Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

حه‌سانه‌وه‌ به‌مه‌رجی ملكه‌چبوون…..زمناكۆ عزیز

Be First!
by July 9, 2009 گشتی

ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ڕٍایگه‌یاند كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌ سه‌رۆكی چوار حزبه‌كه‌(یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵا و حسك و زه‌حمه‌تكێشان)ی ووتوه‌ كه‌ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ده‌ستور نه‌ده‌ن ئه‌وا له‌ چوار ساڵی داهاتوو كه‌ خۆی بۆسه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌ ئه‌وا ناهێڵێت ئیسراحه‌ت بكه‌ن!
ئه‌م چوار حزبه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ ئه‌ڵێن په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵا ئێران و توركیا به‌هێزه‌و به‌تایبه‌ت ئیسلامیه‌كان له‌لایه‌ن زۆرێكیش له‌ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت و هه‌ركامێكیش له‌و چوار حزبه‌ بگریت هێنده‌ی لانی كه‌م سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك چه‌كدارو تفه‌نگچی و سه‌ربازیان له‌ده‌وره‌، ته‌ماشاكه‌ن ئه‌م سه‌رۆك بارزانییه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌وان كه‌له‌و هه‌موو پشتیوانیه‌ به‌هره‌مه‌ندن به‌شێوازه‌ قسه‌ئه‌كات، ئه‌بێت له‌گه‌ڵا ژنێك كه‌ دژی ده‌ستوره‌ چونكه‌ ئه‌ساره‌تی ئه‌وی تیادا یاسایی كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌بێت بڵێت چی؟ داخۆ له‌گه‌ڵا ئازادیخوازێك كه‌ ئه‌بینێت ده‌ستوره‌كه‌ هه‌موو ئازادییه‌كان و مافه‌فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كانی تیا زینده‌به‌چاڵا كراوه‌، چۆن هه‌ڵوێستگیری بكات؟ له‌به‌رامبه‌ر كه‌سانێك كه‌ نایانه‌وێ‌ ئیسلام  سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی یاساكان بێت و ڕازی نین كوردستان ئه‌و ئه‌ماره‌ته‌ ئیسلامیه‌- عه‌شیره‌تیه‌- ناسیونالیسیه‌ بێت كه‌ مه‌سعود ببێت به‌خه‌لیفه‌ تیایدا، چه‌ند حوكمی به‌سه‌ردا ئه‌بارێنیرَت؟
بارزانی نه‌ك هه‌ر به‌ته‌واوی یه‌كلایی بوه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك بوونی خۆی بۆ هه‌رێم له‌سه‌رو "هێڵی سور"ه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر دیكتاتۆرێك ئه‌یه‌وێ‌ "خوا"یه‌تی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا فه‌رز بكات و ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌قسه‌یدا بكات، قسه‌ی ببڕێت. وه‌نه‌بێت ئه‌م دیوه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی مه‌سعود بارزانی به‌ته‌نها له‌م دۆڕانه‌ی ئه‌واد ده‌ركه‌وتبێت كه‌ مه‌سه‌له‌ی ڕفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوری هه‌رێم له‌كاتی دڵخوازانه‌ی ئه‌ودا نه‌بوبێت، به‌ڵكو به‌درێژایی بوونی ئه‌و له‌سه‌رو سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ ئه‌مه‌ شێوازو ڕه‌فتارو كرده‌وه‌كانی ئه‌و گشت كوڕو براو برازاكانی ئه‌ون. ئه‌وان واده‌زانن ئه‌بێت خه‌ڵكی كوردستان ڕۆژانه‌ "صلاه‌ الشكر" بكات بۆ "خوا" كه‌ ئه‌م بلیمه‌ته‌ی به‌خشیوه‌ به‌م كۆمه‌ڵگایه‌، ئه‌یه‌وێت وانیشاند بدات كه‌ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێت "دوژمنانی كوردستان" له‌شه‌ووڕۆژێكدا هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌رمان و سه‌رمان له‌لاشه‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌یه‌وێ‌ پێمان بڵێت كه‌ ببونی ئێمه‌ به‌نده‌ به‌ بوونی ئه‌و و سه‌رۆك بوونی ئه‌و و"به‌خوا" سه‌یر كردنی ئه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێت ئێمه‌ش نابین.
به‌ڵام دنیا به‌پێی ویست و خواستی ئه‌و هاوشێوه‌كانی ئه‌و ناگه‌ڕێت، ئه‌وه‌ ناشیرینی و مێژووی ڕه‌ش و تاڵی ئه‌وانه‌، كه‌ وایكردوه‌ كه‌سانێك ببنه‌ هێز و خه‌ڵك له‌ده‌وریان كۆبێته‌وه‌ كه‌ نه‌ ئایدۆلۆژیا و نه‌ به‌رنامه‌ و نه‌ڕێكخراویان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ڕابردووی تاڵی حوكمڕانی ئه‌وانه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی كرۆته‌ به‌دیل، دزی و تاڵانكردنی كوردستان و كوشتار و زیندانه‌كانی ئه‌وان وایكردوه‌ كه‌ خه‌ڵك ته‌نانه‌ت "كۆنه‌ به‌عسیه‌ك" یان "كۆنه‌په‌رستێك" یان "مته‌هه‌ورێك" ی له‌هه‌موو حزب و سیاسه‌ت و كاركردی ئه‌وانی پێباشتربێت.
له‌م مه‌هزه‌له‌ی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوره‌دا، مه‌سعود بارزانی دۆڕا، به‌ڵام هێشتا فرسه‌تی هه‌یه‌ كه‌ ئابڕوی خۆی بسه‌نێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ فشاره‌كانی خۆی بۆ دواخستنی واده‌ی "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم" له‌گه‌ڵا واده‌ی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستور جووت بكات، واته‌ به‌رواری 25-7 دوابخات بۆ 11-8، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ئه‌مه‌ یاریه‌كه‌و خه‌ڵكیان پێ‌ سه‌رگه‌رمكردوه‌، به‌ڵام له‌و گه‌مانه‌ی خۆشیاندا به‌هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ك یه‌كێك له‌و ڕه‌مزانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالستی دۆڕانی به‌سه‌ردا فه‌رز بكرێت، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ ئه‌بێته‌ شتێكی ئۆمێد به‌خش بۆ خه‌ڵك به‌گشتی و سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و ئاستی ته‌وه‌قوع و چاوه‌ڕوانیه‌كانی خه‌ڵك بۆسه‌ره‌وه‌ئه‌چێت و فرسه‌تی ده‌خاله‌تكرد\نی زیاتر ئه‌كات.
بۆیه‌ ئه‌بێت به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوره‌ به‌م شێوازه‌ی ئێستایه‌وه‌ ڕه‌تبكرێته‌وه‌، ئاخر ده‌ستور چ شتێك له‌وه‌زعی كوردستان ئه‌گۆڕێت ئه‌گه‌ر كوردستان خۆی به‌ڕه‌سمی و به‌پێی هه‌ر خودی ئه‌م ده‌ستوره‌ سه‌ر به‌عێراق بێت؟ دڵی خه‌ڵك خۆش ئه‌كه‌ن كه‌ گوایا ده‌ستور سنوری هه‌رێمی فراوانكردوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ناوچه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ماده‌ی 140 خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێم، چ گاڵته‌پێكردنێكه‌، ئه‌م ناوچانه‌مان بۆ چیه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان ده‌وڵه‌ت نه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر جغرافیایه‌كی جیاكراوه‌ نه‌بێت له‌عێراق و به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ناوه‌ندی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ به‌ڕه‌سمی نه‌ناسرابێت؟ ده‌ستور جگه‌له‌وه‌ی كه‌ كوردستانی له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرنه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ماره‌تێك په‌لكێشكردوه‌، هاوكات نه‌نگیه‌كی تری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی بێ‌ سنوری داوه‌ به‌و خه‌لیفه‌یه‌ی كه‌سبه‌ی ئه‌ به‌سه‌رۆكی ئه‌م ئه‌ماره‌ته‌ ئیسلامیه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت. هه‌موو شیوه‌نه‌كه‌ی مه‌سعود له‌سه‌ری ئه‌مه‌وه‌یه‌و هیچ خه‌مێكیتری نیه‌. بۆ یه‌ ووتویه‌تی " نه‌ك یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر پارتیش له‌گه‌ڵی نه‌بێت، هه‌ر ده‌بێت تێپه‌ڕێت و به‌ته‌نیاش خۆم تێیده‌په‌ڕێنم" . شه‌رمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م "عه‌نته‌ریاته‌"به‌سه‌ر خه‌ڵك و ئازادیخوازاندا لانی كه‌م به‌بێ‌ وه‌ڵام تێپه‌ڕێت.

زمناكۆ عزیز
8-7-2009

Previous
Next

Leave a Reply