Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

توندوتیژیی حەشاردراو … ڕۆزا حسێن

Be First!
by June 4, 2012 گشتی


توندوتیژیی حەشاردراو
– لەپێناو کاراکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییدا –

ڕۆزا حسێن


دەروازە:

لەناو هەموو ئەو یاسایەنەدا کە پەرلەمانی کوردستان لە تەمەنی خۆیدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەریکردووە، ڕەنگە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی هەرە گرینترینیان بێت. ئەو یاسایە لەسەر بنەمای بیرکرنەوەیەکی ئەخلاقیی باڵای وا دامەزراوە کە توندوتیژیی، چی لە دەرەوەی ماڵ و بەرامبەر بە خەڵکی دەرەوەی خێزان ئەنجام بدرێت، یان لەناوەوەی ماڵ و بەرامبەر ئەندامی خێزان ئەنجام بدرێت، هەر هەمان توندوتیژییە و بە هەمان شێوە سزای بۆ دەبڕدرێتەوە. ئەم ڕووەی ئەو یاسایە گرنگییەکی گەورەی هەیە ئەگەرچی هەندێ خاڵی ناو یاساکە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی چالاکانی بواری مافەکانی ژناندا نییە کە چەندین ساڵە کار لەسەر ئەم پرسە دەکەن. بەڵام خاڵی گرنگ و پۆزەتیڤ لەو یاسایەدا ئەوەیە کە ئەو مێنتاڵێتییەی لەپشت ئەو یاسایەوەیە لەسەر پایەی بەهایەک وەستاوە کە هەموو تاکەئینسانێک وەک تاکێکی پڕبەها و سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ دەکات، نەک تاکێک لەناو کۆلێکتیڤێکدا کە بەهای ئینسانیی لەسەر ئەوە کەوتبێت لەناو ئەو هەرەمی ئەو کۆلێکتیڤەدا لە چی پلەیەکدا جێی گرتووە. سزابارکردنی توندوتیژیی ناو خێزان بە یاسا لە کۆمەڵگایەکی باوکسالاریی وەک کۆمەڵگای کوردییدا، ڕێزگەڕانەوەیەکی گەورەیە بۆ کەرامەت و بۆ بەهای ئینسانیی، بە پلەی یەکەم، ژنان و منداڵانی ناو ئەو کۆمەڵگایە، چونکە ئەوە دیارە کە ژنان و منداڵان بە پلەی یەکەم قوربانیی دەستی ئەو توندوتیژییانەن کە لە کۆمەڵگا پاتریارکەکاندا لەپشت دیواری ماڵەکانەوە بە پەنهان و دوور لە چاوی کۆمەڵگا دەگوزەرێت.
بەڵام ئێستا، دوای ڕەسمییەتپێدانی ئەو یاسایە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا هەر دەرکردن و ڕەسمیەتپێدانی یاسایەکی وا کافییە بۆ کارکردنێکی کارا دژ بە توندوتیژیی لەنێو خێزانەکاندا؟ ئێمە تەجروبەی زۆرمان هەیە کە زۆرێک لەو یاسا و بڕیارانەی لە لایەن پەرلەمان و حکومەتەوە دەردەچن تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە و لە پراکتیکدا کاریان پێناکرێت، یان لە باشترین حاڵەتدا هیچ میکانیزمێکی کارا دانانرێت بۆ چۆنیەتیی لابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم پراکتیکردن و کاراکردنیان.
ئەمە گرنگە چونکە مەترسیی ئەوە هەیە ئەم یاسایەش وەک چەندین یاسای پێشووتر نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەروا تەنها وەک یاسایەکی نووسراو بێکارکرد بمێنێتەوە. ئەم نووسینە لە هەوڵی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی دوای دەرچوونی ئەو یاسایەدا دەبێت و باس لە چۆنیەتیی خێراکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکان و کاراکردنی یاساکە دەکات.

توندوتیژی حەشاردراو

توندوتیژیی خێزانی لە توێژینەوە ئەکادیمیەکاندا بە توندوتیژیی شاراوە ناو دەبرێت چونکە ئەم جۆرە لە توندوتیژیی زۆرجار وەک پرسێکی تایبەتیی کەسەکان چاو لێدەکرێت بەو پێێەی لەناو ”فەزایەکی تایبەتیی”دا کە خێزانە و بەدوور لە چاوی فەزای گشتیی ڕوودەدات. هۆکارێکی سەرەکیی بۆ ئەوەی کە توندوتیژیی خێزانیی لە کۆمەڵگادا سەرئاو ناکەوێت و هەر بە پەنهان دەمێنێتەوە ئەوەیە کە زۆرجار قوربانییەکان, خۆیان چی لە ترسی تۆڵەدا چی لەبەر گرنگیی سومعەتی خێزانەکانی خۆیان بە لایانەوە، باسی ئەو هەموو ئەو زیادەڕۆییانە بۆ خۆیان هەڵدەگرن کە ئەندامانی خێزانەکەیان یان تەنانەت خزمەکانیان بەرامبەریان ئەنجامی دەدەن.
دیارە دەرئەنجامەکانی ئەم جۆرە لە توندوتیژیی لەو توندوتیژییانە مەترسیدارترە کە لەلایەن کەسێکی بێگانە و نەناسەوە ئەنجام دەدرێت. ئەمە چونکە توندوتیژیی ناو خێزان لەلایەن کەسێک یان کەسانێکەوە خێزانەوە ڕودەدات کە قوربانییەکە چاوەڕوانیی تری لێی هەیە و پشتی پێ دەبەستێت و پێیوایە ئەو لە تەنگانەدا دەیپارێزێت. ئەمە جگە لەوەی کە توندوتیژیی خێزانیی لە ناو ماڵەکاندا ڕوو دەدەن کە بڕیارە ئارامترین و پڕ ئاسایشترین شوێنی ژیانی ئینسان بێت. لێرەوەیە کە ئەو توندوتیژییەی کە لە خێزاندا ڕوودەدەن بۆ هەمیشە نائارامی دەروونی و دڵەڕاوکێ و ترس لەلای قوربانییەکە دروست دەکات. ئەم خاڵەیە وا دەکات لە دادگاکانی ئەو وڵاتانەدا کە گەرانتی ماف و یەکسانیی لەبەردەم یاسادا هەیە، توندوتیژییەک کە لەناو خێزاندا ڕوودەدات مامەڵەیەکی توندتر دەکرێت و سزاکەی توندترە لە سزای ئەو توندوتیژییانەی لە دەرەوەی خێزان ئەنجام دەدرێن. بەمانەیەکی تر، لەو وڵاتانە بەپێچەوانەی مێنتاڵیتێتی باوی ناو کۆمەڵگای ئێمەوە کە پێیوایە توندوتیژیی لەنێوان ئەندامانی خێزاندا تاوانێکی ئەهوەنترە لەوەی کە بەرامبەر بە خەڵکی نەناس بکرێت، مومارەسەی توندوتیژیی لەبەرامبەر ئەندامی خێزاندا وەک هۆکارێکی توندکەرەوەی سزا مامەڵە دەکرێت.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە نزیک بە سەرجەم ئەو توندوتیژییانەی  لەناو خێزاندا ئەنجام دەدرێت، لەلایەن تەرەفێکی بەهێزەوە ئەنجام دەدرێت بەرامبەر بە کەسێک یان کەسانێکی بێهێز. ئەگەر لە دەرەوەی خێزان توندوتیژیی جار هەیە لەنێوان کەسانێکدا دەستی بۆ دەبرێت کە لە هەمان جێگەوڕێگەی هێزدانیان تەنانەت جار هەیە بێهێزێک لەبەرامبەر کەسێکدا ئەنجامی دەدات کە چەندین هێزی لە پشتە، بەڵام لەناو خێزاندا بەشێوەیەکی گشتیی ئەوانە قوربانیی دەستی توندوتیژیین کە لە جێگەوڕێگەیەکی لاوازدان و زەدیدەن. ئەمەش لە هەموو دنیادا تا ئێستاش وایە کە بەشێوەیەکی گشتیی ئافرەتان و منداڵانن کە جێگەوڕێگەیەکی وا لاوازیان لەناو خێزاندا هەیە و پێویستیان بەوانی ترە کە ئەم پێویستییە جێگەوڕێگەیەکی بەهێزی داونەتێ لەناو خێزاندا. بۆیە ئەرکی دەوڵەتە لە دۆخ و پەیوەندییەکی هێزی وا بێباڵانسدا کە لەناو خێزاندا هەیە، کارێک بکات بۆ پاراستنی گیان و ئەمنییەت و کەرامەتی ئینسانیی ئەو هاوڵاتییانەی کە بۆی هەیە لەناو چوار دیواری ماڵەکاندا هێرش بکرێتە سەر ئەمنییەتی گیانیی و سەر کەرامەتی ئینسانییان. بیرۆکەی سەرەکیی دەوڵەتی یاسا ئەوەیە کە یاسا تاکەکان لە دەستدرێژیی ببارێزێت. ئەوەشی کە دەوڵەتی یاسا دەسەڵات دەداتە دەست دەسەڵاتداران، تەنها بۆ ئەوەیە ئەو بەرپرسیارێتییەیان بخاتە ئەستۆ کە تاکەکان لە دەستدرێژیی و ڕووبەڕووبوونەی توندوتیژیی بپارێزن. ئەگەریش دەوڵەت ئەمەی نەکرد، ئەوا لە ئەرکەکانی خۆیدا درێغیی کردووە و دەبێت لێی بپرسرێتەوە و وەک بەرپرس و خەتابار لەو زیادەڕۆییانەدا چاو لێبکرێت کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا ڕووبەڕووی دەبنەوە. لێرەوەیە کە دەکرێت دەرچوونی یاسای توندوتیژیی خێزانیی وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو دەوڵەتی مەدەنیی چاو لێ بکەین و هەر لێرەشەوەیە دەتوانین لەو هەموو پرۆتێست و ناڕەزایینواندنەی ئەو هێزە کۆنسەرڤاتیڤانە تێبگەین کە پاراستنی مافی مەدەنیی تاکەکان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئایدۆلۆژیای پیاوسالاریی خۆیان دەبینن.
بەڵام ئەوە بزانین کە هەبوونی توندوتیژیی لەناو خێزاندا هۆکارەکەی تەنها ئەوە نییە کە یاسایەک نییە بۆ قەدەغەکردنی و سزادارکردنی. توندوتیژیی ناو خێزان شێوەیەک لەبیرکردنەوە لە ئینسان و ترادیشۆنێکی چەسپیو زەمینەی سەرهەڵدانی بۆ ساز داوە. هەر بۆیەشە لۆجیکییە وای لێ بدەینەوە کە هەر دەرکردنی یاسایەکیش ناتوانێت سنوورێک بۆ توندوتیژیی خێزانیی دابنێت. ناکرێت چاوەڕوان بین ئەو شیوە بیرکردنەوە ترادیشیۆناڵە لە جێگەورێگەی تاک لەناو خێزاندا کە ساڵانێک و ساڵانێکە لە زیهنی خەڵکی ئێمەدا جێی گرتووە و توندوتیژیی خێزانیی دەخاتەوە و زیهنی تاکی کوردی وا ساز داوە کە پێێوابێت ئەو توندوتیژییە لە ڕووی مۆڕاڵییەوە کێشەیەک نییە و ڕەوایە، بکرێت هەروا زوو لەناو کۆمەڵگا و لەناو دەزگای قەزایی بڕەوێتەوە و دیدێکی مەدەنیی بۆ جێگەوڕێگەی تاک لە کۆمەڵگادا جێ بگرێت. ئێمە دەبێت بزانین کە یاسا و مۆڕاڵ دوو شتی جیاوازن. بۆ نموونە، چی لە دادوەرێک دەکەیت کە دادەنرێت لە دۆزێکدا حوکم بدات کە پیاوێک لە ژنەکەی خۆی داوە. لەکاتێکدا ئەگەر دادوەرەکە خۆی لە ناخی خۆیدا قەناعەتی وابێت کە ئەو لێدانە لە ڕووی مۆڕاڵییەوە کارێکی نادروست نییە؟ ئەم جۆرە پرسیارە حیرەتئامێزانەیە وا دەخوازێت دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی یاسای توندوتیژیی خێزان نەبێتە هەرتەنها مەرەکەبی سەر کاغەز، دەبێت پرۆژە و پلانی خێرای هەبێت بۆ کاراکردنی. ئەمانەی خوارەوە چەند پێشنیارێکی کورت و نزیکەدەستن کە دەکرێت هەنگاوەکانی یەکەمی کاراکردنی ئەو یاسایە بن:
ئاشناکردنی پۆلیس و دادوەران بە یاساکە

توێژینەوە ئەکادیمییەکان لە بارەی توندوتیژی خێزانیەوە لە وڵاتانی ئەوروپا دەریانخستووە کە زۆرجار تەنانەت پۆلیس و دادوەرانیش بەگشتیی ڕادەی مەترسیی ئەو توندوتیژییەی کە لە خێزاندا ڕوودەدات ئەهوەنتر مامەڵە دەکەن وەک لەو توندوتیژییانەی کە لەسەر شەقام ڕوو دەدات. ئەمە ئەگەر لە وڵاتانێکی پێشکەتوو لە بواری مافەکانی مرۆڤ و یەکسانییدا بەم شێوەیە بێت، ئەوا لە کۆمەڵگای پاتریارکیی ئەم دەڤەرەی ئێمەدا کە تا پێش دەرچوونی ئەم یاسایە توندوتیژیی ناو خێزان وەک ڕێگایەک بۆ تەمبێکردن و پەروەردەی نەک هەر ژن بەڵکو منداڵیش بە پێی یاسا ڕێگەپێدراو بوو، زۆر بەرجەستەترە و بڕیاری بە پەلە و کارا دەخوازێت. بە ڕای من دەبێت کۆرس و ڕاهێنانی چڕوپڕ هەم بۆ دادوەرانێک کە بریارە کار لەسەر ئەم دۆزانە بکەن و هەم بۆ پۆلیس و لێکۆڵەرەکان بکرێتەوە بۆ ڕاهێنانیان لەسەر چۆنیەتیی کارکردن بەم یاسایە و کار لەسەر گۆڕین یان لابردنی کارکردی ئەو تێڕوانینە لە زینهیاندا بکرێت کە پێیوایە ڕەوایە پیاو ژنەکەی و منداڵەکانی لەڕێگەی مومارەسەی توندوتیژیی فیزیکیی یان درونییەوە تەمبێ بکات. ئەم هەنگاوە گرنگە چونکە ئەگەر ئەم دوو دەزگا هەستیارەی کۆمەڵگا خۆیان دیدێکی وا شەرعییەتدەرانەیان بۆ توندوتیژیی ناو ژیانی خێزانیی هەبێت، ئەوا نەک هەر ناتوانن لەو دۆزانەدا کە سەبارەت بە توندوتیژیی خێزانیین کاری بێلایەن و یاسایی و دادپەروەرانە بکەن، بەڵکو خۆشیان دەبنە فشارێک بەسەر ئەو ژنانەوە کە جورئەتی ئەوە دەکەن قبوڵ نەکەن لەژێر باری توندوتیژییدا بژین.

