Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جارێ‌ نایەمەوە …..  نەبەز گۆران

جارێ‌ نایەمەوە ….. نەبەز گۆران

Closed
by June 20, 2013 ئەدەب

 

 

 

چاوەروانی

ئەو درەختەیە لەگەرمای هاویندا

دڵی بۆ هەڵكردنی جۆگەیەك ئاو لێدەدا..

نا

چاوەروانی منم 

دڵم بۆ دەنگی پێی تۆ لێدەدا.

 

مرۆڤ

كە دڵی شكا 

یا دەبێتە دێوانە

یا دەبێتە (من )..

 

دوریی لە شارەكان لەوانەیە نزیك بوونەوەبێت لە (خود). من لەم گوندە ئەوەندە نزیك كەوتومەتەوە لە سروشت خەریكە توخمە راستەقینەكانی مرۆڤ دەدۆزمەوە. خوا كوێرمكا ئەگەر درۆبكەم، هیچ بۆم گرنگ نیە ئێوە خەریكی چین. مرۆڤ خەریكی جیاكردنەوەی شەقەی باڵی باڵندەكانبێت باشترە لە جیاكردنەوەی دەنگی سیاسیەكان و گورگ. كە بەبناری كێوێكدا تێدەپەرم رێوییەك دەبینم، لە دڵی خۆمدا دەڵێم كێوەكانیش سیاسیەكانی لێ‌ نابرێت. شەوانی درەنگ كە لە دوورەوە دەنگی لورەی گورگێك دێت. دڵم را ئەچڵەكێت و دەڵێم:” خۆزگە بچومایەیەتە شوێنێك دەنگی سیاسیەكانم نەبیستایە”. كە قاچم هەڵدەكەوێت لە بەردێك دیسانی دڵتەنگ دەبم و دەڵێم:” خودایا تووشی عەشقم نەكەیت”.

 

جارێكیان ووتم:

بێ‌ تۆیی یانی من

راستم نەكرد

با ئەمجارە دڵنیات كەمەوە

بێ‌ تۆیی یانی من.. 

جارێكیان ووتم:

ئەم دورییە ئەمانكوژێت

راستم نەكرد

با دڵنیات كەمەوە:

ئەم دووریە 

كوشتنی..

 

لە ژیان ناچێت

لە ئێمە ناچێت

لە یار ناچێت

لە راستگۆیدا وێنەی نیە

بەس لە خۆی دەچێت 

مردن.

 

چەند بێدەنگە مردن

حەزم لەو بێدەنگیەیە

ژیان قەرەبەبالغ ناكات مردن

ژیان پاك دەكاتەوە.

 

شوێنێكی چەد خۆشە گۆڕستان

بەس نیە كەس جێت ناهێڵێت

بەس نیە چاوەرێی كەس ناكەیت

بەس نیە كەس فریوت نادات

چەند ئارامە راكشان لە گۆڕدا

ئیدی دڵتەنگ نابی

ئیدی گوێت لە درۆ نابێ

ئیدی بۆ هەمیشە تەنیایت

ئیدی بۆ هەمیشە خۆتی..

 

هەرجارێك بمەوێت ژیان بنووسمەوە لە مردنەوە دەست پێدەكەم. نووسینەوە درێژكردنەوەی ژیانە. مردن ئەزمون ناكرێت. داخەكەم تاقیش ناكرێتەوە. ژیان و مردن لە سكەیەك دەچن، دیوێكی پڕە لە قسەو دیوێكیشی پڕە لە بێدەنگی. كە بەتەنیشت گۆرستانێكدا تێدەپەرم ، ئەوسا بێ‌ مانایی قسەكرنم بۆ دەردەكەوێت. مردن هیچ نیە تەنها ئەوەنەبێت سزای قسەكرنمان دەدات. بێدەنگی بۆ خۆی جۆرێكە لە مردن. هەتا نەچیت بۆ گۆڕستانەكان نازانیت مردن هیچ نیە جگە لە بێدەنگكردنی مرۆڤ.

 

مەگەر 

بەیانیانی گوند

هێندەی دەنگی دایكم

پاك بێت.

 

مەگەر

بۆنی برنج

هێندەی سادەیی 

خۆشبێت. 

 

شار

ئەڵێی رۆژنامەیە

كە خۆر هەڵهات پیر دەبێت.

 

گوند

ئەڵێی بارانە

پێش ئەوەی كۆڵانەكان پاك بكاتەوە

دڵت پاك دەكاتەوە.

 

بۆ نایەیی

بوبەم بۆ باخ؟

تۆ بۆڵە ترێك بخە ناو دەمتەوە

منیش تۆ ئەخەمە ناو دڵمەوە..

 

لە كۆڵانی شارێكدا بووم

لە بەر خۆوە ئەم گۆرانیەم دەووت:

(( گەلێ‌ لەم حاڵە بێزارم )).

ووتم: خودایا

ژیان زۆر درێژە!.

 

لە ژورەكەی خۆم بووم

نامەیەكی درێژم بۆ نادری

لەسەریم نووسی

كاولبێت ئەم دڵە بەبێ‌ تۆ!!.

بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم . شەوانیش ناخەوم، ئەزمونم لەگەڵ شەودا زۆرتر لە ئەزمونم لەگەڵ رۆژدا بۆیە باشتر روناكی دەبینم. ئەوەندە شت لە سادییەوە فێربووم هیچ كات ئەوەندە لە غرورەوە فێر نەبووم. لای من خشەخشی گەڵایەك لە ژێر پێدا زۆر پڕ لە حیكمەتكرە تا خۆبادانی كۆشكێك. سەیركردنی ژیان لەو دیوی پەرژینی باخەوە زۆر پڕماناترە، تا ژیانكردن لە ناو باڵەخانەیەكی بەرزدا. 

 

من چوارجار مردم

جارێك كە تۆم ناسی

جارێك كە بروام پێتكرد

جارێك كە تۆ رۆشتی

جارێكیش خۆم.

 

دەستم بگرە

بۆ كوێ دەڵێیت با برۆین

بۆ گۆڕستان

بۆ مردن

بۆ دۆزەخ

بۆ هەر كوێ‌ بێت دێم

بەس با پێكەوە بین..

 

قەڵەمەكەم بگرە بە دەستەوە

چی دەنووسی بینووسە

بنووسە توڕەم لێت

بنووسە خراپی

بنووسە بێتام

بەس مەنووسە بڕۆ

با پێكەوە بین..

 

زۆر جار 

لە ژورەكەی خۆم

پەنجەرەكە دەكەمەوە

دەرگاكەش لە گەڵی

كەچی نە تەنیایەكانم 

دەڕۆن

نە تۆ دێیت!..

 

ئەم گوڵانە

ئەم وەرزانە

ئەم باخانە

ئەم گوندانە

دونیا خۆش دەكەن

ژیان خۆشدەكەن

بەس دڵی من نا..

 

جارێ‌ نایەمەوە 

پێم ناكرێت

ئەم هەموو تەنیایە جێ‌ بهێڵم.

من 

ئەگەر منداڵیم لێ‌ وونبێت

لە ناو گوڵی كراسەكانی دیكما

بۆی دەگەرێم.

 

ئەزانم : خۆشبەختی لە گوڵی سەر فەرشێك دەچێت زوو كاڵ دەبێتەوە. ئەوەش دەزانم ئەوانەی بەشوێن خۆشبەختیدا دەگەرێن هەمیشە دڵتەنگن. ئەوانەی دڵتەنگی دەنووسنەوە هەمیشە ئارامن. من نە بۆ ئارامی و نەبۆ خۆشبەختی ئەژیم. چوون دەزانم ژیان وەك شیعرە دەبێت هەڵەچنی بكەیت. 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.