Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

جەنگی ئەنیشتاین‌و بۆر لەسەر تیۆری کوانتەمی

Be First!
by June 12, 2012 زانست

 

“پرۆسە سەرەتاییەکان، کوانتەمێکی راستیی دادەمەزرێنێت کە بەندە لەسەر تیۆری تیشکدانەوەو دەرکەوتە حەتمییەکان.”
-ئاڵبێرت ئەنیشتاین
ئاڵبێرت ئەنیشتاین(Albert Einstein) لەشاری ئولم(Ulm)لەباشوریترین شوێنی ئەڵمانیا لەبنەماڵەیەکی مامناوەندی جوو لەساڵی(١٨٧٩)دا لەدایکبوو، باوکی‌و مامی  خەریکی بازەرگانی ئیلکترۆکیمیا (electrochemical)بوون کە بەرشکەست بوون، بۆیە بنەماڵەکەیان ناچاربوو کۆچ بکات بەرو مونیخ (Munich) لەدواییدا بۆ دوو شوێن لەباکوری ئیتالیاو لەکۆتاییدا گەڕانەوە بۆ ئەڵمانیا.
ئەنیشتاین لەسویسڕا پەروەردەکراو یەکەم  کاریشی  بەوە ناسراوە کە پسپۆڕی تەکنیکی بووە لەفەرمانگەیی تۆمارکردنی  داهێنانی سویسڕا لەبێڕن(Bern)، لەوێدا ئەنیشتاین سێ وتاری زانستی لەساڵی (١٩٠٥)دا بڵاوکردەوە کە جیهانی گۆڕی .
ئەم وتارە زانستییانە  پێشکەشکردنی سێ تیۆرییەکەی بوو کە بەتەنهایی لەفەرمانگەی داهێنان پەرەی پێدان: تیۆری رێژەیی تایبەت (special theory of relativity)؛ تیۆری جووڵەی براونی‌(Brownian motion)ودارشتنێکی نوێی سێرمووداینامیکی ئاماری(statistical thermodynamics) و تیۆری کاریگەری کارۆرووناکی(photoelectric effect).
ژیانی ئەنیشتاین‌و پەرەسەندنی تیۆری رێژەیی بەوردی باسی لێوەکراوە، بەڵام ئەنیشتاین کاریگەری زۆری لەسەر تیۆری کوانتەمی  هەبوو هەر لەرۆژی یەکەمەوە، هەرزوو دوایی ئەوەی وتاری زانستی پلانکی لەبارەی کوانتەمەوە لەساڵی(١٩٠٠)دا خوێندەوە، ئەنیشتاین دەستیکرد بەبیرکردنەوە دەربارەی سروشتی روناکی لەتێڕوانینی  تیۆری نوێ‌وە،ئەو پێشنیاریکرد، روناکی بریتییە لەلێشاوێک لەتەنۆلکە یان کوانتا.
 ئەنیشتاین لێکٶلینەوەی لەسەر کاریگەرییەکانی کارلیکی روناکی‌و مادەکرد، کاتێک گورزەیەک روناکی دەکەوێت لەکانزایەک، ئەلکترۆنەکان دەردەچن، ئەم ئەلکترۆنانە دەکرێت دەربکەون‌و وزەکانیان بپێورێت، ئەمە بەژمارەیەک تاقیکردنەوە لەلایەن فیزیکزانی ئەمریکایی رۆبێرت میلیکان (Robert Millikan)(١٨٦٨-١٩٥٣) سەلـمێندرا، شیکاری کاریگەری کارۆروناکی لەکانزا جۆربەجۆرەکانداو بەبەکارهێنانی لەرەلەرە جیاوازەکان  بەدیاردەی ژێرەوە دەردەکەوێت:
کاتێک لەرەلەری نزم بەرزدەکرێتەوە بۆ لەرەلەری ئاستانە(سەرەتا)(threshold) (v0)و دەدرێت لەسەر روبەرێکی کانزایی، هیچ ئەلکترۆنێک دەرناچێت، بۆ هەر لەرەلەرێک لەسەرو ئاستانەدا، فۆتۆئەلکترۆنەکان دەردەچن‌و لەگەڵ تووندی روناکییەکەدا لەرەلەرەکە دەگۆڕێت، ژمارەی ئەلکترۆنەکان زیاددەبێت بەڵام وزەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە،وزەی فۆتۆئەلکترۆنەکان تەنها کاتێک زیاددەبێت کە لەرەلەرکە زیاد ببێت.
لەرەلەری ئاستانە(v0) بەندە لەسەر جۆری کانزایی بەکارهاتوو، تیۆری کلاسیکی روناکی ناتوانێت شرۆڤەی ئەو دیاردەیەی سەرەوە بکات، بۆچی تووندی(intensity) روناکی نابێت وزەی فۆتۆئەلکترۆنەکان زیاد بکات‌و بۆچی لەرەلەر کاریگەری دادەنێت؟ بۆچی هیچ فۆتۆئەلکترۆنێک رەها نابێت کاتێک لەرەلەر لەژێر ئاستێکی دیاریکراودایە؟
ئەو شتەیی ئەنیشتاین توێژینەوەی لەسەر کردو  لەوتارە زانستییەکەی ساڵی (١٩٠٥)یدا  درەوشایەوە  ئەو گریمانەبوو کە روناکی لەتەنۆلکەکان دروستکراوە- دوایی ناوی نرا فۆتۆن- هەروەها  بەکارهێنانی ئایدیایی کوانتەمی پلانک بوو بۆئەم  فۆتۆنانە،ئەنیشتاین فۆتۆنەکانی بە بەستەی(package) وزەی بچڕبچری بچووک دادەنا کە لەنێو فەزدا دەفڕن، ئەم وزەیە بەهۆی فرمولی ئەنیشتاینەوە دیاریدەکرێت: (  E=hv) (لێرەدا (h) نەگۆڕی پلانکەو (v) بریتیە لە لەرەلەری روناکی )، پەیوەندی نێوان ئەم فرمولەو هاوکێشەی سەرەتایی پلانک سادەیە، وەبیرتان بێتەوە پلانک وتبوویی کە تەنها ئاستەکانی وزەی مومکین بۆ سیستمێکی روناکی دانەوە(وەکو بارگەێکی لەرەلەرکەر)بریتیە لە:
E=0, hv,2hv, 3hv, 4hv,…) ) یان بەگشتی بریتیە لە (nhv) لێرەدا (n) ژمارەیەکی موجەبە.
روونە، بچووکترین بڕی وزە کە دەتوانێت بەهۆی سیستمێکەوە بڵاوببێتەوە بریتیە لەجیاوازی نێوان دوو بڕی پلانکی دراوسێ، کە ئەویش بریتییە لە (hv) ئەمە فرمولی ئەنیشتاینە بۆ کەمترین بڕی مومکینی وزەی روناکی.
ئێمە لەفرموولەکەی  ئەنیشتاینەوە دەبینین کە تووندی روناکی  وزەی فۆتۆنەکان زیاد ناکات، بەڵکو تەنها ژمارەی فۆتۆنە دەرچووەکان  زیاد دەبێت، وزەی هەرفۆتۆنێک بەهۆی  لەرەلەری روناکییەوە دیاریدەکرێت (کە لەنەگۆڕی پلانکدا کەڕەتدەکرێت)، بۆرەهاکردنی یەک ئەلکترۆن لەتۆڕی(lattice) ئەتۆمەکانی نێو کانزاکە، وزەیەکی کەمترین  پێویستە کە بە(W) پیشاندەدرێت (کەپیشاندەری کار(Work)ە-کاری پێویستە بۆئازادکردنی ئەلکترۆنێک)، بەم شێوەیە کاتێک لەرەلەر دەگاتە کەمترین ئاست، وزەکە دەدرێت بەئەلکترۆنەکە بۆ تێپەڕاندنی ئاستانەی(w)، بەم شێوەیە ئەلکترۆنەکە ئازاد دەبێت، یاسایی ئەنیشتاین بۆشرۆڤەی کاریگەری ئەلکترۆروناکی(photoelectric) بەهۆی ئەم فرمولەوە دیاریدەکرێت:
K=hv-W
لێرەدا (K) جووڵەوزەیی ئەلکترۆنی دەرباسبووە کە یەکسانە بەوزەیی ئەنیشتاین(E=hv) ماینس کەمترین ئاستی وزە، کە پێویستە  بۆرەهاکردنی ئەلکترۆنێک واتە(W)، فرموولەکە شرۆڤەی کاریگەری  ئەلکترۆروناکی بەباشی دەکات.
