Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
تەنیا ڕۆژێک بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی، چەند ڕۆژێکیش بۆ جلو بەرگی ئیماراتی

تەنیا ڕۆژێک بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی، چەند ڕۆژێکیش بۆ جلو بەرگی ئیماراتی

Closed
by March 26, 2013 گشتی

 

 

 

 ڕۆژێک  بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی. لە یادی ئەمساڵیدا بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوانتر لە ساڵانی پێشو ئەم بۆنەیە بە ڕێوە چوو. دیمەنێکی تا بڵێی دڵڕفێن و بەختەوەربەخش بوو، بەتایبەتی قوتابیانی قوتابخانەکان و مامۆستاکانیان لە هۆڵ و ژوری وانە ووتنەوەکانیاندا بەم پۆشاکەوە دەبینران.  یاخود فەرمانبەرەکان لەو دیو مێزەکانیانەوە بە جلی کوردییەوە کاریان دەکرد. یان پاسەوانی بەردەرگای دامەزراوە گشتییەکان و تایبەتییەکان! بە خۆمم گووت ئای کەی بێت ئەم دیمەنە ڕۆژانە دووبارە ببێتەوە وئێمەش وەک زۆرێک لە میللەتانی تری دونیا، شانازی بکەین بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆمانەوە؟ خۆزگەم دەخواست ئەم بەرگە هەر ناوبەناوێک ئاوا بیپۆشین  نەک تەنیا لە شوێنەگشتییەکان بەڵکو لە جێگای کارەکانشماندادووبارە بێتەوە پۆشینی.

پۆشینی بەرگی میللی، تەنیا پۆشینی بەرگێکی سونەتیی نیە. ئەوەندەی پەیوەندییەکی قوڵی هەیە بە بیری نەتەواویەتی و پەروەردەیەکی رۆشنبیری کلتوری نەتەوەیی لە داوەوەیە. بۆیە زۆر کات کەسانێک هەن کە درک بەم زەرورەتە دەکەن، کاتێک  دەڕۆنە جێگایەک بۆ بۆنەیەکی تایبەت، یاهەر جێگەیەکی تری هەستیار بێت، وەک ناسنامەیەکی خۆی ئەو جلوبەرگە دەپۆشیت ئەمە زیاتر لای سەرۆکە نەتەوەییەکان بەدی دەکرێت، ئەو سەرۆکانەی ڕابەرایەتی میللەتێکی چەوساوە و بندەستیان کردوە. وەک بەرهەڵستی و تەحەداو شانازی بە نشتمانی خۆیەوە، بەو بەرگەوە پێشوازی لە بۆنەکەی خۆی دەکات. هەر دیتنی بەو بەرگەوە پەیامێک ئەدات بە بەرامبەرەکەی کە ئەمە کێیە؟ پێش گفتوگۆ وهیچ  ئاخاوتنێک! 

بەداخەوە ئێستاکە ئەم بەرگە ڕەنگینە ئالاوواڵایە تەنیا لە بۆنەکاندا دەپۆشرێت و بەشێکی گەورەشی بۆتە چاولێکەری! دەنا بۆ زۆر کات هێندەی ڕۆژانە لە باڵەخانەی بازاڕ و مۆڵەکاندا و لە دامەزراوە وجێگا پیشەییەکاندا ئافەرتانمان دەبینین بە جلوبەرگی ئیماراتی و سعودییەی عەرەبییەوە، هێندە نایانبینین بەم پۆشاکە میللییەوە؟ ئەم دیاردەیە نەک لاساییەکی کردنەوەیەکی ئیمپریالیانەیە و خۆ بادان و چاولێکەری ئەڵقە ئیماراتی و ژنە شێخەکانی دوبەیە. وەلێ مەترسییەکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە وبابەتێکی زۆر هەستیارە یەکێکیان پەیوەندی هەیە بە ئاسایشی نەتەوەیی، دووهەمیشیان پەیوەندی هەیە بە پەروەردە لە چوار چێوەی خێزاندا. 

من تەواو بڕوام بە ئازادی تاکەکە کەسی هەیە لە شێوازی خۆگۆڕین و بیرکردنەوە و چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ خودی تاکە کەسێتیدا، هەموو مرۆڤێک ئازادە چۆن لەگەڵ جەستە و هزری خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات. بەڵام خۆ دەبێت بڕێک هۆشیاریش لە پشتی ئەو سەربەخۆیی و ئازادییەوە لە بیرکردنەوە و هەڵسو کەوتدا هەبێت! وەلێ  ئەم جلوبەرگ پۆشینە بەگشتی جێگای نیگەرانیە و کاڵ بوونەوەی مەسەلەی نەتەوەییمانە. لە ناوچوارچێوەی خێزان و ماڵیشدا  ڕۆلێکی تری مەترسیدارتر دەبێت.  لەبەر ئەوەی دایک لە خیزانەکەیدا هەڵگری فەرهەنگ وکلتوری نەتەوەییە. باشترین پێگەی کلتورییە بۆ منداڵەکانی وجگەر گۆشەکانی لە قوتابخانە وفێرگەکەی ئەوەوە دێنە دەرێ بۆ کۆمەڵگە. 

کاتێک دایکێک بەیانی خۆی دەڕازێنێتەوە لەبەر چاوی منداڵەکانی بە بەرگ وپۆشاکێکی نامۆوە، نە پۆشاکی گشتییە و نە میللی! جا کارەستەکەش لەوەدا دووبارە دەبێتەوە کە منداڵەکەی بۆ قوتابخانەیەک ڕەوانە دەکات لەوێش بەزمانی کوردی ناخوێنێت، خۆ گەر یاریدەرەی کاری ماڵەوەیشی بێگانە بێت و بە زمانێکی تر لەگەڵیا بئاخفن ئەوە دەست لە نەوەی داهاتوومان بشۆن!!! داهاتویەتی بێ هێز ولاوزی نشتمانی دروست دەبێت کە هیچ پەیوەستیەک دروست نابێت لە نێوان خاک ونیشتمان و تاکی کۆمەڵگە و لاوزبوونی زمان و فەرهەنگی نەتەوەییشمان زۆر باسانایی بەروە هەژاری دەڕوات. 

 کاتێک کە ئێمە منداڵ بووین لە ماڵی نەنکدا گوێمان بۆ چیرۆکە ئەفسانە کوردییەکان دەگرت، نەنکمان بە پۆشاکە کوردییەکەیەوە و سەرپۆشە سپییە نورانییەکەیەوە لە ئامێزی دەگرتین وەک خواوەندێک وابوو بۆمان و ماڵەکەی لە پەرستگایەکی دەکرد. بێ لەوەی کە خواردنەکانی کوردەواری بوون وهیچ نەبێت ناوەکان وجۆرەکانیمان دەزانی. گەر لە ماڵەکەی دایک و باوکیشماندا ئەمە دووبارە نەبوایەتەوە لە ماڵی باپیرەمان بێ بەش نەدەبووین لەو نیعمەتە.. خۆ گەر دایکێکی میهرەبان و نەتەوەدۆستمان هەبوایە ئەوا هەمیشە هەندێ ووشە دووبارە دەبوونەوە لە ناو خێزانەکەدا کە پەیوەندی بە پەروەردە کوردەوارییەکەوە بوو. لە باوکمانەوە گوێبیستی پەیوەستی و خۆشەویستی دەبووین بە خاک،  بەشێکی مێژووی نەتەوەکەمان لە سەر زاری باوک ودایک وکەسوکارمان دەبیست و ئاشنای دەبووین.. 

ئێستا لەم کات و سەردەمەدا گەلێک گۆڕانکاری بەسەر میللەتەکەماندا هات. بۆ نمونە دایکمان بۆتە نەنک وتا ڕادەیەکی کەم بە هۆی بارو دۆخی ژیانی کارکردنییەوە  ناتوانێت ڕۆلێ دایکی ببینێت، دەبێتە نەنکێکی مۆدێرن بێ گومان ئەمە جێگای خۆشبەختییە بە مەرجێک بەشیوازێکی شارستانی بتوانێت نەوەکەی خۆی پەروەردە بکات وبێ بەشی نەکات لە هۆشمەندی نەنکێکی ئەفسوناوی، وەک حیاکەت خوانێک چیرۆکە نە بیستراوەکانی مێژووی میللەت وڕابردووی خۆی بگڕیێتەوە بۆ نەوەکانی. 

 بارودۆخ و قۆناغی ئێستای کوردستان لە گۆڕانێکی بەرفراوان و بەردەوامدایە و بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێت. بۆتە جێگایەک کە باوەشی بۆ چەندین میللەتی تری دوونیا کردۆتەوە، هەروەها چەندین قوتابخانە بە زمانی جودا هەن. ئەمانە گشتی دەستکەوتن وجێگای شانازین. بەڵام با دەستکەوتەکانمان زەزەرمەند نەبن بۆ نەوەی داهاتوو.. با بە هۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بکەین و بیپارێزین و نەهێڵین نەوەی داهاتوو مەیلی زمانی کوردی و پۆشاکی کوردی وناوی کوردی نەمێنێت. ئەمەش ئەرکی سەرشانی پەروەردەو فێر کردن و خوێندنگەیە.  پێگەی پەروەردەیی خێزانیش بە  پەلەی یەک ڕۆڵی خۆی دەبینێت.. 

لەسەردەمێکدا  قوتابیان لە شارەکانی سلێمانی و هەولێردا، سنگی خۆیان ئەدایە بەر گولە لە پێناو پاراستنی زمانی کوردیدا،  شانازیمان بە بەرگی کوردی و کورد بوونی خۆمانەوە دەکرد. ئەوە بەرگی شەرەفی نەتەوەییمان بوو.  ئێستاش زۆر بائاسانی و بێ هێچ کۆنترۆڵێک و بێ هێچ هۆشیارییەک بازاڕەکان پڕ بوون لە کۆگا بۆ فرۆشتنی جلو بەرگی سعودیەی عەرەبی وئیماراتی. ئەوە بازاڕەو ولە بازرگانیدا ڕێگرێکی ئەو تۆ نیە، بەڵام هەموو شتێکیش بە خوێ و خوێش بە مەعنا!!  گەر بڕێک بە ووردی  بیری لێ بکەینەوە هەست بە مەترسییە مەزنەکە دەکەین. 

تۆ بڵێی پۆشاکی کوردی بەو هەموو ڕەنگە ئاڵاو واڵایەوە ئەوەندە جوان و سەرنج ڕاکێش نەبێت لە بەرگە ڕەشپۆشەکان؟  ئەی کاتێک دکتۆرێکی هندی پا خود پاکستانی،لە دانیشتگایەکی  وولاتی بریتانا  وانە بێژە و بە جلوبەرگە ساکارە میللیەکەی خۆیەوە لە هۆڵی وانە ووتنەوەکەیدا دەوستێت. سەروەری وشانازی نیە بەناسنامەی خۆیەوە؟

 با هەموو ڕۆژەکان بۆ بەرگی کوردی بێت و بۆ هەڵکردنی ئاڵی کوردستان بێت و بۆ پارێزگاری لە زمانی کوردی و  ودەوڵەمەندکردنی فەرهەنگەکەمان بێت. نەوەی داهاتوو مۆرکی نەتەوەیی  و ناسنامەی خۆیان لا پتەوتر بکەین و هەمیشە دووبارەی کەینەوە  کە کودربوون شانازی بوونە .

 

فرمێسک مستەفا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.