Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

حكومەتێكى تاریك … عەزیز ڕەئووف

Comment

  هەڵە نیە گەر بڵێم پێداویستیترین خزمەتگوزارى لە چركەساتى ئیستەماندا پێداویستى كارەبایە. ئاخر گەر كارەبا نەبێت ئەوا ماڵەكەم لە ئەشكەوتەكانى چاخى بەردین دەچێت، ئاخر كارەبا نەبێت ناتوانم تەماشاى پرۆگرامێكى تەلەفزیۆن بكەم، كارەبا نەبێت كۆمپیوتەرەكەم كار ناكات و ناتوانم ئەم گۆشەیە بۆ ڕۆژنامە بنوسم.
 نەبوونى كارەبا ئیستا بەجۆرێكە كە تەواو كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانى نیگەران كردووە و ئەوەى تۆزقاڵێك خەڵك دڵخۆش بكات ئەو مۆلیدە ئەهلیانەیە كە ڕوناكى دەخەنە نێو ماڵەكانمانەوە.
 نەبوونى كارەبا هەروا دیاردەیەكى سادە نیە. ئەمە پەیوەندى بە كەمتەرخەمى حكومەتەوە هەیە كە حەڤدە ساڵە نەیتوانیوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكات. كوژانەوەى كارەبا زەنگێكە گەندەڵى و كەمتەرخەمى ئەم حكومەتەمان بیر دەخاتەوە. هەموو دەزانین كە كارەبا دەبڕێت چەند كەس جنێو ئاراستەى حكومەت دەكەن و دەڵێن بڕوخىَ ئەو حكومەتەى كارەباى بۆ دابین ناكرێت. من دەزانم ئەم نیگەرانیەى خەڵك تەنها پەیوەندى بە كارەباوە نیە، بەڵكو پەیوەندى بە گرانى بازاڕ و ناعەدالەتى و تاسەى سەر شەقامەكان و نەبوونى ئاوى خواردنەوە و چەندان كێشەى تریشەوە هەیە.
 ئەوەى ئێمە بە جیهانى دەرەوە دەبەستێتەوە كارەبایە، گەر كارەبا نەبێت نە كۆمپیوتەر كار دەكات و نە ئینتەرنێت، نە تەلەفۆن و نە سەتەلایت. گەلۆ من دەپرسم گەر كارەبا نەبێت چى دەمانكاتە كۆمەڵگەیەكى مۆدێرن؟ من دەپرسم دەكرێت بڵێین ئێمە لە عەسرێكى مۆدێرندا دەژین و تەنها یەك سەعات كارەباشمان هەیە؟ گەر كارەبا نەبێت جیاوازى نێوان میرنشینى بابان و حكومەتى هەرێم چی دەبێت؟ ئایا كۆمەڵگەى ئێمە بە تونێل و ئوتێل و فڕۆكەخانە و ڤێلا دەبێتە حكومەتى مۆدێرن، یان بە كارەباى بەردەوام و ئاوى خاوێن و ئاوەڕۆ كە تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەیە لە نەخۆشى كولێرا دوور بخاتەوە؟
 بە بڕواى من لە حەڤدەساڵى ڕابردوودا ئەوەى واى كردووە كە كارەبا نەبێت ئەوە نیە كە بەنداوەكانمان ئاوى تێدا نیە و وشكە ساڵیە، ئەگینا لە جیهاندا چەندین وڵات هەیە لە بیاباندا دەژین و بەنداوى ئاویان نیە و كەچى كارەباكەشیان یەك چركە نابڕێت. هەموو دەزانین نەبوونى كارەبا پەیوەندى بە حكومەتێكەوە هەیە كە نەخشە و پلانى نیە، پەیوەندى بە بەرپرسگەلێكەوە هەیە كە تاكو ئیستا پێمان ناڵێن كەى ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت.
 كارەبا لە سەرەتایترین ئەو پێداویستیانەیە كە حكومەت دەبێت چارەسەرى بكات. حكومەتێك نەتوانىَ كارەبا چارەسەر بكات بەڕاستى شەرمە گەر خەریكى تونێڵ و ئوتێلى چوار ئەستێرەیى و كردنەوەى كەناڵى سەتەلایت بێت. ئاخر گەر كارەبا نەبێت چۆن تەماشای سەتەلایت بكەین.
 بەپێى ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامەى ڕۆژنامە تەنها لە ساڵى 2007دا دوو ترلیۆن و پێنچ سەد ملیار دینار بۆ  بوارى كارەبا لە هەر سێ شارى هەولێر و دهۆك و سلێمانیدا سەرف كراوە بەبێ ئەوەى هاوڵاتیان یەك كاتژمێر كارەبایان هەبێت. بەڕاستى ئەم پڕە پارەیە هێندە زۆرە كە گەر بەبێ دەستتێوەردان و بەهەدەربردن سەرف بكرێت ئەوا دەتوانێت ژێرخانى ئەم وڵاتە ڕاست بكاتەوە و بیخاتەوە سەرپاى خۆى. بەم پڕە پارەیە ئەم وڵاتە لێوانلێو دەكرێت لە كارگە بۆ سەرجەم پێداوسیتیەكانى هاوڵاتیان و لەپاڵیشدا بە سەدان گەنجى بێكارى ئەم وڵاتە دەتوانن كاریان تێدا بكەن بەجۆرێك كە چیدى پێویستمان بە میوە و سەوزە و شیرەمەنى دەوڵەتانى دراوسىَ نەبێت. تەنها بەم بڕە پارەیەى كە لەبوارى كارەبادا سەرف كراوە و لە شەو و ڕۆژێكیشدا بە تەواوى یەك كاتژمێر كارەبامان پێنادەن، دەتوانرێت زۆرێك لە گوندەكانى ئەم وڵاتە ئاوەدان بكرێتەوە و ئاژەڵدارى پەرەى پێبدرێت و چیدى پشت بە دەرەوەى خۆمان نەبەستین.
 من دەپرسم كامەیە لیژنەى چاودێرى دارایى تاكو لێپرسینەوە لە سەرفكردنى ئەو بڕە پارەیە بكات و ڕازیمان بكات بەوەى كە بەهەدەر نەبراوە و لەجێى خۆیدا سەرف كراوە؟ من دەپرسم وەزیرى كارەبا شەرم ناكات وەزیرى یەك كاتژمێر كارەبایە لە بیست و چوار سەعاتدا؟ من دەپرسم جەنابى وەزیر دواى گۆڕینى كابینەى حكومەت بەڕێزت لە كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەنوسیدا چیمان پێدەڵێیت؟ باسى كام لە دەستكەوتەكانت دەكەى لەماوەى بوونت بە وەزیرى كارەبا؟
 بەبڕواى من سەرجەم ئەو كارانەى كە حكومەت لەماوەى دەسەڵاتیدا كردونى بە بڕانى وزەى كارەبا لە چركەساتێكدا كۆى ئەو دەسكەوتانە بەتاڵ دەكاتەوە، چونكە كارەبا هێندە پێداویستیەكى سەرەتاییە كە هەرگیز حكومەتى بێكارەبا حكومەتێك نیە لە خەڵكەوە نزیك بێت، بەڵكو حكومەتى بێكارەبا حكومەتێكە بەئاشكرا وێنەى كۆمەڵە بەرپرسێكمان دێنێتە پێش چاو كە لەپێشیانەوە وەزیرى كارەبا كە تەواو بێباكن لەوەى كە خەڵك لە تاریكیدا ژیان بگوزەرێنن، بێباكن لەوەى كە گەنجانى ئەم وڵاتە گەر كارەبایان نەبێت ناتوانن لەسەر ئینتەرنێت چات بكەن و سەیرى دنیاى دەرەوە بكەن.
 بڕانى كارەبا پەیوەندى بە بوارى سایكۆلۆژى تاكەكانیشەوە هەیە. لە بڕانى كارەبادا كەسمان نیە توڕە نەبین و خەم دامان نەگرێت. كەس نیە لە بڕانى كارەبادا بە دەربڕینى كۆمەڵێك قسە خۆى خاڵى نەكاتەوە. گەلۆ بەڕاستى كارەساتە بڕانى كارەبا.
 azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply