Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

خودایه‌ ده‌رگاكانت بكه‌ره‌وه‌ با ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنێرم

Be First!
by May 8, 2009 ئەدەب

خودایه‌
"ده‌رگاكانت بكه‌ره‌وه‌ با ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنێرم"
ئاوێزان نوری/كه‌ركوك

 

خودایه‌..
 له‌ حزوری چاوه‌ڕوانی ڕۆحی ئێمه‌دا
چه‌ندین سه‌ده‌یه‌
شه‌وو ڕۆژ له‌یه‌ك ده‌كه‌یت
كاتێ‌ ئه‌م دێت.. ئه‌و به‌ڕێ‌ ده‌كه‌یت
ئه‌و هه‌ڵدێت.. ئه‌م ئاواده‌كه‌یت
كاته‌كانت به‌ سروشت به‌سه‌ر ده‌به‌یت
وه‌رزێك ده‌به‌یته‌ ئارایشتگا
گوڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ له‌ پرچی ده‌ده‌یت
وه‌رزێك گه‌رم ده‌كه‌یت و..
وه‌رزێك بۆ نمایشی شانۆیه‌كی زه‌رد
گه‌ڵا گه‌ڵا ده‌یهێنیته‌ سه‌ما
به‌ ژه‌نینی كه‌مانچه‌ی وه‌رزێكی ساردیش
قیژه‌ ده‌خه‌یته‌ ئاسمان و هه‌وره‌كان ده‌گریێنی
به‌ڵام له‌ حزوری غوربه‌تدا
یار یه‌كجار بێتاقه‌ته‌
ئه‌و به‌رگه‌ی غه‌ریبی ناگرێ‌
هه‌ندێ‌ له‌ خۆڕاگری خۆتی پێ‌ ببه‌خشه‌
ته‌نیایی  گشت گیانی ته‌نیوه‌
تۆ فێریكه‌ به‌رگه‌ی ته‌نیایی چۆن بگرێت
په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ بری خۆر
نامۆیی ده‌ڕژێته‌ ژووره‌كه‌ی
له‌ بری من
ته‌نیایی باوه‌شی پیا ده‌كات
له‌ بری ژیان
مردن بانگی لێ‌ ده‌كات
له‌ بری شیعر
سه‌فه‌ر ده‌نووسێته‌وه‌و..
له‌بری ئه‌مه‌ل
بێزاریی له‌ ده‌رگای ده‌دات
خودایه‌
بۆ منیش زه‌مه‌نێكه‌ ژیان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مدا تێپه‌ڕ نابێت
ئه‌گه‌ریش بوو
سه‌ڵاو ناكات و ده‌ڕوات
ده‌نگی ده‌رگا لێدان دێت و..
ده‌یكه‌مه‌وه‌ كه‌س نابینم
ته‌ماشایه‌كی كوچه‌كه‌ ده‌كه‌م
ده‌بینم ته‌نها "با" پیاسه‌ی تیا ده‌كات
له‌ چاوه‌ڕوانی زه‌نگی ته‌له‌فونه‌كانی ئه‌ودا
وه‌كو شه‌م ده‌توێمه‌وه‌و..
وا هه‌ست ده‌كه‌م نایبینمه‌وه‌
هێنده‌ی ده‌نكه‌ گێلاسێك عیشق مزره‌
به‌بێ‌  ئه‌و
هێنده‌ی باخی فیرده‌وس
خه‌ریكم ئازار ده‌چنمه‌وه‌ له‌ دووری ئه‌و
هێنده‌ی قه‌ده‌ر نامۆییم لێ‌ ده‌چۆڕێ‌
جانتاكه‌م پڕه‌ له‌ فرمێسك و..
باوه‌شم پڕه‌ له‌ ته‌نیایی
ماڵم پڕ له‌ هه‌ناسه‌ی سارد
خه‌ونه‌كانم پڕه‌… له‌و
هۆش مه‌سته‌ به‌ بیركردنه‌وه‌… له‌و
خودایه‌
ئه‌م نامه‌یه‌م لێوه‌رگره‌و بیخوێنه‌ره‌وه‌
یان بمگه‌یه‌نه‌ به‌ یار
یانیش ئه‌وم بۆ بێنه‌ره‌وه‌

Previous
Next

Leave a Reply