بە فەرمییکردنی سەنتەرەکانی پارێزگاریی ژنان :
کاتێک باس لە توندوتیژیی خێزانیی دەکەین قورس نییە لەوە تێبگەین کە لە کۆمەڵگایەکی ترادیشیۆناڵ و پاتریارکیی وەک کۆمەڵگای کوردییدا قوربانییەکان ژن و منداڵن و تاوانبارەکانیش پیاون. ئەمە وا دەکات کە توندوتیژی ناو خێزانی دەبێتە لەمپەرێکی گەورەی بەردەم یەکسانیی ژنان و پیاوان. لێرەوەیە کە بۆ ئەوەی ژنان جورئەتی ئەوە بکەن ژیانی پڕ لە توندوتیژیی و لێدان قبوڵ نەکەن، دەبێت جێگەیەک هەبێت لە بێسەرپەنایی و بێدەرەتانی بییانپارێزێت و پاڵپشتییان بکات لە بارهێنانەوەیاندا بۆ ئەو ژیانە تازەیە. کارێکی واش لە ڕێگەی دابینکردنی شوێنێکی ئارامەوە دەبێ تا ئەو ژنانە و منداڵەکانیان لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن دەست بە ژیانێکی ئاسایی بکەنەوە و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و سەربەخۆ و بەبێ یارمەتیی پیاوانی خێزان خۆیان بژێوی خۆیان دابین بکەن و سەربەخۆ هەڵبکەن.
ئێمە ئاگادارین کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کارکردنی ئەو سەنتەرانەی کە بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دامەزراون ڕێگریی زۆریان بۆ دروست کراوە و تا ئاستی کوشتن و ڕفاندنی ژنان لەو سەنتەرانەدا فشاریان بۆ دروستکراوە. هەر بۆیە بەفەرمییکردن و پاراستن و گەشەپێدانی ئەو سەنتەرانە لە ڕووی ئاسایش و ئارامییەوە ئەرکی دەوڵەتە و گرنگە ئیتر بە عەمەلیی دەوڵەت بەرپرسیارێتیی سەرپەرشتیکردن و پشتیوانییکردنی ماددی و مەعنەویی ئەو سەنتەرانە بگرێتە ئەستۆ و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ژنانەی پەنا بۆ ئەوێ دەبەن بە جیدییتر وەربگرێت. ئەوە ئەرکی پۆلیسە کە بە هاوکاریی لەگەڵ دەزگاکانی تری دەوڵەتدا کار بۆ پاراستنی ئەو مافە بکات کە هەر تاکێک هەیەتی بۆ هەبوونی ژیانێکی ئارام و بێترس و خاڵیی لە هەڕەشە و توندوتیژیی. ئەم مافە لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا وەک ماف چەسپیوە و کراوە بە ئەرکی ئەوانەی دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەدەستە، پارێزگاریی لێبکەن.

هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاشناکردنی خەڵک بە یاساکە و ئەو مێنتاڵیتێتەی لەپشتێوەیەتی:

کاتێک یاسایەک دەردەچێت، مەبەست لێی تەنها ئەوە نییە لەڕێگەی سزادان و چاوترساندنەوە، ئارامیی وئاسایش لە کۆمەڵگادا دابین بکات. لەپاڵ ئەم وەزیفەیەدا لە فەلسەفەی یاساداناندا، ئەرکێکی تری یاسا ئەوەیە ڕۆڵێک لە دروستکردنی مێنتاڵێتییەتێکی وا لەناو کۆمەڵگادا ببینێت کە ئەو کردارەی سزادار کراوە، کردارێکی لە ڕووی ئێتیکیشەوە نەخوازراوە. ئەمە جگە لەوەی کە وەزیفەیەک و مەبەستێکی سەرەکیی هەر یاسایەک ئەوەیە ئەرکێکی پێشگیرییانە ببینێت و ڕێ بگرێت لە دووبارەکردنەوەی ئەو تاوان و کردە نەخوازراوە هەم لە لای کەسی تاوانکار هەم لە لای هەر کەسێکی تریش کە بۆی هەیە لە داهاتوویەکدا دەست بۆ کردارێکی وا ببات. هەر بۆیە ئاشناکردنی خەڵک و عاممەی کۆمەڵگا بەم یاسا تازەیە گرنگییەکی زۆری هەیە. لێرەدا کاری میدیاکانە بە ئەهلیی و حکومییەوە کە ئەم باسە بخەنە سەر ئەجێندای رۆژ و بیکەنە بابەتی دێبات و قسەوباس، یان لەڕێگەی بەرچاوخستنی کەیسی دیارییکراوەوە زیهینییەتی سزاداریی توندوتیژیی ناو خێزان جێ پێ بگرن. بەم شێوەیە کاریکی گرنگ لەڕاستای ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییەدا دەکرێت کە توندوتیژیی خێزانی بە ڕەوا و هاوئاهەنگ لەگەڵ مۆڕاڵی دروستدا دەبینێت. خستنەژێرپرسیاری ئەم عەقڵییەتە کە بە مافی پیاوانی دەزانێت لە ژن و منداڵەکانی خۆیان بدەن، هەنگاوێکە لە ڕاستای چوونەپێشەوەی کۆمەڵگا بەرە و کۆمەڵگایەک کە توندوتیژیی تەگەرەیەک نەبێت لەبەردەم ئەوەدا کە تاکەکانی گەشەی ئاسایی بکەن و کەرامەتی و بەهای ئینسانییان پارێزراو بێت.