ئەم تیورییە جوانە بۆکارلێکی روناکی‌و مادە، تیۆرێکی کوانتەمییە بۆکاریگەرییەک کە پێشتر بەهەڵە تێیگەیشتبوون‌و ئەنیشتاینی لەساڵی(١٩٢١)دا کرد بە بەرەندەی خەڵاتی نۆبڵ، ئەو کاتێک لەسەردانکردنی ژاپۆندا بوو لەخەڵاتەکە ئاگادارکرایەوە.
سەیر لەوەدایە ئەنیشتاین هەرگیز خەڵاتی نۆبڵی بۆ تیۆری رێژەییە تایبەتەکەی‌و رێژەییە گشتییەکەی  کە دوو تیۆری‌ بوون کە شۆڕشیان لەزانستی نوێدا بەرپاکرد وەرنەگرت.
بۆیە، ئەنیشتاین دەوری هەبوو کاتێک تیۆری کوانتەمی لەدایکبوو، یەکێک بوو لە باوکەکانی تیۆرییە نوێیەکە، ئەو هەستیدەکرد لەسروشت بەباشی تێگەیشتووە، وەکو بەڵگەی ئەم هەقیقەتەش ئەو توانیبووی دوو تیۆری شۆڕشگێڕانە پێشکەشبکات- تیۆرییە رێژەییە تایبەتەکەی ساڵی (١٩٠٥)ی‌و تیۆرییە رێژەییە گشتییەکەی ساڵی (١٩١٦)- کەشرۆڤەی زۆربەی هەرەزۆری  دیاردەکانی ناوچەی شتەگەورەکان‌و خێراکان دەکات، بەڵام هەرچەند ئەو گەورەیەکی  بێهاوتایی فیزیکی جیهانی-گەورە(macro-world) بوو، هەروەها بەشدارێکی زۆری لەتیۆری کوانتەمی شتە بچووکەکاندا هەبوو، فەلسەفەی ئەنیشتاین، لەگەڵ دەربڕینی پێشکەوتووی میکانیکی کوانتەمییدا تووشی بەریەککەوتن هات.
ئەنیشتاین نەیدەتوانی بیروبڕواکەی خۆی بەجێبهێڵێت، کە خودا یاری بەزارناکات، بەو واتایەیی کەشانس دەوریان لەیاساکانی فیزیکدا نییە، ئەو بڕوایی وابوو میکانیکی کوانتەمی راستە لەبەشداریپێکردنی ئەگەرەکان لەپێشهاتە مومکینەکانی تاقیکردنەوەیەکدا، بەڵام ئەو بیریدەکردەوە پێویستی دەستەوداوێنبوونی ئەگەرەکان بەهۆی چاوپۆشیکردنە لەئاستێکی قووڵتری تیۆرییەکە کە دەکرێت بەهۆی فیزیکی جەبری(Deterministic)وە ( کە بەرییە لە سترکتۆرەیەکی –ئەگەریانە) دەکرێت شیبکرێتەوە، ئەمە ئامانجی ئەو قسە چەندبارەی بوو دەربارەی خوداو زارەوە.
تیۆری کوانتەمی بەندبوو لەسەر ئەگەر-تاوەکو پێشبینیێکی ورد-ئێستاش هەروایە، وەک پرینسیپی نادڵنییایی هایزەنبێرگ دیاریدەکات نامومکینە هەردوویی تەوژم‌و شوێنی تەنۆلکەیەک پێکەوە بزانیین- ئەگەر کەسێک بەوردیێکەوە(Precision)بزانرێت، ئەویتر بەحەتمی ، تەنها بەنادڵنییاییەوە دەزانرێت. بەڵام هەرەمەکیەتی(randomness)، گۆڕان(variation)، ناڕوونی(fuzziness)، نادڵنیایی(uncertainty) لەتیۆرییە فیزیاییە نوێ کەدا سنوری پرینسیپی نادڵنیایی دەبڕن، وەبیرت بێتەوە تەنۆلکەکان‌و فۆتۆنەکان هەم شەپۆلن هەم تەنۆلکەو هەرکامێکێان نەخشەشەپۆلیان(wave function) هەیە، ” نەخشە ‌شەپۆل” مانای چییە؟، ئەمە شتێکە راستەوخۆ دەمانبات بۆئەگەرەکان، چونکە لەراستییدا دوجایی فراوانی (amplitude) شەپۆل وەکو بەشینەوە(distribution)ی ئەگەر بەشداری پێدەکەین ( رۆڵێک کە بۆئەگەر لەبەرچاو گیراوە بریتییە لەگوانکاری پێشهاتەکان) بۆشوێنی تەنۆلکەیەک.
بۆبەدەستهێنانی  بەشینەوەی ئەگەری پێشهاتەکانی  پێوانی بڕە بۆشیاوبین (observable)ەکانیتر(وەکو تەوژم)، فیزیکییەکان دەبێت ژمێرەیەک بەبەکارهێنانی هەردووی نەخشەشەپۆل‌و کردارەر(Operator)ی پیشاندەری بڕە بۆشیاوبینەکەیە.
تیۆری کوانتەمی لەئاستی زۆر بنەڕەتی‌و بنچینەیەوە بەشێوەی ئەگەرە، بێسەرنجدان بەوەی دەتەوێت چیبکەیت، ناتوانیت خۆتی لێدەرباسبکەیت، کەمترین ئاستێک بۆ نادڵنییایی لەپێشهاتەکاندا بوونی هەیە، بەپێی تیۆرییەکە هەرچەند هەوڵیش بدەیت هەرگیز لانابرێت.
تیۆری کوانتەمی زۆر جیاوازە لەو تیۆریانەیتر کە لەئەگەرەکان سوود وەردەگرن، بۆنموونە لەئابووریدا  هیچ تیۆرییەک بوونی نییە کە بەشێوەی روون بڵێت، ناکرێت بڕی هەندێک بگۆڕ  تا ئاستێک لەوردی کە حەزمان لێیەتی بزانیین، لێرەدا ئەگەرەکان پیشاندەری کەمی زانیاری ئێمەیە نەک تایبەتمەندی بنچینەیی سروشت.
ئەنیشتاین گەورەترین  رەخنەگری تیۆری کوانتەمی بوو، چونکە حەزی لێنبوو وابیربکاتەوە کە سروشت بەپێی ئەگەر کاردەکات. خودا ئەمردەکات، ئەو یاری زار ناکات، بەو شێوەیە ئەنیشتاین بڕوایی وابوو هەندێک شت لەتیۆری کوانتەمیدا داکەوتووە، لەوانەیە هەندێک بگۆڕ(variable) ئەگەر بکرێت بڕەکانیان بدۆزرێتەوە، نادڵنیایی-هەرەمەکی‌و هاوێشتنی زار- نامێنێت. لەگەڵ ئەم بگۆڕانەدا، تیۆرییەکە تەواوەو هاوشێوەی تیۆری نیوتنی لێدێت کە لەودا بگۆڕەکان‌و بڕەکان لەوانەیە بکرێت بەوردی زۆرەوە پێشبینی بکرێن.
سەرەڕایی خۆش‌نەویستنەکەی سەبارەت بەهەڕەمەکیەت‌و ئەگەر  لەنێو سروشتی تیۆرییەکەدا، ئەنیشتاین بیرکردنەوەی تریشی هەبوو- چەند دانەیەک لەوان کە زۆر هەستیارانەبوو (intuitive) بۆئەو زۆرترینی خەلک بیری ریالیسم(realism)و لۆکالیتی(locality)بوو.
لەلای ئەنیشتاین هەقیقەت(reality) هەندێک شتێکی راستییە کە دەبێت تیۆریێکی باش لەسروشت هەڵگری بێت، ئەگەر هەندێک شت لەهەندێک شوێن رووبدات‌و ئێمە بتوانیین پێشبینی بکەین ئەوە بێ تێکدانی سیستمەکە روودەدات، ئەگەر تەنۆلکەیەک لەخاڵێکی دیاریکراودا بێت‌و ئێمە بتوانیین بێتێکدان پێشبینی لەسەری بکەین، کە وابوو ئەوە توخمێکی هەقیقەتە.
ئەگەر تەنۆلکەیەک لەئاراستەیەکی دیاریکراودا بخولێتەوەو ئێمە بتوانیین پێشبینی خولانەوەی لەم ئاراستەیەدا بکەین بێئەوەی تێکی بدەین، کەوابوو ئەمە دەبێت بەتوخمێکی هەقیقەت (element of reality)، لوکالیتی  بیرکردنەوەیەکی هەستیارانەیترە، کاتێک شتێک  لەشوێنێکدا روودەدات نابێت کاریگەری ئەم روداوە لەشوێنێکی زۆر دوورتر هەبێت مەگەر ئەوەی  نیشانەیەک بۆ شوێنەکەیتر بنێردرێت (هەڵبەت بەخێرایی کەمتر لەخێرایی روناکی یان کەمتر وەک بەهۆی تیۆری رێژەیی تایبەتەوە دیاریکراوە)و دەتوانێت کاریگەری جیا لەو شوێنە دابنێت.
بەدرێژی هەموو ژیانی ئەنیشتاین بەتووندی ئەم سێ پرینسیپەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو، ئەو بڕوایی وابوو دەبێت بەشداربن لەهەر شرۆفەیەکی سروشتدا :
١-دەبێت ئاستی بنچینەیی سروشت لەپرینسیپدا بەهۆی تیۆرییەکی جەبری (deterministic)وە شرۆڤە بکرێت، تەنانەت ئەگەر نوقسانی زانینی مرۆڤ دەربارەی مەرجە سەرەتایی‌و سنوورییەکان ناچاریبکات “ئەگەر” بۆ دروستکردنی پێشبینی سەبارەت بەپێشهاتەکان‌و بینیینەکان بهێنێتەکایەوە.
٢-تیۆری دەبێت هەڵگری هەموو توخمەکانی هەقیقەت(reality) بێت.
٣-تیۆری دەبێت لۆکاڵ بێت: چی لێرە روودەدات بەندە لەسەر تووخمەکانی هەقیقەت کە لێرەدان، چی لەوێ روودەدات بەندە لەسەر تووخمەکانی هەقیقەت کە لەوێدان.
ئەنیشتاین‌و هاوکارەکانی ئەم ئەندێشانەیان  دەردەبەڕی، وادیاربوو بۆخۆیان زۆر سروشتییەو ئاماژەبوو بەوەی کە تیۆری کوانتەمی ناتەواوە- ئەو تیۆرییەیی کە ئەنیشتاین خۆیی یارمەتی لەدایکبوونیدابوو. وەک لەداهاتوودا دەبینیین  ئەو پرینسیپانەیی سەرەوە سەرئەنجام پیشانیدا تیۆری کوانتەم ناسازگارە(incompatible) ئەمەش تەنها لەساڵانی (١٩٦٠)ەکاندا دەرکەوت، هەروەها بەڵگەی تاقیگەی کۆکراوە لەساڵانی (١٩٧٠)کانەوە زیاتر پیشاندەری ئەوەن  کە تیۆری کوانتەمی راستە، لە بەهاری ساڵی(١٩١٠)دا  کارگەداری بەلجیکی ئێرنێست سۆلڤەی(Ernest Solvay) ئایدیایی رێکخستنی کۆنفرانسێکی زانستی هێنایە کایەوە.
ئایدیایی ئەم کۆنفرانسە بەشێوەیەک ناراستەوخۆو سەیربوو، سۆلڤەی شێوازێکی بۆبەرهەمهێنانی سۆدە(soda)دۆزیبوەوەو بەهۆیەوە زۆر دەوڵەمەند ببوو، هەر ئەمە ببوو بەهۆی ئەوەی بڕوایی زۆری بەئاستی تواناییەکانی خۆی هەبێت، چونکە حەزی لەزانستبوو، دەستیکردبوو بەکاری سەرسەری لەفیزیکدا، سۆلڤەی تیۆریێکی کێشکردن‌و مادەی داهێنابوو، کەزۆرکەم هەقیقەت‌و زانستی تێدابوو، بەڵام چونکە دەوڵەمەندبوو خەلکانێک گوێیان بۆڕادەگرت، تەنانەت ئەگەربیانتوانیبا بیڵێن ئەم تیۆرییانە گۆجانەیە.زانایی ئەڵمانی واڵتەر نێرنست(Walther Nernst) پێشنیاری بەسۆلڤەی کرد کە ئەگەر ئەو کۆنفرانس بۆزانا گەورەکانی فیزیک لەرۆژێکدا رێکبخات دەتوانێ  گوێگر بۆ تیۆرییەکەی کۆبکاتەوە، سۆلڤەی حەزی لەئایدیاکە کردو بەم شێوەیە  کۆنفرانسەکە لەدایکبوو.
یەکەمین کۆنفرانسی سۆلڤەی لەهۆتێل میترۆپۆل(Metropole)ی برۆکسێل لەکۆتایی ئۆکتۆبەری (١٩١١)دا گیرا، نامەی بانگهێشتن نێردرا بۆباشترین زاناکانی فیزیک، لەنێوانیاندا ئەنیشتاین، پلانک، مادام کوری، لۆرنتز و کەسانێکیتر، هەموویان بانگهێشتنەکەیان قەبوولکردو چوون بەم شێوەیە بووبە دانیشتنێکی مێژوویی‌و کۆنفرانسەکە بۆماوەی دوو دەیە درێژەی کێشا.
دانیشتنەکانی داهاتووتر بوو بەمەیدانی موناقشە گەورەکان لەسەر تیۆری کوانتەمی، لێرە لەبروکسل‌و لەکۆنفرانسەکانی دواتردا، بۆرو ئەنیشتاین  مووناقەشەیان لەسەر دەلالەتە فیزیکی‌و کوانتەمییەکانی میکانیکی کوانتەمی دەکرد.
ئەنیشتاین سەرسامبوو بەیەکەم وتاری زانستی بۆر کە لەسەر تیۆری کوانتەمی ئەتۆمەکان لەساڵی (١٩١٣)دا بڵاوکرایەوە.
لەئاپڕیڵی (١٩٢٠)دا، بۆر بۆ پێشکەشکردنی زنجیرەیەک وانە روویی لەبەڕڵین کرد، ئەنیشتاین لەوشارەدا هەڵگری پۆستی ئەندامەتی ئاکادیمی زانستی پروس (The Prussian Academy of science)بوو، ئەو دووپیاوە  یەکترییان بینی‌و بۆر کاتەکانی لەگەڵ ئەنیشتایندا لەماڵەکەیان بەڕێ دەکرد، بۆر هەندێک دیاری بۆ دەهێنا وەکو کەرەی دانیمارکی رەسەن‌و مادەخواردەمەنییەکانیتر، ئەنیشتاین‌و بۆر  چێژیان لەقسەوباسە سەرنجڕاکێشەکانیان لەسەر  تیۆری تیشکدانەوەو ئەتۆمی وەرگرتبوو. دوایی ئەوەی بۆر ئەو شوێنەی بەجێهێشت، ئەنیشتاین بۆی نووسیبوو: ” زۆرکەم لەژیانی مندا کەسێک هەبووە هەندەی تۆ تەنها بەهۆی بوونی لەلام خۆشحاڵی پیبەخشیبێتم، من ئێستا خەریکی خوێندنەوەی  بڵاوکراوە گرنگەکانتم- ئەگەر لەهەندێک شوێندا نەچەقم – روخسارە بزاوییە منداڵەکانتم بیردەکەوێتەوە کە زەردەخەنەتدەکرد‌و بۆت شیدەکردمەوە.
لەساڵانی داهاتوودا، پەیوەندییەکان گۆڕا بۆ پێشبڕکێیەکی دۆستانە لەسەر  راستی سروشت، بۆرموفەسرێکی ئیمانداری تیۆری کوانتەمی بوو کە بەرگری لەلایەنە نائاساییەکانی میکانیکی کوانتەمی دەکرد، لەکاتێکدا ئەنیشتاین، ریاڵیستێک بوو، کەخەریکی بەرەو پێشبردنی زیاد لەیەک تیۆری بوو- یەکێک لەو تیۆریانە نەئەو نەکەسیتر نەیتوانی بەرهەمی بهێنێت.
قسەوباس لەنێوان ئەنیشتاین‌و بۆر لەسەر تەفسیری میکانیکی کوانتەمی  بەگەرم‌وگوڕی لەکاتی کۆنفرانسی سۆلڤەی لەئۆکتۆبری(١٩٢٧)دا، دروستبوو، هەموو دامەزرێنەرانی تیۆری کوانتەمی لەوێ بوون: پلانک(Planck)،ئەنیشتاین(Einstein)، بۆر(Bohr)، دۆبرۆی(de Broglie)، هایزەنبێرگ(Heisenberg)، شرۆدینگێر(Schrodinger)، دیراک(Dirac).
لەماوەی دانیشتنەکەدا، ” ئەنیشتاین رەخنەی زۆر تووندی لەدەڕبرینی ئەگەری گرت…. لەدواییدا بێدەنگبوو.” بەڵام لەژووری خوانی نیوەڕۆدا زۆرسەرەحاڵ بوو، راپۆرتی دەستەیەکەمی  ئۆتۆ شتێرن(Otto Stern)لەمبارەوە،” ئەنیشتاین هاتەخوارەوە بۆنانی بەیانی‌و نادڵنییایی خۆی دەربارەی تیۆرییە کوانتەمییە نوێیەکە دەربڕی. هەموو جارێک تاقیکردنەوەیەکی زێهنی داەهێنا کە لەودا وادیاربوو تیۆرییەکە کارناکات، پاولی‌و هایزنبێرگ بەباشی کاردانەوەیان بۆئەم بابەتانە نەبوو ‘ ach was, das stimmt schon, das stimmt schon’ (ئەها، بەڵێ راستە، بەڵێ راستە)، بەڵام لەلایەکیترەوە کاردانەوەی بۆر هۆشیارانەبوو، لەدوانیوەڕۆداو لەکاتی نانخواردن کاتێک هەموومان کۆدەبووینەوە، ئەو بابەتەکەیی بەوردی شیدەکردەوە.”
هایزەنبێرگ کە بۆخۆی یەکێک بوو لەبەشداربووە گرنگەکانی کۆنفرانسی ساڵی(١٩٢٧) قسەوباسەکان بەمشێوەیە باسدەکات:” موناقشەکان بەخیرایی چڕبوویەوە لەسەر شەڕی دووبەدوویی نێوان ئەنیشتاین‌و بۆر لەسەر ئەو پرسیارەی کە پەرەی دەدا بەتیۆری ئەتۆمی  لەفۆرمی ئێستاییدا کە دەتوانێت ببێت بەچارەسەری کۆتایی بۆئەو کێشانەی کە بۆدەیان ساڵ قسەی لەسەر کرابوو. ئێمە بەگشتی  لەکاتی نانی بەیانی هۆتێلەکەدا یەکترییمان دەبینی‌و ئەنیشتاین  دەستی دەکرد بەشرۆڤەکردنی تاقیکردنەوەیەکی ئایدیاڵ کە ئەو وایدادەنا دژبەیەکییەکانی (contradiction) دەربڕینی کۆپنهاگن(Copenhagen interpretation) دەردەخات.
بۆر هەموو رۆژەکە خەریکدەبوو بەدۆزینەوەی وڵامێک بۆ ئەنیشتاین‌و درەنگانی دوانیوەڕۆ  ئەرگیومێنتەکانی  پیشانی هاوڕێ تیۆریسیەنە کوانتەمیەکانی دەدا، لەسەر مێزی نانی نیوەڕۆ ئەو وڵامی تانەکانی بەئەنیشتاین دەدایەوە، هەرچەند ئەنیشتاین، تانەیی باشی بۆ ئەرگیومێنتەکان لانەبوو، بەڵام لەدڵییدا نارەزایەتی هەر مابووەوە.
بەپێی وتەی هایزینبێرگ دۆستێکی باشی ئەنیشتاین بەناوی پاول ئیرنفێست(Paul Ehrenfest) (١٨٨٠-١٩٣٣) پێی وت: ” من هەست بەشەرمەزاری دەکەم بۆتۆ ، تۆ خۆت خستوەتە هەمان بارودۆخ کە نەیارەکانت لەهەوڵە بێسوودەکانیان بەدژی  تیۆرییە رێژەییەکەتان تێیدابوون.”
ئیستدلالەکان بۆلایەنگیری یان دژایەتی تیۆری کوانتەمی لەماوەی کوانفرانسی سۆلڤەی دواتر کە لەساڵی (١٩٣٠)دا بەسترا تووندتربوون. هەرچەند دانیشتنەکە لەسەر موگناتیزم بوو  بەڵام ئەمە رێگەر نەبوو لەوەی بەشداربووان درێژەبدەن بەقسە گەرمەکانیان لەسەر تیۆری کوانتەمی لەدەرەوەی دانیشتنە ئاساییەکان‌و لەنێو رێڕەوەکان‌و لەکاتی نانی بەیانی‌و مێزی نانی نیوەڕۆیی هۆتێلەکەدا،جارێک، لەکاتی نانی بەیانی ، ئەنیشتاین بەبۆری وت ئەو نموونەیەکی کوتینەری سەبارەت بەپرینسیپی نادڵنییایی بۆ وزەو کات دۆزیوەتەوە.
 ئەنیشتاین ئامێرێکی ئاڵۆزی زیرەکانەیی  زێهنی داهێنابوو: قوتوێک کە یەکێک لەدیوارەکانی کراوەبوو، لێرەدا دەرگایەک دانرابوو کەبەهۆی کاتژمێرێک لەنێو قوتووەکەوە کۆنتڕۆڵدەکرا، قوتووەکە پڕە لەتیشک‌و کێشەکەشی دیاریکراوە، بۆکەرتێکی بچووک لەکات یەک فۆتۆن مۆڵەتی دەدرێتێ بێتەدەرەوە، ئەمجار دووبارە کێشی قووتووەکە دیاریدەکەینەوە، بەهۆی جیاوازی کێشەکەو لەرێگەی فرمولی ئەنیشتاینەوە(E=mc2) دەکرێت وزەی فۆتۆنەکە دیاریبکرێت. بەپێی ئیستدیدلالەکەی ئەنیشتاین دەکرا بەهەر ئاستێک لەدروستی (accuracy) وزەی فۆتۆنەکەو کاتی تێپەڕبوونەکە دیاریبکرێت، ئەمە پرینسیپی نادڵنییایی پووچەڵدەکردەوە(کە لەمبارەوە دەڵێت، تۆ ناتوانێت  هەردووی کاتی تێپەڕبوون‌و وزە بەوردی(precision) زۆرەوە دیاریبکەیت)

وەک پەیس(Pais)(١٩٩١) باسیکردووە، بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بینییان بۆر حەپساوە، ئەو چارەسەرێکی بۆ ئەو تەنگەژەیەیی ئەنیشتاین بۆتیۆری کوانتەمی دروستیکردبوو، نەدەبینی.
بەدرێژی ئەو ئێوارەیە ئەو زیاد لەحەد دڵتەنگ بوو، لەم کەسەوە دەرۆیشت بەرەو ئەویترو تێدەکۆشا تێیانبگەێنێت کە ئەنجامەکەی  ئەنیشتاین ناتوانێت راست بێت: بەڵام چۆن؟ بۆر دەیوت ئەگەر ئەنیشتاین راست بێت، ئەمە کۆتایی فیزیکە، بەهەمەحاڵ، بەقورسی تێدکۆشا، بەڵام نەیدەتوانی ئەرگیومێنتە زیرەکانەکەی ئەنیشتاین پووچەڵ بکاتەوە.
لیون رۆزنفێڵد(Leon Rosenfeld)(١٩٠٤-١٩٧٤) زانایەکی فیزیک کە لەدانیشتنەکەدا ئامادەبوو، دەڵێت: ” من هەرگیز دیمەنی ئەو دوو رکەبەرەم کاتێک کلوبەکەیان بەجێدەهێشت لەبیر ناچێت ، ئەنیشتاین قامەت بەرزو بەهەیبەت بەئارامی هەنگاوی هەڵدەگرت‌و زەردەخەنەێکی تانەئامێزی لەسەرلێو بوو، بۆر لەنزیکییدا وەک منداڵ هەڵبەزو دابەزی دەکرد‌و زۆرنائارامبوو…، سەرلەبەیانی رۆژی دواتر  بۆر سەرکەوتووانە گەڕایەوە.”
بۆر لەکۆتاییدا درزێکی لەئەرگیومێنتەکەی ئەنیشتایندا دۆزییەوە، ئەنیشتاین هەڵەیەکی هەبوو لەئەژمار نەکردنی ئەوراستییەیی  کێشان(weighing) بەلادان لەنێو بوارێکی کێشکردنییدا (Gravitational Field ) دەبینرێت.
ناوردی(imprecision) لەلادانی قوتووەکەدا دەبێت بەهۆی دروستبوونی نادڵنییایی  لەدیاریکردنی بەرستایی- لەوێوە وزە- فۆتۆن‌و کاتێک قوتووەکە لەشوێنەکەی لادەدات کاتژمێرەکەیی لەنێودایەو ئێستا لەنێو بوارێکی کێشکردندا تیک دەکات،کەجیاوازە لەوەی  لەسەرەتادا تێیدابوو، نرخی لێدانی کاتژمێرەکە  لەشوێنی نوێیدا جیاوازە لەوشوێنەی کە پێشئەوەی بەهۆی پرۆسەی کێشانەوە بجووڵێت تێیدا بووە. بۆیە ئێستا نادڵنییاییەک لەدیاریکردنی کاتدا بوونی هەیە. بۆر توانیبوویی بێسەلمێنێت  پەیوەندی نادڵنییایی وزەو کات بەوردی بەهۆی پرینسیپی نادڵنییاییەوە دەردەبڕدرێت.
وڵامەکەی بۆر بۆئەنیشتاین نایاب بوو، لەتیۆری رێژەیی گشتی ئەنیشتاین بۆبەرپەڕچدانەوەی هێرشەکەی سوود وەرگیردرابوو، لێرەدا بۆر ئەرگیومێنتێکی زیرەکانەیی لەبەکارهێنانی  تیۆری رێژەیی گشتی  بۆ بنیادنانی پرینسیپی نادڵنییایی بەکارهێنا.
بەڵام جەدەلەکان تووندتربوون، ئەنیشتاین ،ڕێوییە پڕفێڵەکەی فیزیک، بەردەوام بوو لەسەر دەرخستنی  ئەرگیومێنتی زیرەکانەیی زیاتر لەتێکۆشانێک بۆ بەرەبەرەکانێ لەگەڵ تیورییەک کە لەزۆر بنچینینەوە ئەو پێی نائاسوودە بوو، بەهۆی ئەوەی ئەو یەکێکبوو لەدامەزرێنەرانی ، باشتر لەهەر کەسێکیتر تیۆری کوانتەمی دەزانی‌و دەیزانی چۆن هەڵس‌وکەوت لەگەڵ دەسکردەکەی خۆییدا بکا، هەرکاتێک ئەنیشتاین دەستی دەوەشاند، بۆر نیگەران‌و خەمبار دەبوو، دەگەڕا بەدوایی  وڵامێکدا تاوەکو دەیدۆزییەوە.
ئەو زۆربەی کات یەک وشەیی  لەگەڵ خۆی دووبارە دەکردەوە بەشێوەیەک ئاگایی لەدەوروبەری خۆی نەدەما، زانایانی فیزیایی هاوڕێی دەگێڕنەوە، ئەو لەنێو ژورێکدا رادەوستاو دەیقیڕاند: ” ئەنیشتاین…ئەنیشتاین….، بەرەو پەنجەرەکە دەچوو، سەیری دەرەوەی دەکردو ئەگایی لەخۆی نەدەماو درێژەیی پێدەداو: ” ئەنیشتاین… ئەنیشتاین …”
ئەنیشتاین بەشداری کۆنفرانسی سۆلڤەی(١٩٣٣)یی کردو بیستی بۆر لەسەر تیوری کوانتەمی  وتەیەک پێشکەش دەکات، ئەو بەوردی گوێ بیستی ئەرگیومـێنتەکان بوو بەڵام هیچ تێچێنێکی پێشکەش نەکرد، کاتێک موناقشەکە دەستی پێکرد، بردی بەرەو ئاراستەی مانای میکانیکی کوانتەمی، وەک رزۆزنفێڵد باسیدەکات ئەنیشتاین هێشتا هەروەکو رابردوو کاتێک لەگەڵ ئەنجامێکی سەیری تیۆرییەکەدادا بەرەڕوو دەبوو نائاسوودە دەبوو (unbehagen) وشەیەک بوو ئەو بەکاری دەهێنا) هەر لەم کاتەدا بوو کە ئەو وەک لەدواییدا دەیبینیین ترسناکترین چەکی بەدژی تیۆری کوانتەمی بەکارهێنا، ئەو لەرۆزنفێڵدی پرسی” چی دەتوانی دەربارەی بارۆدۆخێک لەم شێوە بلێیت؟””وایدابنێ  دوو تەنۆلکە بەرەو یەکتری دەجوڵێن بە یەک تەوژمی(Momentum) یەکسانی زۆر گەورەوە ، ئەوان بۆ یەک ساتی زۆرکورت کاتێک  لەشوێنەناسراوەوەکانەوە تێپەڕدەبن لەگەڵ یەکترییدا کارلێک دەکەن، بهێنە بەرچاوی خۆت چاودێرێک یەکێک لەتەنۆلکەکان بگرێت‌و لەناوچەی کارلێک دوورخاتەوەو تەوژمەکەی بپێوێت؛ لەدواییدا بەپێی مەرجەکانی تاقیکردنەوەکەوە، ئەو دەتوانێت تەوژمی تەنۆلکەکەییتر بدۆزێتەوە، بەهمەحاڵ ئەگەر ئەو شوێنی یەکەم تەنۆلکە بپێوێت دەتوانێت بڵێت تەنۆلکەکەییتر لەکوێدایە، ئەمە بەتەواوەتی راستەو راستەوخۆ لەپرینسیپەکانی میکانیکی کوانتەمی  دەردەهێنرێت؛ بەڵام ئایا ئەمە پارادۆکسی نییە؟ چۆن دەتوانرێت دۆخی کۆتایی تەنۆلکەی دووهەم بکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە بەهۆی ئەنجامدانی پێوان لەسەر یەکەم ، دوایی ئەوەی هەموو کارلێکە فیزیکییەکانی نێوانیان لەناوچووبێت؟ ئەمە دوو ساڵ پێش ئەوەبوو ئەم بابەتە لەجیهانی زانستدا بەهەموو  کارییگەرییە مومکینەکانییەوە بڵاوببێتەوە- ئایدیاکانی ئەنیشتاین  لەسەر میکانیکی کوانتەمی  بەشێوەی سەرسووڕهێنەر بەهێزبوون، لەودا ئەو دژبەیەکییە رواڵەتییەکانی تیۆرییەکەیی بۆ متمانە لێسەندەنەوەی بەکاردەهێنا.
رۆزنفێڵد کە  هاوکات گوێی لەوتەکانی بۆر گرتبوو لەبیرکردنەوەکانی ئەنیشتایندا بەشداریدەکرد، بیرینەدەکردەوە ئەنیشتاین مەبەستی زیاد لەتاقیکردنەوەیەکی زێهنی بێت کە دەرخەری لایەنێکی نائاشنایی میکانیکی کوانتەمی بێت، بەڵام  چەخماخەی فکرەکەیی ئەنیشتاین لەکاتی وتەکانی  بۆردا فرمولەکراو گەشەیی سەند تاوەکە فۆڕمی کۆتایی خۆی لەدوو ساڵ دواییدا وەرگرت.
کاتێک هیتلەر گەیشت بەدەسەڵات، ئەڵبێرت ئەنیشتاین ئەڵمانیایی بەجێهێشت، پێشتر لە (١٩٣٠)دا ئەنیشتاین بەشێکی بەرچاو لەکاتی خۆی لەدەرەوە بەڕێدەکرد: ئەو لەکالتچی (Caltch) کالیفۆڕنیا بوو لەدوایشدا لەئاکسفۆرد، لەساڵی (١٩٣٣)دا لە ئەنستیتۆ بۆ لێکۆڵینەوەیی پێشکەوتوو لە پرینستن(Institute for Advanced Study at Princeton)کە تازە دامەزرابوو، پۆستێکی وەرگرت.
ئەو وایدانابوو بەشێک لەکاتەکەیی لەوێ‌و بەشێکیتری لە بەڕلین بەڕێبکات، بەڵام دوایی سەرکەوتنی هیتلێر ئەو هەموو مەنسەبەکانی لەئەڵمانیا بەجێهێشت‌و هەرگیز بۆی نەگەڕایەوە، بۆماوەیەک لەبەلجیک‌و ئەنگلتەرا مایەوەو لەکۆتاییدا  لەئۆکتۆبەری (١٩٣٣)دا  گەیشتە پرینستن.
ئەنیشتاین لەپۆستە نوێیەکەیدا لە ئەنستیتۆ بۆ لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو،  یاریدەدەرێکی  فیزیکی بیست‌و چوار ساڵەیی ئەمریکایی پێدرا بەناوی رۆزن(Rosen)(1910-1995)، هەروەها لەگەڵ زانایەکی فیزیکی لەئەنستیتۆکەدا هاوڕێ بوو کە لەسێ ساڵ لەوەو پێشەوە لەکاڵتچەوە دەیناسی، ئەویش بۆریس پۆدۆلسکی(Boris Podolsky)بوو، ئەنیشتاین زەریایی ئەتڵەسی تێپەڕاندبوو، هەزاران مایل لەئەوروپا ئەو شوێنەیی میکانیکی کوانتەمی لێ لەدایک ببووهەروەها پەرەی‌سەندبوو  دوورکەوتبووەوە، بەڵام تیۆرییە سەیرەکە لەگەڵ لۆجیکە نەگونجاوەکەی‌و گریمانەکانی هەر لەزێهنییدا مابووەوە.
ئەنیشتاین  تەنها کاریدەکرد، لەوتارە زانستتیەکانییدا بەدەگمەن هاوکاری هەیە، بەڵام لەساڵی (١٩٣٤)دا ئەو لەنووسینی یەکێک لەدوایین وتارە جەدەلییەکانی بەدژی میکانیکی کوانتەمی یارمەتی پۆدۆلوسکی‌و رۆزنیدا.
ئەنیشتاین لەدواییدا چۆنیەتی نووسینی وتارەکە کەئێستا بە وتاری ئەنیشتاین پۆدۆلسکی‌و رۆزن (EPR) ناسراوە‌و ناردنی بەنامەیەک بۆئەروین شرۆدینگێڕ  لەساڵی دواییدا باسدەکات:” بەهۆکاری زمانەوانی وتارەکە دوایی قسەلەسەرکردنێکی دوورودرێژ لەلایەن پۆدۆلۆسکییەوە نووسرا، بەڵام ئەو شتەیی لەراستیدا ئێمە دەمانویست بیڵێین، بەباشی نەهاتە گوتن؛ لەجیاتی‌ئەوە، شتە سەرەکییەکە  لەژێر باسکردنەکاندا نێژرا.”
سەرەڕایی بڕوایی پێچەوانەیی ئەنیشتاین، پەیامی وتاری (EPR)، کە لەودا ئەوو هاوڕێکانی  چەمکی گیرۆدەیی(Entanglement)یان بۆپرسیاری ناتەواویی (completeness) تیۆری کوانتەمی بەکارهێنا، بەدەنگی بەرزو روون لەهەموو جیهاندا بیسترا، لەزوریخ، ولفگانگ پاولی(Wolfgang Pauli)(١٩٠٠-١٩٥٨)و یەکێک لەدامەزرێنەرانی تیۆری کوانتەمی‌و دۆزەرەوەی “پرینسیپی پێشگێری” (exclusion principle) بۆ ئەلکترۆنەکانی ناوئەتۆم، لەم بابەتە تووڕە بوو، ئەو نامەیەکی دوورودرێژی بۆ هایزەنبێرگ نووسی‌، لەودا وتبوویی: ” ئەنیشتاین ، بەراستی لەوتاری (١٥)مانگی مای فیزیکاڵ ریڤیو(Physical Review)(لەگەڵ پۆدلۆسکی‌و رۆزن- کۆمیانیاییەکی نە باش) جارێکیتر خۆی بەشێوەی گشتی لەسەر میکانیکی کوانتەمی نواند، وەک بەباشی زانراوە، هەرکاتێک ئەمە روودەدات کارەساتە.”
پاولی خەمباربوو بەهۆی ئەوەی وتارە زانستییەکەی(EPR) لە ژۆرناڵێکی ئەمریکاییدا بڵاوبووەتەوەو نیگەرانبوو لەوەی تێڕوانیینی گشتی خەلکی ئەمریکا وەرگەڕێ بۆدژایەتیکردنی تیۆری کوانتەمی، پاولی پێشنیاریکرد چونکو لەوتارەکەی (EPR)دا پرینسیپی نادڵنییایی کەوتووەتە ژێر کوتان‌و هێرش، وڵامدانەوەیەکی  خێرایی پێویستە، بەڵام لەکۆپنهاگن وڵامەکە زۆرترین فەرمییەتی هەبوو، وادیاربوو نیلس بۆر هەورەبروسکە لێیدابێت، ئەو لەشۆکدابوو، گێژو خەمبار، ئەو دەستی لەکار بەرداو رویشتەوە بۆماڵەوە، بەپێی وتەی پەیس(Pais) رۆزنفێڵد لەوکاتەدا  سەردانی کۆپنهاگنی کردبوو، وتبوویی سبەینێ بۆر لەنووسینگەکەیی بەزەردەخەنەوە دەردەکەوێتەوە، ئەو رویکردبووە رۆزنفێڵدو وتبوویی ” پۆدۆلسکی، ئۆپۆدۆلسکی، ئائۆپۆدۆلسکی، سیۆپۆدۆلسکی، ئاسیو پۆدۆلسکی، باسیوپۆدۆلسکی…” بۆ زانا فیزیکییە گێژبووەکە ، ئەو شیکردەوەوە کە ئەو دێرێکی لەیاری هۆلبێرگ(Holberg) لەشانۆی((Ulysses von Ithaca (Act I, Scene 15) وەرگرتووە، لەودا خزمتکارێک لەپڕ دەستدەکات بەوتنەی قسەی بێمانا.
رۆزنفێلد دەگێڕێتەوە بۆر هەموو پرۆژەکانی وەستاند‌و خەریکی کارکردن‌ بوو لەسەر (EPR) لەوکاتەوەی وتارە زانستییەکە بڵاوکرایەوە، ئەو هەستیکرد هەڵەتێگەیشتنەکە بەزوویترین کاتی گونجاو دەبێت چارەسەر بکرێت، بۆر پێشنیاریکرد ئەوو یاریدەدەرەکانی هەمان نموونە بەکار بهێنن کە ئەنیشتاین بەکاریهێنابوو وەکو رێگەیەکی راست  بۆبیرکردنەوە دەربارەی ئەوەوە. بۆر زۆر قەلەقبوو، ئەمری کرد بەرۆزنفێلد وڵامی ئەنیشتاین بداتەوە، بەڵام بەزوویی پەشیمان بوویەوە: ” نە، ئەمە نابێت ئەنجام بدرێت… ئێمە  دەبێت ئەمە جارێکتر هەمووی دووبارە بکەینەوە… ئێمە دەبێت  ئەمە بەتەواوەتی روون بکەینەوە…” بە بەپێی وتەی رۆزنفێڵد ئەم بابەتە بۆماوەیەکی درێژ درێژەی کێشا، هەموو جارێک،  بۆر روویدەکردە رۆزنفێڵد‌:” مەبەستیان دەتوانێت چی بێت؟ ئایا تۆ تێیگەیشتیت؟” ئەو ئایدیاکانی لەمێشکییدا دەهێنا‌و دەیبردو بەهیچ کوێ نەدەگەیشت، لەکۆتاییدا دەیگوت دەبێت لەسەری بخەوین.
لەحەفتەکانی دواتردا بۆر بەئەندازەیی پێویست ئارام ببوەوە تاوەکو بەرپەڕچدانەوەیەک بۆ وتارە زانستییەکەی ئەنیشتاین- پۆدۆلۆسکی‌- رۆزن بنوسێت، دوایی سێ مانگ کاری قورس لەکۆتاییدا  بۆر وڵامەکەی ئەنیشتاین‌و هاوڕێکانی  نارد بۆهەمان ژۆرناڵ کە وتارە زانستییەکەی (EPR) تێدا بڵاوببووەوە، واتە فیزیکال ریڤیو.
ئەو لەبەشێکدا نووسیبوویی(ئیتالییکەکە هی ئەوە):” ئێمە ئازادین لەوەی پێشنیارکەی[EPR] هەڵبژێرین یان نا، تەنها جیاوازی کردنە لەنێوان شێوە تاقیکردنەوەکان کە  چەمکە  کلاسیکییە تەواوکەرەکان بەکاردەهێنێت.”
بەڵام هەموو زانایانی فیزیا بارودۆخەکەیان بەوشێوەیە نەدەدی، ئیروین شرۆدینگێر، کە تیۆرییەکەی  بەهۆی (EPR)وە کەوتبووە تەنگەژەوە بە ئەنیشتاینی وت:” تۆ بەگشتی قورگی کوانتم میکانیکی کوێرت گرتووە.” زۆرترینی زانایان لەگەڵ وڵامەکەی بۆر بۆ(EPR)گونجاو بوون یان وابیریان دەکردووە کە چەلەحانێکان زۆرتر فەلسەفیین تاوەکو فیزیایی، چونکە دەرئەنجامی تاقیگەیی لەپرسیارەکەدا نەبوو، بۆیە  نیگەرانی نەبوون.
سێ دەیە دواتر بیردۆزی بێل ئەم تێڕوانیینەی روخاند، وتارە زانستییەکەی (EPR) چی دەوت؟
 بەپێی ئەنیشتاین پۆدۆلۆسکی‌و رۆزن، هەرشتێکی بەستراوە بەسیستمێکی فیزیاییەوە، کە دەکرێت بەباشی پێشبینی بکرێت بێئەوەی سیستەمەکە تێک بچێت، توخمێکی هەقیقەتی فیزیکییە.
سەرەڕایی ئەوە، (EPR) ئیستیدلال دەکات، شرۆڤەیەکی تەواویی سیستمێکی فیزیکی کە لێکۆڵینەوەیی لەسەر دەکرێت، دەبێت هەڵگری هەموو توخمەکانی هەقیقەتی فیزیکی پەیوەندیدار لەگەڵ سیستمەکەدا بێت.
ئێستا، نموونە دوو تەنۆلکەییەکەیی ئەنیشتاین ( لەناوەرۆکدا هەرئەوە بوو دوو ساڵ پێشتر ئەو بەرۆزنفێڵدی وتبوو) کە پێکەوە بەسترابوونەوە پیشانیدەدا شوێن‌و تەوژمی تەنۆلکەکەیی دیاریکراو دەکرێت بەدەستبێت بەهۆی  پێوانە گوونجاوەکان  لەسەر تەنۆلکەیەکیتر بێئەوەی  “دوانی”یەکەیان تێکبچێت، بۆیە هەردوولایەنی تایبەتمەندییەکانی ” دوانی”ە کە تووخمی حەقیقەتی فیزیکیین.
بەهۆی ئەوەی میکانیکی کوانتەمی ناهێڵیت هەردوولایەنەکە پێکەوە شرۆڤەبکرێن، کەوابوو تیۆرییەکە ناتەواوە.
 وتارە زانستییەکەیی(EPR) ( هاوڕێ لەگەڵ بیردۆزی بێل(Bell’s theorem) کە بەدواییدا هات) یەکێکە لە گرنگترین وتارەکانی زانست لەسەدەیی بیستەمدا، روونە ، ئەگەر  هیچ تێکدانێک لەسیستەمەکەدا روونەدات، ئێمە دەتوانیین  بەدڵنییاییە پێشبینی بڕی، بڕە فیزیکییەکە بکەین (بەئەگەری یەکەوە)، کەوابوو لێرەدا تووخمێکی هەقیقەتی فیزیکی گونجاو لەگەڵ ئەم بڕە فیزیکییەدا بوونی هەیە.
وادیارە ئەم پێوەرە دوورە لەوەی هەموو رێگە مومکینەکانی دۆزینەوەی حەقیقەتێکی فیزیکی دەربخات، لانیکەم وەها رێگەیەک بۆئێمە فەراهەم دەکات هەرکاتێک مەرجەکان ئامادەبێت ئەوە رودەدات.
(EPR) لەدواییدا دەستدەکات بەوەسفی دۆخە گیرۆدەکان(entangled states) ئەم دۆخە گیرۆدانە ئاڵۆزن، چونکە ئەوان هەردو شوێن‌و تەوژمی تەنۆلکەیەک بەکاردەهێنن کە لەرابردودا کارلێکیان لەگەڵ یەکتریدا کردوەو ئێستا بەستراوەی(correlated)یەکترین، ئەرگیومێنتەکانیان بەشێوەی بنچینەیی  وەسفی گیرۆدەیی کوانتەمی بۆ تەوژم‌و شوێندەکات، (EPR) دەگات بەو ئەنجامەی:
” بۆیە، بەپێوانی هەردویی (A)و (B) ئێمە دەکەوینە دۆخێکەوە دەتوانیین پێشبینی بەدڵنیایی بۆ بڕی بڕەی(P)و بڕی بڕەی(Q)بکەین بێئەوەی بەهیچ شێوەیەک سیستەمی دووهەم تێکبدەین.  گونجاو لەگەڵ پێوەرەکەمان بۆ هەقیقەت، لەباری یەکەمدا ئێمە دەبێت بڕەی (P)وەها لەبەرچاو بگرین کە توخمێکی هەقیقەتە، لەباری دووهەمدا بڕەی (Q) توخمێکی هەقیقەتە،بەڵام وەک بینیومانە، هەردوو نەخشەشەپۆلەکان هی هەمان هەقیقەتن.
پێشتر ئێمە سەلماندمان هەردوی (١) وەسفی کوانتەم-میکانیکیانەی هەقیقەتی دەرکەوتوو بەهۆی نەخشەشەپۆلەوە تەواو نییە یان (٢) کاتێک کردارەرەکانی(operators) پێوەندیدار بەدوو بڕی کوانتەمی  لەگەڵ یەکترییدا ناگونجێن دوو بڕەکە ناکرێت هەقیقەتی هاوکاتیان هەبێت….
بۆیە ئێمە ناچاریین لەئەنجامدا بڵێین کە وەسفی کوانتەم-میکانیکیانەی هەقیقەتی دراو بەهۆی نەخشەشەپۆلەوە تەواو نییە، ئەوەئ ئەنیشتاین‌و هاوڕێکانی ئەنجامیان دابوو  وادیاربوو دروستکردنی گریمانەیەکی زۆر ژێرانەبوو، ئەویش گریمانەی مەحلی بوون یان لۆکالیتی بوو.
ئەو شتەی رودەدات لەشوێنێک  لەپڕ کارگەرییەکەی  ئەو روداوە بەشوێنێکیتر ناگوازرێتەوە،(EPR) دەڵێت:” ئەگەر، بێئەوەی  بەرێگەیەک سیستمێک تێکبدین، دەتوانیین بەدڵنییایی(  بۆنموونە بەئەگەری یەکسان بەیەک) بڕی، بڕەیەکی فیزیکی پیشبنینی بکەین، کەوابوو توخمێکی هەقیقەتی فیزیکی پەیوەندیدار لەگەڵ ئەم بڕە فیزیکییەدا بوونی هەیە.”
ئەم مەرجە کاتێک تێردەکرێت کەپێوانێک بۆشوێنی تەنۆلکەی ژمارە(١) بکرێت‌و هەروەها پێوانی تەوژمیش بۆهەمان تەنۆلکە ئەنجامبدرێت، لەهەردو بارەکەدا، ئێمە دەتوانیین بەدڵنیایی پیشبینی بۆشوێن(یان تەوژم)ی تەنۆلکەکەیتر  ئەنجامبدەین، ئەمە ئەو هەلەمان بۆدەرخسێنێت تاوەکو بتوانیین بڵێین توخمێکی هەقیقەتی فیزیکی بوونی هەیە.
ئێستا، چونکە تەنۆلکەی دووهەم  بەهۆی کارکردن لەسەر تەنۆلکەی (١)کاریگەری لەسەر دانەنراوە (ئەوان وایاندانبوو)، توخمێکی هەقیقەت- شوێنەکەی- ی ئەم تەنۆلکەیە لەبارێکدا دەکرێت بزانرێت‌و تەوژمەکەی بەبارێکیتردا، هەردووی شوێن‌و تەوژم توخمەکانی هەقیقەتی فیزیکی  تەنۆلکەی ژمارە (٢)ن.
پارادۆکسەکەی (EPR) بەم شێوەیە، ئێمە دوو تەنۆلکەمان هەیە کە پێوەندیدارن لەگەڵ یەکتریدا، کاتێک یەکێکیان دەپێوین، ئەویتریشیان دەزانیین، کەوابوو ئەو تیۆرییەیی کە شتی وادەڵێت ناتەواوە.
لەوڵامەکەیدا بۆر دەڵێت:” بەهەمە حاڵ  ئاراستەی  ئیستدلالی[EPR]  وادیارە بەتەواوەتی لەگەڵ ئەو بارۆدۆخە راستەقینەی کە ئێمە لەئەتۆمدا لەگەڵی بەرەوروویین یەکناگرێتەوە، ئەو ئیستدلالی دەکرد کە پارادۆکسی(EPR) تەنگەژەیەکی راستەقینەی کرداری بۆ بەکارهێنانی  تیۆری کوانتەمی لەکێشە فیزیاییە راستەقینەکاندا پێشکەش ناکات، وادیاربوو زۆرترینی زانایانی فیزیک لەگەڵ ئەم رایەدا بوون.
ئەنیشتاین بەنووسینی چەندین وتاری زانستی لەساڵانی (١٩٤٨)و (١٩٤٩)دا گەڕایەوەسەر کێشەی (EPR)و تاوەکو لەساڵی(١٩٥٥)دا کۆچی دوایکرد زۆرترینی پاشماوەی کاتەکانی بەناسەرکەوتوویی بۆگەشەپێدانی تیۆرییەکی  یەکگرتووی فیزیک بەکارهێنا.
ئەو هەرگیز دەستی لەبروایی خۆی لەسەر ئەوەی خودا یاری زارناکات هەڵنەگرت- ئەو هەرگیز بڕوایی بەوە نەهێنا کە میکانیکی کوانتەمی  لەگەڵ تایبەتمەندییە ئەگەرییەکەی تیۆرییەکی تەواوە، ئەو وایدادەنا کە هەندێک شت لەتیۆرییەکەدا ونبووە، ونبوونی هەندێک بگٶڕ(Variable) کە دەتوانێت شرۆڤەی تووخمەکانی هەقیقەت باشتربکات.
مەتەڵەکە مایەوە: دوو تەنۆلکە لەگەڵ یەکتریدا بەشدارن- دوانەیەک کە بەهۆی یەک پرۆسەوە بەرهەمهاتوون- بۆهەمیشە لەپەیوەندیدا دەمێننەوە، نەخشەشەپۆلەکانیان  ناکرێت بەدوو شیتەڵی جیاواز لەیەکتری، هەرروداوێک بۆ یەک تەنۆلکەیان روبدات کاریگەری زۆربەخێرایی  لەسەر ئەویتر دادەنێت  بەچاوپۆشی لەوەی ئەو تەنۆلکەیە لەوانەیە لەهەرشوێنێکی ئەم گەردونەدا بێت، ئەنیشتاین ئەمەی ناونابوو “کاریگەری خێوی لەمەودادا”.
بۆر هەرگیز ئیستیدلالەکانی لەگەڵ ئەنیشتایندا فەرامۆشنەکردو تاکو مردنی لەساڵی(١٩٦٢) باسیدەکرد، بۆر سەرسەختانە بۆئەوەی تیۆری کوانتەمی لەجیهانی زانستدا بپەرژێنرێت خەباتیکرد، ئەو بەرپەرچی هەرهێرشێکی  بۆسەر تیۆرییەکە دەدایەوە وەک ئەوەی بەتایبەتی هی خۆیەتی ، زۆربەی زانایانی فیزیک وایاندەزانی بۆر لەکۆتاییدا بابەتی تیۆری کوانتەمی‌و (EPR)ی چارەسەرکردووە، بەڵام دوو دەیە دوایی ئیسدلالەکەی ئەنیشتایین ژیایەو لەلایەن فیزیکزانێکیترەوە سەلمێندرا.


نووسینی : Amir D. Aczel
وەرگێڕانی : حسێن حسێنی

Previous
Next

Leave a Reply