Skip to Content

Saturday, January 16th, 2021

توندوتیژی سێکسی؛

Be First!
by June 12, 2012 ژنان


توندوتیژی سێکسی؛
لە دیاردەوە بۆ کولتورێکی کۆمەڵایەتی کوشندە

ڕێگا ڕووف

مەسەلەی ژنان هەموو کۆمەڵگایەک لە پێشدا لە ئاست و بەشێوازی هەڵسورانی سیاسی و هەوڵدان بۆ مافەکانی ژنان لەلایەن ژنانێکی ڕابەر و پێشڕەوەوە دەستی پێ کردووە، ئەمە یەکێکە لە خاسیەتەکانی مەسەلەی ژنان. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و ئاڵ و گۆڕ لە کۆمەڵگادا بەئاستی شیکاری زانستی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و پشت بەستوو بە مێتودە زانستیەکان دەبێت کێشەکانی ژنانیش بەو شێوازە زانستیانە بەهرەمەند ببێت. بە بڕوای من تێکەڵاوکردنی ئەم دوو جۆرە لە کارکردن واتە هەم لێکۆڵینەوەی زانستیانە و بابەتیانە بۆ کێشەکان و ڕیشە و دەرەنجامەکانیان وە هاوکاتیش بە شێوازی هەڵسوڕانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یاسایی… لەبواری ژناندا دەتوانێت بزووتنەوەی ژنان بەرەو ئاستێکی باڵاتر و پڕ چەک تر ببات. هەرچی بزووتنەوەی ژنان بەهێز و پڕ زانیاری بێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئەوا پیاوسالاری و کولتوری دواکەوتوانە لاوازتر و بێ پایەتر دەبێت. بۆیە ئەم بابەتەی من هەردوو لایەنەکەی گرتۆتە خۆی هەم لایەنی مەیدانی و کاری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان هەمیش لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە بۆ مەسەلەی توندوتیژی سێکسی دژی ژنان.
مەبەست لە توندوتیژی سێکسی چییە؟
(ویندی مۆلکەر) سایکۆلۆژ و پسپۆر لەبواری دەرمان. کارگێر لە بواری یەکێتی ئەوروپا، بەرەگەز هۆڵەندی، ئاوا پێناسەی توندوتیژی سێکسی ئەکات:
”هەردوو چەمکی تانە و تەشەر وە خراپ بەکاربردن(سوء ئیستیفادە)ی سێکسی دەگرێتەوە، کە بریتیيە لە دەست بردن بۆ کەسێکی تر یاخود دەستدرێژی سێکسی، کە خراپ ترین جۆریەتی. ئەگەر تەنها یەک جاریش ڕووی دابێت. تاوانبار ناسراو بێت واتە (هاوسەر، هاوڕێ یان هەر کەسێکی تری نزیک، یاخود نەناسراو بێت”.
یەکەمیان ئەنجامدانی توندوتیژی سێکسی لە ڕێگەی بەکارهێنانی وشەی ناشرین، نەشیاو و ناپەسەند کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەجەستە ی ژنەکەوە هەیە بۆ شکاندن و ئازاردانی ژنەکە بەکاردێت. ئەم جۆرە لە توندوتیژی کاریگەری لەسەر باری دەروونی دەکات، واتە ئاسەواری دەروونی بەجێ دێڵێت.
دووەمیان ئەنجامدانی تاوانەکە، واتە ڕاستەوخۆ دەستدرێژی سێکسی وە یاخود دەست بردن بۆ ئەندامەکانی لەشی ژنەکە، یاخود تەنانەت ناچار کردنی قوربانیەکە(ژنەکە) بە ئەنجامدانی کاری سێکسی بەدەر لەویست و ئیرادەی خۆی، کە ئەم حاڵەتەیان ئازاردانی ڕاستەوخۆی جەستەیی و دواجاریش دەروونی لێ دەکەوێتەوە.
بەپێی ئەم پێناسەیەی (ویندی) دەتوانین حاڵەتەکانی ڕوودانی توندوتیژی سێکسی وورد بکەینەوەو ڕۆبچینە ناو بەشە جیاجیاکانی ژیانی مرۆڤەکان لە چەند ڕووەوە: خێزان، کۆمەڵگا، فەرهەنگ و مۆسیقا، دادگا، یاسا، سیاسەت و کۆریدۆرەکانی دەسەڵات.

خێزان:
(کارین هۆڵمگرێن و ڤیڤێکا ئێناندەر) نوسەرانی کتێبی (بۆچی بڕوات؟) کە ساڵی ٢٠٠٤ دەرچووە، لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەدا ئاوا باس لەخێزان دەکەن: “خێزان ئەو جێگایەیە کە ژیانی تاکەکان بە ژن و پیاوەوە تێیدا ئارامە و شەو و ڕۆژی تیا بەسەر دەبەن. لە چوارچێوەی خێزاندا دەسەڵاتی پیاوسالاری، پاتریاکی بەتەواوی جێگەی خۆی ئەکاتەوە وە ئەمەش لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە ئەبێت کە لەو ڕۆژەوە دەست پێ دەکات کە ئەو دوو کەسە پەیوەندی هاوبەشی تیا بینا دەکەن. بۆیە خێزان هاوکات کە جێگای ئارامی و ئاساییشی تاکەکانە دەبێتە ئەو چوارچێوەو جێگایەی کە زۆرترینی توندوتیژی تێیدا ڕوو دەدات”.
ئەم دوو لێکۆڵەرە ئەم کتێبەیان لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی دوورودرێژی قسە و باسی نێو کۆمەڵگای سوید دا نووسیوە، کە لەنێو دام و دەزگا و تەنانەت هەڵسوڕاوانی ژنان و فێمینیستەکان باس لەوە دەکرا و گەورەترین پرسیار بوو؛ سەرباری بوونی دام و دەزگای کۆمەڵایەتی، پۆلیس، سۆسیال و هەموو ئەو ڕێکخراوو دامەزراوانە کە هەن بۆ پارێزگاری کردن لە ماف و گیانی ژنان، بۆچی ئەم ژنانە سەرباری ئەو هەموو کۆمەکە کە دەکرێن دەگەڕێنەوە بۆلای کەسانێک کە توندوتیژی بەرامبەریان دەکەن؟ ئەمە پرسیاری زۆربەی زۆری کەسانی پەیوەندیدار بوون بە هاوکاری ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا. ئەم دوو کەسە هاتن لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان پرسیارەکەیان هەڵگێڕایەوە و کتێبەکەشیان ناونا (بۆچی بڕوات؟). بۆیە بەدژی ئەم ئاراستەیە کاریان کرد بۆ ئەوەی بتوانن لەو گرێ کوێرەیە بگەن کە وا لە ژن دەکات بگەڕێتەوە بۆ لای کەسە ستەمکارەکە؟ ئەمەش وای کرد کتێبەکە لە ئاستێکی بەرفراواندا لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا بەکار بێت.
لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەیان گەیشنتە ئەو دەرەنجامەی کە زۆرترین حاڵەتەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی دژی ژنان لە هەردوو حاڵەتەکەدا چ لەڕێگای ئازاردانی دەروونی وە چ لە ڕێگای ئازاردانی جەستەیی لە خێزانەکاندا ڕوو دەدات. واتە خێزان پلەی یەکەمە بۆ ڕوودانی توندوتیژی. بێ گومان ئەم چواردیوارە کە بۆ ژن گوایە جێگایەکی پارێزراوە، بۆ پیاوانیش بەو ئەندازەیە پارێزراوە کە دەتوانن زۆرترین پیادەی دەسەڵاتی زەبر و زەنگی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن، بۆ ئەوان ئەوە گرنگە کە لەگەڵ کێ دەتوانن ئەو توندوتیژیە بەکار بهێنن؟
(ئەنگلس فرێدریک) ئاوا باس لە خێزان دەکات: خێزان وەک نموونەیەکی بچووک کراوەی کۆمەڵگایە، ژن دەبێتە پڕۆلیتاریا و پیاویش سەرمایەدار. کەواتە بەپێی ئەم ڕوانگەیە دەگەینە هەمان پێوەر یاخود دەرەنجام کە نووسەرانی کتێبی (بۆچی بڕوات؟) دەڵێن، کە زۆرترین چەوسانەوەی تێدا ڕوو دەدات. ئەگەر سەرمایەداری مرۆڤەکان ئەچەوسێنێتەوە وەک خاوەندارێک کە هەموو مافێکی هەیە ئەوا پیاویش بەهەمان مێتۆد کاردەکەن کە سەرمایە هەیەتی بۆ کرێکارێک.
خێزان بەشێوەیەکی گشتی هەمان مانای هەیە لە کۆمەڵگا و کلتورە جیاوازەکاندا، ڕێژە و ڕادەی چەوسانەوەکەش جیاوازە لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر، وەک چۆن جیاوازە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر، ئەمەش بەندە بە دەسەڵاتی پیاوسالاری لە ناو کۆمەڵگا و خێزاندا. لێرەوە تایبەتمەندێتی و گەشەی کۆمەڵگاکان دەست پێ دەکات. کە وەک نمونە ئاسانە کۆمەڵگای کوردی بەراورد بکرێت بە کۆمەڵگای ئەوروپی بۆ دەرخستنی جیاوازییەکان.
بێگومان خێزان یەکەیەکە بۆ ژیان و دابین کردنی ئاساییشی تاکەکان بەڵام زۆر جار خێزان نەک هەر شوێنێکی نائاساییشە بۆ ژن بەڵکو دەبێتە گەورەترین دوژمنی ژنان. لەڕێگای خێزانەوە یەکەمین و گەورەترین توندوتیژی سێکسی بەرامبەر بە ژن دەکرێت هەر لەمناڵیەوە، خەتەنەی کچان ئەو گورزە کوشندەیەیە کە بۆ هەتا هەتایە کاریگەری ئەم توندوتیژیە بەسەر ژنەکەوە دەهێڵێتەوە. سەرکوت کردن و بچووک كردنەوەی کەسایەتێکەی، کوشتن و هەڕەشە لەسەر ژن خاڵێکی ترە کە جەخت دەکات لەم توندوتیژیە ئەوەش دەگاتە ئەوپەڕی لە ڕێگای لێ سەندنەوەی گیانی ژنەکە بە دەستی نێرینەکان.
دەستەمۆکردنی بەرامبەر:
(هۆڵمگرێن) و (ئێناندەر) باسی پڕۆسەی دەستەمۆکردنی بەرامبەر بە چەند قۆناغیک شیکاری دەکەن، وە بە سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەشی دەکەن.
 سەرەتا باس لەوە دەکەن کە چۆن پیاو لە سەرەتاوە بەشێوازی جۆراوجۆر وەک دەست پێش خەری ئەو پڕۆسەیە دەست دەکات بە دەستەمۆ کردنی هاوڕێکەی، خۆشەویسەتەکەی، (سامبۆ)١ یاخود هاوسەرەکەی. ئەمەش بەسادەیی و بە شێوەیەکی زۆر نۆرماڵ بەڵام سیستیماتیک دەچێتە پێشەوە. پلە بە پلە و لەسەرخۆ یەکە بە یەکە خشتەکانی ئەو زیندانە گەورەیە بۆ ژن دروست دەبێت. بێ گومان ئەوەی کە دڵنیامان دەکات لەوەی کەخێزان ئەو جێگا خەتەرەیە ئەوەیە کە بۆ نموونە ئەگەر کەسێکی نادیار وە یاخود نەناسیاو و لە دەرەوەی خێزان کارێکی وابکات ئەوا پڕۆسەکە زوو کۆتایی دێت و بەتایبەت دەبێتە دۆسیەیەکی تەواو جیاواز لەوەی “مەسەلەی خێزانی” بێت. بۆ نموونە هیچ کەس قبوڵی ناکات کە دراوسێیەک، یان دوکانداری گەڕەک بەم شێوە سیستیماتیکە ژنێک بکاتە دەستەمۆی خۆی بەحوکمی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و تایبەتیەکە، هاوکات جێگاو شوێن پێناسەی هەیە.
ئەم پڕۆسەیەش بەچەند قۆناغێکدا تێ دەپەڕێت، بەڵام ئەم قۆناغانە مەرج نیە بەسەر هەموو تاکێکدا بڕوات و جێبەجێ ببێت وە هاوکات مەرج نیە لە هەموو خێزانێکدا ڕوو بدات:

