Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خوی دزی و گەندەڵی و بێ باکی!

خوی دزی و گەندەڵی و بێ باکی!

Closed
by February 18, 2013 گشتی

 

 

خراپترین شتێک لە ژیانی تاک و کۆمەڵگا و ڕژێمەکاندا خوگرتنە بە کارە خراپەکانەوە، زۆر جار بیستومانە کە جۆرێک لە دز هەن دزێتییەکە بووە بە خو تیایاندا، واتا لە پێویستییەوە نییە کە پەنا دەباتە بەر دزی، بەڵکو هەر لە منداڵییەوە، یان بە هۆکارێک لە هۆکارەکان توشی ئەم خوە خراپە بووە و ناتوانێت وازیلێبێنێت.  خوگرتن بە کارە خراپەکانەوە ڕەنگە قورسترین حاڵەت بێت بۆ پزیشک و پسپۆڕەکانی چارەسەری باری دەروونیش.

هیچ کات چیرۆکی ئەو منداڵە عەرەبەم بیر ناچێتەوە کە لە کەمپی چاوەڕوانییدا بۆ وەرگرتنی مافی پەناهەندەیی لەگەڵ باوکی و مامێکیدا بوو، کە توشی خوی دزیکردن ببوو، ئەم منداڵە لە شارەکەدا و لە ناو قوتابخەنە و پەروەردەدا ناوبانگی بە زیرەکی دەرکردبوو، هێندە زیرەک و بە توانا بوو بە تایبەتی لە وانەی بیرکاریدا.  بەڵام هەموو دوکان و ناوشار وەرسببوون بە دەست دزییکردنەکەیەوە، پەروەدەی کۆمەڵگای نەرویجیش لەو ئاستەدایە بۆ پەروەردەی منداڵان کە نابێت منداڵەکە تەریقبکرێتەوە، دەبێت هەوڵبدرێت بە چارەسەرێکی وردی دەرونناسان و ئامۆژگاریی پێداگۆگی لەم حاڵەتە دووربخرێتەوە، بۆیە دوای ئەوەی کە چەندین کۆبوونەوەی لەسەر کرابوو بە هاوبەشی پزیشکی دروسنناس و کەسانی پەروەردەیی و مامۆستاکانی قوتابخانەکەی و نوێنەری پۆلیس و نوێنەری شارەوانی و باوکی و مامی ئەم منداڵە، بڕیاریاندا کە باوکی و مامی لەگەڵ ئەم  منداڵەدا لە کەمپەوە بگوێزنەوە بۆ ناوشار، تا ئەم منداڵە کاتەکانی تەنیایی کەمبێتەوە و هەمیشە لەگەڵ منداڵە نەرویجیەکاندا تێکەڵی هەبێت، دوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانە، باوک و مامی ڕاسپێردرابوو کە هەوڵبدەن هەمیشە ئەم منداڵە بە تەنیا نەبێت و لەگەڵ منداڵە نەرویجیەکانی هاوسێیاندا بینێرن بۆ سینەما و ناو بازار و یاریکردن، شارەوانی ئەو شارە هەرچی جۆری یاری جوانی وەک تۆپ و پاسکیل و کۆمپیوتەر و جانتا و شتومەکی پێویست هەیە بە زیادەوە بۆیانکڕی. لە هەمانکاتدا باوک و مامیان ڕاسپاردبوو بە هیچ جۆرێک نابێت ئەم خوە بدرێتە ڕووی ئەم منداڵە تەمەن ١٢ ساڵانەیە، چوونکە ئەوە دەبێت بە گرێیەکی دەروونی ترو لەوانەیە خراپتربێت، جگە لەوەی کە ئەم منداڵە خۆی بەرپرس نییە لە کارەکانی خۆی بەڵکو خیزان و قوتابخانە و بەرپرسانی شار و کۆمەڵگا بەرپرسە لێی، بۆیە دەبێت بەرپرسەکان سەرزەنشتی مندالەکە نەکەن، لە جیاتی ئەوە سەرزەنشتی خۆیان بکەن و هەمیشە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەو نەخۆشییەی ئەم منداڵە تووشی بووە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم منداڵە لە کۆمەڵگای نەرویجیدا تەمەنی منداڵی تا مێردمنداڵی تەواونەکردوە، بەڵکو لە عێراقەوە هاتووە.

وا پێدەچێت، حوکمەتی هەرێمی کوردستانیش، وەک ئەو منداڵە وابێت، توشی حاڵەتێکی خراپی دزی و گەندەڵی و بێباکی بووە. دەنا چۆن حکومەت ئەوەندە دڵ ڕەق دەبێت بەرامبەر بەو هەموو هاتوهاوارەی خەڵکێک کە بەدەست نادادپەروەریی و نا یەکسانییەوە دەناڵێنن؟ چۆن ئەم دەسەڵاتە سیاسیە و ئەم حکومەتە ئەوەندە بێباک دەبن بەرامبەر بەو هەموو هەژاریی و بێدرامەتیی و کەمتەرخەمییەوە کە دەکرێت بەرامبەر بە گەنجەکان، خوێندکاران، خیزان و منداڵانی گەرەکە هەژارەکان؟ 

بە ڕای من باشترین چارەسەر ئەوەیە کە کۆمەڵگا لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیبکات و جارێکیتر کە چوونە بەردەم سندوقی دەنگدان بێ ئەوەی دزیی و گەندەڵییەکان بدەنە ڕوویان، وەک چارەسەرێکی سەردەمیانە دەنگیان پێنەدەنەوە و بیریانبێت کە ئەم خوە خراپە چارەسەرەکەی ئەوەیە کە دووربخرێنەوە لە سەروەت و سامانی خەڵک بە هێمنی و عاقڵانە. چوونکە ئەم حکومەتە دز و گەندەڵ و بێ باکە، بەرهەمی کۆمەڵگا خۆیەتی، لەو قوڕە هەر ئەو تۆزە هەڵدەسێت، بۆیە کۆمەڵگا ئەگەر دەیەوێت خۆی رزگاربکات لەم دز و گەندەڵ و بێ باکانە، دەتوانێت دەنگیان پێنەدات و سندوقی دەنگدانەکان بە بەتاڵیوحەتاڵی بداتەوە بە روویاندا، ئەوە باشترین چارەسەر و چاکترین تۆڵەیە کە لێیانبکرێتەوە. دەموچاو و مێشکە بەتاڵوحەتاڵەکانیان شایستەی ئەوەیە کە سندوقی بەتالوحەتاڵی هەڵبژاردنە ساختەکارییەکانی پیا بدرێتەوە.

 

 

جیهاد موحەمەد/نەرویج

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.