خوێنه‌رێك، خۆی ده‌خوێنێته‌وه
((ئه‌ركی ڕاسته‌وخۆی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه نیشان بدا، نه‌ك بسه‌لمێنێ.)) ئه‌لێكسانده‌ر بڵۆك
ئایا كاتێك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ده‌خوێنینه‌وه، كێ ده‌خوێنینه‌وه؟ خۆمان؟ یان نووسه‌ر و ژیانی كاره‌كته‌ره كاغه‌زینه‌كان؟ كه له نێوان په‌نجه‌كانی نووسه‌ره‌وه له‌دایك ده‌بن و مه‌ره‌كه‌بی پێنووسی نووسه‌ر بۆیان ده‌بێته خوێن و پێی ده‌ژین.
ماوه‌یه‌كی زۆر، به‌ڵی، زۆر، ئه‌و پرسیاره له سه‌رمدا هاتوچۆی ده‌كرد، له‌ناو مێشكما به ڕوونیی ده‌نگدانه‌وه‌ییم ده‌بیست، هه‌تا ماوه‌یه‌ك هه‌سته‌كانیشم به هۆی ئه‌م پرسیاره‌وه داگیر كرابوو. مرۆڤ كاتێك پرسیاری بۆ دروست ده‌بێت، سووسه‌ی گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامدا ده‌یوروژێنێت. ڕێگای زۆر بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان هه‌یه، هه‌ر پرسیاره‌و به ئه‌ندازه‌ی نرخی خۆی گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامی شیاودا ماندووبوونی ده‌وێ، وه‌ڵامی پرسیاری ئایا كێ ده‌خوێنینه‌وه؟ زه‌حمه‌تێكی زۆر و ماندوبوونێكی باشی ده‌وێ. كتێب و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه كه‌ناڵێكه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ندێ له پرسیاره‌كانی مرۆڤ، به تایبه‌ت ئه‌و پرسیارانه‌ی، كه په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵیان له‌گه‌ڵ كتێب و نووسه‌ر و خوێندنه‌وه‌دا هه‌یه.
خوێنه‌ر كاتێك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ده‌خوێنێته‌وه، له ڕاستیدا ده‌یه‌وێ له‌به‌رده‌م وێنه‌كه‌ی ڕاوه‌ستێت، واتا خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌كه له خۆوه بۆ خۆ ده‌ست پێ ده‌كات، به‌و مانایه‌ی خوێندنه‌وه ئاڕاسته‌یه‌كی بازنه‌ییه له خۆی خوێنه‌ره‌وه بۆ خۆی خوێنه‌ر، نه‌ك له ئه‌وی نووسه‌ره‌وه بۆ خۆی خوێنه‌ر، چونكه ئه‌و له خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌ره‌كاندا بۆ غه‌م، ئازار و چاوه‌ڕوانییه‌كان، بێزاری و نائومێدییه‌كانی نووسه‌ر ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێت و خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
كارلێكی نێوان خوێنه‌ر و ده‌ق له نووسه‌ره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، نووسه‌ر خوێنه‌ر و ده‌ق پێكه‌وه گرێ ده‌دات، بێ خوێنه‌ر نووسه‌ر ده‌قێكی بۆ نانووسرێ، بێ نووسه‌ریش خوێنه‌ر ناتوانێت بگه‌ڕێت و پرسیار له بوونی خۆی بكات. بۆیه نووسه‌ری باش، ئه‌و نووسه‌ره‌یه ئاوێنه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر خوێنه‌ر ڕابگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی تێدا ببینێته‌وه، ڕووخساری، ناخی نیشان بدات، هه‌تا ڕۆحیشی بخاته پێش چاوی، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به قووڵبوونه‌وه بۆ ناو هه‌سته‌كان و بیركردنه‌وه‌كانی خوێنه‌ر ده‌كرێت، به‌و هۆیه‌وه نووسه‌ر ده‌توانێت گوزه‌ر به‌ناو كۆڵانه‌كانی ناخی خوێنه‌ردا بكات، وه‌ك (میلان كۆندێرا) ده‌ڵێت: ((هه‌موو خوێنه‌ریك له كاتی خوێندنه‌وه‌دا خوێنه‌ری خۆیه‌تی. كاری نووسه‌ر ته‌نیا شێوه ئامرازێكی بینایییه، كه ده‌یخاته به‌رده‌م خوێنه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بلوێنێ، ئه‌و شته بناسێته‌وه، كه به‌بێ ئه‌و كتێبه له‌وانه‌بوو له‌ناو خۆیدا نه‌یبینایه. ناسینه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی كتێبه‌كه چی ده‌ڵێ؟ له خوێنه‌ر خۆیدا به‌ڵگه‌ی ڕاستییه‌تی.))
من كاتێك (ئانا كارنینا) ی (لێۆ تۆڵستۆی) ده‌خوێنمه‌وه، له ڕاستیدا ژیانی نووسه‌ر و تراژیدیا و چاره‌نووسی شوومی (ئانا كارنینا) ناخوێنمه‌وه، كه به هۆی خیانه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌یی و بێهیوابوون له مرۆڤایه‌تی تووشی هات، وای كرد خۆی به‌ژێر شه‌مه‌نده‌فه‌رێك بكات و كۆتایی به ژیانی بهێنێت، به‌ڵكو وه‌ك خوێنه‌رێك بیر له تراژیدیای بوونی خۆم ده‌كه‌مه‌وه، چاره‌نووسی شووم و خراپی خۆم ده‌خوێنمه‌وه، له به‌رانبه‌ر بوونی خۆم و ئایینده‌م نیگه‌ران ده‌بم، كه (هایدیگه‌ر) وته‌نی مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا بوونه‌وه‌رێكی ناته‌واوه، هه‌وڵ ده‌دات له ئایینده‌دا خۆی ته‌واو بكات، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ده‌كات، چونكه مرۆڤ نازانێت ئایا ده‌توانێت له داهاتوودا پرۆژه‌كانی بوونی خۆی ته‌واو بكات، یان نا؟ كه من پێم وایه مرۆڤ هه‌رگیز به لووتكه‌ی شاخی كه‌ماڵی و ته‌واوی ناگات، گه‌ر بیشگات توانای مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر لووتكه‌كه نییه، گه‌یشتن به پله‌ی كه‌ماڵی جگه له وه‌همێكی دروستكراو له ناخی مرۆڤدا، هیچی تر نییه.
كاتێكیش (دۆن كیشۆت) ی (میگوێل دی سێرڤانتیس) ده‌خوێنمه‌وه، له ڕاستیدا بیر له‌و وه‌همانه ناكه‌مه‌وه، كه خوێندنه‌وه‌ی زۆری داستانی پاڵه‌وانه‌كان بۆ (دۆن كیشۆت)یان دروست كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته پاڵه‌وان و جارێكی تر دادپه‌روه‌ری بۆ سه‌ر زه‌وی بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو بیر له هه‌موو ئه‌و وه‌همانه ده‌كه‌مه‌وه، كه نه‌ك داستانی پاڵه‌وانه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی زۆر كتێبه‌كان، بگره شته‌كانی نێو ژیانم بۆم دروست ده‌كه‌ن، ئه‌و شتانه‌ی، كه له تارمایییه‌كی ته‌نك زیاتر نیین، زووتێپه‌ڕن، وه‌ك سه‌راب فریوده‌رن. وه‌ك چۆن كاتێك ڕۆمانی (عه‌تر)ی (پاتریك زوسكیند)یش ده‌خوێنمه‌وه، ژیانی نووسه‌ر و (ژان باپتێست گرینۆی) پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه ناخوێنمه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و حه‌زه‌ی خۆم وه‌ك مرۆڤێك ده‌خوێنمه‌وه، كه هه‌میشه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی خۆپه‌رست هه‌مووان له پێناوی حه‌زی خۆمدا ده‌كه‌مه قوربانی، سادیستانه بیر ده‌كه‌مه‌وه و چێژ له بینینی قوربانییه‌كانم ده‌بینم، كاتێك به هۆی منه‌وه ئازار ده‌چێژن. وه‌ك چۆن (گرینۆی) زۆرینه‌ی كچانی شاری (گراسه) سه‌رده‌بڕێت و له ئاوی قژ و ئاره‌قی جه‌سته‌یان عه‌تر دروست ده‌كات و چێژی زۆر له بینینی قوربانییه‌كانی وه‌رده‌گرێت، واتا ده‌ق و خوێنه‌ر دوو شتی جیاواز نین، به‌ڵكو ده‌ق خوێنه‌ره، چونكه مانای ده‌ق له هه‌ناوی خوێنه‌ردایه. (ئێمبه‌رتۆ ئیكۆ) وتی:((ده‌ق ئامێرێكی ته‌مبه‌ڵه، پێویستی به خوێنه‌رێك هه‌یه جووڵه‌ی پێ ببه‌خشێ و ژیانی بكاته به‌ر.))
هه‌ر خوێنه‌رێك هه‌ستی هاوبه‌شی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌قدا بۆ دروست نه‌بێت، وازی لێ ده‌هێنێ و تووڕی ده‌دا، له‌ناو ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كه‌یدا دایده‌نێت و ئه‌نجام تۆزی فه‌رامۆشی لێ ده‌نیشێت.
هه‌موو نووسه‌ران له ناچاریدا ده‌بنه نووسه‌ر، نووسه‌ربوون دۆخێك نییه ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته‌ی بۆ كرابێت. به مانایه‌كی تر خوێنه‌ر، كه سه‌ره‌تا ده‌ست به خوێندنه‌وه ده‌كات، بیر له‌وه ناكاته‌وه ڕۆژێ له ڕۆژان ببێته نووسه‌ر، مرۆڤ بۆیه ده‌نووسێت، چونكه هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ی خوێندوویانییه‌تییه‌وه، تێریان نه‌كردووه و حه‌ز و ئاره‌زوویان نه‌شكاندووه، یان ڕاستتر بڵێم، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی چنگ نه‌كه‌وتووه، كه به دوایاندا گه‌ڕاوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كاتێك ده‌نووسێت، خوێنه‌رێكی جدی گریمانه‌كراوی پڕ له خه‌ون و چاوه‌ڕوانیی، پڕ له پرسیار و گومان له هزری خۆیدا دروست ده‌كات. به كورتی دۆخی نووسه‌ربوون دۆخێكه سه‌رڕێژ له ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ی، كه خوێندوویه‌تییه‌وه. (میلان كۆندێرا) له نووسینێكدا له‌سه‌ر ڕۆمانی (گه‌ڕان به‌دوای كاتی ونبوو)ی (مارسێل پرۆست) به شێوه‌یه‌كی زۆر ورد باس له‌وه ده‌كات، كه نووسه‌ر بۆ خۆی نانووسێت، به‌ڵكو بۆ خوێنه‌ر ده‌نووسێت:((مارسێل پرۆست ئه‌و ڕۆمانه‌ی بۆ ئه‌وه نه‌نووسیوه، بۆ ئه‌وه‌ی باس له ژیانی خۆی بكات، بگره ده‌یه‌وێ چاوی خوێنه‌ر له هه‌مبه‌ر خۆی بكاته‌وه.)).