Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

تۆ، باران له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێنی…

Comments
by January 28, 2009 ئەدەب

 تۆ، باران له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێنی…
 ڕێباز مه‌حمود
 کۆتایی مانگی یه‌کی ٢٠٠٩
 ‌هۆڵه‌ندا

 پێشکه‌شه به‌ ئه‌و ژنه‌ی ، که‌ میهره‌بانی و گوڵێکی شین ، توانیان بیهێننه‌ ناو ئه‌م شیعره‌وه‌ .

  پاش ئه‌م هه‌موو ده‌یجووره‌ی من ،
 تۆ له‌ مندا له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستی و
 دنیا ده‌هێنیته‌وه‌‌‌ سه‌ر ڕیتمی خۆی …
 به‌ دره‌خت ده‌ڵێی :
 سێبه‌ری تۆ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ ته‌نیا یه‌ک هیلاکی پشووی تیا بدا،
 لێگه‌ڕێ گشت پاشنیوه‌ڕۆ خه‌مگینه‌کان له‌ بنتا بحه‌سێنه‌وه…
 ده‌چپێنی به‌ گوێی سپێده‌دا :
 وا ڕۆژ بۆته‌وه‌ ؛
 بچۆ ئه‌و هه‌موو تاریکیه‌ له‌ دڵه‌کاندا هه‌ستێنه‌، با بڕۆن ..
 حه‌یفه‌ مه‌کر و نازی تۆ زه‌وی وزاری تینوێتی ئاودێر نه‌کات
 کێ چوزانێ خوداش له‌ ته‌نهایی خۆیدا،
 ئێستا ده‌بێ
 چه‌ند تینوو بێ ؟
 ژیان جارێکی دی چاوه‌کانی ‌‌هه‌ڵده‌گڵۆفێ و
 تۆش چنگێ نه‌شئه‌ ده‌پرژێنی به‌ ده‌موچاوی یاده‌وه‌ریه‌ ڕووگرژه‌کاندا و
 مشتێ له‌ کانی جوانیت ده‌که‌ی به‌ ده‌می سه‌رسامی منه‌وه‌ و
 قومێ نه‌فره‌ت به‌ قوڕگی ،
 حه‌قیقه‌تدا …
 هاوین هێنده‌ مه‌غروره‌ ،
 ناتوانێ باسی شادمانی خۆی بۆ وه‌رزه‌کانی تر نه‌گێڕێته‌وه …
 ئه‌و‌ کاته‌ی تۆ ده‌بینێ ،
 به‌ به‌رچاو ڕه‌زیلی عه‌شقه‌ تاقانه‌کانه‌وه‌ ،‌
 له‌گه‌ڵ سه‌به‌ته‌یه‌کی ساده‌ له‌ تامه‌زرۆیی چنراوی مندا 
 ده‌چن بۆ دیده‌نی ڕه‌زه‌ به‌خشنده‌کان …
 ئاخر باخ قه‌ت ده‌ست نانێ به‌ڕووی هیچ غه‌واره‌یه‌که‌وه‌
 فێنکی . . په‌نجه‌ره‌ به‌ ڕووی هه‌موو ماندووبونێکا واڵا ده‌کات ،
 ئه‌گه‌ر دیل نه‌بێ !
 
 
 بیری ئاگری ده‌خه‌یته‌وه‌ ،‌
 سنووری نێوان گه‌رم بوونه‌وه‌ و سووتان …
 به سه‌رما ده‌ڵێی:
 کۆتایی ئه‌و هه‌موو چیرۆکه‌ی ته‌نهایی ڕاوی نان ،
 له‌ کوێی تۆدا نیشته‌جێن ؟
 له‌ملاشه‌وه‌ ، 
 له‌ دارو په‌ردووی ڕووخانه‌کانمان ،
 سه‌ر له‌ نوێ بناغه‌ی چیرۆکێکی نوێ هه‌ڵده‌چنی…
 ڕۆژگار ده‌که‌وێته‌ گسکدانی ئه‌مڕۆ له‌ خشتوخۆڵی زوڵمه‌ت
 که‌ ڕه‌شه‌با له‌ گۆڕه‌پانی شه‌وگاره‌وه‌ هێناویه‌تی و
 له‌ سوچ و قوژبنی حه‌وشه‌کاندا کۆبۆته‌وه‌ و
 ئێمه‌ ئیدی ده‌یڕێژین …!
 له‌ پێش هه‌موو شتێکیشه‌وه‌ ،
 پێشه‌کی ئاسمان گوڵێکی شینت له‌ خۆی پێده‌به‌خشێ و
 تۆش ده‌یده‌یت له لایه‌کی سه‌رت !
 گوڵێکی شین ،
 ده‌توانێت من بگرێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی،
 ده‌ستم له‌ دوا مانای ژیانی خۆم به‌رده‌بێ …
 ده‌توانێت ڕۆحم به‌ جوانی زوڵفی تۆ‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و
 ته‌مه‌نــــــــم  وه‌ک ئاوێک به‌ یه‌کسانی دابه‌شکات به‌سه‌ر ،
 دێراوی ئه‌و له‌حزانه‌ی هه‌زاران چڵ خورپه‌ی
 بۆنخۆشیان تیا سه‌وزه‌بێ !
 تۆ له‌ مندا چاو هه‌ڵده‌هێنی و
 جارێکی تر ته‌ماشای ژیانم پێ ده‌که‌یته‌وه‌ ..
 بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ ،
 ئه‌و ده‌ستوخه‌ته‌ ناشرینه‌ ده‌کوژێنمه‌وه‌،
 که‌ غه‌در تۆی له‌ ناو دڵڕه‌قی باوکدا پێ نووسیوه‌ته‌وه …
 ئه‌و حیکایه‌ته‌ ده‌ڕووخێنم
 که‌ هیچ کڵاوڕۆژنه‌ و په‌نجه‌ره‌یه‌کی تیا نه‌بوو ،
 بۆ هاتنه‌ ژوره‌وه‌ی هه‌تاو …
 چونکه‌ تۆ قه‌ڵه‌مێکم ده‌ده‌یتێ
 ته‌نها به‌و قه‌ڵه‌مه‌ ده‌کرێت
 دێڕه‌ ناقۆڵاکانی چاره‌نووس ڕه‌ش بکرێنه‌وه‌ و
 ده‌فته‌ری خولیا چڵکنی دنیای پێوه‌ دیار نه‌بێت …
 ئاه .. چی ده‌بوو گه‌ر هه‌موان له‌و‌ قه‌ڵه‌مه‌یان ،
 به‌ یه‌کدی به‌خشیبا ؟
 قه‌ڵه‌مێک ،  که‌ له‌ مناڵیشدا‌ حه‌زم ده‌کرد هه‌مبێ و
 له‌سه‌ر ده‌فته‌ر ڕه‌سمه‌که‌م وێنه‌ی دڵخۆشی پێ بکێشم …
 وێنه‌ی خۆر له‌ کاتی به‌خشنده‌یی و
 وێنه‌ی ئۆخه‌ی پێده‌شتێک ،
 کاتی شکانی نسێیه‌ک له‌ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ پرشنگدا …
 ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌م پێده‌ده‌ی ،
 که‌ ده‌مویست،
 کۆڵانی پێ پڕ بکه‌م له‌ ڕووخۆشی دراوسێکان و
 بوغزی ڕێبواره‌کانی سه‌ر ڕێگای پێ بکوژێنمه‌وه‌ …
 بیرمه‌ ده‌مویست وێنه‌ی هه‌موو دنیا ،
 به‌ جوانی له‌ ده‌فته‌ر ڕه‌سمه‌که‌مدا بکێشم و
 نه‌مده‌توانی !
 به‌ڵام تۆ قه‌ڵه‌مێکم ده‌ده‌یتێ ،
 هه‌موان له‌ ناخه‌وه‌ چاوی بۆ ده‌گێڕن …
 که‌چی واز له‌ چێژ وه‌رگرتن له‌ خوێندنه‌وه‌ی
 ڕه‌شه‌کوژی ناو ئیماره‌ته‌کانی باخچه‌ ناهێنن و
 بێنه‌ سه‌ری دێڕی گوڵێک خه‌ریکه‌ ده‌ژاکێ و
 ده‌ست بگرنه‌وه‌ ،
 دڵ بگرنه‌وه‌ ،
 ئه‌به‌دیه‌ت بگرنه‌وه‌ …
 بۆ قه‌ڵه‌مێک ، کانی هه‌ڵقوڵێنێ و
 جۆگه‌له‌ی درێژی خۆشویستن لێبداو
 مه‌رگی ناواده‌ی چڵێ گیا له‌ سه‌رابدا نه‌ژنه‌وین …
 ئه‌فسووس ، که‌س دڵۆپێک ئاو به‌خه‌به‌ر ناکاته‌وه‌ !
 که‌س ده‌ست ناگرێته‌وه‌ !
 حه‌یف که‌سێک نیه‌ خۆی به‌ میهر بنوسێته‌وه‌
 که‌م که‌س خۆی سه‌رقاڵ ده‌کات ،
 به‌ دروست کردنی بزه‌یه‌ک له‌سه‌ر لێوی ماته‌مینیدا
 دنیا له‌ پرخه‌ی خه‌ودایه‌ و
 که‌چی تۆ باران له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێنی …
 له‌ خه‌وی ناو هه‌ورێک ، که‌ ده‌یه‌وێت دوورکه‌وێته‌وه‌ و
 ته‌نهایی له‌ تینوێتیدا بخنکێ ،
 هه‌ربۆیه‌ ئاو چۆڕاوگه‌ی به‌ گوێسوانه‌ی جوانیته‌وه‌ به‌ستوه‌ !
 تۆ دنیا له‌ مندا ڕاده‌چڵه‌کێنی …
 کاتێکیش له‌ ئامێزم ده‌نێی ، توند ده‌مگوشی به‌ خۆته‌وه‌
 زوڵفت له‌ ملی دودڵیمه‌وه‌ ده‌هاڵێنی و
 به‌ ماچ ،
 دڵنیام بیر خودای ده‌خه‌یته‌وه‌ ،
 که‌ چاو له‌سه‌ر نائومێدی خۆی لابات له‌ حه‌نای بنیاده‌م ،
 مادامه‌کی ڕاچه‌نین بارانێکه‌ نه‌رم نه‌رم
 له‌هه‌وری موحیبه‌تێکی ڕاگوزه‌ره‌وه‌ ده‌بارێت و
 ئێمه‌ش هه‌موومان له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ موسافیر ..!
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply