Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حه‌زی منداڵێكی بچكۆله‌ … عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

حه‌زی منداڵێكی بچكۆله‌ … عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

Closed

 

 

 

نیگا منداڵێكی ژیكه‌ڵه‌ و وریا بوو ، له‌ پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تی بوو ، له‌ قوتابخانه‌دا یه‌كێك بوو له‌ قوتابییه‌ زیره‌ك و وریاكان . له‌گه‌ڵ ناز و ساوێن و هیوا و كارا دا چوونه‌ یه‌كێك له‌ خانه‌كانی  ڕۆشنبیری منداڵان ، تا له‌وێ په‌ره‌ به‌ به‌هره‌ و خولیاكانیان بده‌ن . هاوڕێكانی زۆر حه‌زیان له‌ نووسینی شیعر و چیرۆك بوو . نیگاش زیاتر حه‌زی له‌ وێنه‌ كێشان بوو . ڕۆژێكیان مامۆستا پێی وتن له‌م ڕۆژانه‌دا فیستیڤاڵێك بۆ شیعر و چیرۆكی منداڵان ساز ده‌كرێت ، هه‌ر كه‌سێكتان شیعر و چیرۆكی نووسیوه‌ با بیهێنێت تا له‌و فیستیڤاڵه‌دا به‌شدار بێت ، چونكه‌ مامۆستا سازگۆ ڕۆژانه‌ باسی چۆنیه‌تی نووسینی شیعر و چیرۆكی بۆ كردبوون و مامۆستا به‌رهه‌میش باسی چۆنیه‌تی نیگاركێشانی بۆ كردبوون . ناز و ساوێن و هیوا و كارا بۆ ڕۆژی دواتر ئه‌و شیعر و چیرۆكانه‌ی نووسیبوویان هێنایان و دایان به‌ مامۆستا سازگۆ . به‌ڵام نیگا چونكه‌ زیاتر خۆی به‌ نیگاركێشانه‌وه‌ خه‌ریك كردبوو له‌ هه‌مان كاتیشدا نیگاركێشێكی وریا  و چالاك بوو ، هیچی  نه‌ نووسیبوو ، زۆریش حه‌زی ده‌كرد كه‌ به‌شدار بێت له‌و فیستیڤاڵه‌دا . ده‌بووایه‌ هه‌موو منداڵێك به‌ به‌رهه‌می نووسینی خۆی به‌شداری بكردایه‌ . نیگا زۆر حه‌زی له‌ شیعره‌كانی مامۆستا بورهان بوو ، بۆیه‌ شیعرێكی هه‌ڵبژارد و دای به‌ مامۆستا سازگۆ . مامۆستاش دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعر و چیرۆكه‌كانی هه‌موو منداڵه‌كان ، نیگای بانگكرد و پێی وت : گوڵه‌كه‌م خۆ ئه‌و شیعره‌ی كه‌ تۆ هێناوته‌ شیعری مامۆستا بورهانه‌ ، ئه‌ویش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی : به‌ڵێ مامۆستا گیان ئه‌زانم .به‌ڵام منیش حه‌ز ئه‌كه‌م به‌شداری بكه‌م . مامۆستاش وتی : گوڵی من ده‌بێت شیعره‌كه‌ خۆت نووسیبێتت . نیگاش وتی : به‌ڵێ مامۆستا گیان ئه‌زانم . به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی بانگتان كردم بۆ خوێندنه‌وه‌ی خۆم ده‌زانم چی ده‌ڵێم . مامۆستاش نه‌یویست پێی بڵێت نابێ‌ به‌شدار بیت . وتی : باشه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ چی ده‌ڵێیت و چۆنی ده‌خوێنیته‌وه‌ ؟ ئێستا هه‌سته‌ وابزانه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ . ساوێن وتی : به‌ڕێزان ئێستاش ئێوه‌ و منداڵێكی ژیكه‌ڵه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعرێكدا . یه‌كسه‌ر نیگا هه‌ستا و كه‌مێك دوور كه‌وته‌وه‌ و وتی : میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان ، منداڵانی هاوڕێم ، به‌خێر بێن سه‌رچاو . من ناوم نیگایه‌ و ته‌مه‌نم نۆ ساڵه‌ و له‌ پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تیم و له‌ خانه‌ی خۆزگه‌م ، به‌شداری من له‌ هاوڕێكانم جیاوازتره‌ ، چونكه‌ ئه‌وان به‌رهه‌می خۆیان خوێنده‌وه‌ به‌ڵام من زۆر حه‌ز له‌ شیعره‌كانی مامۆستا بورهان ده‌كه‌م بۆیه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌م شیعره‌ی ئه‌وتان بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌ چونكه‌ ئاواتمه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان شیعرێكی ئاوا جوان بۆ منداڵانی هاوڕێم بنووسم .. ئه‌وه‌ بوو ڕۆژی فیستیڤاڵه‌كه‌ شیعره‌كه‌ی به‌ جوانترین شێوه‌ خوێنده‌وه‌ و ئه‌و وتانه‌شی به‌ باشی وت ، كه‌ بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی ئاماده‌بووان و به‌ چه‌پڵه‌ ڕێزانێكی گه‌رم ده‌ستخۆشییان لێكرد .. دوای ته‌واو بوونی فیستیڤاڵه‌كه‌ مامۆستا بورهان ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی لێكرد ، چونكه‌ هه‌م شیعره‌كه‌ی به‌ جوانی خوێنده‌وه‌ و هه‌م ناوی خاوه‌نه‌كه‌یشی به‌ جوانی وت .

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.