Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

حەزیان لە پارتی و یەکێتی بوونە، و شەرمیش دەکەن.. هیشام ئاکرەیی

Be First!
by January 12, 2008 گشتی

پارتی بوون یان یەکێتی بوون  تا ئەو ئاستە پەیوەندی بە ئازادی هزر و ڕامان و ئازادی بیری سیاسیەوە  هەیە ئەگەر بە هۆی  باوەڕبوون بە بیروباوەڕی ئەو دوو پارتەوە هەبێت.  هەر کەسێک لەبەر ئەو هۆیە پارتی بێت یان یەکێتی، کەس ناتوانێت ٌڕەخنەیان لێ بگرێت و دەستیان خۆش بێت. بەڵام هەر کاتێک بوون بە پارتی یان یەکێتی پەیوەندی بە وەرگرتنی دەسەڵات و پارە و پلە و پایەوە هەبێت، ئەو کاتە  هەر کەسێک دەتوانێت و بۆی هەیە ڕەخنە لەو کەسانە بگرێت کە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن و دەیانەوێت پارت و کارکردنی حزبیی لە پێناو بەرژەوەندیەکانی شەخسی خۆی بە کار بێنێ.
گۆڕەپانی سیاسی کوردی لە حاڵەتێکی نا تەندروستدا  دەژیت. ڕەخنەگران و ڕۆشەنبیران تەڕ و شک تێکەڵاو دەکەن و ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوە لە یەکتری جیاناکەنەوە.  هەروەها حاڵەتێکی تری ئاشکراش لەبەر چاو ناگرن، ئەویش هاوکاری کردن و یەیوەست بوونی چەندین کەس و ڕۆشەنبیری کورد بە دەسەڵات و پارتی و یەکێتیەوە لە پێناو بەرژەوەندی کەسایەتی خۆیان.
پێم وایە ئەوجۆرە کەسانە خراپترن لەوانەی لەناو پارتی و یەکێتیدا  لە پێناو هەتتا  بەرژەوەندیەکانی خۆیانیشدا (چونکە ئەوانەی  بە دڵ و بیر پارتین ئان یەکێتی تەنیا جیاوازیبیری سیاسی لەگەڵیان هەیە).
ئەوەی سەیر ئەوەیە دەیان کەس خۆیان بە سەربەخۆ لە قەڵەم دەدەن بەڵام زیاتر لە پارتییەک یان یەکێتییەک نزیک ترن  لەو دوو پارتە و ڕۆژانە خزمەتیان دەکەن، نەک لەبەر ئەوەی باوەڕییان بەو دوو پارتە هەیە بەڵکوو لەبەر ئەوەی دەیانەوێت بە یارمەتی پارتی و یەکێتی و دەسەڵات  بگەنە پلەو پایەیەک و بەرژەوەندی کەسایەتی تەسکی خۆیان دەپارێزن.
کەواتە ئەوانە زیاتر وەک بەکرێ گرتەی فکری کار دەکەن. چونکە تاوانە تۆ باوەڕیت بە حزبێک و بەڕێوەبردنی ئەو حزبە نەبێت و سەرکردەکەی بە (ناتەواو) لە قەڵەم بدەیت، و بۆ  خودی ئەو حزبەش کاری فکری بکەیت.
زۆر ئاساییە وەک مامۆستا ، دکتۆر یان هەر پێشەیەکی تر  کار بکەیت و بەرامبەر ئەو کارە ئەکادیمیە  یان دەستیە پارە وەربگرێت، بەڵام بەشدار بیت لە پرۆسەی سیاسی حزبێکدا  بە بێ ئەوەی باوەڕیت بەو حزبە هەبێت، هیچ مانایەکی تر نادات جگە لە جاشایەتی فکری.
پێویستە پێش هەر کەسێک کەسانی ڕۆشەنبیر لەگەڵ خۆیان و گەلەکەیان و هەتتا پارتی و یەکێتیش ڕاستگۆ بن.  لەوانەیە تەنیا لە ناو کورددا ئەو مۆدێلە هەبێت، حزبێکت پێ  باش نەبێت و ئیدعای ئەوە بکەیت  کە بە خۆڕایی بۆ کار دەکەیت.  ئەوەی سەیر ئەوەیە ئەم جۆرە کەسانە لە کاتێکدا پارە و سامان بەرامبەر بە کارەکانیان لە دەسەلاًتی کوردی و پارتی ویەکێتی وەردەگرن، ئیدعای ئەوە دەکەن کە بە خۆڕایی و لە بەر کوردایەتی ئەو کار دەکەن و بە خەبات لە قەڵەم دەدەن.
کەواتە ئەو کەسانە هەم دەیانەێت پارە و پلەو پایە وەربگرن و هەم بڵێن ئەوان کوردایەنی دەکەن و  بە خۆڕایی ئەو کارە دەکەن وخۆیان بەو قارەمانانە بەراورد دەکەن کە بە پارەی خۆیان و کاتی خۆیان و توانای خۆیان کوردایەتی دەکەن و بۆ ڕزگاری کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان خەبات دەکەن.
کارکردن بۆ دەسەڵات لە سنووری کاردا و بەرامبەر پارە و سەروەت و سامان، سفەتی کوردایەتی  دەسڕتەوە. کوردایەتی ڕاستەقینە و خەبات ئەو کاتە دەکرێت کە بە خۆڕایی کار بکەیت نەک بۆ دەوڵەمەند بوون یان پلە و پایە لە ناو دەسەڵاتدا. ئەم شتە ئەو کەسانە ناگرتەوە کە باوەڕییان بەو حزبانە هەیە و بۆیان کاردەکەن و پلە وپایەیان وەرگرتووە و بەرامبەر ئەوەش پارە وەردگرن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان نەک زێدڕۆیی لەسەر قانون و یاسا بکەن.
بۆ نموونە چوونی کەسانێکی وەک حەمەسەعید حەسەن  یان مەهاباد قەرەداغی بۆ باشووری کوردستان  و کارکردنیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوەێ کارێکی ئاساییە، ئەگەر باوەڕییان بە پارتی یان یەکێتیەوە هەبێت، یانیش لەوێ کارێکی ئەکادیمی  یان دەستیی بکەن و بەرامبەر ئەوە بژێوی ئەوان پارێزراو بێت.   ئەوەی نائاساییە و جێگای ڕەخنەیە ئەوەیە کاتێک مەهاباد قەرەداغی یان حەمەسەعید حەسەن لە باشووری کوردستان  کار ئەکادیمی یان پیشەیی نەکەن و بۆ پارتی یان یەکێتی کار بکەن و بەرامبەر ئەو کارەش دەیان هەزار دۆلار  وەربگرن و بێن لەگەڵ خەڵک  باسی کوردایەتی بکەن و بە خەڵک بڵێن ئێمە بەهەمان شێوەی جاران خەباتگێڕین و قارەمانی ڕێگای خەباتین.
لەو کارە خراپتر ئەوەیە کە هەندێ کەسانی تر، کە خۆیان بە نووسەر و ڕۆشەنبیر و ڕۆژمامەنووس دادەنێن، و دەیانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵات بن و نەچنە لای پارتی یان یەکێتی بەڵام  بۆیان کار دەکەن، و دەیانەوێت قەناعەت بە ئێمەمانان بکەن کە ئەوان خەباتگێرن و بۆ کوردایەتی کار دەکەن. سەرەڕای ئەوەی باش دەزانن کە دەسەڵاتی کوردی بۆیە ئەوانی هەڵبژاردوە بۆ ئەو کارە تاوەکوو خەڵکانی تر لەسەر ڕێ ببنەن بە هەمان شێوەی کەو دوژمنی سەری خۆیەتی. ئەوانە باش دەزانن کە ئەوان بەهەمان شێوەی  کەوی ڕاو کاردەکەن و دەسەڵات دەیەوێت  کەسانی تر پێ بگرێت و تۆڕەش دەبن کاتێک ئەو ڕاستیە بۆ خەڵک ئاشکرا دەکرێت.
کوردایەتی تاوەکوو ئەو سنوورە دەکرێت کە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. هەر کاتێکیش بزووتنە و دەستکەوتەکانی گەلێک بەرەو دواوە و دۆڕاندن بچن بەڕێوەبەرانی ئەو بزووتنەوەیە دەبنە کۆنەپەرست و پاشڤەڕۆ و کارکردن لە گەڵیاندا بە واتای خۆپەرستی و دژومنایەتی کردنی پێشکەوتن و ڕێڕەوی مێژوو دێت.
akreyii@gmail.com

 

Previous
Next

Leave a Reply