Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

تیرۆر کردنى نەقیبى رۆژنامەنوسانى عێراق ، تیرۆر کردنى ئازادى رادەربڕین

Be First!
by March 4, 2008 گشتی

گەرمیان ، سەباح عەلى جاف…..

پاش ئەوەى دەستى رەشى تیرۆر گەیشتە نەقیبى رۆژنامەنوسانى عێراق ئەو راستیە جارێکى تر دوو پات بووەیەوە کە تیرۆرستان و هێزى چەکدار دەست لە هیچ کەس و لایەن و کەسایەتى و هاوڵاتیەکى سڤیل ناپارێزن ، و بە تیرۆر کردنى ئەو رۆژنامەنوسە جارێکى تر کار و چالاکیەکانى هێزە ئەمنیەکانى عێراق دەکەوێتە ژێر پرسیار و دەیسەلمێنێ تا ئێستایش تیرۆر و چەکدارەکان لە هەر کات و ساتێکدا بیانەوێ عێراق و عێراقیەکان تیرۆر دەکەن .
شەهاب تەمیمى شەهیدى رۆژنامەنوسانى عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ  رۆژنامەى ئاسۆدا کە هەفتەیەک پێش تیرۆر کردنى بڵاو کرابووە گەورەترین خەم و کێشەى ئەو بۆ رۆژنامەنوسان تیرۆر و تیرۆرستانە و ئەو ووتبوى " 350 رۆژنامەنوس لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە کوژراون کە 13 یان کچە رۆژنامەنوس بوونە " ، ئەو ووتانەى تەمیمى ئەوە دەر دەخات کە خەمى گەورەى نەقیبى رۆژنامەنوسانى عێراق تیرۆرە کە بە داخەوە نەیزانى تەمەنى پڕ لە بەرەکەتى رۆژنامەنوزسى بە دەستى ئەو دێوە زمانە کۆتاى پێ دێت .
تەمیمى هەر لەو دیدارەى ئاسۆدا تیشک دەخاتە سەر ئەوە کە " ئێمە ساڵى رابردوو کۆنگرەیەکمان بۆ سەلامەتى پیشەى بەست کە ئەرکەکانى دروست کردنى سێ پەیمانگا بوو لە بەغدا و بەسرە و هەولێر بە ناوى پەیمانگەى سەلامەتى پیشەى بۆ راهێنانى رۆژنامەنوسان "، لەو ووتانەى کۆچکردووە بۆمان درە دەکەوێت کە ئەو خۆشەویستى بۆ هەموو خاکى عێراق هەبووە بە بێ جیاوازى کردن بە تایبەت بۆ رۆژنامەنوسان چونکە بە کردنەوەى ئەو پەیمانگەیە لە سێ جیگەى جیاواز لە باشور و باکور و ناوەڕاستى عێًراق ئەوە دەر دەخات کە تەمیمى دەیویست کە رۆژنامەنوسان لە سەرتاسەرى عێارقدا سەلامەت بن و جیاوازى لە نێوان رۆژنامەنوسێکى عەرەب بە سونە و شیعە و کوردا نەکردووە و تەنانەت لەو دیدارەدا باس لە تورکمان و کلد و ئاشوریەکانش دەکات و ئەو قسانەى شەهیدى رۆژنامەنوسانى عێراق دەرى دەخات کە ئەو خەمخۆر بووە بۆ هەموو عێراقیەک بە تایبەت رۆژنامەنوسان .
تەمیمى ئەو پیاوەى کە زۆرێک لە تەمەنى بۆ ئازادى رۆژنامەنوسى و بارى کۆمەڵایەتى و ئابورى کۆمەڵانى خەڵکى عێراق تەرخان کردبوو هەمیشە حەزى دەکرد کە هەموو نەتەوەکانى عێراق بە بێ کێشەو بە گیانى برایەتیەوە بژین کە بە داخەوە کوتلە سیاسى و هێزە چەکدارەکان هەموو کات ئەو ئاواتانەى رۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن و نا هێڵن نەک هاوڵاتیان بەڵکو  رۆژنامەنوسان بە بێ کێشە پیشەى رۆژنامەنوسى لە عێراقدا پیادە بکەن .
تیرۆر کردنى تەمیمى ئەوە دەسەلمێنێ کە لە دواى رۆخانى حزبى بەعسەوە تیرۆر و هێزە چەکدارەکان هەرا بە هەموو قیەم و بەهایەک دەکەن کە خەڵکى عێراق بە هەموو چین و توێژەکانەوە پێوەى پابەندن و جارێکى تر بیرمان دەخاتەوە کە ئەم عێراقە جێگەى دوو کەسى تێدا نابێتەوە کە یەکێکیان رۆژنامەنوسان و ئەوى تر تیرۆرستانە چونکە ئەو دوو کەسە هەریەکە و بە دوو ئایدیاى جیاواز کار دەکات بەڵام ئەمە گرفتەکە کە تیرۆر زۆر جار لە لایەن ئەو هێز و کەسایەتیانەوە دروست دەبێت کە رۆژنامەنوسان لە سەریان دەنوسن و ئەوانیش چاویان بەم جۆرە کەسانەدا هەڵنایە بۆیە زۆر جار تیرۆر کردنى رۆژنامەنوسان بە دەستى کەسانى پایە بەرزى عێراقە کە لە حزب و حوکمەتى عێراقدا کار دەکەن واتا رۆژنامەنوس نەک هەر دژى تیرۆر بەڵکو دژى بەرپرسانى کەندەڵ و خراپە کار کە لە عێراقدا حوکم دەکەن کە زۆر جار لە پێناو دەر خستى راستیەکدا خوێنى خۆیان دەکەنە کاسە .
بە تیرۆر کردنى تەمیمى رۆژنامەنوسانى عێراق بە هەموو نەتەوە و بیر و را جیاوازەکانەوە داکۆکى کارێکى بوێرى لە دەست چوو کە هەمیشە لە خەمى راى ئازاد و رۆژنامەگەریدا بوو وەک خۆى لە دیدارەکەى ئاسۆدا دەڵێت " لە سندوقى نێو دەوڵەتى و حوکمەتى عێراقەوە هەندێک پارەیان کۆکردەوەتەوە و بەسەر کەس و کارە رۆژنامەنوسە شەهیدەکاندا دەبەشیان کردووە ".
لێرە و دواى تیرۆر کردنى تەمیمى پێویستە حوکمەتى عێراق بە خۆیدا بچێتەوە و زیاتر کار لەسەر ئەوە بکات کە گیانى رۆژنامەنوسان بە تیبەت و هاوڵاتیانى بێ تاون بپارێزێ چونکە لە هەر ئان و ساتێکدا تیرۆر بیەوێ هەر کەسێکى بیەوێ تیرۆرى دەکات لە هەرە ئاستێکدا بێت ، حەق وایە لە کوردستانیش ئێمەى رۆژنامەنوسان داواى زیاتر بکەین بۆ ئەوەى سەلامەتى پیشەى زیاتر بپارێزرێ و دەست خۆشیش بۆ هێزەکانى ناوخۆى کوردستان کە گیانى هەموان لە تیرۆر دەپارێز و جارێکى تر درود بۆ گیانى پاکى شەهاب تەمیمى تەمەن 75 ساڵەى بەرگرى کار لە ئازادى را دەربڕین لە عێراق ، من لێرەوە پێشنیارێک دەکەم بۆ گفتوگۆ کردن و داوا دەکەم کە رۆژى تیرۆر کردنى تەمیمى بکرێتە رۆژى شەهیدى رۆژنامەنوسى لە عێراق و ئێمەى رۆژنامەنوسان لەم رۆژدا بەخۆدا بچینەوە بۆ ئەوەى بە گژ تیرۆر و گەندەڵى و دوژمنەکانى ئازادى را دەربڕیندا بچینەوە .    
Sabahali83@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply