژاردنەكانى رابردوو جەماوەرێتیان لەدەستدا، ئەمڕۆ پەنا دەبەنە بەر دادگا بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئاك پارتى ). د. محەمەد نورەدیینى سەرۆكى سەنتەرى توێژینەوەى ستراتیجى لە بەیروت و پسپۆرى كاروبارى توركیا پێى وایە ئەم كێشەیە ململانێی نێوان دوو پرۆژەیە، یەكێكیان دەیەوىَ توركیا لە دوێنىَ بژى و ئەوەى دیكە توركیا دەپەڕێنێتەوە بۆ پێویستیەكانى ژیان لە سەدەى بیست و یەك، ناوبراو دەڵێت (ئەم كێشەیە ململانێى نێوان دوو پرۆژە و بیركردنەوەیە، یەكەمیان دەیەوىَ توركیا دیلى دوێنىَ بىَ و هەر لە رابردوو بژى، ئەم بیركردنەوەیە جگە لە ناسەقامگیرى و كێشەى ناوخۆیى زیاتر هیچى بۆ توركیا نەهێناوە، ئەمە بیركردنەوەیەكە دژى ئازادیخواز و بیرمەند و رۆژنامەنووسانە، هەوڵى رەشكردنەوەى نەتەوە و ئایین و مەزەبەكانى دیكە دەدات. لە كاتێك بیركردنەوەكەى دیكە دەیەوىَ توركیا نوىَ بكاتەوە، مەبەستێتى توركیا لە گەڵ پێویستیەكانى سەدەى بیست و یەك بگونجىَ، ئەو بیركردنەوەیە لە سەر بنەماكانى دیموكراسى و ئازادى و مافەكانى مرۆڤ هەڵسوكەوت دەكات). لە بەرامبەردا نوسەرە عەلمانییەكان داواكەیان بە كارێكى قانونى زانى و پێیان وایە پارتى داد و گەشەپێدان دەبىَ باجى هەڵەكانى بدات. لەم نێوەندە نوسەرى توركیش دەیلى نیوز یوسف كانلى دەڵێت ( لە هەموو وڵاتێك دەستور و قانون هەیە، پێویستە پارتە سیاسییەكان لە چوارچێوەیدا كار بكەن. پارتى دادوگەشەپێدان پێچەوانەى دەستور هەڵسوكەوتى كردووە. بۆیە دەبىَ بدرێتە دادگا، بۆ نمونە هەڵگرتنى قەدەغەیى لەسەر لەچك پۆشین لە زانكۆ بە بیركردنەوەى من و زۆرى دیكەش پێچەوانەى دەقى مادەى 2 ى دەستورى توركیایە).
 لە بەرامبەر هەموو ئەمانە پارتى داد و گەشەپێدان لە دواى بەرزكردنەوە داواكە پێى وابوو ئەم داوایە تەنیا دژى ئەو نیە، بەڵكو دژى ئیرادەى خەڵكى توركیا و دیموكراسییە. بەڵام دواى ئەوەى دادگاى دەستورى داواكەى وەرگرت و خستیە بەرنامەى كارەوە، هێشتا پارتى ناوبراو وەكو پێویست هەڵوێستى نەنواندووە و ئەلتەرناتیڤەكانى رووبەروو بوونەوەى ئاشكرا نەكردووە. هۆكارى ئەمەش پێدەچىَ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە پارتى ناوبراو پێویستى بە بیركردنەوەى زیاتر هەیە، چونكە پێشهاتەكە هێندە ئاسان و سادە نیە، پێویست بەوە دەكات بیر لە میكانیزمى دروست بكرێتەوە و ئاكامەكانیش لێك بدرێنەوە.
 
 نیگەرانى یەكێتى ئەوروپا
 توركیاى ئەمڕۆ جیاوازە لە گەڵ توركیاى سەردەمى كودەتاكانى 1980,1972,1960 لە كودەتاكەى ساڵى 1997 یش جیاوازە كە لە دژى ئەربەكان كرا. ئەمڕۆ توركیا كاندیدى ئەندامەتى یەكێتى ئەوروپایە و چەندین هەنگاوى بۆ گونجاندنى قانونەكانى لە گەڵ پێوەر و نۆرمەكانى یەكێتى ئەوروپا ناوە، لە 2005 دەست بە گفتوگۆى ئەندامەتى كراوە. بۆیە یەكێتى ئەوروپا بە وردى چاودێرى ئەو پەرەسەندنە دەكات. لە كاتى بەرزكردنەوەى داواكە كۆمیسیارى كاروبارى فراوان بوونى یەكێتى ئەوروپا ئۆلى رین هۆشدارى دایە دادگاى توركیا كە دەست لە كاروبارى سیاسى وەرنەدات، ناوبراو گوتى ( لە دیموكراسى ئەوروپى پرسە سیاسییەكان لە ناو پارلەمان و لە رێى سندووقەكانى دەنگدان  گفتوگۆ و دایەلۆگیان دەربارە دەكرىَ و یەكلا دەكرێنەوە، نەك لە هۆڵى دادگاكان! )، ناوبراو هۆشدارى ئەوەشى دا كە داخستنى پارتى داد و گەشەپێدان كاریگەرى خراپى لەسەر ئەو ریفۆرمانە دەبێت كە پارتى ناوبراو بۆ وەرگرتنى ئەندامەتى لە یەكێتى ئەوروپا ئەنجامى داون. دواى ئەوەى دادگاى دەستوریش بە ئەرێنى داواكەى وەرگرت، رین دووبارە نیگەرانى خۆى دەربڕى و رایگەیاند كە ئەو راپۆرتێك لەمبارەیەوە بە پەلە دەداتە كۆمیسیۆنى ئەوروپا.
 
 ئەلتەرناتیڤەكانى ئاك پارتى
 بە شێوەیەكى گشتى چوار ئەلتەرناتیڤ لەبەردەم ئاك پارتى هەیە بۆ ئەوەى مامەڵە لە گەڵ ئەم پێشهاتە بكات، ئەوانیش بریتین لە :
 یەكەم: چاوەڕێ كردنى دەرەنجامەكانى كارى دادگا و پابەند بوون بەو رێكارە قانونییەى دادگا پەیڕەوى دەكات. ئەمەیان رەنگە دەرەنجامەكانى لە ئێستاوە دیار بىَ كە بە داخستنى پارتى داد و گەشەپێدان تەواو دەبىَ. چونكە ئەوانەى ئەندامى دادگان هەموویان كەمالیین و دەمێكە لەو شێوازەى حكومڕانیەت رازى نین كە پاك پارتى پەیڕەوى دەكات. ئەزموونى رابردووش ئەوەى سەلماندووە كە ئەو پارتانەى بە دوو تۆمەت درابنە دادگاى دەستورى لە كۆتاییدا داخراون، ئەو دوو تۆمەتەش (ئیسلامى بوون و كورد بوون)ە.
 دووەم: پارتى ناوبراو لە رێگەى هەمواركردنى مادەكانى 69,68 ى دەستورى توركیا دەسەڵاتى داخستنى پارتى سیاسى لە دادگاى دەستورى وەرگرێتەوە. ئەمەش پێویستى بەوە هەیە كە ئاك پارتى دەنگى 376 ئەندامى پارلەمانى لەگەڵ بىَ كە دەكاتە دوو لەسەر سێى كورسییەكان، ئەمەش نە تەنیا بە خۆى و نە لەگەڵ DTP دەتوانن ئەم رێژەیەك كۆبكەنەوە. تەنیا پێویستى بە هەردوو پارتى CHP, MHP هەیە. ئەمەش وا بەئاسانى نایەتەدى و پێناچێت هیچ كامیان بە بىَ بەرامبەر ئەو سازشە بكەن و ئاك پارتى لە پەتى سێدارە رزگار بكەن. بۆیە ئەمەشیان زەحمەتى تێدایە.
 سێیەم: ئاك پارتى دەقەكانى دەستور هەموار بكات و بیداتە ریفراندۆمى جەماوەرى بۆ پەسند كردنى، پەسند كردنى هەمواركردنەكە پێویستى بە دەنگى زۆرینەى خەڵك هەیە. پارتى داد و گەشەپێدانیش ئەم جەماوەرەى هەیە، بەڵام ئالیەتەكە زەحمەتە. چونكە رەنگە شتى دیكەى چاوەڕواننەكراو بێتە بەردەم ریفراندۆمەكە. بە تایبەت كە پێناچێت سوپا و كەمالییەكان ئەم میكانیزمە قەبوڵ بكەن، دەنیز بایكاڵ ى سەرۆكى CHP دەربارەى ئەو میكانیزمە گوتى ( ناكرىَ ئاك پارتى خۆى و سیكۆلاریزم بخاتە ریفراندۆمەوە، چونكە سیۆكلاریزم لە توركیا ریفراندۆمى لەسەر ناكرىَ). وەكو هێمایەك بۆ رەتكردنەوەى ئەم میكانیزمە.
 چوارەم و كۆتایى: سازشى سیاسى لە نێوان ئاك پارتى و دادگا و كەمالییەكان. ئاك پارتى دەست لە هەمواركردنى ئەو دەقە هەڵگرىَ كە قەدەغەیى كردووە ئافرەتى لەچك بەسەر بچێتە زانكۆ. لە بەرامبەردا دادگا داواكە هەڵوەشێنێتەوە. ئەم بۆچوونەش هەیە و قسەى دەربارە دەكرىَ، بەڵام ئەمەش لە گەڵ پرۆگرامى ئاك پارتى نایەتەوە كە داواى دژایەتى گەندەڵى و وەك یەكى دەكات.
 ئەم ئەلتەرناتیڤانە لە گۆڕەپانەكەدا گفتوگۆیان لە سەر دەكرىَ، هێشتا دیار نیە ئاك پارتى پەنا بۆ كامەیان دەبات و ئاكامەكەشى چى دەبێت.
 
 كاریگەرییەكانى داخستنى ئاك پارتى
 لە ئێستادا باشترین پارتى سیاسى لە نێو ئەوانەى لە گۆڕەپانى سیاسى توركیا كاردەكەن، ئاك پارتییە. باشترین لە هەموو رووێك. بەرامبەر ئاییندەى توركیا و پێكهاتەكانى و مامەڵەى واقیعیانە لەگەڵ پێویستییەكانى دونیاى پێشكەوتوو. بە تایبەت كە ئەم پارتە لە لایەن كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەوروپا بە گشتى پەسند كراوە و چاوەڕێى كارى باشى لىَ دەكرىَ. داخستنى پارتى داد و گەشەپێدان زیانى بۆ هەموو توركیا دەبێت، زیانى بۆ پرۆسەى دیموكراسى و چاكسازییەكان و مافەكانى مرۆڤ دەبىَ. زیانى بۆ ئەگەرەكانى چارەسەركردنى دۆزى كورد لە توركیا بە رێگەى ئاشتیانە و لە میانەى كرانەوەى زیاتر و فراوانكردنى بازنەى بەشدارى سیاسى و دیموكراسى دەبىَ. ئەگەر چى پارتى ناوبراو لە ماوەى رابردوو لە رێگەى پارلەمان مۆڵەتى بە سوپاى وڵاتەكەى دا بۆ لێدانى چەكدارەكانى PKK و بەزاندنى سنوورەكانى هەرێمى كوردستان. بەڵام هیچ كام لە MHP, CHP هێندەى AKP ئاشتیخواز نین. بە پێچەوانەوە هەردوو پارتەكەى دیكە چارەسەركردنى دۆزى كورد لە سڕینەوە و لەناوبردنى دەبینن. جگە لەمانە ئەگەرەكانى پەرەسەندنى پەیوەندییەكانى نێوان توركیا و یەكێتى ئەوروپا بەچەندین قۆناغ دەگەڕێتەوە دواوە ئەگەر ئاك پارتى دابخرىَ.
 شیاوى بیرخستنەوەیە لە نەوەدەكانى سەدەى رابردوو جگە لە پارتە كوردییەكان، دوو پارتى دیكەى ئیسلامى بە هەمان ئەو بیانووەى ئێستا داخران. ئەوانیش پارتى رەفا كە 27ى  فیبرایەرى 1997 و  پارتى فەزیلەى ئیسلامى لە 22ى یونیوى 2001 لە لایەن دادگاى دەستورى توركیا داخراون و هەردوو پارت لە لایەن نەجمەددین ئەربەكانى باوكى بزوتنەوە ئیسلامیەكانى توركیا سەرۆكایەتى دەكران. ناوبراو ئێستاش لە ماڵەوە دانیشتووە و لە كارى سیاسى تا مردن قەدەغە كراوە.
 ……………………………………………………………………………….
 قوتابى ماستەرى زانستە سیاسیەكان – توێژەرى كاروبارى توركیا
 
merany82@myway.com
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply