Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
تکایەکى برایانە… نەوزاد بەندى

تکایەکى برایانە… نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

تکایە

سنەوبەرەکانى کارێزى وەستا شەریف ،

تاوەرەکانى شارى مناڵیم بوون ،

مەیانبڕنەوە ..

 

-2-

تکایە

تەختە ڕەشەکانى

قوتابخانەى ئەیوبیە ،

دەستورى حوکمەتى مناڵیم بوون ،

مەیانسڕنەوە ..

 

-3-

تکایە

گردى مامە یارە ،

قەڵا و

شوراى

وڵاتى مناڵیم بوو ،

مەیڕوخێنن ..

 

-4-

بەرائەتم

لە میقعەدى

عەرەبانەیەکى دوو ئەسپیدا ،

لە بیر چوو ..

کوێى بۆ بگەڕێم ؟

وەک چۆن لە بەغدا ،

مەسیح دووبارە لە خاچ ئەدرێى

کازانتزاکیم ،

لە تەکسیەکدا لە یاد چوو ،

کوێى بۆ بگەڕێم .. ؟

بۆ بێدەنگن ..

بۆ وەڵامم نادەنەوە .. ؟؟

 

-5-

مامۆستا ئیبراهیم باڵدار ،

فەرشى سیندیبادى من بو ،

هەموو دنیاى پێ گەڕاندم ..

بۆ ئەلف و بێکەیتان گۆڕى ؟

 

-6-

کۆمەڵێ دار کۆبوونەوە ..

سنگیان پڕ کردم لە شەتڵى  ئۆکسجین  و..

بوون بە  خەستەخانەى ئینعاش ،

بۆ دڵى مناڵانى گەڕەک ..

کوا پێنج فلسیە ،

لێوار گرنج – گرنجەکان 

تاکو چنگێ تەمەر هندى 

ڕەش – ڕەش و

ترش – ترش و 

ناوک بریقەدارى پێبکڕم ؟؟

جەژنانەکەیان لێ دزیم ..

 چاو پڕ فرمێسک ..

نەمزانى چۆن ..

 بۆ کێ ، ئەو داخە دەرببڕم ؟؟

 

-7-

تکایە مەهێڵن پیر بم ..

بۆ ئەوەى تامى نوقوڵى ترشو شیرین ،

لە زارما نەڕەوێتەوە ..

تاکو دراماى مناڵیى ،

بەردەوام بێ و

ئەڵقەکانى نەبڕێتەوە ..

 

-8-

سیاسى بومایە ،

ڕۆژى هەینى ،

سندوقى ئینتیخاباتم ئەبرد بۆ سەیرانگاکان ،

گسکم لە هەموو دەنگەکان ئەدا ..

خەڵک  بە سەرخۆشى ،

جیاوازى ناکا لە نێوان

گۆشت برژاندن و

دەنگدان ..

 

-9-

تکایە ..

با بڕۆین یارمەتیەکى دادە بەین ،

دۆکەى ڕژاوە ..

(بە دارا بڵێین :

تەنها دوو دار ببینە ..

چونکە بیکەى بە سێ دار ،

ئەترسم کەڵەگاى گەڕەک ،

بیکا بە سێدارە .. )

 

-10-

درەختەکان

لەبەردەم ئاوێنەى 

گۆمێکى مەنگى ئێوارە،

پرچیان شانە ئەکرد ..

کە سمکۆڵى ئەسپەکانى ئاغا ،

ئاوێنەکەیان شکان ..

پرچى درەختەکانیان تاشى و

کردیانن بە جوندى ئیحتیات ..

 

-11-

نزیکەى 30 نەهەنگ ،

لە وشکەسالًَى هەرێمەکەمانا ،

دروست بوون ..

بۆیە باشتر وایە ، نەورەسى پلاستیک

هاوردە بکەین ..

 

-12- 

تکایە بمکەن بە موفتى ،

با بێجگە لە کتێب ،

فتواى حەرامکردنى هەموو شتێک دەربکەم..

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.