Skip to Content

Sunday, January 17th, 2021

جیهانێكی ترسه‌ده‌ی تیرۆر

Be First!
by February 2, 2014 گشتی

 

 

 

 

 

ئه‌و دوا چركه‌یه‌ی كه‌ سه‌رجه‌م  گه‌لانی دنیا له‌كه‌شێكی ئاهه‌نگسازی جیاواز له‌ساڵانی دی، ماڵئاواییان له‌دوا ساتی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌كرد، جگه‌ له‌خۆزگه‌ تایبه‌ته‌كان، هه‌مووان له‌یه‌ك  هیوادا هاوبه‌ش بوون، كه‌هه‌زاره‌ی داهاتوو ئارامی‌و ئاشتیان پێببه‌خشێت‌و له‌دوای خامۆشبوونی  دره‌وشه‌‌وهاڕه‌ی فیشه‌كه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌‌كان له‌ئاسماندا، ئیدی مرۆڤایه‌تی  ناڵه‌ی هیچ فیشه‌ك‌و بۆمبێكی ڕاسته‌قینه‌ نه‌بیستێته‌وه‌، له‌پشتی ئه‌م هیوایانه‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی له‌پرسیارو ترسێكدا هاوبه‌ش بوون كه‌ ‌ ئاخۆ ئه‌و دیمه‌ن‌و ڕووداوه‌ كتوپڕیانه‌ی  سه‌ده‌ی داهاتوو بۆی ئاماده‌كردوون چییه‌؟

سه‌ده‌ی‌ بیست‌و یه‌ك‌و تارمایی جه‌نگ

به‌ڵێ، سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كیش له‌ده‌ره‌وه‌ی خواسته‌‌كانه‌وه‌، زۆرهێمنانه‌ خۆی نیشانی مرۆڤایه‌تی نه‌داو به‌ده‌رنه‌بوو له‌كتوپڕی‌و  گه‌ڕانه‌وه‌ی تارمایی شومی جه‌نگ‌و خوێن، ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش ‌ نه‌بووه‌ مژده‌به‌خش‌و به‌دیهێنه‌ری خه‌ونی كۆتایی مێژووی فۆكۆیاما، كه‌ تیایدا دنیای ئازادو دیموكراسی پاش بڕینی هه‌موو قۆناغه‌كانی جه‌نگی ئایینی، مه‌زهه‌بی،  خێله‌كی‌و بنه‌ماڵه‌یی، نه‌ته‌وه‌یی‌و تاجه‌نگه‌ جیهانیه‌كان‌و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ململانێ ناوخۆكانی خۆیدا، به‌تایبه‌تی كه‌ شكستی به‌هه‌موو شێوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری‌و  هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر مرۆڤ و نازیزم‌و فاشیزم‌و كۆمۆنیزمدا هێنا، ئیدی ئه‌یتوانی به‌هێمنی كۆتایی مێژوو بژی‌و مرۆڤایه‌تی، ئایینده‌ی خۆی به‌ئارامی له‌پاڵ یاده‌وه‌ری قوربانیه‌كانی سه‌ده‌خوێناویه‌كانی پێشوودا به‌رده‌وامی پێبدات‌و لێره‌وه‌ مێژوویه‌كی دی نه‌بێت بینوسێته‌وه‌، سه‌ده‌ی نوێ ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ی سامۆیل هینگتونیشی  نه‌هێنایه‌دی  كه‌ تیایدا ڕۆژائاوای ئازاد پاش  چه‌ندین سه‌ده‌ی پێكدادان،‌ له‌عه‌رشی سه‌ركه‌وتنی خۆیه‌وه‌ له‌ململانێ‌و پێكدادانی ئه‌و شارستانێتیانه‌ی دی دنیا بڕوانێت كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا ئه‌كه‌ونه‌ جه‌نگه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ئاستی دنیای ئازاد. 

به‌ده‌ر له‌م چاوه‌ڕوانی‌و وێناكردنه‌ یۆتۆپیه‌ی سه‌ده‌ی نوێ، هه‌زاره‌ی سێهه‌م به‌تارمایی شومی  دوژمنێكی نابه‌رجه‌سته‌و تاراده‌یه‌ك بێ سیماوه‌ ئه‌گه‌رچی شوناسی خۆشی دیاریكردبێت،  ئه‌م گۆی زه‌ویه‌و سه‌رنشینه‌كانی خسته‌ به‌رده‌م ئه‌و قه‌ده‌ره‌ی  یان ‌هه‌مووپێكه‌وه‌ ئارام بن یان پێكه‌وه‌ له‌مه‌ترسی‌و ژێر هه‌ڕه‌شه‌دابن، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌‌یه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕووی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی بۆته‌وه‌و  شوناس‌و جوگرافیاو كاتی نییه‌و له‌شوێنێكی دیاردا ته‌پڵی شه‌ر ناكوتێت، به‌ڵكو به‌په‌نهانی‌و له‌هه‌موو شوێنێكی دنیاداو له‌كاتی نادیاردا، كتوپڕ ئارامی گۆی زه‌وی‌و مرۆڤه‌كانی ڕائه‌چه‌نێت، ئه‌وه‌ی پێی ئه‌وترێت تیرۆریزم، ئه‌و دوژمنه‌ی شوناسی نییه‌و دوژمنێكی دیاریكراویشی  نییه‌،‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ندی له‌هه‌موو جێگایه‌كدا  دوژمنی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ژیان دۆسته‌‌. 

هێرشێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو

سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌ك به‌هێرشێكی  چاوه‌روان نه‌كراو ده‌ستیپێكرد، كه‌هێنده‌ی قه‌باره‌ی جه‌نگێكی جیهانی خه‌ته‌رناك بوو، یان چ نه‌بێت ئه‌و رووداوه‌،‌  تائێستاش  هه‌میشه‌ له‌یادوه‌ریدا ئه‌ژی‌و ڕۆژانه‌ له‌پشت رووداوه‌كانی دییه‌وه‌ وه‌كو هۆكاری سه‌ره‌كیان دێته‌وه‌یاد، یان له‌دوای ئه‌و رووداوه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی به‌ده‌رنییه‌ له‌وه‌ی كه‌ جۆره‌ جه‌نگێكی جیهانی نوێ بژی كه‌ هه‌ندێك ناوی ئه‌نێن جه‌نگی دژه‌ تیرۆریزم ‌و مرۆڤایه‌تی خستۆته‌ سه‌ر لێواری چاوه‌روانی جه‌نگێكی مه‌زنتر كه‌ گۆی زه‌وی تێوه‌بگلێت،  یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ری 2001 ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی تاكۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ له‌یادی ناكات‌و بێگومان ئه‌گه‌ر پێش ماڵئاوایی له‌م سه‌ده‌یه‌ خۆی له‌سه‌ركێشی‌و وێرانكاریه‌كی دیدا تێوه‌بگلێنێت، ئه‌وا ئه‌وانه‌ی دواساتی مێژووی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ئه‌نوسنه‌وه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ له‌بێگوناهی‌و هۆكاری ئه‌و سه‌ركێشیه‌ پاك ناكه‌نه‌وه‌، سه‌رله‌به‌یانی سێشه‌مه‌ی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر، نۆزده‌ تیرۆریستی سه‌ر به‌ڕێكخراوی جیهادخوازی ئیسلامی قاعیده‌، به‌گۆڕینی ئاراسته‌ی چوار فڕۆكه‌ی فڕێنراو،‌ شێوازێكی جیاوازی هێرشی تیرۆریستی‌و جه‌نگیان به‌رپاكرد، دووانیان خۆیان به‌هه‌ردوو بورجی ناوه‌ندی بازرگانی جیهانی له‌ماناتان، سه‌مبۆلی باڵاده‌ستی ئابوری ئه‌مه‌ریكا ته‌قانده‌وه‌، یه‌كێكیان په‌نتاگۆن، سه‌مبۆلی به‌رگری‌و هێزی ئه‌مه‌ریكای كرده‌ نیشانه‌و‌ چواره‌میشیان كۆشكی سپی، ره‌مزی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكاو هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی به‌سه‌ر دنیادا كردبووه‌ ئامانج، كه‌ پێی نه‌گه‌ییشت، له‌م هێرشانه‌دا په‌یا‌می جه‌نگێكی جیهانی دژی ئه‌مه‌ریكاو دنیای ئازادو هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر ڕه‌وتی ژیانی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ ڕاگه‌یاندرا، لێدانی ئه‌و ڕه‌مزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بێ مه‌به‌ست نه‌بوو، به‌ڵكو خواستی شكستپێهێنان‌و خستنه‌ سه‌ر ئه‌ژنۆی ئه‌مه‌ریكاو دنیای ئازادی هه‌بوو كه‌ دوای چه‌ندین سه‌ده‌ له‌ململانێ، توانی  سیسته‌مێكی جیهانی سیاسی، ئابوری‌و كه‌لتوری به‌سه‌ر دنیادا باڵاده‌ست بكات، ئه‌گه‌رچی خواستێكی بێهوده‌ش بێت، ئه‌م هێرشانه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكاو له‌پشتیشیه‌وه‌ دنیای ئازاد خۆی له‌به‌رده‌م جه‌نگێكی جیهانیدا ببینێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌رچی ئاشكراش نه‌كرابێت یان دوژمنه‌كانی دیارنه‌بێت، ئه‌وا ئه‌م خۆی پانتایی ئه‌و جه‌نگه‌و گه‌ڕان به‌دوای دوژمنه‌كانیدا له‌هه‌رجێییه‌كی دنیادا بێت  دیاری بكات، وه‌جیهان بخاته‌ ناو جه‌نگێكی  بێ سه‌ره‌تاو كۆتاییه‌وه‌‌، هه‌روه‌ك  جۆرج  بوشی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند ڕۆژێك دوای ئه‌وه‌ له‌20/9/2001 دا له‌به‌رده‌م  كۆنگرێس‌و نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكادا ووتی: (جه‌نگی ئێمه‌ دژی تیرۆریزم له‌گه‌ڵ قاعیده‌دا ده‌ستپێ ئه‌كات، به‌ڵام له‌وێدا ناوه‌ستێت، تا هه‌موو گروپه‌ تیرۆیستیه‌كانی جیهان ده‌ستگیرنه‌كرێن‌و شكستیان پێنه‌هێنرێت). كه‌واته‌ لێره‌وه‌یه‌ تائێستا‌  جیهان هه‌میشه‌ خۆی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و هێرشی نادیارو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و دژه‌ هێرش‌و جه‌نگی به‌رده‌وامدا ئه‌بینێته‌وه‌ كه‌‌ یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ربووه‌ سه‌ره‌تای ئه‌و پێكدادانه‌ نوێیه‌ی مرۆڤایه‌تی . 

11ی سێپته‌مبه‌رو جه‌نگی دژه‌تیرۆر

له‌ئۆكتۆبه‌ری 2001 دا ئه‌مه‌ریكا جه‌نگێك به‌ناوی جه‌نگی دژی تیرۆریزم رائه‌گه‌یه‌نێت‌و به‌هاوكاری هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ڕۆژئاواو دنیادا به‌و هاوسۆزیه‌ی كه‌( ئێمه‌ هه‌موومان ئه‌مه‌ریكین) جه‌نگی جیهانی دژه‌ تیرۆریزم له‌ئه‌فغانستانه‌وه‌ ده‌ستپێئه‌كات‌و ڕژێمی تاڵیبان ‌ئه‌روخێنیت،  به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی كۆتایی پێبهێنێت‌وشكستی ته‌واو به‌بن لادن‌و قاعیده‌ بهێنێت،‌ جیهان له‌به‌رده‌م جه‌نگێكی كراوه‌دا جێده‌هێلێت له‌نیوان به‌ره‌ی جیهادخوازی‌و به‌ره‌ی دژه‌ تیرۆردا، له‌29/1/2002دا جۆرج بوش له‌ووتاری ساڵانه‌یدا سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی ده‌وڵه‌ت، بۆ یه‌كه‌مینجار ده‌سته‌واژه‌ی (جه‌مسه‌ره‌كانی شه‌ڕ) به‌كارده‌هێنیت‌و له‌و جه‌مسه‌ره‌دا ( ئێران، عێراق، كۆریای باكور) به‌به‌ره‌ی شه‌ڕانگێزو مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامی جیهان ناو ئه‌نێت، به‌تاوانباركردنیان به‌دروستكردنی چه‌كی كۆكوژ، مه‌ترسی ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌ی كه‌ چه‌كی كۆكوژه‌و ئه‌تۆمی نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست قاعیده‌و به‌ره‌ی شه‌ڕانگێز،‌ بانگه‌شه‌ی جه‌نگێكی دی له‌جیهاندا ئه‌كات كه‌  ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست ئه‌بێته‌ مه‌یدانه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ریكا له‌20 ی مارسی 2003دا به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئه‌مجاره‌یان سه‌رباری دژایه‌تی هه‌ندێك له‌هاوپه‌یمانه‌ ڕۆژئاواییه‌كانی خۆشی، هێرشێكی خۆپارێزی به‌ناوی ڕزگاركردنی عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر عێراق ده‌ستپێئه‌كات كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا كۆتایی به‌ده‌سه‌لاتی یه‌كێك له‌ڕژێمه‌ هه‌ره‌ دڕنده‌كانی دنیا دێنیت تا به‌دادگایی كردن‌و له‌سێداره‌دانی سه‌دام  كۆتایی دێت، به‌ڵام دواتر وڵاتێك بۆ له‌شیرازه‌ تێكچوون‌و بوونه‌ مه‌یدانی تیرۆری ڕۆژانه‌ جێدێڵێت، جه‌نگی دژه‌ تیرۆر قاعیده‌ لاواز ئه‌كات تائاستی‌ كوشتنی بن لادن، ڕاسته‌ ئه‌م لاوازبوونه‌ی قاعیده‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزم له‌سه‌ر دنیای ئازاد كه‌م ئه‌كاته‌وه‌و خه‌ونی هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و سیسته‌مه‌ی لائه‌كاته‌ وه‌همی كه‌سانێكی بێهوده‌ی خودكوژ، به‌ڵام ‌ كۆتایی  به‌نه‌مانی تیرۆریزم‌و ‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ‌ ناهێنێت‌ .

ڕۆژئاوا به‌قوربانیه‌كی كه‌می مرۆییه‌وه‌ پیاده‌ی جه‌نگه‌كانی ئه‌كات، به‌ڵام تێچوونه‌ مادیه‌كانی جه‌نگی دژه‌ تیرۆر ئه‌بێته‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی قه‌یرانی ئابوری ڕۆژئاواو ئه‌و لێشاوه‌ ناڕه‌زاییانه‌ی به‌دوای خۆیدا له‌نێو نه‌وه‌ی گه‌نجانی بێهیوا له‌ئایینده‌ ئه‌یخوڵقێنێت، له‌جه‌نگی سێهه‌می كه‌نداودا، قوربانیه‌كانی عێراقی زیاد له‌162 هه‌زار كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌و ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌كاتی ده‌سپێكی ڕزگاركردنی عێراقه‌وه‌ له‌مارسی 2003 تاكاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ملیۆنێكی تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ به‌شێكی زۆریان قوربانی هێرشی تیرۆریستی‌ تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ی داگیركردنی عێراقن‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌  له‌خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، جگه‌ له‌وه‌ی تێچوونی ئه‌م جه‌نگه‌ زیاد له‌ 4000 هه‌زار ملیار دۆلاره‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ له‌جه‌نگی دووه‌می كه‌نداودا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كان ته‌نها 240 كوژراویانداو له‌ماوه‌ی نێوان هه‌شت ساڵی ڕزگاركردنی عێراقیش تاكشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كوژراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یه‌مانه‌كانی هه‌مووی به‌4800 دائه‌نرێت له‌سه‌ربازو مه‌ده‌نی، ئه‌مه‌ شێوازێكی دی جه‌نگی نیشانی جیهاندا كه‌  به‌راوردكاری ته‌كنیكی‌و ته‌رازوی هێزه‌كان له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا- ڕۆژائاواو به‌رامبه‌ره‌كانیدا له‌به‌ره‌ی جه‌نگ‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا، هه‌میشه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی ڕه‌هاو خێرای ڕۆژئاواو پلیشاندنه‌وه‌ی ته‌واوی دوژمنه‌كانی كۆتایی دێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای سه‌ركه‌وتنی كۆتایی  ڕۆژئاوا ناگه‌یه‌نێت به‌سه‌ر مه‌ترسی هێرش‌و جه‌نگێكی بێكۆتایی‌و بێ كات‌و شوێنی تیرۆریزمدا كه‌ ئه‌گه‌رچی زیانه‌كانیشی كه‌م بێت، به‌ڵام هێنده‌ به‌سه‌ كه‌ ئارامی ئه‌و دنیا ئازاده‌و سیسته‌مه‌كه‌ی تێكبدات‌و ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش به‌هه‌ڕه‌شه‌كانی مه‌رگ‌و كوشتاره‌وه‌ به‌رده‌وامی پێبدات.

ڕووبوونه‌وه‌ی دنیای ئازادو تیرۆر

ئایا بانگه‌شه‌ی جۆرج بووش بۆ شه‌ڕی ئه‌فغانستان كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌گه‌رانه‌وه‌یه‌كی جه‌نگی خاچیان وه‌سفكرد، سه‌ره‌تای ‌ڕووبوونه‌وه‌ی دنیای ئازادبوو، دنیایه‌ك كه‌ خواستی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كۆتایی مێژوو ببینێت، به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیه‌ی ئارامی جیهان تێك ئه‌دات، ئه‌و هێزه‌ی كه‌  باوه‌ڕ به‌و كۆتاییه‌ی مێژوو نا‌كات‌و ئه‌خوازێت ئه‌و سیسته‌مه‌ جیهانیه‌ی دوای چه‌ندین سه‌ده‌ له‌جه‌نگ كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی ئازادی‌و دیموكراسی‌و تێكه‌ڵبوونی كه‌لتوره‌كانه‌ به‌یه‌كدی، به‌ڵام به‌به‌هایه‌كی ڕۆژئاواییانه‌، داڕمێنێت  یان وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام  به‌رامبه‌ری بوه‌ستێته‌وه‌؟

 

 

به‌رزان فه‌ره‌ج‌  

 2/2/2014

Previous
Next

Leave a Reply