Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تەنهایی ..لەبەر خۆیەوە …دڵسۆز حەمە

تەنهایی ..لەبەر خۆیەوە …دڵسۆز حەمە

Closed
by November 5, 2012 ئەدەب

 

 

١

لە مەغریبە  جەستەم و

لە مەشریقە ڕۆحەکەم،

لە ئاسماندایە خەیاڵم 

لەسەر زەمینە  تەماشام  ،

لە ڕۆحدایە  ئازارم و

لە تەنهاییمدایە کە دەمرم 

پیاوێکم دەویست وەکو  برا میهرەبان و

وەکو باوک  بەخشندەو

وەکو مەهدی دورەدەست و جاویدان بێت 

خەیاڵم ڕەوشەن کاتەوە

پیاوێک لە سێبەری خودا 

سەرلەنوێ  نەخشەم بکێشێ و

پارچەکانم  کۆکاتەوە .

٢

لەبەردەم پیاوی  دنیادا

دەرگایەکی قفڵدراو

شاخێکی داگیرنەکراوو

ڕوبارێکی ڕامنەکراوو

خەمێکی  مات ولوتبەرزم 

لەبەر پەنجەکانی  تۆدا

ڕێگایەکی  پان وبەرین 

دەرگایەکی لەسەرپشت و

باخچەیەکی کراوەیە ڕۆحم 

ووڵاتی  خۆتە ژنێتیم .

 

٣

ژوانی  من  وتۆ

پێکەوەبونی  من وتۆ

باوەشگرتنی من وتۆ

پاڵکەوتنی  دوو  وەرزە  بە تەنیشتی یەکترەوە

یەکێکیان  ئەمشەو دەبێت بێت

ئەوی دی  هەر ئەمشەو  دەڕوات

بێ  هاتنی تۆ  من نایەم 

بە گەشتنی من چەند زوو دەڕۆی تۆش !

٤

چاوت  ماچ  دەکەم

ئەمساتەوەختە کە ئەم ووشانە  دەبینیت

پەنجەکانت  ماچ  دەکەم

کە دوگمەی  مۆبایلەکەت دەگۆڕیت و

کورتە نامەکەم دەخوێنیتەوە

لێوەکانت ماچ دەکەم 

کە لە کۆتایی  ئەم  ووشانەدا

بزە  دەکەوێتە سەریان .

٥

دارسێوە بەربادەکە

دارسێوە نائومێد  و تەنهاکە 

دڵی  وەکو کۆلارە  بە ئاسماندا هەڵداوە 

بێباک لەوەی  چەتونەکانی  گەڕەک

چۆن دەیدەنە  بەردەستی زبری( با ) و ..پێدەکەنن

وەکو تۆپ لەکۆڵانە سیلاویەکاندا چۆن چۆنی 

لە بەرپێکاندا دێن و دەچێت و نائومێدانە  دەگەڕێتەوە،

کەس لە دووی دڵ ناگەڕێت لێرە

بۆیە هێواش هێواش دڵی  هەزار پارچەی ئەویش  

بۆگەن دەکات لە سنگدا .

٦

چەندە بە تۆ دەچم  کەرکوک 

جوان  وسەنگین و پڕ ژیان

چەندە بە من دەچیت کەرکوک

تەنها وچۆڵ  وهۆڵ  و پڕ ئازار

چەندە بە تۆ دەچم  کەرکوک

بەخوڕترین  نەزیف و

بەخشندەترین خاک  و خۆڵ 

چەندە بە من دەچیت  کەرکوک

بەو  هەمو  جوانیەتەوە

تەنهاترینیت

هەمو عاشق وجەنگاوەر وحیزب و شاسوارەکانت

درۆیان کرد،

تۆ هەر  خۆتی بە کەناری  سوتانەوە

منیش  هەر خۆم  لە زیندانی تەنهاییدا 

٧

من  کە لە پێستی  لەشی  خۆم زیاتر ،کەسم نیە

لە دیواری شوشەیی تەنهایی زیاتر .. ماڵم نیە 

من کە وەکو جەرگیشم کون کونە ،بەلەمەکەم

بێکەسترین درەختی  دارستانەکەم 

سێ باڵندە ،

سێ  سەرنشینی تریشم

بۆ هێناوە  لەگەڵ  خۆمدا؟

٨

بە جوڵەو سەربادانی درەختەکاندا 

دیارە لەگەڵ (با) شەڕیانە 

یان پێکەوە غەزەل دەخوێننەوە .

 

 

دڵسۆز حەمە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.