Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تەرمیناڵکۆتاییەکان و دەستپێکی نوێی هونەری

تەرمیناڵکۆتاییەکان و دەستپێکی نوێی هونەری

Closed
by March 12, 2012 شانۆ

 


دەروازەیەک

لاش نۆرێن لە شەستەکاندا، لە تەمەنێکی ناسک و سه‌رده‌می مێردمنداڵیدا، لە خانەوادەکەی جیادەبێتەوە و بەتەنها دێتە ستۆکهۆڵم و به‌و په‌ڕی دڵنیایی و پێداگرییه‌وه‌ بڕیارە دەدات ببێت به‌ نووسه‌ر.
لاش نۆرێن لەتەمەنی نۆزدە ساڵیدا و بە بڵاوکردنەوەی دیوانێکی شیعر، بەناوی (لەیلاک، بەفر) ئەو خەونەی دێتە دی. شیعر و ئەو لیریکەی لاش نۆرێن لەو سەردەمە بەراییەدا دەیاننووسێت، مۆرکێکی کێوی و هوروژمی وشە و شەپۆلێکی بەهێزی فەنتازیا و هەستگەلێکی سارد و دوورەپەرێز لەخۆ دەگرێت.
لاش نۆرێن لەم قۆناغەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەدەبی فەرەنسی و بەتایبەتیش Raymond Ronssell, Henri Michaun.
ئەم قۆناغە ئەدەبییەی لاش نۆرێن لەئەدەبی سوێدیدا، بە شیزۆشیعر ناوزەدکراوە. لاش نۆرێن لە حەفتاکاندا جگە لە شیعر و لیریک، چەند رۆمانێکیش دەنوسێت، بۆ نموونە رۆمانی (لە ئاسمانی ژێرزەمیندا). رووداوه‌کانی ئه‌م رۆمانه‌ لەنێو شاری ستۆکهۆڵمدان و کارەکتەرەکانیشی هه‌ر له‌نێو ئەتمۆسفێری ژیانی رۆژانەی ئه‌و شاره‌دا دەسوڕێنەوە و کەسانی سۆزانی، تاوانبار، بەدمەست، موعتادەکان و خەڵکانی نەبینراوی دەرەوەی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە پاڵەوانەکانی. هەرچەندە لاش نۆرێن لە حەفتاکاندا وەکو شاعیرێکی دیارو خاوەن دەنگێکی تایبەتمەند دەناسرێت، بەڵام بەدوا دیوانی شیعری خۆی (دڵ لەنێو دڵدا)، کە لە ساڵی ١٩٨٠دا بڵاویدەکاتەوە، بەتەواوەتی واز لە شیعر و لیریک دەهێنێت و روو دەکاتە نووسینی شانۆنامە . کە بە دیوانی (دڵ لەنێو دڵدا) واز لە دنیای شیعریش دەهێنێت، هەناسەیەکی دراماتیکی، شیعرێکی دیالۆژئاسا و زمانێکی شانۆیی لەنێو شیعرەکانی ئەو دوا دیوانەیدا چەکەرەی کردووە. دنیا شانۆییەکەی، زمانە شیعرییەکەی، دیدی کارەکتەرەکانی و ستراکتۆرە درامییەکەی لە شیعرەکانییەوە سەرهەڵئەدات و چەمک و بیرۆکەی مەسەلەکانی پابەست بوون بە دایک و باوکیشەوە، لە شیعرەکانییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ شانۆ و بەرهەمە دراماتیکییەکانی.
قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بەها کۆمەڵایەتییەکان، لەلای لاش نۆرێن، زیاتر لە ساڵی ١٩٧٨ەوە و بە شانۆنامەی (جورئەتی کوشتن ) دەستپێدەکات و بەشانۆنامەی (ئۆریستێس) ١٩٧٩، زیاتر قوڵدەبێتەوە و لەساڵی ١٩٩١یشدا، بەشانۆنامەی ( هەروەهاسێبەرەکانیشمان پێببەخشە) کۆتایی پێدێت .
لاش نۆرێن لەشانۆنامەی (شەو دایکی رۆژە) دایک و باوک و خوشک و براکانی لەبەرواری ٩ی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٥٦دا لە ژوورێکی شانۆییدا، داده‌نێت. ئەو کات و شوێنەی لاش نۆرێن بۆ رووداوەکانی شانۆنامەکەی دەستنیشانی کردوون، شتێکی رێکەوت نین و رۆژی لەدایک بوونی خۆیەتی. لەم شانۆنامەیەدا، دایک کەسێکی شەڕانگێز و نەخۆشە، کوڕەکانی لەپێشبڕکێی ئەوەدان کامیان زیاتر لەلای دایکیان خۆشەویسترە و باوکیش به‌ ته‌واوی بەدمەسته‌ و لەدونیای ئەوان دابڕاوە.
لاش نۆرێن دوای ئەم قۆناغە، روودەکاتە مەسەلەکانی کۆمەڵناسی و لەسەر بنەما و زەمینەیەکی تری بەرفراوان و زیاتر لە مەودایەکی نێونەتەوەیی و مرۆییەوە دەنوسێت. بەرئەنجامی ئەم هەڵکۆڵینەش چەندین شانۆنامە دەبێت، شانۆنامەکانیش  بەرجەستەی ئەو کەسانە دەکات، کە لەدەرەوەی سیستمە کۆمەڵایەتییەکانەوەن، ئەو کەسانەی هەموو دەرگاکانیان بەتەواوەتی بەڕوودا داخراوە. لاش نۆرێن لەیەکێک لەچاوپێکەوتنەکانیدا، سەبارەت بەم کەسایەتییانە وتویەتی: (راستییەکان لەلای ئەو کەسە بێچارە و پەراوێزخراوانەیە… ئەو کەسانەی، کە لەژوورە تارییکەکاندا به‌ندکراون و هەر ئەوانیش راستییەکان بۆ ئێمە دەستنیشان دەکەن) .
پرۆسەی نووسین لای لاش نۆرێن، بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت: لە مەسەلەکانی خێزانەوە بۆ بەدمەستی و بێلانەکان، تا دەگاتە ئەو درزانەی کە شەڕ لەنێو دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگاکاندا دروستیان دەکات . هەروەها لاش نۆرێن بەشێوەیەکی هاوتەریبی و هاوشان لەگەڵ شانۆنامە کۆمەڵایەتی و ڕەخنە ئامێزەکانیدا، روو دەکاتە جۆرە مینیاترییەک لە زماندا، لەم کارانەیدا و بەشێوەیەکی دراماتۆرگی، زمان پاکژدەکاتەوە و دەرگایەکی بێدەنگ بەرووی ژیان و مەرگدا دەکاتەوە. شانۆنامەکانی مۆسیقای بێدەنگ، ئاوی وەستاو، نۆڤێمبەر.. چەند نموونەیەکی ئەم گەردوونە بێدەنگەن .
بەشێوەیەکی گشتی و وەک بەرئەنجامێکی ئەو پرۆسێسە چڕو گرانە دوورو درێژە، دەتوانین بڵێین، کە بەرهەمەکانی لاش نۆرێن بە بەردەوامی گۆڕانکاریی تەواوەتی و بنەڕەتییان بەسەردا دێت، هەموو بەرهەمێکی تازە، سەرەتایەکی نوێیەو هەموو پرۆژەیەک لەئێستا و لە دەستپێکی بەهێزی ئەم ئان و ساتەوە دەستپێدەکات.

● تەرمیناڵ
کۆتایی رێگا یان وێستگه‌ی چاوه‌ڕوانی

(تەرمیناڵ) قۆناغێکی نوێیە لەرەوت و پرۆسەی نووسینی شانۆ لەلای لاش نۆرێن و بریتییە لە نۆ شانۆنامەی کورت.
لاش نۆرێن لەساڵی ٢٠٠٤دا تووشی دابڕان و ئیفلیج بوونێکی کاتیی کتوپڕ دەبێت و چیتر ناتوانێت بنوسێت. هەرچەندە کاری زۆری ریژی دەکات و بە بەردەوامی لە دونیای شانۆکاندا دەژی، بەڵام هیچ شتێکی نوێی بۆ نانووسرێت و هیچ بەرهەمێکی تازە لەدایک نابێت. لاش نۆرێن خۆی بەم شێوەیە باسی ئەو قۆناغەی دەکات (ماوەیەکی زۆر و بەچڕی خەریکی نمایشکردن و کاری ریژی چەند شانۆنامەیەک بووم، بەڵام زۆر بەپەرۆشەوە بووم، کە سەرلەنوێ دەست بکەمەوە بە نووسین. هەر یەکەم شەو دوای نمایشکردنی شانۆنامەی (شەڕ) لە فەرەنسا گەڕامەوە دەستمکرد بە نووسین)، بەڵام ئەو نووسینە هیچ بەرئەنجامێکی نابێت و هیچ بەرهەمێکی تازەی لێناکەوێتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەوەی دەینووسێت لەچەند لاپەڕەیەکی رەشکراوەی بێ مانا زیاتر نابێت. (من کۆڵم دابوو، گوێم نەئەدا بەوەی چی دەنووسم، تەنها دەمنووسی. من تەنها دەمتوانی بەشێوەیەکی سەرسم لێدان بنووسم، هەروەک ئەوە وابوو هەرگیز نەمتوانیبێت چەند رستەیەک بنووسم. لەپڕ لەم کات و سەرسم لێدانەدا، ئەم شانۆنامە کورتانە فۆرمی خۆیان وەرگرت. یەکێکیان تەنها هەر بیست چرکەیەک دەخایەنێت).
شانۆنامەکانی تەرمینال کۆتایین و لەهەمان کاتدا سەرەتاشن. هەروەک ئەوە وایە بگەیتە دوا وێستگەکانی شوێنێک، هەریەکەو راست لەو شوێنەشەوە بەرەو شوێنێکی تر بڕۆیت.
تەرمینال مانای کۆتایی دەگەیەنێت، هەروەها کارەکتەرەکانی ئەم تەرمیناڵانە و لەم دوڕیانەدا لە چاوەڕوانییەکی بەردەوامدان. دوای ئەوە ماڵئاواییەکی ئێجگارەکی دەکەن. شانۆنامەکان لە مەداری چەندین جۆری کۆتاییەکاندا دەسووڕێنەوە و چەشنێک لە تێکشکان و پارچە پارچەبوونی کات و شوێنەکان بەرجەستە دەکه‌ن. ئەم شانۆنامانە لە بارودۆخێکی ساکاری ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەدوێن، لەهەمانکاتدا ئەو بارودۆخانە دەخه‌نه‌ روو کە رۆڵێکی گەورە و یەکاڵاکەرەوەیان لە ژیانی مرۆڤدا هەیەو بە زمانێکی کورتکراوە و رۆژانە نووسراون، هەموو خاڵ و کۆما و ئاماژەیەک گرینگە و بەشێکە لە ریتم و وێنەی کارەکتەرەکان و رۆنانی رووداوەکان. لاش نۆرێن بەهیچ شێوەیەک هەڵسوکەوت و هەست و سۆزی کەسایەتییەکانی دیاری نەکردووە و هەموو شتێک لەنێو دیالۆژ و وشە و دێڕ و خاڵەکانەوەیە.
لاش نۆرێن لەم ئەزموونی تەرمیناڵ-ەدا، لە سامۆێل بێکێت، مۆریس مەتەرلینگ، هارۆڵد پینتەر و یۆن فۆسە نزیک دەبێتەوە. شانۆنامەکانیش لەسەر پاشەکەوت کردن و بزاڤێکی بازنەیی زمان و رەوشی جیاوازەوە رۆنراوە. گەمەیەکی دەسەڵاتی شاراوە و نادیار و لە دەستدانی تواناکانی قسەکردن و پەیوەندیکردن، لەگەمەی نێوان فۆرم و ستایلی گەمەکە و دیدی شانۆنامەکاندا دەردەکەوێت .
تەرمیناڵ بۆ لاش نۆرێن ئازارەکانی ژیانن، ئەو ماڵئاواییانەن، کە هەرگیز ناتوانین خۆمانی لێ قوتارکەین، ئەو کۆتاییانەن، کە هەرگیز تەواونابن. لاش نۆرێن دەڵێت (ئەوەی ئێستا بەلای منەوە گرینگە، ئەوەیە  چۆن ئاماژەیەک، ژیانێک کۆتایی پێدێت. چۆن ئەو ژیانە لەنێو بیابانەکاندا بزر دەبێت، دەبێتە خۆڵەمێش و نامێنێت. من بەدوای زمانێکدا دەگەڕێم، کە بەرەو هەڵوەشاندنەوە و نەمانێکی تەواوەتی دەڕوات).
هەرچەندە شانۆنامەکانی تەرمیناڵ لە رووی بابەت، بەکارهێنانی زمان و فۆرمەوە لە یەکترییەوە نزیکن، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکەو کارەکتەر و ئەتمۆسفێر و سترۆکتۆری تایبەتمەندی خۆیان هەیە.
زمانە نوێیەکەی لاش نۆرێن لە سێبەری مەرزێکدایە لەنێوان ئەوانەی مردوون و ئەوانەی زیندوون، بەشێوازێکی ساکار و کورت،  رووتکراوەتەوە و بەتەواوەتی لە هەموو شتە زیادەکان داماڵدراوە.
لاش نۆرێن بەم شێوەیە توانیوییەتی بگەڕێتەوە بۆ توخمە تایبەتە ئاماژەئامێزەکان و گوزارشت لە بارودۆخە رووتەکانی رووبەڕووبوونەوەی نێوان مرۆڤەکان بکات. نووسەر لەم دووڕیانەدا وشەکان، کە دەربڕی بارودۆخەکانن، رووبەڕووی بێدەنگییەکی وەها دەکاتەوە، کە بەردەوامییان پێببەخشێت و لەهەمانکاتدا شوێن پێشیان هەڵدەگرێت.
(مەرگ) وەک شانۆنامەکانی دەیەی نەوەدو سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکان، بۆ نموونە: مۆسیقای بێدەنگ، ئاوی وەستاو، نۆڤێمبەر… لە چەقی رووداوەکانی تەرمیناڵەکاندان و بزاڤی جوڵەی کارەکتەرەکانیانی خستۆتەکار و هەموو شتێک لە چەمکەکانی مەرگەوە دەستپێدەکات و بە مەرگیش کۆتاییان پێدێت، بەڵام لاش نۆرێن لەهەمان چاوتروکاندا، مەرگ دەکاتەوە بەژیان . کارەکتەرەکان بە سەربەستی بەناو یادەوەرییەکاندا دەڕۆن، دەچنە ژوورەوە، دێنە دەرەوە و کۆتاییەکان ژیانی کارەکتەرەکان لە ژیانێکی تردا دەخه‌نه‌ڕوو.
لاش نۆرێن باسی ئەوە دەکات، کە ساتە بچوکە چارەنووسسازەکان ژیانی مرۆڤ پێکدەهێنێت و ئاماژەی ئەوەش دەکات، کە هەموو کەسێک دەبێت لەژوورە داخراوو پڕ لە ئازارەکانی خۆیانەوە بتوانن بدوێن و رووبەڕووی راستییەکانی خۆیان و دەوورووبەرەکەیان ببنەوە.
ئەم نووسەرە دەتوانێت بە وریایی و بەهۆشیاری گوێی لە (من)ەکانی تاک بگرێت و شتە نادیارو نەناسراوەکان بکاتە شتێکی ناسراوی وا کە ئێمە لە ئاستیدا هەست بە شەرمەزاری بکەین.

● تەرمیناڵی سێ

ژن و مێردێکی گەنج هاتوون بۆ نەخۆشخانەی منداڵان تا ژنەکە، کە دووگیانه‌ و ژان دەیگرێت، منداڵەکەی ببێت، بەڵام بەهەڵە بە راڕەوێکی تردا دەڕۆن و دەچنە ژوورێکی تری چاوەڕوانییەوە . لەوێش ژن و پیاوێکی تر، کە لەوان بەتەمەنترن، چاوەڕوانن. بەڵام ئەوان هاتوون تەرمی کوڕە بیست ساڵە مردووەکەیان وەربگرنەوە. دواتر هەر زوو بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو دوو خێزانە، لە بنەڕەتدا هەر هەمان ژن و پیاون، بەڵام لە دوو کاتی جیاوازدا، کە بیست ساڵیان لە نێواندایە. بەتەمەنەکان خۆیان لە رۆژگارەکانی گەنجیدا دەبیننەوە، ئەو ژنەی کە جەستەی کوڕە مردووە بیست ساڵییەکەی لە مەیتخانە وەردەگرێتەوە، لەپڕ رووبەڕووی ئەو ئافرەتە گەنجە دەوەستێت کە ژان دەیگرێت و چاوەڕوانی منداڵبوونە.
هەر لەم ژووری چاوەڕوانییە و لە پەراوێزی رووداوەکاندا، کچێک دەردەکەوێت ئازاری هەیەو ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە تازە منداڵێکی لەبارچووبێت، یاخود خۆی فڕێی دابێت.
سکپڕی لەلای (ئەوی مێ) رەوشێکە کە ئەو خۆی نایەوێت هیچی لەبارەوە بزانێت، بەڵام لە ئامادەبوونی کچێکی تری گەنجدا، رەنگ دەداتەوە، کە ئازاری هەیە و لەوە دەچێت منداڵی لەبارچووبێت. لەکاتێکدا ئەم دوو کارەکتەرە لەچاوتروکانێکدا لەیەکتریدا رەنگ ئەدەنەوە، چارەنوسیان پێکەوەیە و هەرپێکه‌وه‌یش کۆتاییان دێت. لەلای ژن و مێردە گەنجەکە چاوەڕوانییەکی گەورە و هیوایەکی بەرز، بەتایبەتی لەلای پیاوەکە (ئه‌وی نێر) هەیە، ترسێکی تۆقێنەر و دڵەڕاوکێ و پەشێوییەکیش لەلای ژنەکە (ئه‌وی مێ) بەرانبەر بە ئایندە دەبینرێت. ئەوی مێ لەچاوەڕوانیی منداڵبوونەکەیدا، تەنها بیر لەوە دەکاتەوە کە بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی و سەرلەنوێ ببێتەوە بەخۆی.
ئەوی مێ: دەمەوێت هەرچی زووە بکەومەوە کار، بۆئەوەی سەرلەنوێ ببمەوە بەکەسێکی ئاسایی. تا دووباره ببمەوە بەخودی خۆم.
بەڵام بەپێچەوانەوە (ئەوی نێر) لەچاوەڕوانییەکی پڕ لە بەختەوەریدایە کە دەبێتە باوک.
ژیانی ئه‌م دوو مرۆڤه‌ گەنجە و رەوشەکەیان، جۆری گوزەران و پەیوەندییەکانیان، لەلایەکی ترەوە، بەدیوێکی ترداو لە ئایندەدا لەلای (پیاوەکە)و (ژنەکە) کە بیست ساڵ بەتەمەنترن، بەرجەستە دەبێت. چۆن ئەوان چاوەڕوانی لەدایکبوونی منداڵەکەیان دەکەن، بەهەمان شێوە، هەرخۆیان (ئەوانی تر) غەمی لەدەستدانی کوڕە بیست ساڵەکەیان دەخۆن، کە هەرگیز نەیانتوانیوە لە نزیکەوە بیناسن. (ئەوی مێ) منداڵەکەی لە سنوری گۆڕێکدا، بەتەنیشت جەستەی کوڕە بیست ساڵەکەوە دەبێت کە تازە مردووە. ئەم دوو خێزانە: (ئەوی مێ، ئەوی نێر) لەگەڵ (پیاوەکە، ژنەکە) پێکەوە نادوێن، بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو لەیەکتری نزیک دەبنەوە، بەڵام بەتەنیشتی یەکترەوە و بەشێوەیەکی هاوتەریبانە کاتەکانیان، لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا، لەنێوان رابردوو ئێستادا دەگوزەرێنن . لەم هۆڵی چاوەڕوانییەدا وێنە و وتەکان جۆرە دەنگدانەوەیەکیان هەیە، دیدو یادەوەرییەکان و جیاوازییەکان لەنێوان تەمەنی کەسایەتییەکاندا نامێنێت.
ژوورەکە هێماگه‌لی چاوەڕوانییە و دەبێتە پانتاییەکی گرینگ، شوێنێک کە هەموو کات، شوێن و یادەوەرییەکانی تیادا کۆدەبێتەوە.
هەموو شتێک ئاسایی دیارە، بەڵام لەپڕ شتێکی چاوەڕواننەکراو رووئەدات. وشەکان لە ژیانی رۆژانەوە سەرچاوە دەگرن، لە بێدەنگییەوە دەست پێدەکه‌ن و بەشێوەیەکی کاریگەر، بەبێ هەڵچوون و زۆر لەخۆکردنێک، بەهۆی تەنها یەک وشەوە، یان حیوارێکی نێوان ژن و پیاوەکەوە هەموو ئەتمۆسفێرەکە دەگۆڕێت.
لە تەرمیناڵی سێدا، جگە لەچاوەڕوانی هیچ شتێکی تر روونادات، بەڵام مێژووی ژیانی ئەو دوو خێزانە، کە هەر یەک خێزانە، بۆ خۆیان و بۆ بینەرانیش واڵا دەکرێتەوە، ئەزموون و یادەوەرییەکانیان لەزەمەنە جیاوازەکاندا ئامادەبوونێکی هەستپێکراویان هەیە و بۆ هەر یەکێک لە کارەکتەرەکان سەفەری ژیانێکە.

● بوومەلەرزە
 تەرمیناڵی یانزە

رووداوەکان لە هۆڵی چاوەڕوانیی نەخۆشخانەیەکی دەرونیدا، وەک خەونێکی ناخۆش دەردەکەون . شتێک روویداوە: کچێک لە کتێبخانەی گشتی شاردا تووشی داخورپانێکی توندوتیژی دەروونی بووە و ئێستا خستوویانە‌ته‌ نەخۆشخانە. دایک و باوکی یەک بەدوای یەکدا دێن و لە ژووری چاوەڕوانی دادەنیشن، دۆستەکەشی دواتر، دوای ئەوان دەردەکەوێت.
لە رووکاری دەرەوە هیچ شتێکی ئەوتۆ لەم شانۆنامەیەدا روونادات. هەموو دیمەنەکە لە تابلۆیەک دەچێت، بەڵام هەموو شتێک بەشێوەیەکی بەهێز لە خودی دیالۆژەکاندا رووئەدات.
یەکێک لە پرسیارە گرینگەکانی ئەم شانۆنامەیەش ئەوەیە کە خێزانێک دەگاتە چ دووڕیانێک، کە چیتر نەتوانن پێکەوە بدوێن و لەیەکتری بگەن؟ کچێکی گەنج دەیەوێت دەستی بە کەس و کارەکەیدا بگات، بەدەنگییەوە بێن و لێی تێبگەن، ئەو کەس و کارەی کە زۆر دەمێکە وازیان لەوە هێناوە پێکەوە بدوێن. ئەو کچە لەدەرەوەی پەیوەندییەکانی دایک/ باوک-دا چ پەیوەندییەکی بەجیهانی دەرەوە و بەدۆستە کۆنەکەیەوە هەیە، کە کەس و کارەکەی هەرگیز ئەو کوڕەیان نەدیوە؟
ئەو تیمارکارەی لەم نەخۆشخانەیەدا کاردەکات، چی دەوێت؟ بۆچی کەس توانای گوێگرتنی نەماوە: نایانەوێت، ناوێرن یا ناتوانن و دەستییان بەیەکتریدا ناگات، نەک لەبەرئەوەی رقیان لەیەکتری دەبێتەوە یان بێزارن لەیەکتری، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ئەو توانایەیان نییە و هەریەکە لە دورگەیەکی چۆڵ و هۆڵی دەروونیی خۆیاندا، بەتەنیا دەژین. تەنها کچەکە (هێدفیگ) لەم نەخۆشخانە دەروونییەدا بەتەنیا به‌ند نەکراوە، بەڵکو هەموو ئەو دیالۆژو گفتوگۆیەی لەنێوان دایک و باوکەکەدایە، ئەو زمانەی کە پێی دەدوێن، جۆرێکە لەدابڕان، لە راکردن و لەیەکتری دوورکەوتنەوە. ئەوان پێکەوە دەدوێن، بەڵام بەشێوەیەک هەر بۆئەوەی قسەبکەن، کات بەدەم چاوەڕوانییەوە تێبپەڕێنن و خۆیان لەشتە گرینگەکان، لەو شتانەی کە مانایەکیان هەیە، بدزنەوە.
ستراکتوری شانۆنامەکە هاوکێشەیەکی ماتماتیکی لەخۆ دەگرێت: لەسەرەتادا دایک دەردەکەوێت، دوای ئەو باوک و دواتریش دۆستەکەی، یەک بەدوای یەک دێنە هۆڵی چاوەڕوانیکردنی نەخۆشخانەکە. لەوێ بەدەم چاوەڕوانییەوە یەکتری و ئەو تیمارکارەش دەبینین، کە چاودێریی کچەکە دەکات. دوای ئەوە یەکە یەکە و بەتەنیا کچەکەش (هێدفیگ) دەبینین، لەکۆتایشدا دایکەکە کچەکەی لەگەڵ خۆی دەباتەوە بۆ ماڵەوە.
کچەکە لەم شانۆنامەیەدا دەبێتە هێماگەلی لێدانی دڵێکی پڕ لە خورپە و دێوزمە و خەونی ناخۆش و ژیانێکی پڕلە دڵەڕاوکێی، بەڵام لەهەمانکاتدا لەهەوڵی ئەوەدایە لەشتەکان بگات و خۆی لەو جیهانەدا رێکبخاتەوە، کە زۆر نامۆو دژوارە پێی. کچەکە لەدڵەوە دەیەوێت ئەو جیهانە نامۆیە بۆ یەکجارەکی بەجێبهێڵێت و نایەوێت چیتر بژی.
(بێدەنگی)
کچ: من دەتوانم…
تیمارکار: وتت چی؟
کچ: من دەمەوێت بمرم.
تیمارکار: بمریت؟
کچ: ئا.
تیمارکار: بۆچی دەتەوێت بمریت؟
کچ: لەبەرئەوەی نامەوێت بژیم.
کچەکە بەبەردەوامی و لە پەیوەندییەکانیدا بەوانی ترەوە دەڵێت (من نازانم) ئەم وتەیەش وەکو تروسکەیەکی کاریگەر و بەهێز، بەنێو کەسایەتی و بوونی هێدفیگدا تێدەپەڕێت، دووبارە دەبێتەوە و کاردانەوەی جۆراوجۆریشی لەدەوروبەرەکەیەوە لێدەکەوێتەوە. ئەمەش ئامرازێکی گوزارشتئامێزە و لاش نۆرێن وەکو گەمەیەکی زمان بە وریاییه‌وه‌ لە شوێنی خۆیدا بەکاری هێناوه‌.
نەبوون و پچڕانی هەموو پەیوەندییەکان لەنێو ئەم خێزان و جیهانەدا، نامۆیی و نەبوونی پەیوەندیشە بە خودی (من)ەکانەوە کە هەموو بەها و بنەما دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی لەنێوان خێزان و لەدەرەوەی خێزانەوە، لەدەست داوە.

● ژوورێکی بۆر
تەرمیناڵی ژمارە . . .

رووداوەکانی ژوورێکی بۆر، چەشنی تەرمیناڵی سێ و تەرمیناڵی یانزە، لەژووری یەکێک لەنەخۆشخانەکانی منداڵبووندا رووئەدات .
(A)و (B) بەشێوەیەکی نائارام بەدیار کچە پێشوەختە تازە لەدایکبووەکەیانەوەن. هەر لە سەرەتاوە هەست دەکەین هەڵەیەک هەیە و هەموو شتێک بەو شێوەیە نییە کە دەبێت وابێت. لاش نۆرێن شانۆنامەکەی بەشێوەیەکی مۆسیقی رۆناوە و بەهۆی حیواری کورت و داماڵراوەوە و لەروانگەی زمانێکی رۆژانەی ساکارەوە، بەرجەستەکراوە.
لەسەرەتادا وا دەردەکەوێت کە (A)و (B) هەستدەکەن نامۆن بەو منداڵە بچوکە تازە لەدایکبووە، هەوڵ ئەدەن خۆشەویستی خۆیان لەتەقەلایەکی دووپاتکردنەوەدا بۆ کچە بچوکە تازەکەیان دەرببڕن.
بەکارهێنانی وشەی وەکو (موجیزە) و دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی (ئەو هی ئێمەیە) (من لەو بڕوایەدا نیم)…هتد، نا ئارامی و هەست بە نامۆکردنی ئەو دایک و باوکە تازەیە دووبارە دەکه‌نەوە. لەهەمانکاتدا ئەو منداڵە پەرجویەکی بە لەدایکبوونی، بۆ پیاوەکە (A) خوڵقاندووە: پیاوەکە چیتر هەست بە دڵە لەرزە و پەژارە و ترسی مەرگ ناکات، ئێستا ئەو بەهۆی ئەو منداڵەوە هەستێکی بەهێزی تیادا دروست بووە بۆ بەردەوامی و بۆ ژیان. چیتر هەست بەوە ناکات، کە لە هەموو ژیانیدا (هەڵە) بووە. ئەو منداڵەو بۆ یەکجار مانایەک بە پیاوەکە، وەک مرۆڤێک، مانایەک بە ژیانی و بوونی دەبەخشێت.

A: نەخێر، بەڵام هەڵە…بەشێوەیەک لە شێوەکان هەڵە. من هەستم دەکرد هەڵەم.

بەڵام ژنەکە زیاتر لەترساندا بێدەنگە، ئەمە سێیەم منداڵییەتی و دوانەکەی تریشی هەر بەمنداڵی دوای لەدایکبوونیان، لەدەستداوە. ترسەکەی بەتووڕەبوون دەردەبڕێت، کە پیاوەکە دەڵێت (منداڵە تازە لەدایک بووەکەیان) خەون دەبینێت، هەڵدەچێت: منداڵێک کە تەمەنی تەنها شەو و رۆژێکە، دەبێت خەون بەچییەوە ببینێت؟
هێدی هێدی ئەو حیوارو دیالۆژە کورتە ساکارانە، دەبن به بازنەی ژانێکی گران و گەورەی ئەو خێزانە. ترسی راستییەکی دژوار رێگا لە کەسایەتی (A، B) دەگرێت و ئەوان ناتوانن خۆیان لەو ترسە گرانە قوتاربکەن، ترسی ئەم دوو مرۆڤە تەنها رەوشێکی ئێگزیستێنتیالیزم لەخۆ ناگرێت، بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا ئەوان هۆکارێکی بەهێزیان بۆ ئەو ترسە، بۆ ئەو نائارامییە هەیە: ئەوان لەوەوبەر دوو منداڵی تریان لەدەستداوە.
شانۆنامەی (ژوورێکی بۆر) تەنها ٣٠ خولەکێک لەسەر شانۆ دەخایەنێت، بەڵام به‌ ته‌واویی ژیانی ئەو خێزانە، ئەو دوو مرۆڤە لەخۆدەگرێت. لەژوورێکی نەخۆشخانەیەکدا، زۆر بەهێمنی و بەشێوەیەکی ساکار و بەتوانایەکی بەرزەوە، مێژوو و ژیانی ئەو دوو مرۆڤە دەخاتە روو. وچانە کورتەکان دەرگا بۆ روودانی هەموو شتەکان دەکه‌نەوە، هەردوای چەند وچان و بێدەنگییەک هەستی پێکەوە ژیان، هەستی (ئێمە) بوون، بەتەواوەتی تێکشکاوە، هیواو ئاواتەکان، سەرلەنوێ دەبنەوە بە غەم و پەژارەیەکی گەورە.
لاش نۆرێن تەنها بە نیو کاتژمێر، توانیویەتی جێگای ئەو لەدایکبوونە ئەفسوونییە، ئەو تراژیدیا گرانە، ئەو کەوتنە دەرونییە و چەندین بابەتی تر لەنێو تێکستێکی کورتدا بکاتەوە.
شانۆنامه‌ی (ژوورێکی بۆر) لەچاوتروکانێکدا و لەبێدەنگییه‌وه‌ دەستپێدەکات و هەر لە بێدەنگی و وچانەکاندا تەواودەبێت، بۆئەوەی سەرلەنوێ و بەهەمان دیالۆژو بێدەنگی و وچانەکانەوە دەستپێبکاتەوە. یان لە تەرمیناڵێکی تردا بەردەوامی لەخۆبگرێت.


دانا رەئووف

تێبینی: لاش نۆرێن تانووسینی ئەم باسە نەیتوانییوە بریاری ئەوە بدات شانۆنامەی (ژوورێکی بۆر) چ ژمارەیەکی پێببەخشێت. دانا

*         *         *

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.