Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

خورپه‌کانی شه‌وێک …به‌ندی عه‌لی

Be First!
by February 29, 2012 هۆنراوە

 

ده‌رگای قه‌فه‌زی سنگم
به‌کراوه‌یی جێ ده‌هێڵم
تا چۆله‌که‌ هه‌ڵفڕیوه‌که‌ی دڵم
 بێته‌وه‌ ژوورێ
 نه‌با ئه‌مشه‌و ، ڕق ببارێت
………………….
دڵم ئه‌نێرم بۆ به‌رات
ئه‌مشه‌و شه‌وی ڤه‌له‌نتاینه‌و
به‌شکو کچێکی هاوسێمان
نوقڵێکی عێشقی پێ بدات
…………………….
ئه‌مشه‌و دڵم
وه‌ک مناڵێکی ساوا قومات ئه‌که‌م و
له‌سوچێکی به‌له‌کۆنه‌که‌یا
به‌دزیه‌وه‌ ئه‌یخه‌وێنم
نه‌با مانگه‌شه‌و ئیره‌یی
به‌ته‌نیاییم به‌رێت
……………………

هه‌ر شه‌وێ هه‌ست به‌کشانی
ئه‌ستێره‌کانی شیعر بکه‌م
ده‌چمه به‌له‌کۆنه‌که‌و له‌وێ
سواری فه‌رشی ئه‌فسوناوی
دوکه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌ک ده‌بم و
دوایان ده‌که‌وم
ئاخر من هه‌میشه‌ پێم وایه‌
ئه‌وه‌ به‌له‌کۆنه‌یه‌ سیحرێکی تیایه‌
……………….

 دوو ته‌یری نێرو مێم کڕی
بۆ کچۆڵه‌ تاقانه‌که‌م
تاهه‌ست به‌ته‌نیایی نه‌کا
ئێستاکه‌ ئه‌و
خه‌م بۆ ته‌نیایی خۆی ناخوا
بۆ ئه‌سیریی ئه‌وان ئه‌گری له‌قه‌فه‌زا
…………….

به‌ڕۆژ ده‌رگای زیندانه‌که‌ی
ئه‌و دوو ته‌یره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ تابێنه‌ده‌ر
که‌چی ئه‌وان به‌ده‌نوکیان پێوه‌ی ئه‌ده‌ن
ڕه‌نگه‌ زیندانه گچکه‌که‌ی ئه‌وان
ئارام ترو پڕ عیشق تربێ
له‌جیهانه‌ مه‌زنه‌که‌ی ئێمه‌
…………….

ئه‌و دوو ته‌یره‌م زۆر خۆشده‌وێ
ئه‌و ساتانه‌ی کچۆڵه‌که‌م له‌ماڵ نابێ
بۆن به‌ئه‌وانه‌وه‌ ده‌که‌م
وا هه‌ست ده‌که‌م شتێک هاوبه‌شه‌ له‌نێوان
ئه‌م و ئه‌وان
ئاخر ئه‌میش که‌ئه‌ترسێ
هه‌ر په‌نا بۆ قه‌فه‌زه‌که‌ی سینه‌م ئه‌با
…………………

ئه‌مشه‌و یه‌کێک له‌ته‌یره‌کان
گیانی سپارد ، کچۆڵه‌که‌م
وه‌ک بنچکی شۆڕه‌بیه‌ک شۆڕبۆته‌وه‌و
شه‌ونمی حوزنی لێ ئه‌تکێ
منیش له‌داخی هه‌ردووکیان
نه‌فره‌ت له‌په‌ریی مه‌رگ ئه‌که‌م
که‌ناواده‌و بێ ڕوخسه‌ت دێ

Previous
Next

Leave a Reply