Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خۆر لە بەرداغێكی (نە)شكاودا……د. مستەفا زەنگنە

خۆر لە بەرداغێكی (نە)شكاودا……د. مستەفا زەنگنە

Closed
by December 2, 2008 ئەدەب

 خۆر لە بەرداغێكی (نە)شكاودا
 
 بە یادی دواخوێندنەوەم بۆ بەرهەمەكانی قوبادی جەلیزادە
 
 د. مستەفا زەنگنە

 24/11/2008
 
 قوباد گیان.. پێم سەیرە
 ئێوە گلەیی لە رەشەبا دەكەن
 رەشەبا بۆ دەستەملانێی خۆی
 گەڵای گوڵەكان هەڵدەورێنێ و
 لەگەڵ خۆیا دەیانبا..
 
 ئێوە گلەیی لە رەشەبا دەكەن، لەبەر دەست تێكەڵ كردنێك
 گوڵەكان دەقرتێنێ
 كەچی ماوەیەك پێش ئێستا، رەشەبایەك
 لە نیوە شەودا دای لە پەنجەرەكەم..
 گوتی: بە قوباد بڵێ، من بۆیە گوڵەكان هەڵدەوەرێنم
 تاوەكو تۆوەكانیان بۆ هەموو شوینێك بەرم
 نەبا یادی ڤالانتاین
 لە هیچ شوێنێكدا بێ گوڵی بەخۆیەوە ببینێ.
 ئەدی رەشەبا ئەو پێشمەرگە نەترسە نەبوو
 لە تووی مەلیك پۆلیس بەدوویدا دەگەڕا،
 ئەو ژن پەرستە نەبوو سەرپۆشی لە ملی كچان دادەماڵی
 
 ئەى رەشەبا، تو چاوی شەم بمانبوورە لەوەی
 كە ئێمە زۆرمان ماوە
 لە نیازە جوانەكانی تۆ بگەین
 گەر وانەبا..
 هەمیشە پرچی كچانی سلێمانیت ئاڵۆز نەدەكرد و
 (تەنوورەكانیانت هەڵنەدەدایەوە)..
 
 قوباد گیان.. شەو رووناكییەكانی خۆی بەخشییە خۆر
 بۆ ئەوەی مەستەكانی دواپێكەكانی جوانی
 لە وڵاتی تفەنگدا
 لە تاریكاییدا بەیەك بگەن
 تا ماچەكان، لە ترسی راپۆرت نووسێكی رووناكی،
 لە تاریكییا چاو هەڵهێنن
 
 تازە زانیوتە..
 خۆر دزێكی هەمیشەییە
 رووناكییە دزراوەكانی شەومان پێ دەداتەوە
 رۆژ دژی دڵدارەكان هەڵس و كەوت دەكات
 تا دەستەكان مەمك نەگرن
 تا مەمكەكان پەنجە نەگرن
 تا لێوەكان لێوان نەگرن
 رۆژ تاكە دوژمنی ژووانە
 لە رۆژدا بینین هەیە
 بەڵام ژوانی دڵداران فیشەكی رووناكییان پێوە نراوە
 رۆژ جاسووسی دڵدارەكانە و
 بۆ تۆمەتبار كردنی تاریكی
 لە شەودا (دوعا)كان دەكوژرێن
 
 ئەی یەكەمین شاعیری ستایلەكانی جوانی..
 زانیوتە خۆر كە هەڵدێ
 گوڵەكان لە ترسی سووتاندا دەم دەكەنەوە
 ئەگینا گوڵ خۆشی دەزانێ كە دەمی دادەخات جوانتر دەردەكەوێ
 جوانترین تەمەنی گوڵ، تەمەنی خونچەییەتی..
 ئەوەتا گوڵ لە كاتی دەم كردنەوەیدا پەڕەكانی هەڵدەلەرزن
 تاكە شتێ كە دڵی خۆش بكات..
 لێواولێو بوونی ماچی هەنگەكانی سبەینانە
 یان قرتاندنی بە پەنجەی عاشقێكە
 ئازیزم، لات نهێنی نەبێ
 كە خونچە بۆ مەرگ دەم دەكاتەوە
 نەك بۆ ژیانی خۆر..
 
 قوباد گیان.. خۆر هەمیشە دژی نهێنییەكانە
 چونكە دەزانێ
 لە ووڵاتی ئێمەدا، هەموو حەرامەكان ئاشكران
 لە مزگەوتا، لە دادگادا هاوسەرگیری دەكەن
 حەڵاڵەكانیش بە نهێنین
 هەر بۆیەش ژنەكانمان حەز دەكەن
 شەوانە لە ماڵەوە بین..
 تەنانەت پشتیشمان لەیەك بێ
 بۆیە شەو هەمیشە رەشپۆشە
 رەشپۆشیی شەو، تازیمانە گرتنە بۆ تێكدانی
 هێلانەكانی شەو، كە چرایەك بەرلەشكرییان دەكات
 تێكدانی بەڵێنەكانی عاشقان
 ئەو عاشقانەی
 خۆر بە تریفە بەردبارانیان دەكات و
 بە گڕی خۆی تەڵە شقارتە دەداتە دەستیان
 
 برای شیعریم..
 تۆ بڵێی خۆر و ژووان تەبابن
 تۆ بڵێی خۆر و هەور تەبابن
 تۆ بڵێی خۆر و بەفر تەبابن
 تۆ بڵێی هێندەی تاریكی مەزە دەداتە دەستی شاعیران
 خۆر پێكێكی رووناكیی پێ بەخشی
 هێندەی رەشی گوزارشت لە دڵە شكاوەكان دەكات
 خۆر توانیبێتی چپەیەكی رووناكی بەگوێی رەشیدا بخوێنێ
 
 بەڵێ..
 شەو هەمیشە بە تاریكی دامان دەپۆشێ
 دەم دەخاتە ناو دەممان
 دەست لە ملمان دەكات
 خەون دەتكێنێتە چاوەكانمان
 لەبەردەم ژنەكانماندا رووت رووتمان دەكاتەوە
 ژووانمان بۆ دەڕەخسێنێ
 شەو و تاریكی لە (حبل الورید) نزیكتری سۆزەكانمانن
 بە وەفان و تائێستاش لەگەڵماندان
 تێكەڵ بە رەنگی برۆ و قژ و سمێڵ و بن باڵمان بوونە
 تێكەڵ بە گەورەترین بازنەی چاومان بوونە
 هەموو بیلبیلەكان دڵۆپێك رەشییان تێدایە
 بێ ئەو دڵۆپە رەشییە رەنگەكان دەمرن
 كەچی كە خۆر لە دواقۆناغی تەمەنیدا دێ
 مووەكانیش وەكو خۆی سپی دەكات
 تواناكان لەگەڵ خۆیدا دەبات
 خۆر هەمیشە رەمزی پیرییە
 
 كەچی قوباد گیان
 لەولاوە خۆر.. دوور دوور لە وشە، لە سۆز
 بەو دوورییەش، ناهێڵێ نە ئێمە لێی نزیك ببینەوە،
 نە خۆی لێمان نزیك ببێتەوە
 خۆر، دەزانی هەر بە دووری جوانە
 شەو و تاریكیش لە نزیكەوە جوانترن
 ئێمە دەستمان ناگاتە خۆر تا مەمكی بگرین
 ماچی لێوی بكەین
 بۆیە عاشقانی خۆر، هەمیشە بێ ئەمەلن
 عاشقانی شەویش..
 پێ لە ترس دەنێن
 دەمیش دەخەنە سەر نارنجۆكی سینە
 لێویش دەنێنە سەر لێوی پیاڵەی چایە شیرینەكانی دەستی مەحبووب
 
 بەڵێ..
 هەر خۆرە.
 تەمەكانی هەڵمی مەمكی دەریا
 دەسڕێتەوە..
 رووبارەكان لە زەوییەوە هەڵدەكێشێ بۆ ئاسمان
 ئێمە چی لە ئاسمان بكەین
 لە ئاسماندا رۆحەكان ونن
 شەقامەكانی بێ ناونیشانن
 ماڵەكانی ئاسمان بوونیان نییە
 ئاسمان تەنها گۆڕستانی ئەستێرەكانە
 ئاسمان شتێكی زەبەلاحە و ئێمەش بەدوای رێزەكانی جوانیدا وێڵین
 ئێمە تەمەنمان بە زەوییەوە بەستراوە
 خۆر لە ئاسماندا گەشت دەكات
 ئەو حاكمێكی زاڵمە و
 ئێمەش شاعیرێكی مەزڵووم
 تكایە قوباد گیان لەدوا شیعرتدا بە خۆر بڵێ
 ئەو دوور و ئێمە دوور
 با لێمان گەڕێ تا شەو كەمێ درێژتر بێ
 بەڵكو ئەمە خوایە كونەپەپوویەك بەسەرمانەوە بنیشێتەوە
 یان رەشەبایەكی شەو
 قەراسەی ستیانی جوانێك بقرتێنێ
 یان نیشتیمانێك لە ژن، پێی هەڵكەوێ و بكەوێتە باوەشی چاوەنواڕیمانەوە
 
 قوباد گیان..
 بەڵێ ئەو كاتانەی..
 (خۆر بە شمشێرە زەردەكەی
 سەری تاریكی دەپەڕێنێ)
 وەلێ لەو چركەیەدا دەیان دڵدار جیا دەكاتەوە
 هەزاران تێكئاڵان دادەماڵێ
 موچوڕكەكان دەخاتە گۆمی خۆیەوە
 شەمشەمەكوێرە جوانەكان سەرەوخوار هەڵدەواسێ
 ئەو شەمشەمەكوێرانەی لە هەڵفڕینیشا مەمكیان رۆح دەیڕێژنە دەمی بێچووەكانیان
 خۆر..
 كراسی خونچەكانی بۆ مەبەستێكی نزیكتر دادەماڵێ
 بەڵێ خۆر هەمیشە شمشێر بەدەستە
 ترسی ئەو شمشێرەشە خۆشمان دەوێ
 بگرە عیبادەتیشی دەكرێ..
 ئەم راستییانە لای مناڵانی باخچەكان ئاشكران
 كاتێك وێنەی چیایەك دەكێشن
 بە بازنەیەكی خواروخێچ رەسمی خۆریش دەكێشن
 
 خۆر بەخیلە بەوەی
 لەوەتەی هەیە، خڕە، خڕ
 دەیەوێ لە (سوورەتی) ئافرەت بچێ
 بەڵام نەیتوانیوە
 وەكو دەموچاوی ئافرەتێك پرشەدار و
 وەكو مەمكی تازە رەسیدەیەك پڕچنگمان بێ.
 
 بەڵێ
 خۆر گوناهكارێكی گەورەیە
 بە ئاوابوونی رۆژانەی خۆی ترسی عیبادەتی رووان
 خۆر دووڕووە
 لە هەندێ زماندا خۆی بە نێر ناساندووە
 لە هەندێ زماندا بە مێ
 لە هەندێ زمانیشدا نە نێرە و نە مێ
 لە هەندێ زمانیشدا هەم نێرە و هەم مێ
 خۆر نایەوێ بیناسین
 دێتە ماڵی هەموومان و ناهێڵێ بچینە ماڵی
 هێندەی شەو لە مەستی هەڵمان دەكێشێ
 هێندەی لە شەوا ژن لە باوەشی گرتووین
 دە هەندە لەبەر خۆرا شووشەكان شكێنراون و
 ژنەكان پێچراونەتەوە بەرەو دادگایی كردن
 دادگای دادوەرێك
 دادگای مەلایەك
 دادگای قەشەیەك
 دادگای كۆمەڵگەیەك.
 
 خۆر ترسی ئەو خەمەی هەیە..
 ئەزانێ كەس دەسی بۆ نابات، تا نوقورچێك لە پووزی بگرێت
 ئەزانێ كەس ماچی نەرمەی گوێیەكانی ناكات
 كەس شووی پێ ناكات
 كەسیش نایخوازێ
 
 بۆیە قوباد گیان لەدوا شیعرتا پێی بڵێ
 ئەو لە ماڵی خۆی و ئێمە لە ماڵی خۆمان
 با هەندێكیش
 سبەینان درەنگتر هەڵبێ و
 ئێواران زووتر ئاوابێ
 چونكە ساتەكانی شەو تەژیمان ناكات
 لە ماچ
 لە رووتبوونەوە
 لە ژماردنی گوڵەكانی سەرشان..
 
 من دەموت:
 تۆ ئەو پەنجەرەیەی
 كچانی شار دەتوانن
 بەهاری خۆیان و
 هاوینی خۆیان و
 زستانی خۆیانی، لێوە ببینن
 من و موكریش..
 پایزی تەمەنی خۆمان و
 بەهاری خەمەكانی خۆمان و
 زستانی برینەكانی خۆمانی لێوە ببینین
 
 دەموت:
 تۆ ئەو ئاوێنەیەی
 ژنانی شار دەتوانن
 رووتبوونەوەی خۆیان و
 مێیایەتی خۆیان و
 تەنیایی خۆیان و
 شوێن ماچە جێماوەكانی گەردەنی خۆیانی تیا ببینن..
 
 ئەموت:
 تۆ ئەو درەختەی رۆژێ دێ
 كچان
 ماچی پیرۆزیت بكەن و
 ستیانەكانیانت پیدا هەڵواسن و
 پەنجەی لقەكانت بكەنە میلچۆك و
 بە گەڵاكانت..
 پێڵووی چاویان سەوز بكەن
 بەڵكو ئەمە خوایە مرازیان حاسڵ بێ
 
 ئەموت: ئەو رووبارەى
 ماسیەكانت پەنجەی كچانی شار و
 گوڵئەستێرەكانی تاڵی قژ و
 قەوقەعەكانی ددانی سەدەف و
 دۆلفینەكانی دارستانی پووز و
 شەپۆلەكانی حەسرەتی دابڕان لەخۆ دەگری
 
 ئەموت: كانییەكی
 لە موچوڕكە متكراوەكان
 لەو چاوانەی تەنها جوانی دبینن
 لەو دەنگانەی بەشێكن لە ژێی كەمانەكەی ئەنوەر قەرەداغی
 
 قوباد گیان..
 پاش ئەم هەموو سەفەرەی زیارەتی ژیان
 تۆ پیاوێكی
 قەڵەمەكەت لە كیشوەری سینەدا چاوی هەڵهێنا
 وشەكانت لە بازنەی لەشیاندا چرۆیان كرد
 كردەوەكانت ماچ لەسێدارەی داون
 بڕیارەكانت بە بەژنی سنۆبەری ئەوانەوە دیارن
 روانینەكانت لە قووڵایی چاوی كچانی شارا فێری مەلە بوون
 تۆ پیاوێكی
 نیوەی من تۆیت و
 نیوە موكریش تۆ
 هەردوو نیوەكەشت خۆتن
 تۆ ئەو پیاوەی
 خۆتەكانت، بە هەوری هەناسەی پێش ژوانێكدا نارد
 ناردنت بۆ هەر بستە خاكێ..
 ژنەكانیان بتوانن، (مەمكیان لە كۆتی ستیان رزگار بكەن)
 تاوەكو تۆش بە باران رووتبوونەوەكانیان بشۆیتەوە
 من و موكریش بە خەمێكی ئاوارەییەوە ستیانە زەرد و سوورەكان،
 گەورە و بچووكەكان، كۆكەینەوە و
 تا.. لە تەنهاییدا یەكە یەكە بۆنیان پێوە بكەین
 چونكە عەترەكانی دنیا لەوێوە داچۆڕینە نێو شووشەكان
 تا.. ماچی دەنكە بارانەكان بكەین
 ئەو دەنكە بارانانەی
 هەوری شیعرت دیكردن و
 خواكردی نەڕژانە سەر وێنەی بەرگی دیوانەكەت
 ئەگینا لێوەكانی وێنەكە
 كلی چاوانی وێنەكە… كاڵ دەبوونەوە
 ئەوسا منیش حەسرەتێكی كە دەیبردمەوە بۆ لای
 ئەو حەسرەتەی تۆ كە (بە چاوقوچاندنێك
 دەستی خودا، كۆترێكی سینگی خوشكەكەمی بۆ دواجار
  لە هێلانەی ماڵەكەت هەڵفڕاند)
 ئەو حەسرەتی دابەشكردنی رۆژانی هەفتەی من بەسەر دوواندا
 منیش حەسرەتی دابەشكردنی پرتەقاڵێك بۆ هەردوو دەستە شیعراوییەكانی تۆ
 من هەمیشە شەوێكم بە تەنهایی دەمرێ
 تۆش هەمیشە دەستێكت بە تەنهایی دەژی.
 
 تۆ و موكری و من
 سێ قەدەری جیا دەمانپێچێتەوە
 سێ قەدەری زۆر دوور لەیەك، خەیلێ نزیك لە یەك
 نزیكییان لە قووڵی و جەرگبڕیدایە و
 دووریشیان لەوەدایە ئێمە نوێنەری راستەقینەی ئەوانین
 چ بە درۆ كە خۆمان دەیڵێین
 چ بە راست كە ژنان دەیڵێن…
 هەردوو بۆچوونەكانیش. وەكو دوو كۆتری سینگی ئەوان
 بەرز و توند و سپین..
 خۆزیا بەرز و توند و رەش دەبوون
 
 دووریمان لەوەیە لە شەڕی ژندا دۆڕاوین
 نزیكیمان لەوەدایە موحیبەتمان هێشووی ژن دەگرێ.
 بۆیە هەمیشە شیعرەكانم
 بە سۆزی من و پەنجەكانى ژنەكەم
 دەبنە خوناوكەیەك لە لێو
 هەر رۆژەی گەردنی كچێك ماچ دەكەن..
 دڵنیاش بن
 چەند دانەیەك مروارى ئەو ملوانكەیە
 لێوی ئەو كچانەن رۆژێك لە رۆژان..
 بە دزییەوە تۆ و موكرییان ماچ كردووە..
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.