Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خۆ فرۆشتن  خۆ نەفرۆشتن ….  نەوزاد بەندى

خۆ فرۆشتن خۆ نەفرۆشتن …. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

بەعس چەند هەوڵى دا بمکڕێ

نەیتوانى …

جوبرائیل بەرسوم ،

بەرپرسى ئەمنى زانکۆى موسڵ ،

چەند نمرەى لێشکاندم ،

بۆ ئەوەى خۆم بفرۆشم ..

( ئەو ئەیزانى ، من شەیداى زانستم و

حەز ئەکەم بەردەوام بم لە خوێندن ،

تا مردن … )

خۆم بە نمرە نەفرۆشت و

ئیمزام بۆ جوبرائیل بەرسوم نەکرد و 

نەبووم بە موئەیەد ،

لە حیزبى قائید ..

بەڵام

دواى بیست و پێنج ساڵ ،

خۆم بە تەنها سەرنجێکى تۆ

ف ر ۆ ش ت ..

بێ بەرگرى ..

بێ موناقەشە ..

بە سەرنجێ ، منت کڕى …

پاشان ..

ئەو هەموو حیزبە پەیدا بوون ..

هەردوو دەستم لە گیرفانما بوون ..

سیمفۆنیایەکى جیۆفانى مارادى ، لەسەر زارما ..

بە کەلاوە و

شەقامەکانى هەموو حیزبەکانا ڕۆیشتم ،

بە بێ ئەوەى لە مەرکانەى هیچ یەکێکیان ،

ڕۆژووى شەوێکم بشکێنم ..

لە مەزادخانەى هەموو یان ،

نزیک کەوتمەوە ،

کەس نەیتوانى هەڕاجم کا ..

بەڵام تۆ ..

بە یەک سەرنج هەڕاجت کردم ..

بە یەک نیگا

بە بێ پێشەکى ..

بە بێ قیستى درێژخایەن ..

بەبێ معامەلە ..

دواى بیست و پینج ساڵ ..

لەناو کیفى مۆبایلەکەت ،

هەڵتگرتم ..

ئەمە چ مەئساتێکە ، من تۆم خۆش ئەوێ ..

ئەمە چ حەیا چونێکە ،

من بە زستان بۆ گوڵاڵە سوورە ئەگەڕێم ..

ئەمە چ شێت بوونێکە ، 

من ئەمەوێ بە دەزووى کۆلارەیەکدا سەرکەوم ..

سەرکەوم بۆ ئەوەى 

لە چایخانەى ئەستێرەکانا دیژلەمەیەک بخۆمەوە ..

بۆ ئەوەى مانگ جگەرەیەکم بۆ داگیرسێنێ و 

لەگەڵ خۆردا 

دەستێک دۆمینە ساز بکەم ..

ئەمە چ عوبوەیەکى ناسیفەیە ،

من بە فانیلەیەکى عەلاگەوە ،

ئەمەوێ تایتانیک بهێنمە وشکە ساڵى 

کۆڵانەکەمان ..

ئەمەوێ دۆلفینێک ،

لە سابوناوى پشت مزگەوت ،

ڕاو بکەم و ..

ئەمەوێ لێوت ئیختیتاف بکەم و

قاچم تەڕ نەبێ ..

ئەمە چ عەبەسیەتێکە ، منى تێکەوتوم ، خودایە !

ئەمەوێ لە دواى نوێژ ،

بڕۆم بۆ ڕاوە بەراز ..

ئەمەوێ لەدواى تۆپى ڕۆژوو شکاندن ،

بڕۆم بۆ شانشینى دڵدارى ..

کە جوبرائیل بەرسوم بۆى دەرکەوت ،

من بۆ فرۆشتن نیم ..

نمرەکانى بۆ خستمە بەردەم ،

سەگى مونەزەمەکانى حیزب ..

من ئەشکەنجەى نمرەکانم درا ..

کۆمەڵەیەک نییە بە ناوى 

کۆمەڵەى نمرە تەعزیبدراوەکان ؟؟

نییە ..

نییە و 

کەس لێم تێناگا …

ئەمە ماناى چیە خۆفرۆشەکان ،

لە هەموو ئان و زەمانێکدا لەسەرەوەن ؟؟

ئەمە چیە خۆ نەفرۆشەکان 

لە هەموو ئان و زەمانیکدا لە ژێرەوەن ؟؟

بەڵام ئەو قانونە سەقەتە ،

یەک تۆسقاڵ لەو راستیە ناشارێتەوە ،

کە تۆ منت بە خۆڕایى ، کڕى ..

کە من 

بە خۆڕایى خۆم بە تۆ فرۆشت ..

ئەى نازەنین !

 

 

 

شیعرى : نەوزاد بەندى

nawzadbandy@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.