حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه بۆ یه‌كه‌م ده‌رگا ..سه‌ڵاح قابیل
پیاسه‌ی كۆڵانه‌كانی ئه‌م مه‌نفایه ته‌واو نابێ و
هێشتان له‌ژێر لافیته‌ی پرسه‌وه
خه‌نده‌كان سیتیانی ڕه‌ش ئه‌پۆشن
هه‌ر نزایه‌ك
سكاڵایه‌كی به‌قاچیه‌وه به‌ستاوه و
باخچه‌كان شرینی به‌سه‌ر
باخهوانێكی له‌عه‌ده‌مه‌وه هاتوو ئه‌بارێنن
لهئهمڕۆیهكی وندا و سبهیهكی پڕ گۆمان
باسه‌كانی دوێنێ به‌پۆشاكی نوێوه
دێنه ئه‌م ڕه‌شبه‌ڵه‌كه
شه‌ویش به‌سه‌ر ئاشقانا تێپه‌ڕ نابێ و
هه‌ر زوو ئاسمانی
ڕێبوارێكی پیاده ئه‌پۆشێت
ئه‌ویش جانتاكه‌ی پڕ كردووه له
حه‌ز و ئاوات و ماچێك به‌ڕه‌گه‌وه
وه‌ك دیلێكی ڕێگا ون
شه‌وێكی بیانی قه‌ڵه‌و ئه‌كه‌ن
هه‌ر ده‌رگا ده‌بڕێ و
له‌دوا ده‌رگادا
ئاوێنه‌یه‌ك ڕێی پێ ئه‌گرێ
بگره گۆچانێك تۆ ته‌واو پیر بووی
یان .
بمبهو به‌یه‌كه‌م ده‌رگام بناسێنه
با چیتر هاتووه‌كان
له‌م ڕێگایه‌دا گه‌نجی نه‌دۆڕێنن
به‌ویش بڵێ من ته‌مه‌نم
له‌سه‌فه‌ردا ته‌واو كرد
شانی چه‌پم بێ واژوو
به‌سپێتی جێبهێڵه
له‌وێش له‌مشت و مڕی هه‌وره‌كاندا
بریسكێ بێنه و
بیكه به‌مه‌شخه‌ڵی یه‌كه‌م ده‌رگا
ئه‌ها ئه‌و كۆرپانه چۆن
له‌دایكه بارانێك ئه‌ترازێن و
چه‌ن په‌رۆشن بۆ ماچێكی ئه‌م عه‌رزه
تا ده‌ستی یه‌ك بگرن و
له‌سه‌ر سینگی‌دا (باران بارانه )بڵێنه‌وه
پاییز به‌میوانی دێ و
دارێك هه‌نیسك قووت ئه‌دا
دیسان ئه‌بێ گڵاكان كات به‌قوربانی و
كۆرپه‌یه‌كی ڕه‌قه‌وه بوو
گۆرانییه‌كی پایزانه بنه‌خشێنێ
ڕوحیانهتێك ده‌ستی وێڵبازی ئه‌گرێ و
بهكهنیسهیهكی ئه‌ناسێنێ
چی باسه !
به‌ڵێ له‌مه‌نفاوه بۆ عه‌ده‌م
هیچ ناگۆڕێ .
ئێره كوێیه
ئێره كوێیه چ بازارێكه وا
دۆلار پێی گرتووه و
كهشیدهكان پێلاوی بۆ ئه‌سڕن
سه‌گه‌كان بێ حه‌په كلكی بۆ سور ئه‌ده‌ن
ته‌نانه‌ت سێبه‌ریشی له‌وه ناچێ ته‌نها بێت
بڕۆ و چیتر
قه‌ڵه‌م به‌م مێژووه‌دا مه‌كه و
حه‌زه‌كانت مه‌كه خۆراكی
جانتایه‌كی بیانی
وه‌ره و بریسكه‌كان كۆكه‌ره‌وه
گه‌ر مه‌شخه‌ڵێكی كزیش بێت
له‌یه‌كه‌م ده‌رگای هاتووه‌كانی هه‌ڵواسه
17/9/2012دێ