چاودێرییکردنی بەجێگەیاندنی یاساکە:
ئەم کارەیان بە پلەی یەکەم ئەرکی پەرلەمانتارانی کوردستانە. ئەرکی دەزگای پەرلەمانە لەوە بکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو یاسایانەی لەوێوە دەردەچن، تا چەند کاریان پێدەکرێت. پێداگریی لەسەر ئەم ئەرکەی پەرلەمان لە حاڵەتی پەرلەمانی کوردستاندا گرنگە بەتایبەت چونکە بە تەجروبە بینیمان کە هەر ئەم پەرلەمانە لە ڕووی نەدەهات لەناو پەرلەماندا باسی پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە بکات و شەرمی پیاوسالارانەی ئەندامەکانی لەوە بە گرنگتر دەزانی کە ساڵانە هەزاران هاوڵاتیی دەستدرێژیی دەکرێتە سەر ئینسانییەتیان و جەستەیان دەشوێنرێت. هەر بۆیە بە ڕای من چاودێریکردنی ئەوەی کە ئەم یاسایە بە عەمەلی چەندێک کاری پێدەکرێت  دەبێت کارێکی گرنگی کەسانی چالاکی بواری مافەکانی ژنان و چالاکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی بێت. کارێکی گرنگی ئەوان ئەوەیە چاودێر بن بەسەر کەمتەرخەمیینواندنی دەزگاکانی دەوڵەتدا لە بەجێگەیاندنی بڕیارەکانی ناو یاسای توندتیژیی خێزانییدا و هەر سستییەک بکەن بە باسی ڕۆژ و گوشار بۆ دەسەڵات دروست بکەن کە ڕێگرییەکانی بەردەم یاساکە چارەسەر بکات. هەر لەم ڕووەوە ئەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە چەند دۆزێکی توندوتیژیی خێزانیی کە کە دەبرێنە بەر دادگا، میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی لە فەزای گشتییدا بەرچاویان بخەن و بەم کارەش هەم دەزگای قەزایی مولزەم بکەن بە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ئەو دۆزانەدا و هەمیش کار بۆ سازدانی زیهنییەتێکی وا بکەن کە توندوتیژیی لەناو خێزاندا ئیتر کاروبارێکی ناوەکیی خێزان نییە و سزای هەیە.

هاوکاریی نێوان دەزگا حکومییەکان:
کە مەبەست لەم یاسایە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییە، ئەرکی دەوڵەتە دەستەیەکی هاوکاریی و هەوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوە حکومییە پەیوەنددارەکاندا دروست بکات. بۆ نموونە دەکرێت دەستەیەک لە نوێنەرانی ئەم دەزگایانە دروست بکرێت بۆ خستنەگەڕی کاری گشتگیر لەپێناو چاودێریی کارکردن بە یاساکە و کەمکردنەوەی توندوتیژیی خێزانیی: نوێنەری وەزارەتی داد، نوێنەری تۆری چاودێریی کۆمەڵایەتیی، نوێنەری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوونی توندوتیژیی دژی ژنان، نوێنەری دەستەی باڵای دادوەران، نوێنەری سەنتەری پارێزگاریی ژنان و نوێنەری منداڵپاریزیی.
ئەم هاوکاریی و هاوئاهەنگییەی نێوان دەزگاکان کارئاسانیی دەبێت بۆ ئەوەی کە قوربانییەکانی توندوتیژیی لە بێچارەییدا سەرکزیی و بێدەنگەکردن لە توندتیژیی هەڵنەبژێرن، نەکەونە سەرجادە، نزیکەدەست نەبن بۆ هێرشکردنەسەریان، باربهێنرێنەوە بۆ ژیانی نوێیان و چارەسەری پزیشکیی و دەروونیی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت. بەم شێوەیە کارەکان کاراتر ڕێکدەخرێن و دابەش دەکرێن و هەر کەس دەزانێ کاری خۆی چییە و هاوکاریی یەکتر دەکەن لەپێناو جێپێگرتنی دادپەروەیی و سزادانی تاوانکاران، دابینکردنی ئارامیی بۆ قوربانییەکانی توندوتیژیی خێزانیی و کەمکردنەوەی کاکردی ئەو تاوانانە لەسەریان تا ئەو ئاستەی مومکینە کەم بکرێتەوە.

پرۆژەی بارهێنانەوەی قوربانییەکان:

لە کۆمەڵگای کوردییدا ئەو نموونانە زۆر بەرچاون کە ژنانێک هەن لە دۆخێکی خێزانیی وادا ژیان بەسەر دەبەن کە لە تەحەمەلکردن نایەت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان ناچار دەبینن درێژە بەو ژیانە بدەن چونکە جگە لەو ترسەی کە بۆی هەیە ڕووبەڕووی توڕەیی زیاتری پیاوانی ناو خێزان ببنەوە، لە ڕووی ئابورییەوە وابەستەی پیاوانی بنەماڵەکەیانن و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لەپرۆسەیەکی درێژخایەندا متمانەیان بو خۆیان داڕوخێنراوە و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تری دەوروبەرییان دابڕێندراون و ئەوەندەش کەفائەتیان پێکەوە نەناوە بەختی کارکردنیان هەبێت.
کارێک کە گرنگە و ئەرکی دەوڵەتە بیکات ئەوەیە کە ئەو ژنانەی کە دوای دەرچوون لەو ژیانە پر لە ئازار و توندوتیژییە بڕیار ئەدەن ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان دروست، دەستگیرۆییان بکریت و یارمەتیی ماددی و مەعنەویی بدرێن بۆ ئەوەی ژیانێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دروست بکەنەوە. ئێمە شایەدی ئەوەین کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین ژن کەوتونەتە سەر جادە و بێسەرپەنایی و بێکاریی سەری لێ شێواندون. کەمکردنەوەی ئاکامە کارەساتبارەکانی وەستانەوە لەبەردەم توندتیژیی لەناو خێزاندا هەنگاوێکی گەورە دەبێت لەڕاستای ئەوەی کە ئیتر کەس سەرکزیی و قبوڵکردنی ئیهانە لە ماڵەوە هەڵنەبژێرێت. ئەم کارە بە تەنها بەوە ناکرێت کە قوربانییەکە بخرێتە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی و مانگانە ١٥٠ هەزارێکییان پێبدرێت. ئەمە دەڵێم چونکە ئەزموونی چەند ساڵە لە کوردستاندا ئەوەیە کە دەسەڵات هەموو پاڵپشتییەکی بۆ ئەو خەڵکەی کە بارودۆخی ژیانیان خستوونیەتییە پەراویزی کۆمەڵگاوە ئەوەیە کە مەعاشییان بۆ دەبڕێتەوە. بە ڕای من بڕینەوەی مەعاش خۆدزینەوەیە لە کردنی ئیجرائاتی کاریگەر لەڕێگای دانی پارەیەکەوە. ئەمە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتییەتی دەسەڵاتدارێتیی کە لە بەخشاندنەوە و دابەشکردنی پارە قورستر و ئاڵۆزترە. بڕینەوەی مەعاش ناتوانێت ئەو کەسانە لە پاشکۆیەتیی و پشتبەستن بە کەسی تر ڕزگار بکات، بەڵکو لەبری یارمەتییدان و سەربەخۆکردنیان، هەر تەنها ئەوەندە دەکات کە لە پاشکۆیەتیی و چاولەدەستیی پیاوانی ناو خێزانەوە دەیانکاتە پاشکۆ و چاولەدەستی دەسەڵات. ڕاستە کە لە سەرەتاوە ئەم ژنانە پێویستییان بە یارمەتی ماددی حکومەت هەیە لەپێناو ئەوەی بکەونە سەر پێ خۆیان، بەڵام پێبەپێی ئەم یارمەتییە لە سەرەتاوە دەکرێت پرۆژەی خستنەسەرکاری تایبەت و گونجاو بۆ ئەو کەسانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادە بکرێنەوە تا لە داهاتوودا لە ڕووی ئابورییەوە سەربەخۆیی خۆیان وەربگرن. ئەمە جگە لەوەی کە کردنەوەی فرسەتی خوێندن و خۆپێگەیاندن بە ڕوویاندا ئەرکی حکومەتە و دەبێت هەلی تایبەتییان پێ بدرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە.
ئیجرائێکی تری گرنگ ئەوەیە کە شانبەشانی ئامادەکرنەوەیان بۆ کارکردن، ئەگەر پێویست بێت چارەسەری دەروونییشیان بۆ بکرێت. بێگومان حاڵەتێکی دەگمەن نییە کەسێک لە بارودۆخێکی وا قورسی ژیاندا پێویستی بە دەستگیریی و یارمەتیی دەرونیی هەبێت. یارمەتیی تەندروستیی دەرونیی و جەستەیی ڕۆڵی گەورەی دەبێت لەوەی چەند مومکین بێت کارکردەکانی ئەو دەستدرێژییانە کەم بکرێتەوە کە قوربانییەکان لە ماڵەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە بەو ئامانجەی ئامادە بکرێنەوە بۆ درێژەدان بە ژیانێکی ئاسایی.
ئەم ئەرکانە هەموو ئەرکی دەسەڵاتی سیاسییە و هەر درێغییەک لەم ڕووەوە درێغیککردنە لە ئەرکی دەسەڵاتدارێتیی و پرسیار لەسەر شەرعییەتی دروست دەکات.

Previous
Next

Leave a Reply