Skip to Content

Saturday, April 17th, 2021

توندوتیژیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا

Comment
by October 22, 2008 گشتی

 توندوتیژیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا
 پارێزه‌ر جه‌مال غه‌مبار باس له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ قوربانیی له‌ جیاتی سزادانی تاوانكار ده‌كات

 پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٨ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٨ ، مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد له‌ شاری ده‌نهاخی هۆڵه‌ندا ، یه‌كه‌م دانیشتنی كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ توندوتیژیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ، به‌ تایبه‌تی توندوتیژیی دژی ژنان ، له‌ هۆڵی ( بلوزاڵ ) به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ڕه‌وه‌ندی كوردی نیشته‌نیی شاری ده‌نهاخ  ده‌ستپێكرد و تیایدا دوو توێژینه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له‌ پارێزه‌ر و شاعیر  جه‌مال غه‌مبار و ، ‌ خاتوو بیرجان بۆزبی ، سه‌رۆكی فراكسیۆنی چه‌په‌ سه‌وزه‌كان له‌ شاری ده‌نهاخ پێشكه‌شكران .  
 سه‌ره‌تا خاتوو ئه‌میره‌ محه‌مه‌د پاش به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و میوانانی كۆنفرانس ، باسی له‌ بایه‌خی سازدانی ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌ كرد و ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ خستنه‌ به‌رباسی بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به‌ توندوتیژیی دژی ژنان و به‌تایبه‌تیش له‌ لایه‌ن كه‌سانی ڕوناكبیر و پسپۆڕه‌كانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تیی و قانون و چه‌ندین بواری تریش ، كارێكی گرنگ و پڕبایه‌خن . دواتر  جه‌مال غه‌مبار  كه‌ له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی كلتوری ده‌نهاخ له‌ وڵاتی ئوستورالیاوه‌ داوه‌تی كۆنفرانسه‌كه‌ كرابوو ، توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌ ناونیشانی ( تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ قوربانیی له‌ جیاتی سزادانی تاوانبار – ژنكوشتن به‌ بیانووی شه‌ره‌فپه‌رستیی وه‌ك نمونه‌ ) پێشكه‌شكرد . له‌ سه‌ره‌تادا جه‌مال  غه‌مبار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئاماده‌بووان و هه‌روه‌ها بۆ مه‌ڵبه‌ندی ناوبراوو به‌ تایبه‌تیش به‌ڕێز ئازاد كاكه‌ڕه‌ش  سه‌رۆكی مه‌ڵبه‌ندی ناوبراو ده‌ربڕی بۆ داوه‌تكردنی بۆ ئه‌م كۆنفرانسه‌ پڕ بایه‌خه‌ . توێژینه‌وه‌كه‌ی ناوبراو پشتی به‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر و هه‌ندێك له‌و داتاسازیی و ئامارانه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی كوشتنی ژنانن بۆ شه‌ره‌فپه‌رستیی و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك مه‌تنی قانونیی به‌ستبوو كه‌ توێژه‌ر له‌ پێشه‌كی توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی پێداون .

ghambar_kor_946426388.jpg

 توێژه‌ر توێژینه‌وه‌كه‌ی دابه‌شی سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ كردبوو :
 – چه‌مكی شه‌ره‌فپه‌رستیی له‌ ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌و توێژه‌ر له‌سه‌ر هه‌ردوو لایه‌نی زاتیی و مه‌وزوعیی چه‌مكی شه‌ره‌ف به‌ وردیی قسه‌ی كرد و پاشان ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی ژنكوشتن به‌ بیانووی شه‌ره‌ف بۆ خێزان و بنه‌ماڵه‌ ، یه‌كێكه‌ له‌و كێشه‌ ئینسانییه‌ ترسناكانه‌ی كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ ڕه‌شترین و تاڵترین مێژووی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ڵكو زۆر كۆمه‌ڵگه‌ی تری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقیا و وڵاتانی تری دنیا داگیر كردووه‌ . 
 – ته‌وه‌ری هۆكاره‌كانی پشت ژنكوشتن به‌ بیانووی شه‌ره‌فپه‌رستیی . له‌م ته‌وه‌ره‌دا توێژه‌ر به‌ درێژیی باسی هۆكاری  كۆمه‌ڵایه‌تیی – كلتوریی و هۆكاری ئایینی و هۆكاری قانونیی كرد . سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تیی – كلتوریی باسی له داووده‌زگای خێزان و په‌روه‌رده‌ كرد له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵیان له‌ خوڵقاندنی زیهنییه‌تی یان عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاریی و به‌كه‌مزانینی ژندا هه‌یه‌ .
 – سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری ئایینی ، توێژه‌ر باسی ئه‌و ده‌قانه‌ی كرد كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ پێگه‌ی پیاو ده‌بێته‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێز و پێگه‌ی ژنیش پێگه‌یه‌كی لاواز . له‌م بواره‌شدا نمونه‌گه‌لێكی هێنایه‌وه‌ . 
 – له‌ باسی هۆكاری قانونیدا توێژه‌ر به‌ وردیی له‌سه‌ر هه‌ردوو قانونی ئه‌حواڵی شه‌خسیی و قانونی عقوباتی عێراقی هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و باسی له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌قانه‌ كرد كه‌ زه‌بروزه‌نگی ڕێكخراویان دژ به‌ ژن تێدایه‌ .
 – له‌ دوابه‌شی توێژینه‌وه‌كه‌دا جه‌مال غه‌مبار به‌ وردی باسی ڕۆڵی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی كرد له‌ به‌رگرتن له‌ دیارده‌ی ژنكوژیی به‌ بیانووی شه‌ره‌فپه‌رستیی . هه‌روه‌ها باسی له‌ ڕۆڵی كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كرد له‌م بواره‌دا .
 شایانی باسه‌ به‌ڕێز ڕه‌وه‌ز هه‌ڵكه‌وت كورته‌ی ئه‌م باس و خواسانه‌ی ته‌رجه‌مه‌ی زمانی هۆڵه‌ندیی بۆ  نوێنه‌ری شاره‌وانیی ده‌نهاخ ئه‌كرد كه‌ ئاماده‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ بوو .
 پاشان خاتوو بیرجان بۆزبی  باسێكی له‌ باره‌ی
   ( چۆن ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ توندوتیژیی ئه‌كه‌یت له‌ هۆڵه‌نده‌) پێشكه‌ش كرد . تیایدا هه‌ندێك نمونه‌ی له‌ باره‌ی كه‌یسه‌كانی توندوتیژیی دژ به‌ ژنان باسكرد و پاشان باسی كاریگه‌ریی توندوتیژیی كرد له‌سه‌ر ژن و كورته‌ باسێكی له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بۆ شه‌ره‌ف له‌ نێو ئه‌و كۆمیونیتیانه‌دا كرد كه‌ كۆچیان بۆ هۆڵه‌ندا كردووه‌ .
 شایانی وتنه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئاماده‌بووان به‌ پرسیار و گفتوگۆ به‌شداریی كۆنفرانسه‌كه‌یان كردو ئه‌م دانیشتنی یه‌كه‌مه‌ نزیكه‌ی زیاتر له‌ سێ سه‌عات و نیوی خایاند .  ‌ 
 
 ڕاگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد له‌ ده‌نهاخ
 

Previous
Next

Leave a Reply