Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی ساخته‌….ستیڤان ئه‌حمه‌د

Be First!
by April 26, 2009 گشتی

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی ساخته‌
ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"

Shamzini79@hotmail.com
 
ئه‌و لێكترازانه‌ی له‌مانگی رابردوو له‌ریزه‌كانی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستاندا روویدا، له‌سه‌ر جیاوازیی فیكر وبۆچوون نه‌بوو، هه‌روه‌ك چۆن په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌و ئیدعایانه‌ی باڵی جیابووه‌وه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد. وه‌ك چاودێَرێك بایی ئه‌وه‌ زانیارییم هه‌یه‌، له‌ریزه‌كانی ئه‌و پارتییه‌دا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ هه‌بوو، به‌ڵام هه‌رگیز قابلیی ئه‌و كوده‌تایه‌ نه‌بوو ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌سه‌ر حزبه‌كه‌ی خۆیاندا هێنایان. به‌ڵام وه‌ك زۆریش وتراوه‌ته‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ بۆ جیابوونه‌وه‌، گووتاری جیابووه‌وه‌كان، راسته‌وخۆ گومانی زۆربه‌مانی به‌لای ئه‌وه‌دا راكێشا به‌داخه‌وه‌ ده‌ستێكی سیاسیی كه‌ له‌دوو حزبه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان تێناپه‌ڕێت له‌پشتی ئه‌و لێكترازانه‌وه‌ هه‌یه‌، یان به‌زمانێكی تر ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ مینێكی سیاسیی پارتی ویه‌كێتی بوو بۆ لاوازكردنی جه‌سته‌ی زه‌حمه‌تكێشان به‌تایبه‌ت له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا. له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ جیاوازتر، ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌حزبی زه‌حمه‌تكێشان جیابوونه‌وه‌، هه‌ر به‌هه‌مان ناوه‌وه‌ كارده‌كه‌ن وهه‌رواش خۆیان به‌زۆرینه‌ ده‌زانن، وا تێده‌گه‌ن به‌بڕیاری "ته‌جمیدكردن"ی سكرتێری گشتیی ده‌توانن كارێكی ناڕه‌وا كه‌ به‌ته‌حریكی پارتی ویه‌كێتی كردوویانه‌، ره‌وایی وه‌رده‌گرێت وخه‌ڵكیش به‌ده‌هۆڵیان هه‌ڵده‌په‌ڕێت. وه‌ك خۆم له‌و بڕوایه‌دام به‌ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك به‌ناوی "ئاڵای ئازادی"و سازدانی كۆنگره‌یه‌ك به‌ناوی "كۆنگره‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشان"ه‌وه‌ نابنه‌ جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك، چه‌نده‌ پارتی دیموكرات وشۆڕشگێڕی كارتۆنیی سه‌رده‌می به‌عس، بوونه‌ ئه‌م پارتییه‌ی ئێستا، ئه‌و زه‌حمه‌تكێشانه‌ كۆپیكراوه‌ی "كاك به‌همه‌ن وكاك به‌ڵێن" هه‌رئه‌وه‌نده‌ ده‌توانێت ببێته‌ ئه‌و حزبی زه‌حمه‌تكێشانه‌ی ئێمه‌ ده‌یناسین. وه‌ختێك حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی "قادر عه‌زیز" كۆنگره‌ ده‌كات، میدیای پارتی ویه‌كێتی به‌ئاشكرا بایكۆتی ده‌كه‌ن، وه‌ختێك بوودجه‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشان ده‌درێت به‌ده‌سته‌ی جیابووه‌وه‌، وه‌ختێك گرنگییه‌كی به‌رچاو له‌زاگرۆس تیڤییه‌وه‌ ده‌درێت به‌كاك به‌ڵێن وكاك سه‌عد، ئه‌م دیمه‌نانه‌ هیچی دیكه‌مان بۆ ته‌فسیر ناكه‌ن، جگه‌ له‌روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و لێكترازانه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ریزه‌كانی حیزبه‌كه‌یاندا دروستیانكرد به‌هاندانی ده‌ستێكی ده‌ره‌كیی بووه‌ به‌تایبه‌ت بۆ لاوازكردنی هێزی زه‌حمه‌تكێشان وه‌ك هێزێكی ناڕازی وئۆپۆزیسیۆن. تراژیدیای ئه‌و ده‌سته‌ جیابووه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌ وا ده‌زانن به‌بینینی مام جه‌لال ودانپیانانی پارتی ویه‌كێتی به‌واندا ده‌بنه‌ زه‌حمه‌تكێشانی راسته‌قینه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ومانان له‌ده‌ره‌وه‌ به‌و هه‌ڵوێستانه‌ گومانه‌كان ده‌گۆڕێت بۆ یه‌قین و وه‌هامان لێده‌كه‌ن هه‌رگیز بڕوا نه‌كه‌ین ئه‌وانن زه‌حمه‌تكێشانن. ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی ده‌سته‌ی جیابووه‌وه‌ له‌هه‌ولێر به‌ئاماده‌بوونی ده‌مسپییه‌كانی پارتی ویه‌كێتی گرێیاندا، گرته‌یه‌كی ئه‌و فیلمه‌ بوو، هه‌موو واقیعی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی تێدا روون بووه‌وه‌، وه‌ك براده‌رێكی نێزیكم وتی له‌ده‌موچاوی یه‌ك دوو له‌سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌و ده‌سته‌یه‌دا چیترم نه‌خوێنده‌وه‌ جگه‌ له‌دڵه‌ڕاوكێ وبێزاریی. ئاخر پارتی ویه‌كێتی تائێستا داننانێن به‌پارتی چاره‌سه‌ری وكۆمپانیاكه‌ی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فادا، هه‌رئێستاش پارتی چاره‌سه‌ری باره‌گاكانیان داخراوه‌و گوشاریان له‌سه‌ره‌، ئاخۆ چی بووه‌ وا گرنگییه‌كی له‌رادده‌ به‌ده‌ر ده‌ده‌ن به‌و ده‌سته‌ گچكۆكه‌یه‌ی له‌حزبی زه‌حمه‌تكێشان جیابوونه‌ته‌وه‌؟. ئایا ئه‌وان هێزیان له‌نه‌وشیروان مسته‌فاو پارتی چاره‌سه‌ری زیاتره‌؟ بێگومان نه‌خێر، دیاره‌ ئه‌و هۆكاره‌ی پاڵی ناوه‌ به‌سه‌رانی پارتی ویه‌كێتییه‌وه‌ له‌سه‌فی پێشه‌وه‌ی كۆنگره‌كه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی ته‌زویردا دابنیشن، هێنانه‌دی خواستی ئه‌وانه‌، ئه‌و خواسته‌ش دژایه‌تی ولێدانه‌ له‌پێگه‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی راسته‌قینه‌ كه‌به‌بڕوای من ئه‌مه‌یان "قادر عه‌زیز" رابه‌رایه‌تی ده‌كات. په‌ندێكی پێشینان هه‌یه‌ ده‌ڵێت "كورد بدوێنه‌ شه‌رعی خۆی ده‌كات". ئێستا براده‌رانی ئینشقاق سیمای راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رخستووه‌، بۆیه‌كا چیتر پێویست نییه‌ كاك قادر عه‌زیز كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیی ببه‌ستێت وراستییه‌كانی تێدا روونبكاته‌وه‌، چونكه‌ كه‌مێك هۆشیاریی سیاسیی به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ی بزانین براده‌رانی ئینشقاق چ كاره‌ن وبۆچی ته‌نیا به‌لێكترازانی حزبه‌كه‌یان دڵیان ئاوی خوارده‌وه‌؟. ئینشقاقی ساڵی 2005 هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ بوو، دواتر كه‌فوكوڵه‌كان دامركانه‌وه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ هه‌ر له‌كاروان به‌رده‌وام بوو، ئێستاش نه‌بێت سبه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت كێ به‌راستیی خاوه‌نی حزبی زه‌حمه‌تكێشانه‌؟ به‌بڕوای من ئه‌و زه‌حمه‌تكێشانه‌ ته‌زویره‌ی هه‌ر به‌و ده‌سته‌ی ده‌ره‌كییه‌كی باسده‌كرێت قووتكراوه‌ته‌وه‌، زۆر بژی هه‌ر ساڵێك دووانی تره‌، چوونكه‌ له‌وه‌تی دنیا هه‌یه‌ مزه‌وه‌ر نه‌یتوانیووه‌ له‌ره‌سه‌نی بباته‌وه‌. من قسه‌یه‌كی ترم نه‌ما.  

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply