Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

خه‌ڵــکی کــوردستــان و مــلملانــێی …..!

Be First!
by May 18, 2009 گشتی

خه‌ڵــکی کــوردستــان و مــلملانــێی هه‌ڵـبژاردنی سـه‌رۆککۆماری ئـێـرانی ئیسلامـــی!

نۆهه‌مین ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆماری له‌ ئێران ده‌ست پێده‌کات، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو به‌شداری له‌م شانۆگه‌ریه‌دا نیه‌، تا ده‌توانیت و بۆت ده‌کرێت ده‌نگ مه‌ده‌! ده‌نگدانی تۆ شه‌رعیه‌ت دانه‌ به‌ درێژه‌ی ته‌مه‌نی داگیرکاریی له‌ کوردستان‌. ولایه‌تی فه‌قیه‌ له‌ ئێراندا به‌ هه‌موو داموده‌زگاکانێه‌وه‌ تا ئێستا جگه‌ له‌ تاڵان و ۆێرانکردنی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌که‌ت، جگه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و رۆژره‌شی، ده‌ربه‌ده‌ریی له‌ هه‌نده‌ران له‌ پێناو بژێوی رۆژانه‌دا، ده‌ستبه‌سه‌رکردن و زیندان و ئه‌شکنجه‌ی رۆڵه‌کانی خه‌لکی کوردستان‌، به‌ تێکرا درێژه‌ده‌ری کۆیلیه‌تی و هه‌ژاری و چه‌وه‌ساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ت‌ له‌ گۆره‌پانی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و کۆلتورییدا، ‌شتێکیتریان بۆت به‌دیاری نه‌هێناوه‌! ده‌نگ مه‌ده‌!

هه‌ر وه‌کوو ئاگادارن ده‌وری ده‌هه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری له‌ ئێراندا، ئه‌زموونه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد له‌م‌ هه‌لومه‌رجه‌دا، له‌ به‌رامبه‌ر تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تردایه.‌
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ لایه‌نێک یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی د‌ڵیان بۆ ئه‌وه‌ لێده‌دات و پێیانوایه‌ که‌ به‌ به‌ڵێن پێدان و پروپاگه‌نده‌ی ئه‌م یان ئه‌و باڵی نێو بازنه‌ سیاسیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌کرێت چاکسازی و رێفۆرم له‌ کۆمه‌ڵگای ئێراندا بێته‌ ئاراوه، و به‌ پروپاگه‌نده ‌کردن، خه‌ڵکی کوردستان هان ده‌ده‌ن که‌ به‌شداری هه‌لبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆماری له‌ ئێراندا بکه‌ن، ده‌بێت بزانن که‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادی خه‌ڵکی کوردستان نییه‌، خه‌ڵکی کوردستان به‌ ئه‌زموونی خۆیان له‌وه‌ گه‌یشتوون که‌ مه‌لملانه‌ و کێبه‌رکێی باڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌ک له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مافی مرۆف و به‌رژه‌وه‌ندی بژێوی خه‌ڵکی هه‌ژار و بنده‌ست و هه‌ڵبژاردنێکی ئازاددا نییه‌، به‌ڵکو ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گیرفانی خۆیان و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆمار‌ی ئیسلامیه‌که‌یاندایه‌.

ئه‌و‌ باڵانه‌ی که‌ له‌ فێلتری ئیمامی ئۆمه‌ته‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ کاندیدای سه‌رۆککۆماری تێپه‌ر ده‌بن هه‌موو خه‌ڵک ده‌زانن کامانه‌ن. چوار مۆره‌ی گرنگ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ د‌ڵی کۆماری ئیسلامیدا که‌ ده‌گه‌‌نه‌ میدانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بریتین له‌ مـوحسین ره‌زایی، مه‌حمود ئه‌حمه‌دینیژاد، مـه‌هـه‌دی که‌رۆبی، میرحۆسین موسه‌وی. (باقی کاندیداکانی تر ئاکته‌ره‌کانی نێو ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ سیاسیه‌ن)، ئه‌م که‌سانه‌ له‌ سه‌ر مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ولایه‌تی فه‌قیه‌ له‌ ئێراندا هیچ ناره‌زایه‌تی و مه‌لملانه‌یه‌‌کیان نه‌بووه‌ و نییه‌. و هه‌ر کا‌مێکیان پێیانوایه‌ که‌ به‌ پلان و سیاسه‌تێک که‌ به‌کاری دێنن، ده‌توانن باشتر له‌ سه‌ر مانه‌وه‌ی سیسته‌می کۆماری ئیسلامیدا کاریگه‌رییان هه‌بێت.
کێ شکی هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ مه‌حمود ئه‌حه‌مه‌دینژاد بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی پێش سه‌ره‌ککۆماری و ئێستایش له‌ ده‌ورانی پۆستی سه‌رۆککۆماریشیدا زیاتر له‌ هه‌موو ده‌ورانێکی بێووچان بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی تێنه‌کۆشابێت؟ مـه‌گه‌ر موحسین ره‌زایی ره‌ئیسی شواری مه‌سڵه‌حه‌ت و فه‌رمانده‌ی پێشووی سپای پاسدارنی ئێران نه‌بوو که‌ له‌ پروپاگه‌ندی خۆیدا گوتی  ئیدامه‌ی "ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حه‌مه‌دینیژاد کۆماری ئیسلامی به‌ره‌و هه‌ڵدێر" ده‌بات!
خاته‌می له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ ئیدعای "ئیسلاحات و رێفۆرمی" ده‌کرد، پێی وابوو که‌ مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌ گره‌وی شلکردنه‌وه‌ی دیکتاتوریه‌تدایه‌، ئه‌مڕۆش موحسێن ره‌زایی پێی وایه‌ مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌ گره‌‌وی ئه‌هۆ‌نکردنه‌وه‌ی تووندڕه‌ویه‌کانی کابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دایه‌، چـوون پێیوایه‌ ئیدامه‌کاری سیاسه‌ته‌کانی کابینه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌موویان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات.

سیسته‌می ده‌سه‌ڵات وحوکمرانی له‌ ئێرانی فره‌نه‌ته‌وه‌یی و فره‌ئایینیدا، هه‌موو کاتێک له‌ ژێر ر‌کێفی  نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستدا بووه‌. له‌م سیسته‌مه‌دا، شیعه‌گه‌ری به‌ شێوه‌یه‌کی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری گه‌لانی به‌نده‌ست و به‌ تایبه‌تی گه‌لی کورد و که‌مایه‌ته‌یه‌ مه‌زهه‌بیه‌کاندا ده‌سه‌ڵاتداری خۆی ده‌گێرێت، خه‌ڵکی کوردستان تا ئێستا له‌ چوارچـێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێراندا نه‌حیسابیان بۆ کراوه‌ و نه ‌توانیوویانه‌ ده‌و‌رێکی ئه‌وتۆیان له‌م بازنه‌ ته‌نگه‌ی حاکمیه‌تدا هه‌بێت‌، شکاندنی ئه‌م بازنه‌یه‌ و به‌ده‌ستهێنانی مافی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ ئێراندا بۆ گه‌لی کورد و گه‌لانی تر، به‌ مانای لێدان له‌ ره‌گ و ریشه‌ی ولایه‌تی فه‌قیه‌ له‌ ئێران‌ دێت. له‌ سیسته‌می ولایه‌تی فه‌قیه‌دا، مافی مرۆف جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌یبینین و بینوومانه‌ هیچ مانایه‌کی نییه‌، ئازادی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن به‌ بێ هیج‌ جۆره‌ هه‌ڵاواردنێک، له‌ گه‌ڵ بنه‌ماکانی ولایه‌تی فه‌قیه‌دا یه‌ک ناگرێته‌وه‌، ژیان و مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌ ئێران له‌ گره‌‌وی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ولایه‌تی فه‌قیه‌دایه‌.
به‌ڵێ،‌ خه‌ڵکی کوردستان به ‌درێژایی ته‌مه‌نی داگیرکاران به‌ ئێستا و رابردووشه‌وه‌ وه‌کوو شارۆمه‌ندێکی ده‌ره‌جه‌ دوو حیسابیان له‌ سه‌ر کراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ گه‌لی کورد هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریه‌کانی ئێران، وه‌کوو شانۆگه‌ریه‌کی سیاسیی چاوو لێ‌ کرد‌وه‌ و ده‌یکات، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران هیچ کات، له‌ ناخی دڵیانه‌وه‌ و به‌ جیددی، کوردستانیان به‌ به‌شێک له‌ ئێران نه‌زانیووه‌ و ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یانه‌ لێی بخۆن و تاڵانی بکه‌ن، هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ جگه‌ له‌ بێمافی و هه‌ڵاواردن، زیندان و ده‌ربه‌ده‌ریی بۆ گه‌لی کورد قازانجێکیان نه‌بووه و نابێت‌. گه‌لی کوردیش به‌ هه‌موو وجودیه‌وه‌ هه‌ست به‌م هه‌ڵاواردن و ماڵوێرانیه‌ ده‌کات و هه‌میشه‌ به‌رپه‌رچی داوه‌ته‌وه‌ و خه‌باتی له‌ پێناوی ئازادی و خۆڕزگارکردندا کردوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دۆخی ناچاریی و زۆربۆهێنان و فشاری جۆراوجۆریشدا به‌شداری ئه‌م گه‌مه‌ سیاسیه‌یشی کرد‌بێت، ته‌نها به‌ حوکمی ئه‌و شه‌رت و مه‌رجانه‌‌ بووه‌ که‌ له‌ سه‌ریان داناوه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان وه‌ڵامی نه‌خێر‌یان به‌م رژێمه‌ داوه‌ته‌وه‌، و هیچ هه‌ڵبژاردنێکیان به‌ هی خۆیان نـه‌زانیووه.
هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وانه‌یه‌ که‌ باوه‌ڕیان به‌ ولایه‌تی فه‌قیه‌یه‌‌!
له‌م کاته‌دا ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین که‌ رۆڵه‌کانی کورد له‌ زیندانه‌کاندا ئازاد بکه‌ن و ده‌ست له‌ وه‌حشیگه‌ریی دژ به‌ دانیشتووانی کوردستان و له‌ سه‌ر خاک و خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵبگرن.

هـــێرش عـه‌لـیـزاده‌          2009-05-16

 

Previous
Next

Leave a Reply