Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تەنیا هە ڵۆ

تەنیا هە ڵۆ

Closed

 حەمە سەعید كەلارى…….

 شار  تاریكە
 وێنەى  شەوە  مردەوەكانى
 ئەم  شەو  ئەمرێ
 بە سەر  جەستەى  خامۆشەوە
  بەدیار  گیانەڵاى   رۆحەوە
 چاوى    لمى   بیابانێك
 لێت ئەڕوانێ ،
 شەو  تاریكە  و هەسارە  بە تاو  ئەبارێ
 كشان   بەڕێژنە  ئەڕژێتە   كۆشى   زەوى،
 ئەڕوانیت و
  لە مەدارى   مەرگێكدا   ئەخولێیتەوە
 چاو  داناخەى
 كەللەت  ئەبێتە  تۆپەڵێ  خەفەت و  ژان
 گەرم  گەرم
 گەرمە تایەكى  وەڕسیى   داتئەگرێ
 شتێك  وەك  خەو   ئەتباتەوە
 خەون  بە دادگای  كردنى
 بچكۆلەیى  گەورەكانەوە   ئەبینی ،
 تا بەرت  ئەداو  ئەتگرێ
 بەرت نادا ، تااااا
 قریشكەى  خوێن و
 قرچەى  ئێسقان  دێنە زمان
 زەنگى  كاتژمێرى   مەراق
 زرنگ زرنگ  بەرائەتت  ئەبزوێنێ
 منداڵییت  شیعرى   ئەپژێ
 ئیتر  ژورەكەت   پڕ ئەبێ
 لە بۆنى  خاك و  سەرچڵیى
 سەرمەست ئەبی
 كە پشت ئەكەیتە  تاریكیى
 لە مەدارى  مەرگ  دەرئەچى و
 بەرەو دوا  ئەگەڕێیتەوە
 بەرەو  تەنوورى  گەرمەسێر ،
 دەڤەر      دەڤەر
 شار بە شارو  كۆڵان  كۆڵان
 گەرمیانى رۆح
 بە سەر  لەپەوە  ئەیگێڕى ،
 دایكت   لەوێ
 روەو    وێرانە  قیبلەى    تۆ
 بەرماڵى  تكا   رائەخا
 نوێژى  سەفەر  ئەبڕسكێنێ و
 دواى  " ئەسەلام و عەلەیكوم "
 بەدەم    تەتەڵەى     لێوەوە
 هەناسەیەكى گێژەن " ئایەتەل كورسى "
 نوشتەیەكى   گوللە    نەبڕ
 دۆعاى  خێرت  بۆ   ئەنێرێ ،
 *
 دەمەو  بەیان
 خەو  ئەبینى
 دیسان   هەسارە   ئەبارێ و
 دانابارێ
 تۆش  لە مەدارى  مەرگ  دەرئەچیت و
 دەرناچی
 نەخشەى   شارە   بچكۆلەكەت 
  وەكو ماقڵە
 بەدەم  مارشى  رەشەباوە
 ئە هەڕۆژێ ،
 منارە نەخشنى  مزگەوتى خانەقا
 بەسەر  سفرەى  راتبەى   چەورى
 سوختەكانا   ئەنوشتێتەوە
 لە سێبەرى  فوارەى  خوێنا  
 موستەعید و  دێوانەى  حوجرە و  تەكیەكان
 سێ رسكانى    ئۆینبازى و
 نۆڕسكانى         دووزمانى
 دامە دامەى       ئاشووبێ     دەور ئەكەنەوە
 لە خەونتدا
 شەقام   رەشمارێكى   سڕە
 گەڕك  لە   گەڕك    تۆراوە
 دەرگا  خۆى   ئەگوازێتەوە 
 ئەودیو  دیوارى   ناحەزیى
  سەرسام نابیت
 ورتەیەك   ئەڕژێتە   بەرپێت ،
 " ئاخر  سەرچاوە   هەقیەتى
 تا   بەر پێى   پاك   نەكاتەوە
 رۆشنیى ئاو  نەڕژێنێتە  سەر  وشكانیى و
  درزى   سوورە خاكى   بەیار " ،
 لەو   دەمەدا
 لەساڵیادى
 ئا ئەو رۆمەڵغەزایەدا
  مەى نەبێ ،  خۆ شار  ئەخنكێ
  لێرە  و  لەوێ
 شووشەى   شەرابى  مەحەبەت
  گەلێ زوو  ئینتحارى  كرد
 دە بڕوانە
 لەم سەرزەمینى زامەدا   
 لەم فستیڤاڵى مەرگەدا
 بەدزیى  ئاسمانەوە  مەى
 دەیان  مزگەوت  و  كڵێسا  ئەخواتەوە
 ورد بەرەوە
 ئا بەم سوبحى  ساڵیحانە
  لە كووچەى غەزب گرتوودا
 لە پشت پەنجەرەى تەمگرتووى
 ماڵە  موشتاقى  ماچەوە
 مۆمێكى دڵشكاو   بەكزیى   ئەسووتێ
 كەڵەشێرێك
 تۆقیوى  دەم تیغى   ژەهر
 ژەهرى  فەتوا
 نیوە
 سێ   بەش
 جار  جارێ
 هەر  هەموو  قووقەى   ئەخواتەوە ،
 لە پاش خاپوورى قەڵاى مەمك
 دواى  ئەو  هەموو  فەتح و  غەزا
 گوڵاڵە  پایزە بەچەقى  رێگاوە
 توێژى   برین   شەق   ئەكات و
 سەر دەر دێنێ ،
 بەڵام هێشتا
 چوَلەكە ئااااااا
 بەو هەموو   زۆرزانیەوە
 هەناسە  سارد
 بە دوو چاوى گومانەوە
 تاڵە موو  و  پووش
 بۆ سەر فنجانى دار تێلە
 تەزوو مردوەكانى  ئەوین  ئەگوازێتەوە ،
 تا ئەم ساتەش
 پەپوسڵێمانە  بەو  هەموو   جوانەیەوە
 كڵاوكووڕە   بە كۆڵێ   دڵسافیەوە
 لە بەیانیى   فیراقەوە
 هەتا   ئێوارەى    دڵتەنگیى
 بە ڕۆخى  رێگاى  رۆژێ   چاوەڕوانیدا
 دێن  و  دەچن  و   كوڵ نابن ،
 ئێستە لەوێ
 پەڕسێلكە ى
 دەرد  چەشتووى  كۆچ
 تاق و تەنیا
 باڵى  وەفا   ئەجوڵێنێ و
 لە سەر  مەزارى  هەڵۆكان
 جریوەى  وەفا  ئەخوێنى ،
 ئەى  ئا  لەوێ ،  تۆ چى ئەكەى؟
  بەتەماى كامە زەماوەند
 سروودى  ئەى  ڕقیب  لە بەر  ئەكەیتەوە؟
 لە سێبەرى  نەزەرگاى   "باوەشاسوار " ا      "*"
 لەپاڵ  كام  كێلى  مەڕمەڕا ،
 لە سەر مەزهەبى كام گرووپ
 بە قاپێ شیر 
 شیرى  سەر سوورى  خۆرمایى
 دڵى رەشى  گابەردێك  ئەشۆریتەوە  .
   *
 هۆۆ  سەڵتانى   عەرشى  غەزەب
 لەم   شەوە   دۆزەخینەدا
 گوێت لە شەپۆلى نزایە ؟
 ( ………………) !!
 ئەى  من  چیبكەم ؟
 دەس لە كەڵپوسى زینى كام رجا گیر كەم
 بەسەر پشتى ماینى كامە شیعرەوە 
 بۆ دەڤەرى گاوران  ئەمنێریتەوە ؟
 دە پێم بڵێ
 لەم مەغریبسانى رۆحەدا
 چۆن   هەڵبكەم
 بۆ یادى ئەو كۆچە رەشە چۆن نەچمەوە ؟
 ئا لەم دەریاى عەزابەدا
 گوناحی ئەو گشت نەورەسە رەشپۆشانە
 لەو دەشتە بێ بەهارەدا ،
 دەینى  پەڕسێلكەى  سپی ئەو رۆحانە
 بە ئەستۆى كێ ؟
 ئاخر دیدارى ئازیزان خەریكە خۆى لە یاد ئەكا
 بە بێ  حوزوورى  چاوى  پر ِ حەسرەتى مە
 دوور  لە پەنجەى  شیعرى  زڕخەوى  ئەم  شەوە 
 كام شوان  فوویەك  بە شمشاڵى  حوزنا  ئەكا
 كێ سەربێرى  خەمێك  ئەگرێ و
 گوانى خەفەتى مامزێك دائەدۆشێ ؟
 ئێستە لەوێ
 مەگەر  كەڵە  كێویەكى  حەسرەت زەدە
 بچێتە سەردانى ئاسكێكى شیرین خێل
 كلى وەفا 
 بە نووكى زمانى بەڵێن 
 بەڵێنى  شاخ
 چاوى بڕ ئێشى  بڕژەێ ،
 گەر ئەو كەس شگ نابەم !
 رەنگە   ویژدانى  هەڵۆیەك
 زامى   وەفاى    بكوڵێتەوەو
 باڵى  خوێنى  لەیەك  بدا
 بچێتە  لاى  وجاغێكى  هەوار  كوێرو
 دڵنەوایى  تەوارێكى  رەشپۆش  بكا ،
 مەگەر هەڵۆ ئەگەر مابێ
 بچێتە  بەر قاپیى  ماڵێكى  زەردەشتیى و
 بۆ  ڕۆحیانەتى  " پەریخان "  
 هۆرەیەك  بكا و   سوورەتێك
  "  ئەنفال  "   
 بۆ خودا          بخوێتێ
         
 • لە ساڵى 2000 لە ئێوارە كۆڕێكا كە لە " ماڵى شەرەفخانى بەدلیسیى " بۆ خوێندنەوەى چەن شیعرێكم سازكرا ، ئەم شیعرەى سەرەوە هێشتا مسوەدە بوو  و دوا شیعربو ، لەو كۆڕەدا حوێندمەوە ، ئیتر لێم ون بوو تا چەن رۆژێ بەر لە ئێستا لەكاسێتێكدا كەوتە بەر گوێم ، وا ئێستا بە كەمێ دەسكاریەوە ، یا راسترە بڵێم پاش تەواو كردنى بە شیاوم زانى بڵاوى بكەمەوە .
 • باوەشاسوار  : چیایەكى بەرزە ئەڕوانێتە سەر شارى  ( كفرى )دا
 
          
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.