Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
حیزب هەناوی حكومەت و كەركوك و ماددەی 140ی خوارد!… شكار ئەحمەد

حیزب هەناوی حكومەت و كەركوك و ماددەی 140ی خوارد!… شكار ئەحمەد

Closed
by January 25, 2008 گشتی

  لە هزری هەموو كوردێكدا هیچكات كوردستانییەتی كەركوك جێگای مناقەشە و باس و موساوەمە لەسەركردن نەبووە. چونكە مێژوو هاوار دەكات و پێمان دەڵێت: "ناسنامەی كەركوك كورستانییە". هەروەها جوگرافیاش پێمان دەبێژێت: "كەركوك و كوردستان مومكین نییە لەیەكتری جیابكرێنەوە".
 هەروەك هەموومان دەزانین و لەبەرچاوانمان روون و ئاشكرایە كە دوابەدوای روخانی رژێمی بەعس و چۆك دادان و نشوستی هێنانی سەدام حسێنی دیكتاتۆر و دارودەست بۆگەنەكەی و ئازادی لە سەرتاسەری عێڕاق لە 2003دا، هەڵبژاردنێكی گشتی بەشێوەیەكی زۆر دیموكراسی و بێ گرێ و گۆڵ، هەروەها بێ هیچ دەستێوەردانێك بەئەنجام گەیشت، ئەم هەڵبژاردنەش دەستوورێكی گشتی لێ هاتە بەرهەم كە زیاتر لە 80%ی خەڵكی وڵات دەنگیان بۆ دا، رەشنووسی ئەم دەستوورە هەمیشەییەش چەندین ماددە و بەندی جۆراوجۆری بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی گەلانی فرەنەتەوە و فرەئایینی عێڕاقی و لەسەر بنەمای دەنگی خەڵكی وڵات لەخۆگرتبوو.
 بەندە لێرەدا دەمەوێت تیشكێك بخەمە سەر یەكێك لەو ماددە زۆر گرنگانەی كە هەموو خەڵكی كورد و كوردستانییان چاوەڕێی هاتنە جێبەجێكردنیان دەكرد، ئەویش ماددەی 140ی تایبەت بە كەركوك و ناوچە ئازادكراوەكانی دەوروبەری بوو. لە ماددەكەدا هاتووە كە دەبێ هەموو ئەو خێزانە كوردانەی كە پێشتر و لە ڕابردوو بەشێوەی زۆرەملێی لەلایەن رژێمی بەعسی شۆڤێنییەوە، بەبێ ویست و داواكاری خۆیان توشی شاڵاوی بەعەرەبكردن بوونەوە و لە زێدی باب و باپیرانیان دەركراون و رەوانەی شوێن جیاجیاكانی تری وڵات كراون و هەروەها لە شوێنی ئەوانیش خێزانگەلێكی عەرەبی دانیشتووی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری تری عێڕاق نیشتەجێبوون، ئیتر بەپێچەوانەی ئەم شاڵاوە كوردەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و عەرەبە هاوردەكانیش بگەڕێنەوە بۆ شوێنی راستەقینەیان، بۆیە بەم پێیەش دەبینین كە ئەگەر ئەم ماددەیەش جێبەجێ بكرابایە، ئەوا كورد لە كەركوكدا دەبووەوە بە خاوەن ماڵ و زۆرینەی دانیشتوانی ئەوێش هەر كورد دەبوو.
 بەڵام ئەوەی كە زۆر جێگای نیگەرانی و داخە ئەوەیە كەوا دەبینین وادەی جێبەجێكردنی ماددەكە (كە كۆتایی ساڵی 2007 بوو) كۆتایی هات و تا ئێستاش تەنانەت بچووكترین خاڵە سەرەتاییەكانی ماددەكەش جێبەجێ نەكران، هەڵبەت ئەمەش فاكتەر و هۆكارگەلی خۆی هەیە.
 من دەمەوێت لێرەدا بڵێم حیزب و دەسەڵات و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان پشكی هەرە سەرەكییان لە هۆكاری جێبەجێ نەكردنی ئەم ماددەیە بەردەكەوێت، چونكە هیچكات و هیچ كەسێكمان جگە لە قسەی قەڵە و بە باقوبریق هیچ هەوڵێكمان نەبینی كە لەلایەن دەسەڵات و حكومەتی كوردستانەوە بدرێت بۆ ئەوەی كە ماددەكە لە كات و سات و وادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەروەكو لە زۆربەی دیمانە و چاوپێكەوتنەكانەوە بینیمان و بیستمان كە لەلایەن خودی پیاوان و كەسانی دەسەڵاتدارەوە گلەیی و گازاندە و فاكتەرە یەكەمییەكانی دواكەوتنی ماددەی 140یان دەگەڕاندەوە بۆ كەمتەرخەمی و مشور نەخواردن و خەمساردی دەسەڵات و بەتایبەتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەكێتی)!، چونكە ئەوان لەجێی ئەوەی كە هەوڵەكانیان بۆ زووتر جێبەجێ كردنی ماددەكە چڕ بكەنەوە، هاتن و كەركوكیان كردە شوێنگەی ململانێی نێوان بیری تەسكی حیزبی خۆیان، ئەمە وێڕای ئەوەی كە لەجێگای ئەوەی كە رێزی مافەكانی مرۆڤی ئەوێ بگرن، هاتن دەستیان كرد بە تاڵان و بڕۆ و ناوی پیرۆزی كورد و كوردستانیان ناشیرین كرد، ئەم كارانەشیان رێگاخۆشكەر بوون بۆ ئەوەی كە دوژمنانی كورد ئەم هەلە بقۆزنەوە و هەوڵ بۆ دواخستنی ماددەكە بدەن، كە هەروەك دەبینین ئەوان گەیشتن بەو ئامانجانەیان.
 كەوایە لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە بەداخەوە مانەوەی یەكێتی بۆ یەكێتی و پارتی بۆ پارتی بە گرنگتر زاندرا، وەك لە كەركوك تاكو بگەڕێتەوە بۆ باوەشی نیشتیمانی دایك و ئیتر خەڵكەكەشی لەمەودوا ئاهێكی پڕ لە ئاسودەییان لەسەر خاك و ماڵ و حاڵی خۆیاندا بێتەوەبەر.
 لە دوماهیشدا پێویستە بڵێم ئیتر بەسە با چیتر سەوز و زەرد و سپی و رەنگەكانی تر ناخی وڵات و حكومەت و كەركوك و ماددە دەستوورییەكان نەخۆن و دەست لەم تاوانانەیان دەرهەق بە میللەتەكەی خۆیان و هاونیشتیمانیان هەڵبگرن!.
 
 shkar_qaladzaey@yahoo.com
 
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.