Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

خۆشەویستم، حاڵت چۆنە لە ئاسمان؟

Be First!
by November 27, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

(چیرۆکی ژمارە ١ لە ١٠)

خۆشەویستم، حاڵت چۆنە لە ئاسمان؟

لەوانەیە تۆ ئێستا لەگەڵ باوکمدا بەدیار مێزێکەوە دانیشتبن و چا بخۆنەوە؟ لەوانەیە هێشتا لە تووڕەییدا هاوار بکەی کاتێ میلان قژت ڕادەکێشێ لەوکاتەی کە سلاتان گۆڵەکە لەدەست دەدات؟ یاخود ئەگەر (فێریەستاد) لە یاریی هۆکی بیدۆڕێنێ؟ لەوانەیە تۆ هێشتا دانیشتبی و لافی فێستیڤاڵی ڕۆشیلدەی ٠٦- لێبدەی کە (گونس ن روسێس)ت بینی؟ لەوانەیە تۆ دانیشتبی و لە من بڕوانی، کاتێ یاری لەگەڵ کوڕەکەت دەکەم؟

بەهەرحاڵ بەوئاواتەوەم.

“ڤیگگۆ” تاسەی بینینی باوکی دەکات. هەموو ڕٶژێ پرسیاری تۆم لێ دەکات. کەی باوکم دەگەڕێتەوە ماڵ؟ باوکم لەکوێیە؟ هەموو ڕۆژێ وەڵامدانەوەی سەختتر دەبێ. کوڕەکەم! ئەو ناگەڕێتەوە ماڵ. باوکت ئێستا لە ئاسماندایە. ئەوە ناهەقییە کە من ئەو هەموو وەختە زۆرە لەگەڵ تۆ بووم و ئەویش ئەو وەختە کەمە. ئەوە ناهەقییە کە تەنها پاش دوو ساڵ لە هاتنی کوڕەکەمان بۆ ئەم جیهانە، تۆش ماڵئاواییت لێ کرد. ئەوە ناهەقییە ئەو تەنها هێندەی لەبیرە کە تۆ هەبووی، لەکاتێکدا من لەیادمە چ بۆنێکت هەبوو. جاروبار وەها ئارەزوو دەکەم کە ئەوە پێچەوانە بووایە. ئارەزووم لێیە کە نەیەتەوە یادم. ئەوە زۆر ئازارم دەدات. تەنها بیرکردنەوەم لە تۆ ئەو کونە بچووکەی دڵی من دەدڕێنێ، کە من خۆشبەخت بووم پێکەوەی پینە بکەم.

ئاخر لەبەرچی وابوو؟ من هەرگیز لەوە تێناگەم. من هەتا ئێستاش باوەڕ ناکەم کە تۆ لەتەنیشتی منەوە نییت، کاتێ چاوەکانم دەکەمەوە. جلوبەرگەکانت هێشتا لەسەر زەوییەکەی ئەو شوێنەن کە خۆت فڕێت دان، ئەوان ئێستاش وەک تۆ بۆنیان لێ دێ. بەشی لای تۆی تەختەخەوەکە دەستی لێ نەدراوە، تەنانەت “ڤیگگۆ”ش بۆی نییە لەوێ بخەوێ. جارجارە کە ئەو لەوێ خەوی لێ دەکەوێ، من دەچمە ژوورەوە و لای دەبەم. من ئەو دەخەمە نێوەڕاستەوە و وا پێشان دەدەم کە هەموو شتێک وەک خۆیەتی. کە تۆ هێشتا هەیت و خەریکی دەستێک بەئاو بگەیەنی پێش ئەوەی بێیتە ژوورەکە و دیسانەوە لەگەڵ ئێمە بخەوی. جارجارە من گوێم لە دەنگی تۆ دەبێ کە لە ئاشپەزخانەکە، یاخود ژێرزەمینەکەوە بانگی من دەکەی. منیش وەڵام دەدەمەوە: بەڵێ خۆشەویستەکەم؟ من تێکدەشکێم کاتێ تێدەگەم تۆ ناتوانی وەڵامم بدەیتەوە. دڵم دەشکێ و هەموو شتێک کە توانیبووم بۆ خۆم کۆی بکەمەوە و بیپارێزم، دەڕژێتەسەر زەوییە ساردەکەی ئەوێ.

ئەوان بە جۆرێک پێم دەڵێن هەتا گوڕێک بدەمەبەرخۆ، خۆم گورج بکەم و شتێک بکەم. ئایا ئەوان ئەبەد تێناگەن؟ من تاسەی بینینی تۆ دەکەم. من تاسەی هەموو شتێک لەگەڵ تۆ دەکەم. قژە کاڵەکەت کە هەتا ئەوکاتەی بەتەواوی لێی نزیک دەبوومەوە، هەمیشە وادەردەکەوت کە شانەنەکراو و ڕەقە. چاوەکانت کە هەمیشە دەیانبینی گەر شتێک هەڵە بووایە و، هەروەک لەمنیان دەڕوانی و دڵنەواییی منیان دەدایەوە. خۆشەویستەکەم! ئەم جیهانە بەبێ تۆ شوێنئازارێکە بەرگەی ناگیرێ. هەموو شتێک ئازارم دەدات. هەتاوەکە ئێجگار بەشەوقە و شەوان لەتەنهاییدا تۆقێنەرە.

من ئەوم چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لەکاتی داگاییکردنەکەدا بینی. ئەو کەسەی کە تۆی لە ئێمە دوورخستەوە. ئەو قژێکی زەردی هەبوو و کاوبۆیەکی گرانبەهای پۆشیبوو. ئەو کەسێکی گەنج بوو. تەنها هەژدە ساڵ بوو. ئەو لەوێ دانیشتبوو و چاوی بڕیبووە سەر زەوییەکە، لەوکاتەی دادوەرەکە خاڵەکانی دادگاییکردنەکەی دەخوێندەوە. سەرخۆش، گوێنەدان بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و، بوون بەهۆی گیانلەدەستدانی کەسانی تر… ئەو تێکڕای وەختەکە گریا، بەڵام نەیتوای بە چاوەکانی تەماشای ئەو کەسە بکات کە تێکیشکاندووە. ئەو نە تەماشای منی کرد، نە تەماشای ڤیگگۆی کرد. من دەمویست نەفرەتی لێ بکەم، بەڵام نەمدەتوانی. لەڕاستیدا، من بە هیچ شێوەیەک ئەو تاوانبار ناکەم. من ئارەق و هاوڕێکانی تاوانبار دەکەم کە وایان لەو کردبوو سواری ئۆتۆمۆبیلە (بی ئێم دەبڵیو)ە نوێیەکەی بێت و بەڕێبکەوێ. بەوجۆرە ژیانی ئێمە تێکبدات. هاوڕێکانی بەتەنیشتییەوە دانیشتبوون. پاش ئەوە، یەکێک لەوان بەرەو لای من هات. ئەو قژێکی تاریکی هەبوو و کونێک لە یەکێک لە چۆکەکانیدابوو. ئەگەر من بمزانیبووایە…. هەرگیز ڕێگام پێ نەدەدا بڕوات. من دەمویست بەسەریدا هاوار بکەم. لەبەرچی ئەو کارەت کرد؟ لەبەرچی وات لەو کوڕە کرد ئۆتۆمۆبیل لێبخوڕێ کاتێ دەتزانی تەواوی ئێوارەکە ئەو ئارەقە نەگریسەی هەڵقۆڕیوەتەوە؟ بەڵام من نەمدەتوانی. من هیچ وشە و هەستێکم لەلا نەماوە.

ڤیگگۆ بەمزووانە دەست بە خوێندنگە دەکات. ئەو تەنها نیوساڵی ماوە. من بەبێ تۆ دەرەهەق نایەم. ئێمە دەبووایە لەوێ ڕابووەستین و تەماشای بکەین، کاتێ ئەو بە کۆڵەپشتەکەیەوە دەچێتەبەر خوێندنگە. ئێمە دەبووایە پاشان وەریبگرینەوە و ئافەرینی لێ بکەین کاتێ سەرکەوتوو دەبێ و، بۆڵەی لەسەر بکەین وانەکانی بخوێنێت. ئێمە دەبووایە ئەو ببینین کە قۆناغی سەرەتایی دەبڕێ، یارمەتیی بدەین خوێندنگەی ئامادەیی هەڵبژێرێ، بیبینین کاتێ تاقیکردنەوەی ئامادەیی وەردەگرێ، ئیشێک پەیدا بکات، هاوسەرێک بدۆزێتەوە، منداڵی ببێت و بانگ بکات “موومموو و موففا”. من بەو ئاواتەوەم هەرچی پێویست بێ بیبەخشم بۆ ئەوەی جارێکی تر گوێم لە دەنگی تۆ بێ، یاخود ببینم کاتێ پێدەکەنی. تەنها جارێکی تر، بەوشێوەیە بزانم کە تۆ هەبوویت و ئەوە تەنها خەیاڵێکی من نەبوو کە دگەیەکی پێ کردم. تەنها بەوشێوەیە بزانم کە تۆم هەبوو.

من لە ناخەوە بەکوڵ دەگریم، بەڵام لەڕووی دەرەوەم هیچ نابینرێ.

لەکاتی ناشتنەکەتدا، “ئاندرێیاس” شیعرێکی خوێندەوە. “بلووسی ناشتن”، شیعری ( دەبڵیو. هۆ. ئاودەنس). خۆشەویستەکەم! ئەوەت بەبیر دێتەوە؟ هەموو کاتژمێرەکان بووەستێنن، تەلەفۆنەکەمان دابخە، بەبیرت دێتەوە کاتێ ئێمە لە نیویۆرک “چوار زەماوەند و ناشتنێک”مان بینی؟ کۆتری سەر شەقام و گۆڕەپانەکان ڕەشپۆش بکەن، چۆن ئێمە بە کەوشی چەرخدار ڕۆیشتین و شووکوولاتی گەرممان دەخواردەوە، بەجۆرێک پێدەکەنین کە واماندەزانی ئێمە تەنها مرۆڤین لە هەموو جیهاندا هەین؟ ئەو باکووری من بوو، باشووری من بوو، ڕۆژهەڵاتی من بوو، ڕۆژئاوای من بوو؟ هەموو ئەوانەت لەبیرە؟ من هەموویانم لەبیرە. ئەوکاتەی بۆ یەکەمین جار گوتت: من تۆم خۆش دەوێ. من وازم لە خواردنەوە هێناوە. من پەیوەندیم بە کۆمەڵەکان، یانەکان، (Don’t Drink and Drive, VITA) و هەموو شوێنێکی ترەوە کردووە. من دەچمە تێراپی، گرووپی تێراپی، سایکۆتێراپی و وتووێژی تێراپی. دەبا ئێمە ناڵەی هەستەکانمان دەربڕین، بیاننووسینەوە و بگرێین. لەگەڵ ئەوەشدا، من وا هەست بەخۆم دەکەم کە بێکەسم. من ناتوانم هاوار بکەم، چوونکە دەنگەکەم لەگەڵ تۆدا بزربوو. من وشەم پێ نەماوە، جوونکە ئەوان هەموویان لێم برد. نازانم پێبکەنم یاخوود بگریم، چوونکە فرمێسکم پێ نەماوە و پێکەنین شتێکە بوونی نییە. تۆ منت لە بۆشاییەکدا بەجێهێشت کە هەرگیز بە من پڕناکرێتەوە.  کونی دڵەکەم هەر گەورەتر و گەورەتر دەبێت. ئەو ئێشە کاریگەرە من دەخوات، پێشتر پارچە پارچەی لە دڵم قووت داوە. وا هەست دەکەم کە ڕۆحم گەورە دیارە، وەک کەوڵێک لەنێویدا دەخولێمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی زیاتر و زیاتر دەبێتەوە. تۆ لەنێویدا بزربووی. جێگەی تۆ لە هەموو شوێنێکدا بەتاڵە. ئێستا ڕۆژەکان تاریکتر، درێژتر و ساردترن. بەشێوەیەک هەموو هەوەسێکی ژیان لەسەر گۆی ئەم زەمینە ون بووە. بەهەرحاڵ لەلای من وایە. بەم زووانە جەژنی کریسمەسە. یەکەم جەژنی کریسمەسە بەبێ تۆ. ڤیگگۆ لەم ڕۆژانە پرسیاری کرد: بابانۆئێل دێ؟ من وەڵامم دایەوە: بەڵێ. ئەی لەبەرچی نایەت؟ ئەوکاتە کوڕەکەت بە چاوە هەورەبرووسکاوییەکەیەوە سەیرێکی منی کرد: ئاخر دایە! باوکم لێرە نییە و، من دەزانم کە ئەو بابانۆئێلە. هەر لە پاش ئەوە، لە ئاودەسخانەکە دەرگەکەم لەسەر خۆم داخست و گریام. کە چۆن پێنج-ساڵییەک بەو شێوەیە لەلای ڕوون بێ ژیانێک لەژێر پێدا دەرهێنراوە.

جارجار هەموو شتێکم لەلا ڕەش دەبێ. ئەوسا چیی دی توانام نامێنێ. دەمەوێ تەنها پاڵبکەوم و بۆ مردن بەدوای تۆدا بێم. ئەوسا تەماشای کوڕەکەم دەکەم؛ کوڕەکەمان. بەشێک لە تۆ لە بیجامەیەکی سووردا. ڕۆڵە بچکۆلە قژکاڵەکەمان. ئەوسا تێدەگەم، کە تۆ هێشتا لەنێو ئێمەدا هەیت. تۆ لەنێو من و ڤیگگۆدا هەیت. تۆ لێرەیت. ئەوسا تەندروستیم کەمێک باشتر دەبێ و، هەتا ڕادەیەک گەرمیی هەتاو هەست پێ دەکەم. هەتا ڕادەیەک، تەنها ڕادەیەک زەردەخەنینێک بۆ یادەکانم دەکەم.

تۆ هەمیشە هەیت

من تاسەت دەکەم

من خۆشم دەوێی

 

*تێبینی: ئەم کورتەچیرۆکە وەرگێڕدراوی دەقێکی سوێدییە. لەبەر هەر هۆیەک بێت، نووسەرەکەی نێوی خۆی نەنووسیوە، بۆیە منیش وەک خۆی دەینووسمەوە. (و)

سوێد، ٢٥-١١-٢٠١٣

و: سیروان کاروانی
Previous
Next

Leave a Reply