Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7

Be First!
by August 6, 2009 گشتی

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7
" شكست كۆمه‌ڵێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ سه‌ركه‌وتن دێن" – تاغور –
محه‌مه‌دی مشیر

 

به‌م گوته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ نامه‌وێ‌ پاساو بۆ شكستی ئه‌و لیست و لایه‌نانه‌ بهێنمه‌وه‌ كه‌ نه‌یانتوانی له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كورسییه‌وه‌ بچنه‌ نێو په‌رله‌مانی داهاتوو، به‌ڵكو زێتر مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو كه‌ هه‌ر كه‌وتنێك سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌، به‌ مه‌رجێ‌ لایه‌نی شكستخواردوو به‌ وردی له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م كه‌وتنه‌ی خۆی بكۆڵێته‌وه‌ و په‌نجه‌ له‌سه‌ر  كه‌موكورتییه‌كانی دابنێ‌ و زانستیانه‌ بڕوانێته‌ رووداو و پێشهاته‌كانی داهاتوو.
سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ر لایه‌نێك له‌ پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی دیاریكراوی وه‌ك هه‌ڵبژاردندا به‌ قووڵی ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌هه‌ژێنێت، كه‌ ناچار به‌ پێداچوونه‌وه‌ی ده‌كات له‌ كۆی به‌رنامه‌ و هه‌وڵه‌كانی ساڵانی پێشتری،خودی ئه‌م پێداچوونه‌وه‌یه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه‌ بۆ هه‌نگاو نان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روونتر به‌مه‌رجێ‌ گۆڕانێكی ریشه‌یی له‌ رووخسار و ناوه‌ڕۆكی كاری سیاسی خۆیدا ئه‌نجام بدات.
ئه‌وی تێبینی كرا له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كوردستاندا به‌رنامه‌ی سه‌رجه‌م لیسته‌كان باسیان له‌ ئازادی و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر شتی جوان ده‌كرد، به‌ گوته‌یه‌كی دی خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان به‌رنامه‌كاندا پتر بوو تا خاڵی جیاواز، كه‌واته‌ پێویسته‌ بپرسین چ هۆكارگه‌لێك له‌ پشت ئه‌وه‌ ده‌وستن كه‌ هه‌ندێ‌ لایه‌ن سه‌ركه‌ون و هه‌ندێ‌ لایه‌نیش شكستبخۆن و هه‌ندێ‌ لایه‌نی دیكه‌ش له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتر پاشه‌كشه‌ بكه‌ن؟؟
ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌رنامه‌كان زۆر وێكده‌چوون بۆچی به‌هه‌مان رێژه‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانیش دابه‌ش نه‌بوو؟ یان هه‌رهیچ نه‌بێت نه‌ده‌بوایه‌ جیاوازی رێژه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ لیستێكه‌وه‌ بۆ لیستێكی تر ئاوا مه‌ودای زۆر بێت، كه‌واته‌ له‌ به‌ر رۆشنایی ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌شێ‌ بڵێن هۆكاره‌كانی شكست بۆ ئه‌و لیست و لایه‌نانه‌ی سه‌رنه‌كه‌وتن ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ لایه‌نی سیاسی و هه‌ڵوێست و كاری ساڵانی دوای 1991 ه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و هێنده‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رنامه‌ی فیكری و مێژووی لایه‌ن و لیسته‌كانه‌وه‌ نییه‌،ئه‌گه‌ر هه‌شبێ‌ ئه‌وا رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م -به‌ده‌ر له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ئه‌و لیست و لایه‌نانه‌ – له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌نگه‌كانیان به‌ هۆشیارییه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هاووڵاتی كوردستانی خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵوێستی سیاسی رۆژانه‌ و رێژه‌ی به‌ ده‌نگه‌وه‌هاتنی داخوازیی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانیان ده‌نگ به‌م لیست و ئه‌و لیست ده‌ده‌ن نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماگه‌لێكی فیكری و ستراتیژی، ئه‌وان پتر تێركردنی حه‌زه‌كانی ئێستایان ده‌كه‌نه‌ پێوه‌ری ئاراسته‌كردنی ده‌نگه‌كانیان نه‌ك خه‌ونه‌كانی داهاتوو یان رابردووی مێژوویی ئه‌و كه‌س و ئه‌و لایه‌ن، ئه‌گه‌رچی له‌ زۆر حاڵه‌تیشدا له‌ پشت تێركردنی هه‌ر حه‌زێكدا گوتارێكی فریوده‌رانه‌ خۆی حه‌شاردابێت كه‌ ئاستی هۆشیاری كه‌سی ده‌نگده‌ر ئه‌وكات په‌ی پێ‌ نه‌بات،یان به‌ قه‌ولی عه‌ره‌ب گوته‌نی دواتر (بعد خراب البصره‌) هه‌ستی پێ‌ بكات.
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كوردستاندا مایه‌ی سه‌رنج و وردبوونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ژێر كاریگه‌ری  گوتارێكی له‌م ته‌رزه‌دا ده‌نگیاندا، كه‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ و هێمایێكه‌ بۆ بره‌ودانه‌وه‌ به‌ میتۆدی تۆڵه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ نه‌ك موماره‌سه‌كردنی هۆشیارانه‌ی مافی ده‌نگدان وه‌ك مافێكی ره‌وا به‌خۆی ،كه‌ دواجار هه‌ر خۆیان له‌ سایه‌ی ئه‌م ته‌رزه‌ ره‌فتاره‌دا زیانمه‌ند ده‌بن.
 به‌هه‌رحاڵ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كوردستان ته‌كانێكی به‌دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌كه‌ داو وایكرد هه‌ر كه‌سێ‌ به‌ نێو ماڵی خۆیدا بچێته‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌دا پارسه‌نگی هێزه‌كان له‌ نێو په‌رله‌مانی ئه‌مجاره‌دا گۆڕانێكی رێژه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دایه‌، به‌مه‌رجێ‌ لۆژیكی دیالۆگ و شێوازی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ باڵی به‌سه‌ر تاوتووكردنی كێشه‌ و پرسه‌كاندا بكێشێ‌ و پانتایی ماف و ئازادییه‌ دیموكراسییه‌كان به‌رفراوانتر بكات.
دواجار ده‌شێ‌ بڵێن ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وانه‌یه‌كی به‌سوود بوو بۆ شكستخواردووه‌كان تا سه‌رله‌نوێ‌ هه‌ستنه‌وه‌ و خۆیان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو ئاماده‌ بكه‌ن، هاوكات ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی گه‌یشتنه‌ نێو په‌رله‌مان تا بزانین ئه‌وان چ شتێكی جیاواز پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی كوردستان و دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد و ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ده‌كه‌ن!

 

Previous
Next

Leave a Reply