Skip to Content

Saturday, October 24th, 2020

حكومەتى عێراقى نوىَ و عەقلیەتى بەعس!!!

Be First!
by September 8, 2008 گشتی

 حكومەتى عێراقى نوىَ و عەقلیەتى بەعس!!!
 بەهرەوەر مەرزانى

 باشوورى كوردستان وەك بەشێكى داگیرو لكێنراو بەدەوڵەتى عێراقەوە بەدرێژایى مێژوو جگە لەكوشتن و بڕین و ماڵوێرانى هیچى ترى لەو وڵاتە نەبینیوەو لەژێر حوكمى رژێمە شۆڤێنیە یەك لەواى یەكەكانیشیدا دووچارى پاكتاوى نەژادى و قێزەونترین تاوانى دژ بەمرۆڤایەتى هاتووە , كەچى سەرەڕاى ئەمانەش هەوڵى داوە بەئاشتى و برایەتى لەو وڵاتەدا لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانى تردا بژیت بۆیە هیچ كاتێك پەناى بۆ تیرۆرو توندوو تیژى نەبردووەو بەردەوام لەسەنگەرى بەرگرى دابووە لەگەل و نیشتمان.
 دواى پرۆسەى ئازادكردنى عێراق لەلایەن سوپاى هاوپەیمانانەوە جارێكى تر سەركردایەتى سیاسى كوردستان پەیامى ئاشتى و پێكەوە ژیانى لەعێراقى هەمووان بەرز كردەوەو كەوتە نێوبژیوانى شیعەو سونەو هێزو لایەنە سیاسیە دژ بەیەكەكانى ترى عێراق كە ئەگەر دڵسۆزى سەركردایەتى كورد نەبوایە سانا نەبوو ئەو عێراقەى ئەمڕۆ مالكى و هاونەژادەكانى خۆیان بەخاوەن و میراتگرى دەزانن دروست ببوایەوە لەكاتێكدا شەقامى عێراقى خەریك بوو لەنێو ململانێى نێوان شیعەو سونەدا غەرقى خوێن دەبوو, كەچى دواى خۆگرتنەوەو دروستكردنەوەى دام و دەزگا سەركوتكەرەكانیان وەك پیشەى داگیركارانەیان شۆڤێنیانەتر لەرژێمەكانى پێشووى ئەو وڵاتە كەوتنەوە دژایەتى كردنى خەڵكى كوردستان و حكومەتەكەى مالكیش بەپیلانێكى نەخشە بۆ دارێژراوو بەفیتى دراوسێكانى عێراق هەوڵى داگیركردنەوەى ناوچە دابڕاوەكانى كوردستان و لەبار بردنى دەسكەوتەكانمان دەدات كە لەئەنجامى خەباتى دوورو درێژو پڕ قوربانیدانى گەلەكەمان بەدەست هاتوون سەرەڕاى هەرەشەى داگیركردنى پایتەختى هەرێمى كوردستان و شارەكانى ترى ژێر ئیدارەى كوردستان.
 هەمو ئەمانە هەوڵێكى نەزۆكانەى حكومەتى ئێستاى عێراقن بۆ دووبارە سەپاندنەوەى دەسەڵاتى خۆیان بەسەر خەڵكى كوردستاندا چونكە ئەوەى لەمەركەزدا هەیە دەسەڵاتێكى ئیسلامى شۆڤێنى عەرەبیە و بەعەقلیەتى بەعس كار دەكات و جگە لەدەسەڵاتى شۆڤێنیانەى خۆیان هیچى تریان قبوڵ نییە بۆیە ئەگەر تائەمڕۆ كورد بەدڵ پاكى و دڵسۆزییەوە خەباتى بۆ دروستكردنەوەى عێراقێكى دیموكرات و یەكگرتوو كردبێت، ئەوا كاتى ئەوە هاتووە چیتر بەرژەوەندییە باڵاكانى گەلەكەمان نەكەینە قوربانى برایەتى نەتەوەیەك كە لەزمانى شەڕو كوشتن بەولاوە هیچى تر نازانێت، بۆیە پێویستە لەو سستى و دڵسۆزیەمان بۆ عێراق بەئاگا بێینەوەو رێگە نەدەین یارى بەموقەدەساتەكانمان بكرێت, ناكرىَ چیتر لەبەرامبەر ئەو هەموو شەڕە دەروونیەى بەرامبەر بەگەلەكەمان دەكرێت بێدەنگ بین و خۆمان بە بەشێك لەوڵاتێك بزانین كە دەسەڵاتدارەكانى بەبىَ گوێدانە هیچ یاساو رێسایەك یارى بە هەموو شتە پیرۆزو مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانمان بكات.
 دەبىَ لەبەرامبەر دەست درێژیەكانى سوپاى عێراق و بڕیارە نادەستوورى و نایاساییەكانى ئەنجوومەنى نوێنەران و حكومەتەكەى مالكى، سەركردایەتى سیاسى كوردو بەتایبەتیش سەرۆكى كوردستان چیتر بێدەنگ نەبن چونكە خەڵكى كوردستان بەهەموو چین و توێژەكانیەوە پاڵپشتى حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەى خۆیانن لەكاتێكدا ئەمڕۆ نەوەیەك پێگەیشتووە هەرگیز جارێكى تر پاشكۆیى و ژێر دەستەیى قبووڵ ناكات، بۆیە پێویستە چیتر بەیانى نەكەینە قوربانى ئەمڕۆو ساتەكان بەفیڕۆ نەدەین, چونكە عەرەب هەرگیز زمانى گفتوگۆو دانوسان نازانێت و تەنها لەكاتى تەنگانەدا دەست بۆ ئێمەى كورد درێژ دەكەن مێژووش ئەوەى سەلماندووە كە رژێمە یەك لەدواى یەكەكانى ئەو وڵاتە تەنها لەكاتى شكست و بێهێزیدا پەنایان بۆ گفتوگۆو دانووسان بردووە، كاتێكیش كەوتوونەتەوە سەرپێو لەرووى سەربازییەوە هێزیان پەیدا كردۆتەوە بەئاگرو ئاسن كەوتوونەتەوە وێزەى پێشمەرگەو خەڵكى ستەمدیدەى كوردستان.
 ئەمڕۆش ئەگەر قەرەتەپەو جەلەولاو خانەقین و هەندێك لەشارۆچكەكانى ترى كوردستان بۆ سوپاى عێراق جێبهێلین و لەبەرامبەر سوپاى عێراقدا خۆمان بەلاوازو بێدەسەڵات بزانین بەدڵنیاییەوە دەبێت بەیانى كەركوك و مەخمورو شارو شارۆچكەكانى ترو دوو بەیانیش دەبىَ بەوە رازى بین كە سوپاى ئەو وڵاتە بەئارەزووى خۆى لەهەولێرو سلێمانى و دهۆك تەڕاتێنىَ بكات و كەسیش نەتوانىَ پێیان بڵێت لەپشت چاوتان دوو برۆیە, بۆیە باشترین وەڵامدانەوە بۆ هەڕەشەكانى حكومەتەكەى مالكى دەبێت سەرۆكى كوردستان بڕیارى شەڕ بدات لەدژى هەر جموجۆڵێكى سوپاى عێراق چونكە لەپەناى ئاشتى و پێوە ژیانەوە حكومەتى عێراق دەیەوێت دەستەكەوتەمانمان لەبار ببات، ئەوكاتەش نەك هەر كەركوك هەموو كوردستان دەدۆڕێنین.
 Bahrawar_s@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply