Skip to Content

Tuesday, January 19th, 2021

تێگه‌یشتنێك له‌ نێوان به‌ندیخانه‌ و سزای له‌ سێداره‌دان

Comment



   

به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ,خاوه‌نی كۆمه‌لێ‌ تایبه‌تمه‌ندی دیاری كراوی تێكهه‌ڵكێشه‌,ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌ر تێكستێكی ئه‌ده‌بی ئاماده‌یه‌ ئه‌و هزره‌ ناراسته‌وخۆیه‌یه‌,یان بڵین ئه‌و ده‌رگا دووه‌میه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر راسته‌وخۆ نایدۆزێته‌وه‌ لێره‌دا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رگایه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی خوێنه‌ری چالاك ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك  له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت,بونی خوێنه‌رێكی چالاك له‌ پشت هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ر تێكستێكی ئه‌ده‌بی پێش مه‌رجێكی ته‌واوكه‌ره‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ری تێكسته‌كه‌,یان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بچێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ ده‌قه‌كه‌ی بۆ نوسراوه‌,له‌هه‌موو پنتێكی ئه‌ده‌بدا كۆمه‌ڵی ته‌لیسم خۆیان نمایش ده‌كه‌ن ,له‌و نمایه‌شه‌دا هه‌م زمان و هه‌م فیكرو هه‌م ئێستاتێكا پێش مه‌رجن بۆ دروست بونی به‌رهه‌مێكی باڵاو كامڵ,ئه‌وه‌ی زۆر جێگه‌ی ئیشكاله‌و تا ئێستا ش یه‌كلای نه‌بۆته‌وه‌ ,ئه‌و هێزه‌ ئه‌فسوناویه‌یه‌ كه‌ له‌ پشت هێزی تێرامانی هه‌ر نوسینێكی ئه‌ده‌بیه‌وه‌ن ,ناكرێت ئه‌و هه‌موو هێرشانه‌ له‌ بیر بكرێن كه‌ به‌درێژای مێژوو خراونه‌ته‌ پاڵ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان به‌ تایبه‌ت شیعر كه‌ به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی روكه‌شی عاتیفه‌یی داده‌نرێت,وه‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی تریش له‌ ژێر گوماندابونه‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌موو توانا نائاسایه‌ی كه‌ به‌رجه‌سته‌كراوه‌ له‌ دونیای خه‌یاڵ, یابڵێن هێزی خه‌یاڵ كه‌ تاچه‌ند توانیویه‌تی ولامی هه‌موو ئه‌و ره‌خنانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان گیراون, كه‌ به‌ شتی بَبنه‌ما و دۆگما ئه‌ژماركراون,به‌لام چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی مه‌زن ئه‌و ره‌خنانه‌ به‌توندی به‌رپه‌چ ده‌ده‌نه‌وه‌ جارێكی تر ئه‌وه‌ دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ك هایدگه‌ر ده‌ڵێت ئه‌ده‌ب گه‌وره‌ ترین هێزی رزگاركه‌ره‌,یان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌ده‌ب مه‌یدانی ئه‌زمون و نیشاندانی كرده‌ و نه‌كرده‌كانه‌ له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا.

ده‌مه‌وێت له‌ سه‌ر كورته‌ چیرۆك وه‌ك ره‌گه‌زێكی به‌هێزی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌ نیشان بده‌م كه‌, پێویست بونی كورته‌ چیرۆك له‌كام كۆشه‌نیگاوه‌ په‌لكێشی ناو گه‌مه‌ی دونیا به‌ر فراوانه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌بێت,زۆر نوسه‌ر له‌ئه‌زمونی نوسه‌ربونی خۆیاندا بونه‌ته‌خاوه‌نی ئه‌م جۆره‌ تێكستانه‌,كورته‌ چیرۆك ئه‌گه‌ر له‌ ژێر رۆشنای حساب بۆكردنی پێوه‌ره‌ ئه‌ده‌بیه‌كان بخرێته‌ ته‌رازوه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ خاوه‌نی چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ چیرۆكی درێژو رۆمان و په‌خشان,وه‌ خاوه‌نی رێزمانێكی تایبه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌پانتای ئه‌و رێزمانه‌دا نوسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كورت له‌ چوارچێوه‌ی  كورته‌چیرۆكێكدا زۆرترین ئامانجه‌كانی خۆی بخاته‌ ناو به‌رهه‌مه‌كه‌وه‌,ئانتۆن چیخۆف ,یه‌كێكه‌ له‌و نوسه‌رو ئه‌ده‌ب ناسه‌گه‌وره‌كانی جیهانی تێكستی ئه‌ده‌بی,چیخۆف خاوه‌نی رێبازێكی تایبه‌ته‌ بۆ نوسینی كورته‌ چیرۆك ,ئه‌و نوسه‌ره‌ توانیویه‌تی له‌ سه‌رده‌می خۆیدا گه‌شه‌یه‌كی زۆر باش بخاته‌ ئاستی به‌ره‌و پێشچونی كورته‌ چیرۆك, چیخۆف ئه‌گه‌رچی رێژه‌یه‌كی زۆر كورته‌چیرۆكی نوسی له‌ماوه‌ی ژیانیدا كه‌ به‌نزیكه‌ی 2000 هه‌زار كورته‌ چیرۆك داده‌نرێن,به‌لام له‌هه‌ر به‌رهه‌مێكی توانیویه‌تی مه‌به‌سته‌كانی له‌ سنوری كاره‌كه‌دا جێبكاته‌وه‌,ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی كورته‌ چیرۆك لای چیخۆف ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و توانا بێسنوره‌ی نوسه‌ر خۆی له‌و بواره‌دا,ئه‌و ئه‌گه‌رچی له‌ جۆره‌كانی تری ئه‌ده‌بیشدا به‌توانایه‌ به‌تایبه‌تی له‌ نوسینی درامادا,به‌لام له‌بواری كورته‌ چیرۆكدا  هه‌موو سنوره‌كانی داهێنان كه‌شف ده‌كات ,خۆی ده‌بێته‌ پێشره‌وی ئه‌م جۆره‌ ئه‌ده‌به‌,ئه‌گه‌ر كه‌سێك حه‌ز به‌كورته‌ چیرۆك بكات ناكرێت به‌هیچ جۆرێك ئاشنا نه‌بێت به‌ چیخۆف,چونكه‌ چیخۆف ئه‌م جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ی گه‌یانده‌ لوتكه‌,زۆرینه‌ی كورته‌ چیرۆكه‌كانی چیخۆف هه‌ڵگری ململانێیه‌كی قولن,له‌باره‌ی زۆرێك له‌چه‌مكه‌كانی ژیان و مردن و به‌هاكانی نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه‌,ئه‌مه‌وێت باس له‌كورته‌ چیرۆكێكی چیخۆف بكه‌م ,دواتر به‌شێوه‌یه‌كی كورت به‌ شێك له‌ ده‌رگا دووه‌میه‌كانی پشت فیكری چیرۆكه‌كه‌ رونبكه‌مه‌وه‌.

ئه‌نتۆن چیخۆف نوسه‌رێكی گه‌وره‌ی روسیه‌,له‌ساڵی 1860 له‌دایك بووه‌,له‌ساڵی 1904 كۆچی دوای كردووه‌ ,یه‌كێك له‌به‌ناوبانگترین له‌ كورته‌ چیرۆكه‌كانی چیخۆف ,كورته‌ چیرۆكی ((گره‌و))ه‌,ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی چیخۆف باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێواره‌یه‌ك له‌ ئاهه‌نگێكدا گفتوگۆیه‌كی ناكۆك دروست ده‌بێت له‌ نێوان پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو پارێزه‌رێك ,پارێزه‌ره‌كه‌ بروای وایه‌ كه‌ مرۆڤ بخرێته‌ به‌ندیخانه‌ بۆ ئه‌به‌دی باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ‌ بكرێت,به‌لام ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ بیرورایه‌كی دژی هه‌بوو ,ئه‌و پێوابوو به‌ندیخانه‌ هه‌موو رۆَژێك ئازاری له‌ سێداره‌دانێك ده‌گه‌یه‌نێت,له‌به‌ر ئه‌وه‌ سزای له‌ سێداره‌دان باشتره‌ له‌ زیندانی كردنی ئه‌به‌دی,به‌لام پارێزه‌ره‌كه‌ له‌گۆشه‌نیگای خۆ ویستی ره‌های مرۆڤ بۆ رۆح ده‌روانێته‌ بابه‌ته‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زیندانی كردن باشتره‌,ئه‌م دژه‌ گفتوگۆیه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت تاده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ كابرای ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت من دووملیۆن دۆلار ده‌ده‌م به‌تۆ به‌لام پانزه‌ ساڵ ده‌ت خه‌مه‌ به‌ندیخانه‌,به‌ ئاماده‌بونی چه‌ند كه‌سێكی ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌ردوولا( گره‌و) ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پارێزه‌ره‌كه‌ توانی پانزه‌ساڵ بمێنێته‌وه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ئه‌وا بری پاره‌ی دیاری كراوی پێده‌دات به‌لام ئه‌گه‌ر پێنج ده‌قیقه‌ پێش ئه‌و كاته‌ دیاریكراوه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ گره‌وه‌كه‌ ده‌دۆرێنێت,رێكه‌وتنه‌كه‌ ئیمزاكرا ,له‌ماڵی پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ژورێك ئاماده‌كرا,وه‌ به‌پێ‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ هه‌رچیه‌ك داوا بكات ده‌بێت بۆی دابین بكرێت,بۆ به‌یانی رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت, پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌چێته‌ زیندانه‌كه‌, به‌درێژای ئه‌و پانزه‌ ساڵه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌, زۆرینه‌ی كاته‌كانی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ دایه‌ به‌هه‌موو جۆره‌كان, پارێزه‌ره‌كه‌ نزیك ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ كاته‌كه‌ی ته‌واو بێت به‌لام ره‌نگی مرۆڤی تیانه‌ماوه‌ ره‌نگ زه‌ردوو بێتاقه‌ت و نامۆیه‌ به‌لام له‌ ژێر ئه‌و روخساره‌ نامۆیه‌دا گه‌شبینیه‌ك ده‌بینرێت,له‌گه‌ڵ نزیك بونه‌وه‌ی واده‌ی كۆتای پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ دڵته‌نگ و بێ‌ ئارام ده‌بَت سه‌باره‌ت به‌ له‌ده‌ست دانی دوو ملیۆن دۆلار كه‌ هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی بوو,ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ له‌ پلانێك ده‌گه‌رێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گره‌وه‌ بخاته‌ ناو كێشه‌یه‌ك و پاره‌كه‌ی له‌ ده‌ست نه‌چێت,شه‌ش رۆژ پَش ته‌واو بونی كاته‌كه‌,ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ به‌شه‌و ده‌چێته‌ به‌ندیخانه‌كه‌,ده‌بینێت پارێزه‌ره‌كه‌ خه‌وتوه‌  نامه‌یه‌ك نوسراوه‌ له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ دانراوه‌,ئه‌میش نامه‌كه‌ ده‌خوێنێتوه‌ ,ناوه‌رۆكی نامه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ سه‌رسام ده‌كات,پارێزه‌ره‌كه‌ له‌و نامه‌یه‌ نوسیویه‌تی بۆ به‌یانی من ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌ به‌جێدێڵم بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌م نه‌كه‌وێت, من زۆر زیاتر  ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌م به‌ندیخانه‌یه‌ سودم وه‌رگرت ئه‌وه‌ی قه‌ت له‌ ژیان نه‌مده‌توانی ئه‌نجامی بده‌م له‌گه‌ڵ كتێبه‌كان و خوێندنه‌ویاندا ئه‌نجاممدا, ئیستا من پیاوێكی به‌ئه‌زموون و ژیرم , راسته‌ به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نم رۆیشت به‌لام باش له‌دونیان و ژیان تێگه‌یشتم بۆ یه‌ پێویستوم به‌و پاره‌یه‌ت نیه‌ ئه‌و زانسته‌ی له‌ خوێندنه‌وه‌وه‌ به‌ده‌ستم هێنا زۆر زیاتره‌ له‌و پاره‌یه‌ ,ئیتر پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ خۆشی گیانی داده‌پۆشی ,كاتێ‌ به‌یانی هه‌ڵده‌ستێ‌ پارێزه‌ره‌كه‌ پێنج رۆژ پێش ته‌واو بونی گره‌وه‌كه‌ به‌ندیخانه‌ كه‌ جێده‌هێڵیت.
ئه‌م كورته‌ چیرۆكه‌ی چیخۆف زۆر پێگه‌ی فیكری یاری ده‌كه‌ن,له‌وانه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌تائێستاش له‌ هه‌موو جیهان یه‌ك ئاراسته‌و ولامی نیه‌ ,ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا سزای له‌ سێداره‌دان باشتره‌ یان زێندانبونی ئه‌به‌دی؟ هه‌روه‌ك گرێ‌ سه‌ره‌كی دروست بونی ئه‌م چیرۆكه‌ی چیخۆف یش بوو,په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و به‌ندیخانه‌ له‌چ قۆناغێكداپارسنگی به‌های ئازادی ده‌گه‌یه‌نێ‌,له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ماملانیی نێوان سامان و زانست,ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیارو بابه‌تی تری جه‌وهه‌ری له‌ده‌رگا دووه‌میه‌كانی چیرۆكه‌كه‌ی چیخۆف ولامدراونه‌ته‌وه‌.لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت قسه‌یه‌كی گشتی بكه‌م له‌سه‌ر پنته‌نهێنیه‌كانی پشت چیرۆكه‌كه‌,زۆرجار بیر له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن نوسه‌ران و ئه‌ده‌ب دۆستان كه‌ ئایا بۆچی نهێنی دروستبوونی رۆح له‌ده‌ست ئیراده‌ی مرۆڤ دانیه‌,به‌لام مرۆڤ ده‌كری ژیانی مرۆڤێكی تر كۆتای پێ بهێنی,ولامی ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ به‌دواداچون بۆ ئه‌م پرسیاره‌له‌ سنورێكی ئاینی كۆتای پێدێت,سزای له‌ سێداره‌دان و سزای زیندانی ئه‌به‌دی له‌ده‌ره‌وه‌ی پێگه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان خاوه‌نی چه‌ند رویه‌كی پۆزه‌تیڤ نه‌گه‌تیڤن,وه‌ هه‌ریه‌كێشیان خاوه‌نی جه‌ماوه‌رن, وه‌ك ده‌زانرێ‌ مرۆڤه‌كان  بۆ ئه‌نجامنه‌دانی تاوانی گه‌وه‌ره‌ ده‌ترسێنرێن به‌سێداره‌, سێداره‌ دان له‌ فۆرمه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌یدا زۆر بێمانایه‌ به‌لام له‌لای هه‌ندی كه‌س و هه‌ندێ‌ ولات سنوری كۆتای ژیانه‌ بۆئه‌وكه‌سانه‌ی ژیانی كه‌سانی تر ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسی, هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵگری چه‌ندین جومگه‌و شرۆڤه‌و گرێ‌یه‌ كه‌ تا ئێستا به‌شێكیان كه‌شف نه‌كراون.

به‌ندیخانه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ له‌زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كاندا به‌جۆری له‌جۆره‌كان كه‌ره‌سته‌یه‌كی گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كانی نوسه‌ران بووه‌ ,ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌ره‌سته‌یه‌ی زۆر گرینگ كردوه‌  لای ئه‌ده‌ب نوسه‌كان ره‌نگه‌ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ راسته‌و خۆو فره‌ جه‌مسه‌ره‌ بگه‌رێته‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان چه‌مكی ئازادی و به‌ندیخانه‌دا هه‌یه‌,ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كاتێ تۆ بته‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر ئازدای بكه‌ی به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌ ناكرێت خۆت له‌ تابلۆی به‌ندیخانه‌ بدزیته‌وه‌ و نه‌یكه‌یه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ نیشاندانی مه‌به‌سته‌كه‌ت,قسه‌كردن له‌سه‌ر زیندان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر به‌هاكانی ئازادی,ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ خۆی هه‌ڵده‌ستی به‌دروست كرنی زیندانێك بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی سروشتی له‌مرۆڤ بسێنێته‌وه‌ به‌ به‌ندكردنی,ئه‌م گفتگۆیه‌ مێژویه‌كی كۆنی هه‌یه‌,هه‌روه‌ها پرسیار له‌ سه‌ر به‌هاكانی سامان و زانست جارێكی تر كێشه‌ی ئه‌وه‌ ده‌نێته‌وه‌ كه‌ دونیای ماتریاڵی تاچه‌ند ده‌توانێ‌ زاڵبێت به‌سه‌ر دونیای رۆحیدا,له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ راسته‌و خۆو ناراسته‌وخۆ له‌ چیرۆكه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆكراوه‌ قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر گرینگی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌,ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ ده‌گاته‌ فه‌زیله‌ت واز له‌به‌هاكانی دنیاگه‌رایی و ماده‌گه‌رایی ده‌هێنێت,چیخۆف له‌م چیرۆكه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ دووپاتكاته‌وه‌ كه‌ته‌نها له‌رێگای خوێندنه‌وه‌ مرۆڤ ده‌كرێت به‌ دنیایه‌كی تر ئاشنا بێت كه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌ تێگه‌یشتنی زۆرینه‌,ئه‌وه‌ی جارێكی تر ده‌كه‌وێته‌ پێشبركێ‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشبركیه‌ له‌سه‌ره‌تای بونه‌وه‌ به‌رده‌وامبووه‌ به‌رده‌وامیش ده‌بێت چیخۆف هاتوه‌ لایه‌نێكی به‌دوراندنداوه‌,پارێزه‌ره‌كه‌ بووه‌ به‌و كه‌سه‌ی كه‌ تێگه‌یشتنی له‌ره‌گه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌دونیا گۆرا, له‌لایه‌كی تر ئه‌وه‌ به‌رونی دیاره‌ ئه‌ویش داماڵینی مرۆڤه‌ له‌ ویستی بێكۆتای بۆ ماده‌گه‌رایی, جارێكی تر گه‌رانه‌وه‌ بۆ چێژه‌ نه‌بینراوه‌كانی ناخی مرۆڤ خۆی, ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كه‌ چیخۆف خستویه‌تیه‌ ده‌ستی مرۆڤ , خۆی له‌خۆیدا به‌خشینی توانایه‌كی یه‌كجار زۆره‌ به‌مرۆڤ, گه‌راندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری گۆرانه‌بنه‌ره‌تیه‌كانه‌ بۆ ژێرده‌ستی مرۆڤ خۆی, له‌لایه‌كی تر مرۆڤ ئاشنا ده‌بێت به‌ چه‌مكی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گران له‌ ئه‌نجامی ده‌رخستنی راستیه‌كی ناوژیان, ئه‌ویش چه‌مكی ((باوه‌ڕبه‌خۆبوون))ه‌, كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و فۆرمه‌ی باوه‌ر به‌ئاسانی نایه‌ته‌ بوون,  به‌ڵام ده‌كرێت نمونه‌یه‌كی زیندوو تازه‌ بخه‌مه‌ روو بۆ ئه‌وه‌ی دیاربێت كه‌ له‌ ناو كوردیشدا هه‌وڵی باش هه‌بووه‌ بۆ قسه‌كرن له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌وابه‌سته‌ن به‌دنیای ئازادی و به‌ندیخانه‌و به‌هاكانی مرۆڤ,ئه‌و نوسه‌ره‌ی كه‌ هانگاوێكی باشی ناوه‌ بۆ به‌وێنه‌كردنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیدا ئه‌ویش رۆمانوس به‌ختیار علی یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ رۆمانی دواهه‌مین هه‌ناری دونیادا,كه‌ هاتوه‌ كاره‌كته‌رێكی هێناوه‌ كه‌ ئه‌زموونی 21 ساڵ به‌ندیخانه‌ی كردووه‌, كه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌موو چه‌مككه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ له‌به‌رده‌م عه‌قلی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌دا, مانا سه‌ره‌كیه‌كانی ئازادی و تێگیشتن له‌ ئازادی وێستگه‌ی تێگه‌یشتنی خوێنه‌رێكی چالاكن له‌و كاره‌كته‌ره‌ی به‌ختیار.به‌ختیار یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاكه‌كه‌سه‌ له‌ناو كوردا به‌وجۆره‌ چروپره‌ ئاماژه‌و ره‌هه‌نداكانی نێوان چه‌مكی ئازادی و به‌ندیخانه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یدا بخاته‌ روو, به‌ختیار به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئازادی مانای ئه‌وه‌نیه‌ لاشه‌ی مرۆڤ ئازاد بێت, به‌ڵكوو مانای سه‌ره‌كی ئازادی واتا ئه‌قلی ئازاد بیركردنه‌وه‌ی ئازاد,ئه‌م بیرۆكه‌ش هه‌م له‌ وتاره‌كانیدا هه‌م له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیدا خراوه‌ته‌ روو.نمونه‌یه‌كی تر كه‌ ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبده‌م قسه‌كردنه‌ له‌ دونیای نوسینه‌كانی نوسه‌ری ئیسلامی سه‌عیدی نه‌ورسی, ئه‌م نوسه‌ره‌ زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ به‌ندیخانه‌دا نوسیوه‌, ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری بووه‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ,سه‌عیدی نه‌ورسی په‌یامه‌كانی نووری له‌ به‌ندیخانه‌ نوسی و بلاویكرده‌وه‌, ئه‌و هات له‌ تێرامانێكی ئاینیه‌وه‌ پێناسه‌ی به‌ندیخانه‌ی كرد, ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ر یوسف(دخ) رابه‌ری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ده‌چنه‌ به‌ندیخانه‌, وه‌ ئه‌و  وه‌ك قوتابخانه‌ سه‌یری به‌ندیخانه‌ ده‌كات, وه‌ لای سه‌عیدی نه‌وره‌سی به‌ندیخانه‌ نه‌یتوانی بیرو ئه‌قل به‌ند بكات ئه‌و بیرو باوه‌ره‌ش بوو كه‌ زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی زاده‌ی بیركردنه‌ی نوسه‌رن له‌ ناو به‌ندیخانه‌دا, لێره‌وه‌ زۆر جار به‌به‌ندیخانه‌ ده‌وترێت قوتابخانه‌ی یوسفیان, ئه‌م دوو نمونه‌یه‌ و چه‌ندانی تر هه‌ن بۆ رونكردنه‌وه‌ی واتاو تێگه‌یشتنه‌ جیاوازه‌كان له‌مه‌ر ئه‌م چه‌مكانه‌, وه‌ هه‌موویان  ویستویانه‌ ئه‌وه‌ نیشان بده‌ن كه‌ به‌ندیخانه‌ له‌ مانا روكه‌شه‌یه‌كه‌ی دوربخه‌نه‌وه‌ بیخه‌نه‌ ناو مانا دووه‌میه‌كان, مانا ناراسته‌وخۆكان …

  ئارام شێخ وه‌سانی
Aram_msh@yahoo.com

 

سه‌رچاوه‌كان:
كوردیه‌كان:
1.    په‌یامه‌كانی نور ,سه‌عید نه‌وره‌سی ,وه‌رگێرانی فارۆق ره‌سوڵ
2.    رۆمانی(دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)به‌ختیار علی 2002 
3.     كتێبی(ئونتۆلۆجی بنه‌ره‌تی و بونی مرۆڤ), د.محمد كمال 2007
ئینگلیزیه‌كان:
1. The bet by Anton Chekhov, Www.literature.com 
2.Www.encarta.com, Lantz, Kenneth. “Anton Chekhov.”
3. Short Story, Anton Chekhov, Russian literature.
www.wikipedia.com
 

Previous
Next

Leave a Reply