Skip to Content

Wednesday, May 19th, 2021

جه‌سته‌ی شۆخه‌ نووستووه‌كان بێداریه‌كی هه‌میشه‌یی پیره‌مێرده‌كان

Comment
by January 16, 2013 ئەدەب

 

 

“مردن بۆ پیره‌،خۆشه‌ویستی بۆ گه‌نجه‌،یه‌كجار ده‌مرین،به‌ڵام چه‌ندین جار خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ین” “ئیگۆشی”

 

دوای خوێندنه‌وه‌ی سێ‌ ڕۆمانی “به‌فر،كه‌مانچه‌ ڕه‌شه‌كه‌،هه‌نگوین”ی”ماكسێنس فێرمین”ڕۆمانی             “شۆخه‌ نووستووه‌كان”ی یاسۆناری كاواباتا”دواین ژانه‌ری ژاپۆنییه‌ بیخوێنمه‌وه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نا بترسم ده‌رسی خۆكوشتنم بده‌ن نه‌وێرم “هایكۆ”یه‌كیش بخوێنمه‌وه‌ نه‌ك ڕۆمان.له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نا حه‌ز به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژاپۆنی نه‌كه‌م،له‌به‌ر ئه‌وش نا هاو ڕای كه‌سانێك بم كه‌ پێیان وایه‌ خه‌یاڵگه‌ی ژانه‌ری ئه‌ده‌بی ژاپۆنی ئه‌فسانه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نا له‌ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیان عیرفانیه‌تی ڕوحی له‌ عقڵانیه‌ت باڵاده‌ست تره‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی ده‌قی ژاپۆنی ئه‌گه‌ر له‌ زمانی دووه‌میشه‌وه‌ بوبێت بۆ سه‌ر زمانی كوردی له‌و په‌ڕی فه‌رامۆشیدایه‌ و گرنگی پێنه‌دراوه‌،یاخود ئاڵۆزی و قورسی زمانه‌كه‌ و نه‌بوونی زه‌وقی فێربوونی زمانی ژاپۆنی، ڕه‌نگه‌ هۆیه‌كی تر بوبێت له‌وانه‌شه‌ نه‌بوونی حه‌زی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ژاپۆنی هۆی دووه‌می بێت. به‌نسبه‌ت ئێمه‌ وه‌كو گه‌لی كورد گه‌لی ژاپۆن بێگانه‌یه‌كی دووره‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وان حه‌ز به‌ فێر بوونی زمانی گه‌له‌ ژێر ده‌سته‌كان نه‌كه‌ن بۆیه‌ له‌ بڵاو نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌كه‌یان له‌ جیهانی ئێمه‌دا به‌رپرسن،بۆ نمونه‌ نه‌بوونی به‌رهه‌مه‌كانی  ڕۆمان نوسی ژاپۆنی “یۆكیۆ میشیما”ئه‌گه‌ر به‌كوردی نه‌كرێن ئێمه‌ چۆن بزانین میشیما چ بلیمه‌تێك بووه‌،        یان ڕۆمان و شاكارێكی مه‌زنی وه‌ك”غه‌زه‌لنوس و باخه‌كانی خه‌یاڵ”ی به‌ختیار علی بۆ سه‌ر زمانی ژاپۆنی     ئه‌گه‌ر كاری وه‌رگێڕانی بۆ نه‌كرێت ژاپۆنیه‌كان چۆن بزانن كورد خاوه‌نی ئه‌م خامه‌ جوان و به‌پێزه‌یه‌ .       كه‌واته‌ بڵاو نه‌بوونه‌وه‌یی ئه‌ده‌بیاتی ژاپۆنیش له‌نێو ڕۆشنبیر و ئه‌ده‌بیات و خوێنه‌ری كوردی كه‌مترخه‌می ژاپۆنیه‌كانه‌،هه‌روه‌ك نه‌بوونی وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی ژاپۆنی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كوردی كه‌مترخه‌می كورده‌كانه‌. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێكی ژاپۆنی زمانی كوردی بزانێت و هه‌وڵی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بیاتی ژاپۆنی بۆسه‌ر ئه‌و زمانه‌ نه‌دابێت و كاری وه‌رگێڕانی بۆ نه‌كردبێت .هه‌روه‌ك وه‌رگێڕی كوردییش زمانی ژاپۆنی بزانێت و بۆ ده‌قی كوردی كاری وه‌رگێڕانی بۆ نه‌كردبێت.

كه‌واته‌ من هه‌ڵه‌ نیم پێم وایه‌ ده‌بێ‌ هه‌ر یه‌ك ئه‌وان و خۆمانیش هه‌وڵبده‌ین ئه‌ده‌بیاتمان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بناسێنین له‌وه‌ی زیاتر چاومان له‌ ده‌ستی تاك تاكه‌ی وه‌رگێڕی میلله‌تان بێت.

من ئێستا به‌خته‌وه‌رم ئه‌و ئومێده‌م هاته‌دی به‌وه‌ی كه‌ زۆر حه‌زم ده‌كرد ده‌قێكی ژاپۆنی بخوێنمه‌وه‌ ئاشنای جیهانی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌فسوناوی ژاپۆنی بم،به‌ڵام نه‌مده‌توانی ئه‌م ئاره‌زووه‌ ده‌رببڕم هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جا كوا كێ‌ هه‌یه‌ له‌ناو وه‌رگێڕه‌ كورده‌كان زمانی ژاپۆنی بزانێت،ده‌ق و ئه‌ده‌بی ژاپۆنی له‌زمانی ژاپۆنیه‌وه‌ بكات به‌كوردی.

ئێستا خۆشبه‌ختم به‌و ئومێده‌ ئه‌ده‌بیه‌ گه‌یشتووم “محمد عبداڵله‌”له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی ڕۆمانی “شۆخه‌نووستووه‌كان”ی “یاسۆناری كاواباتا” وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

به‌و هیوایه‌یی وه‌رگێڕێك له‌ناو وه‌رگێڕه‌ كورده‌كان هه‌ڵكه‌وێت له‌زمانی ژاپۆنیه‌وه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی ژاپۆنی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌ربگێڕێت،به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

 

ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ ساڵی 1926دا بڵاو بۆته‌وه‌ پێده‌چێت له‌زمانێكی تر كاری وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن “ماری توق”بۆ كرابێ‌ نه‌ك له‌ ژاپۆنیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی وه‌رگێڕدرابێت،جا له‌چ زمانێكه‌وه‌ كراوه‌ به‌عه‌ره‌بی ڕه‌نگه‌ بۆ كاك محمد عبداڵله‌ش ڕوون نه‌بێت،چونكه‌ پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌ ساڵی1982″ گابرێیل گارسیا ماركز” ڕۆمان نوسی كۆلۆمبی بۆی نوسیوه‌.گابرێیل ئه‌وه‌شی بۆ نوسیوه‌”تاكه‌ كتێب كه‌ پێم خۆش بوو من نوسه‌ره‌كه‌ی بوومایه‌،كتێبی “شۆخه‌ نووستووه‌كان”ی كاواباتایه‌”

مه‌عریفه‌ی ئه‌وروپی ده‌ستێكی باڵای هه‌یه‌ له‌خوڵقاندن و ژانی ژانه‌ری ژاپۆنی،به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بۆته‌ هۆی پێكچواندن  هه‌ست به‌ بوونی جیاوازی نه‌كه‌یت.له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپی له‌نێو ژانه‌ری ڕۆمان و شیعر و په‌خه‌شان و ڕۆمان و چیرۆكه‌كانی ناو ڕۆمان،پیاوێك نادۆزیته‌وه‌ كڕیاری له‌ش بێت و وه‌ك ئیگۆشی و كیگای نێو ئه‌م ڕۆمانه‌ مشته‌ری بێ‌ گێچه‌ڵ بن.

ڕۆمانی ژاپۆنی له‌گه‌ڵ ڕۆمانی ئه‌مریكای لاتینیش جیاوازی هه‌یه‌،تۆ وه‌ك خوێنه‌ری ڕۆمان دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ ڕۆمانی “یانزه‌ خوله‌ك “ی “پاوڵۆ كۆیڵۆ” یان ڕۆمانی”سه‌د ساڵ ته‌نیایی”گابرێیل گارسیا ماركز”  بخوێنیته‌وه‌ ئه‌وسا ده‌زانی من باسی چی ده‌كه‌م.

بۆیه‌ هاتنه‌ ده‌ر له‌م جیهانه‌ ئارام و بێده‌نگه‌ی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی كاواباتا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆجه‌نجاڵی ژیان ئاسان نیه‌، چونكه‌ خوێنه‌ر خۆی ده‌بێته‌ ئیگۆشی چێژ له‌ قوڵ بوونه‌وه‌ و ڕۆچون له‌ جه‌سته‌ی “گیشیا”و هاوشێوه‌ نقوم بووه‌كانی له‌ خه‌ودا ده‌بینێت.

بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی دروستكردنی چیرۆكی ناو ئه‌م ڕۆمانه‌،باسكردنی ماڵێكه‌ به‌ناوی “ماڵی شۆخه‌نووستووه‌كان” له‌ناو ژووره‌كانی كچی منداڵكار و جوان به‌حه‌پ خه‌وێنراون بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی لێكه‌ووتوون و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌موو هیوایه‌كیان له‌ سێكسكردن له‌گه‌ڵ ژن له‌ده‌ست داوه‌ و به‌بینینی جه‌سته‌ی ڕووتی ژن ئاسوده‌ ده‌بن و به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ كردارێكی سێكسی ئه‌نجام بده‌ن،چاو تێبڕینێك به‌سه‌ جه‌سته‌ی گیشیا هه‌وه‌سبازی پیاوێكی ورووژاو ئارام بكاته‌وه‌.هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌كاتێكدا له‌ ماڵێكدا ڕوو ده‌ده‌ن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پێیی بووترێت له‌شفرۆشی،چونكه‌

“كچه‌كه‌ نووستووه‌ و ته‌نانه‌ت ئاگای له‌وه‌ش نیه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كێدا شه‌و به‌سه‌ر ده‌بات”.                           لێره‌ له‌و ماڵه‌دا شۆخه‌ نووستووه‌كان ته‌نها له‌ته‌نیشت پیره‌مێرده‌كان به‌ حه‌پ ده‌خه‌وێنرێن و پیره‌ لێكه‌وتووه‌كانیش به‌دیار جه‌سته‌یانه‌وه‌ ڕابردووی گه‌نجه‌تیان به‌خه‌به‌ردێته‌وه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌”ئه‌و پیرانه‌ جێیی به‌زه‌یین هامو شۆی ئه‌و ماڵه‌ ده‌كه‌ن”.چونكه‌ “ورووژاندنی دڵی مردووی پیره‌مێردێك له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌ی كچێكی گه‌نجه‌وه‌،پڕۆژه‌یه‌كی زۆر خه‌مهێنه‌”.هامو شۆی پیره‌مێردانی ئه‌و ماڵه‌”تێیاندایه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نایه‌ن كه‌ به‌تاسه‌وه‌ حه‌سره‌ت بۆ گه‌نجی له‌ده‌ست چوویان بكێشن،به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌یان له‌بیر بكه‌ن كه‌ به‌درێژایی ڕۆژگار ئه‌نجامیان داوه‌”

 

“به‌فر كه‌مانچه‌ ڕه‌شه‌كه‌ هه‌نگوین”سێ‌ ڕۆمانی

“ماكسێنس فێرمین”وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی

ڕۆمانی”سه‌دساڵ ته‌نیایی”ی”گابرێیل گارسیا ماركز

وه‌رگێڕانی حسن ره‌ستگار

 

 

به‌نگینه‌ پیرۆت نوری

 

Previous
Next

Leave a Reply