Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

جۆگه‌یه‌ك ئاو لایدایه‌ ماڵی ئێمه‌..!!

Be First!
by November 16, 2011 ئەدەب

 

 

                                                                                  

 

ئاماژه‌ به‌ سه‌ردانتان له‌ رۆژی ( بریقه‌ )دا ،

تكایه‌ بۆ ئاگاداریتان ،

ئه‌و رۆژه‌ ..

جۆگه‌یه‌ك ئاو لایدایه‌ ماڵی ئێمه‌ . دره‌خت ریزیان به‌ست ، ده‌ستیان كرد به‌ سه‌ما . په‌ڵه‌ هه‌ورێ ده‌ستی درێژ كرد و ناوچه‌وانی شاخی سڕی . شاخ له‌ خۆشیدا ، ئه‌وه‌نده‌ قاقای لێدا ، خه‌ریك بوو بكه‌وێت به‌ ده‌ما . چه‌م چه‌ند خۆی تاودا ،  نه‌یتوانی به‌هه‌رده‌كه‌دا سه‌ركه‌وێ‌ ، خه‌ریك بوو شێت بێ ،سه‌ری شۆڕكرد و به‌لاره‌ لار به‌ دۆڵه‌كه‌دا شۆڕ بـووه‌وه‌ .

ئه‌و رۆژه‌ ..

خه‌ریك بوو له‌ شه‌رما ره‌قبمه‌وه‌ . تینوێتی سواغیدام . ره‌نگم وه‌ك ره‌نگی بێده‌نگی ئه‌سمه‌ر هه‌ڵگه‌ڕا . شێتایه‌تی ده‌م و چاوم به‌تاڵ بوو . سه‌رسامی ، سه‌ری زۆر سوڕما و هه‌ر لێم ورد ده‌بوه‌وه‌ ، وای ده‌زانی من تۆپه‌لێك بێداریم . ئه‌وه‌نده‌ پێم له‌ كاری ناڕه‌وا هه‌ڵكه‌وت ، تاكو ورده‌ ورده‌ شێوه‌ی هه‌ورم وه‌رگرت .

ئه‌و رۆژه‌ ..

ده‌مویست خه‌مباری بدوێنم ، به‌ڵكو دڵی نه‌رم بكه‌م و ئاشت بێته‌وه‌ .سه‌ره‌تایه‌ك بۆ له‌خه‌وهه‌ڵسان دانێم . زۆر ده‌ستنوسم ئه‌مدیو ئه‌ودیو كرد ، به‌ نیازی ئه‌وه‌ی پێڕستێ‌  بۆ داستانی خۆڵه‌مێش رێكخه‌م . كه‌وتمه‌ گه‌ڕان به‌ دوای شوێنه‌واری بێكاریدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌فته‌رێ بۆ داهاته‌كه‌ی بكه‌مه‌وه‌ . به‌ڵام هیچم پێ نه‌كرا ،چونكه‌ هه‌موو شتێك به‌ زستان داپۆشرابوو .

تكایه‌ ، بۆ ئاگاداریتان و ..

ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونیتان له‌ رۆژی ( ره‌ونه‌ق )دا ،

من له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌ندێ سه‌رمام كۆكردبوه‌وه‌ ، ئه‌و رۆژه‌ ته‌ماشام كرد رزیوه‌ ، به‌ كه‌ڵكی ئه‌وه‌ نه‌ده‌هات به‌ پۆستدا بۆتان ره‌وانه‌ بكه‌م . له‌گه‌ڵ ره‌وانبیژی پاوانخوازیدا كێشه‌م زۆره‌ ، خه‌مساردییش رێنوسی خۆی ساغكردۆته‌وه‌ . بۆیه‌ خه‌ونه‌كانم راخست و له‌سه‌ری دانیشتم ، ده‌ستم كرد به‌ ئێشك گرتنی به‌دبه‌ختی ، ورده‌ ورده‌ گرێ كوێره‌ی به‌سه‌رچووم كۆپی ده‌كرد .

 

ئه‌و رۆژه‌ ..

ده‌ستی مناڵیی خۆمم گرت . ده‌سته‌كه‌ی ترم خسته‌سه‌رشانی نیشتمان ، هه‌ستم كرد هێشتا له‌بیر چوون به‌ری نه‌داوه‌ ، ناتوانێ چوار وه‌رزه‌ شیر بدات ، نازانێ چوار مشقی دانیشێ و به‌رگی ئازار داكه‌نێ . مایه‌پوچی ده‌ست وقاچی به‌ستۆته‌وه‌ و سه‌ره‌خولێیه‌تی . به‌ فیكه‌ی خۆ به‌كه‌م زانین مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ڕه‌ نه‌ڕی ده‌ور وبه‌ردا ده‌كات . وادیاره‌ له‌ كۆتایی تونێله‌كه‌دا وه‌ك جاری جاران به‌ دۆڕان خۆمان پاك ده‌كه‌ینه‌وه‌ .

تكایه‌ بۆ ئاگاداریتان ..

ئه‌و رۆژه‌ ، بۆ حاڵی خۆمان زۆر گریام .

