تێكشكانی ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فی له تێكستی شیعریدا
” لێكۆڵینه‌وه له قه‌سیده‌ی (هه‌ژاریی به‌هێز )ی (فریدریك نیتشه)”
(ده‌ستی گه‌رم بخه نێو ده‌ستم .. دڵێكم پێَبده مه‌كۆی ئاگر بێت . )
( ته‌نیا ئه‌وه تۆی ئه‌ی زه‌رده‌شت , له تواناتدا هه‌یه ده‌وروپشتت ته‌ژی بكه‌ی له وزه و سه‌فا. )
(ده‌مه‌وێ بمرم , وه‌ك چۆن پێشتر ئه‌وم بینی كه مرد.)
(فریدریك نیتشه)
ده‌قی شیعره‌كه‌ی (فریدریك نیتشه)
(هه‌ژاریی به‌هێز)
. فریدریك نیتشه
و : بڵند باجه‌لان
ئه‌وا ده ساڵ گوزه‌ریكردووه
وه‌لێ تاقه دڵۆپه بارانێك ته‌ڕینه‌كردووم
شنه‌بایه‌كی فێنك به‌رم نه‌كه‌وتووه
شه‌ونمێكی عیشق نه‌نیشتۆته سه‌ر دڵم
چونكه له‌و شوێنه وشكه‌دا باران قاتییه
ئه‌ی هۆشی من
ئێستا ڕووم بۆ لای تۆ وه‌رده‌گێڕم
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌كمه لێتبپاڕێمه‌وه
له‌و مه‌وسیمه وشه‌كه‌دا
پیشه‌ت وشكی نه‌بێت
من له تۆ داواده‌كه‌م هه‌ر خۆت ببیته
شنه‌ی گیانپه‌روه‌ر و شه‌ونمی سه‌ره‌نجڕاكێش و
بارانی ژیانهێنه‌ری من .
كاتی خۆی فه‌رمانم به هه‌وره‌كان ده‌كرد
له كوێستانه‌كانی من دووربكه‌ونه‌وه
من ده‌مگوت :
((ئه‌ی سێبه‌ره تاریكه‌كان ، دووركه‌ونه‌وه ، ده‌مه‌وێ زیاتر خۆر لێمبدا! ))
كه‌چی ئه‌مڕۆ
به پێچه‌وانه‌وه كه‌مینیان بۆ داده‌نێمه‌وه
به‌ڵكو بۆ موده‌تێك بێنه لام و
تۆزێك سێبه‌ربن به ده‌ورمه‌وه .
كاتی خۆی دوای حه‌قیقه‌تی تاڵ كه‌وتبووم
وه‌لێ ئێستا ده‌ستم بۆ ئه‌ڵقه‌كانی زوڵفی رێكه‌وته بردووه
وه‌ك ده‌ستخه‌رۆدانی منداڵێك و بردنی
هه‌ر ئاواش رێكه‌وت هاوڕێم بێت و ده‌ستخه‌رۆشی بكه‌م
ده‌مه‌وێ ئه‌مڕۆ میواندار بم
بگره نسیب له خۆم ته‌ره نه‌كه‌م و چزووی پیا نه‌كه‌م
ئێستا چیتر زه‌رده‌شت سه‌رسه‌خت نییه
چون بایه‌كی گه‌رم و توێنه‌ره‌وه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندان
بۆته جیلوه‌ی هێمنی و ئارامی .
ئه‌و ئێستاش له كوێستانه‌كه‌یدا له چاوه‌ڕوانیدایه
ته‌نها جیاوازی ئه‌وه‌یه
كه ئێستا له دونده‌كان دابه‌زیوه .
له به‌سته‌ڵه‌كه زیندووه‌كان زۆرتر چۆته پێش
ماندوو و خۆشحاڵه
خوڵقێَنه‌رێكه
خه‌ریكه حه‌وته‌مین ڕۆژی ئافراندن تێده‌په‌ڕێنێ .
خامۆش!
ڕاستییه‌ك هاوشێوه‌ی هه‌وره ڕه‌شه‌كان
له‌ژوور سه‌رم هاموشۆ ده‌كا
له دڵی هه‌وره‌وه
بروسكه‌یه‌كی ون شریخه ده‌دا
ڕاستی یاغر یاغر له قاڵدرمه فراوانه‌كانه‌وه ڕووه و من دێت :
وه‌ره ! ئه‌ی حه‌قیقه‌تی ئازیز
وه‌ره ! ئه‌مه حه‌قیقه‌تی منه .
به دوو چاوی غه‌مگین
دڵگیرانه نیگام ده‌كا و
نیگاكانی هه‌ست بزوێن و سه‌ره‌نجڕاكێشن
ده‌ڵێی نیگای كچه لاوه‌كانن .
پێموایه هه‌ستی به نهێنی به‌خته‌وه‌ربوونی من كردووه
هه‌ستی به‌وه كردووه
وه‌ك بڵێی من له دونده‌وه دابه‌زیوم
بۆیه ئاوا هێمن و له‌سه‌ره‌خۆم
ده‌ڵێی له‌ودیو بینینه‌كانی ده‌عبایه‌كی گوڵ ڕه‌نگ
له هه‌مبه‌ر مندا ده‌می لێكردۆته‌وه .
خامۆش ! , چونكه ڕاستیی من له دوواندایه :
– ماڵت خرا بێت زه‌رده‌شت!
ده‌ڵێی ئه‌و مرۆڤه‌ی كه (زه‌رناب)ی قووت داوه
له كۆتایدا ورگت هه‌ڵده‌دڕن بۆ ده‌رهێنانی زێڕ ! .
زه‌رده‌شت! , تۆ زیاد له پێویست به توانای
بێئه‌ندازه خه‌ڵك سه‌رسام ده‌كه‌ی و وایان لێده‌كه‌ی حه‌سوودیت پێببه‌ن.
من له به‌رامبه‌ر شه‌وقی دڵگیرتدا خۆم ناگرم
هاوار بۆ سێبه‌ر ده‌به‌م و هه‌ڵده‌له‌رزم
ده تۆ بڕۆ به توانا , بڕۆ
ئه‌ی زه‌رده‌شت! , له خۆری خۆت دووركه‌وه!
ده‌ته‌وێ نووری زیاده‌ت ببه‌خشیه ئه‌وانیتر به مشتان
وه‌لێ ئه‌وه‌ی زیاده خودی تۆیه!
ئه‌ی به توانا وریابه
ئه‌گه‌ر مه‌یلی به‌خشینت هه‌بوو
له خۆته‌وه ده‌ستپێبكه
زه‌رده‌شت
خۆت ببه‌خشه !.
قسه‌كردن له بازنه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا له‌سه‌ر شیعری فه‌یله‌سوفێك له ڕوانگه‌ی ژیان و ئه‌زمونی فه‌لسه‌فی ئه‌و فه‌یله‌سوفه خۆیه‌وه , ئه‌و هه‌وڵه‌یه ده‌یده‌ین له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ماندا . باسی ئه‌و ناكۆكییانه ده‌كه‌ین له‌نێوان (دیدی فه‌لسه‌فی ) و (دیدی شیعری )دا هه‌ن له فه‌زای تێكستێكی شیعریدا ( ده‌شێ ئه‌و ناكۆكییانه گه‌مه‌یه‌كی شیعری بن ) , ئه‌مه سه‌ره‌ڕای شیكردنه‌وه‌ی شیعره‌كه و باسكردنی ڕوانگه شاراوه‌كانی ده‌قه‌كه و ئاشكراكردنی چه‌ند تێڕوانینی خۆمان بۆ هه‌ندێ چه‌مك و بابه‌ت . ئایا بۆ نووسه‌ریك كه خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیه‌تی و فه‌لسه‌فه‌كارێكی ئه‌دیبه , ڕه‌وایه ئه‌وه‌ی ده‌یگوازێته‌وه نێو ده‌قه‌كه‌یه‌وه دژ بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كا ؟ . له ڕوانگه‌ی قه‌سیده‌ی (هه‌ژاریی به‌هێز)ی (نیتشه)ه‌وه كه یه‌كێكه له شیعره‌كانی (زه‌رده‌شت),وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره و چه‌ند پرسیاری تر ده‌ده‌ینه‌وه , له ئێستاوه ده‌ڵێم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ( به‌ڵێ)یه , وه‌لێ مه‌رجێكیش هه‌یه له‌پاڵ ئه‌و (به‌ڵێ)یه‌دا كه بریتییه له بوونی گه‌مه‌یه‌كی شیعری . خودی قه‌سیده‌كه په‌یوه‌سته به مانا په‌نهانه‌كانه‌وه . بۆ شاردنه‌وه‌ی ماناكان پێویستیمان به كه‌ره‌سته‌ی ئاشكرا هه‌یه . شاردنه‌وه‌ی ماناكان له به‌رگی بێمانایدا پێویستی به تێگه‌یشتنی ته‌واو هه‌یه له بابه‌تی مانا و بێمانایی , ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش ده‌سه‌لمێنێ , خودی تێكسته نووسراوه‌كه‌یه , تێكست هه‌یه له‌دوای خۆی دۆزه‌خێكمان پێده‌به‌خشێ كه سووتێنه‌ری به‌هه‌شته , سووتانی به‌هه‌شت به ئاگری دۆزه‌خێكی سووتاو و كرده‌ی تریش كه ده‌ق ده‌یانخوڵقێنێ , مایه‌ی ئه‌وه‌ن به وردییه‌كی زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێكستدا بكه‌ین و ده‌ستی پێوه بگرین .
مانا هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی بێماناییه‌كی ڕووته , وه‌كو مانایه‌كی تۆقێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێ , تۆقاندن كرده‌یه‌كه مانای بێ‌مانا هێنایه پێشه‌وه , خودی تۆقاندنه‌كه‌ش زاده‌ی بێماناییه‌كه مانا ته‌حه‌كومی پێوه ده‌كا . (مانا) هه‌یه هه‌وڵی به‌خشینی خۆی به بێمانایی ده‌دا (به‌خشینی مانا به بێمانایی) , وه‌لێ بێگومان له‌پشت هه‌موو مانا و هه‌موو بێماناییه‌كیه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می ماناش بێت , نووسه‌رێك هه‌یه له ئانی به‌ركه‌وتن به تێكست .
(نیتشه) زیاتر وه‌كو فه‌یله‌سوفێك باسی ده‌كرێ تا وه‌كو ئه‌دیبێك , به پێچه‌وانه‌ی (گۆته)ه‌وه كه وه‌كو ئه‌دیبێك باسی ده‌كرا تا وه‌كو فه‌یله‌سوفێك .پێموایه (گۆته) فه‌یله‌سوف نه‌بوو , ته‌نها خاوه‌نی ئه‌ده‌بێكی ئاوێته‌كراو به پنتی فه‌لسه‌فی بوو , ئه‌مه‌ش به‌س نییه بۆ بوون به فه‌یله‌سوف , له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ترمدا له‌سه‌ر چیرۆكی (په‌یكه‌ری ست ڕافۆن)ی (كاروان كاكه‌سوور) , باسی ئه‌و بابه‌ته‌م كردووه: (گۆته) فه‌یله‌سوف نه‌بوو , ئه‌و له هیچ زانكۆیه‌كدا كاری وانه‌بێژی نه‌كردووه و قوتابخانه‌ی فیكری سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه , گه‌رچی هزری ئه‌و كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه , به‌تایبه‌تی هزری (گۆته) له هۆنراوه دراماتیكییه‌كانی نێو (فاوست)دا كه به فه‌لسه‌فه‌ی ژیان ناوده‌بردران(1).
شیعریه‌تی (نیتشه) بۆ (نیتشه) خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه . ئه‌وكاته‌ی فه‌یله‌سوف بڕیار ده‌دا شیعر بنووسێ و ئه‌و بڕیاره‌ش جێبه‌جێده‌كا , نابێت فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆی له یاد بكا , گواستنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌كه به ڕووتی بۆ نێو بازنه‌ی شیعره‌كه داواكراو نییه , خودی فه‌لسه‌فه‌كه پێویستی به‌وه هه‌یه به‌شیعری بكرێ (به‌شیعریكردنی فه‌لسه‌فه) , پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته (به‌فه‌لسه‌فیكردنی شیعر) , بۆیه ئێمه له خواره‌وه‌دا كه باسی ناكۆكییه‌كه ده‌كه‌ین , مه‌به‌ستمان نییه باسی دیوێكی خراپی شیعری (نیتشه) بكه‌ین , گه‌ره‌كمانه باسی خودی ناكۆكییه‌كه بكه‌ین , ناكۆكییه‌ك , له هه‌ندێك ئاستدا بوونی پێویسته له ئانی نووسرانی شیعردا . ده‌شێ ئه‌دیبیش خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی خۆی بێت له فه‌زا ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا , ئه‌وه‌تا (كافكا ) وه‌كو نموونه‌یه‌ك چاویلێده‌كرێ . فه‌لسه‌فه‌كاری ئه‌دیبیشمان هه‌ن , (سارته‌ر) و (جان جاك ڕۆسۆ ) وه‌كو دوو نموونه . به كورتی فه‌لسه‌فه تایبه‌ت نییه به فه‌یله‌سوفان و هه‌موو ئه‌وانه‌شی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیانیان هه‌یه فه‌یله‌سوف نین .
(نیتشه) مه‌به‌ستی بوو شۆڕش بكات له ئاكار و هونه‌ر و به‌هاكانی تردا , ته‌نانه‌ت له‌و ئاسته‌دا (خود) دیدی خۆی هه‌بووه بۆ (ئه‌ویتر) , ئه‌گه‌ر ئه‌و خوده (نیتشه) بێت و ئه‌ویتره‌كه (واگنه‌ر) بێت . (نیتشه) له كتێبی (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)دا دژی (واگنه‌ر) ده‌وه‌ستێته‌وه , ئه‌و كتێبه‌ی مه‌رگ مه‌ودای (واگنه‌ر)ی نه‌دا بیخوێنێته‌وه . ئاهه‌نگه‌كانی (واگنه‌ر) له (به‌یروت), (نیتشه)یان تووشی نائومێدی كرد , دواتر ئه‌و نائومێدییه گه‌شه ده‌كا له شوێنێكی تردا . كه‌واته (نیتشه) هه‌وڵی گۆڕینی دونیای داوه له فه‌لسه‌فه‌دا و ئه‌ویتریش نه‌یتوانیوه ساردی بكاته‌وه , جا ئه‌و ئه‌ویتره (واگنه‌ر) بێت یان هه‌ر كه‌سێكی تر , به‌ڵام ئایا خودی شیعری (نیتشه) ده‌كه‌وێته كوێی فه‌لسه‌فه‌ی (نیتشه)ه‌وه كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كه بانگه‌شه‌ی گۆڕان ده‌كا ؟ . ئه‌وا له خواره‌وه قه‌سیده‌ی ( هه‌ژاریی به‌هێز)ی (نیتشه) ده‌خه‌ینه به‌ر باس و خواس :
((ئه‌وا ده ساڵ گوزه‌ریكردووه
وه‌لێ تاقه دڵۆپه بارانێك ته‌ڕینه‌كردووم
شنه‌بایه‌كی فێنك به‌رم نه‌كه‌وتووه
شه‌ونمێكی عیشق نه‌نیشتۆته سه‌ر دڵم
چونكه له‌و شوێنه وشكه‌دا باران قاتییه …))
(دووركه‌وتنه‌وه) له‌و پارچه شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌دا پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه , ئه‌گه‌ر تا ئێستا خود دووركه‌وتبێته‌وه له ئه‌ویتر , ئه‌مجاره‌یان ئه‌ویتر دوورده‌كه‌وێته‌وه له خود و په‌راوێزی ده‌خا . دڵۆپه باران كه ڕۆڵی ئه‌ویتر ده‌بینێت , دوورده‌كه‌وێته‌وه له خود و كه‌ره‌سته‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌كه‌ش بریتییه له (ته‌ڕنه‌كردن) , ته‌ڕنه‌كردنی خود و دانه‌كردن به‌سه‌ر سه‌حرای ڕۆحی (خود)دا و هێشتنه‌وه‌ی خود له سه‌حرادا , وا ده‌كه‌ن دوا جار شاعیر بارودۆخه‌كه (فه‌زا گشتییه‌كه) به فه‌زایه‌كی داخراو و به‌د ناوزه‌د بكا : (لێره باران قاتییه) , هه‌مان شتیش بۆ شنه‌بای فێنك و شه‌ونمی عیشق , ئه‌وكاته‌ی له شاعیر دوورده‌كه‌ونه‌وه , شاعیر نزیكده‌كه‌وێته‌وه له بابه‌تی بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و فه‌زایه‌ی دڵۆپه باران و شنه‌بای فێنك و شه‌ونمی عیشقی له خۆ گرتووه , فه‌زای گشتیش له‌و ئانه‌دا وه‌كو فه‌زایه‌كی داخراو ده‌رده‌كه‌وێ كه ژیان تیایدا بریتییه له جۆرێك له گاڵته‌كردن به مانه‌وه . خود له شیعره‌كه‌دا هه‌وڵی گۆڕین ده‌دا , هه‌وڵده‌دا له تراژیدیا دووربكه‌وێته‌وه , وه‌لێ گه‌ره‌كی نییه به‌ره‌و خۆشبه‌ختی ڕووت بڕوا , هه‌ر به ته‌نها ده‌یه‌وێ دووربكه‌وێته‌وه له‌و تراژیدیایه‌ی فه‌زای گشتی تووشی كردووه و هه‌وڵی گۆڕینی قه‌ده‌ر بدا , ئه‌مه‌ش دژه له‌گه‌ڵ دیدی (سۆفۆكلیس) له (ئۆدیبی پاشا)دا كه پێیوایه گۆڕینی تراژیدیا مه‌حاڵه و تراژیدیا چاره‌نووسی بوونه , ئه‌وه‌تا (ئۆدیب) هه‌وڵی گۆڕینی چاره‌نووسی ده‌دا و هه‌مان چاره‌نووسیش چاوه‌ڕێیه‌تی نه‌ك چاره‌نووسێكی تر . لای (نیتشه) بۆچونێكی میتافیزیكی گه‌ڕاوه بۆ (شۆپنهاوه‌ر) هه‌یه , ڕاستی بوون یه‌كسانه به (ویست) و (هۆش)یش وه‌كو جه‌وهه‌ری بیره‌كان , ڕووخسار و به‌رگی ئه‌و ڕاستییه‌ی بوونه . (له‌دایكبوونی تراژیدیا) به‌رهه‌می یه‌كه‌می (نیتشه) بوو كه بووه فاكته‌ری هاوڕێیه‌تی (نیتشه) و (واگنه‌ر) . ئه‌وكاته‌ی (نیتشه) له تراژیدیا ده‌دوێ , پشت ده‌به‌ستێ به تێگه‌یشتنی بۆ واتای بوونی مرۆڤ , به‌بێ ئه‌وه‌ی بوونی خۆی كردبێته سه‌نته‌ر. ئه‌وه‌تا له خواره‌وه خود هه‌وڵی گۆڕینی تراژیدیا ده‌دا , به‌وه‌ی ڕووی خۆی بۆ لای ( هۆش) وه‌رده‌گێڕێ :
((ئه‌ی هۆشی من
ئێستا ڕووم بۆ لای تۆ وه‌رده‌گێڕم
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌كمه لێتبپاڕێمه‌وه
له‌و مه‌وسیمه وشه‌كه‌دا
پیشه‌ت وشكی نه‌بێت .))
دوای ئه‌وه‌ی (نیتشه) له قه‌سیده‌كه‌یدا به‌ر تراژیدیا ده‌كه‌وێ و بێ‌ئومێد ده‌بێت له‌و فه‌زا گشتییه‌ی هه‌مووان ده‌خنكێنێ و خۆی به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه , كوتاڵی خۆی ده‌كاته كفن بۆ هه‌مووان و خۆی گۆڕستانه , هه‌موو دره‌خته‌كان ده‌بڕێته‌وه و خۆی باخچه‌یه , هه‌موو ئه‌ستێره‌كان ده‌كوژێ و خۆی ئاسمانه , ئه‌و فه‌زا گشتییه كه هه‌موو شتێكه و هیچیش نییه , وا له (نیتشه) ده‌كا له شیعره‌كه‌یدا نائومێدبێت و هه‌وڵی گۆڕینی بارودۆخه‌كه (تراژیدیایه‌كه) بدا و بگه‌ڕێته‌وه بۆ هۆشی خود : ((ئێستا ڕووم بۆ لای تۆ وه‌رده‌گێڕم)) , یانی تا ئێستا شاعیر پشتی له هۆش كردووه و له بازنه‌ی جۆرێك له ناخودئاگایدا ژیاوه , وه‌لێ ئه‌وه بێئومێدییه وا له شاعیر ده‌كا بگه‌ڕێته‌وه بۆ هۆشی خۆی و پشت له ناخودئاگاییه‌ك بكا كه به‌سترابوویه‌وه به فه‌زای گشتییه‌وه , ئینجا له‌وێوه شاعیر ده‌توانێ جوانتر شته‌كان ببینێ و پێناسیان بكا و قسه‌ی خۆی بكا له ئاستیاندا . هه‌ڵبه‌ت ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ ڕوو له هۆشی خۆی ده‌كا , زیاتر هۆشیاره و ئه‌و هۆشیارییه‌ش وا ده‌كا بڕیاره‌كانی دروستتر بن , هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بینرێ له شیعره‌كه‌دا , شاعیر دوای ئه‌وه‌ی بێ‌ئومێد ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆی (بۆ هۆش ) , هاوكات بڕیاری گۆڕانكاریش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێته پێشه‌وه , ئه‌وه‌تا داوا له خۆی (له هۆش) ده‌كا چیتر پیشه‌ی وشكی نه‌بێت , ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه شاعیر له ئانی خۆبه‌ستنه‌وه به ناخودئاگاییه‌وه , جۆرێك له وشكی ڕووی تێكردووه كه په‌یوه‌ندی به نه‌بارینی باران و هه‌ڵنه‌كردنی با و نه‌نیشتنه‌وه‌ی شه‌ونمی عیشقه‌وه هه‌یه , لێره‌وه‌یه شاعیر پێیوایه نابێت چیتر ئه‌و خوده بێئاگایه حاڵه‌تی خۆی نه‌گۆڕێ و ده‌بێت بڕیاری گۆڕان بدا , هه‌ر خود (خودی شاعیر) خۆی ئه‌و بڕیاری گۆڕانه به‌سه‌ر خۆیدا ده‌سه‌پێنێ .ئه‌وه‌ی لێره‌دا هه‌ستی پێده‌كرێ , كه‌وتنه به‌ر سێبه‌ری ئازاره‌كانه , مرۆڤ له سێبه‌ری ئازاردا بیر له ئازار ده‌كاته‌وه و پۆلێنی ده‌كا بۆ باش و خراپ . (شۆپنهاوه‌ر) ئازاری به خراپ داده‌نا و (نیتشه)ش به باش(2) . دیدی دیونیزوسی (نیتشه) بۆ ژیان سه‌رچاوه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی (شۆپنهاوه‌ر)ه , چونكه نۆرینگی یه‌كه‌می ڕۆحی دیونیزوسی و وجودی ژیان له ئازاردایه , (شۆپنهاوه‌ر) ئه‌و ئازاره‌ی به سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی داده‌نا و لای ئه‌و پێویستی نه‌بوو بۆ مرۆڤ و مرۆڤ به بێ ئازار ده‌توانێ باشتر بژی . لای (نیتشه) ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و ژیان جوانتر ده‌كا و مرۆڤ پێویستی به ئازاره , ئه‌مه‌ش دژه له‌گه‌ڵ بۆچونی (شۆپنهاوه‌ر) له مه‌سه‌له‌ی ئازاردا .
((من له تۆ داواده‌كه‌م هه‌ر خۆت ببیته
شنه‌ی گیانپه‌روه‌ر و شه‌ونمی سه‌ره‌نجڕاكێش و
بارانی ژیانهێنه‌ری من .
كاتی خۆی فه‌رمانم به هه‌وره‌كان ده‌كرد
له كوێستانه‌كانی من دووربكه‌ونه‌وه
من ده‌مگوت :
((ئه‌ی سێبه‌ره تاریكه‌كان ، دووركه‌ونه‌وه ، ده‌مه‌وێ زیاتر خۆر لێمبدا! ))
كه‌چی ئه‌مڕۆ
به پێچه‌وانه‌وه كه‌مینیان بۆ داده‌نێمه‌وه
به‌ڵكو بۆ موده‌تێك بێنه لام و
تۆزێك سێبه‌ربن به ده‌ورمه‌وه .))
پاش ئه‌وه‌ی شاعیر دڵنیاده‌بێته‌وه له‌وه‌ی پشتی له نائاگاییه‌كه‌ی كردووه و ڕووی له هۆشی خۆی كردووه , بڕیاره‌كانی خۆی ده‌دا و داواكارییه‌كانی خۆی ئاڕاسته‌ی خۆی ده‌كا (ئاڕاسته‌ی هۆش) , وه‌كو ده‌ریایه‌ك بیه‌وێ شه‌پۆڵه‌كانی ڕابێنێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئازاری ئه‌وانیتر نه‌ده‌ن , چون مه‌یته‌رێك بیه‌وێ ئه‌سپه‌كانی ڕابێنێ زیان به ئه‌سپسواره‌كان نه‌گه‌یه‌نن , چون دارستانێك داره‌كانی ڕابێنێ سێبه‌ربن به‌سه‌ر ئه‌و ڕێبوارانه‌ی ڕووی تێده‌كه‌ن , به‌و واتایه‌ی , خود دوای ئه‌وه‌ی پشت له ناخودئاگاییه‌كه‌ی ده‌كا , ده‌بێته (خودێكی چاكه‌خواز ) ئه‌گه‌ر بۆ زه‌مه‌نێكی كورتیش بێت , ده‌كرێ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ش گۆڕان به خۆیه‌وه ببینێ . خود له خۆی (له هۆشه‌كه‌ی) داوا ده‌كا ببێته شنه‌ی گیانپه‌روه‌ر و شه‌ونمی سه‌ره‌نجڕاكێش و بارانی ژیانهێنه‌ر , داوای لێناكا ببێته پڵینگی بریندار و نێچیر ڕاوبكا , داوای لێناكا ببێته ورچی خه‌واڵوو و هه‌موو شتێك بێ نرخ بكا , داوای لێناكا ببێته زێوانێك و مردووه‌كان بخوا و بانگه‌شه‌ی بینینی مردووێك بكا كه ڕقی له چاكه‌یه , ئه‌و داوا له خود ده‌كا ئه‌گه‌ر بوو به هه‌ر شتێك , ڕۆحێكی چاكه‌خواز بێت , بۆ نموونه (نموونه‌یه‌ك له دیدی خۆمانه‌وه) , ئه‌گه‌ر قه‌راره ببێته زێوان , ئه‌وا ده‌بێت بانگه‌شه‌ی بینینی مردووێك بكا كه چاكه‌ی خۆشده‌وێ , مردووه‌كان نه‌خوا , به‌ڵكو خۆراكی خۆی له‌گه‌ڵیان دابه‌ش بكا , به‌ڵام پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه : شاعیر داوا له هۆشی خۆی ده‌كا چاكه له‌گه‌ڵ كێدا بكا ؟ . هه‌ڵبه‌ت چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ خود له‌و ئانه‌دا ناكه‌وێته بازنه‌ی ئه‌ویتره‌وه , بۆیه ده‌كرێ له‌و ئانه‌دا خود ئه‌ویتر و ئه‌ویتر خود بێت , شاعیر هه‌ر خۆی وه‌ڵام ده‌داته‌وه :
((من له تۆ داواده‌كه‌م هه‌ر خۆت ببیته
شنه‌ی گیانپه‌روه‌ر و شه‌ونمی سه‌ره‌نجڕاكێش و
بارانی ژیانهێنه‌ری من)) . ده‌ركه‌وت شاعیر داوا له هۆش ده‌كا به‌ر له هه‌ر كه‌سێك چاكه له‌گه‌ڵ (خود)دا بكا , خودێك وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد چۆن بۆته قوربانی فه‌زایه‌كی گشتی كه وای له وه‌سیله‌كان كردووه جانه‌وه‌ری دڕه‌نده بن بۆ شاعیر , بۆیه وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نییه چاكه له‌گه‌ڵ (خود)دا بكا , شاعیر داوا له هۆشی خود ده‌كا چاكه له‌گه‌ڵ (خود)دا بكا . شاعیر هه‌ر به ته‌نها فرمان به هۆش ناكا و هه‌ڵبێت , به‌ڵكو بۆشی ده‌سه‌لمێنێ هه‌ر به ڕاست شایسته‌ی ئه‌و یارمه‌تیدانه‌یه و كه‌سێكه هه‌مووان پشتیان تێكردووه و ئیتر نابێت خود ( هۆشی خود) پشتی تێبكا , ئه‌گه‌رچی شاعیر له سه‌ره‌تادا خۆی پشتی له هۆشی خۆی كردبوو و بێئومێدی وایلێكرد ڕووی وه‌رگێڕێ. شاعیر بۆ ئه‌و ئاگاییه‌ی خۆی باسی ئێستا و ڕابردوو ده‌كا , بۆی باسده‌كا چۆن له ڕابردوودا ئه‌وه‌نده بێمنه‌ت بووه , داوای له هه‌وه‌كان كردووه لێی دووربكه‌ونه‌وه , وه‌لێ ئێستا دوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌وان, پێویستی به دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه , له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ناگه‌ڕێته‌وه , ناچاره كه‌مینیان بۆ دابنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه خاڵی سه‌ره‌تا (بۆ لای شاعیر) , ئه‌مه‌ش ڕووبه‌ڕووی دوو ئاماژه‌مان ده‌كاته‌وه , ئاماژه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه خود هه‌ڵه‌ی كردووه به‌رامبه‌ر هه‌وره‌كان و ئێستا له پێناوی خود خۆیدا نه‌ك له پێناوی هه‌وره‌كان , هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌وره‌كان ده‌دا . ئاماژه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه هه‌وره‌كان فره مانان و ده‌كرێ گوزارشت بن له شتگه‌لی تریش , بۆ نموونه له كۆمه‌ڵێك مرۆڤی سپی , یان له كۆمه‌ڵێك كه‌شتی كه هه‌ڵگری مرۆڤی سپین , بۆیه ده‌كرێ بڵێن : له‌نێو هه‌وره‌كانی (نیتشه)دا مرۆڤی سپی هه‌ن . دواتر گه‌مه‌كه فراوانتر ده‌بێت و شاعیر باسی ئه‌وه ده‌كا بۆ داوای له هه‌وره‌كان كردووه دووربكه‌ونه‌وه , وه‌ڵامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه پێشتر حه‌زی له خۆر بووه و ئێستا بێزاره له‌و خۆره‌ی خۆر نییه و فانۆسێكی بێكه‌ڵكه , بۆیه دوای ئاشكرابوونی بچمی ڕاسته‌قینه‌ی خۆر , شاعیر كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانه ده‌كا ئه‌نتی خۆر بوونه و ڕێگربوونه له به‌رده‌م گه‌یشتنی خۆری زیاتر به خود .
هه‌ست به جۆرێك له خۆ په‌رستی كرا , شاعیر له پێناوی خۆی داوا له هه‌وره‌كان ده‌كا بگه‌ڕێنه‌وه , ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه خودییه‌ی ده‌بینرێ له شیعره‌كه‌دا , له ژیانی (نیتشه) خۆیدا هه‌ستی پێناكرێ , ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه (نیتشه) ویستوویه‌تی گه‌مه‌یه‌كی شیعری بخوڵقێنێ , ئه‌گینا (نیتشه) تا كۆتایی خۆی نه‌به‌سته‌وه به نازییه‌كانه‌وه و دیدی خۆی نه‌شارده‌وه له‌ژێر ته‌متومانی ئایدۆلۆژی ئه‌وانه‌وه , ئه‌گه‌رچی (ئه‌لیزابێت)ی خوشكی دوای مردنی (نیتشه) خیانه‌تی له فیكری (نیتشه) كرد و (هیتله‌ر)ی بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كه‌ی بانگ كرد , وه‌لێ دیدی (نیتشه) تا ئێستاش له زۆر ئاستدا جێگای بایه‌خه , پێشتریش هه‌ر ئاوابوو , ئه‌وه‌تا (هایدگه‌ر) وه‌كو بیرمه‌ندێك كه له ڕوانگه‌ی دیده فه‌لسه‌فییه‌كانیه‌وه هه‌وڵیداوه بیر و دیرۆكی بیر بۆ به‌ڵگه و شیكاری ڕاسته‌قینه‌ی پڕۆژه ئه‌نتۆلۆجییه‌كه‌ی خۆی بخاته گڕ , وانه‌ی نرخداری هه‌یه له باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی (نیتشه)ه‌وه , ئه‌گه‌رچی دواتر نازییه‌كان دژی (هایدگه‌ر) ده‌وه‌ستنه‌وه . فه‌له‌سه‌فه‌ی (نیتشه) گرینگی خۆی هه‌یه ئه‌وكاته‌ی قسه دێته سه‌ر (كامۆ) و (سارته‌ر) و بیرمه‌ندانی بوونخوازی و پاش بوونخوازی و هتد .
((كاتی خۆی دوای حه‌قیقه‌تی تاڵ كه‌وتبووم
وه‌لێ ئێستا ده‌ستم بۆ ئه‌ڵقه‌كانی زوڵفی رێكه‌وته بردووه
وه‌ك ده‌ستخه‌رۆدانی منداڵێك و بردنی
هه‌ر ئاواش رێكه‌وت هاوڕێم بێت و ده‌ستخه‌رۆشی بكه‌م
ده‌مه‌وێ ئه‌مڕۆ میواندار بم
بگره نسیب له خۆم ته‌ره نه‌كه‌م و چزووی پیا نه‌كه‌م .))
(حه‌قیقه‌تی تاڵ ) , ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه ده‌كرێ له ئاستیدا بوه‌ستین . هه‌ر به‌ڕاست حه‌قیقه‌تێك هه‌یه تاڵ بێت ؟ . ئێمه پێویستیمان به حه‌قیقه‌ت هه‌یه , كه‌واته حه‌قیقه‌تی تاڵ واتای چییه ؟ . بوونی ئه‌و حه‌قیقه‌ته تاڵه سه‌لمێنراوه و شاعیر ئه‌وه‌نده دڵنیایه له بوونی , دوای كه‌وتووه له ڕابردوودا , وه‌ك چۆن دایك دڵنیایه له پارچه‌كانی ڕۆحی خۆی كه ڕۆڵه‌كانیه‌تی , وه‌ك چۆن كوێرێك دڵنیایه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر گۆچانه‌كه‌ی لی َبسه‌نن ناتوانێ ڕێ بكا , ئاواش شاعیر له شیعره‌كه‌دا دڵنیایه له‌وه‌ی له ڕابردوودا حه‌قیقه‌تی تاڵ به‌شێك بووه له ژیانی و بێ ئه‌و له‌و كوێره چووه ناتوانێ ڕێ بكا , وه‌لێ ئه‌وكاته‌ی ئێستا جێگای ڕابردوو ده‌گرێته‌وه, هاوكێشه‌كان گه‌ڵا ده‌گرن و گه‌ڵاكانیش قسه‌یه‌كی تر ده‌كه‌ن (هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕێن ) .
هه‌میشه مرۆڤ دوای گۆڕانه گه‌وره‌كان كه ڕوو له ژیانی ده‌كه‌ن , ژیانی له‌نێوان دوو به‌ره‌ی دۆزه‌خ و به‌هه‌شتدا , باش و خراپ‌دا , پیرۆز و نه‌فره‌تلێكراودا دابه‌ش ده‌بێ , ئه‌وه‌تا شاعیر بارگه‌ی خۆی له سه‌رزه‌مینه یه‌كه‌مییه‌كه‌یه‌وه كه هه‌ر خۆی خوڵقاندویه‌تی , ده‌گوازێته‌وه بۆ سه‌رزه‌مینه دووه‌مییه‌كه و فه‌زا دووه‌مییه‌كه كه هه‌مان فه‌زا یه‌كه‌مییه‌كه‌یه و گۆڕاوه , گۆڕانی فه‌زاكه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه به گۆڕانی خوده‌كه‌وه , ئه‌وكاته‌ی خود چیتر دوای حه‌قیقه‌تی تاڵ ناكه‌وێ و ده‌بێته هاوڕێی ڕێكه‌وته و كار بۆ ده‌ستخه‌رۆدانی ڕێكه‌وته ده‌كا , گۆڕانی فه‌زاكه تۆماتیكی ده‌بێت .
ده‌ربڕینێكی سه‌ره‌نجڕاكێشتر ئه‌مه‌یه : ((وه‌ك ده‌ستخه‌رۆدانی منداڵێك و بردنی)) , ئه‌و په‌یوه‌ندییه چییه له‌نێوان ده‌ستخه‌رۆدانی ڕێكه‌وته و ده‌ستخه‌رۆدانی منداڵدا هه‌یه ؟ , ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه منداڵ ئاسانتر ده‌ستخه‌رۆ ده‌درێ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ مرۆڤێكی كامڵ (مرۆڤی كامڵ له ئاستی ته‌مه‌ندا , ئه‌گینا منداڵیش مه‌خلوقێكی ناكامڵ نییه) , بۆیه شاعیر هه‌وڵده‌دا ڕێكه‌وته بكاته منداڵ و سیفه‌ته‌كانی نزیك بكاته‌وه له سیفه‌تی منداڵ (ئه‌و سیفه‌تانه‌ی دوا جار ده‌ستخه‌رۆدان ئاسان ده‌كه‌ن ) , ئینجا ده‌ستخه‌رۆی بدا , شاعیر هه‌ستی به‌وه كردووه كه مرۆڤی كامڵ ده‌ستخه‌رۆدانی قورسه , بۆیه ئه‌ویش ده‌یه‌وێ ڕێكه‌وته بچوێنێت به منداڵ و ئینجا ده‌ستخه‌رۆی بدا (ئه‌مه ڕێگاكه‌ی بۆ كورت ده‌كاته‌وه ) .
له سه‌ره‌وه‌دا چه‌ند جارێك وشه‌ی (هێز) مانیفێست بوو , كرده‌ی ده‌ستخه‌رۆدان هێزێكی له پشته‌وه‌یه . فه‌لسه‌فه‌ی هێزی (نیتشه) باسی ئه‌وه ده‌كا كه ڕه‌گه‌زی چێژخوازی وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی ئه‌خلاقی شیاوی ڕه‌تكردنه‌وه‌یه( 2) . به‌های كرداری مرۆ ده‌بێت له ڕووی ئه‌ندازه‌ی یارمه‌تییه‌ك چاوی لێ بكرێ , كه ئه‌وان بۆ گه‌یشتن به هێز به كاری ده‌به‌ن . چێژ ئامانج نییه و شتێك نییه مرۆڤ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بدا . له بازنه‌یه‌كدا كه خواستی هێز باڵاده‌سته , چێژ بێ مانایه و ئه‌و شته‌ی بوونێك بۆ هێزێك دروست ده‌كا , هه‌ر ئه‌و شته مانادار و نرخداره . هێز و چێژ گرێدراون به یه‌كتره‌وه , چێژ به بێ هێز هیچه و هێزیش به بێ چێژ هیچتر , مرۆڤ بۆ ئه‌وه هێز به كار ده‌با , تا بگاته چێژ , چێژێك كه ده‌ره‌نجامی هێزه . ئه‌و كاته‌ی شاعیر هێز ده‌كاته كه‌ره‌سته‌ی ده‌ستخه‌رۆدان , چاویشی بڕیوه‌ته چێژێك له گۆشه دووره‌كه‌دا چاوه‌ڕێی ده‌كا .
((ئێستا چیتر زه‌رده‌شت سه‌رسه‌خت نییه
چون بایه‌كی گه‌رم و توێنه‌ره‌وه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندان
بۆته جیلوه‌ی هێمنی و ئارامی .
ئه‌و ئێستاش له كوێستانه‌كه‌یدا له چاوه‌ڕوانیدایه
ته‌نها جیاوازی ئه‌وه‌یه
كه ئێستا له دونده‌كان دابه‌زیوه .
له به‌سته‌ڵه‌كه زیندووه‌كان زۆرتر چۆته پێش
ماندوو و خۆشحاڵه
خوڵقێَنه‌رێكه
خه‌ریكه حه‌وته‌مین رۆژی ئافراندن تێده‌په‌ڕێنێ .))
(زه‌رده‌شت) وه‌كو كاره‌كته‌رێك ئاوێته‌ی فه‌لسه‌فه و شیعری ( نیتشه ) بووه . هه‌ڵبه‌ت شیعر ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی فیكره‌وه , به‌ڵام هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه كه ڕه‌نگه فیكر و فه‌لسه‌فه نه‌توانن كه‌شفی بكه‌ن , ئه‌وه‌ی ده‌توانێ كه‌شفیان بكا خوێنه‌رێكه به به‌له‌می (شیعریه‌ت) گه‌شتی ئاسۆ دووره‌كانی شیعر و قوڵاییه سه‌خته‌كانی شیعری كردبێت .
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌ویتر كه (زه‌رده‌شت)ه , جۆرێكه له قسه‌كردنه له‌سه‌ر خود, به‌و واتایه‌ی وێنه‌ی (زه‌رده‌شت) له‌و پارچه شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌دا نزیك كراوه‌ته‌وه له وێنه‌ی خود (له پارچه‌كانی خواره‌وه‌دا ئه‌مه ده‌گۆڕێ ) , ئه‌وه‌تا وه‌ك چۆن خود له سه‌ره‌تادا كه‌سێكی سه‌رسه‌خت بووه و پشتی له ئاگایی خۆی كردووه و هه‌وره‌كانی له خۆی دوورخستونه‌ته‌وه , (زه‌رده‌شت)یش كه‌سێكی سه‌رسه‌خت بووه و ئێستا بۆته جیلوه‌ی هێمنی و ئارامی . گۆڕانی (زه‌رده‌شت) هۆكاری بۆ هێنراوه‌ته‌وه , وه‌ك چۆن له بابه‌تی گۆڕانی (خود)دا هۆكاره‌كان دیاریكرابوون . گۆڕانی (زه‌رده‌شت) بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه , هۆكارێكیان ناڕاسته‌وخۆیه و (نیتشه) ئاماژه‌ی پێنه‌داوه له شیعره‌كه‌دا , به‌ڵام ئه‌وه‌ی له پشتی وشه‌كانه‌وه هه‌ستی پێده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه كه 🙁 گۆڕانی زه‌رده‌شت به‌رهه‌می گۆڕانی خوده) , هۆكاره‌كه‌ی تر ڕاسته‌وخۆیه و (نیتشه) خۆی ئاماژه‌ی پێداوه , ئه‌ویش خۆی له دابه‌زینی (زه‌رده‌شت) له دونده‌كان و چوونه پێشه‌وه‌ی له به‌سته‌ڵه‌كه زیندووه‌كاندا ده‌بینێته‌وه .
(زه‌رده‌شت) وه‌كو خوڵقێنه‌ر …
(زه‌رده‌شت )ی خوڵقێنه‌ر جیاوازه له‌گه‌ڵ خوڵقێنه‌رانی تر , (زه‌رده‌شت) خه‌ریكی تێپه‌ڕاندنی حه‌وته‌مین ڕۆژی ئافراندنه , خوڵقێنه‌ر خه‌ریكی تێپه‌ڕاندنه نه‌ك خه‌ریكی جێگیركردن و جه‌قبه‌ستوویی , ئه‌مه‌ش خاسیه‌ته جه‌وهه‌رییه‌كه‌یه له كه‌سایه‌تی (زه‌رده‌شتی خوڵقێنه‌ر)دا ئه‌گه‌ر قه‌راربێت (زه‌رده‌شت) له‌و شیعره‌دا چه‌ند كاره‌كته‌رێك بێت له‌نێو یه‌ك كاره‌كته‌ردا . فره بچمی (زه‌رده‌شت) بۆ چه‌ند ئاڕاسته‌یی فیكری (نیتشه) ده‌گه‌ڕێته‌وه . (نیتشه) له شیعره‌كه‌یدا زوو زوو ئاڕاسته‌ی فیكری خۆی گۆڕیوه به بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێ په‌رتبوون و په‌رشوبڵاوی ڕووبدا , زیاتر مه‌به‌ستی گه‌مه‌یه‌كی شیعری بووه .
(( خامۆش!
ڕاستییه‌ك هاوشێوه‌ی هه‌وره ڕه‌شه‌كان
له‌ژوور سه‌رم هاموشۆ ده‌كا
له دڵی هه‌وره‌وه
بروسكه‌یه‌كی ون شریخه ده‌دا
ڕاستی یاغر یاغر له قاڵدرمه فراوانه‌كانه‌وه ڕووه و من دێت :
وه‌ره ! ئه‌ی حه‌قیقه‌تی ئازیز
وه‌ره ! ئه‌مه حه‌قیقه‌تی منه .))
شاعیر داوای خامۆشی ده‌كا له (ئه‌وانیتری نادیار) , چونكه ڕاستییه‌ك بوونی هه‌یه ده‌بێت له ئاستیدا بێده‌نگ بین و لێبگه‌ڕێن ڕاستییه‌كه قسه‌ی خۆی بكا , ڕاستییه‌ك له ژوور سه‌ری شاعیره‌وه هاموشۆ ده‌كا . (له ژوور سه‌رم) ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه ده‌كرێ وه‌كو به‌های ڕاستی چاوی لێ بكه‌ین , ئه‌مه‌ش ناكۆكه له‌گه‌ڵ دیدی فه‌لسه‌فی (نیتشه) بۆ ڕاستی كه ڕاستی به ئازار به‌خش داده‌نا , ئه‌و ناكۆكییه جوانی به‌خشیوه به شیعره‌كه .
ئه‌وه‌ی زیاتر وا ده‌كا دڵنیابینه‌وه له‌وه‌ی ناكۆكی هه‌یه له‌نێوان فیكری فه‌لسه‌فی (نیتشه) و فیكری نێو ده‌قه شیعرییه‌كه‌ی , ئه‌وه‌یه كه (نیتشه) حه‌قیقه‌ت به ئازیز ناوزه‌د ده‌كا : ((وه‌ره ئه‌ی حه‌قیقه‌تی ئازیز)) , وه‌لێ ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا شاعیر خۆی دوای (حه‌قیقه‌تی تاڵ) كه‌وتبێ , ئیستا (حه‌قیقه‌تی ئازیز )خۆی له قاڵدرمه فراوانه‌كانه‌وه ڕووه و ئه‌و دێت , ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه گۆڕانی (زه‌رده‌شت ) و گۆڕانی خود , گۆڕانی حه‌قیقه‌تیان به‌دوای خۆیاندا هێناوه و له (حه‌قیقه‌تی تاڵ)ه‌وه بوو به (حه‌قیقه‌تی ئازیز ) , ئه‌و گۆڕانه دوا جار ده‌بێته په‌راوێزی بابه‌تێكی گرینگتر كه بابه‌تی (گۆڕینه‌كانی خود)ه , خود ده‌توانێ بگۆڕێ و ئاڕاسته‌ی شته‌كان به‌و جۆره‌ی ده‌یه‌وێ دیاری بكا . ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌وه باسی (خودی خوڵقێنه‌رمان) كردبێ , ئه‌وا لێره‌دا باسی (خودی گۆڕه‌ر)مان كرد , كه خودێك بوو توانی شته‌كان بگۆڕێ و لێنه‌گه‌ڕێ بێده‌نگ دابنیشن , خودێك (حه‌قیقه‌تی تاڵ)ی گۆڕی بۆ ( حه‌قیقه‌تی ئازیز ).