قۆناغی یەکەم
بەکارهێنانی خۆشەویستی بە جۆرێکی تر

سەرەتای توندوتیژیەکە بەوە دەست پێ دەکات کە کۆنتڕۆل کردنی ژنەکە بە بەهانەی “خۆشەویستی” یاخود “پێکەوە ژیان لە شێوازێکی تا ئەوپەڕی خۆشبەختی و شادی” یاخود “عەشقی خەیاڵی” ئەمانە ئەو چەمکانەیە کە زۆربەی زۆری مرۆڤەکان حەزیان لێیە، ئاواتەخوازن و لەدونیای ڕاستەقینەدا بەدوایدا وێڵن. بۆیە کاتێک ژنەکە یەکەم “هەڵە” دەکات ئینجا ئەو هەڵەیە ڕەنگە ئەوەبێت کە بۆچی لەگەڵ فڵانە پیاو لەدەرەوە بووە؟ یاخود بۆچی بەبێ پرسی هاوسەرەکەی ڕۆیشتە دەرەوە؟ یاخود، یاخود…تاد. ئەمەیە دەبێتە هۆی یەکەمین دەسپێک و بەهانە بۆ دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا. سەرەتا و بەتایبەت لەلایەن ژنەکەوە حاڵەتێکی شۆک بوون هەیە بەوەی چۆن لەسەر شتێکی ئاوا هاوسەرەکەی توڕە بوو؟ وە بۆیە ژنەکە لەهەوڵی ئەوەدایە کە بەهەر جۆرێک بێت ڕوونکردنەوە بدات کە “هەڵەیەکی نەکردووە”. سەرەنجام بەوە کۆتایی دێت کە پیاوەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژی بەکار دێنێت، جا ئەمەش ڕەنگە لێدانی ڕاستەوخۆ بێت لەژنەکە، یاخود توڕەبوونێک بێت کە ناڕاستەوخۆ ترس بخاتە نێو دڵی ژنەکە، بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە و داوای لێ بوردن ئەکات، هاوکات کە دەڵێ ببورە ئەوە بە ژنەکە دەسەلمێنی کە خەتای پیاوەکە نەبوو کە دەنگی بەرز کردەوە یاخود دەستی بەرز کردەوە، بەڵکو خەتای ژنەکە بوو “وای لێ کرد” کە ئەو کارە بکات وە لەبەر ئەوەی ژنەکەی زۆر خۆش دەوێت بۆیە نیگەرانی پەیوەندیەکەیە. سەرەنجام خێزانەکە بەهۆی لێ خۆش بوون لەیەکتری ژیانی “نۆرماڵی” خۆیان درێژە پێ دەدەن و “هەموو شتێک دەچێتەوە شوێنی خۆی“.

قۆناغی دووەم
سۆسیالیزەبوون

بە دووبارە بوونەوەی ڕووداوی یەکەم دەست پێ دەکات و بە پڕۆسەی ڕاهێنان یان بارهێنان(سۆسیالیزەبوون) بۆ ژیانێکی ئالوودە بە توندوتیژی کۆتایی دێت. ئەم جارەیان کە کێشەکە دووبارە دەبێتەوە ژنەکە تووشی حاڵەتێکی نیوە شۆک دەبێت لەوەی کە پیاوەکە داوای لێ بوردنی کردووە جاری یەکەم بەڵام هاوکات توڕە بوونەکەی شتێکی تازەش نیە، دوای ئەم پڕۆسەیە دەورەیەکی تازە دێنێتە پێشەوە چوونکی بە چوونە پێشەوەی زەمەن و بەو پێیەی کە پیاوەکە لە هیچ شتێک ڕازی نیە خود بەخود ژنەکە هەمیشە لە هەوڵدا دەبێت کە کارێک نەکات “ببێتە هۆی توڕەبوونی پیاوەکە” یاخود “شێواندنی ئەو خۆشەویستیە” وە کاتێک کێشەکە دروست ئەبێت پیاوەکە بەو جۆرەی پێشوو تر شیکاری بۆ دەکات بەڵام ئەمجارەیان ژنەکە خۆی دەبێتە هۆکارێک بۆ “لێدانی خۆی” تەنانەت ژنەکە دەکەوێتە ئەو حاڵەتەوە کە لۆمەی خۆی دەکات کە بووە هۆی تێکدانی مەزاجی پیاوەکە! لەم دەورەیەدا کە پێی دەڵێن سۆسیالیزەبوون واتە ڕاهاتن بەو کەش و هەوایە و تەنانەت بوون بەبەشێک لە پڕۆسەکە. ژنەکە لەم ساتەوەختەدا خۆی بە بەرپرس دەزانێت و ئەمجارە خۆی داوای لێ بوردن لە پیاوەکە دەکات، ئیتر مل دەدات بەو توندوتیژیە کە لەلایەن پیاوەکەوە بە شێوەیەکی سیستیماتیک دەکرێت بەرامبەری. لەم قۆناغەدایە کە توندوتیژی هەموو شیوازەکانی خۆی دەگرێتەوە چ بە شێوازی تانەو تەشەر وە چ بەشێوازی دەستدرێژی سێکسی دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە. لێرەدا جاروبار ژنەکە بیر لەوە دەکاتەوە کە پیاوەکە بەجێ بهێڵێت ئەمەش وەک حاڵەتێکی نۆرماڵ و خولیای هەموو ژنێکە چ لە سوید دا بێت یاخود لە کوردستان بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە زۆربەی ئەو ژنانە کە گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە ئەوە هاوکات قۆناغی لە دەستدانی کەسایەتی و سەربەخۆیی ژنەکە دەستی پێ کردووە. ئینسانێکیش وەختێک لە هەموو چەکێکی مرۆڤایەتی داماڵرابێت، وە هەموو بڕوا بەخۆبوونێکی لە چاوی پیاوەکەوە ببینێت ئەوا ئاسان نیە بڕیار بدات بۆ چوونەدەرەوە لەو دۆخە. تەمەنێک هەوڵدان بۆ دروست کردنی خۆشبەختی و خۆشەویستی لەگەڵ کەسێکدا هەروا ئاسان تێ ناپەڕێنرێت. ئەمەشە سەختی قۆناغەکەیە.
ئەم جۆرە لە بەکارهێنانی توندوتیژی تەنها لە چواردیواری خێزاندا دەتوانرێت بەو شێوەیە درێژەی پێ بدرێت. هەر بۆیە خێزان ئەو جێگا خەتەر و پڕ لە توندوتیژیەیە بۆ ژن. بێگومان ئەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت کە زۆربەی زۆری ژنان بەم پڕۆسانەدا تێ دەپەڕن بەڵام مەرج نیە هەموو ژنێک بە هەموو ئەو پرۆسانەدا گوزەر بکات، بەڵکو زۆربەیان هەر لە قۆناغی یەکەمدا دێنە دەرەوە و بەجۆرێکی تر درێژە بە ژیانیان دەدەن.
بەڵام ئەو ژنەی کە ناتوانێت بڕوات وە لەم شوێنەدا دەمێنێتەوە، ڕۆیشتنی تا بێت سەخت تر ئەبێت، بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو توندوتیژیە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی هێواش هێواشی سەربەخۆییەکەی.. توانای بیرکردنەوەی.. توانای دەربرینی ناڕەزایەتی وە تەنانەت توانای ئەوەی کە هەست بکات وەک کەسێک زیندووە و بوونی هەیە.

قۆناغی سێیەم:
 گومڕا بوون

لەم قۆناغەدا ژنەکە دەکەوێتە نێوان دووڕیانێکەوە لە نێوان وازهێنان و گۆڕینی ژیان و مانەوە و ملدان بەو ژیانە بۆ ئەبەد. لە نێوان ئومێد و نائومێدی، لەنێوان ترس و جورئەت، لە نێوان سەربەخۆیی و ژێر دەستەییدا بیرو هۆشی سەرقاڵ دەبێت و هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی سەرە داوەکاندایە چ بۆ ڕزگار بوون وە چ بۆ ئاڵ و گۆڕ. خاڵێک کە من زۆر جار لەکاتی کارکردنم لەگەڵ ژنانی قوربانی توندوتیژی بەگشتی بۆتە جێگای بیرکردنەوەیەکی زۆرم ئەوە بووە کە باسیان لەوە دەکرد تەنانەت لەکاتی بوونی پیاوەکە لەنزیک ژنەکەوە مەحاڵ بووە تەنانەت بیرکردنەوە لەئازادی وە هەوڵدان بۆی، چونکە ئەم جۆرە لە توندوتیژی تەنانەت کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەی کەسەکەش دەکات. بۆیە هەندێک لەو ژنانە بەداخەوە بۆ هەمیشە ئەمێننەوە کە ڕەنگە یان بەکوشتنی کۆتایی دێت یاخود مەرگی شێنەیی و بە لەدەستدانی هەرچی مافێکی مرۆییە. یاخود بەڕێگەی کۆمەکی کۆمەڵایەتی دێنە دەرەوە لەو وەزعە.
ئەوەی کە ئەم قۆناغە سەخت دەکات لەلای ژنەکە بۆ دەرچوون لەم چوارچێوە توندوتیژە چەندین هۆکار ئەگرێتەوە لەهەموویان سەختترو گشتگیرتر هەستکردن بە شەرم و حەیاچوونە لەوەی کە ئایا کەس و کار چی دەڵێن؟ ئاخر هەڵبژاردەی خۆم بوو؟! یاخود ئایا سبەینی تەنیا بکەوم چیم لێدێت؟ یاخود ئاخر مناڵم هەیە؟ وە زۆر لێکدانەوەی تر کە وادەکات مانەوە ڕێگایەکی یەکلایی کەرەوە بێت بۆ زیندوو مانەوە.
یەکێک لەنیشانەکانی ئەم قۆناغە ئەوەیە کە ژنەکە لە هەموو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی دووردەکەوێتەوە و پەیوەندیەکانی کەم و بەرتەسک دەبنەوە، نیشانەیەکی تر ئەوەیە کە لە کاتی قسەکردندا ناتوانێ پەیوەندی بکات لەگەڵ کەسی بەرامبەر و هەوڵ دەدات خۆی بدزێتەوە لە کۆنتاکتی بەرامبەر و بەتایبەت چاو. لێرەدا مەبەست لە پەیوەندی ئەوەیە کە قسەکردن بەشێکە لە پەیوەندی کردن بەخەڵکەوە بەڵام بەشێکی زۆری قسەکردن، لە جۆری قسەکردن و هەڵسوکەوت و دەست جوڵاندن و چاو هەڵبڕین و ئەوانەدا خۆی دەر دەخات کە دەتوانین پێی بڵێین (زمانی لەش)، واتە قسەکردن لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەندامەکانی لەشەوە.
لە یەکێک لە سەنتەرەکانی پارێزگاری ژنان لە سوید، کاتێک لە ژنێکم پرسی بۆچی لەگەڵ ئەو پیاوە ئەو هەموو ماوەیە مایتەوە کە هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکردی؟ چۆن نەترسایت ڕۆژێک بتکوژێت؟ ژنەکە لەوەڵامدا ووتی “بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی هەڕەشەی لێ کردبووم باشترین شت ئەوە بوو لەلای خۆی بم و لەبەرچاوما بێت، چونکی ئەو کاتە هەستم دەکرد کەی خەتەر دەبێت بۆ ژیانم بەڵام ئەگەر بەجێم بهێشتایە نەمدەزانی لەکوێ دەمدۆزێتەوە و دەمکوژێت” هەڵبەت ئەم وەڵامە لە دونیای خەیاڵی ئەم ژنەدا زۆر ڕاستە، چونکی پێی وابوو کۆنتڕۆڵی کوشتنی خۆشی بەدەستی خۆیەتی ئەگەر لەلای بمێنێتەوە هەتا ئەوەی هەر چرکەیەک چاوەڕێی مەرگی خۆی بکات. ئەمە ئەو جۆرەیە لە ڕاهاتن “سۆسیالیزە بوون” کە تەنانەت پێی وایە ئەگەر نزیک بێت لە تاوانبارەکەوە ئەوا ژیانی پارێزراوە!.

کۆمەڵگا:

لێرەدا کۆمەڵگا مەبەستمان ئەو جێگاو شوێنانەیە کە مرۆڤەکان جگە لە ماڵ و چوار دیواری خێزان تیایدا دەجوڵێنەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی ڕۆژانەمانەوە هەیە. هەر بۆیەش بازاڕەکان، شوێنی کار، شوێنە گشتیەکان، تەنانەت جادەو بانەکان ئەو جێگایانەن کە بە هاتنە دەرەوەی ژنان لەماڵەوە و بەجۆرێکی تر ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە.
هەموومان دەزانین کە لەشارەکانی کوردستان بەلێکچوونێکی تاڕادەیەکی زۆر لەهەر شارێک؛ جادەیەک هەیە، یاخود بازارێک، گوزەرێک هەیە کە “جێگەی ژنان نیە” بۆ نموونە شاری سلێمانی هەندێ بازاڕ و گوزەر هەبوون وە هەن کە بەبێ ئەوەی بەڕەسمی قەدەغە کرابێت ژن نەیدەتوانی وە ناتوانێت بەو جێگایانەدا تێپەڕیت. واتە کۆدەکان کۆمەڵێک یاسای کۆمەڵایەتی نەنوسراویان تێدابوون کە باس لەوە دەکەن کە توندوتیژی سێکسی لەو جێگایانەدا هەیە، یاخود بەواتا زۆر خەڵکیەکەی “ژن بەسەلامەتی لەو جێگایانە دەرناچێت” کە نموونەکانی ئەو توندوتیژیە زۆر لایەن دەگرێتەوە. توانج و تەشەر لێدان، ڕێگەپێگرتن و ترساندنی ژن، تادەگاتە ئەوەی دەست بردن بۆ جەستەی ژن و ڕاستەوخۆ توندوتیژی سێکسی بەرامبەری. ئەمە جۆرێکی تری ئەو ڕەوشەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا تا ئێستاش ڕەواجی هەیە، کە پیاوانێک لە دەرەوەی خێزانەکان کۆمێنت دەدەن، تانەو تەشەر و تەنانەت زۆرجاران بڕیار دەدەن کە جل و بەرگی ژنەکە نەشیاوەو هەق نەبوو بێتە ئەو جێگایە و زۆر جارانیش جوێن ئەنێردرێت بۆ پیاوان و کەس و کاری ژنەکە. ئەم حاڵەتە بەجیاواز لەحاڵەتی یەکەم کە توندوتیژی ناو خێزانە زۆرتر تایبەتمەندی نێو کۆمەڵگا شەرقییەکانە. ئەم جۆرە دیاردانە لە کۆمەڵگای ئەوروپیدا بەهیچ شێوەیەک بەدی ناکرێت ئەگەریش ڕووبدات ئەوا یاسای نووسراو هەیە و کەسی هێرشکار وەک تاوانبار سەیر دەکرێت.
زۆر جار بینیومانە کە گەلە کۆمەکی لە کچێک یان ژنێک دەکرێت کە لە جادەیەکی پڕ خەڵکی وەک سەرپردەکە لە سلێمانی و بازاری شێخەڵلا لە هەولێر گەیشتۆتە ڕادەی دروست بوونی خەتەر بۆسەر ژیانی کچەکە، کە بە هەڵەداوان لەو ناوە خۆیان دەرباز کردووە بۆ ڕزگاربوون. من دەزانم زۆربەی زۆری جارەکان دەستی گروپە ئیسلامیەکانی لەپشتەوە بووە بۆ ئەوەی ژن وەک ئەندامێکی کارا و چالاک لە کۆمەڵگادا بترسێنرێت کە ئەمە بۆ ئەوان باشترین ڕێگا بووە بۆ گەیشتن وە پێکانی دوو ئامانج یەکەمیان جل و بەرگی ژنانە وە دووەمیشیان هاتنە دەرەوەیان، بەڵام ئەوەی کە سەیرە و جێگای هەڵوەستەیە ئەوەیە کە کۆمەڵگا لەبری پاراستن و بەرگریکردن لەژنەکە زۆربەی جارەکان بوونەتە هاوکار و دەست پێش خەری تاوانەکە دەرهەق بەژن. هووهاکێشان و خڕبوونەوە بەدەوری ژندا کارەساتێکی گەورەیە لەژیانی ژندا کە ڕوو دەدا.
شوێنێکی تر کە دیسان دەتوانێت ببێتە هۆکاری بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ژن ناو کارگە و فەرمانگەکان و شوێنەکانی کارە. لەم دواییانەدا دیاردەی فشار هێنانی بەرپرسەکان بۆ کەسانێک کە سکرتێریانن، بۆ ناچارکردن و ملدانی ژنەکە چ بە پەیوەندی بێت یاخود بە ئەنجامدانی کاری نەشیاو و بەدوور لەویست و ئارەزووی خۆی. کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر ناوزڕاندنی کاری (سکرتێری) دروست کرد. هەڕەشە یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە بەکار دەهێنرێت بۆ ملدانی ژنەکە بەزۆر شت. لە وڵاتێکدا کە سیستمی یاساو مافەکانی مرۆڤ نەپارێزراوبێت سەیر نیە ئەم جۆرە شتانە ببێتە دیاردەی کۆمەڵایەتی. ساڵانی پێشوو ڕەنگە حیزبی بەعس بەشێوازی جۆراوجۆر ئەم سیاسەتەی بەکار هێنابێت، بەڵام ئێستا لەلایەن ((دەسەڵاتی خۆماڵیەوە)) بەهەمان شێوە بەکاردێت. یەکێک لەو گرفتانەی کە دەبێتە هۆی ئاسانکردنی بەکار هێنانی ئەم جۆرە لەتوندوتیژی سێکسی ئەوەیە کەبەڕێگای هەڕەشە لە نامووس چوونی ژنەکە ڕوودەدات. یەکێک لەو ووشە زۆر باوانەی نێو ئەم دونیایە ئەوەیە “ئەگەر بەدڵی من نەکەیت، حەیات دەبەم” ئەمە ئەگەر هەڕەشەکە ڕاستەوخۆ لەدەم بێتە دەرەوە بەڵام زۆر جار پێویست ناکات بەهەڕەشەی فەرمی چونکە جێگاو ڕێگای ژنەکە لەبەرامبەر پیاوە بەرپرسەکە خۆی جۆرێک لە لاسەنگی هێز نیشان دەدات کە ناڕاستەوخۆ دەبێتە بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی بەرامبەر ژنەکە. بەکارهێنانی هێز یەکێکە لە ئامرازەکانی بەئامانج گەیشتن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی. ئەوەشمان بیر نەچێت کە لەنێو فەرمانگەکاندا کۆمێنت دان و تەنانەت بانگهێشت کردن بۆ لای بەڕێوەبەر لەسەر جۆری جل و بەرگ شێوازێکی تری ئەم توندوتیژیەیە. ئەم جۆرە لە پیادەکردنی دەسەڵات تەنانەت لە قوتابخانەکان بەهەموو قۆناغەکانیەوە وە هەروەها لە زانکۆکان، لەلایەن مامۆستای ژن و پیاوەوە بەرامبەر کچانی قوتابی بەکار دەهێنرێن.
حاڵەتێکی تر کە من لێرەدا وەک بەشێک لە کۆمەڵگا پێناسەی دەکەم هەرچەنە دەکرێ وەک ئامادەبوونی فیزیکی ڕەنگە کچەکە لەماڵەوە بێت بەڵام (فۆرومەکە)٢ بەشێوەیەکی گشتی دەچێتە نێو فۆرومی کۆمەڵگاوە ئەویش چوونە نێو ژوورەکانی باس و موناقەشەو بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو جێگا نوێیانەن کە بۆتە ئامانجێک بۆ بەکارهێنانی ئەم توندوتیژیە. ڕووداوەکانی ئەم دواییانە کە لەڕێگەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە تەنها نموونەیەکی ئەم ڕاستیەن. ئینتەرنێت کە جێگایەکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، هەواڵ، پەیوەندیگرتن بە دونیای دەرەوە بەڵام هاوکات بۆتە جێگایەک بۆ تێکشکاندنی کەسایەتی و هەڕەشە و ناوزڕاندن و دروستکردنی بوختان و فیلمی ناشرین وگۆڕینی وێنەو …تاد. کە نەک تەنها لەسەر باری دەروونی ئاسەوار بەجێ دێڵێت بەڵکو زۆرجار هەڕەشەی گیانی وە تەنانەت کارەساتی لێ کەوتۆتەوە هەڵبەت ئەم حاڵەتەیان تاڕادەیەک پیاوانیشی گرتۆتەوە بەڵام زۆرتر ژن بۆتە قوربانی.

هونەر و ئەدەب:

هونەرو ئەدەب بەشێکی تری ئەم بابەتەیە، چوون ئەگەر کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی توندوتیژ بێت یان نا ئەوا زۆر گرنگە لایەنە ئەدەبیەکەی هەڵبسەنگێنین و چاوێکی لێ بکەین چوونکە بە بڕوای من ئەم لایەنە بەدەر نیە و بێخەوش نیە لەم بابەتە.
هونەرو ئەدەب بوارێکی ترە کە ئەم توندوتیژیەی لێ بەدەر نەبووە بگرە زۆر بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەم توندوتیژیە، نەوە لەدوای نەوە گوازراوەتەوە. زۆرێک لە گۆرانیە فۆلکلۆریەکان و زۆر باوەکان بەیانی ئەوە دەکەن کە چۆن ڕەگەزی پیاو دەیەوێت توندوتیژی سێکسی بەشێوەیەکی “جوان” پەردەپۆش بکات. بەزۆر ماچێک لە دەنکەکەی دەستێنێت، یاخود چۆن وەسفی لەش و لاری کچانێک دەکرێن کە هێشتا تەمەنیان مناڵە، ئەوە بەیان دەکات کە مناڵ حسابی مناڵیان بۆ ناکرێت وە بەڵکو وەک ئۆبجێکتێکی سێکسی دەبینرێن کە هەرچی منداڵتر بێت سات و سەودای زۆرتری لەسەرە، هاوکات پیاو دەتوانێ ئەگەر بیەوێت بەزۆر ئەو شتەی دەیەوێت لە کچ یان ژنێکی بسێنێت، ئینجا ئەمەش زۆر بەڕوونی باسکراوە کە دەست بردن بۆ جەستە یەکێکە لەو شتانەی کە ئامانجە لە ڕێگەی دەربڕینی شیعرەوە یان گۆرانی ئەم دیادرەیە بۆتە کولتورێکی ناشرین و باو.
لێرەدا باسی دوو نموونە دەکەم، لەبەر دوو هۆ یەکەمیان لەبەر ئەوەی زۆر بەئاشکرا ئەو دوو نموونەیە بینراوە دوەمیشیان لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە ئەدەب و هونەر هەیە کە ئامانجی ئەم بەشەی بابەتەکەی منە. ڕەنگە کەم کەس هەبێت ناوی شاعیری بەناوبانگ عبدوڵا پەشێو و “گۆرانی بێژ” عەزیزی وەیسی نەبیستبێت . یەکەمیان نوێنەرایەتی بەشێکی باڵای کۆمەڵگا دەکات کە ئەدەب و ڕٶشنبیریە وە دوەمیشیان نوێنەرایەتی ئەدەبێکی داماو و زۆر ئاستی نزمی کۆمەڵگایە کە گۆرانیە فۆلکلۆریەکانی عەزیز وەیسی یاخود هەر کەسێکی تر بێت چوونکە تەنها ئەم دوو کەسە بێژەر و نووسەری ئەم جۆرە کولتورە نین بەڵام بەم دوو نموونەیە دەمەوێ هەردوو چینەکە بپێکم.
یەکێک لەو هۆنراوانەی کە عەبدوڵا پەشێوی پێناسرا لەساڵانی هەشتاکان ئەوهۆنراوەیە بوو کە بۆ “خۆشەویستەکەی” نووسی لەئەنجامی ئەوەی شووی کرد بەکەسێکی تر!.
لە دەستم دێ*
کاتژمێری کامەرانیت بسووتێنم
لە دەستم دێ
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسوتێنم
***
لە دەستم دێ
هەموو شتێک ئاشکراکەم
کام شەوەت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە پف لە چراکەم
***
لە دەستم دێ، بە دوو وشە
دلی زاوای نوستوت.. ڕەش کەم
لە خۆشاوی….
شەوی پەردەتان بێ بەش کەم
***
بۆ زۆر کەس ئەم هۆنراوەیە وەک لوتکەی دەربڕینی خۆشەویستیەکەی پەشێوە بۆ ئەو خانمەی کە خۆشی ویستووە، هەربۆیەش پەشێو بەم شیعرە بوو بە پەشێو بەڵام بە چ نرخێک؟ بەوەی کە خانمەکەی “چ خیانەتێکی لێ کرد کە وازی لێهینا” واتە لەسەر حیسابی ژنەکە پەشیو بوو بە پەشێو. بیرمە یەکەمین جار کە شیعرەکەم خوێندەوە ساڵانی ٨٠ کاتێک خوێندکار بووم لە موسڵ چ تەزوویەکی ناخۆش هات بە بیر و هەستمدا، لەو کاتەوە هەستم دەکرد کە پیاوسالاری و توندوتیژی یەکی گەورەو هاوکات ڕق و کینە نواندنێکە بەرامبەر بەو خانمە. پەشێو کاتێک دەڵێت “تەنها وشەیەک بەسە تا خۆشترین شەوت لێ بکەم بەدۆزەخ” لەوپەڕی هەستی پیاوانە و غرورەوە ئەوە دەڵێت نەک لەخۆشەویستی و سۆز بۆ دڵی سوتاوی!. دەکرا ئەم بەیتە بەپێی عادات و عورفی دواکەوتوانە تەنانەت کارەساتی ئینسانی لێ بکەوێتەوە. خۆشبەختانە کەسەکە ژیانی نەکەوتە بەر مەترسی بەڵام کێ دەزانێت کە تەقینەوەی ئەم مەسەلەیە لەکاتی دروست بوونی ژیانی هاوسەری خانمەکەدا نەبۆتە دۆزەخێک بۆی؟ ئێمەی خوێنەر تەنها دەسەڵات و عەزەمەتی پەشێومان بینیوە و قەت ووشەیەکی خانمەکەمان نەبیست وە نایبیستین. پەشێو ناوی کەسەکە قەت ناهێنێت کە هەڵگری چ ناوێکە، بەڵام هەموو ئەوانەی دۆستی شیعر و هونەرن دەزانن ئەو خانمە کێیە و چۆنە و تەنانەت ناوی چیە؟ ئەمەیە ئەو جۆرە لەتوندوتیژی سێکسی کە بەسەرماندا گوزەر دەکات بەبێ ئەوەی یەک ووشە لەدەمی ئەو چینە باڵایاوە بێتە دەرێ. ئەمە جگە لەوەی کە کردنەوەی دەرگای ماڵێک بوو کە کلیلەکەی بەدەستی پەشێو نەبوو بەڵکو بەدەستی خانمەکە بوو، هاوکات گەورەترین توندوتیژی ئینسانی بوو بەرامبەری. پەشێو تەنها بە هەستی پیاوانەی خۆی ناسنامەی مرۆیی کەسێکی خستە ژیر پرسیارەوە و بۆ هەموو خەڵکی کوردستانی باس و ئاشکرا کرد.
نموونەی دووەم. عەزیزی وەیسی وەختێک گۆرانی دەڵێت سەراپای ووشەکانی ئیهانە و سوکایەتی کردنە بەژن، جگە لە توندوتیژیەکی سێکسی شتێکی تر بەیان ناکات. کاتێک دەڵێت: بێوەژنە و دەستی دووە، زۆر کەس و تەنانەت بەداخەوە زۆرێک لەژنان کە ڕەنگە بەقەولی عەزیزی وەیسی بێوەژنیش بن کە شانی بۆ دەلەقێنن و پێی هەڵدەپەڕن بەبێ ئەوەی بزانن، یاخود دەزانن بەڵام هەستیار نین کە چ ئیهانەیەک دەکات بە حورمەت و کەرامەتی ئینسانیان کە ئەویش دانانی پێوەری دەستی دووە بۆ ژن!.
کێشەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی نەک نابێتە جێگای سەرنج و ڕەخنە بەڵکو دەبێتە بازاڕێکی گەرمی پارەو پول پەیداکردن بۆ خاوەنانی. جەستەی ژن ئەو بازاڕە گەرمەیە کە پێی سەرشوناس و دەوڵەمەند دەبن. ڕەنگە کەسانێک بڵێن ئاخر عەزیزی وەیسی نەگۆرانی بێژەو نە نوینەرایەتی گۆرانی کوردی دەکات، ئەمە ڕاستە بۆ ئێمەمانانێک کە نەگوێ دەگرین بۆ گۆرانیەکانی وە نە جەماوەری ئاهەنگەکانین وە نە کڕیاری سیدیەکانین بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە بەکار هێنانی توندوتیژی سێکسی برەوی هەیە تا ڕەخنە گرتن لێی. زۆر نموونەی تر هەن کە توندوتیژی سێکسی بەرامبەر بە منداڵ بەکار دێنن وە نموونەی ئەم لایەنەشمان زۆرە، کە لێرەدا تەنها ناویان دەبەم هەڵبەتە ئەوەمان بیر نەچێت کە هەندێک لەو گۆرانی و شیعرانە بەکۆدەکاندا دەزانین کە بۆ منداڵ ووتراون واتە بە شیوازی ناراستەوخۆ لەوانەش شیعر و گۆرانیەکانی عومەر دزەیی، حەسەن زیرەک…. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لیستی ناوەکان زۆرە بەڵام وەستانەوە و ڕەخنە لەم جۆرە کولتورە کەم و دەگمەنە.

یاسا و دادگاکان
توندوتیژی سێکسی کە هەموو کون و کەلەبەر و بوارێکی ژیانی ژنانی گرتۆتەوە دادگاکانیش بەشێکی دانەبڕاوی ئەم پڕۆسەیەن. کاتێک تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگا بەتوندوتیژی سێکسی بارهاتبێت ئەوا گرنگە کە بگەڕێینەوە بۆیاسا و بڕیارەکان و نیگایەک بکەین بەناویاندا بزانین ئایا یاسا چ هەڵوێستێکی هەیە وە چ دەڵێت لەمەڕ ئەم مەسەلەیە وە ئایا ژنان پشتیوانیەکی یاساییان هەیە کە بتوانن پشتی پێ ببەستن؟ ئایا یاسا خۆی داوە لەقەرەی ئەم باسە؟
دادگاو یاسا ئاوێنەی ژیانی خەڵکە لەو بەشە یان لەو شارە، لەو وڵاتە، کە ژیانی تێدایە. هەمیشە یاساو دام و دەزگا قەزاییەکان بەشێوازێک هەم کاریگەر لەسەر ڕەوشی بیرکردنەوەی خەڵک دادەنێت هەمیش بیرکردنەوەی خەڵک کاریگەر لەسەر یاساکان دادەنێت. کێشمە کێشی نێوان ئەم دوو بەشەیە ئەوە ساغ دەکاتەوە کە ئایا یاساکان چەندە وەڵام بەخواستەکانی خەڵک دەداتەوە، یاخود یاسا چەندە بە قازانجی چین و توێژەکانە وە چەندە وەڵام بەمەسەلە گرنگ و هەستیارەکان دەداتەوە. یاسا وەک بەشێک لە ڕێک خستنی پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا لە فۆرمێکی یاساییدا ڕێک دەخرێت، چ بەشێوەی پابەندکردن و ناچارکردنی مرۆکان وە چ بەشێوەی بەرگریەک لەتاکەکان لە بەرامبەر هەر دەست درێژیەکی دەرەکی. ڕێک خستنی یاسا بە شێوازی مۆدیرن و بەپاراستنی مافەکانی تاک لە بەرامبەر کۆمەڵدا لە دونیادا کاری سەنگینی بۆکراوە و تا ئێستاش ئەم کێشمەکێشە بەردەوامە و هەمیشەش بەردەوام دەبێت. گەرەنتی کارکردن بەیاساکان خاڵێکی گرنگی ئەم پڕۆسەیەیە کە تاک لە بەرامبەر کۆمەڵدا دەپارێزێت وە کۆمەڵیش لە بەرامبەر تاکدا، کە بێ گومان پەیوەندی بە سیستمی ئەو وڵاتەوە هەیە کە تا چەند دەتوانێ زەمانەتی بە کاربردنی یاساکان بە شێوازێکی یەکسان وە دادپەروەر بەڕێوە بەرێت. خاڵێک کە زۆر گرنگە لەمەڕ بەکاربردنی یاساو پیادەکردنی لە کۆمەڵدا ئەوەیە کە پێی دەوترێت (legal certainty and security). واتە لەپڕۆسەی شکایەت کردنەوە تا دادگاییکردن و سزادان مرۆڤەکان هەموو ماف و خواستێکیان پارێزراوە و نابەسرێتەوە بەوەی تاوانبارە یان تاوان لێ کراوە، لە چین و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگایە یاخود لە چین و توێژی باڵایە و بەڵکو مافی ئینسانی دەبێ بپارێزرێت. ئەم جۆرە لە دیدگا کاریگەری گەورە لەسەر پرۆسەکە دادەنێت. ئەم جۆرە لە سیستمی یاسایی وەک ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوا بەدی دەکرێت. کە هەموو کەس یەکسانن لە بەرامبەر یاسا و ئەرک و مافەکانیان، وە هیچ کەس ناتوانێت لەسەرو یاساوە بێت. بەڵام لەوڵاتانێک کە مەسەلەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی نیە، بەشێوازێکی زۆر نایەکسان وە جیاواز ئەم پرۆسەیە دەڕواتە پێشەوە. گەندەڵی یاسایی ئەو نەخۆشیە کوشندەیەیە کە زۆر کۆمەڵگا تا ئەم کاتەش نەیتوانیووە خۆی لێ دەرباز بکات وە بگات بەو ئاستەی کە دەوترێت کاری پێ بکرێت واتە “هەموو کەس لەبەرامبەر یاسا یەکسانن”. گەندەڵی یاسایی بە واتای ئەوەیە کە “مرۆڤەکان یەکسان نین لە بەرامبەر یاسادا” ئەمەش لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕەنگ دەداتەوە. لە کوردستان وڵاتێک کە پڕە لە گەندەڵی لە هەموو بوارێکدا، بێ گومان بواری یاسایشیی گرتۆتەوە، واتە کەسێک کە ئابووری باشە، جێگە و ڕێگەی باش و بە دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵاتی چ فەرمی و چ نافەرمی دەتوانێت کاریگەری هەبێت لە پڕۆسەی یاساییدا. واتە زۆر جار بەهۆی ئەم گەندەڵیەوە دەکرێت وە دەتوانرێت نا دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەسەر تاکەکاندا بسەپێنرێت. ئەو کەسەی دەسەڵاتی هەبێت وە لەناو حکومەت و دام و دەزگاکاندا پۆستی باڵای هەبێت دەشتوانێت یاسایەکی خۆبەخۆیی بۆخۆی پێک بهێنێت و خۆی لەسەرووی یاسا دادپەروەریەوە ببینێت. بە کورتی دادگاکان سەربەخۆ نین لە ئەرک و جێبەجێ کردنی کاروباری دادپەروەرانەی خۆیان بەڵکو کەس و لایەن کاریگەریان هەیە لەسەر دادگا و یاسا و دادوەر و پارێزەرەکان. ئەمە ئەو جۆرە لە ژیان دروست دەکات کە هەر کەس بۆخۆی هەوڵ دەدات بڕیک زیاتر دادپەروەری بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، واتە دادپەروەریەکی بەکۆمەڵ لەئارادا نیە. بە پێی ئەو دۆخەی ئێستا لە کوردستاندا ئامادەیی هەیە دەتوانین زۆر بەڕۆشنی ئەوە ببینین کە تاوانبار وەک بێ تاوان و بێ تاوانیش وەک تاوانبار ببینرین. ئەم شێوازە لە حوکمڕانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی ١٦٠٠ لە باری مێژوویی لە ئەوروپا، کە یاسا بۆ باڵادەست و دەوڵەمەندەکان بەکار دەبران لە بەرامبەر هەژار و بێ دەسەڵاتەکان.
بەپێی ئەم پێناسەیە وە بەپێی حاڵەتێک کە هەیە و نکوڵی لێ ناکرێت لە کوردستان دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکەی پێشووم، ئایا چەندە یاسا پاڵپشتی بۆ تاوان لێ کراوان کردووە وە چەندە لەباری کردارەوە دەتوانێت مافی تاوان لێ کراو بپارێزێت؟. ئەگەر بیرمان بێت چەندین کەیسی کوشتنی ژنان هەیە کە سەرباری ئەوەی یاسا بەزۆر و فشاری کۆمەڵگای مەدەنی توانرا تاوانباران بداتە دادگا، بەڵام لە درێژماوە دا نەیتوانی ئەو مافە یەکسانە بپارێزێت. هەموومان کەیسەکەی (سالح مزەلی) دەناسین وە ئاگادارین کەچۆن دوای ئەوەی سزا درا بوو بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم ئازاد کرا! ئەمە ئەو بەڵگەیەیە کە تەنها کەسێک دەتوانێ لەسەروو هەموو یاساو دادگاوە هێزی هەبێت بەبێ ئەوەی دادوەر بتوانێت یەک ووشە بڵێت. لە حاڵێکدا ئەمە لەوڵاتێکی ئەوروپی هەرگیز ڕوونادات. ئەمەیە ئەوەی کە پێی دەڵێن ” legal certainty and security”.
ئەم نموونەیە کە مەسەلەیەکی زۆر زەق بوو وە هەموو میدیا و خەڵکی لێ ئاگادار بوو بۆیە باسم لێ کرد، کە دەتوانین بیکەینە ژێرخانێک بۆ لایەنەکانی تریش لەوانەش مەسەلەی توندوتیژی سێکسی.
مادەکانی ٣٩٣- ٣٩٩ ی یاسای سزادانی عێراقی کەتایبەتە بە مەسەلەی دەستدرێژی سێکسی، وە مادەی ٤٠١ کە تایبەتە بە تەحەڕوشی سێکسی. بەپێی ئەم بەندە یاساییانە زۆر ئاشکرا دیارە کە دەستدرێژی سێکسی تاوانە و سزای بۆ دانراوە، هەروەها تانەو تەشەر(تەحەڕوش) بەهەمان شێوە وەک تاوانێک سەیر کراوەو سزای هەیە. ئەمە خاڵێکی بەهێزە کە بەپێی یاسا دەبێ لە تاوانباران بپرسرێتەوەو سزا بدرێن کە بەبڕوای من زۆر بە ووردی یاسای سزاکانی عێراقی بەند بە بەند شیکردۆتەوە و یاسای بۆ دانراوە، چ بۆ مناڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ وە چ بۆ گەورە ساڵان. کەواتە لەباری یاساییەوە کێشەمان نیە و یاسایەکی تاڕادەیەکی زۆر ئینسانی دانراوە بۆ پاراستنی مافی مناڵان وە تەنانەت گەورەکان ئەگەر ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی ببنەوە. گەرچی یاساکان ئەگەڕیتەوە بۆساڵانی ٦٩ و لەباری ڕۆژگارەوە ڕەنگە پێویستی بەدەسکاری هەبێت بەڵام یاسایەکی بەهێزە و دەتوانرێت لەخانەی یەکێک لە گرنگترین یاساکان دابنرێن. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی سەرەڕای ئەوەی یاسایەکی ئاوا هەیە کە پشتیوانی لە تاوان لێ کراو دەکات کەچی لەباری جێ بەجێکردندا(تەنفیزی) ئەمە بەدی ناکرێت؟ ئایا بۆچی بەتایبەت کەیسی دەستدرێژی سێکسی بەر لەوەی ئەسڵەن دادگای لێ بەئاگا بکرێت، ژیان لە کچەکە دەسێنرێتەوە؟ ئایا کێشە ئەوە نیە کە کولتوری دواکەوتوانە لە یاسا بەهێز ترە، کاتێک ڕەگەزی مێینە دەکەوێتە بەر هێرشی دەستدرێژی سێکسی؟ ئایا ئەمە ئەو دووفاقیە نیە کە باسم کرد کەیاسا بۆ دەسەڵات پێدراوە و بێ دەسەڵات مافی خوراوە؟
یەکێک لەکێشە هەرە سەرەکیەکان بەبڕوای من ئەوەیە کە ئاگاهی وە هۆشیاری کۆمەڵایەتی سەبارەت بەیاساکان زۆر لاوازە، وە تاڕادەیەک نیە. یاساکان لەبەردەست و لەخزمەتی کۆمەڵانی خەڵکدا نەبووە تا خەڵک بتوانێت بەئاسانی دەستیان پێ بگات وە ئاگاداری بن کە چی نووسراوە و چی لە قازانجیانە. نەزانین وە ناڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی نەخۆشیەکی کوشندەیە لە کۆمەڵگادا چ بۆ تاک وە چ لەئاستی کۆمەڵدا. بەشێک لەوەی کە دەتوانێ وەڵام بەم پرسیارانە بداتەوە ئەوەیە کە دەبێت هۆشیاری خەڵک بەرز بکرێتەوە. ئەگەر پیاوان و ژنانی کۆمەڵگا بزانن کە یاسایەکی ئاوا هەیە کە بە ووردی بەند بە بەندی شیکردۆتەوە و تاوانبار و تاوان لێ کرا و پێناسە دەکات ئەوا ئاراستەی کێشەکان بەشێوەیەکی تر دەبێت. لەجیاتی ئەوەی کچەکە یاخود ژنەکە وەک هۆکاری کێشەکە سەیر بکرێت وەیاخود وەک هۆکاری “لەناوچونی شەرەف” ئەوا ڕووی شکایەتەکان دەکرێتە تاوانباران و ئەوان دەبێ باجی تاوانەکانیان بدەن نەک تاوان لێ کراوەکان. ئەمە تەنها بۆ کەس و کارو پیاوانی دوروبەری ژنەکە گرنگ نیە بەڵکو بۆ پیاوانێک کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی تاوانەکەش گرنگە. ئەگەر ئەوان بزانن کۆمەڵگا لێیان قبووڵ ناکات وە لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت وە لە هەمووی گرنگتر سزای یاسایی دەدرێن ئەوا بێ گومان دەست پارێزی دەکەن لە ئەنجامدانی تاوانەکە. بۆ ژنانیش وەک قوربانیان بەهەمان شێوە گرنگە ئەم ڕۆشنبیریە کۆمەڵایەتیە، چونکی ئەگەر ژنان بزانن پشتیوانی یاساییان هەیە و لە مافی خۆیان بەئاگا بن ئەوا بێ گومان ڕەوشی توندوتیژی سێکسی بەجۆرێکی تر دەبێت. کەواتە هەموو لایەک وە هەموو تاکێک سوودمەندە لە زانیاری کۆمەڵایەتی، یاسایی، سیاسی کە لە ئەنجامدا کۆمەڵگا سوودمەند دەبێت. ئەگەر ئاڵ و گۆڕی یاسایی هاوکات نەبێت بە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان و تەنانەت پارێزەران و دادوەر و قازی و فەرمانبەران ئەوا وەک دەیبینین تەنها لەسەر وەرەقە دەمێنێتەوەو کاری پێ ناکرێت.
جێگایەکی تر کە توندوتیژی سێکسی تیادا ڕوودەدات، ناو هۆڵی دادگاکانە. هەمان بیرکردنەوە کە لە ناوقوتابخانە و جادە و فەرمانگە و خێزانەکاندا هەیە، لەنێو دادگاکانیشدا هەیە. کۆمێنت دان و تانە و تەشەر یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە بەکاربراون وە دەبرێن لە شوێنێکی ئاوا گرنگ کە قەرارە مافی کەسەکان بپارێزیرێت تیایدا کەچی پێشێلکاری تیادا ئەنجام دەدرێت. چەندین جار کەیسی جیابوونەوە یان کەیسی تری کۆمەڵایەتی کە چۆتە بەردەم دادوەر/پارێزەر لەجیاتی ئەوەی دادوەر کاری خۆی ئەنجام بدات کە پاراستنی مافی هاوڵاتیانە کەچی دادوەر خۆی بۆتە بەشێک لە ووتنەوە و ئاراستەکردنی تانەو تەشەر بەرامبەر ژنەکە. “خیانەتی زەوجی”، جیابوونەوە و تەنانەت لەکاتی کەیسی هاوسەرگیریدا ناتوانن دەست نەخەنە کاروباری خەڵکەوە. لەبیرمە چەند هاورێم ساڵانی ١٩٩٠ کە دەیانویست تەنها ئەڵقەیەک یاخود چەپکە گوڵێک یان بڕە پارەیەکی زۆر کەم لەجیاتی ٥٠٠ لیرەی ڕەشادی لەسەر لاپەڕەی کۆنتراکتی هاوسەرگیریەکە دابنێن، ئەوا چ لەلایەن دادوەریان پارێزەر یاخود تەنانەت کارمەندی دادگاکەوە، بەمەیلی خۆیان وە بەدزی خاوەنەکەیەوە ژمارەیەکی خەیاڵی لەسەر وەرەقەکە دادەنرا، چونکی ئەو ئاڵ و گۆڕەیان پی قبوڵ نەدەکرا. نموونەیەکی تر کە دادوەر بە ژنێک دەڵێت لەکاتی جیابوونەوەدا “ئەگەر من لەجیاتی تۆ بم بۆ هەتا هەتایە شوو ناکەمەوە!” ئەمە نموونەیەکی تری ئەو توندوتیژیە یە کە ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەر ژنەکە. لێرەدا بۆ ئەوەی نموونەکەم ڕۆشنتر بێت بەراووردی دەکەم بە کارێکی پزیشکی. کاتێک کەسێک لەئەنجامی کارەساتی ئۆتۆمۆبیل دەبرێتە نەخۆشخانە و کاتێک دکتۆر دەچێتە لای تا بەپەلە هاوکاری پزیشکی و پسپۆڕی خۆی پێ بگەیەنێت تا گیانی ڕزگار بکات ناپرسێ لەنەخۆشەکە ئاخر خەتای خۆت بوو ئاوات لێهات، بەڵکو هەڵدەستێ بەکارە مرۆڤانەو پڕۆفێشناڵەکەی خۆی کە ڕزگار کردنی گیانی نەخۆشەکەیە.

توندوتیژی سێکسی بەدەر لەم خاڵانەی سەرەوە، هەندێ لایەنی تر دەگرێتەوە کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەم.

مەسەلەی لەشفرۆشی و توندوتیژی سێکسی: لەم خاڵەدا ناچمە سەر ئەوەی هۆکاری لە شفرۆشی چیە؟ یاخود قسە لەسەر مۆڕاڵ یا هەر لایەنێکی تری مەسەلەکە کە دەکرێ زۆر باسی لێوە بکرێت. بەڵام وەک کێشەیەکی مرۆیی کە ژن دووچاری دەبێتەوە یەکێکە لەو بوارانەی کە توندوتیژی سێکسی بە ڕادەی ئەوپەڕی دەگات.
لەشفرۆش (لە دیدی کۆمەڵگاوە) ئەو ئینسانە بێ فەڕو بێ کەڵکەیە کە دەکرێ وە دەتوانرێت هەموو شیوازەکانی توندوتیژی سێکسی بە سەریدا جێبەجێ بکرێت بەبێ ئەوەی تەنانەت بڕگە یاسایەک هەبێت کە مافی (ئینسانی) یان بپارێزێت. کاتێک کڕیارەکە “پیاوەکە” سەرباری کڕینی جەستەی ژنەکە دەتوانی گەورەترین ئیهانە و سوکایەتی، دەستدرێژی سێکسی و تەنانەت لێدان و ئەشکەنجەدان بەکاربهێنێت دەرهەق بەژنەکە بەبێ ئەوەی ژنەکە هیچ مافێکی ئینسانی هەبێت کە پارێزگاری لەخۆی بکات. ئەمە جگە لەوەی کە زۆرجار کریارەکە ئەو بڕە پارەیەش نادات بە لەشفرۆشەکە. ئەم حاڵەتە لە ئەوروپا قسە و باسێکی زۆری لێ کرا بەتایبەت دوای ئەوەی کە چەندین لاشەی ژنی لەشفرۆش دۆزرایەوە و دوای ئەوەی باندەکانی فڕاندنی کچان و ژنان لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە بوونە خەتەری گەورە بۆسەر ژیانی ئەو ژنانە زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکان ناچار بوون کە یاسایەک بۆ پاراستنی مافی ئینسانی ئەم ژنانە دەربکەن. کوردستان شوێنێکی جیاواز نیە بەدەر بێت لەم حاڵەتە، باندەکانی لەشفرۆشی لەدەرەوەی وڵات و لە خوارووی عێراق خەریکی هەمان کارن ئەمە دەبێت لەباری یاساییەوە ڕێک بخرێت دەنا کارەساتی ئینسانی لێ دەکەوێتەوە.
دووەم خاڵ مەسەلەی توندوتیژی سێکسی بەهۆی نیشاندانی ڕەگەزی کەسەکەوە واتە کەسانێک مەیلیان هەیە بۆ هاوڕەگەزی خۆیان(هومۆسێکسوال) جا ژن بێت یاخود پیاو. ئەمە ئەو گروپەیە کە لەنێو کۆمەڵگا دیسان لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی و کولتوریدا دەبنە قوربانیەکی تر. هەموومان دەزانین کە ئەگەر ویسترابێت بەپیاوێک سوکایەتی بکرێت ئەوا پێی دەوترێ “ئەڵێی ژنیت!” یاخود “ژنانی” ئەمانەو چەندین کۆمێنتی تر کە کاریگەر لەسەر پیاوان دادەنێن لەباری دەروونیەوە. ئەو توندوتیژیەی شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی دژ بەو کورە گەنجە نموونەیەکی زیندووە.
حاڵەتێکی تر لەتوندوتیژی سێکسی کە دەکرێ هەموو وڵاتێکی دونیا بگرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە تاوانبار هەڵگری یەکێک لە نەخۆشیە کوشندەکانە، لەوانە ئایدز، سیفیلیوس، کلامیدیا، هێپاتیت…تد. ئەمەشیان بە توندوتیژی سێکسی پۆلێن کراوە و ئاکامی هەردوو دەروونی وە فیزیکی دەبێت لەسەر کەسە قوربانیەکە، کە تەنانەت گیانی دەکەوێتە خەتەرەوە چونکە هەندێک لەم نەخۆشیانە کوشندەن.
ئەمانەی سەرەوە ئەو بوارانەن کە بەتایبەتی ژن تیایدا دەبێتە قوربانی توندوتیژی سێکسی، بەڵام ئایا چ بکرێت بۆ ئەوەی توندوتیژی سێسکی کەم یاخود بنەبڕ بکرێت؟
من دەزانم کە بنەبڕکردنی توندوتیژی سێکسی بە ماوەی ٢٤ ساعات کۆتایی نایەت و وەختی دەوێت ئەگەر چی ئومێدم دەکرد بەو ماوە کورتە بنەبڕ بکردرابا.
لەکۆمەڵگای مۆدێرن و ئینسانیدا وەختێک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە، باسکردن لێی بەشێکە لەپڕۆسەی چارەسەرکردن یاخود هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکەو کردنەوەی ئەو ڕێگایانەی کە لەچارەسەرمان نزیک دەکاتەوە. جا چ لە ڕووی یاسا و سەروەری یاساوە بێت یاخود بەئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگە لە ڕەوتێکی خراپ و نەشاز. مەسەلەی ڕۆشنبیر کردن و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا زۆر گرنگە، بەرزکردنەوەی ئاستی ووشیاری تاکەکان بە ژن و پیاوەوە. پیاوانیش وەک بەشێک لە کێشەکە دەبێت وە پێویستیان بە وشیار کردنەوە و پڕچەک کردن هەیە، لەوەی کە کەمکردنەوەی توندوتیژی سێکسی بەرامبەر بەژن کۆمەک کردنێکی ڕاستەوخۆیە بە پیاوانیش کە لەپەیوەندیان لەگەل ژن کە پەیوەندیەکی ئینسانی بێت تا توندوتیژ.
کردنەوەی کۆرسات و دەوراتی تایبەت بۆ کارمەندانی دادگاکان، مافناسان وە دادوەر و کەسانی پەیوەندیدار لەم مەسەلەیە، کە کاتێک کەیسێکی توندوتیژی دێتە بەردەستیان بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن وە چ هاوکاریەک بکرێت کە هەم قوربانیەکە بگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی خۆی وە هەمیش تاوانبار دوای سزادانی ببێتەوە ئەندامێکی باشی کۆمەڵگا. چوون کێشەکە تەنها بەوە کۆتایی نایەت کە تاوانباران لەزیندان توند بکەین و پێمان وابێت بەوە دنیایەکی ئارام بۆ ئەندامانی کۆمەڵگا دابین دەکەین، بەڵکو بارهێنانەوە(rehabilitation)ی ئەو کەسانە و فێر کردنیان بەوەی ئەو کارەی ئەوان چ زەرەرێک بەخۆیان و بەکۆمەڵگا دەگەیەنێت، کارێکی گرنگە.
خاڵێکی تر کەزۆر گرنگە ئەوەیە تا ئەم کارانە دەکرێ دەبێ چ بکرێت بۆ ئەوەی قوربانیانی توندوتیژی سێکسی کۆمەک بکرێن؟. هەر ئێستا و لەم ئان و زەمانەدا قوربانیەکە پێویستی بەهاوکاری وە کۆمەک هەیە و ناکرێ چاوەڕێ بین تا یاسا بەرقەرار دەبێت. بۆیە کۆمەکی خێرا و دەست و برد بە قوربانیان ئەرکێکی هەر ئێستایە و ناکرێ دوا بخرێت بۆ ئاییندە.
کۆمەک لەڕێگای پسپۆری دەروونیەوە یەکێکە لەو ڕێگایەنەی کە پێى دەڵێن (هەڵسانەوەی دەروونی) کە لەڕێگەی چەندین میتۆدی تاقیکراوە و زانستیانە ئەم کۆمەکە دەتوانرێت پێشکەش بکرێت بەقوربانیان. ئەم کۆمەکە گرنگیەکەی لەوەدایە کە قوربانیەکە هەست ناکات بە تەنهایە بەڵکو هەست بەرپرسیارێتی کۆمەڵگا دەکات لە ئاست خۆیدا، تابتوانێ هەنگاو بەهەنگاو بەرەو ڕاستکردنەوەی ژیانی بەئاقاری ژیانێکی ئاسایی ببات. ئەو کەسانەی کە تووشی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، بەتایبەت دەستدرێژی سێکسی بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئاوا باس لە ژیانی دوای ئەو ڕووداوە دەکەن “هیچ کات ژیان نابێتەوە بە ژیانەکەی جاران، تۆ هەڵگری ئازارێکی بۆ هەتا هەتایە لەناو ڕۆحا دەمێنێتەوە، بەڵام دەکرێت وە دەتوانیت بەهۆی کۆمەکی دەروونیەوە لەگەڵ ئازارەک ژیان بکەیت بەبێ ئەوەی لەناو بچیت”.

راپۆرتیکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی

ڕاپۆرتیکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ١٦/١٠/٢٠١٠ بڵاو بۆتەوە تیایدا باس لەوە دەکات کەنابێت توندوتیژی سێکسی ببەسرێتەوە بە مەسەلەی کولتورەوە. نووسەرانی ئەو ڕاپۆرتە (مارگۆت واڵسترۆم، یوهان گار ستور) ئاوا باسی مەسەلەی توندوتیژی سێکسی دەکەن لەپەیوەند بەکولتورەوە: “ئەم جۆرە لەباسکردن وە یاخود گرێدانەوەی کێشەیەکی ئاوا گەورە واتە توندوتیژی سێکسی بۆ مەسەلەیەکی بچووکی کولتوری، بە مانای بچوککردنەوەی تاوانەکەیە بۆ ئاستێک کە ئیتر وەستانەوە و کارکردن بەدژی توندوتیژی سێکسی سەخت و قورس دەکات.” ئەم بەڕێزانە کە ئەم ڕاپۆرتەیان نووسیوە  چ لەڕووی دەسەڵات وە چ لەڕووی ناو و جێگاوڕێگای سیاسی وە کۆمەڵایەتییە خەڵکانی توانست بەرز و قودرەتمەندی سایکۆ-سۆسیۆلۆژین، مارگۆت واڵسترۆم نوێنەرایەتی سوید دەکات وە سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپایە و یوهان ستور کە وەزیری دەرەوی نەرویجە مانایەکی تایبەت دەدات بە مەسەلەی توندوتیژی سێکسی بە بڕوای من وەختێک کەسانێکی سەرەوەی دەسەڵات بەدژ دیاردەیەکی ئاوا قسەدەکەن کاریگەری گەورە وە هاوکات پشتیوانیەکی گەورەن بۆ دام و دەزگاکانی جێ بەجێکردن و لێکۆڵینەوە لە کێشەکان. ئەمە سیگناڵێکی بەهێزە کە دەڵێت ئەم مەسەلەیە قابیلی قبوڵ نیە.
ئەوان ئاوا مەسەلەکە شی دەکەنەوە و دەڵێن کە ئەگەر وەک کولتور سەیر بکرێت ئەوا وا لە تاوانباران دەکات کە بتوانن لە دادپەروەری هەڵبێن وە مەسەلەی توندوتیژی سێکسی وای لێ بێت کە تەنانەت ببێتە حاڵەتێکی ڕۆتین بۆیە سەرەنجام بەرگرتن بەدیاردەکە سەخت دەبێت. لێرەوە ئەم جۆرە لێکدانەوەیە دەبەستمەوە بۆ ئەو لێکدانەوەیەی کە لەسەر کوشتنی ژنان هەیە کە “مەسەلەی کولتوریە” هەڵبەت ئەمە لە ئەوروپا بۆتە جێگای مشتومڕی فێمینیستەکانیش، دوابەدوای ڕوودانی ئەو کوشتنە یەک لە دوایەکانەی بەناوی “شەرەف” ئەنجامدرا. ئەمە وەک ئەوان باسی دەکەن مەسەلەی وەستانەوە بەدژی سەخت دەکات وە تاوانباران دەتوانن لە سزا هەڵبین کە ئەمە ڕێک ئەو حاڵەتەیە کە لەسەر مەسەلەی کوشتنی ژنان تا ئێستاش لە کوردستان درێژەی هەیە، واتە بکوژان و تاوانباران ناگیرێن وە سزا نادرێن. بۆ مەسەلەی توندوتیژی سێکیش هەروایە وەختێک دەبینین بەو شێوە بەرفراوانە توندوتیژی سێکسی هەیە و لە هیچ جێگا و شوێنێک وەک کێشەی کۆمەڵایەتی سەیر ناکرێت بۆیە من پێم وایە بەگەڕانەوە بۆ دیدی ئەم دوو کەسە ئەم مەسەلەیەش وەک کولتوری باوی لێ هاتووە کە تەنها ژنەکە دەبێتە قوربانی و کەس باسی تاوانباران ناکات.


سەرچاوەکان:

١/   Enander, V. & Holmgren, C. (2004). Varför går hon?Stockholm. Sverige
٢/ قانون العقوبات العراقیة، ٢٠٠٨. بغداد، العراق. ‌ص ١٣٩.١٤٠ و ١٤١
٣/ سەرچاوەی ئەلکترۆنی. وێندی مۆلکەر.
http://web4health.info/sv/answers/sex-abuse-what.htm
٤/ سەرچاوەی ئەلکترۆنی. راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
http://www.un.org/News/Press/docs/2010/sga1220.doc.htm
٥/ شیعرێکی عبدوڵا پەشیو، کەلەساڵانی کۆتایی هەشتاکان بڵاو بۆوە.
•    ئەم باسە پێشتر لەکۆرێکدا لە قاوەخانەی کولتوری لە سلێمانی پێشکەش کراوە.
•    فوروم(forum)، وشەیەکە بەکاردێت لەجیاتی چوارچێوە. واتە چوارچێوەیەک کە کۆمەڵێک مرۆڤ تیادا کۆدەبێتەوە.
•    سامبۆ(sambo)، وشەیەکە لەوڵاتانی ئەوروپا بەکاردەهێنرێت کە بەواتای پێکەوە ژیان دێت. دوو کەس کە پێکەوە دەژین، مەرج نیە بەشێوازی هاوسەرگیری بێت بەڵکو وەک سامبۆ دەژین وە هەموو مافێکی پێکەوە ژیان دەیانگرێتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply