Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
تۆفانی چاو… 3….كارافاتیح

تۆفانی چاو… 3….كارافاتیح

Closed
by June 18, 2013 گشتی

 

 

 

 

چاوپیسی و

تێڕوانینی خەڵكی ئەمڕۆ

 

بە دڵنیایییەوە كۆكردنەوەی زانیاری و كاركردن و هەر جۆرە هەوڵدانێك بۆ ئاگاداربوون لە تێڕوانین و بیركردنەوەی خەڵكی ئەمڕۆ لەسەر لایەنە جیاجیاكانی چاوپیسی و ئاستی گرینگیپێدان و یاخود گوێ‌ پێ‌ نەدانیان بە وەها دیاردەیەك كە لەم لێكۆڵینەوەیەدا كردوومانە بە كەرەستەی باسكردن، بە شێوەیەك كە تا ڕادەیەك دروست و ورد و سەددەرسەد جێگەی متمانە بێت، ئەگەر لە ئەستەم نێزیك نەبێتەوە ئەوا دەتوانین بڵێین زۆر زەحمەتە و دەكرێت بە ئەركێكی زۆر قورسیشی دابنێین، ئەركێك كە دووربێت لەو كارانەی دەكەونە ئەستۆی تەنها كەسێك یان چەند كەسێكی دیاریكراو و توانا بەرتەسك و سنووردارەوە، چونكە هەر لە سەرەتاوە داواكارییەكی وەها یان خولیا و خەیاڵێكی لەم جۆرە بۆ دەستكەوتنی جۆرە ئەنجامگیرییەكی باوەڕپێكراو كە نێزیك بێت لە ڕاستییەوە و مەرج و بنەمای زانستی تێدا ڕەچاوكرابێت، زەمینەیەكی لەبار و واقیعی و گونجاو نایگرێتە خۆی، بۆیە زۆر بە هەڵەدا ناچین گەر بڵێین لەم بارەیەوە هەر جۆرە قسەكردن و ئەنجام خستنەڕوویەك بە زۆری دەچێتە نێو خانەی قسە و ئاماژەی نادروست و بێ‌ بەرنامە و شێوازی لێدوانی هەڕەمەكییانە و زووتێپەڕ و نابەرپرسانەوە.

دەزانین كە ئەمە بەم شێوەیەیە، بەڵام جێی خۆیەتی بڵێین خۆ ناشكرێت لەبەرئەوەی توانای وەدەستخستنی زانیاریی ڕاست و دروست و بەڵگەدارمان نییە و بە شێوە و میتۆدێكی زانستییانە لەم ئاستەدا دەستی توێژینەوە مەیدانییەكانمان كورتە، ئیدی نابێت و بە هیچ جۆرێك بۆمان نییە هیچ بڵێین و هیچ ئاماژەیەك بە نێزیكیش بێت بیخەینەڕوو، دواتر ئێمە لێرەدا بە سانایی بەسەر ئەم باسەدا بڕۆین و بێ‌ ئاوڕدانەوەیەكی خێرایش بەجێی بهێڵین و هیچ بە لامانەوە گرینگ نەبێت، بە دڵنیایییەوە نەخێر وا باشە ڕاشكاوانە قسە بكەین، لێرەدا ئەگەر بشكەوینە هەڵەوە ئەم هەڵوێستە پەسند ناكەین و  هەوڵ دەدەین بەپێی ئاست و بیركردنەوە و توانای خۆمان شتێك بڵێین، وەك گوتمان و جارێكی تریش دەیڵێینەوە گرینگ نییە بە لامانەوە بشكەوینە هەڵەوە و بۆچوون و لێكدانەوەكانمان چەندین فرسەخیش لە ڕاستییەوە دوور بن، چونكە لامان بەڵگەنەویستە، پێویست بە لەسەر ڕۆیشتنی زۆر و كۆڵهەڵگرتن بە بە ئەویتر سەلماندنیش ناكات كە جانفیدا و دڵسۆزانە و دوور لە گیانی خۆتێهەڵقورتان، خۆدانە قەرەی شتێك و پاشان هەڵەكردن و كەوتنە بۆچوونی ناڕاستەوە زەمینەی گفتوگۆ و پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتنمان بۆ دەسازێنێ‌ و ئەم هەڵە و بۆچوونە ناڕاستانە، ئەگەر پێیاندا بچینەوە و كەللەڕەقانە هەر لەسەر دروستی بۆچوونەكانمان سوور نەبین و گوێ‌ بۆ ئەوانی تریش ڕادێرین، ئەوا لانی كەم كۆمەڵێك دەرگامان بۆ خستنەگەڕی بیركردنەوە و دەربڕینی بۆچوونی تر بۆ دەخەنە سەرپشت، بە دڵنیایییەوە ئاوەڵاكردنی ئەم دەرگایانە زۆر كارێكی گرینگن، بەڵام هیچ نەگوتن و كارنەكردن لەپێناو هەڵەنەكردندا، قەڵەم لەسەر كاغەز هەڵگرین و متەق لە خۆمان ببڕین لەبەرئەوەی سەهوو نەكەین یان نەوەكو بكەوینە هەڵەوە، ئەم هەڵسوكەوت و بیركردنەوانە هەموو دەروازەكانمان بە كڵۆمدراوی و هەموو گەنجینەكانمان بە دەست لێ نەدراوی بۆ دەهێڵێنەوە و هەمیشە و هەموو دەمێ‌ لە ئاست هەموو شت و دیاردە و حاڵەتەكاندا بێ‌ ئەزموون و دەستبەتاڵا دۆشدادەمێنین و بۆ هەتاهەتایە بە كەناری هیچ بەرهەم و دەركەوتە و ڕاستییەكی بە بایەخ ناگەیین و لەو لاشەوە هەڵە و بۆچوونی باو و ناڕاست و نازاستی هەر درێژە بە تەمەنی خۆیان دەدەن و هەموومان لەگەڵیاندا خۆمان ڕادەهێنین.

هەڵە و بۆچوونی ناڕاست ئەگەر لە عەقڵێكی دۆگما و چەقبەستوەوە نەیەن و وەك كۆمەڵێك ئایدیای پیرۆز سەودایان لەتەكدا نەكەین، هەروەها ئەگەر بێ‌ گوێڕاداشتن بۆ بۆچوون و لێكدانەوەكانی تر هەتا سەر لەسەریان كڕ نەكەوین و پێیاندا نەنووسێین، ئەوا دەشێ‌ و زۆریش ئاسایییە ئەو هەڵە و بۆچوونە ناڕاستانە ببنە لانكی سەرهەڵدانی كۆمەڵێ‌ ڕاستیی گرینگ و چەندین بۆچوونی بەهێز و لێكدانەوەی پتەو كە بە قورسی شوێنی خۆیان دەگرن. دیارە ئەو وشانە زۆر ڕوونن و بۆ ئەوە ناشێن وا تێ‌ بگەین كە مەبەستمان وا بێت هەموو ڕاستییەك لەسەر بناغەیەكی هەڵە بونیاد نرابێ‌ و هەموو بۆچوون و لێكدانەوەیەكی زانستی لەسەر كۆمەڵێك بۆچوونی ناتەواو و ناڕاست هاتبێتنە مەیدان، نەخێر ئەم قسانە ئەم لێكدانەوانە هەڵناگرن و ئەگەر بە ئەنقەست و یاخود بێ‌ ئاگایانە نەبێت لە هیچ ڕێچكەیەكەوە ناچنەوە سەر ئەم مەبەستانە، بەڵكو ئەم قسانە ئەوەیان لەپشتەوەیە كە خۆشمان ئاماژەی بۆ بكەین، چاكی و گرینگیی هەندێ‌ هەڵە و بۆچوونی ناڕاست لەوەدایە كە هیچ نەبێ‌ بۆ كەسانێك كە زانییان هەڵە و ناڕاستییەك لەمانەدا هەیە و دوای گفتوگۆ و بەهەندوەرگرتنی بابەتەكە و خستنە بەر باس و لێكۆڵینەوەی چڕ و جیدییەوە، ئیدی هیچ زەحمەت نییە هەر ئەو هەڵە و ناتەواوییانە خۆیان بەرەو ڕاستە شەقامی بابەتەكە پاڵمان پێوە بنێن و لە كەمترین و لاوازترین ئاستیاندا زەین و هۆشمان بە لای توولەڕێیەكدا بەرن بۆ دۆزینەوەی بڕێك حەقیقەت و گەڵاڵەكردنی هەندێ‌ بۆچوون و لێكدانەوەی ڕاست و زانستییانە.

هەرچەندە لە ڕاستیدا ناچاریشین و لەوە زێدەتر دەسەڵاتمان نییە، ئەگەر بمانەوێت بە شێوازێكی زۆر گشتییانە قسە بكەین و ئاگاداری بیر و ڕای خەڵكی ئەم سەردەمەی جیهان بە گشتی (گەرچی ئەم دەستەواژەیە گەلێك قەبەیە و كورد گوتەنی ئەم قسەیە پڕ دەمی خۆمان نییە) و بە تایبەت خەڵكی كۆمەڵگاكەی خۆمان بین و بزانین تێڕوانینیان بەرامبەر بەو دیاردەیەی كە بە چاوپیسی ناسراوە چۆنە و، تا چ ڕادەیەك باوەڕیان پێی هەیە یان تا چ ئەندازەیەك باوەڕیان پێی نییە، ئەوا بۆ ئەم مەبەستە، بۆ ئاسانكاری و زووتر گەییشتن بە ئەنجامێك، لێرەدا پێشنیاز دەكەم لەم ڕوەوە بۆ سێ‌ كۆمەڵەی جیاواز ئەم خەڵكە – وەك گوتمان بە تایبەتی ئەو خەڵكەی كۆمەڵگاكەی خۆمانی پێكهێناوە- پۆلێن بكەین و كاریان لەسەر بكەین، پاشان لە ڕێگەی ئەم پۆلێنكردنەوە بەرچاومان ڕوون بێت و بڕێكی كەم یان سەرەداوێك لەوەی دەمانەوێت بەدەستی بهێنین و، سەرەنجام ئەنجامگیرییەكی ناڵێم سەددەرسەد ڕاست، بەڵام تا ئەندازەیەك دروستمان وەچنگ بكەوێت.

پۆلێنكردنەكەشمان كە وەك گوتمان بریتییە لە سێ‌ كۆمەڵە و بەم شێوەیەی وا لای خوارەوە دەیبینین و جیامان كردۆتەوە، ئەنجام داوە، هاوكات هەوڵی ئەوەشمان داوە بەراورد و جیاوازییەكانی نێوانیشیان ئاشكرا بكەین و ڕوونكردنەوەی پێویستیان لەسەر بدەین. ئێستایش با بیبینین ئەم سێ‌ كۆمەڵەیە كامەیە و خاسێتیان چۆنە و چۆنیش جودا كراونەتەوە:

 

كۆمەڵەی یەكەم: ئەوانەی بە ئاشكرا باوەڕیان بە چاوپیسی هەیە.

ئەم كۆمەڵەیە تا ڕادەیەك لە زۆر شوێن و لە زۆر سەردەمدا زۆربەی زۆری خەڵك پێك دەهێنن، نازانین لێرە و لە كۆمەڵگای خۆماندا چەند دەبن، بەڵام بە ژمارە لە كەسانی سەر بە كۆمەڵەكانی دیكە زیاترن و ڕێژەی دەركەوتنیشیان لەسەرەوەیە. ئەم كۆمەڵەیە ئەوانە دەگرێتەوە یاخود ئێمە خۆمان پۆلێنكردنەكەمان وەها ڕێك كردوە، كەسانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەممان بەوانە داناوە كە زۆر بە توندی و بە قەناعەتێكی لەبن نەهاتوەوە باوەڕیان بە چاوپیسی هەیە و هیچ گومانێكیان بە هیچ جۆرێك لە ڕاستێتیی ئەم دیاردەیە و بوونی چاوە پیسەكان نییە. ئەمانە نەك هەر باوەڕیان بەم دیاردەیە هەیە، بەڵكو بە ئاشكرایش دەیدركێنن و لە لای كەسانی تر باسی دەكەن و ترس و نیگەرانیی خۆیان بێ‌ هیچ شەرم و تەمومژێك نیشان دەدەن، هەندێكیشیان بەوەندەوە ڕاناوەستن،  هەوڵ دەدەن هەر چۆنێك بێت و بە هەر نرخێك بێت خۆیان لە چاوە پیسەكان بپارێزن و لە ژیان و ئیشوكاریاندا لە مەترسییەكانی ئەم بەڵایە بەدووربن، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە پەنا دەبەنە بەر گەلێك شێواز بۆ ڕێگەگرتن لە هەموو زیان و ناخۆشییەكانی دیاردەیەكی وەها، كە لەوانەیە بە هۆی كەسانێكەوە كە بە چاوپیسیان دەزانن، تووشیان بێت.

نموونەی ئەو شێواز و ڕێیانەی، كەسانی سەر بەم كۆمەڵەیە بۆ ئەم خۆپارێزییە لە چاوە پیسەكان دەیگرنەبەر بریتییە لە، دووعاكردن و نزا و پاڕانەوە لە خودا كە دیارترینیانە و ئاسانترین شێوازی ڕێگەكانی خۆپاراستنە و دەكرێ‌ و دەتوانرێ‌ لە هەموو سات و شوێنێكدا ئەنجام بدرێت، ئاسانترین شێوازە بەو مانایەی كە دووعا و پاڕانەوە بە زۆری ئەزموونێكی تایبەتییە و لە دۆخێكی تەنهاییدا ئەنجام دەدرێت، مرۆڤ بە تەنها و لە دڵ و دەروونی خۆیدا  لەگەڵ خودای خۆی و پەرستراو و متمانە پێكراوەكانی خۆیدا دەپەیڤێ‌ و لێیان دەپاڕێتەوە و بە باوەڕیشەوە پێی وایە ئەوانیش گوێیان لەو تكا و پاڕانەوانەیە و گەر ویستیان لەسەر بێت زۆر بە ئاسانی دەتوانن بەدەم داواكانییەوە بێن و بە فریادی بگەن و لێی خافڵ نەبن و ئاگایان لێی بێت. یاخود هەندێكیان تەنها بەوەندە دڵیان ئاو ناخواتەوە و سوكنایییان نایەت، هەر بۆیە دەچنە لای كەسانی تر و كڕنووشیان بۆ دەبەن بۆ ئەوەی نووشتەیان بۆ بكەن، ئەم نوشتانەیش بەپێی بۆچوونی خۆیان دەبنە قەڵغان لەبەردەم هەر مەترسییەكدا و دەتوانن هەر چەشنە ئاڵۆزی و هەژانێكی دەروونی كە ترس لە چاوپیسی دروستی كردوە، هێور بكەنەوە. ئەمان وا بیر دەكەنەوە و وا دەزانن ئەو كەسانەی نووشتەیان بۆ دەكەن و لە بەڵا و نەگبەتییەكان دەیانپارێزن، زۆر لە خەڵكی ئاسایی جیاوازن و خەڵكانێكی پاك و زۆر لە خوداترس و لە خودا نێزیكتر و نوورانین، هەشن هەر بە بیركردنەوەی خۆیان لایان وایە ئەمانە سیفەتی سەیر و سەرسووڕهێنەر و ئێجگار عەجایبیان تێدایە و ئینسان بە بیستنیان سەراسیمە و واقوڕماو ناتوانێت توخنی هیچ تەفسیر و لێكدانەوەیەك بكەوێت، تا ئاستێك وەها دەزانرێت كە ئەو نووشتەكەرانە و ئەوانەی دووعایان بۆ دەكەن زۆر كاری سەیر و لە عەقڵ بەدەریان لـێ‌ دەوەشێتەوە و تەنانەت غەیبزانن و دەگوترێت ئەوانە خاوەنی هۆش و وەها زانستێكن كە پەی بە زۆر شت دەبەن و زۆر شت دەزانن و زۆر كار دەكەن، شتان و كارگەلێك كە نەك هەر ئەمان نایزانن و ناشتوانن بیكەن تەنانەت سەریشیان لێی دەرناچێت و زانیارییەكی فەقیرانەشیان لەسەریان نییە و تێ‌ ناگەن ئەم كارانە بە چ شێوەیەك ڕوو دەدا و چۆن بەو جۆرە لەوان دەوەشێتەوە. هەندێكیان یەكسەر بۆ ئەوە دەچن، خوداوەند عەقڵ و دڵ و ڕۆحێكی وەهای بەو كەسانە بەخشیوە بە شێوەیەك كە بەمان نەدراوە و هەرگیزیش پەی بە نهێنییەكانی ئەو نووشتەكەرانە و ئەوانەی دووعایان بۆ دەكەن، ناتوانن ببەن.

یاخود زۆربەی كەسانی سەر بەم كۆمەڵەیە بە شێوەیەكی دیكە خۆپارێزیی دەكەن، شێوەكەیش ئەوەیە دەچن لە بەرزییەكەوە و بە پێشی ماڵەكانیانەوە یان بەسەر دیواری دووكان و شوێنی كارەكانیانەوە، بە تایبەت بەو شوێنانەوە كە بە زوویی و لەڕێوە دەكەوێتە بەر دیدەی خەڵكی و دەبینرێن و هەر كە ویستت بچیتە ئەو شوێنە بە گەیشتنت بێتە بەر چاوت، ئایاتی قورئان یان پارچە گەچی ڕەنگشینكراو كە زۆر جار نەخشەكەی شێوەی مانگ و ئەستێرە وەردەگرێت یان بە شێوەی وێنەی دەستێك دروستكراوە و سەرنج دەدەین حەوت كونی بە شێوەیەكی بازنەیی تێدایە یان هەندێ‌ جاریش لەناو لەپی دەستەكەدا وێنەی چاوێك نەخشێنراوە، وەك وتمان ئەم شتانەیش بە شوێنێكەوە هەڵدەواسن كە دەیانەوێ‌ و زۆریش مەبەستیانە هەموو كەسێ‌ یەكسەر بیبینێت و سەرنجڕاكێش بێت، یان زۆر جاریش نەك هەر لەناو ماڵ و لە شوێنی كاردا بەڵكو ڕاستەوخۆ مرۆڤ خۆی ئەو كەرەستانە هەڵدەگرێ‌ و بەكاردەهێنێ‌ كە بە چاوەزار و كاردانەوە و پەرچەكرداری چاوپیسی دادەنرێن، ئەویش بریتییە لە موورر و یان كریستاڵێكی ڕەنگ شین لە ڕێگەی یاخود لەگەڵ ئەو شتانەدا دێنە بەرچاو كە بۆ جوانكاری و ڕازاندنەوە بەكاردەهێنرێن، وەك ئەنگوستیلە و ئەڵقەی پەنجە و ملوانكە و بازنی دەست و گوارە و هەموو كەرەستانەی تر كە مرۆڤ لە زێڕ و زیو دروستیان دەكا و وەك وتمان بۆ جوانكاری و ڕازاندنەوەی خۆی هەڵیان دەگرێت، ئاشكرایە ئەو كەرەستەیەی كە بە چاوەزار دەناسرێت مووروەكە یاخود كریستاڵە ڕەنگ شینەكەیە و مرۆڤ بۆ خۆی یان بە تایبەت بۆ منداڵەكانی لەپێناو پاراستنیان لە چاوی پیس و هەموو ناخۆشییەك بەكاریان دەهێنێت.

لای هەموانیش ئاشكرایە كە ئەم دیاردانە بە شێوەیەكی بەرچاو لە زۆر شوێن و لەناو زۆربەی چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵدا بەكار دەهێنرێن و دەبینرێن، بێگومان دیسان هەموومان ئەوەیش دەزانین و پێویستە لێرە بە بیر خۆمانی بهێنینەوە كە هیچ وەختێك و لە هیچ یەك لەو شوێنانەدا دانان و هەڵواسینی ئەم هێمایانەی ئاماژەمان بۆ كردن بۆ جوانی نین و بۆ ئەوە دانەهاتوون كە دیمەنێك بسازێنن مرۆڤ دڵی پێیان بكرێتەوە، واتە ئەم شتانە لە بنچینەدا بەرهەمی زەوق و سەلیقەی جوانناسان نین و بە دەستووری هونەری نەخشەسازی هیچ قۆناغێك لە قۆناغەكانی هیچ شوێنێك لە شوێنەكان دروست نەبوون و نەبوون بەو دیاردەیەی وا ئێستا هەیە. پێویستە پەنجە لەسەر ئەوەیش دانێین كە لە هیچ شوێن و سەردەمێكدا سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەم نەریتە بەپێی مۆدێل بۆ نەخش و نیگار و ڕازاندنەوەی ئەو شوێنانە نەبوون و بڵاو نەبوونەتەوە، ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم هیچ كەس و هونەرمەند و داهێنەرێكیش نییە جێگە پەنجەی لە دروستكردنی ئەم كەرەستانەدا دیاربێ‌ و ناوبانگێكی پەیداكردبێت، بەڵكو تەنها و تەنها ئەم كەرەستە جۆراوجۆرانە و بەكارهێنانیان بەو شێوەیە و لەو شوێنانەدا هێمابوون و لە ئێستاشدا هەر هێمان بۆ بەرقەراركردنی سەلامەتی و خۆپارێزی لە خەڵكی ناحەز و چاوی بەد و پیس و پاراستنی كار و كەسابەت لە كەوتن و بێ‌ فەڕی و شكست، بێجگە لەم ڕەهەندەیش بۆ خاتری هیچ شتێكی دیكە و بۆ هیچ مەبەستێكی تر ئەم هێمایانە نەهاتوونەتە ئاراوە و بەكار نەهێنراون، ئەگەرچی ئێستا یاخودا لە ڕابردووشدا ڕەنگە لە جۆری بەكارهێنان و شوێنی بەكارهێنان و چییەتی و چۆنێتیی ئەو كەرەستانەی پێیان دەوترێت چاوەزار سەلیقەی جوانكاری و ڕازانەوە و مۆدێل پێڕەوی بكرێ و بایەخ بە گونجاندن و ڕێكخستنیان لەگەڵ شوێن و كەرەستەكانی تردا بدرێ، بە تایبەت لەگەڵ ئەو شتانەدا كە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا بەكاریان دەهێنێت وەك زێڕ و زیو، هەر زۆر گرینگیی بەم لایەنە دەدرێ و هەر بەپێی ئاستی ئەم گرینگییەشیان تێچوونە مادییەكەیان جۆراجۆر دەبێت، بەڵام مەبەستەكەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە كە لە بناغەوە هۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە بۆ لایەنی جوانكاری نەبوە، دواتر لەگەڵ بەهێزیی ئەو هۆیەی یەكەم جاریان ئینجا بەكارهێنانیان ڕێچكەی گونجاندن و ڕێكخستن لەگەڵ كەرەستەكانی تر و جوانكاری و ڕازانەوە و پێڕەویكردنی مۆدێلی گرتوە و بەو ئاقارەدا ڕۆییشتوە.

هەموو ئەمانەی باسم كردن و لە چوارچێوەی سەلامەتی و خۆپارێزیكردن لە زیان و كاریگەریی چاوپیسی و بەڵای چاوپیسان بەكاردەهێنرێن، بە چاوەزار (چرب العین) ناسراون، ئەم كەسانە قەناعەتیان وایە بوونی چاوەزار و بەكارهێنانی ئەم شێوازگەلەی ئاماژەمان بۆ كردن بۆ خۆپارێزی و سەلامەتی، بەرگرییان لـێ‌ دەكات و دەیانپارێزی و ناهێڵێت چاوی پیس كاریان تێ‌ بكات و شكست و زەرەر و كارەسات بەر دەرگای ئەمان بگرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە  لەگەڵ بەكارهێنانی چاوەزاریشدا و  لەگەڵ ئەو هەموو بەتەنگەوەهاتن و غافڵگیرنەبوونە لە ئاست جێبەجێكردن و بڕوای پتەو بەو نەریتانە، كەچی دەبینین هێشتا ئەمانە دادیان نادا و زۆربەیان بەردەوام هەر لە چاوی پیس دەترسن و مایەی نیگەرانیشیانە و خۆشحاڵا نین بە تێكەڵبوونیان  لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە بە چاوپیسیان دەزانن. یان لانی كەم حەز ناكەن ئەو كەسانە ئاگاداری هیچ شتێكی تایبەت بە ژیانی ئەمان بن و بە هیچ شێوەیەك لەسەر هیچ شتێكی ئەمان نە بە چاك نە بە خراپ قسە بكەن.

ئەم جۆرە كەسانە باوەڕیان بە چاوی پیس هەیە و نایشارنەوە و لای خەڵك بێ‌ پێچوپەنا دەیدركێنن، ئەوان بێ‌ ماندووبوون چیرۆكی سەیرسەیر و پڕ ڕووداوی جۆراجۆر و تەنانەت زۆریش دڵتەزێن و هۆش حەپەسێن گەلێك بە جوانی دادەڕێژن و بەردەوام دووپات و چەندپاتی دەكەنەوە و دەیڵێنەوە و لە زۆر شوێن و لای زۆر كەس دەیگێڕنەوە و حەز دەكەن هەموان ئەم چیرۆكانە وەك ڕاستییەك بزانن و باوەڕیان پێ‌ بهێنن، سەرەڕای ئەوەیش هەست بە هیچ گووناهێك ناكەن لەوەی سیفەتی حەسوودی و چاوپیسی بخەنە پاڵا هەندێ‌ كەس و جەختی لـێ‌ بكەنەوە و بەڵگەی زۆری بۆ بهێننەوە و ناویان بە هەڵگری ئەم تایبەتمەندییە بڵاو بكەنەوە و تا سنوورێكیش كە بە مافی خۆیانی بزانن لەناو كۆمەڵدا كەسایەتییان لەكەدار بكەن.

خاسێتەكانی كەسانی نێو چوارچێوەی ئەم كۆمەڵەیە دەشێ‌ تا ڕادەیەك بتوانین دەستنیشانیان بكەین و هەندێك مۆرك و سروشتی ئەم خەڵكانە بناسێنین. تایبەتمەندییەكانی ئەوان زیاتر لەوەدا كورت دەبنەوە، كە وەختێ‌ لە ژیاندا یان لە كارێكیاندا شكست دەخۆن، هۆی شكستەكانی خۆیان زۆر جار بۆ بێ‌ توانایی خۆیان ناگەڕێننەوە، یان زۆر بە سادەیی نازانن كە ژیان بریتییە لە شكست و سەركەوتن و خۆشی و ناخۆشی و هەمووشمان لەمانەدا هاوبەشین یان ئەم ڕاستییەیان زۆر چاك دەزانن، بەڵام لە دەمەساتی ناخۆشی و شكستەكاندا فەرامۆشیان كردوە و ئەم حەقیقەتە گەورەیەی ژیان، خراپتر لە هەموو شتە بەپەراوێز كراوەكان، لە بیریان چۆتەوە. ئەم تایبەتمەندییە زەقەی ئەمانیش وا دەكات، خێرا زۆر جار بێ هیچ بیركردنەوەیەك كەسانی دیكە بكەن بە سەبەبكاری فەشەل و سەرنەكەوتنەكانیان. ئەمان كەم جار شكست لە كارەكانیان لە نەشارەزایی و نەشیاویی خۆیان لەو كارەیاندا دەبیننەوە. وەختێ‌ دەكەون، مەگەر بە دەگمەن ئەگینا هەرگیز ئەمان بۆ فاكتەر و نیشانەكانی لاوازی و بێ‌ هێزیی خۆیان ناگەڕێنەوە و ناشیدۆزنەوە و قەتیش نایانەوێ‌ چاویان لە ئاست ئەو فاكتەرانەدا بكەنەوە و قبوڵیان بكەن، یاخود ئەنجامی كارەكانیان كە بە دڵیان نییە و لێیان ڕازی نین بە كەمی بۆ هۆیەكانی دەگەڕێننەوە، لەبەرئەوە دوای هەر شكست و ناخۆشییەك خێرا حەز بە تاوانباركردنی كەسانی تر دەكەن و هەندێكیشیان خوویان بەوەوە گرتوە یان لەززەت و چێژ لەوە وەردەگرن و بۆتە بەشێكی دیار لە كەسایەتییان كە هەمیشە ئۆباڵی شكستەكانیان بخەنە ئەستۆی خەڵكی تر و، بە شێوەیەكی چاوەڕوانكراویش لە هەموو زەرەر و زیان و نەخۆشی و ناخۆشی و كەوتن و تراژیدیایەكدا خەڵكانی تر بە گووناهبار دەزانن و هەرگیز دان بە نەشارەزایی و بێ‌ تواناییی خۆیاندا نانێن، بۆیە سەیر نییە بڵێین ئەمانە  هەوڵ نادەن قەناعەت بە هۆكارێكی دیكە بهێنن و ئینكاریش لە هەموو ڕوونكردنەوە و ڕێنمایی و زانیارییەكی خەڵكانی دیكە دەكەن، ئەگەر هاتوو هەندێ‌ جار خۆیان بە نەشارەزا و بێ‌ توانا دانا و قەناعەتیان بە هۆكارێكی دیكە كرد بۆ ئەو سەرنەكەوتن و كێشە و ناخۆشییانەی دێتە ڕێگەیان، ئەوا لە دوا جاردا هەر بەشێكی ئۆباڵەكەی دەخەنەوە گەردنی ئەو كەسانەی بە حەسوود لە قەڵەمیان دەدەن و پێیان وایە ئەوان هەمیشە چاویان لەسەر ئیشوكار و ژیانی ئەمانە.

 

كۆمەڵەی دوەم: ئەوانەی بە نائاشكرا باوەڕیان بە چاوپیسی هەیە.

 ئەم كۆمەڵەیەیش ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ڕەنگە بتوانین وایان مەزەندە بكەین، لە چەندایەتیدا هێندەی كۆمەڵەی یەكەم یان نێزیك بە كۆمەڵەی یەكەم دەبن، ئەمانیش باوەڕیان بە بوونی ئەم دیاردەیە هەیە و تووشبوونی نەخۆشی و بەڵا و زیان بە هۆی كاركردنی چاوەوە لە لایان شتێكی ڕاستە، ئەمان ناموڕتاح و نیگەرانن بە بوونی ئەو جۆرە كەسانەی كە بە چاوپیس دادەنرێن و لەنێو خەڵكیدا ناسراون، بەڵام ئەوەی پێویستە پەنجەی بخرێتە سەر ئەوەیە كە ئەو خاسێتانەی بە ئاشكرا ئەمانە جیا دەكاتەوە لە كەسانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەم پێكدێن لەوەی، كە ئەو كەسانەی وا لەم كۆمەڵەیەدا دامانناون زۆر بێ‌ پێچوپەنا و ڕاشكاوانە ئەم باوەڕ و قەناعەتەی خۆیان دەرنابڕن و ئەم جۆرە بیركردنەوەیەیان لای خەڵكی تر بە ڕوونی نادركێنن و باسی ناكەن، هەروەها پێیان خۆش نییە هیچ كەسێك بەم جۆرە بیركردنەوەیەیان بزانێت و، ببیستێت كە قەناعەتیان بەم شێوەیەیە، ئەم كردەوەیەشیان ڕەنگە تەنها لەبەرئەوە بێت نەوەك ئەو كەسانەی باوەڕیان بەم دیاردەیە نییە و وەك ئەمان بیر ناكەنەوە، بە گێل و نەفام و كەسانێكی خاوەن بیر و بۆچوونی خورافی و دواكەوتوو لە قەڵەمیان بدەن، هەرچەندە ئەم كۆمەڵە كەسانە لە ژێرەوە و بە نهێنی لەم دیاردەیە دەترسن و بە پەرۆشەوە  هەوڵ دەدەن خۆیان پیشانی ئەو كەسانە نەدەن كە بە چاوپیس ناسراون یان ڕەنگە چاویان پیس بێت، تەنانەت حەز دەكەن چاوپیسان یاخود جوانترە بڵێین بە چاوپیس ناوڕۆیشتوان، لە هیچ شوێنێك و نە بە چاك و نە بە خراپ باسی ئەمان نەكەن، نەك هەر باسیان نەكەن بەڵكو بە هیچ شێوەیەكیش هەواڵیان نەپرسن، خۆ ئەگەر باسیشیان بكەن و هەواڵیان بپرسن، ئەوا دەمودەست نیگەران دەبن و پێیان ناخۆش دەبێت.

هەندێ‌ جاریش دەشێت هۆكاری شاردنەوەی بیر و باوەڕەكانیان دەربارەی بوونی چاوپیسی و كەسانی چاوپیس ئەوە بێت، كە ڕەنگە تا ڕادەیەك دوودڵا بن لە قەناعەتەكانیان، دوودڵا بن بەو مانایەی تەواو دڵنیا نەبن لەوەی كە بۆچوونەكانیان ڕاست بێت و سەددەرسەد بۆیان ڕوون نییە، ئەو كارەسات و ناخۆشییانەی لە ژیانیاندا بەسەریاندا هاتوە هۆكارەكانیان ئەوە بێت كە كەسانێك هەبن حەسوودی بەمان ببەن و چاویان لەسەر ژیان و گوزەرانیان بێت و دواتر كاریگەریی نێگەتیڤییان بەسەر ئەمانەوە هەبێت، بەڵام ئەمان هەر لەسەر ئەم دوودڵی و ڕاڕایییەیان دەمێننەوە و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بۆچوونەكانی خۆیان بۆ ساغ نابێتەوە، نە ئەوەیە هیچ باوەڕیان بەم دیاردەیە نەمێنێ‌ و جێگەی باس و گرینگی پێ‌ دانیان نەبێت، نە ئەوەیە بە شێوەیەكی ڕەها و بێ پەردە قەناعەتیان بەم دیاردەیە هەبێت، ئەوان بەردەوام هەر لەم گومانەدا دەمێننەوە، بۆیە ئەگەر باوەڕیشیان بە بوونی چاوپیسی هەبێت و كەسانی چاوپیس بكەنە باعیسی سەرنەكەوتن و ناخۆشی و نەخۆشییەكانیان، ئەوا تێكڕای ئەم بیركردنەوانەیان هەر بە نهێنی دەبێت و كەس پێیان نازانێت و قسەی دڵیان هەرگیز ناگەنەوە گوێی كەسانێك كە ئەم تۆمەتانەیان دراوەتە پاڵا.

خاڵێكی تر یاخود هۆیەكی تر لە هۆكانی شاردنەوەی بیر و بۆچوونی كەسانی سەر بەم كۆمەڵەیە لەمەڕ بوونی چاوپیسییەوە و، بە نهێنی بیركردنەوەیان ڕەنگە ئەوە بێت خەڵكانی ناو ئەم گروپە زۆر میهرەبان بن و بەلایانەوە لە ڕووی ویژدانییەوە زۆر گووناه بێت كە وەها تۆمەتێك بخەنە پاڵ كەسانێكی تر و لەسەر شتێك كە جارێ‌ خۆیان تەواو لێی دڵنیانین و دروست نازانن چۆنە، یان دڵنیایش بن دەزانن ئەوان هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، كەچی لە كۆمەڵدا ناشیرین بكرێن، چونكە دەشێت ئەم كۆمەڵەیە وەها بیر بكەنەوە ئەگەر ئەوانەی بە چاوپیس باس دەكرێن و ناویان ڕۆیشتوە، چاوپیسیش بن و چاویان كاریگەریی خراپ و زیانبەخشیشیان هەبێت بۆ سەر كەسانی دەوروبەریان، ئەوا هەر بێ‌ گووناهن و ئەمان هیچیان بە دەست نییە و شتێكی ئەوتۆیان لە دەسەڵاتدا نییە، چونكە وا لـێیان دەڕوانن چاوپیسان بە دەست خۆیان نییە و خۆیان ئەم هێزەیان بە خۆیان نەداوە و هیچ مەبەستیشیان نییە زیانیان هەبێت بۆ سەر كەسانی تر و كاریگەریی خراپیان بۆ سەریان هەبێت، بەڵكو هێزێكی تر ئەو توانا و سیفەتەی پێداون و بەم شێوەیەی خوڵقاندوون و ئەوان بێ ویستی خۆیان لە ژیاندا ئەم كاراكتەرەیان پێ دراوە. هەر كە دروستبوون خودا بەو جۆرە دروستی كردوون و ئەم هێزەیان تێدا خوڵقاوە و بوون بە چاوپیس و لە كۆمەڵدا ئەو ڕۆڵە دەگێڕن، جا كە وایە ئەمان (واتا چاوپیسان) چی بڵێن و لەم ڕوەوە دەبێت چ دەسەڵاتێكیان هەبێت، لەم ڕوانگەوە ئیدی بۆ دەبێت گووناهبار بكرێن لەخۆوە كەسایەتییان لەناو كۆمەڵدا بشێوێنرێت.

ئەم كۆمەڵە كەسانە كە پێشتر وتمان باوەڕیان بە دیاردەی چاوپیسی هەیە و نایدركێنن و لێرەدا لە پۆلبەندی دوەمدا داماننان، هەروەك كەسانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەم زۆر جار دەیانەوێ‌ لە شكست و سەرنەكەوتن و نەخۆشكەوتنیاندا، خەڵكانی تر و بە تایبەت خزم و ناسیاو و هاوەڵی خۆیان لە دەوروبەری خۆیاندا تاوانبار بكەن و لەسەر هەر ڕووداوێكی ناخۆش كە لە ژیاندا تووشی دەبن خەڵكی تری پێ‌ گووناهبار بكەن، بۆ هەموو كارەساتێكی خەمناك و تراژیدی چیرۆكی سەیرسەیر بە نهێنی و لە دەروونی خۆیاندا دروست دەكەن و ئۆباڵی ڕوودانی كارە نەخوازراوەكان دەخەنە ئەستۆی كەسانی تر، بەڵام ئەو خاسێتە ئەگەرچی هاوبەشە لەنێوان كەسانی كۆمەڵەی دوەم و كەسانی كۆمەڵەی یەكەمدا، بەڵام بەوەدا جیا دەكرێنەوە، كە ئەم گووناهباركردن و تاوانباركردنەی بۆتە سیفەت و تایبەتمەندێتیی كەسانی كۆمەڵەی دوەمیش بە نهێنی دەبێت و ناهێڵن زۆر كەس بیزانێت و لە لای خۆیان پەنهانی دەكەن و دەیهێڵنەوە و نایدركێنن، هەروەك چۆن باوەڕبوونیشیان بە چاوە پیسەكان و هەموو ترس و گرینگییەكیشیان بۆ بابەتی چاوپیسی هەر بە نهێنی و جۆرێكی پەنهان بوو، بە شێوەیەك لای خەڵكی هەستی پێ‌ نەدەكرا و ئاشكرا نەبوو.

 

كۆمەڵەی سێیەم: ئەوانەی باوەڕیان بە چاوپیسی نییە.

لەم پۆلێنكردنەدا دوابەدوای ناساندنی ئەو دوو گروپەی پێشتر هەندێ‌ شتمان لەسەر گوت، خەڵكانێكی دیكەمان هەیە یان بینیومانن كە لەم باسەدا و لەم ڕوەوە لە هیچ یەك لە كەسانی سەر بەو دوو كۆمەڵەیەی پێشتر ناچن و وەك ئەوان نین و تا ئەندازەیەكی كەمیش بەو شێوەیە بیر ناكەنەوە، لێرەدا و لەم پۆلبەندییەدا ئەم گروپە لە خەڵكمان بە كۆمەڵەی سێیەم داناوە و ئێستایش هەندێكی لەسەر دەپەیڤین.

كۆمەڵەی سێیەم ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە وەك ئەوەی دەریشی دەبڕن و هەستی پێ‌ دەكەین و هەر وایشە بە هیچ جۆرێك، كەموزۆر باوەڕیان بە دیاردەی چاوپیسی نییە و لە ژیانی خۆیاندا لاوەكییانەیش بایەخ بەم دیاردەیە و لایەنەكانی نادەن و لە مێشكی خۆیان و لە دەروونی خۆیاندا ئەم باسە زۆر بەهەند وەرناگرن. ئەو گرینگییەی چاوپیسی لای كەسانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەم و دوەم هەیەتی، بە هیچ شێوەیەك لای كەسانی سەر بەم كۆمەڵەیە بوونی نییە و لە هۆشی ئەماندا ئەم پانتایییە زۆرەی وەك ئەوانی تری داگیر نەكردوە. ئەم چەشنە قەناعەتەیش خەڵكانی ناو كۆمەڵەی سێیەم سەرەنجام وایان لـێ‌ دەكات دیسان بە هیچ جۆرێك پێویستیان بە چاوەزار و دووعا و نووشتە و هەموو شتێكی لەم بابەتانە نەبێت و لە ژیانی خۆیاندا هیچ گوێی پێ‌ نەدەن و هیچ وەختێ‌ بەكاریان نەهێنن و هەرگیز بەدوایاندا نەگەڕێن، چونكە وەك گوتمان ئەوان باوەڕیان بەم دیاردەیە نییە و بیركردنەوەی خۆیانی پێوە سەرقاڵا ناكەن تاوەكو لێی بترسن و هێندە خەمیان بێ‌ و وەك كێشەیەك لە كێشەكان لێی بڕوانن، بۆیە بە هۆی ئەم بابەتەوە لە كەسیش نیگەران نین و بە پێویستی نازانن هیچ شتێكی خۆیان یان هیچ لایەنێكی ژیانی تایبەتیی خۆیان لەبەر ئەم حاڵەتە لە كەس بشارنەوە و بە دیاریكراوی خۆیان لە چەند كەسانێك لادەن. وەك چۆن لە سەرنەكەوتنیاندا یان لەو كارانەدا كە ئەنجامەكانی بە دڵی ئەمان نین، یان چاوەڕێی ئەو ئەنجامە هەر نەبوون و لێی ڕازی نین، دیسان پێویست ناكات گلەیی و گازندە لە كەس بكەن و كەسیش بە شەریك لە سازاندنی ئەو فاكتەرانەی بۆتە هۆی شكستی ئەمان دانانێن، بە جۆرێك بچێتەوە سەر مەسەلەی حەسوودی و چاوتێبڕین و باسكردن.

بوون و بەهێزیی ئەم جۆرە بیر و باوەڕانە وامان لـێ‌ دەكەن بڵێین، ئەو كەسانەی لەم كۆمەڵەیەدا باسیان دەكەین، دەشێ‌ زۆربەیان كەسانی ورەبەرز بن و خاوەنی هێز و توانایەكی تا ڕادەیەك زۆریش بن بۆ ڕاپەڕاندن و جێبەجێكردنی ئیشوكارەكانیان. گەر بە دیقەتەوە و ورد سەرنجێك لەم كەسانە بدەین یان لەگەڵیاندا ژیابێتین، هەستیش دەكەین لە زۆربەی زۆری كارەكانی ژیانی ڕۆژانەیاندا سەركەوتن بەدەست دەهێنن، یان لە كاتی دەستدانە كار و چالاكییەكانیاندا دوودڵا و ڕاڕا نین، هەروەها زۆر جاریش شكست و سەرنەكەوتنەكانیان بەزوویی چارەسەر دەكەن، یان هیچ نەبێت پەند و ئەزموونی لـێ‌ وەردەگرن و سەرەنجام لەم شكستانەوە شارەزاییی زیاتر و باشتر پەیدا دەكەن و بەسەر زۆربەی كۆسپ و تەگەرەكاندا سەردەكەون و كێشەكان لەبەردەمیاندا بچووك و ئاسان دەبنەوە، بێگومان هەموو ئەمانەیش كۆمەڵێك خاڵی پێچەوانە و جیاواز بوون  لەگەڵ ئەو كەسانەی لە كۆمەڵەی یەكەم و دوەمدا دانران و لە شوێنی خۆیدا لێیان دواین.

ڕەنگە خاسێتێكی تری زۆرینەی ئەم جۆرە كەسانە ئەوە بێت یان هەندێكیان وەها بیر بكەنەوە كە ئەوانەی لە چاوپیسی دەترسن و بڕوایان پێی هەیە و گرینگی پێ‌ دەدەن، بە كەم عەقڵ و نەفام لەقەڵەم بدەن، هەروەها پێشیان وایە ئەمانە كەسانێكی بێ‌ ورە و گێل و نەزانن و ئاستی ڕۆشنبیری و زانست و تێگەییشتنیان لە خوارەوەیە و لاوازە، تا ئەندازەیەك لاوازە كە ناتوانن بە شێوەیەكی واقیعی ڕووبەڕووی كێشەكانی ژیانی خۆیان ببنەوە و قبوڵیان بكەن. ئەمان زۆربەیان وەها تێگەییشتوون و وەها لەسەر ئەم دیاردەیە دێنە ئاخاوتن و دەڵێن یان بیركردنەوەكەیان لەو قاڵبەدا شێوە دەگرێت، كە ئەوانەی باوەڕ بە دیاردەی چاوپیسی دەكەن و كردوویانە بە كێشە، بە هۆی ترسنۆكی و نەزانی و نەفامییانەوە، لە ڕێگەی ئەم شێوە بیركردنەوە و بە هۆی ئەم جۆرە بڕیارەی لە بارەی كەسانێكەوە دەیدەن كە لایان وایە چاویان پیسە، بێ‌ جگە لە وەهم و خورافات و بێ‌ عەقڵییان كە لەم ئاستەی هۆشیارییاندا خۆی بەیان دەكات، لە هەمان كاتیشدا غەدر لەو كەسانە دەكەن و ناهەقییان لە بەرامبەردا دەنوێنن كە پێیان دەڵێن چاوپیس و بەم جۆرە قسە خورافییانە لە هیچی خۆڕایی ناشیرینیان دەكەن و لە كۆمەڵدا بە ناڕەوا دەیانبوغزێنن و زوڵمیان لـێ‌ دەكەن. بیرمان نەچێت كەسانی وەهایش لەم كۆمەڵەیەدا هەن، كە ئەم بۆچوونانەیان لەسەر ئەو كەسانەی كۆمەڵەی یەكەم و دوەم نییە، كە بڕوا بە دیاردەی چاوپیسی دەكەن و لە كەسانی چاوپیس دەترسن، بەڵكو وەك باوەڕێكی تایبەتی و ئازاد بە مافی ئەو كەسانەی دەزانن و بە لایانەوە ئاسایییە و تەنانەت ڕێزیشیان لێ دەگرن. 

نەترسان لە چاوپیسی و باوەڕ پێ‌ نەبوونی، بە زۆری سیفەتی ئەو كەسانەیە كە دەروونیان بە شێوەیەكی دروست و بەهێز پەروەردە دەكەن و لە داڕمان و شكستە ناخۆش و ترسناكەكان دەیپارێزن، ئەم جۆرە لە مرۆڤان حەز و ئارەزوو و ویستێكی زۆریشیان لەسەر كردن و ڕاپەڕاندنی ئەو كارانە هەیە كە هەڵی دەبژێرن و بە هزر و دەست و بازووی خۆیان ئەنجامی دەدەن، ئەمان باوەڕیان بە هێز و توانای خۆیان پتەوە و ورەیان بەرزە و بۆ هەر كارێك كە دەیكەن بیركردنەوە و وزەی خۆیانی بۆ دەخەنە كار و بە شێوەیەكی بەهێز و واقیعی لەگەڵیدا دەڕۆن و ئەنجامەكانی هەر چییەك بێ‌ و هەر چۆنێك بێت قبووڵی دەكەن، بێگومان ئەم دوو تایبەتمەندییەیش كە ئێستا و لەم چەند دێڕەی دواییدا ئاماژەمان بۆ كرد واتە، یەكەمیان خۆشویستنی كارێك و بە حەز و خولیاوە ئەنجامدانی، ئیدی هەر كارێكی سنووری توانای مرۆڤ بێت و بوونی ئارەزوو لەسەر جێبەجێكردنی ئەو كارە، دوەمیان، هاوكات لەگەڵیدا باوەڕێكی پتەو و چەسپاو بە توانا و شارەزاییی خود بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە بنچینەیەكی زۆر باش و زانستین بۆ سەركەوتن و بەدەستهێنانی ئەنجامێكی پەسەند و دڵخواز تێیدا، وەك ئەوەی بەردەوام دەروونناسان و ئەوانەی بە تەنگ بەختەوەری و سەرفرازیی مرۆڤەوەن لە وتە و نووسین و كارەكانیاندا جەختی لەسەر دەكەنەوە و فێرمان دەكەن و هانمان دەدەن گرینگیی زۆر بەم لایەنانە بدەین.

وەك سەرەقەڵەمێك و بێ‌ هیچ پێشەكی و ڕوونكردنەوەیەك بە پێویستی دەزانم بڵێم، وەك چۆن كەسانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەم و دوەم لە چەندین ڕووداو و بەسەرهاتی ژیانیاندا بێ‌ بیركردنەوە و بە خێرایی لایان وایە چاوی پیس كاری تێكردبن و بە هۆی حەسوودیی چاوە پیسەكانەوە بەو ئاكامە گەییشتبن كە باسی دەكەن و لێی ڕازی نین، ئەوا ئەگەر ئەمە ڕاست بێت و هەندێ‌ جار هۆكاری ئەم ڕووداوانە بۆ ئەم دیاردەیە بگەڕێتەوە، یان ئەگەر ئەمە بە ڕاستی سەلمێنرا، ئەو كات لەسەر ئەم بناغەیە دەتوانین وای دابنێین، دەشێت هەندێ‌ جار و هەندێ‌ لەو كەسانەی سەر بە كۆمەڵەی سێهەمن، چاوی پیس كاریان تێ‌ بكات، هەرچەند گوتمان بە هیچ جۆرێك باوەڕیان بە دیاردەی چاوپیسی نییە و وەها بیر ناكەنەوە كە چاوی هیچ كەسێك پیس بێت و هیچ مەترسی و زیانێكیان بۆ سەر كەسانی دیكە و دەوروبەر هەبێت، واتە مەرج نییە كەسانی كۆمەڵەی سێیەم هەمیشە كارەكانی ژیانی ڕۆژانەیان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەن و هیچ كێشە و گرفتێكیان نەبێت و نەیەتەڕێ‌، ڕێ‌ دەكەوێت چاوی پیس بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریان تێ‌ بكات و ڕووبەڕووی شكست و كەوتن ببنەوە و مەرامی چاوپیسان بێتەدی، ئەگەر ئەمەیش سەلمێنرا ئەوا دەتوانم بڵێم دەكرێت ئەوەیش بسەلمێنرێت كە ئەم كارتێكردنەی چاوە پیسەكان بۆ سەر كەسانی سەر بە كۆمەڵەی سێیەم و ئیشوكارەكانیان، زۆر بە كەمی ڕوو دەدات و كەمتر چاوە پیسەكان لەم هێرشانەیاندا سەركەوتن وەدەست دێنن، لەچاو كەسانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەم و دوەم و ئەو دەرەنجامانەی لای ئەم دوو كۆمەڵەیە هەیانە، بێگومان بۆ هەموو ئەم قسانەیش پێویستمان بە ڕوونكردنەوەی زیاتر و قسەگەلێك دەبێت كە پشت بە سەلماندن و قەناعەتپێكردن ببەستێت. لێرەدا ئەم بڕگەیەی بابەتەكەمان بە نیوەناچڵی بەجێ دەهێڵین و خۆمان دەپارێزین لە هەر جۆرە سەلماندنێك بۆ ئەو بیر و بۆچوونانەی دەكەونە بەر دیدە، ئەو دێڕ و ڕستانەی دەبنە پشتیوانیی ئەم قسانەی ئێرە هەڵدەگرین بۆ شوێنی تر و هەوڵ دەدەین لە بەشەكانی دیكە و لە شوێنی خۆیدا بە تایبەت و بە شێوەیەك كە بوار بۆ سەلماندن و ئاماژەی هەمەلایەن دروست بكەین و بیخەینەبەر گفتوگۆیەكی كراوەوە.

 

لە نێوان یاخود لە دەرەوەی

ئەو سێ‌ كۆمەڵەیەدا

 

لە نێوان ئەو سێ‌ كۆمەڵەیەدا یاخود لەودیو چوارچێوەی ئەو سێ‌ كۆمەڵەیەدا، دەشێت بە شێوەی دیكە چەشنە بیركردنەوەی تر دەركەوێ‌ و ببینرێت. دەشێت و ئاسایییە كەسانێك هەبن هەندێ‌ جار یان زۆر جار دوودڵا و ڕاڕا بن و هەر جارێك بەپێی هەر بارودۆخێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی و تەمەن و ئایدیای جیاجیاوە، بیركردنەوە و بیر و بۆچوون و ئاستی گرینگیدانیان بەم دیاردەیە لەنێوان ئەو سێ‌ كۆمەڵە جیاوازەدا بگۆڕدرێت و لە زەمەنێكی دیكەدا بە فۆڕمێكی ترەوە لە لای كۆمەڵەیەكی تر بگیرسێتەوە، یان بیركردنەوە و تێڕوانینیان چەشنێكی تر بێت و ئاستی گرینگیدانیشیان بە دیاردەی چاوپیسی بە هەموو لایەنەكانییەوە بە جۆرێكی دیكە و لە فۆڕمێكی جیاوازی تردا گوزارشت لە خۆی بكات.

هیچ دوور نییە یەكێك لە ئێمە یاخود زۆربەمان لە سەردەمێك لە سەردەمەكانی ژیانیدا وەك كەسانێكی ناسێنراو بۆ نموونە لە كۆمەڵەی یەكەمدا بیر بكاتەوە، واتە باوەڕێكی بەهێزی بە دیاردەی چاوپیسی هەبێ‌ و ئەم دیاردەیە و گرینگیدان پێی، كاریگەریی دەروونی بە شێوەیەك لە شێوەكان لەسەر دابنێ‌ و لێی بترسێ‌، هەروەها خۆی لەو كەسانە لابدا و بەپێی توانا خۆی لەوانە بپارێزێت كە پێی وایە چاویان پیسە و سەرنجی قووڵا و بەد لە خەڵك و موڵك و ماڵیان دەدەن و چاودێرییان دەكەن و بە حەسوودییەوە باسیان دەكەن، بۆ ئەم مەبەستە و بۆ ئەوەی تەواو دڵنیایش بێت، لە هەموو ساتێك و شوێنێكی ژیانیدا هەموو شتێك و هەموو ڕێگەیەكی خۆپارێزیكردن و زامنكردنی سەلامەتی بەكاربهێنێت و خۆی بە باشی ئامادە بكات بۆ ڕێگیركردنێكی توند و پێویست لە زیانەكانی ئەم حاڵەتە بۆ سەری. بێگومان دەشێت بەپێی زەمەن و بەگوێرەی گۆڕانی هۆشیاریی ئینسان ئەم جۆرە بیركردنەوەیە وەك خۆی نەمێنێت و لە قۆناغ و سەردەمێكی تردا ئەم باوەڕە گۆڕانی بەسەردا بێت، گۆڕانێك هەندێ‌ جار وەك كۆمەڵەی دوەم یاخود هەندێ‌ جاریش بە وێنەی كۆمەڵەی سێیەمی بەسەر بێت و، هەروەها بە پێچەوانەشەوە هەر ڕێی تێدەچێت، هەروەك چۆن دەبینین بۆ زۆر شتی تر و لەمەڕ زۆر مەسەلەی دیكەوە، مرۆڤ بەپێی سەردەمە جیاجیاكان و بەپێی قۆناغە جۆراوجۆرەكانی تەمەنی و هەروەها بەپێی ئاڵوگۆڕ و گەشەسەندن لە هۆشیاریدا، شێوازی بیركردنەوەی گۆڕانی بەسەردا دێت و بۆچوونەكانی شێوەی تر و ئاراستەی تر وەردەگرن، لەمەوە لەسەر زۆربەی دیاردەكان باوەڕ و قەناعەتی تری جیاواز لەوانەی پێشوو دەردەبڕێ‌ و دەبێتە خاوەنیان. ئاشكراشە كە زۆر مرۆڤیش هەن و لە ژیانیشدا تووشمان دەبن كە هەندێ‌ جار بەرگریی زۆر توند و بێ‌ حەد كوێرانە لەم باوەڕ و قەناعەتانەیان دەكەن و بە قورسی پێوەی پەیوەست دەبن و بە زەحمەت لێی ساردەبنەوە.

ئیدی وەك دەزانین ئەمانە باوەڕن و ئەوەیش مرۆڤە كە هەڵگری ئەو باوەڕانەیە، باوەڕیش هەرچەندە لە زۆر گۆشەنیگاوە پێناسە دەكرێت و شی دەكرێتەوە و خاسێتەكانی دەخرێتەڕوو، هەر یەك لەم پێناسە و شیكردنەوە و خاسێتانەیش كە لای ئەم و ئەو دەخرێنە پاڵا باوەڕ دەشێت لە هەر گۆشەنیگایەكەوە جیاواز بێت لەوەی تر و تەنانەت بەدووری مەزانە ئەم پێناسانە پێچەوانەی یەكتریش بن و هەندێكیان لە یەكتری هەڵگەڕێنەوە و دژی یەك بوەستنەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین باوەڕ بە شێوەیەكی گشتی لە ئاستی كۆمەڵایەتی و لە لای هەموو مرۆڤێك شتێك نییە بتوانرێت هەمیشە بسەلمێنرێت و بە بەڵگەی زانستییانە پشتگیری لـێ‌ بكرێت، یاخود باوەڕ هەر بە سروشتی خۆی شتێك نییە و بەشێك نییە لە دەركەوتە زانستییەكان تا لە پرۆسەیەكی چڕی شیكردنەوە و سەلماندنەوە هاتبێتەوە دەرەوە و بە تۆڕی تاقیگەی زانستەكاندا تێپەڕیبێت، چونكە زۆر جار كە مرۆڤ باوەڕێك هەڵ دەگرێت ئەوە خۆی نییە ئەم باوەڕەی لە پرۆسەیەكی گەڕانی عەقڵیدا و پاش چالاكییەكی بەرفراوانی هزری دۆزیبێتەوە و وەك هەر شتێكی تر پێی گەییشتبێت و بووبێت بە خاوەنی، بەڵكو بە سەرنجدانێكی ورد بۆمان دەردەكەوێت كە لە چوارچێوەی ترادیسیۆنێكی قودرەتمەنددا، كە زۆر جار ئەم ترادسیۆنە هێندە زاڵە دەتوانێت زۆربەی (گەر نەڵێین هەمووی) بیركردنەوە و چالاكییە عەقڵییەكانی مرۆڤ كۆنترۆڵا بكا. لە دەستەپاچەیی هۆشیاریی خۆیدا مرۆڤ ئەم باوەڕە قبووڵا دەكات و پاش ئەوەی بیركردنەوەكانی هیچ ڕێچكەیەكی زانستییان نییە و وزەی بەردەوامی و ژیانیان پێ‌ نییە و بە هیچ شوێنێكی ناگەیێنن، ناچار ئەو باوەڕە پێشینەیییانە پەسند بكات و خۆشی بكات بە خاوەنیان و هەندێ‌ جار بە توندی بەرگرییان لـێ‌ بكات و تەنانەت لەپێناویاندا بمرێت.

كە ئەمە سروشتی باوەڕ بێت و كانگە و سەرچاوەكەی بریتی بێَت لە ترادیسیۆن و شتێك لە نەریتەوە و لە باوانە هاتبێتە خوار و لە خەیاڵگەی كۆدا بە ئاسانی چەسپ بێت، یان بە بیركردنەوەیەكی ئاساییی و مەودا كورتی مرۆڤ بەرهەم هاتبێ‌، گومان نییە لەوەی چ ترادیسیۆن و چ نەریت و چ ئەو ئەندێشانەی لە خەیاڵگەی كۆدا چەسپیون و كۆمەڵانێكی زۆر تێكڕا پەسندی كردوون و هەروەها چ بیركردنەوەی ئاسایییانەی مرۆڤیش بێت، هەموویان ئەگەرچی هەندێ‌ جار موقەدەسیش بن و شوورایەكی پۆڵایینیان بە دەوردا هەڵچنرابێت بۆ ئەوەی كەس گومانی لـێیان نەبێت و قسەلەسەركردنیان جورئەتی زۆر و زیرەكیی قووڵی بوێت، ئەگەرچی ماوەیەكی زۆرشیان لە دۆخێكی چەقبەستوویی و دۆگماییدا بەسەربردبێت و كەس نەیوێرابێت ئەو گۆمە مەنگە بشڵەقێنێت، هێشتا ئەو ترادیسیۆن و نەریت و ئەندێشە و بیركردنەوانە ناتوانن بە سەلامەتی لە هەموو سەردەمەكان و سەدەكانەوە بێنەدەر و لەكەدار نەبن، هێشتا ناتوانن سیمای خۆیان نەگۆڕن و بۆ هەمیشە وەك خۆیان بێنەوە پێش، چونكە زیرەكی و بوێری هەر پەیدادەبن و دەسەڵاتی بە زەبری ئەوانیش دەكشێتەوە دواوە و، لە ساتێك لە ساتەكاندا هەر تووشی ڕووبەڕووبوونەوە و شكستی هەمەچەشن دەبنەوە. بۆیە بەردەوام باوەڕی مرۆڤ لە بەردەم ئەگەری گۆڕانە جۆراوجۆرەكاندایە و زۆر جار ئەم قەناعەت و باوەڕانە وەك خۆیان نامێنن و فۆڕمی تر وەردەگرن، هەندێ‌ جاریش تەواو دەگۆڕێن یاخود تەواو پێچەوانە دەبنەوە و وەك جاری یەكەم دەرناكەونەوە و لە خاسێتەكانی یەكەم جار و شوناسی سەرەتایان هەڵ دەگەڕێنەوە، دەشێت و ئاسایییە باوەڕەكان فۆڕمێكی دیكە وەربگرن و لە ئاست و شێوەی دیكەدا بە بیر و بۆچوون و بڕیار و حوكمدانی دیكەوە ببینرێنەوە، هەروەها دەشێت زۆر جاریش مرۆڤ بەپێی دەوروبەر و ئاست و جۆری بیركردنەوە و هۆشیاریی كەسانی دەوری، جۆری بیركردنەوە و بیر و باوەڕی خۆی بەرامبەر بەم دیاردەیە یان هەر دیاردەیەكی دیكە نیشان بدا و لەسەر بناغەی ئەوەی كە ئەوانی تر نیشانی دەدەن و تێی دەگەیێنن و وردەوردە فێری دەكەن یان خۆی لێیانەوە فێر دەبێت، باوەڕێك پەسەند بكات و بەپێی هۆشیاریی خۆی لێكی بداتەوە و بیسەلمێنێ‌ و هەروەها دواتر بەرگریشی لـێ‌ بكات.

با ئێستا لەسەر بناغەی ئەم قسانەی پێشەوە و هەروەها بۆ زێدەتر ڕوونكردنەوەیان، ئەو دیاردەیەی لەم لێكۆڵینەوەیەدا وەرمان گرتوە بە نموونە بهێنینەوە، وەك ئاشكرایە دیاردەیەك (كە لێرەدا ڕاستتر وایە بڵێین باسكردنی چاوە پیسەكان بۆتە دیاردە نەك خودی چاوە پیسەكان، چونكە ئەمی دوەمیان جارێ‌ زوە بۆ ئەوەی وەك دیاردەیەك ناوی ببەین و ناوبردنی وەك دیاردەیەك بێ‌ سەلماندن و ڕوونكردنەوە دەبێتە هەڵەیەكی مەنهەجی) هەر لە سەرەتاوە لە ئارادایە، مرۆڤ لە ڕێگەی هاوژیانی  لەگەڵ دەوروبەردا (كە بێگومان هەڵبژاردن و ویستی خۆشی لەسەر نییە) وەك بیرێك ئەم دیاردەیە لە لای جێگیر دەبێت و دەزانێ‌ كە هەیە، لە پرۆسەی ژیانیدا كۆمەڵێك سەرگوزشتە و قسە و باسی هەمەچەشنی چەندان جار لەبارەوە دەبیستێت، پاشان ئەم بیر و زانیارییانەی كە لە دەوروبەرەوە پێی گەییشتوون دەبنە هۆكارێك و لە كن ئەو مرۆڤە بەگوێرەی ئاستی زانست و هۆشیاریی خۆی كۆمەڵێك بۆچوونیان لەسەر خڕ دەكاتەوە، واتە وەك چۆن بۆ هەموو دیاردەیەك بۆچوونێك یان كۆمەڵێك بۆچوونی هەیە، بە هەمان شێوە بۆ دیاردەی چاوپیسیش بۆچوونێك یان كۆمەڵێك بۆچوونی لە لا سەوز دەبێت، دوای ئەوە یەكگرتنی ئەو بۆچوونانە دێتەئاراوە و دەبنە هەوێنی باوەڕێك لەسەر ئەو دیاردەیە، واتە ئەم بۆچوونانە كارێك دەكەن كە مرۆڤ باوەڕێكی ئاشكرا و ڕوونی هەبێت لەسەر دیاردەكە و قەناعەتی پێی هەبێ‌ و بە شێوەیەك لە شێوەكان دەری ببڕێت. ئەم باوەڕەیش لە پاڵا باوەڕە جۆربەجۆرەكانی دیكەی مرۆڤ بۆ سەر كۆی دونیا و ژیان و هەموو ئەو شتانەی پێوەندییان بە مرۆڤ و دەوروبەرییەوە هەیە، ڕێبازی بیركردنەوەی ئەو مرۆڤە ڕەنگڕێژ دەكەن، یاخود ئایین و ئایدیۆلۆژیای ئەو كەسە دروست دەكەن و نیشانی دونیای دەدەن.

با بە شێوەیەكی تر ئەم قسانە دووبارە بكەینەوە، مرۆڤ بە هۆی هاوژیانی و كۆمەڵایەتیبوون و پێوەندیی بە ئەوانی ترەوە، بێگومان لە ڕێگەی هەستە جۆراوجۆرەكانییەوە، هەروەها لەبەرئەوەی كەموزۆر ئەمە پێوەندیی بە ژیانی خۆیەوە هەیە، كۆمەڵێك زانیاری و كۆمەڵێك بەسەرهات و سەرگووزشتەی كەسانی تری لەمەڕ دیاردەی چاوپیسییەوە وەك بابەت و وەك بیرێك بە مێشكی دەگەن و جێگەیەك داگیر دەكەن و قورسایی و بایەخی ئەم دیاردەیەی لە لا دەخوڵقێنن، پاشتر دیسان هەر بە هۆی هاوژیانی و كۆمەڵایەتیبوونەكەی و پێوەندیی بە ئەوانی ترەوە و لە ڕێگەی هەستە جۆراوجۆرەكانییەوە كۆمەڵێك ڕەنگدانەوە و پەرچەكردار لەسەر ئەم بابەتە بەرامبەر ئەو دەوروبەرەی كە ئەم زانیارییانەی لێوە وەرگرتوە، دەنوێنێت و بەپێی توانای دەربڕین و پەرچەكردارەكانی خۆی جارێكی تر دووبارە هەستەكانی دەكاتەوە بە كەناڵی تەعبیر و گوزارشتی بڕیار و ترس و گرینگی و بایەخی خۆی لەمەڕ ئەم دیاردەیە، واتە هەستەكانی دەكاتە ئاوێنەی ناوەوەی خۆی و ئایدیای خۆی بەرامبەر ئەم دیاردەیە پێ‌ دەخوڵقێنێت، پاشان هەر پەرشبوونەوەی بیر و زانیارییەكان و خودی ئەم پەرچەكردارانەی بە شێوەی هەمەجۆر ئاراستەی دەوروبەر دەكرێن، ئاستی هۆشیاریی و بیركردنەوەی عەقڵیی ئەو مرۆڤە لەسەر ئەو دیاردەیە نیشان دەدەن و دەبنە شووناسی لێكدانەوە و ڕامان و تێڕوانینەكانی، بێگومان ئەم هۆشیارییەی ئینسانیش لە هەر ئاستێكدا بێت و ئەم بیركردنەوەیەی بە هەر چەشنێك بێت دەبێتە سەرزەمینی سەرهەڵدان و دەركەوتنی كۆمەڵێك بۆچوون لەسەر ئەم دیاردەیە و ئەو بۆچوونانەیش تەعبیر لە ئاستی هۆشیاریی ئەو مرۆڤە دەكەن و دەبنە پێناسەی جۆری بیركردنەوەكانی، ئەوسایش كۆبوونەوەی ئەم بۆچوونانە و یەكگرتنیان لە چوارچێوەیەكدا دەركەوتەیەكی دیكەی هۆشیاریی مرۆڤ لەمەڕ ئەو دیاردەیەوە دروست دەبێت و لە شێوەیەكی بەهێزتر و تۆكمەتری هۆشیاریدا خۆی دەنوێنێت كە پێی دەگوترێت باوەڕ.

باوەڕ لە هەر پلە و ئاستێكدا بێت و خاوەنی هەر خەسڵەت و سیما و شەقڵێكی زانستییانە بێت یان ئەو خەسڵەت و سیمایانەی تێدا نەبێت، ئەوا ئەویش هەر دەلالەت لە ئاستی هۆشیاریی ئەو ئینسانە بەرامبەر ئەو دیاردەیە دەكا و ئەویش دەبێتە دەرخەر و نیشاندەری جۆری بیركردنەوەی ئینسان لەسەر ئەو شتە، دوا جار یەكگرتن و چوونەپاڵیەكی ئەم باوەڕە  لەگەڵ باوەڕەكانی دیكەی مرۆڤ لەسەر كۆی دیاردە و شت و بابەتە هەمەجۆرەكانی دونیا و ژیان لە هەموو ڕوویەكەوە، دەشێت جۆری بیركردنەوەی ئایینییانە یاخود ڕێباز و ئایدیۆلۆژیای ئەو مرۆڤە نیشان بدەن، هەروەك چۆن دەگوترێت ئەو مرۆڤە سەر بەو ئایینەیە یاخود ئەو ڕێباز و ئایدیۆلۆژیایە.

بەم پێودانگە بۆیە شتێكی ئاسایییە كە هەركات بە هۆی بیركردنەوەی عەقڵی و پێوەندی و ئاڵوگۆڕی مرۆڤ لە ڕێگەی هەستەكانەوە  لەگەڵ دەوروبەردا و هەروەها بە هۆی ئاستی هۆشیارییەوە ئەو پەرچەكردارانەی بەرامبەر دەوروبەر دەینوێنێت، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت و بەدوای ئەویشدا بۆچوونەكانیشی لەبارەی ئەو دیاردەیەوە هەڵگری پەیامێكی دیكە بن جیاواز لە پەیامی یەكەم جاریان، هەر كە ئەم بۆچوونانەیش گۆڕان ئیدی بە دوایدا گۆڕانكاری باوەڕەكانیش بگرێتەوە و وەك خۆیان نەمێنن و لە فۆڕم و نێوەرۆكێكی دیكەدا دەرببڕدرێن، بۆیە پێویستە لامان زۆر ئاسایی بێت لەمەڕ هەموو شتێكەوە، مرۆڤ بەپێی زەمەن گۆڕان بەسەر بیر و بۆچوون و باوەڕەكانیدا بێت، بێگومان دوور نییە یەكێك لەو شتانەیش دیاردەی باسكردن و بوونی چاوپیسی بێت. هەندێ‌ جاریش ئەم پرۆسەی گۆڕانكارییەی بۆچوون و باوەڕ و ئایدیاكانی مرۆڤ بە نوێبوونەوە و تازەبوونەوە و گەشەكردن ناودێر دەكرێ و وەك پێشكەوتنێك لە ژیان و بیركردنەوەكان دێتە حیساب بۆ كردن، هەندێ‌ جاریش بە تەقلیدییەت و گەڕانەوە و كۆنەخوازی تۆمەتبار دەكرێ و لە هەندێ‌ گۆشەنیگاوە وەها هەڵدەسەنگێنرێ كە بۆچوون و باوەڕ و ئایدیاكانی ئەو مرۆڤە لە زەلكاوی چەقبەستن و دۆگمابووندا خنكاون.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.