Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

خوێندنەوەیەک بۆ بیرەوەرییەکانی ستریندبێری

Be First!
by November 9, 2012 ئەدەب

 

 

نووسەری سوێدی ئاوگوست ستریندبێری( ١٨٤٩-١٩١٢) هەموو فۆرم و شێوازەکانی نووسین: رۆمان، پرۆسە، شیعر، کورتە چیرۆک، شانۆنامە، ڕێپۆرتاژ، سەفەرنامە، وتار، رەخنەی هونەری و ئەدەبی تاقی کردۆتەوە، ئێجگار فرە بەرهەم بووە و بە داهێنانەکانی توانیوویەتی زمانی سوێدی و دراما و شانۆی جیهانی نوێی بکاتەوە. تا ئێستا کۆی بەرهەمەکانی لە ٧٢ بەرگداو نامەکانیشی لە ٢٢ بەرگدا چاپکراون. بەڵام یەکێک لە بەرهەمەکانی کە دوای سەد ساڵ بەسەر مردنی خۆیدا بڵاودەکرێتەوە و دەبێتە جێگای سەرنج و گفتوگۆی ناوەندە کلتورییەکەی سوێد، یاداشتەکانییەتی، کە گرینگترین و شاراوەترین نهێنییە تایبەتمەندەکانی خۆی تیا تۆمارکردووە.

  ئەم ساڵ ئەم بەرهەمە بە بۆنەی تێپەربوونی سەد ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ستریندبێریدا، بۆ یەکه‌مجار لە سێ بەرگدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە: بەرگی یەکه‌میان خودی دەستنووسەکەیە، بەو شێوەیەی کە نووسیوویەتی؛ بەهەمان قەبارە، بەهەمان جۆری کاغەز و بە شێوەیەکی ڕەنگاو ڕەنگ و بە دەست و خەتی ستریندبێری خۆی سکانەرکراوە.  بەرگی دووەمییان هەمان دەستنووسە، بەڵام بە چاپکراوی و بەرگی سێیەمیش تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەیەکی ورد و هەمەلایەنی یاداشتەکان.

ستریندبێری پێی وابووە، کە ئەم یاداشتگەلە گەورەیە، لەهەمان کاتداخودگه‌را و تایبەتمەندە، لەوانەیە کاردانەوەیەکی خراپی بەسەر باری دەروونی خەڵکی و ئەو کەسانەی دەیخوێننەوە هەبێت، لە بەر ئەوە دەبێت بسوتێنرێت و لەناو ببرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ستریندبێری بە قەڵەمێکی ڕەش و بە خەتێکی گەورە لەسەر بەرگی دەرەوەی یاداشتەکانی نووسیویەتی (رۆژژمێرێکی نهێنیئامێز١٨٩٦-١٩٠٨، نابێت کەس بیبینێت؛ نابێت چاپ بکرێت، نابێت بدرێتە کتێبخانە فەرمییەکان کە دەست خەڵک بکەوێت.) بێگومان ستریندبێری له‌وه‌ دڵنیا بووه،‌ کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم یاداشتگەلەی هەر چاپ دەکرێت، ئەو هەرگیز حەزی بە دونیای نهێنیئامێز و شاردنەوەی شتگەل نەکردووە و وەک نووسەریش کاری ئەوە بووە پەردە لە سەر نهێنییەکانی خۆی و کەسانی تر هەڵبماڵێت. ئەمرۆ دوای سەد ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەم نووسەرەدا، یاداشتەکانی بۆ یە‌که‌مجار وەکوو خۆی بڵاودەکرێنەوە.

ستریندبێری لە مانگی دووی ساڵی ١٨٩٦ دا،کە لە هوتێلی ئۆرفیلە Orfila لە پاریس ژیاوە، باری دەروونی باش نەبووە و بە قەیرانێکی دژواردا تێپەریووە، خەریکی دروست کردنی ئاڵتون بووە. خۆڵ، گۆگرد، ئاسن و زیو و ئامێرەکانی بەکارهێنانی تووخمە کیمییاوییەکانی بە چەشنێک لە ژوورەکەیدا کەڵەکە کردووە، کە جێگای خۆی نەبووەتەوەو بیری کردۆتەوە ژوورێکی تر بۆ شتەکانی بگرێت. هەر لەم کاتەدا بە شێوازی ڕۆژمێر دەستی کردووە بە نووسینی ئەو رووداوانەی کە لە ده‌وروبه‌رییه‌وه‌ روویان داوە، هاوکات له‌گه‌ڵ هەست و سۆزی خۆی، شتە سەیر و سەمەرەکان، هه‌روه‌ها نامۆبوونی. دواتر لە مانگی پێنج و شەشەوە ڕۆژمێرەکەی، کارەکتەر و فۆرمی یاداشتنامە لە خۆدەگرێت و نووسینەوەی شتەکان چڕتر و فراوانتر دەبن. لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٠٨ یشدا، کە سەرلەنوێ بە ته‌نگژه‌یه‌کی تری دەروونیدا دەروات، وازی لە نووسینی یاداشتەکانیشی هێناوە. ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە، کە ئەم یاداشتگەلەهەر  لە سەرەتاوە فۆرمێکی میتافیزیکی و فرە مانای لە خۆگرتووە، هەروەها لەبری زمانی سوێدی، بە زمانی فەرەنسی نووسیویەتی. بۆ ئەم مەبەستە، لە ژێر کاریگه‌رێتی و بیروبۆچوونه‌کانی نووسەری گەورەی سوێدی “ئیمانۆئیل سوێدنبۆری” کە لە سالەکانی ١٧٠٠ەکاندا ژیاوە، دەست پێدەکات. بەڵام لە ساڵی ١٩٠٨دا بە چەند وشە و ڕستەیەکی رۆژانەی وەک (گوێزامەوە بۆ شەقامی شاژنی ژمارە ٨٥) کۆتایی بە نووسینی ئەم یاداشتگەلە دێنێت. ئەوەی ئاشکرایە ستریندبێری بیرۆکەی ئەم یاداشتگەلەی لە ئەنجامی تەنگەژەیەکی ئیکسنتیالیزمی و دینی، لە ناوەراستی ١٨٩٠ەکانەوە لەلای سەری هەڵداوە، خودی تەنگەژەکەش لە ساڵی ١٨٩٢ەوە، دوای جیابوونەوەی لە ژنی یەکەمی “سیری فۆن ئێسن” دەرکەوتووە. دواتر ستریندبێری سوێد بە جێدەهێڵێت و لە بەرلین نیشتەجێ دەبێت. یەکێک لە نیشانەکانی ئەم ڕەوشە نالەبارەش ئەوە بووە، کە ستریندبێری نووسەرێکی فرە بەرهەم بووە، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم بارودۆخەدا چیتر نەیتوانیوە بنووسێت. هۆکارەکانیشی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم نووسەرە هەستی بە گوناهو ئازار کردووە، ئەم هەستەش هەر لە منداڵێەوە لەگەڵیدا بووە، لە کاتی جیابوونەوەشی لە “سیری فۆن ئێسن” زیاتر و چڕ و قووڵتر دەبێتەوە.   ستریندبێری، کە واز لە نووسینی یاداشتگەلەکەی دەهێنێت، بە تەواوەتی لە ژنی سێیەمیشی “هارییەت بوسێ” جیابوەتەوە و لە خانووبەرە دڵگیرەکەشیان دەگوێزێتەوە بۆ تاوەرە شینەکەی لە شەقامی شاژن. 

 

 ستریندبێری بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە ئەم یاداشتگەلەی تیا تۆمارکردووە، ژیانی بە چەندین قۆناخدا تێپەڕیووە و کاریگەرییان بە سەر بەرهەمەکانییەوە هەبووە؛ بۆ نموونە هەر لەو ساڵانەدا، بە تایبەتی لە ساڵی ١٨٩٦ دا، وەک لەمەوبەر ئاماژەم بۆ کردووە، بە تەنگەژەیەکی دەروونی دژوار و بە هێزدا تێدەپەڕێت، ئەم تەنگەژەیەش لە ژیانی ستریندبێریدا بە قۆناخی “دۆزەخ” ناوزەد دەکرێت. 

ستریندبێری لە دەستپێکی نووسینی ئەم یاداشتگەلەدا دەڵێت: (ژیانم کەوتە بارودۆخێکی گرانی ئه‌وتۆ، کە خۆم بە دۆزەخ ئاماژەم بۆ کردووە. لە ساڵی ١٨٩٧ یشدا، بۆ دووپاتکردنەوەیەکی ئەو دۆزەخەی ژیانم کتێبی (دۆزەخ) م نووسی، کە بووە خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان و گۆرانکاری لە ژیانمدا.) ئەم قۆناخەی ژیانی ستریندبێری کە بە تەنگەژەی دۆزەخ ئاماژەی بۆ دەکرێت، لە لایەن چەندین تۆیژەرەوە و پسپۆری تایبەتمەندەوە کاری لە سەر کراوە. 

ستریندبێری هەر لەم ساڵانەدا سەفەری زۆری بۆ دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی بۆ بەرلین و پاریس کردووە، کە لە ژنی دووەمیشی “فریدا ئول” جیادەبێتەوە، لە پاریس نیشتەجێ دەبێت. کە دەشگەڕێتەوە بۆ سوێد، لەبری ستۆکهۆڵم لە شاری لوند جێگیر دەبێت. هەر لەو ساڵانەدا زەماوەند لەگەڵ “هارییەت بوسێ” دەکات، شانۆی ئینتیم دادەمەزرێنێت و بە شێک لە شاکارە گەورەکانی، بۆ نموونە بەرەو دیمەشق، خەونە نمایشێک، سەمای مەرگ، دۆزەخ، ئاڵا ڕەشەکان و هەر سێی بەرگی کتێبی شین… هتد دەنووسێت. 

ئەم نووسەرە بەرەوام لەگەڵ خۆی،  دەوروبەرەکەی و کۆمەڵگاشدا لە کێشە و دابڕاندا بووە؛ بە شێوازی تر بیری کردۆتەوە، نووسیویەتی و بە فۆرمی جۆراوجۆر بەرهەمی تری خوڵقاندووە. ستریندبێری کەسێکی هەمیشە گەرۆک و نا ئارام بووە، لە هیچ شوێنێک هەستی بە ئاسوودەیی نەکردووە و بە بەردەوامی هەموو شتەکانی لە دوای خۆیەوە بەجێهێشتوە: ڕاستییەکان، بیروبۆچوونەکانی، هاوڕێکانی، ژنەکانی، منداڵەکانی، ناونیشانەکانی، شار و وڵاتەکان. یاداشتەکانیشی، هەر وەک رۆمانەکانی، شانۆنامەکانی، نامەو یادەوەرییەکانی وێنەیەکی چڕ و وردی ژیانی خۆی بەرجەستە ده‌که‌ن، سەرگوزشتەی هونەرمەندێکی رەچەشکێنمان بۆ دەگێرێتەوە و زیاتر لەم نووسەرەمان نزیک دەکاتەوە. 

 

ئەم یاداشتگەلەی ستریندبێری لە هەموو ڕوویەکەوە بە دۆکومێنتێکی بێ رتووش و بیۆگرافیایەکی چڕ و ڕاستەوخۆ و ووردی ژیانی ستریندبێری دادەنرێت. هەر خۆشی بە ماوەیەکی کورت، بەر لە مردنی باسی ئەوەی کردووە، کە ئەم یاداشتە پڕ لە ڕاز و نهێنیانە، دوا بەشەکانی ژیان و بیۆگرافیای ئەو پێک دەهێنێت. خوێنەر بە هۆی ئەم یاداشتگەلەوە زۆر لە ژیانی ڕۆژانە و بیرکردنەوەی نووسەرێکی گەورەوە نزیک ده‌بێته‌وه‌، ئەمە جگە لەوەی دونیای هەست و سۆزی بە شێوەیەکی چڕ و ڕاستەقینە، بەبێ هیچ دەمامکێک دەبینێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە دووپاتی بکەمەوە ئەوەیە، کە ئەم یاداشتگەلە بەرهەمێکی ئەدەبی خاوەن ستایل و فۆرمی تایبەتمەندی خۆی نییە و ستریندبێریش بەو مەبەستە نەینووسیوە. بەڵکو هەوڵێکی بێ شومار و گەوەرەی ئەم نووسەرەیە بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و دەووروبەرەکەی، ئەوەی لەو یاداشتگەلەدا تۆمارکراوە تەنها بۆ خۆی نووسیوە و لە سەرەتاشەوە مەبەستی بڵاوکردنەوە نەبووە. 

تاکو ئێستا تەنها بۆ پسپۆر و لێکۆڵەرەوانی ئەدەب و ژیانی ستریندبێری، ئەوەش بە شێوەیەکی سنوردار هەبووە، کە ئەم یاداشتگەلە نهێنیئامێزە ببین، بیخوێندنەوە و لە کارە شیکارییەکانییاندا سوودی لێوەربگرن۱.

هەڵبژاردەیەکی کورتی ئەم یاداشتگەلە، بە تایبەتی ئەو بەشەی کە باسی پەیوەندییەکانی ستریندبێری و دوا ژنی “هارییەت بوسێ” دەکات، لەگەڵ بەشێک لە نامەکانیان لە ساڵی ١٩٦٢ دا بلآوکراونەتەوە. دەستنووسەکانی ئەم یاداشتگەلە لە بەشی ئەرکیڤی تایبەتمەند بە ستریندبێری لە کتێبخانەی پاشایەتی لە ستۆکهۆڵم پارێزراون٢.

 

“هارییەت بوسێ” لە یاداشتەکانی ستریندبێریدا

 

