Skip to Content

Thursday, January 21st, 2021

خه‌یاڵم له‌ناو باخچه‌یه‌ و چاوانیشم به‌لای تۆوه‌

Be First!
by January 4, 2012 ئەدەب

كاتێ‌ ویستت ماچێكم بكه‌یت و بڕۆی
زه‌مه‌ن  له‌سه‌یری چاوشاركێی شه‌ڕخوازه‌كان
راوه‌ستا بوو
من هیچ نه‌بووم جگه‌ له‌ ژنێكی خه‌واڵووی به‌ر باران
پرچم به‌ ده‌ست گه‌مه‌ی باوه‌  ئاڵۆسكا بوو
چاوم له‌ عه‌تری گوڵه‌ بێهۆشه‌كاندا
مێژووی بۆنی* ئه‌خوێنده‌وه‌
 نا هیچ نه‌بووم

جگه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی جێماوی پڕ له‌ ده‌نگی ماڵئاوایی
تۆش هیچ نه‌بووی جگه‌ له‌ جه‌نگاوه‌رێكی له‌بیرچوو
تا له‌ سایه‌ی مه‌فته‌نێكی پڕ له‌ خه‌تادا راهاتم

پرته‌قاڵه‌ نیوه‌ پاككراوه‌كانی ده‌ستم
هۆشیان بردم بۆ لای رازی
هه‌ناره‌ عه‌شقی شه‌رابی و
هێشووه‌ خه‌می ئه‌رخه‌وانی و
شوێن پێی ساردی پاسارییه‌كان…
به‌ بۆنی پرته‌قاڵی نیوه‌ پاككراو  كه‌وتووم
له‌ تامی میوه‌جاتی پێش وه‌رین
ئه‌بمه‌ تنۆكه‌ شه‌راب و
مانگ وكانی خه‌یاڵ ئه‌كه‌م،
خۆم ئه‌ده‌مه‌ ده‌می دوا شه‌ڕی دۆڕاوی
ناو باخه‌ دووره‌ شاره‌كان
من هیچ نه‌بووم
 جگه‌ له‌ له‌ژنێكی سه‌رمه‌ستی دیار درۆكانی سیاسه‌ت و
 حیكایه‌تی نیوه‌ چڵی شه‌ڕكه‌ره‌ نه‌شاره‌زاكانی وه‌ته‌ن
ده‌مه‌و هه‌موو شه‌ڕێكی نێوان براكان
لێوم بۆنی لیمۆی ئه‌گرت
چاوم نیگای سووری هه‌نار!
ئێستاش هیچ نین جگه‌ له‌ سه‌یركه‌رێكی نه‌زانی
ماراسۆنی سه‌ركرده‌كان
جگه‌ له‌ بازرگانێكی ره‌نگفرۆش و
و كه‌ڕ ولاڵی رۆخی
وه‌ته‌ن
ره‌نگه‌كان به‌ خۆیان جوان بوون ،ئێمه‌ ناشیرینمان كردن
تۆ هیچ نه‌بووی
 جگه‌ له‌ عاشقێكی  بێده‌نگی دیار  ته‌رمی شیعره‌كانی من ….
جگه‌ له‌ گوێگرێكی بێ‌ ڤیزه‌ی پایته‌ختی قه‌سیده‌كانم ………
جگه‌ له‌ نوێنه‌رێكی  بێ‌ ئاڵای وڵاتی هه‌ناسه‌كه‌ی من
منیش هیچ  نیم
 جگه‌ له‌ شوێنكه‌وته‌یه‌كی ئه‌م بازاڕی جه‌هاله‌ته‌
جگه‌ له‌ گوڵفرۆشێكی نه‌زان

یه‌كه‌مین شت مه‌زاتم كرد ئاوێنه‌ و
قه‌ڵه‌می چاو و بۆنی كاڵی پرته‌قاڵ بوو
ئێمه‌ هیچ نین جگه‌ له‌تۆپه‌ڵێك درۆ
واین به‌شانی مێژووه‌وه‌
جگه‌ له‌ ده‌مامكدارێكی  ده‌ روو
ئه‌توانین قه‌رنێك راوه‌ستین  بۆ خاتری سه‌ركرده‌كان
ئه‌گه‌ر بۆ خاتری خودا راوه‌ستایه‌ین
پێی ئه‌زانی …
هاوڕێ‌ ئه‌و مه‌هزه‌له‌ی عیشقه‌ تاكه‌ی؟
 ئه‌م شه‌ڕه‌ جێگه‌یه‌ تاكه‌ی؟
كه‌ی له‌ژێر چه‌تری ئێواران
ره‌نگه‌كان ئاشت بكه‌ینه‌وه‌؟

من هیچ نه‌بووم
جگه‌ له‌ ژنێكی نه‌زان
پرته‌قاڵه‌کانی ده‌ستم
غل بوونه‌وه‌ بۆ ناو شه‌ڕگه‌كانی وه‌ته‌ن
پێڕانه‌گه‌ییم تامیان كه‌م
فریا نه‌كه‌وتم بۆنیان كه‌م…
مه‌یلم لێبوو دوا ماچی ده‌سگیرانه‌كه‌م كه‌م ..
شوێن حزبه‌كه‌ی كه‌وت و هه‌ڵات
ئێمه‌ نه‌فام بووین
نه‌فام بووین
نه‌فام
چه‌ندین پیاڵه‌ی نیوه‌ پڕمان له‌دوا جێما
چه‌ندین خه‌یاڵه‌ عه‌سری جوانمان كوشت..
بۆیه‌ ئێستا پێش جێهێشتنی ماڵی دوێنێ‌
له‌به‌رده‌م گوڵێكی ژاكاو تاوێ‌ بێده‌نگی ئه‌نوێنم
تا خه‌یاڵم پڕ بێ‌ له‌ گوڵ
كێ‌ ئه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌؟
من هیچ نه‌بووم جگه‌ له‌ ژنێكی قه‌ره‌جی
ئه‌ودیو
ره‌شماڵی حزبه‌كان…. 
تۆش هیچ نه‌بووی
جگه‌ له‌ رێبوارێكی بێ‌ فیزه‌ی پایته‌ختی قه‌سیده‌كانم!!!
من هیچ نه‌بووم جگه‌ له‌ ژنێكی خه‌واڵووی به‌ر باران
پرچم به‌ده‌ست گه‌مه‌ی باوه‌ ئاڵًۆسكا بوو
ده‌ستێكیشم  به‌ده‌ست تۆوه‌!!

چنوور نامیق
*رۆمانی(بۆن)

Previous
Next

Leave a Reply