Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تەزبیحی قەزوان! …جەلال قادر

تەزبیحی قەزوان! …جەلال قادر

Closed
by January 8, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

دوێنێ شەو خەوم زڕا بوو، مێشکم خەریک بوو بتەقێ. لە دلی خۆمدا وتم ڕەنگبێ پلەی گەرمای ژوورەکەم زیادبێت، باشترە بچمە خوارەوە  سپلیتەکە بکوژێنمەوە.

لەم کاتە گوێم لەدەنگی تەقە تەقێ بوو، هەستمکرد دەنگەکە لەژێرزەمینەکەی ماڵەوەمان دێت.  بە ئاسپایی چوومە خوارەوە !.

گەیشتمە ژێرزەمینەکە تەقەتەقەکە بڕایەوە، وتم لەوەبێت مەکینەی جڵشۆرینەکەبێت ، هاوسەرەکەم لەبیرچووبێ بیکوژێنێتەوە. مەکینەی جڵشۆر و وشککردنەوەکەمان کەوتبووە ژوورێکی بچکۆلانە وتاریکی پشت  ژێرزەمینەکەوە ، دەبوایە گلۆپەکە داگیرسێنم. پێشئەوەی دەستبدەم بە پلاگەکەوە ، گوێم لەدەنگی پیرێژنێک بوو.

وتی : دەنکە تەزبیحەکانم شۆری، ئێستا دەبێت وشکیان کەمەوە.

پاشان دەنگی پیرەمێردێک وەلامیدایەوە : زۆرباشە تا دەنکە تەزبیحەکان وشک دەبنەوە، منیش گولینگەکانی بۆ ئامادە دەکەم.

سەرەتا ترسام، دوایی بەخۆم وت ڕەنگبێ ئەمە خەون بێت. لە سەر قەنەفەی ژێرزەمینەکەمان دانیشتم هەستمڕاگرت و بیرم کردەوە، وتم خەونی چی ئەمە دەنگی دوو مرۆڤ بوو.

تەقەتەقی مەکینەی وشککردنەوەکە هاتەگوێم!.

هاتم گلۆپی ژووری جڵشۆرینەکە پێبکەم، پەژیوان بوومەوە. لەوەبێت لەترسا بووبێت، چونکە لە بیرمە لەدڵی خۆمدا وتم : کێ ناڵێ ئەجندە نین؟. 

 وام بەباشترزانی خۆم مات کەم، تا ئەم  پیرێژن وپێرەمێردە ئێرە جێبهێلن.

مەکینەی وشککەرەوەکە لەکارکردن وەستا ساتێک بێدەنگی ناومالی پۆشی، لە بێدەنگیا ناو گوێم دەزرینگایەوە، ترس زیاتر هاتبووە ناو گیانمەوە.

ئینجا گوێم لەدەنگی پیرەژنەکە بوو وتی : حەزدەکەم بەدەستی خۆم گولینگەکانی پێوە بچنم.

پیرەمێردەکە وتی : سەیری ئەو دەنکە تەزبیحە جوانانە بکە، بریقە دار و خاڵدارن، دەلێی سەدساڵە بەدەستی کەسێکەوە بووە!.

لە ژووری جڵ شۆرینەکە روناکی دەنکە تەزبیحەکە دەدرەوشایەوە، هەرجارەی بەجۆرێک دەتگوت گلۆپی سەیرانگەکانە.

دڵنیابووم ئەمە خەون نییە. بڕیارمدا گلۆپەکە داگیرسێنم و سلاوێک لەم میوانانە بکەم. قیروسیام لێکرد و بە ترسەوە پەنجەم خستە سەر پلاگەکەو گلۆپەکەم داگیرساند. دەرگا بچکۆلانەکەی ژووری جڵشۆرینەکەم کردەوە، هیچ کەسم تیا نەبینی، لی مەکینەی وشککەرەوەکە هێشتا گەرم بوو. تەزبیحێکی قەزوانی خاڵ خاڵ دەنک بریقەدارو گولینگ سوور لەسەر مەکینەکە دانرابوو.

تەزبیحەکەم هەلگرتەوە ، دەنکەکانی داخ و گەرم بوون، بۆنم کرد ، بۆنی گولاوی لێدەهات. ئەمجۆرە بۆنەم تەنیا لە پرسە یاخود لە گولە هێرۆکانی ناو شاخ وکێوەکان کردبوو.

ئەو ناوەم جوان پشکنی شوێنەواری کەسێکم تیا نەدۆزی، دەرگای هەردوو مەکینەکەم کردەوە بەتاڵ بوو.

تەزبیحەکە لەناو چنگما بوو، سەیرێکیم کرد و وتم : خۆ ئەمەش خەون نییە!.

گەڕامەوە سەرجێگاکەی خۆم و ڕاکشام، خەو نەچووە چاوم. بیرمکردەوە تووبڵێی ئەمە تەزبیحی خۆم بێت لەناو کراسەکانم بێت و خێزانەکەم کراسەکەمی شۆری بێ. پاشان لەخۆمدەپرسی چەندین ساڵە من نە تەزبیحم نەگرتۆتە دەست و نەهەم بووە. ئەی ئەم تەزبیحە نایاب و جوان و بریقەدارە لە کوێوە هاتووە؟!.

سەرم سوڕمابوو، چاوەڕوانبووم ڕۆژبێتەوە.

لەگەل سپێدە چاییم لێناو خواردنی بەیانیم ئامادەکرد، هاوسەرەکەم بە پرچی لوول و ئالۆزکاوی هاتە خوار.

لەسەر مێزی نانخواردن دانیشتین. دوو پیالە چاییم تێکرد. بە خێزانەکەم وت : ئەمشەو باش خەوتی؟

ئەویش وتی : نەخێر لەبەر هات وچۆی تۆ منیش خەوم زڕابوو.

وتم : باشە تۆ گوێت لە هیچ تەقەتەقێ بوو؟

وتی : نەخێر، بەس گوێم لەدەنگی پێیەکانی تۆ بوو.

تەزبیحە قەزوانەکەم لەبەردەمی دانا و وتم : ئەم تەزبیحە دەناسیتەوە؟.

سەیرێکی تەزبیحەکەی کرد و لەدەستی وەرگرتم. وتی : ئەم تەزبییحە جوانەت لەکوێ بوو؟ نەکەی بیفەوتێنی.

وتم : نا ژنەکە، نایفەوتێنم.  ئەم تەزبیحەم لە ژووری جڵ شۆرینەکە دۆزییەوە.

هاوسەرەکەم وتی : هەفتەیەک دەبێت، جلی تۆم نەشۆریوە. لەم ماڵەش قەد تەزبیحی قەزوانوانمان نەبووە.

کەمێک بێدەنگبووم، نەمویست چیرۆکەکەی بۆ تەواوکەم چونکە دەزانم هاوسەرەکەم  ترسنۆکە، ئەگەر بۆی بگێڕمەوە دوێنێ شەو چی ڕوویداوە ئەوە ژووری جڵشۆرین تەرکدەکات، ئەوکات دەبێت بۆ هەمیشە خۆم جڵەکانی ماڵەوە بشۆم.

هاوسەرەکەم وتی : پیاوەکە ماوەیەکە خەون بە مردووەوە دەبینم ، وابزانم کاتی ئەوە هاتووە خێر بکەین.

وتم : بۆ نا، ئەمڕۆ دەچم بۆناو بازاڕەکەی رەحیماوا. دە کیلۆ گوشت دەکڕم، دەیدەمە ئەو ماڵە هەژارانەی خۆم دەیان ناسم.

هاوسەرەکەم وتی : ئەوە چۆن خێرێکە، بۆ ناچیت بەرخێ بێنی لە حەوشە سەری بڕین دابەشی سەر هاوسێکانی بکەین.

وتم : ژنەکە. ئەم هاوسێیانەی ئێمە کەی پێویستیان بە چنگێ گۆشتە، ئەمانە وەک شێر ڕۆژی دە کیلۆ گۆشتدەخۆن. من خۆم هەندێک مالە هەژار دەناسم، دەیبەخشمە سەریان.

تەنبیحە قەزوانە بریقەدار و گولینگ سوور و جوانەکەم لە چنگ ناو  لە ماڵ هاتمە دەر، بە ماشێنەکم تا نزیک بازاڕی رەحیماوا چووم. لە ڕێگا لەخۆم دەپرسی : ئەم تەزبیحە لە کوێوە هاتووە؟  لە ژیاندا تەزبیحی قەزوانی وا جوانم نە دیوە و نەمبووە!.

لە گەراجێک ماشێنەکم ڕاگرت و بە پێ شۆڕبوومەوە بۆلای گۆشتفرۆشەکان.

لەناو بازاڕی رەحیماوا، ژنێکی باریکەلانەو ڕووگەش و چاو ڕەشی جوانم بینی، چەند چەکدارێک بەدوایەوە بوون بەوە دەچوو پاسەوانیبن،  بە بەردەمم تێپەڕین. 

دوکاندارەکان وتیان : ئەرەوەلا دیسانەوە ژنی بەرپرسەکە هاتەوە بۆ زێڕ کڕین.

گەیشتمە لای گۆشتفرۆشێک، بە کابرای گۆشتفرۆشم وت : برا دە کیلۆ گۆشتی نەرمەوجوانم بۆ بکێشە. کیلۆ کیلۆ  بەجیا بیخەرە ناو کیسەیەکەوە.

کابرا وتی : بەبان چاو، ئەم گۆشتانە دیارە بۆ خێرە.

 بەدیار گۆشتفرۆشەکە وەستابووم. تەزبیحە قەزوانەکەش لەناو گیرفانمدابوو، بە پەنجەکانم یاریم بەدەنکەکانی دەکرد.

 گوێم لە دەنگێکی ئاشنابوو، ئاوڕمدایەوە ، پیرەمێردێک بەسالاچوو بوو، پشت کۆم، گۆچانێکی ڕەونەقی بەدەستەوە بوو، لوتێکی زڵ وچاوێکی سپی گەشی هەبوو، لە پێلوی چاوەکانی وردە خاڵی سەوز وەک دەنکی تەزبیحەکەم بریقەی دەدایەوە. 

گوێم لێبوو بە گۆشتفرۆشەکەی وت : براکەم، جەرگەکەت بۆ هەلگرتووم؟

گۆشتفرۆشەکە وتی : مامە داوەی لێبووردەن دەکەم ، جەرگەکەتم فرۆشتووە. ئەگەر دەتەوێ یەک کیلۆ گۆشتت بەخۆڕایی پێدەبەخشم، چونکە خەتای من بووە جەرگەکەتم دایە کەسێکیتر.

پیرەمێردەکە وتی : کوڕم، ئەی من چی وەلامی پیرەژنەکەم بدەمەوە.

دووبارە کابرای گۆشتفرۆش داوایلێبووردنی کرد. لی من  هەر گوێم لە دەنگەکە دەگرت ، دلنیابووم کە هەمان دەنگی دوێنێ شەوە.

هاتم تەزبیحە قەزوانەکەم دەربێنم و پیشانیبدەم.  لەژێر لێوانەوە وتم : ئەوە چیدەکەیت. کابرا ناناسیت، چۆن شتی پیشاندەدەیت!.

پیرەمێردەکە بە شەڕوالە خاکیەکەی وپشتێنە گولییەکەی، ڕووی وەرگێڕاو لێمان دوور کەوتەوە. چاوم لێبوو بە ئاستەم توانی بە گۆچانەکەی  لەناو ژنە عەبا لەسەرەکان ڕێگا بدۆزێتەوە و  بپەڕیتەوە ئەو بەری شەقامەکەوە.

بە کابرای گۆشتفرۆشم وت : ئەم پیرەمێردە دەناسی؟

وتی : بەلێ، ئەوە مام ( باییزە)،  یەک تاقە کوڕی هەبوو ئەویش شەهیدبوو. ئێستا لەسەر کۆلانەکەی سەرووی مزگەوتەکە تەزبیح دەفرۆشێ.

بە گۆشتفرۆشەکەم وت : ئەی بۆ جەرگەکەیت بۆ هەلنەگرتبوو؟

وتی : بلێم چی ، بەم بەیانییە کڕیارێکم هات و بە زۆر لێیسەندم.

وتم : بەزۆر چۆن دەبێت!.

گۆشتفرۆشەکە وتی : برا، ژنی  بەرپرسێکە هەفتانە  چڵ پەنجا  کیلۆ گۆشتم لێدەکڕێ. چۆندەکرێت لەدەستی خۆمیبدەم.

سەرێکم باداو وتم : بەهەرحال. تا تۆ گۆشتەکەم بۆ ئامادە دەکەیت، من دەڕۆم نیوکاتژمێریتر دەگەڕێمەوە.

بەشوێن مام باییز کەوتم. مام باییزم بینی لەسەر کورسیەکی شکاو دانیشتبوو، بە ڕیز تەبیحی قەزوانی لەبان کارتۆنێک دانابوو. لە ژێر لێوانەوەش لەگەل خۆی دەدوا.

کاتێ گەیشتمە لای ، سەیری سەر مێزەکەیم کرد کە جۆرەها تەزبیحی قەزوانی ڕیز کردبوو، لی هیچ لە تەزبیحەکانی لە تەزبیحەکەی من ناچوو. گولینگ زەردو سەوزو قاوەیی و پرتەقالی وسپیشی هەبوو. دەنکە تەزبیحەکانی هەندێکیان جوان و بریقەدار بوون، بەلام وەک ئەوەی من خاڵداروڕەونەق نەبوون. دەستم برد بۆ تەزبیحەکانی سەیری چەند تەزبیحێکم کرد. زۆر جوان چنرابوو. کونی تەزبیحەکان ڕێک و پێک، دەتگوت بە مەکینە کونکراوون.

وتم : خاڵۆ، ئەم تەزبیحانە نرخیان چۆنە؟

وتی : کوڕم. هەیە بە سێ هەزار دینار، هەشە بە پێنج هەزار.

وتم : خاڵۆ گیان. ئەم نرخەی تۆ دەیلێی زۆر کۆنە. بیستوومە تەزبیحی قەزوان ئێستا گران بووە.

وتی : کوڕی خۆم. سالانە خۆم و هاوسەرەکەم دەچین بۆ کوێستان یەک فەردە قەزوان بەتەڕی دەهێنین ، خۆمانش دروستی دەکەین، لەسەرمان زۆر ناکەوێت.

وتم : ڕاسدەکەیت، خالۆگیان. ئەی تۆ نابێت بە گوێرەی بازاڕ شت بفرۆشی.

وتی : وەللا کوڕی خۆم، من ئاگام لەبازاڕ نییە. پیرژنەکەم لە مالەوە تەزبیحەکان دروسدەکات و منیش لێرە دەیفرۆشم.

ئینجا تەزبیحەکەی خۆم هاتەوە  یاد، وتم ئەگەر ئەمە هەمان پیرەمێردی دوێنێ شەوبێت ، تەزبیحەکەی دەناسێتەوە.

بەترسێکەوە تەزبیحەکەم دەستم لە ناو گیرفانم دەرهێنا و لەناو چنگم شاردەوە. وتم : خالۆ بەڕاستی تەزبیحەکانت جوانن. ئەو دەست و پەنجانە نەڕزێ کە نەخشی ئەو گولینگانەی هەلبژاردووە.

وتی : کورم، بەوە دەچێت تۆ کڕیاربیت و شارەزایت لە تەزبیحی قەزوان هەبێت!.

وتم : بەلێ، لی لە مێژە تەزبیحم نەگرتۆتە دەست.

وتی : تەزبیحی قەزوان شتێکی جوانی کوردەوارییە، کەچی گەنجی ئەم زەمانە نرخی نازانن، پێویستە هەریەک لە ئێوە تەزبیحێکی بەدەستەوەبێت، ئەگەر پێتان شەرمە لە گیرفانتانی بنێن یان لە ماڵەوە هەلیواسن.

وتم : ڕاسدەکەیت خاڵۆ، بەلام من حەزدەکەم جوانترین تەزبیحم هەبێت، بریقەداروخاڵ خاڵ و گولینگ سوور.

بە بیستنی ئەم وتەیەم، ڕاچلەکیی و لێیپرسیم : کوڕم لە کوێ ئەم تەزبیحەت دیوە؟

بە پەشۆکاوییە وتم : نازانم ، ئەی لای تۆ دەستناکەوێت؟

هەستایە سەرپێ وەک ئەوەی تازە گەنج بوبێتەوە، وتی : کوڕی خۆم پێبلی تۆم لە کوێ بینیوە؟

وتم : نازانم مامە گیان، بەس منیش هەستدەکەم، تۆم بینیوە و دەنگت ئاشنایە.

توند دەستی گوشیم … 

لە هاوێنەی چاوی ، دار قەزوانێکی سەوزم بینی، وەک دەنکە تەزبیحەکەم بریقەی دەدایەوە. لەژێر درەختی قەزوانەکە کانیاوێکی گەش و بێگەرد دلۆپ دڵۆپ ئاوی لێدەهاتە خوارو دەڕژایە ناو جۆگەیەکی چکۆلانە.

دەنگێک کە هەمان دەنگی دوێنێ شەو بوو. لە بن گوێم بە ئاسپایی و نەرم و نیان و مهرەبانەوە وتی : کوڕی خۆم ، بۆنی تەو تەزبیحە دەکەم کە تۆ باسی دەکەیت.

ناو لەپی دەستمکردەوە، تەزبیحەکەم پیشاندا.

مام باییز لە خۆشیا گەشایەوە و فرێمسکەکانی سڕییەوە. ئینجا تێگەیشتم کە ئەو کانیاوە چاوەکانی مام باییز بوون …فرمێسکی وەک شەونم بەسەر برژانگە ئەستوورەکانی وەستابوون.

کە تەزبیحەکەی لەدەست وەرگرتم، گۆچانەکەی لە دەستە لەرزۆکەکانی بەربووەوە. 

داچەمیمەوە، گۆچانەکم هەلگرتەوە. گوێم لە لێدانی دڵی مام باییز بوو، وەک دەهۆڵ گرمەی دەهات.. بۆ ئەوەی چیتر ئاوا بە خەمباری نەیبینم، لێمپرسی : ئەم تەزبیحە دەناسیتەوە؟

چاوی لە چاوم بڕی، هێشتا چاوەکانی تەڕ و پڕ لە فرمێسک بوون. دەنکە تەزبیحەکانش وەک ئەستێرە لەناو لەپی دەگەشایەوە!. 

وتی : کوڕی خۆم، چەندین ساڵە هاوسەرە جەرگ سووتاوەکەم چاوەڕوانی ئەم تەزبیحە دەکات.

وتم : ئەمە تەزبیحی ئێوەیە؟

لە تەزبیحەکەی ڕووانی و پەنجەکانی لە گولینگەکان خشاندو دەنک دەنک قەزوانەکانی بە نێو پەنجاکانی هێناوبرد. یەک دووجار لەناو لەپی دەستی گوشی، تەزبیحەکەی بۆ لای کونی لوتی برد و بۆنی کرد.

هەناسەیەکی قوڵی هەلمژی، وەک ئەوەی لە گەشتێکی درێژ خایەن گەڕابێتەوە و ئەم تەزبیحە ماندووبوونی بسرەوێنێتەوە.

وتی : لە مێژبوو ئاواتم بوو چاوەکانم بکەم بە دەنکی تەزبیح… هێرۆی سووری کوێستانش بکەم بە گولینگەکەی، تا بیکەم بەدیاری بۆ هاوسەرە جەرگ سوتاوەکەم !.

مام باییز، لە خۆشیا تەزبیحەکەی کردە گیرفانی و بوو بە دار قەزوانێکی سەوزوگەش. گۆچان و کورسی و کارتۆنە پڕ لە تەزبیحەکەی جێهێشت و وەک کوڕێکی چواردە ساڵ ڕێگای بڕی و ئاوڕی نەدایەوە!.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.