Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تەلیسمەکانی جەنگاوەر…. شەهید کەوڵۆسی

تەلیسمەکانی جەنگاوەر…. شەهید کەوڵۆسی

Closed
by December 30, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

ڕوخساری جەنگاوەر لە گۆشەیەکی تاریکی گەردوندا خامۆش دەسوتێت

کەس  سورەتی جەنگاوەری لە بیر نییە 

کاتێک هەنگاو بەسەر لاشەی مردوی ڕۆژەکاندا هەڵدەگرێت،

کاتێک شوێن دەکات بە قەبرو مەعبەدی  ڕوخساری ،

 جەنگاوەر دیار نیە

ئەگەرچی دڵی ئەو جوانترین تابلۆی سەرکەوتنە

ئەگەرچی ئامانجی ئەو نەخشەی پێچاو پێچی ڕوخساری ڕۆژێکی مەزنە 

ئەگەرچی نەعرەتەی ئەو لە ڕوخساری هەمواندا دەدرەوشێتەوە

 بەڵام ڕوخساری جەنگاوەر فانییە ،

وەک نیازی شاراوەی نێوکاسەی سەری سیاسیەکی ناپاک

وەک عەیشو نۆشی سەرکردەیەکی بێباک

وەک  تیرۆر کردنی جوانی نێو دڵی دوو عاشقی خەمناک 

دیار نیە وەزنی ئەو دەم و لێوو چاوە خومارانە . 

  خرۆکەی سوری خوێنە لە نێو دەماری سەرۆکدا جەنگاوەر 

ئامانجی دەستو تفەنگی سەرۆکە ژیانی هەلاهەلای جەنگاوەر ،

جیرۆکێکی چەندە سامناک دەگێڕمەوە بۆتان  ،کە بۆچی هیچ کەس هۆکاری مەرگی جەنگاوەر نازانێت

دەربارەی شادی دڵی ئێمە خەبەرێکی نییە

بەڵام دەزانێت ئەو خوێنەی کە دەپژێت دەرژێتە چ دەریایەکەوە

ئەو برینەی وەک و گوڵ لە سەرو سینەیدا دەم دەکاتەوە دەچێتە چ باخێکەوە 

ئاوێنەیەکی چەند ساف و سۆڵە  ئەدگاری جەنگاوەر تەنها ئەو دیمەنانە دەبینێت کە دێنە ڕێگای

 

من کتێب و مۆسیقاو  زانستم جێهێشت بۆ تۆ ، 

دەمزانی لێرەیا بەهرەی تۆ لە پرشنگی خۆر بە نرخ ترە 

ئەم دەریا قوڵ و بەرینانەم جێهێڵا بۆ تۆ  

 تاکو تەنها چوم بۆ جەنگ 

دەمزانی دەبێت تامردن چاوم لەسەر سێرەی تفەنگ بێت ، 

 وەکو تۆ چۆن تامردن دەبێت چاوت لەسەر تۆنی مۆسیقاو 

سیحری وشەو پیت و مانا بێت 

من وشەکانم بێ مانا بون بۆیە چوم بۆ جەنگ

تۆ   جەنگەکانت بەهادار بون بۆ یە چویت  بۆ نوسین

لێ گەڕی با من ببم بە تۆز 

تۆ بە وشەکانت بم هێنەرەوە بۆ ژیان 

با من بمرم و تۆ ناوم بنێ شەهیدی نەمر 

ئەو کاتەی خوێنی  من  لێوی کێڵگە بەیارەکان تەڕدەکات 

هیوادارم وشە و خەیاڵی تۆ لەم کێڵگانایە بەربگرێت  ئەی بیرمەندی هۆشیار

ئەی مۆسیقاری هەستیار

ئەی شاعیری غەمبار

کێن ئەوانەی دەڵێن  دەست و پەنجەی هیلاکی من و تۆ   تەوازنی نێوان ئەرزو ئاسمان نیە ؟

کێن ئەوانەی دەیان گوت باران  ڕەحم و بەزەیی خودایە بۆ مرۆڤ؟

  بیریان چوبوو جەنگاوەر ئیدی  ناگەڕێتەوە دوا

کتێب و مۆسیقا  ئاوڕ نادەنەوە

دەواو دەرمان نابنەوە بە گوڵ

وشەو ئەندێشە نابنەوە بە خەیاڵ

خوێنی ڕژاوی شەهید  ڕێگا ناباتەوە ماڵ

بەراست کێبوو جەنگاوەر ؟

بۆ ڕخسار و هەیکەل و نیهادی دیار نیە ؟

بۆ کۆشکی لە ئاڵتون و سفرەو  پەرداخی بریقەدار نیە ؟

بۆچی جەنگاوەر بانگمان ناکات بۆ باخی ئەوین 

بۆ دەست درێژناکات بۆ جامێک شەراب ؟

بەڵام بێ هۆ دەبێتە دەرگاوانی خەیاڵی ئێمە 

لەگەڵ رازو نیازی ئێمەدا دەبێتە حیکایەت خوان 

کاتێک نەفەس تەنگ و دیدە ویران و هیوا پوچ

دەبێتە شۆڕەسواری  کاسەی سەری ئێمە 

دەبێتە  هەوا ، خۆر ،  باران ،

کێ بون ئەوانەی دەیان گوت  ئاو و هەوا سەرچاوەی کەرەمی خودان بۆ ژیان ؟

کاتێک جەنگاوەر وەک خودا بێ شوێن و

خوداش وەک جەنگاوەر بێ ڕوخسار

کاتێک زەمین وەک ئاسمان تاریک و

ئاسمان وەک زەمین بێ هەسارەی درەخشان

ئەو ڕۆژانە جەنگاوەر بە خوێنی خۆی گەرد گەرد گۆی زەوی دروست دەکرد 

لەسەر تۆنی دڵ  گوڵ و بەردی لەسەر نەخشەیەک ڕێک دەخست

بە حیکمەت و عیرفان ئاو و ئاوری لە هەناوی ئێمەدا وەک دوو کۆرپەلەی نیان دەخەواند 

جوانی لەسەر بەردو بەردی لە شێوەی دڵ دەنەخشداند 

هۆڵی پەرلەمان سەری ئاڵتونی خۆمان بوو ، 

دڵ لە جێگەی سەرۆکی هەرێم و 

ڕۆح لە جێگەی سەرۆکی حکومەت ئەدوان

چاو مو بە مو  جوانی ڕۆژەکانی سەفتە دەکرد 

گەرد بە گەردی ژیان ئاسان دە خزایە سەر لێو 

دڵ شوێنی دوور نەبوو وەک موردێک  لە دەرماڵی هەمووماندا پاسەوانی میهرەبانی بوو

گورگەکان شوکرانە بژێری دەست و پەنجەی جەنگاوەر بوون بەیانیان بەر لە بەرخۆلەکان بە تیشکی خۆریان دەگوت سڵاو

سەربازەکان لەبری  گورزو تفەنگ پاچ و بێلیان هەڵگرتبوو ئیواران بەر لە کیژانی نازەنین بە تریفەی مانگیان دەگوت سڵاو

بەڵام بۆ هیچ دەربارەی رەنگی پیستی جەنگاوەر نازانین وەک پیاوە کورتە باڵاکەی ناو تێ ڤێ و ڕۆژنامە و مەلهاکانی سیاسەت

بۆ ئەم فەرمان ڕەوایە کاتێک پێدەکەنێت وشکەساڵی بیست و یەک ساڵی ڕەبەق بەرۆکی نیشتیمان بەرنادات

بۆ کاتێک جەنگاوەر  بۆ تەرمی نەیارەکانی دەپاڕایەوە  ئاسمان دەیدایە قوڵپی گریان

دەمەو ئیوارەیەکی سارد بوو کاتێک جەنگاوەر سنوری خەیاڵ و بیر و هۆشی ئێمەی جێهێڵا

ئیدی وەک رۆح و جەستە لێکترازاین ،  وەک دەست و قەڵەم ، وەک زمان و خەیاڵ لێک دور کەوتینەوە

جەستەیەکی بیمار مایەوە بۆ چونە سەر سیدارە

رۆحێکی مەلول بە جێما بۆ بۆ هیوای تفەنگی پیاو کوژان 

زمان پارچەیەک سەهۆڵ بوو لە پەرداخی پڕ لە ڤۆدگای دزەکاندا دەتوایەوە

خەیاڵ موبەریدەیەک بوو مەکتەبی سیاسی حزبەکانی فێنک دەکردەوە 

عەقڵ هەر باسی مەکە وەک جرجێکی برسی لە زێرابەکاندا خۆی حەشاردابوو

شار سیمای ماڵی سەرۆک و ماڵی سەرۆکیش سیمای نیشتیمانی وەر گرتبوو

ئەو رٶژانە خەنجەر تەبیبی برین بوو تابووت دیواخان و ماڵی عاشقان

نان و ئاومان بە شۆهرەتی سەرۆکەوە دەخوارد

جلوبەرگمان ئاوریشمی درۆینەی زەردو سەزو بوو ،  

لە ڕاستیا هەموو ڕوت بوین وەک بەری دەست ڕوت  وەک عەورەتی فەرمانرەوا ڕوتو قوتوقوت

بۆ تۆزێک گریان موحتیاج بووین جەنگاوەر هەمووی بردبوو لەگەڵ خۆی ، ناچار شەو ڕۆژ بە قونی ڕوتەوە بامان دەداو پێدەکەنین 

  بەڵێ جەنگاوەر ئەسەرێکی نەبوو  ئەگەرچی هەموو وێڵگەردی کۆچی ئەو بوین ، 

لە هەمو کەس و شار و کتێبێکمان پرسی جەنگاوەری ئێمەت نەبینیوە ؟

لە وەڵامدا دەیانگووت  هەناوی خۆتانی بۆ بگەڕێن ، شکۆی رۆح و قوڵای وجودی خۆتانی بۆ بگەرێن   

کۆڵانی جوامێری و  کوچەی مەردایەتی لە خوێنتاندا بگەڕێن ،

نا زۆر دوور مەڕۆن کاسەی سەری خۆتانی بە دودا بگەڕێن

دڵی خۆتان هەڵدەنەوە کەمەقبەرەی جوانیە

لەوێدا جەنگاوەر  نامەردی ئێوە بە فرمێسکی چاو  دەنوسێتەوە 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.