Skip to Content

Saturday, December 4th, 2021

تۆپه‌كه‌ هه‌ر له‌ پێی موحافیزكاران ده‌بێت:

Be First!
by June 19, 2009 گشتی

تۆپه‌كه‌ هه‌ر له‌ پێی موحافیزكاران ده‌بێت:
ركابه‌ره‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ شوێنی له‌دایك بونیشیان توشی شكستی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوون

مافناس /عه‌دنان مه‌لاساڵح
adnan_hawlati@yahoo.com

هاوڵاتیانی ئێران به‌وپه‌ڕی دڵگه‌رمی وئومێده‌وه‌ به‌شداریان كرد:

ڕۆژی 12/6/ 2009  به‌ سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی ئێرانی بۆهه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان له‌ ده‌یه‌مین خولی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا ڕویان له‌سندوقه‌كانی ده‌نگدان كردو بۆڕۆژی دواتر پاش تێپه‌ڕبونی چه‌ند كاتژمێرێك له‌ وه‌ختی دیاری كراو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرا كراو دكتۆر محمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی 53 سێ ساڵه‌ بۆجاری دووه‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌رنجی ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و زلهێزه‌كانی بۆلای خۆی كێش كردبوویه‌ .له‌ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ كاندیده‌كان هاوڵاتیانی ئێران به‌په‌ڕی دڵگه‌رمی ئومێده‌وه‌ ده‌هاتنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و به‌دروشم هوتافی جیاواز پشتیوانیان له‌ كاندیده‌كانی خۆیان ده‌كرد .له‌ لێدوانێكدا مامۆستایه‌كی فێرگه‌ی صداو سیمای جمهوری ئیسلامی ئێران له‌ تاران به‌ناوی مه‌هدی سادقی كه‌ 35 ساڵ ته‌مه‌نی بوو پێیی وتم هیچ كات پرۆسه‌كانی تری هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌ست نیشانكردنی سه‌رۆكایه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌مجاره‌ نه‌بوه‌و ئه‌مجاره‌یان چاوه‌ڕێ ی ئه‌وه‌ده‌كرێت كه‌ كێبڕكێیه‌كی توند له‌نێو كاندیده‌كاندا ڕووبدات.
له‌كۆی  46 ملیۆن كه‌س كه‌مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو 39 ملیۆن ده‌نگده‌ر به‌شداریان كرد:
سه‌ره‌نجام واده‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستی پێكرد و له‌ پێش ئه‌مه‌دا له‌ كۆی 475 كه‌س كه‌ خۆیان پاڵاوتبوو بۆ ئه‌و پۆسته‌و 42 ئافره‌تیشی تیابوو " شورای نگهبان "پاش پیاچونه‌وه‌ ته‌نها ناوی چوار كاندیدی قبوڵ كردو ئه‌و چوار كاندیده‌ ركابه‌رایه‌تی یه‌كتریان ده‌كرد كه‌ئه‌وانیش مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی موحافیزكاری سه‌رۆكی ئێران  و میر حسه‌ینی موسه‌وی ڕیفۆرم خوازی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشو ومه‌هدی كه‌ڕوبی سه‌رۆكی پێشوی په‌رله‌مان و كاندیدی ڕیفۆرم خوازان و موحسینی ڕه‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران و كاندیدی موحافیزكاران بوون.
سادقی محصولی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شه‌ممه‌13/6 رایگه‌یاند: كۆی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌دراوه‌ بریتیه‌ له‌ 39 ملیۆن و 165 هه‌زارو 191به‌م پێیه‌ 85% ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌رجی ده‌نگدانیان تیابوه‌ به‌شداریان كردوه‌له‌كۆی 46 ملیۆن و 200هه‌زار.به‌گوێره‌ی وته‌ی محصولی "محمود احمدی نه‌ژاد" له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 24 ملیۆن و 527 هه‌زارو 561ده‌نگ كه‌ده‌كاته‌ 63% به‌ده‌ست هێناوه‌و به‌و پێیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌ .ناوبراو ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی كاندیده‌كانی تری به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند:میر حسه‌ینی موسه‌وی 13 ملیۆن و 216هه‌زارو 411ده‌نگ كه‌ده‌كاته‌ 33,75%،محسن ره‌زایی 678هه‌زارو 240 ده‌نگ كه‌ده‌كاته‌ 1،73%،مه‌هدی كه‌روبی 333هه‌زارو 635ده‌نگ        واته‌0،85 %.
گه‌رمی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كچان و كورانی تادره‌نگانێكی شه‌و له‌سه‌رشه‌قامه‌كان ده‌هێشته‌وه‌:
شایه‌نی وتنه‌ له‌ پێش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێش بینی ده‌كرا میر حسه‌ینی موسه‌وی بتوانێت جێ به‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ق بكات و به‌سه‌ریدا سه‌ر بكه‌وێت ،ڕۆژانی هه‌لمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌نجانی ئێرانی به‌  كچان و كوڕانه‌وه‌ به‌ ئاڵا سه‌وزو ره‌نگی سه‌وزه‌وه‌ تادره‌نگانێكی شه‌و له‌ شه‌قامه‌كانی ئێراندا دروشمیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی موسه‌وی  به‌رزده‌كرده‌وه‌ .هه‌ریه‌ك له‌ كه‌روبی و موحسینی ره‌زایش خاوه‌نی نفوزی خۆیان بوون به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ململانێكه‌ له‌نێوان موسه‌وی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو ئاڵای كۆماری ئیسلامی ئێران له‌به‌رامبه‌ر ئاڵاو ره‌نگی سه‌وز ره‌مزی لایه‌نگرانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادبوو .
گفتوگۆی رووبه‌رووی كاندیده‌كان پرۆسه‌كه‌ی گه‌رمتر كرد:
ده‌بێت باسی ئه‌وه‌ش بكرێت سه‌ره‌رای ئه‌و گله‌یی ره‌خنانه‌ی كه‌له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی له‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌گیرا به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و له‌ ناو گه‌لی ئێراندا پاڵپشتی لێده‌كرێت له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌وادارانی پشتیوانیان لێده‌كرد ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه‌ ره‌نگه‌ له‌گرنگترینیان ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر  خزمه‌تكردن به‌ هه‌ژاران كردوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی تر رۆڵی خۆی له‌ به‌رنامه‌ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێراندا به‌رجه‌سته‌ كردوه‌ ده‌كرێت لێره‌ ئاماژه‌ بۆنه‌بوونی هیچ را جیایه‌كی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیش بكرێت له‌گه‌ڵ علی ئه‌كبه‌ر خامنه‌ئی ره‌هبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران .
له‌ گرنگترین ئه‌و شتانه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌نجامدرا ڕووبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی دووبه‌دوی ئه‌م چوار كاندیده‌بوو له‌ گفتوگۆی ته‌له‌فزیۆنیدا .كه‌ئه‌و گفتوگۆیانه‌ هێنده‌ی تر ته‌كانی به‌ گه‌رم و گوڕی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌داو هه‌موو هه‌واداران له‌ ماڵ و جێگه‌ جیاوازه‌كان وله‌سه‌رشه‌قامه‌كان  ته‌ماشای ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌كرد.ئه‌م جۆره‌ دیداره‌ ته‌له‌ فزیۆنیانه‌ شتێكی نوێ بوو .
له‌و گفتوگۆیانه‌دا به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو گفتوگۆی نێوان موسه‌وی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد،كه‌روبی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كاندیده‌كان چه‌ندین خاڵ و پرسیاری وروژێنه‌ریان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌كرده‌وه‌ له‌وانه‌ ئاماری هه‌ڵاوسان و بێكاری له‌وڵاتدا له‌به‌رنامه‌یه‌كدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ئاماریكی ئاماده‌كرد بوو كه‌تیایدا ئاماژه‌ی به‌ كه‌م بونه‌وه‌ی هه‌لاوسان و بێ كاری ده‌كرد به‌ڵام هه‌رله‌دوای ئه‌و له‌به‌رنامه‌یه‌كی تردا موسه‌وی هه‌مان ئاماری به‌شێوه‌یه‌كی تر هیچناو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵاوسان و بێكاری زیاتری ئێران ده‌كردو ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی له‌وبه‌رنامه‌ به‌درۆزن وه‌سف كرد .
له‌یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌دا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هێرشی كرده‌ سه‌ر خانه‌واده‌ی هاشمی ره‌فسه‌نجانی به‌ گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تباری كردن له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا ئه‌مه‌نیگه‌رانی لای ره‌فسه‌نجانی دروست كردوو بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی سكاڵا پێشكه‌ش به‌ ره‌هبه‌ر بكات .له‌یه‌كێك له‌دانیشتنه‌كاندا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بڕوانامه‌ی دكتۆرای زه‌هرا ره‌هنودی خێزانی موسه‌وی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و وتی به‌پێچه‌وانه‌ی ڕێنمایه‌كان ئه‌و بڕوانامه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.
موسه‌وی له‌پرسیاریكدا كه‌رووبه‌رووی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی كرده‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌مه‌سه‌له‌ی ئازادكردنی ئه‌و 12 سه‌ربازه‌ی كه‌ هاتنه‌ ناو سنوری ئاوی ئێرانه‌وه‌ دوایی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌مه‌راسیمێكدا ئازادی كردن .موسه‌وی وتی ئازادكردنی ئه‌وسه‌ربازانه‌ په‌یوه‌ندی به‌كه‌رامه‌ت و عزه‌تی ئێرانه‌وه‌ هه‌بوو بابپرسین سه‌رۆكی ئێمه‌ بۆچی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی به‌ردا؟
له‌وه‌ڵامدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ووتی تۆنی بلێر له‌وباره‌یه‌وه‌ نامه‌یه‌كی  بۆم نارم وتێدا داوای لێبوردنی كردوه‌ و وتی به‌به‌ردانی ئه‌و سه‌ربازانه‌ ئێمه‌ وه‌ك به‌ریتانیا  به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌چینه‌وه‌.
به‌ریتانیا رایگه‌یاند داوای لێبوردنیان له‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نه‌كردوه‌:
به‌ڵام هه‌ردوای ئه‌و گفتوگۆیه‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا ئه‌وه‌ هاتبوو كه‌ به‌ریتانیا له‌كاتی گرتنی ئه‌ سه‌ربازانه‌ داوای لێبوردنی نه‌كردوه‌و نه‌یوتوه‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا.به‌ڵام ئه‌مانه‌ نه‌بونه‌ هۆی شكستی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌  هه‌ڵبژاردنه‌كان و پاش ئاشكرا كردنی ده‌نگه‌كان ده‌ركه‌وت بۆخولی ده‌یه‌میش هه‌رخۆی سه‌رۆكایه‌تی وڵات ده‌كات. هه‌ریه‌ك له‌موسه‌وی و كه‌ڕوبی به‌یاننامه‌یه‌كیان دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ركدو ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه‌ به‌و ئه‌نجامه‌ رازی نابن و به‌ ناشه‌رعی و یاریكردن له‌ قه‌ڵه‌میان دا.
راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان ناره‌زایی توندی لێكه‌وته‌وه‌ ،ركابه‌ره‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ شوێنی له‌ دایك بونیشیاندا شكستیان هێنا
هاوكات له‌گه‌ڵ ئاشكراكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان لایه‌نگرانی موسه‌وی  به‌هۆی نارازی بونیان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان و ڕێپێوان كردو له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس رووبه‌روبونه‌وه‌و كار گه‌یشته‌ لێدان و سوتاندن و به‌ردباران كردن و ته‌نانه‌ت له‌و رووداوه‌دا 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.
له‌و باره‌یه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان و كۆشكی سپی ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه‌ئه‌وان ئاگاداری بارودۆخه‌كه‌ی ئێرانن وله‌و راپۆرتانه‌ی  كه‌ بلاوده‌كرێته‌وه‌سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی.
 ده‌نگه‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ركابه‌ره‌كانی ته‌واو توشی شۆك كرد هه‌تا ئه‌وه‌ی جێ سه‌رنجه‌ به‌پێی ئامارێك هه‌ریه‌ك له‌و كاندیدانه‌ له‌و شوێنه‌شی  كه‌ تیایدا له‌دایك بوونه‌ نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ركه‌ون به‌سه‌ر ئه‌حمه‌دی نه‌ژادداوله‌ به‌رامبه‌ریدا  توشی  شكستێكی سه‌خت هاتوون به‌م شێوه‌یه‌ :له‌ ناوچه‌ی شه‌بسته‌ر له‌ پاریزگای ئازه‌ربایجان ڕۆژهه‌ڵات كه‌ جێگه‌ی له‌ دایك بوونی موسه‌ویه‌ له‌كۆی 7 هه‌زار ده‌نگ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نزیكه‌ی 5 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌.له‌ گوندی لالی سه‌ر خوزستان كه‌ جێگه‌ی له‌ دایك بوونی موحسینی ره‌زاییه‌ له‌كۆی 900ده‌نگ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد 830 و له‌ تاوچه‌ی ئه‌لیگوده‌رزی سه‌ر به‌ پارێزگای لورستان شوێنی له‌دایك بوونی كه‌روبی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد 39690و كه‌روبی 14512ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌.
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد چواره‌م سه‌رۆكه‌ كه‌ له‌ دووخولی سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌
جێی وتنه‌ ئه‌مه‌ ده‌یه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌و له‌ ساڵی 1980 تاوه‌كو ئێستا 6 كه‌س سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان پێ سپێردراوه‌ ,كه‌ له‌ ئه‌بوالحه‌سه‌ن به‌نی سه‌دره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ماوه‌ی ڕۆژانی پێشودا. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ ساڵی 1956 له‌ گوندی ئارادان له‌ دایك بووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی تارانه‌وه‌,خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی شار.ماوه‌یه‌ك پارێزگاری ئه‌رده‌بیل بووه‌ و ساڵی 2003بوه‌ته‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی تاران له‌ساڵی 2005 یشدا وه‌ك سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵبژێردرا.له‌ پاش محمد علی ره‌جایی دووه‌م سه‌رۆك كۆماری ئێران هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ید علی خامنه‌ئی و ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی و سه‌ید محمد خاته‌می هه‌ریه‌كه‌ بۆماوه‌ی دووخول كه‌ ده‌كاته‌ 8 ساڵ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كردووه‌ و به‌پێی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆماوه‌ی چوارساڵی دیكه‌ش سه‌رۆكایه‌تی وڵات ده‌كات.

Previous
Next

Leave a Reply