((به دوو چاوی غه‌مگین
دڵگیرانه نیگام ده‌كا و
نیگاكانی هه‌ست بزوێن و سه‌ره‌نجڕاكێشن
ده‌ڵێی نیگای كچه لاوه‌كانن .
پێموایه هه‌ستی به نهێنی به‌خته‌وه‌ربوونی من كردووه
هه‌ستی به‌وه كردووه
وه‌ك بڵێی من له دونده‌وه دابه‌زیوم
بۆیه ئاوا هێمن و له‌سه‌ره‌خۆم
ده‌ڵێی له‌ودیو بینینه‌كانی ده‌عبایه‌كی گوڵ ڕه‌نگ
له هه‌مبه‌ر مندا ده‌می لێكردۆته‌وه .))
(حه‌قیقه‌تی ئازیز) وێنای كێشراوه و بۆ خوێنه‌ر وازی لێ نه‌هێنراوه به ئاره‌زووی خۆی وێنای بكا , یان به گوێره‌ی ئاستی تێگه‌یشتنی وێنای بكێشێ . (حه‌قیقه‌تی ئازیز) وه‌كو حه‌قیقه‌تێكی غه‌مگین خۆی مانیفێست ده‌كا , به‌ڵام غه‌مگینێك نیگاكانی هه‌ست بزوێن و سه‌ره‌نجڕاكێشن ( غه‌مگینه‌كه غه‌مگینێكی ئاسایی نییه ) . شاعیر نیگاكانی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ده‌چوێنێ به نیگای كچه لاوه‌كان , ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش تا ڕادده‌یه‌ك ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دیده فه‌لسه‌فییه‌ی (نیتشه) بۆ ژنی هه‌یه .
پێویسته سێكس و جێنده‌ر تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین , یه‌كه‌میان بایۆلۆژییه و دووه‌میان ده‌رونیی – كۆمه‌ڵایه‌تییه , (نیتشه) ڕاسته‌وخۆ باسی ئه‌و جیاوازییه ناكا , وه‌لێ له جیاوازی نێوان (مێبوون ) و (ژن‌بوون) تێده‌گا . لای (نیتشه) نه‌مانی غه‌ریزه‌ی ژنانه, فه‌وتانی ژنه , باسی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بایۆلۆژییه‌ی ژن ده‌كا كه ده‌بێته هێزێك بۆ ژن خۆی ( دیسانه‌وه به‌ر بابه‌تی هێز ده‌كه‌وینه‌وه) ,(سیمون دو بۆڤوار) له‌و ئاسته‌دا قابیلی به‌راوردكردنه له‌گه‌ڵ (نیتشه) . (نیتشه) جیاوازی نێوان (ژن) و (پیاوی) به‌ستۆته‌وه به ڕوانگه‌ی جیاواز و به‌های جیاوازه‌وه , ڕه‌خنه ده‌گرێ له دوالیزمی فه‌لسه‌فی یان میتافیزیكی (دوالیزمی جنسی) , چه‌ند میتۆدێك ده‌خاته ڕوو كه گرینگن و گرینگییه‌كه‌یان ده‌توانێ بگاته چه‌ندین و كون و ئاست و له‌وێوه ئیش له‌سه‌ر چه‌ندین ڕاستی بكا . له (ئه‌ركیۆلۆژیای ئاكار)دا (نیتشه) قسه له‌سه‌ر ئه‌و به‌هایانه ده‌كا كه زیهن به به‌رزتر داده‌نێن به به‌راورد له‌گه‌ڵ له‌ش , له‌وێدا ژنان به له‌شیان جیاده‌كرێنه‌وه , لای (نیتشه) ئه‌و به‌هایانه وا ده‌كه‌ن توشی گوناهبین (3) .
( حه‌قیقه‌تی ئازیز) حه‌قیقه‌تێكی هه‌ستیاره و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌رك به نهێنییه‌كان بكا , ئه‌وه‌تا ده‌ركی به نهێنیی به‌خته‌وه‌ربوونی شاعیر كردووه , وه‌لێ ئه‌و پرسیاره‌ی به‌یان ده‌بێت ئه‌مه‌یه : حه‌قیقه‌ت بۆ غه‌مگینه كه ده‌بینێ خود به‌خته‌وه‌ره ؟ , دواتر ده‌كرێ بپرسین : ئایا ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ئازیزی غه‌مگین كردووه به‌خته‌وه‌ری خوده ؟ , ئایا حه‌قیقه‌تی ئازیز گه‌ره‌كیه‌تی خود به‌خته‌وه‌ر بێت ؟ .
(زه‌رده‌شت) وه‌كو خود
ئه‌مجاره‌یان (زه‌رده‌شت) ده‌بێته خود . خودی (نیتشه) له‌نێو (زه‌رده‌شت)دا ده‌توێته‌وه . ئه‌وه‌ی له دونده‌كانه‌وه دابه‌زیبوو , (زه‌رده‌شت) بوو نه‌ك خود ، وه‌لێ كرداری (له‌نێویه‌كتری توانه‌وه) ئه‌وه‌نده قووڵه , (زه‌رده‌شت) ده‌بێته خود و خودیش ده‌بێته (زه‌رده‌شت) , به ڕادده‌یه‌ك ئه‌و دووانه‌ت بۆ له یه‌كتری جیاناكرێته‌وه .
(دووانه‌یی) قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ له بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆدا , یان له ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا كه (دووانه‌یی ) به‌شێكی گه‌وره‌ی داگیركردووه , وه‌لێ بابه‌تی (دووانه‌یی ) له شیعره‌كه‌دا بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كی دیاریكراوه و خێرا ده‌گۆڕێ , بۆیه ئێمه‌ش زیاتر له‌سه‌ری ناوه‌ستین و لێیده‌گه‌ڕێین .
(( خامۆش ! , چونكه ڕاستیی من له دوواندایه :
– ماڵت خرا بێت زه‌رده‌شت!
ده‌ڵێی ئه‌و مرۆڤه‌ی كه (زه‌رناب)ی قووت داوه
له كۆتایدا ورگت هه‌ڵده‌دڕن بۆ ده‌رهێنانی زێڕ ! .
زه‌رده‌شت! , تۆ زیاد له پێویست به توانای
بێ ئه‌ندازه خه‌ڵك سه‌رسام ده‌كه‌ی و وایان لێده‌كه‌ی حه‌سوودیت پێببه‌ن.
من له به‌رامبه‌ر شه‌وقی دڵگیرتدا خۆم ناگرم
هاوار بۆ سێبه‌ر ده‌به‌م و هه‌ڵده‌له‌رزم
ده تۆ بڕۆ به توانا , بڕۆ
ئه‌ی زه‌رده‌شت! , له خۆری خۆت دووركه‌وه! …))
دیسانه‌وه (نیتشه) داوای خامۆشی ده‌كا له ئه‌وانیتری نادیار , دیسانه‌وه ڕاستی قسه ده‌كا , وه‌لێ ئه‌مجاره ڕاستییه‌كی نه‌ناسراو نییه , به‌ڵكو (ڕاستی خود)ه : (( خامۆش ! , چونكه ڕاستیی من له دوواندایه)) . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ڕاستی خود) له دوواندایه , ئیتر به‌لای خوده‌وه ده‌بێت هه‌مووان بێده‌نگ بن و قسه نه‌كه‌ن (ڕاستی خود قسه ده‌كا ) . ده‌كرێ (ئه‌وانیتری نادیار) تاقه كه‌سێك بووبێت , ئه‌ویش خودی (زه‌رده‌شت)ه , شاعیر داوای له (زه‌رده‌شت) كردبێت بێده‌نگ بێت , وه‌لێ ئه‌مه تێگه‌یشتنه دووه‌مییه‌كه‌ی منه له‌و پارچه شیعره و تێگه‌یشتنه یه‌كه‌مییه‌كه‌م هه‌ر ئه‌وه‌یه له سه‌ره‌تادا باسمكرد , شاعیر داوا له كۆمه‌ڵێك كه‌سی نادیار ده‌كا خامۆش بن , ئێمه ئه‌و كه‌سانه نابینین . خود له ڕێگه‌ی ئه‌و بێده‌نگ كردنه‌وه , ئه‌وان مه‌حكوم ده‌كا به‌وه‌ی گوێ له (ڕاستی خود) بگرن .
ئه‌و مه‌حكومكردنه‌ی خود ده‌كه‌وێته كوێی فیكری فه‌لسه‌فی (نیتشه)ه‌وه؟ , من ده‌زانم لای (نیتشه) هه‌مووان مه‌حكومن به ژیان و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه , دیالۆگه‌كه‌ی نێوان (نیتشه) و دكتۆره‌كه‌یه‌تی له كۆتاییه‌كانی ژیانی (نیتشه)دا , ئه‌و كاته‌ی دكتۆر ده‌یه‌وێ وه‌كو نه‌خۆشێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ (نیتشه) بكا .
ئینجا وه‌سفه گشتییه‌كه‌ی (زه‌رده‌شت) ده‌ستپێده‌كا و شاعیر به ته‌واوی وه‌سفی ئه‌و (زه‌رده‌شت)ه ده‌كا له شیعره‌كه‌یدا له‌پاڵ وشه و ڕسته و ده‌ربڕینه‌كانیدا وجودی هه‌یه , ئه‌و كه‌سێكه تا ئاستی ئیره‌یی پێ‌بردن به‌هێز و سه‌رسامكه‌ره . به ئاشكرا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین خود (حه‌قیقه‌تی خود ) ئیره‌یی ده‌با به (زه‌رده‌شت) , ئه‌مه جگه له‌و ئیره‌ییه گه‌وره‌یه‌ی ئه‌وانیتر به (زه‌رده‌شت)ی ده‌به‌ن . به گه‌ڕانه‌وه بۆ دیدی (نیتشه) له بابه‌تی (به‌زه‌یی)دا , ده‌كرێ قسه له‌سه‌ر دیدی ئه‌و بۆ (ئیره‌یی) بكرێ (نیتشه به‌زه‌یی به خراپ داده‌نا ) . (نیتشه) بانگه‌شه‌ی (مرۆڤی باڵا – سوپه‌رمان) ده‌كا , هه‌ڵبه‌ت (گۆته)ش له‌نێو هۆنراوه دراماتیكییه‌كانی نێو (فاوست)دا وێنای وه‌ها مرۆڤێكی كێشاوه , به‌ڵام ده‌بینین خود وه‌كو كه‌سێكی بێده‌سه‌ڵات كه هه‌ڵده‌له‌رزێ له سێبه‌ردا ده‌رده‌كه‌وێ , ئه‌مه‌ش دژه له‌گه‌ڵ دیدی فه‌لسه‌فی (نیتشه) بۆ مرۆڤ و خود , كه پێیوایه ته‌نانه‌ت خودی به‌زه‌یش بۆ مرۆڤ خراپه و پێویستی نییه .
((ده‌ته‌وێ نووری زیاده‌ت ببه‌خشیه ئه‌وانیتر به مشتان
وه‌لێ ئه‌وه‌ی زیاده خودی تۆیه!
ئه‌ی به توانا وریابه
ئه‌گه‌ر مه‌یلی به‌خشینت هه‌بوو
له خۆته‌وه ده‌ستپێبكه
زه‌رده‌شت
خۆت ببه‌خشه !.))
وه‌ك گوتمان ناكۆكی هه‌یه له‌نێوان دیدی فه‌لسه‌فی (نیتشه) و ئه‌و دیده شیعرییه‌ی (نیتشه) له قه‌سیده‌كه‌یدا ده‌یخاته‌ڕوو , ئه‌وه‌شمان گوت كه ئه‌و ناكۆكییانه گه‌مه‌یه‌كی شیعرین و جوانییان به‌خشیوه به شیعره‌كه . گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕوانگه بێكه‌ڵكه بۆ شیعر دروست بێت كه پێیوایه شیعر ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه (من قه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و دیده‌دا نیم ) , ئه‌وا دیسانه‌وه (ناكۆكی) و هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی په‌یوه‌ستن به ناكۆكییه‌وه , یه‌قه‌مان به‌رناده‌ن له بازنه‌ی شیعره‌كه‌دا , یانی ئه‌گه‌ر حاشامان له بوونی بازنه‌ی فه‌لسه‌فی (نیتشه) كرد كه ئه‌مه تاوانێكی كۆمیدییه , دیسانه‌وه ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین ناجێگیری فیكری ده‌بینه‌وه له بازنه‌ی قه‌سیده‌كه‌ی (نیتشه)دا . وه‌ك بینیمان شاعیر (زه‌رده‌شت) ئه‌وه‌نده به‌رزده‌كاته‌وه , ده‌یگه‌یه‌نێته ئاستێك هه‌مووان به‌خیلی پێده‌به‌ن , وه‌لێ دواتر (خودی خود) ئه‌و مرۆڤه به‌رزكراوه‌یه به بێكه‌ڵك داده‌نێ و داوای لێ ده‌كا ئه‌گه‌ر مه‌یلی به‌خشینی هه‌یه , له به‌خشینی خۆیه‌وه ده‌ستپێبكا . كه‌واته یانی چی تۆ كه‌سێك به‌رزبكه‌یته‌وه و پێشتوابێت بێ كه‌ڵك و زیاده‌یه ؟ . ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له ئه‌زمونی شیعری (نیتشه)دا هه‌ن , قابیلی ئه‌وه‌ن له چه‌ندین گۆشه نیگای جیاوازه‌وه قسه‌یان له‌باره‌وه بكرێ , به داخه‌وه تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی یان بابه‌تێكی ڕه‌خنه‌یم نه‌بینیوه تیایدا ڕه‌خنه‌گرانی كورد به‌و زمانه‌ی كه پێویسته قسه له‌سه‌ر ئه‌زموونی شیعری (نیتشه) بكه‌ن.
سه‌ره‌نج : دوای وه‌رگێڕانی ده‌قی شیعره‌كه‌ی (نیتشه) , ده‌ستكاری فۆڕمی نووسرانه‌كه‌یم كردووه , به مه‌به‌ستی ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و دێرانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كا …
په‌راوێزه‌كان :
(1) بگه‌ڕێوه بۆ : (په‌یكه‌ری ست ڕافۆن ) وه‌كو دوا په‌یكه‌ری نێو كۆنه باخچه‌كه‌ی فیكر , بڵند باجه‌لان , گۆڤاری (نوێ ) ژماره (2) , 2013 …
2- LI tre mine lAfr Ase , Introduzione di :Alessandro Spie Gar , Milano , 2001
(3) زن در تفكر نیچه , نوشین شاهنده , چاپ اول , 1382 , انتشارات قصیده سرا …
بڵند باجه‌لان
سه‌رچاوه‌كان :
1- بهترین اشعار نیچه سروده‌های زرتشت , ت : شجاع ا‌لدین شفا …
2- تاریخ فلسفه غرب , برتراند راسل , ت: دریا بندری …
3- Nietzche , Introduzione di :Alessandro nero ,Milano, 2008…
4- LI tre mine lAfr Ase , Introduzione di :Alessandro Spie Gar , Milano , 2001
5- نیتشه و پاش تازه‌گه‌ری , د. محه‌مه‌د كه‌مال , چاپی یه‌كه‌م , ده‌زگای حه‌مدی , سلێمانی , 2006
6- ایتن جلسون , روح الفلسفه اڵاوروبیه فی العصر الوسیگ , ترجمه : امام عبدالفتاح امام , دار الپقافه للگباعه والنشر , الگبعه الپانیه , القاهره , 1982
7- هه‌ژاریی به‌هێز , فریریك نیتشه , و : بڵند باجه‌لان , ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵ , كه‌ركوك , 2013
سه‌ره‌نج : ئه‌م بابه‌ته له دوا ژماره‌ی گۆڤاری ( ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه