Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

خراپکردنی زمانی کوردی لەنێوان من و میراودەلی و هەنبانە بۆرینەدا

Be First!
by December 30, 2012 گشتی

 

 

 

ئەم نوسینەم وەڵامێکە بۆ بەڕێز کاک ئەحمەد میراودەلی کە پێی وایە من زمانی کوردیم خراپ کردووە.

لەدواین نوسینم دا کە بەشی دووەم و کۆتایی بابەتێکم بوو لە ژێر سەردێڕی ،(ئەنفالکردنی زمانی کوردی   پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچەوانی ڕاگەیاندنکارانەوەیە). بڵاو کردەوە و تیایدا ڕیشەی وشەی -بیمە-م گەڕاندبوەوە بۆ سەر زمانی ئوردوو، بەڵام کاک ئەحمەد میراودەلی من بە خراپکەری زمانی کوردی ناو دەبات .  من لێرەدا دەمەوێت وەڵامێکی کاک ئەحمەد بدەمەوە وەک خوێنکارێک و چەند هەڵەیەک بۆ مامۆستای خۆم ڕاست و ڕوونبکەمەوە.

کاک ئەحمەد بە پشت بەستن بە وشەدانی(فەرمەنگ)ی کوردی – فارسی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار موکریانی نووسیویەتی: کە لەبەر ئەوەی – بیم – لە هەنبانە بۆرینەدا بوونی هەیە کەواتە – بیمە – وشەیەکی کوردی یەو بەندەشی بەهەڵە و خراپ کەری زمانی کوردی ناو بردووە.

یەکەم: پێش هەموو شت من ناتوانم ببم بە بەردەستی کەسانێکی وەک مامۆستا هەژار بەڵام ، دەبێت ئەوەش بزانین هەنبانە بۆرینە بێ کەم و کوڕی نی یەو وە هەر وشەیەکیش لەوێدا بەدی کرا بەڵگەی ئەوە نی یە کە ئەو وشەیە یان ئەو وشانە کوردین ، یان کوردی ڕەسەنن و ڕیشەیان ناگەڕێتەوە بۆ زمانی دیکە.

دووەم: کاک ئەحمەد ئاماژەی بەوە کردووە نوسیویەتی: ئەوەش دەزانم کە – بیم – وشەیەکی کوردی ڕەسەنە هەمان مانای ترسی زمانی ئوردوو دەگەیەنێت بەڵگەی هەنبانە بۆرینەیە.

منیش دەڵێم: کاک ئەحمەد تۆ بە هەڵەدا چوویت گەر پشتت بە هەنبانە بۆرینە بەستبێت بۆ ڕەسەنی ئەم وشەیە.لە هەنبانە بۆرینەدا تەنها لە چەند لاپەڕەی سەرەتادا کە پیتی -ئا- (A)ە  زۆر بە کورتی ئەم وشانە بەدی دەکرێت.

(ئەساس، ئیحتیاج ،ئیحتیات ،ئیحتیمال ،ئیختیار،ئیحراج،ئیخڵاس،ئیسراحەت،ئیعدام،ئینتیخابات،ئینساف،ئینسان،،…) هەزاران وشەی دی ، گەر هەنبانە بۆرینە بدەیت لە بێژنگ.

ڕاستە ئەم وشانە لەنێو قسەی بازاری دا بەکاردەهێنرێت ئایا ئەمانە کوردی ڕەسەنن؟ گەر کاک ئەحمەد توانی ئەم ووشانەم بۆ بکوردێنێ ئەوە بێ ئەملاو لا ، لەو شیکاری یەدا من هەڵەم.

سێهەم:کاک ئەحمەد وەک پرسیارێک نوسیویەتی: ئەز شارەزایەکی زمانەوانی نیم و زمانی ئوردووش نازانم، وەلێ نازانم چۆن بەبێ بەڵگە ئامانج ئەو وشەیەی گێڕاوەتەوە بۆ زمانی ئوردوو؟

وەڵام: دەمەوێت بڵێم منیش خۆم بە شارەزایەکی زمانەوانی نازانم ، بەڵام لەسەر ئەم وشە و چەندان وشەی دی دەتوانم  ڕووبەڕوی زۆر لە شارەزایانی زمانەوانی ببمەوە . وە بۆ بەڵگەش بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە کە ئاماژە بە ڕیشەی ئەو وشەیە دەکات لە دەمی فارس ئاخێوەکانەوەیە ( ١و٢و٣  ).  خۆ گەر ئەم وشەیە ڕیشەی کوردی بوایە فارس   ئاخێوەکان گەر پێشیان شەرم بوایە بڵێن ڕیشەی کوردی یە وەک وشەکانی دی دەیانگووت: پەهلەویە.

چوارەم: کاک ئەحمەد هەر وەک بە زۆر ئەم وشەی کورداندووە پێداگیریش دەکات و دەڵێت: ئەوەش ڕەوایی دەدات بەبەکارهێنانی زاراوەکە وەک چارەسەرێک بۆ بەرەنگار بونەوەی بێکاری بەواتای ڕەواندنەوەی ترسی بێکاری .

 

وەڵام: من ئەوندە دەڵێم:- بیم- گەر ڕیشەشی بگەڕێتەوە بۆ کوردیش کە کوردیش نی یە، وە بەکارهێنانی وشەی بیمە ، بۆ کەسێک پارە لە لایەن حوکمەت وەربگرێت لەکاتێک دا هیچ پارەیەکی نەدا بێت بە حکومەت وە ئەو هاوکاری یە ناو بنێت بیمە ئەوە لە زمان بە جوانی تێنەگەیشتووە. بو زیاتر ڕوونکردنەوە لەبارەی هەڵەبونی وشەی بیمە بڕوانە لینکی ژ(٤ ).

بەبڕوای کاک ئەحمەد گومانی تێدا نییە کەمن زمانی ئینگلیزی دەزانم ، بەڵام بێگومانە لەوەی کەمن هیچ شارەزاییەکم نی یە لە زمانی ئیندو ئەوروپی دا indo-european)) دەبوا بێگومان نەبوایە چونکە من دەچمە نێو ڕیشەی وشەی ئینگلیزی .

با لێرەدا هەڵەیەک بۆ بەڕێزیان ڕاست و ڕوونبکەمەوە کە زۆربەی نوسەران دەینوسن و هەستی پێناکەن کاک ئەحمەدیش تا ئێستا دوو بابەتیم بینیوە، لە هەردوو بابەتەکەدا وشەی (ڕەگەزپەرستی) بەکارهێناوە. بۆ ڕونکردنەوەی هەڵە بونی ڕەگەزپەرست بڕوانە لینکی ژ(5  )

پێم باشە لێرەدا نمونەیەکی دی باسبکەم باشە گەر لە کابینەی نوێدا هەر کەس بویە سەرۆکی حکومەت گەر ئامادە نەبێت هیچ ئافرەتێک بە وەزیر دیاری بکات تەنها متمانەی بە پیاو بێت لە کاتێک دا ئافرەتی لێهاتومان زۆرە ئایا ئەم سەرۆکی حکومەتە چی پێ بوترێت؟ ئەمیش پێی بڵێین دژی ئافرەتانە؟!! نەخێر،… جوانترین وشە بۆ ئەو کردارە ، کە کەسێک جیاوازی دەکات لەنێوان ڕەگەزی خۆی و ڕەگەزی بەرامبەری وشەی ڕەگەزپەرستە، نەک ڕەگەزپەرست بۆ کەسێک  کە نەژادی خۆی لا پەسنترە.بۆ نمونە گەر سەرۆکی حکومەتی داهاتوو بەو شێوەیە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا دەتوانین لەسەر دێری هەواڵدا بنوسین: (سەرۆکی حکومەت ڕەگەزپەرست دەرچوو). وەگەر بەڕێزتان و هەر کەسی دی بگەڕێنەوە بۆ هەنبانە بۆرینەو بڵێن مام هەژار وای ووتووە.

یەکەم: من دەڵێم قسەی مام هەژار ئایەتی قورئانی نی یە .

دووەم : گەر مام هەژاریش لە ژیان دا مابایە لەوانەبوو لەگەڵ ئەو بۆچونەی من پێک بهاتایە ، کە مام هەژار خۆیشی نەژادپەرست  و ڕەگەزپەرست – یشی هەردووک بەکارهێناوە لە پەرتوکەکانی دا بۆ واتای یەک شت. 

سێهەم: هەموو زمانێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و وەدەکرێت گۆڕانکاریشی تیادا بکرێت وەک خۆتان دەڵێن: لە نێوان ئینگلیزی کۆن و سەردەمی شکسپیر و ئینگلیزی ئێستادا. جا بۆیە دەمەوێت بڵێم: گەر لە ڕابروودا ڕەگەزپەرست بۆ واتا :

(racist ) بەکارهاتبێت، ئەوا ئەمڕۆ ئەو وشەیە پێویستە بۆ واتای (sexist)بەکاربهێنرێت، کە بەداخەوە لەهیچ وشەدانێکی (فەرهەنگی) ئینگلیزی – کوردی دا ئەم وشەیەم بەدی نەکرد تەنها لە وشەدانەکەی د. ڕەشید قەرەداخی دا وشەی (sexism)م بەدی کرد کە -ناوە- بەڵام (sexist)ی لە یاد چووە کە ناو وە ئاوەڵناویشە ،ئەمەش کاری ٣٠ساڵی د. ڕەشید قەرەداخی یە دەبێت ٣٠ دی چاوەڕوان بین تاکو کەسێکی دی ئەم وشەی sexist)) بخاتە نێو وشەدانەکەیەوە. هەروەها دکتۆر بە هەڵە واتای کردووە کە تەنها بە دژایەتی کردنی ئافرەت ناوی بردووە کە خۆی لەڕاستی دا پیاویش دەتوانێت بە ژن بڵێت یوو سێکسیست ! وە لە فەرهەنگی ئینگلیزی دا بەم شێوەیە شیکراوەتەوە.

((Discrimination based on gender,especially discrimination agains women

واتا: جیاوازی کردن لەسەر بنچینەی ڕەگەزی، بەتایبەتی دژی ئافرەتان. بۆیە دەوترێت بەتایبەتی دژ بەئافرەتان ، لەوەتەی دنیا دروست بووە تاکوو ئەمڕۆش جیاوازی بەرامبەر بەئافرەتان پەیڕەو دەکرێت.

نمونەیەکی دی دێنمەوە لەوانەیە بەڕێزیان و هەرکەسێکی دی ئەم بۆچونەی منی پێ باش نەبێت، بەڵام من دەپرسم: من و کاک ئەحمەد هەردووکمان خەڵکی یەک نیشتیمانین واتا: هاونیشتیمانین ، وە هەردوکمان یەک ئاینمان هەیە واتا: هاوئایینین،هەردووکمان نێرین واتا: هاوڕەگەزین، ئەی باشە هەردوکمان کوردین دەبێتە چی ؟ دەبێتە هاوڕەگەزێکی دی؟!! نەخێر،… بەڵکو دەبێتە هاونەژاد. بێگومان ڕەگەز پێویستە تەنها بۆ واتای جێندەر(gender) بەکاربێت نەک بۆ (ethnic).

ئەم وشەی ڕەگەز-ە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بە سەقەتی بەکاردەهێنرێت بۆ نمونە: دەنوسن و دەڵێن: (هاوڵاتی یەکی بە ڕەگەز ئێرانی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا). ئەم کەسە کە تەنها پێی خستوەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان بۆچ دەبێت پێی بووترێت بە ڕەگەز ئێرانی نازانم ؟ بۆ ؟  وادەزانن: ئەم ڕەگەزەی تیادا نەبێت ڕسەتەکە ناتەواوە.

ئەم وشەی ڕەگەزە کە لە کوردی مەستیان لە دوو وشەیە یەکەم واتا نێر یان مێ جێندەر دووەم: مەبەتیان نەژادە/ئیتنیک باشە خۆ ئێران وڵاتە وە لە ئێرانیش دا تەنها یەک نەژاد بوونی نی یە بەڵکو فرە نەژادە وە بۆ دیاریکردنی ئەسڵی کەسێک وشەی بەڕەچەڵەک بەکاردێت وە لەم کاتەش دا نابێت وشەی ڕەچەڵەک بەکاربێت چونکە ئەو هاوڵاتی یە ئێرانییە دانیشتووی هەرێم نەبووە وە نی یە تەنها سەردانی کردووە بۆ هەر مەبەستێک بێت.

هاوڵاتی یەکی ئێرانی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا تەوا وەگەر ئەو کەسە دانیشتووی هەرێم بوو ئەو کات دەتوانرێت بوترێت هاوڵاتی یەکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا.

وە سەبارەت بەگۆڕانکاری بەسەر زمان دا من لێرەدا دوو نمونە باس دەکەم.

١- وشەی (gay ) کە لە ئێستا دا لەزمانی ئینگلیزی دا بەواتای کەسی (حیز) دێت یان هاوڕەگەزباز(  homosexual ) کە ئەو وشەی ( gay) یە ، وشەیەکی گونجاوترە نەک (  homosexual  ) وشەی گەی لە سەدەی دوانزە هاتووەتە نێو زمانی ئینگلیزی، کە بەواتای کەیفخۆش بووە وە لەسەدەی ١٩ گەی بەو کەسانە وتراوە کە پیاوێک لەگەڵ ئافرەتی زۆر بخەوێت وە ئافرەتێک کە لەگەڵ زۆر پیاوی جیا جیا بخەوێت. وە لە ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٣٠ چی دی ئیتر ئەو واتای نەداوە.

وەلە ساڵی ١٩٦٠ بە فەڕمی ئەم ناوە بۆ هاوڕەگەزبازەکان پەسەندکراوە. واتا ئەو وشەی جاران واتای کەیفخۆش بووئەمڕۆ واتای حیز یان هاوڕەگەزباز دەدات.وەیان وشەیەکی دی کە سەدوهەشتا پلە پێجەوانە بووەتەوە ئەویش وشەی ( pure ) کە لە ئینگلیزی ئەمڕۆدا بەواتای پاک ،بێگەرد،.. دێت ، بەڵام هەر ئەم وشەی ( pure  ) ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە گوی سەگ ووتراوە، کە ئەو کەسانەی گوی سەگیان کۆکردووەتەوە بۆ بەکارهێنان و ڕەونەقدان بە چەرم پێیان وتراوە (pure collector).! بۆیە وشەکان گۆڕانی بەسەردا دێت و دەکرێت گۆڕانی تێدا بکرێت.

وە ڕاستە کاک ئەحمەد ٣ ساڵ پێش ئەوەی بەندە لەدایک بێت دکتۆرای بەدەستهێناوە وە من کەم ئەزمونم بەڵام، ئەمە مانای ئەوە نی یە لەمەیاندا من هەڵەبم و کاک ئەحمەد بێ هەڵە، لەوانەیە پاش ئەم هەموو نمونەو بەڵگانە کاک ئەحمەد هەر خۆی بەڕاست بزانێت و منیش بە هەڵە.  بۆیە لێرەدا پێم باشە نمونەیەک بخەمەڕوو. لە کۆمپانیایەک دا لە بەریتانیا کارم دەکرد، ڕۆژێک لەگەڵ چەند ئینگلیزێک کەوتینە چەلەحانێ لەسەر کۆمەڵە وشەیەکی زمانی ئینگلیزی ، منێکی بێگانەی ئینگلیزی نەزان و چەند کەسێکی ئینگلیز، یەک لە وشەکان بریتش وە ئینگلیز بوو.  من پرسیارم کرد ئایا کەسێکی بەنگلادیشی یان پاکیستانی هتد. لەبەریتانیا لەدایک  ببێت ئینگلیزە یان بریتشە: لە وەڵام دا ووتیان  ئینگلیزە، منیش ووتم نەخێر ئەو بێگانەی کە لە  بەریتانیادا لەدایک دەبێت دەتوانێت بڵێت من بریتشم/بەریتانیم بەڵام ، نابێتە  ئینگلیز یەک  لەوانە کە وەک بەڕێوبەر کاری  دەکرد ووتی : جا جیاوازی نێوان بەریتانی و ئینگلیز چی یە؟  بۆم ڕوونکردەوە  تێدەگەی بەڵام نەیدەویست تێبگات!، بۆیە گەیشتە لووتی و وتی ئامانج بێدەنگ بە،  تۆ لەدایک نەبویت من زانکۆی ئۆکسفۆردم تەواو کردووە. بۆیە منیش زانیم ئەمە دەبێت لە قافا بیگریت ، بۆ ڕۆژی دوای کەسێکی بەنگلادیشی لەدایک بووی بەریتانیا بە منی وت: بە ئەرک  نە بێت بەڕێوبەرم بۆ بانگ بکە، منیش ڕۆشتم گووتم :تۆنی ئەو کوڕە ئینگلیزە بانگی تۆ دەکات ووتی : کام کوڕ؟! کوڕەکە دوربوو لێمان ووتم ئەو کوڕە، تۆنی ووتی: جا ئەوە کەی ئینگلیزە ئەوە ئاسیایی یە! منیش لە وەڵام دا ووتم ئەی ئەڵێی دوێنێت لە بیرچووەتەوە مستەر ئۆکسفۆرد یونیڤەرسیتی .

بابێینەوە سەر هەنبانە بۆرینە کە کاک ئەحمەد پشتی پێ بەستووە بۆ کوردی بوونی وشە. لە هەنبانە بۆرینەدا ئەو شتەی کە چوار کوچکەی هەیە وە ئینگلیزەکان پێی دەڵێن: (chair) لە هەنبانە بۆرینەدا بە ٣ وشەی جیاواز ئاماژەی پێکراوە.

١-کورسی ٢-سەندەڵی ٣-ئەسکەمل ، کورسی کوردی نی یە عەرەبی یە سەندەڵی فارسی یە، وە ئاسکەمل تورکی یە وە زۆربەی تورکومانەکانیش بەکاری دێنن. بۆیە من لێرەدا دەمەوێت وشەیەک دابتاشم بۆ واتایی کورسی، بۆیە (دانیشجێ) بەگونجاو دەزانم کە لە کورتکراوەی جێگەی دانیشتن- وەیە، وە هەر بەڕێزێکیش بڵێت: بۆچی پاش و پێش کراوە لەو دو وشەدا ئەوە زۆر بەسادەی وەڵامی دەدەمەوە با بپرسێت: بۆچی بە برای ژنەکەت دەوترێت ژنبرا، وە بە ژنی براکەت دەوترێت: براژن؟ ئەم وشەیە گەر چەندجارێک لەڕاگەیاندنەکانەوە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوا گومانی تیادا نی یە گەر لە ئاخافتن دا نە چەسپێت ئەوا ئەبێتە وشەی نێو نوسین.

وشەیەکی دی کە لەهەمبانە بۆرینەدا هەیە وشەی هاوشاری-یە کە وەرگیراوی همشهری فارسی یە من پێم باشە بۆ ئەم وشەیە تێهەڵکێشێک بکەم لەنێوان وشەیەکی زاراوەی کرمانجی و وشەیەکی زاراوەی سۆرانی دا.

لە کرمانجی زیاتر” باژێر” بەکاردەهێنن ،  وە سۆرانیش زیاتر” هاو” بەکاردەهێنرێت وە لە جیاتی هاوشاری( هاوباژێڕی) بەکاربهێنین جوانترو ڕەسەنترە.

هۆکاری گونجاو نەبوونی هاوشاری بەڵکە هەر ئەوە نی یە کە بۆنی فارسی لێدێت بەڵکو، هۆکار ئەوەیە کە جۆرە سەگێکی ناوچەی پشدەر بە “هاوشاری” ناودەبرێت لە لایەن زۆر کەسەوە، وە زۆرجار ئەوە ڕوویداوە کە کەسێکی خۆرهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەوەی کاریگەر زمانی فارسییان زیاتر لەسەرە وشەی هاوشاریش بەکاردەهێنن لە لای کەسێکی باشوری کوردستان وتوویەتی: هاوشاری باشورییەکە بەپێکەنینەوە وتویەتی بۆ خۆ سەگ نی یە.

کاک ئەحمەد لە کۆتایی دا نوسیوویەتی: نازانم کاک ئامانج بەم نزیکانە سەردانی کوردستانی کردووە؟ دەزانێت لەوێندەر چ باسە؟ بڕۆ بە شەقامەکانی سلێمانی و هەولێر دا بگەڕێ، ئەجا بۆت دەردەکەوێت چ ماڵوێرانییەکە ، چاوبگێڕە سەیری ، سەیرو سەمەرەی نوسینی ناوی بازاڕو هۆتێڵ و.. چی چی بکە ئەو جا دەزانیت پەڵەی ڕەش بە تەوێڵی کێوەیە.

وەڵام : کاک ئەحمەد کەسێک دوکانێکی هەیە چ ناوێکی دەنێت یان چ دەنوسێت ئەوە گرنگ نی یە بەڵکو ئەو ئەرکە لەسەر ڕاگەیاندنە بە پلەی یەکەم وە دەکرێت لیژنەیەکیش هەبێت بۆ بەکوردی کردنو نوسینی کوردی تابلۆکان. بۆ نمونە من سبەی دوکانێک دادەنێم لە بەرتانیادا بە کوردی لێی دەنووسم وە هەزاران دوکانی پاکستانی هندی و هتد لە بەریتانیادا بە زمانی خۆیان لێیان نوسیوەو ناویان ناوە ئایا ڕاگەیاندنی ئینگلیزی هیچ کەو تووەتە ژێر ئەو کاریگەریە؟ بەڵام ناوی بەرنامەکانی کەناڵە کوردییەکان زۆربەیان ئینگلیزی و هتدن.. یەک لەو بەرنامانەی کەناڵی کەی ئێن ئێن کە ناوەکەی کوردی بوو ناوی (ئامەد لە دیرۆک و مێژوودا) بوو . نازانم دیرۆک یانی مێژوو وە مێژوویش یانی دیرۆک ئیتر ئەم ناوە بۆ دەبێت وابێت. وە کەناڵێک بەو هەموو کارمەندەوە منێکی کەم ئەزمون هەڵەی وەرگێڕان و زمانەوانی بۆ ڕاستبکاتەوە بەڕاستی شەرمە کە من زۆر جار ئەو هەڵانەی بۆ یان ڕاستدەکەمەوە فەیسبووکەکەم کردووەتە هۆکاریک بۆ گەیاندنەوە پییان ڕاگەیاندنێک کە نەزانێت بلیۆن واتا ملیاری عەرەبی دەکات هەڵسێت ٥٦ ملیار بە  ٥٦ ملیۆن ناو ببات لە نوسین و لە ووتن دا لە سەرشاشەی کەناڵەکەیان ئیتر هەر بۆ ئەوە باشە کە پەڵە ڕەشەکە بە تەوێڵی ئەوانەوە بێت .

 

نوسینی ئامانج سەیدسادقی…

———————————————

 

١- http://www.vajehyab.com/moein/%D8%A8%DB%8C%D9%85%D9%87

٢- http://www.aftabir.com/articles/view/economy_marketing_business/bank_insurance/c2c1206101441p1.php/%D8%A8%DB%8C%D9%85%D9%87-%D8%B6%D8%B1%D9%88%D8%B1%D8%AA-%D8%B2%D9%86%D8%AF%DA%AF%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D8%B1%D9%88%D8%B2

٣- http://www.bih.ir/20080909601/%D9%85%D8%B9%D9%86%DB%8C-%DA%A9%D9%84%D9%85%D9%87-%D8%A8%DB%8C%D9%85%D9%87.html

٤- http://penusakan.com/rangala/9758-2012-11-26-13-19-19.html

٥- http://www.kurdistannet.org/2012/index.php?option=com_content&view=article&id=1537:2012-04-16-10-21-09&catid=97:2012-01-01-17-24-25&Itemid=27

 

 

Previous
Next

Leave a Reply