کە کیژە ئەکتەری قەشەنگ “هارییەت بوسێ” لە ساڵەکانی ١٩٠٠ ەکاندا دێتە ژیانی ئەم نووسەرەوەو ستریندبێری سەرلەنوێ دەکەوێتە داوی عەشقێکی ئەبەدی و پڕ لە ژان و ئازارەوە، ئەم یاداشتگەلەش کارەکتەرێکی تر لە خۆدەگرێت و ئەو پەیوەندییە بەشێکی گەورەی بیرەوەری و خودی ئەو یاداشتانە داگیردەکات. بەووردی گیروگرفتەکانیان، نامەکاینان، ساتە خۆش و ناخۆشەکانیان و تەنانەت پەیوەندییە سێکسیەکانیشیان تۆماردەکات. زمانەکەی تۆنێکی تر لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دەسەڵاتە نادیار و غەیبییەکانداپێک دێتەوە(ئاشت ده‌بێته‌وه‌ جوانتره‌)، حەزێکی گەورە باوەش بۆ پاشەڕۆژێکی رووناکتر دەکاتەوە. “هارییەت بوسێ” وەڵامی ئەم عەشقە ئەداتەوە، ئامێزی بۆ دەکاتەوە و لە ٦ی مانگی پێنجی هەمان ساڵدا زەماوەند دەکەن: ستریندبێری تەمەنی ٥١ ساڵ و هارییەت بوسێ ٢٢ ساڵ دەبێت. کە ئەو عەشقەش تەواو دەبێت و “هارییەت بوسێ” واز لە ستریندبێری دەهێنێت و دوای کەسێکی تر، هاوتەمەنی خۆی دەکەوێت، یاداشتەکانیش کۆتیاییان دێت و ستریندبێری چیتر یەک وشەی تری تیا نانووسێت، بەم شێوەیەش یاداشتەکان کۆتاییان پێ دێت. ستریندبێری لە ١١ ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٠٨ دا دوا وشەکانی لەم یاداشتگەلەدا تۆمارکردووە، هەر لەم ڕۆژەشدا ئەو خانووەشی چۆڵ کردووە کە لەگەڵ زەماوەندکردنی “هارییەت بوسێ” چووەنەتە ناوییەوە. ستریندبێری بیست و نۆ ساڵ لە “هارییەت بوسێ” گەورەتر بووەو ئەم جیاوازییەش لە تەمەندا کاریگەری بەسەر ژیانی هەر دووکیان و سەرنەکەوتنی ژن و مێردایەتیەکەشیانەوە هەبووە. ستریندبێری دوای ژیانی چواردە ساڵ لە تاراوگە، دوو ژنی تر و خستنەوەی چەندین منداڵ، نەیدەتوانی “هارییەت بوسێ” یەکی گەنج و شۆخ رازی بکات و هەر زوو دەکەونە کێشەوە. دواتر “هارییەت بوسێ” لە ساڵی ١٩٣٢ دا سەبارەت بەو سەردەمە و نامەکانی ستریندبێری وتوویەتی (ستریندبێری بە تەمەن لە من زۆر گەورەتر بوو، ئەو ژیانی خۆی ژیابوو، لەگەڵ شتگەلەکانی ژیاندا تەواو بووبوو، بەڵام من هێشتا هەر دەستم پێنەکردبوو.) 

 

نووسەرێک لە ناو خەون و  یاداشتگەلێکدا

 

ستریندبێری لە ماوەی ئەو یانزە ساڵەی کە یاداشتەکانی تیا تۆمارکردووە، ئێجگار بەرهەمی زۆر بووە، چەندین شاکاری گەورەی نووسیوە، ئەو بەرهەمانەی لەو قۆناخەدا نووسیونی لە سی بەرگی کۆبەرهەمەکانیدا کۆکراونەتەوەو بڵاوکراونەتەوە٣ بۆ نموونە ستریندبێری لە مانگی دووی ساڵی ١٨٩٨ دا بە چەند ڕۆژێکی چڕ و کارێکی بەردەوام بەشی یەکەمی شانۆنامەی (بەرەو دیمەشق) ی لە پاریس نووسیوە، لەم بارەیەوە لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی ( ئەمرۆ چەند جارێک دەستم کرد بە گریان، کۆتایی پەردەی سێیەمم نووسی) ئەو گریانەی ستریندبێری جۆرێک بووە لە گریانی خۆشی، دوای تەنگەژەیەکی دەروونی قووڵ، دابڕان و نەخۆشی، توانیوویەتی سەرلەنوێ دەست بکاتەوە بە نووسین. دیمەن و دیالۆگەکان لە (بەرەو دیمەشق) بە شێوەیەکی ناتوریی و ساکار پێکەوەو لەناو یەکتریدا گەشەیان کردووە. هەروەها ستریندبێری لە زۆر بەشی ئەم یاداشتگەلەیدا، بە ووردی ئەو خەونانەی کە بە شەو بینیوویەتی گێراوەتەوە و هەوڵیداوە لێکدانەوەیان بۆ بکات. هەموو ئاماژەکان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، کە ستریندبێری بەرهەمەکانی فرۆید، بەتایبەتی لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی سەبارەت بە (خەون) و لێکدانەوەی (خەون) ی نەخوێندۆتەوە. بەڵام دونیای خەون جێگای سەرنجی ئەو بووە، هەوڵی داوە راڤەیان بکات و کۆدەکانیان شی بکاتەوە و بە ژیانی رۆژانەی خۆیەوە پەیوەستیان بکات. ستریندبێری لە ژیانی خۆیەوە، لە دەوروبەرەکەیەوە، لەو کەسانەوەی کە پەیوەندی هەبووە پێیانەوە، خەونەکانی لێکداوەتەوە. ستریندبێری لە ١٦/٤/١٩٠٨ دا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە خەویا لە هوتێلێکی گەورەدا بە دوای ژوورەکەی خۆیدا گەڕاوە، چۆتە ئەسانسێرێکەوە و دەست بەجێ لە ژێریدا پچڕاوە و بە گرمە گرمێکی گەورەوە کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام ئەو قوتار بووەو لەم رووداوە کارەسات ئاسایەدا هیچی لێ نەهاتووە. ستریندبێری دەڵێت (خەبەرم بووەوە! بیرم کردەوە ڕەنگە ئەوە شانۆی ئینتیم بێت، من وەکوو ئەسانسێرێک پیا سەرکەوتووم و لە ژێرمدا داڕما. یان ئەم خەوە مانای سەرلەنوێ بەئاگاهاتنەوەی عەشقەکەی منە بۆ هارییەت، کە گەنج بۆتەوە، هەروەها منیشی پاکژ کردۆتەوە، لە بەر ئەوەی من چواردە رۆژە هیچ مەیم نە خواردۆتەوە و بە وردی چاودێری خۆمم کردووە، ئەم کاتە بە عەشقی خۆی تێپەریووە و ئێستاش ئەو عەشقە کەم بۆتەوە و بەرەو نەمان دەچێت.)  ستریندبێری لە شاکارە گەورەکەیدا، شانۆنامەی (خەونە نمایشێک) زیاتر لە خەون نزیک دەبێتەوە، تەکنیکی خەون لە ئاستێکی باڵادا لە سترکتوری ئەو شانۆنامەیەدا بەکار دەهێنێت و دەرگایەکی نوێش بە ڕووی شانۆیەکی مۆدێرنی ئەوروپی دا دەکاتەوە.  

ئەم یاداشتگەلە جگە لە تۆمارکردنێکی ژیانی رۆژانە و لێکدانەوەی خەون و پەیوەندییەکانی بە “هارییەت بوسێ” و قسەکردن لە سەر بەرهەمەکانی خۆی و نووسەرەکانی ئەو سەردەمە، نزیکەی سەد پارچە رۆژنامەی تیادایە، کە ستریندبێری رۆژانە لە رۆژنامەکانی کردۆتەوەو بە لاپەرەکانی ئەم رۆژمێرەوەی نووساندووە. هەر بۆ نموونە، یەکێک لە هاوڕێکانی ڕەخنەگری دانیمارکی “جۆرج براندەس” وتارێکی رەخنەئامێزی بە تەنزی سەبارەت بە هەوڵە بێهودەکانی ستریندبێری و دروست کردنی ئاڵتون نووسیوە، ستریندبێریش ئەم وتارەی لە رۆژنامەکە کردۆتەوە و نووساندویەتی بە یەکێک لە ڕووپەڕەکانی یاداشتگەلەکەی و لە ژێرێدا نووسیویەتی، گەوج و گێل!  هەروەها لێرەو لەوێ لە سەر ڕووپەڕی ئەم یاداشتگەلە هەشتا وێنە، کە ستریندبێری خۆی دروستی کردوون هەیە و لەژێر هەر وێنەیەکیشدا بە چەند وشەیەک گوزارشتی لێکردووە، جگە لە ٢٨٢ پارچە کاغەزی تر، کە لەنێو لاپەرەکانی ئەم یاداشتگەلەدان و ستریندبێری شتی لە سەر نووسیون.  ئەمەش وەک پاشکۆیەک وایە کە ستریندبێری دۆکیومێنت، هەواڵ، بابەتی بڵاوکراوەی رۆژنامەکانی کۆکردۆتەوە و دیدو بۆ چوونی خۆی لە سەر نووسیون و بەمەش وێنەیەکی کلتوری ژیانی رۆشنبیری ئەو کاتەی سوێدمان بۆ دەپارێزێت.

ستریندبێری زۆرجار گەراوەتەوە سەر ئەم یاداشتگەلە، شتی لێ کوژاندۆتەوە، لە هەندێک شوێندا فۆرمەلەی نووسینەکانی کردۆتەوە، دێڕ و دەستەواژەی تری بۆ زیادکردوون، هەڵەی زمانەوانی چاک کردۆتەوە و لە سترکتورە گشتیەکەدا ڕێکی خستونەتەوە.  

 

ستریندبێری لە هەندێک شوێنی یاداشتەکانیدا، بەتایبەتی کە ویستویەتی مەبەستی نووسینەکەی ئاشکرا نەکات، بە گرێکی و لاتینی و فەرەنسی نووسیویەتی، بە تایبەتی گەر ناوی کەسێکی ناسراوی نووسێبێت، یان ئەو کەسانەی، کە پەیوەندییەکی گرژی هەبووە لەگەڵیان. هەروەها کە بە شیوەیەکی نزیک و کەسێنی باسی پەیوەندییەکانی خۆی، بەتایبەتی پەیوەندییە سێکسیەکانی بە “هارییەت بوسێ” یەوە دەکات، ئەوە کۆدی شاراوە و زمانی گرێکی کۆن بەکاردەهێنێت. ئەمە جگە لەوەی ستریندبێری لە هەندێک شوێندا سەنسووری دژی خۆی بەکارهێناوە و هەندێک لە تێکستەکانی لێرەو لەوێ کوژانۆتەوە و بە قه‌لەمێکی ڕەش خەتی بەسەدا هێناون٤. 

 

یاداشتگەلی نهێنی ئامێز

 

ستریندبێری لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٠٠ ەکانەوە  وشەی نهێنی،  بەمانا دینییەکەی کە زیاتر دەگەرێتەوە بۆ رەگ و ریشە و چەمکە قووڵە رۆحی و دینییە تەموومژاوییەکان، دەنێت بە یاداشتەکانییەوە، بەم شێوەیەش دەبێتە یاداشتگەلێکی پڕ لە نهێنی. ستریندبێری هەر لە سەرەتای ئەم یاداشتگەلەدا وتەیەکی لە کتێبە دێرینەکانی دەستپێکی شارستانییەتی یەهودییەکانەوە وەرگرتووە و وەکوو سەردێری ئەم یاداشتگەلە تۆماری کردووە. ئەو وتەیەش بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: (ئەگەر تۆ دەتەوێت شتە نەبینراوەکان بناسیت، ئەوە بە دوو چاوی کراوەوە، بە ڕەهەندەوە لە شتە بینراوەکان بڕوانە.) ئەم یادەوەرییانە بۆ ئەم نووسەرە جۆرە ئامرازێک بووە بۆ جیاکردنەوەی ڕەهەندەکان، پاکژ بوونەوە، ڕووناک کردنەوەو کۆکردنەوەی دید و وەرگرتنی پەیامە ڕۆحییەکان.  

ستریندبێری دەیەوێت لەم یاداشتگەلەدا هەموو شتە بینراوەکان هەر لە ڕووداوی ژیانی ئاسایی رۆژانەوە، تا دەگاتە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی بە دەوروبەرەکەی، نێوەندە رۆشنبیری و کلتوریەکەی ئەو دەمەی سوێد، دەزگا چاپەمەنییەکان، وەرگێرەکانی و تەنانەت ئافرەتانیشەوە، بە ووردی تۆمار بکات. لە هەمانکاتدا شتە نەبینراوەکان؛ هەست کردن بە تارمایی، بیستنی دەنگی ناوەوەی خۆی، تێرامانە هەنووکەییەکان و هەموو ئەو شتە نهێنیانەی لە دەوروبەری خۆی بینیوویەتی و هەستی پێکردووە، لەم دەروازەیەشەوە هێز و وزەیەکی رۆحی وەرگرتووە. 

 ستریندبێری بروای بە خوا هەبووە، لە نهێنییە دینییەکانی کۆڵیوەتەوە و تاقیکردنەوەی کیمیایی و دروست کردنی ئاڵتون، بەشێکی گرینگی ژیانی بووە، ئەمەش لە یاداشتەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە، باسی کردوون، بە چاوی سەرنجەوە لە دیاردەو ساتە رۆحییەکانی خۆیی و هێزە ئەزەلییە ئاسمانییەکانی کۆلیوەتەوە. رەهەندە رۆحییەکەی ئەم نووسەرە چەندین ئاراستە لە خۆدەگرێت، زۆرجار دیدێکی میتافیزیکی ئاوێزانی بۆچوونەکانی دەبێت و لە دونیایەکی تەموومژاوییدا دەسوڕێتەوە، تەنانەت هەندێک لەو وێنانەشی کە دروستی کردوون هێماگەلی دینی لەخۆدەگرن. ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٠٤ لە یەکێک لە نامەکانیدا نووسیویەتی (خاچێکی ڕەشی تەختە و مێژووەکەم! ئەمە تەنها مۆنەمێنتێکە کە من داوای دەکەم)٥ ستریندبێری هەندێکجار دووپاتی ئەوەشی کردۆتەوە، کە ترسی ئەوەی هەیە لایەنە رۆحی و چەمکە نهێنیئامێزەکانی یاداشتەکانی بە هەڵە لێک بدرێتەوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە دەیەوێت سیماو مۆرکە دینییەکەی رەوتێکی ئاسایی لە خۆبگرێت. 

 

ستریندبێری وەک بیۆگرافیایەک سەیری یاداشتەکانی کردووە، بەشێک بووە لەو بەرهەمانەی کە لە ژیانی تایبەتمەندی خۆیەوە نووسیونی، بۆ نموونە “ژوورە سورەکە” و  “کوڕی کارەکەرەکە” و “وتاری بەرگری شێتێک” و “تەنهایی” و “نامەکانی” و “دۆزەخ”…هتد لە هەندێک لە کارەکانیدا گەڕاوەتەوە سەر یاداشتەکانی، سوودی لێوەرگرتوون و بەکاریهێناون. ستریندبێری بە تایبەتی،  کە رۆمانی (دۆزەخ) دەنووسێت، گەراوەتەوە سەر ئەم یاداشتگەلە و بەشێکی دەقاو دەق تێهەڵکێشی سترکتور و رووداو و رۆنانی رۆمانەکە کردووە. 

 

شانۆی ئینتیم   

 

ستریندبێری لە ساڵی ١٩٠٧ دا شانۆ تایبەتمەندەکەی خۆی (شانۆی ئینتیم) لە ستۆکهۆڵم دادەمەزرێنێت، دامەزراندنی ئەم شانۆیەش پانتاییەکی گرینگ لە یاداشتەکانیدا لە خۆدەگرێت. هەر ئەم شانۆیەش گیروگرفتی مادی بۆ دروست دەکات، کرێی شانۆکە، مووچەی ئەکتەرەکانی و دارایی بەرێوەبردنی شانۆکە دەبنە تەنگەژەو سەر ئێشە بۆ ستریندبێری، هەر بۆ نموونە دەستبەجێ پێوویستی بە دوو هەزار کرۆن بووە بۆ ئەوەی یەکەم کرێی شانۆکەی بدات. ئەم رەوشە ستریندبێری ناچار ده‌کات، بە نابەدڵی و بێزارییەوە بیر لە فرۆشتنی یاداشتگەلەکەی بکاتەوە٦.

ستریندبێری بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی کردووە بە دەزگای (بۆنیەش)ەوە، تاکە مەرجیشی بۆ فرۆشتنی ئەم یاداشتگەلەی ئەوە بووە کە لەلای خۆی بمێنێتەوە تا بتوانێت بەردەوام بێت لە نووسینی رۆژانەی خۆی. لەم ڕووەوە لە نامەیەکیدا بۆ دەزگای ناوبراو دەڵێت (ئێوە دەبێت ئەو بڕوایەتان بە من هەبێت، کە یاداشتگەلەکە لەلای خۆم بمێنێتەوە، تابتوانم بەردەوام بم لە نووسینی یاداشتەکان و بەم شیوەیەش گەشە بکات و هەڵبکشێت/…/ من ئەم یاداشتگەلە بۆیە دەفرۆشم تا کرێی شانۆکه‌می پێ دابین بکه‌م، گەرنا ئەمە بازرگانی نییە کە بەم یاداشتگەلەوە دەیکەم! ئەگەر ئێوە هیچ ڕێگایەکی تر لەبری ئەمە شک دەبەن، ئەوا پێم بڵێن! بێگومان ئێوە دەتوانن یاداشتگەلەکە لەلای من ببینن.) ستریندبێری مەبەستی بووە یاداشتگەلەکەی بە بارمتە دابنێت، تا بەو شێوەیە شانۆکەی لە تەنگەژەی دارایی و داخستن رزگار بکات٧. ستریندبێری لە نامەیەکی تریدا بۆ دەزگای بۆنییەش دەڵێت ( کە بیر لە فرۆشتنی ئەم یاداشتگەلە، وەک شتێکی کەسێنی خۆم دەکەمەوە، هەست دەکەم لاشەی خۆم کە شیکاری جەستەیی بۆ کراوە، فرۆشتبێت.) ستریندبێری دەتوانێت لە ٧ ی مانگی سێی ساڵی ١٩٠٨ دا یاداشتگەلەکەی لە دەزگای بۆنیەش بکرێتەوە، دوای کرینەوەشی لە پەراوێزی بەرگی ناوەوەی دەفتەری یاداشتەکانیدا دەنووسێت (ئەم یاداشتگەلە نابێت هەرگیز چاپ بکرێت! ئەمە دوا داوای منە! دەبێت جێ بە جێ بکرێت.)٨ کە ستریندبێری بە تەواوەتی واز لە نووسینی یاداشنامەکەی دەهێنێت و هیچ هیوایەکی بە گەرانەوەی “هارییەت بوسێ” نامێنێت خۆی تەرخان دەکات بۆ شانۆی ئینتیم، نووسینی شانۆنامە، لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، گفتووگۆ و وتاری رەخنەیی.   

 

یاداشتگەلێک لە سەر شانۆ

 

شانۆی شار لە ستۆکهۆڵم، بە بۆنەی سەد ساڵ بە سەر کۆچی دوایی ستریندبێری و بۆ یەکمجار بڵاوکردنەوەی ئەم یاداشتگەلە نهێنییەی ئەم نووسەرە گەورەیەدا، یاداشتگەلەکەیان کردووە بە شانۆ. یاداشتگەلێکی نهێنی لە سەر شانۆکەی ستریندبێری، ئەو شانۆیەی سەد ساڵ لەمەوبەر یاداشتەکانی بۆ فرۆشت، شانۆی ئینتیم نەمایش دەکرێت. 

ریژیسۆری شانۆنامەکە هەر خۆی لە دیدێکی هونەری چڕەوە، لە تێروانینێکی شانۆیی و لە رووبەرووبوونەوەی نهێنییەکانی ستریندبێریدا دەقەکەی ئامادەکردووە. ئەم ڕیژیسۆرە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی ژیانی ستریندبێری، لە ماوەی نووسینی یاداشتگەلەکەیدا بەرجەستە بکات، پێنج کارەکتەری ستریندبێری لە پێنج قۆناخدا دروست دەکات. ئەم پێنج کەسایەتییە کە بەرجەستەی ژیان و کارەکتەری ستریندبێری لە پێنج قۆناخی تەمەنیدا دەکەن، رووبەرووی “هارییەت بوسێ” دەبێتەوە. لەهەمانکاتدا بە ناوەوەی خۆیدا رۆدەچێت، شەڕ لەگەڵ خۆی دەکات، لە دیاردە نهێنییەکان دەکۆڵێتەوە، دەبێتە کەسێکی جادوگەر، کۆدی نهێنییەکان دەکاتەوە و شتە بینراوەکان، هەست پێکراوەکان ئاڵۆز دەکات. بەڵام ریژیسۆر لە ئامادەکاری ئەم دەقەدا چەندە گرینگی داوە بە ژیانی ستریندبێری لە نێو یاداشتگەلەکەیدا، هێندەش “هارییەت بوسێ” وەک ئافرەت، وەک ئەکتەر، وەک خێزان، هاورێ، هاودەم و دوژمن، لە چەقی رووداوەکاندایە. 

ستریندبێری و هارییەت بوسێ لە نێو ئەم رووداوە پڕ لە ڕازو نهێنیانەوە، لە سترکتورێکی ئەسرار ئەنگیزەوە، دێنە دەرەوە، لە رۆژێکی رووناکدا، بە بەرچاوی بینەرەکانیانەوە، لەگەشتێکی پڕ لە ژان و ئازارو خۆشەویستیدا بەیەک دەگەن، لەیەک دادەبڕێن و دەروازەکانی ژیان لە دۆزەخەکەی ستریندبێرییەوە، بۆ نامە لێوانرێژەکانی بە خۆشەویستی، رق و دەمەدەمەکانەوە دەکەنەوە. 

نەمایشی “یاداشتگەلێکی پڕ لە نهێنی” وێنەیەکی ڕاستەقینەی ستریندبێریمان، لە نووسینی ستریندبێری خۆی پێشکەش دەکات. 

 

 

پەراوێزەکان

 

۱ . بۆ یەکمجار و لە ساڵی ١٩٦٢دا، دوای پەنجا ساڵ بەسەر مردنی ستریندبێریدا، ئەم یاداشتانە دەخرێنە بەر دەستی پسپۆرو لێکۆڵەرەوانی بواری ئەدەب و بەرهەمەکانی ستریندبێرییەوە.

 

٢ . هەموو ئەرکیڤی ستریندبێری دوای مردنی لە مۆزەخانەی باکوور هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٢ەوە گوێزراوەتەوە بۆ بە شێکی تایبەتمەند لە کتێبخانەی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم. 

 

٣. ئەو بەرگەی کە تایبەتە بە ساخکردنەوەی ئەم یاداشتگەلە و ئەم ساڵ پێکەوە لەگەڵ یاداشتەکەدا دەرچووە، بە تایبەتی تیشکی سەرنج و لێکۆڵینەوەیان خستۆتە سەر ژیانی ستریندبێری لە نێوان ساڵانی ١٨٩٦-١٩٠٨ دا، هەروەها  ئەو بەرهەمانەیشی کە لەو ساڵانەدا نووسیونی.  

٤ . دەزگای چاپەمەنی نورشتێد، بە ئامێری لێزەرو تەکنیکێکی باڵاوە هەموو ئەو شوێنانەی کە ستریندبێری کوژانوویێتیەوە، پاک کردۆتەوە، بەتایبەتی ئەو تێکستانەی کە باسی وردەکارییەکانی شەوی زاوایەتی خۆی لەگەڵ هارییەت بوسێ دەکات و ئێستا لە چاپەکەدا بە باشی دەخوێندرێنەوە.

٥.  ئێستا خاچێکی رەشی لە تەختە دروست کراو بە ژوور سەری گۆرەکەی ستریندبێری لە یەکێک لە گۆرستانەکانی ستۆکهۆڵم بەرز بۆتەوە.

٦ . ستریندبێری کە لە مانگی ١٠ ی ساڵی ١٩٠٧دا ویستوویەتی یاداشتەکانی بفرۆشێت، تا ئەو کاتەش بەردەوام بووە و رۆژانە یاداشتەکانی خۆی نووسیوە.

٧ . ستریندبێری لە کاتی فرۆشتنی یاداشتگەلەکەیدا وشەی (یاداشتگەلێکی پڕ لە نهێنی) کە لەسەر بەرگی دەرەوەی دەفتەری یاداشتەکانی نووسی بووی، وەک نەزمێکی گاڵتە ئامێز دەخاتە ناو دوو کەوانەوە.

٨ . ستریندبێری لە نامەیەکدا بۆ (ئاکسل ستریندبێری) برای ناردووە، داوای ئەوەی لێکردووە کە لە دوای مردنی، دەبێت ئەو ئەم یاداشتگەلە لەلای خۆی هەڵبگرێت.

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply