Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خوێن لە بەرامبەر پڕۆژەدا … بەختیار شارەزورى

خوێن لە بەرامبەر پڕۆژەدا … بەختیار شارەزورى

Closed

 

 

 

ئەم دەسەڵاتە بە جۆرێ لە جۆرەکان توشى نەخۆشى لە بیرچونەوە بووە . بە شێوەیەک کە نازانێ چ پەیمانێکى بە خەڵک داوە ، وە نازانێ چۆن و چى بەڵێنێکى لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا بە هاوڵاتیان داوە ، بە شێوەیەک توشى لە بیرچونەوە بووە ناتوانێ بەڵێنەکان و دروشمەکانى بیر خۆى بهێنێتەوە و جێ ى متمانەى خەڵکى بێت ، بە واتایەکى تر ئەم دەسەڵاتە حیزبیە توشى نەخۆشى دەرونى بووە ، دەبێت وەک سەرلێشێوا و خڵەفاو و شێت ناوزەند بکرێت ، گەیشتوەتە شوێنێک کە نازانێ چۆن لەگەڵ چەمکى یاسا و داواکارى مەدەنیانەدا مامەڵە بکات و چۆن بتوانێت یەکە ئیدارییەکانى خاوەنى متمانە بن ، وە ناتوانێت ئێستا و جۆرى گۆڕانکارییەکان بخوێنێتەوە و بەردەوام لە ڕابردودا دەژى ، پێى وایە ئەم جۆرە لە جێ بەجێ کردن تەندروستە و حکومەت تەنها بۆ بەرژەوەندى شۆڕشگێڕەکانى شاخ دروست کراوە ، بەم شێوەیە دەیانەوێت هاوڵاتیان بێدەنگ بکەن ، ئەم دەسەڵاتە نەخۆشە بێ ئاگایە لەوەى کە سەردەمى باڵادەستى حیزب کۆتایى هاتوە و ئێستە هاوڵاتى و تاکى ئازاد و بەرەى خەڵک دروست بووە و نابێتە موڵکى هیچ حیزبێک ، هەموو دەسەڵاتەکان بە حیزبەکانیشەوە لە ژێر چاودێرى ئەم بەرەیەدایە ، ئەم دەسەڵاتە خڵەفاوە تا نەگاتە حاڵەتى ترسناک بۆ سەر دەسەڵاتەکانى و بونى وەک دەسەڵاتێکى ڕەها دەرک بە شتەکان ناکات ، کە ئەمەش دەکاتە نەخۆشى دەرونى و خەڵەفان ، وەک ئەو شێتەى تا خوێن نەبینێ نابیستێ و هێور نابێتەوە ، تا خوێن نەبینێ هیچ داواکاریەک جێ بە جێ ناکات ، تا خوێن نەبینى ناچێتەوە سەر بەڵێنەکانى و مافەکان نابینێ ، تا خوێن نەبینێ ماف نابینێ ، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەخرێتە ژێر چاودێرى وردى دەرونییەوە ، دور نیە ئەم عاداتە بکاتە کلتور و بەرنامەى خۆى ، لە بەرامبەر ئەوەى پڕۆژەیەک جێ بە جێ بکات دەبێت خوێن ببەخشرێت وەک لە ئەفسانە کۆنەکاندا هەبووە ، بۆ ئەوەى خاک نەفرەتمان لێ نەکات دەبێت خوێنى چەند گەنجێک بڕژێتە دمى خاکە و تا بزانێت کە قوربانیمان بۆ داوە و ئیتر نەفرەتمان لێ نەکات ، ئەم دەسەڵاتە بە خوێنى مەڕەکەى ئیبراهیمیش ڕازى نابێت هەر دەبێت خوێنى یوسفەکانى بدەینێ ، ئەمە نەخۆشى دەرونى و شێتیە کە قسەى حەکیمەکان بۆ ڕاوەستانى خوێن یەکسان بێت بە سفر ، ئەم دەسەڵاتە پێمان دەڵێت هیچ پڕۆژەیەک بۆ هیچ شارێک ناکرێت تا قوربانیەکان نەدرێن و خوێن نەدەین بەم دەسەڵاتە .

دەسەڵاتى حیزب گەیشتوەتە ئاستێک خوێن دان بەرە و کلتور بوون بڕوا ، کە هیچ قەزا و ناحیەیەک هیچ مافێکى نابێت تا توند و تیژى نەکەن و قوربانى نەبەخشن ، خوێن وەک دراو سەیر دەکات بۆ کڕینى کاڵاى پڕۆژە و ئازادییەکان ، لاى ئەم دەسەڵاتە نەخۆشە پڕۆژە و ئازادى و ماف کاڵایەکە بە دراوى خوێن دەکڕرێت ، ئەم نەخۆشیە دەرونیە کە دەسەڵاتى حیزبى توشى بووە قۆناغ بە قۆناغ ئەنجامەکانى بەرە و فراوانتر و بەرزتر دەڕوات ، لە خوێنى شەهیدانى 17 ى شوباتەوە دەست پێ دەکات کە دواى خوێن هەر ناگەیەنە ئازادى ، واتا دەبێت دراوى خوێنمان پێ بێت تا دەسەڵات  دەرگاى مارکێتى ئازادى و پڕۆژەکانمان بۆ بکاتەوە ، خوێنى زەردەشت دەکاتە دەست کەوتنى ئازادى وەک بەرەى ئێمەى بێ ماف و ئەوانى داگیرکەر ، خوێنى سۆرانى مامە حەمە و عبالستار تایەر شەریف دەکاتە نوسینى چەند دێڕێک لەسەر گورگەکانى ئەوان ، (تى،ڤى) ئازاد دانانرێًت تا خوێنى شاسوارەکان نەڕێژن ، خوێنى کاوەکان یەکسان دەبێت بە تاوانى خوێن خواردنى گورگە مسئولەکان  ، ئازادى ڕۆژنامەگەرى نابێت تا ئاسۆس و ئەحمەد میرە خوێن نەڕێژن ، ئازادى فکریش نابێت تا خوێنى ڕێبینەکان نەبینن ، ئەم گورگانە دواى خوێن دەکەون لەهەر شوێنیک خوێن نەبێت ئەوان لەوێ نین ، ئەمانە خوێن مژەکانى ئەهریمەنن ، ئەو گورگانەن کە داواى خوێنى ڕۆڵەکانمان دەکەن ، پڕۆژەش نادرێ تا خوێنى بڕیار نەخۆنەوە.

ئەم دەسەڵاتە خڵەفاوە لە سیدصادقەوە بە تەواوەتى نیشانەکانى شێتێتى دەرکەوتوە ئەگەر نا پیشتر 24000 ئیمزا کۆکرایەوە بۆ داواکاریەکانیان.. بەڵام ئەم هەر داواى خوێن دەکات… خوێن وەک دراو و پڕۆژە و ئازادیش وەک کاڵا سەیر دەکات .. ئەم نەخۆشیە دەبێتە هۆیەک لە دواى سیدێادقەوە هەموو شارەکان واز لە خەباتى مەدەنیانە و خۆپیشاندانى هێمنانە و واژۆ کوکردنەوە بهێنن و چەند گەنجێک بکەنە قوربانى تا ئازادى و پڕۆژە و مافەکان بە دەست بهێنن ، ئەمە ڕۆشتنە بۆ لێوارى بازاڕێک کە لە برى مافى خۆمان وەک دراو دەبێت خوێنمان پێ بێت بۆ کڕینى ئازادیەکان ، لەسایەى دەسەڵاتى گورگەکاندا سەفەرێکە بۆ بازاڕى مەرگ و خوێن ، تا مەرگ پێوانە بێت بۆ کڕینى ژیان ، ئەم دەسەڵاتە شێتە خڵەفاوە گەر ڕێ ى لێنەگیرێ و نەخرێتە ژێر چاودێرى و چارەسەرێکى دەرونى وردەوە دور نیە هەموو شتێکمان بە خوێن پێ بفرۆشێ و ژیان و ماف یەکسان دەکات بە مەرگ و خوێن ، ئەو کات هەمومان بۆ ساتێک ئازادى و ژیانى سەرەتایى دەبێت ببینە کفن کڕو لە ئێستەشەوە شوێنى گۆڕەکانمان ئامادە بکەین .   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.