Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

جیاوازی وێنەی شیعری لای قانع و گۆران

Be First!

 
دیارە قسەکردن لەسەر دوو شاعیر هەروا کارێکی ئاسان نییه . کارەکە ئاڵۆزترو زەحمەتر دەبێت ، کاتێک ئەم دوو شاعیرەش ، لە شیعردا لووتکە‌بن و بەدوو کۆڵەکەی شیعری کوردی دابنرێن . قانیع و گۆران دوو شاعیری مەزن و پایەبەرزی کوردن . قسەکردن و شرۆڤەکردن  لەسەر شیعرەکانیان هەروا ئاسانییه. ئەم دوو شاعیرە هەردووکیان لەیەک کات و شوێن دا ژیاون . لەڕووی فکری و سیاسیشەوە  زۆر لەیەکەوە نزیک بوون . بەڵام لەهەمان کاتیشدا دوو دیدی جیاواز، دوو بۆچوونی  دوورلەیەکتری ، بۆ ژیان و جیهانیان هەبووە. وێنە لای شاعیر باشترین کەرەستەی شاعیرە . هەربۆیە ئێمە تەنها لەڕێگای وێنە شیعرەکانیانەوە دەتوانین ئەم جیاوازیەمان بۆ دەربکەوێت . من لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند پەیڤێک دەربارەی ئەم جیاوازیە دەربخەم .
هەورامان /
بۆیەکەمجار کە ئەم جیاوازیەم بۆ  دەرکەوت ، لەو شیعرانە بوو کەهەردوو شاعیر دەربارەی ناوچەی هەورامان نووسیویانە. دیارە ناوچەی  هەورامان بەهۆی سروشتی جوانی ، دیرۆکی  کۆنی ، لەچاوناوچەکانی تر  جێگای سەرنجی هەردوو شاعیری مەزن بووە.  گۆران لە گەشتەکەیدا ،بە جوانترین شێوەی شیعری وەسفی هەورامان دەکات. هەروەک خۆشی نووسیوە ئەم شیعرەی لەپاش چەند گەشتێک بۆئەم ناوچەیە نووسیوە، واتە تەنها یەکجار ئەم ناوچەیەی نەدیوە.
گۆران دەڵێت :
کۆمەڵە شاخێک سەخت وگەردن گەش ،
ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش،
بۆ میوان ببێ مایەی تەسەلا
لەکۆڕی شەوا : مەلایە و مەلا
تۆ و مەلاو شیعرو فەلسەفەی ئیسلام
گوێ ڕاگرتنی تاوتاوی عەوام
ژنی هەورامان : سەرتاپای خشڵ،
سەرچاوەی بۆنی مێخەک و سمڵ
تابڵێی تەڕپۆش ، ئاڵ و وڵا جل،
بەژن وباڵا جوان ، بەدەن نەرم و شل
گۆران لەم شیعرەیدا بە کامێرای شیعری خۆی توانیویەتی جوانترین وەسفی هەورامان بکات . گۆران لەم گەشتەیدا تەنها وێنە جوانەکانی بینیوە. لە سروشت ، لەمزگەوت ، لەژنی جوان . گۆران تەنها وەکو جوان پەرستێک هاتووە باسی هەورامان دەکات . بە دڵنیاییه‌وە ئەم شیعرەی گۆران ، یەکێکە لەشیعرە جوان و بەرزەکان . لەوباوەڕەشدام کەتەنانەت شاعیرانی هەورامانیش نەیانتوانیوە ئاوا بەجوانی وەسفی هەورامان بکەن .
بەڵام بابزانین قانیع چۆن شیعرێکی نووسیوەو کامێرای شیعری ئەو ، چۆن وەسفی ناوچەکە دەکات .
قەڵای هۆزو گەل ، شاخی هەورامان
پرسیارم هەیە دەستم بەدامان
لەلام ڕووناکە ، شاخێکی سەختی
پشت و کۆمەکی ، وەخت و بێ وەختی
کتێبی زەردەشت، کە ئاویستایە
وەک باقی کتێب خەڵاتی خوایە
بەزمان هەورامی هاتە سەر بەشەر
یانێ های زەردەشت بووی بە پێخەمبەر

شاخی هەورامان:
وتی: ئەی ( قانع) لەمن بێ کەستر
لەمن داماوتر، لەمن بێ دەستر
مامۆستام نییه ، بەلاو بخوێنێ
ئەولادەکانم بۆ تێگەیەنێ
جێی کشتوکاڵم تابڵێی کەمە
بەڵام پرچ و ریش تابڵێی هەمە
مەکتەبێک نەبوو! ئەمانە لابات
زانینی ڕاستی تێدا پەیداکات.

لێرەدا شاعیر وێنەیەکی تر پیشانی خوێنەر دەدات ، راستە سروشتی جوان و مێژوویەکی کۆن ، جێگای شانازییه، بەڵام لەهەمانکاتیشدا وێنەیەکی ترمان پێ نیشان دەدات ، کەلای گۆران بوونی نییه . قانع تەنها شاعیرێکی جوان پەرست نەبووە، بەڵکە رەخنەگرێک و زانایەکی گەورەی کۆمەڵناسیش بووە. قانع تەنها دیوی دەرەوەی شتەکان نابینێت،  بەڵکە  هەوڵ دەدات کە مەلی هزری خۆی بۆناو قووڵایی شتەکاندا بفڕێت. ئەو تەنها سروشتی جوانی هەورامانی نەدیوە، بەڵکە باسی کێشەکانی هەورامانیش دەکات .  لەم دوو وێنە شیعریەشدا بۆمان دەردەکەوێت گۆران جوان پەرستێکی بەتواناییه ، بەڵام قانع جگە لەوەی جوانپەرستێکی بەتواناییه ، شاعیرێکی ئێجگار قووڵ و ڕەخنەگرێکی بەتواناشە. گۆران لە شیعرەکەیدا ، وەسفێکی جوانی مزگەوت و مەلاکان دەکات ، بەڵام قانع وێنەیەکی تری کێشاوە، کەتەواو پێچەوانەی  وێنەکەی گۆرانە.

ژن /
ژن پانتاییەکی بەرینی لە ناو شیعری کوردیدا داگیرکردووە. بەهەمان شێوەش ئەم دوو شاعیرەگەورەشمان ، ژن پانتاییەکی بەرینی لەناو شیعرەکانیاندا داگیرکردووە. هەردوو شاعیر ژن ، ئیلهامێکی گەورەی شیعرەکانیان بووە. ووزەیەکی گەورەی ناخیان بووە، باشترین پاڵنەربووە ، بۆ بارانی سەوزی شیعریان. لێ دیسانەوە دوو وێنەی تەوا جیاواز لای قانع و گۆران بەدی دەکەین . گۆران دیسانەوە بەشەقامەکانی جوانی دا پیاسە دەکات و کامێرای شیعری خۆی ، بەشێوەیەکی جدییانە دەخاتە سەر دیمەنی دەرەوەی ژن . کاتێک شیعرەکانی گۆران بخوێنیتەوە هەست دەکەیت چەندە لە داڕشتن و رازاناوەی شیعرەکانیدا ، زۆر وەستایانە وەسفی جوانی لاشەی ژنی کردووە.
گۆران یەکێکە لەو شاعیرە مەزنانەی کە لە وەسفی جوانی ژن دا ، مامۆستایەکی ئێجگار گەورەیە .

جوانی بێ ناو/
قژ کاڵی ،  لێو ئاڵی ، پرشنگی نیگا کاڵ ،
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ !
ئەی ئەندام وردیلەی ، نەرمۆڵەی ، ئێسک سووک ،
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیر تر لەهی بووک !

بۆ کچێکی بێگانە /
شان و مل و گەردنی ڕووتی بێ گەرد،
سنگی نەرم و، مەمکی قووتی توند وەک بەرد
بەژن و باڵای کەڵەگەت و شۆخ و شەنگ،
لەش و لاری کەمێک گۆشتن ، کەمەر تەنگ

بەڵام وێنەی ژن لە لای قانع شێوەیەکی تری هەیە . لە شیعرەکانی قانع هیچ کاتێک جەستەی نەرم و نۆڵ ، مەمکی قووت ، کەمەر و دەم و لێوی جوان نابینیت . بەڵکە لێرەدا  شتێکی تر دەبینیت ، کەتەواو پێچەوانەی ئەو وێنانەیە کە گۆران بۆ ژنی داڕشتووە.

سکاڵای نەسرین لای قانع/
عاجز و مەلوول ، دایم خەمبارین
 هەتا مناڵین زەلیل  و خوارین
گا ، زەجرو لێدان ، گا بەڕووت و قووت
چڵکن و پڵکن  وێنەی مەلکە مموت
گەر بڵێم ئەمشەو ئەچمە سینەما
ئەڵێن تۆکچی حەیات بۆ نەما
ئەوەڵ تائاخر، ئێمە هەر دیلین
ژیان سووتاو و ، زارو زەلیلین

ژیانی کچ/
کەلە دایک بوی ئاهەنگی نیه
ئەڵێن ئای کچە ! فائیدەی چیه؟
سەدساڵ نەخۆش بێ ، نابینێ دەرمان
لەجێ ی دڵخۆشیی ، هەرچەپۆک لێدان
قانع لەم شیعرانەیدا هەوڵی داوە باسی(  ژیان و گوزەرانی)  ژن  و کچی کوردمان بۆ بکات . دیمەنی جەستە و لەش جوانی لای ئەو گرنگ نەبووە. بەڵکە ئەو وەکوو ڕەخنەگرێکی بەتوانا، کۆمەڵناسێکی  شارەزا، خەمخۆرێکی پرسی ژنان، کەسێکی شۆرشگێر و پێشکەوتخوازێک ، وەسفی ژن و کچی کردووە. قانع لە ڕێگای شیعرەکانیەوە هاتووە ، لەلایەک باسی ژیانی خراپی ژنان دەکات ، لە لایەکی تریشەوە بەزمانی شیعری بەهێزی، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی کۆمەڵگا دەکات . بە بڕوای من هەتاوەکوو ئەمڕۆش ، هیچ شاعیرێکی کورد ، وەکوو قانع نەیتوانیوە بەجوانی وەسفی ژیان وگوزەرانی ژنان بکات . هیچ توێژەوەرێک ، فێمینستێک ،هێندەی ئەو رەخنەی توندی ئاراستەی کۆمەڵگا نەکردووە. قانع وێنەیکی ژنمان پێ نیشان دەدات ، وێنەی کەسێکی قووربانی ، بەش خوراو، چەوساوە. بەڵام بەداخەوە ئەم وێنانە لای گۆران و شاعیرانی سەردەمی خۆی نابینین.

دەرئەنجام /
بەدڵنیاییەوە چ گۆران چ قانع ،هەردووکیان مامۆستای مەزن و شاعیری گەورەی گەلەکەمانن ، هەردووکیان جێ پەنچەی خۆیان بەسەر شیعرو ئەدەبی کوردیدا هەیە . گۆران لە وەسف و جوان پەرستیدا ، مامۆستایەکی بێ وێنەو شاعیرێکی مەزن بووە. بەڵام قانع جگە لەوەی لە هونەری وەسف و جوان ناسیدا ، دەستێکی باڵای هەبووە، لە بواری رەخنەگرتن و بینینی  دیوەی ناوەوەی شتەکان ، زۆر مامۆستایەکی گەورە بووە. قانع تەنها شاعیرنەبووە، بەڵکە رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی  و سیاسی و تەنانەت ڕەخنەی دژی  ئایینیش هەبووە. قانع بە چەکی شیعری خۆی ، رەخنەی لەهەموو دیاردەیەکی نابەجێ و ناشرینی کۆمەڵگای کوردی گرتووە. لای قانع شیعر تەنها بۆ نووسین و خوێندنەوە نەبووە، بەڵکە شیعر پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی گرنگیشی هەبووە.

سەرچاوە:
دیوانی گۆران . محەمەدی مەلا کریم . کۆی کردوەتەوەو ئامادەی کردوە. چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق. بەغداد، 1980.
دیوانی قانع . کۆکردنەوەی بورهان قانع . چاپی چوارەم . سلێمانی . 2001

نووسینی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com

Previous
Next

Leave a Reply