Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

خوێندنەوەیەكى خێرا بوَ كتێبى…..

Be First!
by February 7, 2009 شانۆ

 خوێندنەوەیەكى خێرا بوَ كتێبى
 (ئەنتوَلوَژیاى شانوَى ئەزمونگەرى)ى نیهاد جامى
  شكوَعومەر

    ئەم نوسینەم بە ئاراستەكردنى پرسیارێك بوَ خوێنەر دەست پێدەكەم, ئەویش ئەوەیە ئایا بوونى وەها كتێبێك تا چەند خزمەت بە مەعریفەى شانوَكارى كورد ئەكات تاكو بتوانێت لە ڕێگەیەوە ئاسوَكانى شانوَى ئەزمونگەرى كوردى لە داهاتوودا ببینێت و بە عەقڵ و دیدێكى تازەوە نمایش بخوڵقێنێت؟ بەڵام وەك بوَچوونى خوَم پێمووایە وەڵامەكە بە ئەرىَ یە، بە حوكمى ئەوەى كە تاوەكو ئێستا شانوَى ئەزمونگەرى كوردى كەمترین كتێب و توێژینەوەى لە سەر كراوە،بەپێى ئەوەى كە من ئاگاداربم تەنها كتێبێكى(دانا رەووف)ە ئەویش نەك تەواوى شانوَى ئەزمونگەرى، بەڵكو  تەنها جەخت لەسەر رەوتە ئەزمونگەرییەكەى شارى سلێمانى دەكاتەوە. نەك هەر شانوَى ئەزمونگەرى بەڵكو تەواوى ڕەوتە شانوَیەكە لە لایەن خودى شانوَكارانەوە لەڕووى توێژینەوە و ووتارى ڕەخنەیى و قسە كردن لەسەر ئسلوبى ئیشكردنەوە فەراموَش كراون واتا هێندەى سەرقاڵى لایەنى پراكتیكى بوون ئەوەندە گرنگییان بە تیوَریزەكردنى نمایشەكان نەداوە،كە ئەمەش بوَخوَى یەكێكە لە فاكتەرەكانى پوكانەوە و لە ناوبردنى كارەكان دواى تێپەربوونى چەند دەیەیەك بەسەریاندا,هەروەك لە غیابى ئەو توێژینەوانەوە شانوَكارى گەنج گومان لە بوون و باشیى نمایشى ڕابردوو پەیدا دەكات و دەگاتە ئەو بڕوایەى كە شانوَى ڕابردووى كوردى جگە لە پاڵنەرى هەستى نیشتیمانى هیچى تر نەبووە.هاوكات من ئەم كتێبەى نیهاد جامى پەیوەست دەكەم بە ڕەوتى شانوَى كەركوك لە ڕابردوودا،چونكە هەمیشە ئەووترێت لە هەشتاكانى سەدەى ڕابردوودا لە كەركوك ڕەوتێكى شانوَى ئەزمونگەرى بەهێز هەبووە لە كاتێكدا ئەم قسەیە ئەكرێت بێئەوەى بچوكترین دوَكیوَمێنت هەبێت,بەوەى ئەگەر وایە و ئەو ڕەوتە ئەزمونگەرییە هەبووە با بینوسن و بیكەن بە دوَكیوَمێنت هەر باشە و شوێنێك پڕ دەكاتەوە.بەڵام نیهاد لە كتێبەكەیدا بە تەواوى لەسەر ئەزمونەكانى قوَناغى دواى پروَسەى ئازادى لە شارى كەركوك هەڵوەستەى كردووە و وەكو دوَكیوَمێنت توَمارى كردوون, واتە ئەگەر ڕوَژێك جیلێك هات و گومانى لە ئەزموون و شێوازى ئیشى ئەو قوَناغەى شانوَى كەركوك هەبوو ئەتوانێت بگەڕێتەوە بوَ چەندین بەڵگە و دوَكیوَمێنت یەكێك لەو بەڵگانە كتێبى (ئەنتوَلوَژیاى شانوَى ئەزمونگەرى كوردى)ە.
 خاڵێكى ترى باشیى ئەو كتێبە لەوە دایە كە نوسەر هاتووە كتێبەكەى بەسەر چەند تەوەرێكدا دابەش كردووە،هەروەك لە سەرەتادا لە سەر شانوَى ئەزمونگەرى لە عێراقدا دەوەستێت وئاماژە بە چەند ئەزمونێكیان دەكات وەك بەشێك لە ئەزمونەكانى(قوَناغى ئەزمونكارە نوێیەكان) بەتایبەت ئەزمونەكانى(عەزیز خەیون)،بەڵام من پێمووایە دەبووایە نوسەر هەڵوەستەى لەسەر چەند ئەزمونێكى شانوَكارانى هەردوو قوَناغەكەى پێشووتریش بكردایا، هەرچەندە لە شوێنێكدا بە كورتى ئاماژە بەوە دەكات و دەڵێت(كە جگە لە ئەزمونەكانى(د.سلاح ئەلقەسەب)هیچكام لە ئەزمونەكانى تر تیوَریزە نەكراون و زیاتر گیانى سەركێشى پاڵنەریان بووە)بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرچوَنێك بێت دەبوو چەند نمایشێكى ترى ئەم قوَناغە و قوَناغى(نەوەى دامەزراندنى شانوَى عێراقى)ى بە نمونە بهێنایاتەوە.
 تەوەرێكى ترى كتێبەكە تەرخان كراوە بوَ ئەنتوَلوَژیاى شانوَى ئەزمونگەرە كوردى، كە من پێموایە دەبوو نوسەر لە سەرتاى ئەم باسەدا ئەوەى بوَ خوێنەر ڕوون بكردایەتەوە كە ئەو كارە ئەزمونگەرییانەى كە لەو قوَناغەدا كراون چوَن و لە چیدا ئەزمونگەر بوون, هوَكارى دروست بوونى ئەو ڕەوتە ئەزمونگەریە چی بوو.چونكە تاكو ئێستاش بەشێكى زوَرى شانوَكاران ناموَن بەو قوَناغە گرنگەى شانوَى كوردى كە دروست بە ماناى ووشە توانییان دابڕان لە شانوَى كوردیدا دروست بكەن ، بوَیە دەبوو  نووسەر جەختى لەسەر ئەو چەند خاڵە بكردایەتەوە .
 لە سێیەم تەوەرى كێبەكەیدا نوسەر باس لە ئامادەگى شانوَى بێهودەیى لە شانوَى ئەزمونگەرى كوردیدا دەكات, كە پێموایە زوَر بە جوانى باسى ئەو پەیوەندییەى لە ئەزمونەكانى تیپى شانوَى ئەزمونگەرىدا كردووە بەڵام دبوو بە هەمانشێوە ئەو تەوژمە بێهودەییەى كە راستەوخوَ لە دواى پروَسەى ئازادییەوە لە كەركوك هاتە ئاراوە بخستایەتە بەر باس و قسەكردن بەوەى كە ئەو كات كوَمەڵێك نمایش لە كەركوك پێشكەش كران كە فوَرمێكى تەواو بێهودە باڵى بەسەریاندا كێشابوو،هەرچەندە كەمترین ئاگایى لە پشتى ئەو نمایشانەوە هەبوو كە ئەو كات كارەكتەرێكى سەرەكى ئەو ڕەوتە عەبەسییە (كوَسرەت عەبدولرەحمان) بوو ، هاوشێوەى بزوتنەوەكەى(هوَرێن غەریب) لە سلێمانى خەریك بوو زوَربەى شانوَكاران بەتایبەتى ئەو جیلە گەنجەى كە تازە هاتبوونە نێوەندە شانوَییەكەوە بكەونە ژێر كاریگەرى ڕەوتەكەوە كە خودى خوڵقێنەرى ئەو كەشەى ئەوكاتە كەمترین ئاگایى و مەعریفەى لەسەر ئیشكردن لە شانوَ لە ژێر كاریگەرى پڕوَژەدا هەبوو،نا بەڵكو ئەسڵەن ئەوەندەى كار لەسەر لایەنى پراكتیكى دەكرا هێندە بیر لە پڕوَژەیەك نەدەكرایەوە بوَ قوتاركردنى ئەو دوَخە نالەبارەى كە شانوَى ئەوساى كەركوك  تێیكەوتبوو بەوەى كە زوَر پێویست بوو لەسەر شانوَكاران و بەتایبەتى ئەوانەى كە لە شارەكانى ترى كوردستانەوە گەرابوونەوە بە جوَرێكى جیاواز لە شانوَى باو كەركوك كاربكەن،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كوَمەڵە نمایشەى ئەوكات دروست بەماناى ووشە جیاواز بوو لە ئیشەكانى پێشووى شارى كەركوك ، واتە لە ئیشەكانى كوَسرەت عەبدولرەحمانەوە دەركەوت كە جوَرێكى تریش لە ئیشكردن هەیە و جیاوازە لە شانوَى باوى كەركوك بەڵام تەنها پێویستى بە عەقڵێكى ڕێكخەر هەیە، كە ئەوكات ئەو عەقڵە ڕێكخەرە بوونى نەبوو.
 دوا تەوەرى كتێبەكەى نیهاد جامى تەرخان كراوە بوَ سینوَگرافیا و پەیوەندى ئەم هونەرە بە شانوَى ئەزمونگەرى كوردییەوە,كە سەرەتا باسێكى زانستى و بە پێزى لەسەر سینوَگرافیا و مێژووى سینوَگرافیا خستووەتە ڕوو،پاشان رەبتكرنەوەى سینوَگرافیا بە شانوَى ئەزمونگەرییەوە و پێچەوانەكردنەوەى ئەو هاوكێشەیەى كە سینوَگرافیا شانوَى ئەزمونگەرى هێنایە بوون،بەڵام شانوَى كوردى بە پێچەوانەوە بوو واتە شانوَى ئەزمونگەرى سینوَگرافیاى دروست كرد،یانى بەر لە دروست بوونى شانوَى ئەزمونگەرى لە تەواوى نمایشەكاندا شتێك لە ئارادا نەبوو بە نێوى سینوَگرافیاوە،كە ئەم خاڵە گومانمان لە زانستى بوونى شانوَى كوردى زیاتر دەكات و سوورترمان دەكات لەسەر ئەوەى كە بڵێین"سەرەتاى شانوَى كوردى هەر ئارەزوو بووە"،هەر ئەم بوَچوونەى نوسەر خاڵێكى تریش ڕوون دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە زوَربەى شانوَكارى كورد بوَچوونێكى هەڵەیان لەلا دروست بوبوو لەسەر سینوَگرافیا و پێیانوابوو كە هەموو نمایشێكى ئەزمونگەرى ئەبێت سینوَگرافیاى تێدابێت ، واتە سینوَگرافیا ڕەگەزێكى سەرەكى ئەومونگەرییە، دواتر نوسەر باس لە ستروكتورى سینوَگرافیا لە شانوَى كەركوك دەكات،بەڵام ئێستا و لە دواى ئەوەى كە سینوَگرافیا لە ڕێگەى كارەكانى تیپى ئەزمونگەریەوە بوونى خوَى وەك هونەرێكى باڵا ڕاگەیاند, كە دروست بە مانا سیموَلوَژییەكەى دەركەوت، كەچى بەشێك لە شانوَكاران لەوەودوا بەبىَ بوونى هیچ باككراوندێك لەسەر ئەو هونەرە و بەبىَ هیچ هەستێكى مەسئولیەتەوە لە نمایشە كرچ و كاڵەكانیاندا دیكوَر و موفرەداتە پەرش و بڵاوەكانى سەر شانوَ ناو دەنێن سینوَگرافیا،
 لێرەدا دەگەرێینەوە بوَ سەر وەڵامى پرسیارەكەى سەرەتا و ئەگەر خوێنەر بە مەنتق لێكیبداتەوە ئەگاتە ئەو بڕوایەى كە بە فیعلى وەڵامەكە بە ئەرێیە.
 

Previous
Next

Leave a Reply