Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
حیکمەتەکانی شەوێک ….. بەرزان هەستیار

حیکمەتەکانی شەوێک ….. بەرزان هەستیار

Closed
by August 22, 2009 ئەدەب

ئابی 2009    
کۆلن 
bhastiar@yahoo.de

خەنجەر ، ئەگەر  شەرمی لە خوێن بکردایە
لە کالاندا ، ئەبوو ژەنگ بیخوات
 *******
شەو ، لە ڕووخۆشیی ڕۆژ و
ڕۆژ ، لە  ویقاری شەو بگەیشتایە ،
هەردووکیان لە ژێر باڵی یەکا ئەخەوتن
 ********
خودا سەری لە کبریائی شەیتان دەربکردایە
نەیئەڕەنجاند
 *******
گەر ، وەک ئەو کچانەی لە بیریان کردم ، خۆم بناسیایە
نە ، لێیان زویر ئەبووم و
نە ، گازندەم لێ ئەکردن 
 *******
مردن بیزانیایە لە ئاستیا هێندە قرچۆکم
بێزی نە ئەهات ، توخنم کەوێت
 *******
سەگ ، بۆنی بکردایە
لەگەڵ ئینسانا  هەڵی نەئەکرد
 *******
دایکم مرد و من لای نەبووم …..
بە ئیزرائیل بڵێم ، هێواش ،
ئەم مەخلووقە لە جنسی پەشمەکە ، پەشمەک
وازی لێ بێنە خۆی ئەبێتەوە  بە شەکر
 *******
سەرم لە شتێک دەرناچێت ؛..
بۆچی کە مەست ئەبم …..
خەو بە خوداوە ئەبینم ؟
 *******
هەموو ڕۆژێک ،
پیاوەتییم ، شەرمەزاری لای ژنێکم ئەکات ،
ژنێک ، تامی ماچی نەکردبێت و
لە ڕووتبوونەوە بترسێت !!!
 *******
زەوی ، بەو پان و پۆڕییەوە
کلووە بەفرێک بە مەرەکەبی سپی لێی ئەنووسێت و
ناتوانێت پێی بڵێت  وا مەکە !
 *******
شەڕ ، بگاتە سەر خانووەکانی منداڵییشمان
سێبەری دڵێک ئەدۆزمەوە …..
چاوەڕێی خورپەیەکی خۆشی تیا بکەم
 *******
لە من ئەچێت ،…..
ئاو ، لە بێ ڕەنگییدا ؛
لەو ئەچم  ،…..
ئاو ، لە بێ تامییدا
 *******
سوور بشزانیت نایەت ،…..
چاوەڕێی یار بکە ، زەرەر ناکەیت
 *******
مادام فێری چاویلکە بووم
ئەبێت وردتر لەو بڕوانم
 *******
خۆر ، سپێدان خۆی بە ئاگا دێت
سوپاسی بێداریی کەس ناکات
 *******
کە مردم ، قاتەکەم بکەنە بەری داهۆڵێک…..!!

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.