بیرم له‌ بیركردنه‌وه‌ی پاشا ده‌كرده‌وه‌ ، بینیم كراسی دابڕانی له‌به‌ردایه‌ ،هه‌وای نه‌فس سه‌ری لێتێكداوه‌ ، شایی و شینی تێكه‌ڵ كردووه‌ ، له‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆیشی ناته‌بایه‌ . ده‌یه‌وێ په‌نا به‌رێته‌ به‌ر بۆسه‌ دانان بۆ به‌خته‌وه‌ری و زه‌بونی ، به‌ڵام بێ پلان و بیركردنه‌وه‌ . ده‌ست بۆ هه‌موو شتیك درێژ ده‌كات و نازانێ له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ ده‌كات ، لێی ده‌پرسم : بۆ وا ده‌كه‌ی ؟  ده‌ڵێ : من باوه‌ڕم به‌ سه‌ره‌تا و كۆتایی نییه‌ ! له‌ كوێ بچڕا گرێی ده‌ده‌م ! خۆت ده‌زانی بیركردنه‌وه‌ په‌تێكی باریك و           كرژه‌ ، زوو زوو ده‌بچڕێ و كورت ده‌هێنێ . بێگومان ده‌رئه‌نجام به‌ تۆڕی هه‌ره‌س خۆمان ده‌گرینه‌وه‌ . 

له‌به‌ر  رۆشنایی ئه‌و وێنانه‌ی سه‌ره‌وه‌

پاڵپشت به‌و بێ تاقه‌تیه‌ی پێمان دراوه‌ ، بۆیه‌ بڕیارماندا دانیشتنی پێنج ئه‌ستێره‌ به‌قه‌دكراوی بهێڵینه‌وه‌ .

له‌ كۆتاییدا ، ئاواته‌خوازم هه‌میشه‌ له‌ بێزاریدا بن ،

به‌ هیوای یه‌كتر نه‌بینین .

تكایه‌ ، بۆ ئاگاداریتان ، له‌گه‌ڵ رێزدا ..

 

هاوپێچ //

1.       فه‌رمانی شیعری ژماره‌ (زع ) له‌ رو/م/س ئا ل ن ،سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی پێكه‌نین .

2.       نوشته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ( هه‌نگاونان بۆ دواوه‌ ) ، سه‌باره‌ت به‌ سڕكردنی بردنه‌وه‌ .

3.       گرێبه‌ستی ماره‌نه‌بڕینی ( شیرین و فه‌رهاد ) / نوسخه‌ی ئه‌سلی .

4.       خشته‌ی خه‌مڵاندنی تێچوونی دروست كردنی هێلكه‌یه‌ك .

5.       كۆپی نامه‌یه‌كی ده‌ستخه‌تی ( قه‌یس ) بۆ ( له‌یلا )

6.       دوو زه‌رفی گه‌وره‌ بودجه‌ی پوخته‌ نه‌كراو .

7.       وێنه‌یه‌كی ره‌نگا وره‌نگی ( مه‌م و زین ) .

8.       سی دی كۆنسێرتی خوشك و براكوژی .

9.       نه‌خشه‌ی دیزاینی پردی سیرات .

10.      شوشه‌یه‌ك بۆنی باوێشك .

11.      هه‌ندی گه‌رمای پێچراوه‌ .

12.      كیسه‌یه‌ك دۆزینه‌وه‌ .

13.      دوو ده‌سك وه‌ڕین .

 

                                                                                        ئیمزا

                                                                                     ته‌یب جه‌بار

                                                                             به‌ڕێوه‌به‌ری بارینی شیعر

 

 

وێنه‌یه‌ك بۆ /

         به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌هه‌شت / تكایه‌ ، بۆ دیاری كردنی كات و شوێنی شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ پاش ته‌واوبوونی به‌رده‌فڕكێ .

         به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خه‌ون / تكایه‌ ، خه‌ونی سه‌ر رێگاكه‌ هه‌ڵمه‌گرن .

         بــــــــــــه‌شی لـــــه‌ نــــاوبردنی پـــژمین .

         بـــــــــــه‌شی حــــه‌وانه‌وه‌ی زۆرانبـــــــازی .

         هـــــــــــۆبه‌ی په‌یوه‌ندی نه‌كردن به‌ كه‌سه‌وه‌ .

         هـــــــــــۆبه‌ی تــه‌رازوكردنی لـــــــه‌تردان .

         زاڵگـــــــــــه‌ی پشـــــكنینی بــــــــــــــــا .

         زاڵگـــــــــــه‌ی رێگــــای ئه‌وپه‌ڕی دونیــــــا .

         تیپی سه‌ماكــــــه‌رانی مه‌یدانی چاكســـــــازی .

         تیپی گـــه‌شتیــــــــــــــــــــــــارانی دۆزه‌خ .

         ئه‌وانه‌ی ناویان له‌ لیژنه‌ی سه‌رئێشه‌دا نه‌هــاتووه‌ .

         ئه‌وانه‌ی نازانن پێستـــــی تـــه‌م بخــــــورێنن .

         ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌خواردنی گۆشتی بۆمه‌له‌رزه‌ ده‌كه‌ن .

 

         فایلی كاری دره‌نگانی شه‌و .

         فایلی قســه‌ی نــــابه‌جێ .

         فایلی زمــــانی زه‌رده‌واڵه‌ .

         فایلی شوێن پێی مێرولـــه‌ .

         فایلی چیرۆكی خه‌ســــت .

         فایلی په‌خشـــــانی روون .

         فایلی شیعری ده‌ماوده‌م / تكایه‌ ، پاش بڵاوبونه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكدا ، ئینجا هه‌ڵیبگرن .

 

 

 

 

 

                                                                            

 

Previous
Next

Leave a Reply