Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

خوێندكاران و گەنجان لەناو بازنەى قەیرانەكاندا

Be First!
by December 21, 2008 گشتی

 خوێندكاران و گەنجان لەناو بازنەى قەیرانەكاندا
ئارێز سمکۆ

  وەك ڕوونە و، بە ڕاى ئێمەش كە وەك چاودێرێكى بارى گەنجان و خوێندكاران سەیرى هەموو كێشە، گرفت، جوڵان، گوَڕانكارى، دەنگهەڵبڕینى قوتابیان دەكەین هەم لە ناوەندەكانى خوێندندا و، هەمیش لاوان لە دەروەى ئەو ناوەندانەدا. لە چەند هەفتەى ڕابردوودا، بەقەد هەموو ئەوەندە ساڵەى حوكمرانى دەسەڵاتدارانى كوردى لە دواى ڕاپەڕینەوە لە هەرێمى كوردستاندا، توێژى خوێندكار و قوتابی و گەنجان زێتر ناڕەزایى خوَیان دەربڕى و، دواجار نمایشى ئەو ناڕەزایەشیان بە خوَپیشاندان و، مانگرتن و ڕێپێوان، كرد. بگرە تا نووسینى ئەم باسە، لەگەلێك لە شار و شاروَچكەكانى كوردستان ئەم خوَپیشاندانە مەدەنیانە بەردەوامە. ئەوانیش خوَپیشاندانى خوێندكارانى كوَلێژە پزیشكیەكان و كوَلێژەكانى ئێواران، ئامادەییەكان بوون.  هەڵبەتە كوَى ئەو ناڕەزایبوونەى نوخبەى خوێندكاران و لاوان، دەتوانین لە ژێر چەترێكدا كوَیان بكەینەوە و پێى بڵێن قەیرانى سیستەمى خوێندن لەم وڵاتە، هەڵبەتە هەردوو جوَرەكەى خوێندن، خوێندنى پەروەردەیى و باڵاش. ئەمەش ڕێك دەمانباتە نێو ئەو گووتارەى كە ئەم دەسەڵاتدارانەى كوردستان كە گەرەكیانە ئێمە بەشدارى ئەو ئەزموونەیان بین، لێرەدا پێویستە بێژین بێئەوەى ئەوان بیانەوێت، ئێمە خاوەنى ئەو ئەزمونەین، وەلىَ لەگەڵ ئەواندا لە دەستەڵاتدا بەشدار نین! ئەم جوَرە ئەدایەى ئەوان پەیڕەوى دەكەن كەم و كوڕى تێدایە و، ناتوانن ڕووبەڕووى ئەو كێشانە ببنەوە كە لەنێو ئەو چوارچێوەى ئەوان حوكمى دەكەن، دێنە پێشەوە، لێرەشدا بوَ ئەوەى بابەتەكەمان فراوان نەبێت، تەنیا لە كێشەكانى خوێندكار و لاوانەوە دواوین، دەنا بارودوَخى كوَمەڵانى خەڵكیش لە هەموو حاڵێكدا ئەوەندە باش نییە، تا باسیان لێوە نەكەین و خوَمان لێى نەبان بكەین، بەهەمەحاڵ. هەڵبەت كە ئێمە دێینە سەر كێشەى قوتابیان و لاوان جگە لەوەى دەستەڵات یەكەمین بەرپرسیارە لێى، دواى ئەویش بەتایبەتیش سىَ وەزرارەتى تایبەتمەند لەو بوارەدا كە " پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەرزش ولاوان " ن، بەرپرس، بەرپرسیارن.
 ئەگەرچى وڵاتى ئێمە بە قسەى بەرپرس و سیاسیەكانى بەرەو دامودەزگایى دەچێت، وەلىَ هیچ كامێك لەم دەزگایانەى كە ژیانى خەڵكیان بەدەستە خوَیان ناخەنە ژێر بەرپرسیاریەتى و، هاوكات پەرلەمانیش كە وەك دەزگایەكى بەدواداچوون بوَ كارەكانى حكومەت، سستە لە لێپرسینەوە و بەدواداچوون، واتا ئەوان ئەم بەرپرسیاریتەى خوَیان بە ماف تێدەگەن، نەك ئەرك! وەك لەسەرەوەش نمایشمان كرد هەقە لایەنى پەیوەندیدارى لەسەر ڕوبەڕوو بكرێتەوە و، ئەگەر كەمتەرخەمى لەوان بوو، پێویستە لێپیچینەوە، لە موَڕاڵى و نیشتمانى گەڕىَ "یاسایى"یان لەگەڵدا بكرێت. دەبىَ ئێمە لەوە بگەین كە ناكرێت كاروبارى كەسیەتى و حیزبایەتى تێكەڵ بەبەرژەوەندیە باڵاكانى نەتەوەكەمان بكەین، هەق نییە وەزارەتێك لەبەر خاترى كەسێك " وەزیر" دابنرێت و، شوێنى پێوە پڕبكرێتەوە.
 سەبارەت بەو ناڕەزایى و خوَپیشاندانانەى كە ئاماژەى بوونمان كردن لە هەرێمى كوردستاندا، پەیوەندیان بە كێشە هەنووكەیەكانى خوێندكارانەوە هەیە، ئەگەرچى ئێمە پێمان وایە هەندىَ لەو داواكارییەى كە خوێندكار، قوتابیان داواى دەكەن، لەگەڵ بەرزبوونەوەى ئاستى زانستى ناگونجێت، وەك داواكارى بوَ گەڕانەوەى سیستمى پەڕینەوە "عبور"، لىَ كوَى داواكارییەكانیان بە رەوا دەزانین. هاوكات لەسەر دام و دەزگاكانى خوێندنى باڵاش پێویستە كە بوارێكى زیاتر بدرێتە خوێندكاران، چونكە تاوەكو ئێستە نەتوانراوە هەموو پێویستیەكانى خوێندن لە سەرچاوە، هوَڵى خوێندن و كردنەوەى سەنتەر بوَ فێربوونى زمانە زیندووەكانى دنیا و ماموَستا و دەرماڵە و شوێنى نیشتەجىَ بوون بوَ خوێندكارانى دەركى و پێویستیەكانى گواستنەوە و، گەلێك پێویستیتر. بوَیە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانى پەیوەست بە خوێندن و فێركردن لە هەرێمى كوردستان پێویستە كە هەر بڕیارێك دەردەكەن بوَ بەروەو پێشبردنى سیستمى خوێندن، هاوجێش زەمینەسازى و لێكدانەوەیان بوَ بارە "واقیعى"یەكەى جڤاكى كوردیش هەبێت، بەهەمەحاڵ. ئەوەى پێویستە ئاماژەى پێبدەین، كێشەى ئەو "دە" هەزار قوتابیە وەرنەگیراوەیە، كە بەڕاى ئێمە زوَر ئاكامى ترسناكى دەبىَ ئەگەر هاتوو چارەسەرى بوَ نەدوَزرێتەوە، هاوكات بەپێى زانیارى ئێمە وەك پێمان گەیشتووە، بوَنموونە نزیكەى "شەست" خوێندكار لە بەشى یاسا وەرگیراوە، لەهەمان كاتدا نزیكەى "هەزار"قوتابى لە كوَلێژى زانكوَى "جیهانى"ئەهلیى وەرگیراوە!! لێرەدا ئەم نموونەیە چ ئاماژەگەلێكى ترسناكە بوَ بەرنامەى ئەم حكومەتە هەنووكەییەى كوردى، لێرەوە ئەگەرچى ئاراستەیەكى راستەوخوَ هەیە بوَ گواستنەوەى كەرتى گشتى بوَ كەرتى تایبەتى، لىَ بە بىَ لێكدانەوە و زەمینەسازى بوَ بارودوَخى كوَمەڵگاى كوردى، بەزیان بوَ خودى ئەزمونەكەشمان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەمە بەرژەوەندى كوَى تاكى كوردى نییە، بەڵكو تەنیا چەند كەسێكى بەژەوەند پەرست تێیدا سوودمەند دەبن.
 لێرەوەش پێویستە لەسەر هەواڵێك، كە بەم دواییانە لە ئاژانسەكاندا بڵاوكرایەوە هەڵوەستەیەك بكەین، كە ئەویش لێدوانى ئەو گەنجانەى كە گووتویانە "ئەگەر لەهیچ زانكوَ و پەیمانگایەك وەرنەگیرێینن ناچار دەبین خوَمان لەنێو رێكخراوەكانى "ئیسناد"ناونووس بكەین" !! هاوكات وەك خوَیان دەڵێن "بوَ بەرتەكى حوكومەتى كوردى لە بێباكى و وازى كردن بە هەستى گەنجان و گوێپێنەدانیان"!. لێرەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەى زوَر بەتووندى ئەم لێدوانەى ئەو چەند گەنجەیە رەتدەكەینەوە، چونكە پێمان وایە ئەم جوَرە لێدوانانە زیان بە دوَخى گەنجان دەدا و، ئەو گووتارەى دەستەڵات پشتڕاست دەكاتەوە كە هەموو جار دووبارەى دەكەنەوە، بەوەى كە گەنجانمان ئینتمایان بوَ نیشتمان و نەتەوە نەماوە!، هەروەها پێمان وا نییە كە ئەم وتانە رەوایەتى خوَیان هەبىَ، چونكە هەبوونى ئارایشەیەكى ناوەخوَیى نابىَ بمانگەیەنێتە ئەو ڕایەى كە دەست لەگەڵ بەرانبەرەكەمان تێكەڵ بكەین و، بەرانبەر گەلى خوَمان بوەستینەوە. هاوكات روو لە لایەنى بەرپرس و پەیوەندبداریش دەكەین كە چارەسەرێك بوَ ئەم قەیرانە بدوَزێتەوە، تا سنوورێك بوَ ئەم بوَچونە دابنێت و گەنجان بەرەو هەڵدێر، لاڕێبوون نەچن/نەبن.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply