Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

خیتابی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامچییەكان، كێشەی گۆأانی دیموكراسی… سۆنیا زەكەری

Be First!
by February 14, 2008 گشتی

وەرگێڕان: ئەردەڵان غەفوور ئەمین/ئەڵمانیا…..

پێشەکی وەرگێڕ:


خوێنەری بەڕێز، لەبەر گرنگی ناوەرۆکی بابەتەکە و بوونی لێکچوونێک لە نێوان واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی عیراق و عیراق و ووڵاتانی دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەستام بە وەرگێڕانی ئەم نووسراوە بە دەستکارییەکی شکلییەوە، کە بە زمانی عەرەبی و ئەڵمانی لە وێبسایتی قەنتەرەی پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی دا بڵاو کراوەتەوە. هیوادارم بەسوود بێت.
 
بە تێگەیشتنی منیش جیاوازی نێوان موسڵمان و ئیسلامچی( ئەگەر دەربڕینەکە ڕاست بێت) بریتییە لەوەی کە موسڵمان دینی ئیسلام بە بارێکی شەخسی دەبینێت و بە پەیوەندی نێوان خۆی و خوای خۆی تەماشا دەکات. هەرچی ئیسلامچییە لەمە تێدەپەڕێت و دینی ئیسلام بە کار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی. واتە بە بارێکی گشتی دەبینێت.

بابەتەکە:
لە سەردەمی ئێستا وای لێهاتووە کە مرۆڤ ناتوانێت گوێبیستی خیتابێکی سیاسی بێت لە ووڵاتانی ئیسلامییەوە کە کاریگەری بزووتنەوەی ئیسلامچییەکانی بەسەرەوە نەبێت. مەبەست لە ئیسلامچی بەشێوەیەکی گشتی چییە؟ئایا تەنها دەمارگیری دۆڕاوەکانە؟ ئایا کامە مامەڵە لەگەڵ ئیسلامچییەکاندا ڕاستە؟سۆنیا زەکەری وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

بەپانتایی هەموو ڕووبەری نێوان ڕەبات هەتا دیمەشق، زۆربەی بزووتنەوە ئیسلامچییەکان خۆیان بە بەدیلی ڕژێمە گەندەڵ و زاڵمەکان دەزانن. کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین ی میسر لە پێشەوەی ئەم بزووتنەوانەن، کە ئەمان کۆنترین و گەورەترین و بەکاراترین ی گرووپە ئیسلامچییەکانن.

کێشەی فەلەستین سەرچاوەی کێشەکان وسیمبولی تێکۆشانی عەرەبە لەم ناوچەیە، ئەم حالەَتە لە زۆر ڕووەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە. بەڵام بزووتنەوە ئیسلامچییەکانی ووڵاتانی دەوروبەری لە زۆر دەمێکەوە بیریان لە گۆڕینی ڕێبازی تووندوتیژی کردۆتەوە. زیاء ڕەشوان لێکۆلەرەوە لە مەڵبەندی ئەهرام بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی دەڵێت: حکومەتەکانی ئەم ناوچەیە دەمێکە باش دەزانن کە بزووتنەوە ئیسلامچییەکان بیر لە کوودەتای سەربازی ناکەنەوە بۆ دەست بەسەراگرتنی دەسەڵات.

گومان لەوەی کە ئایا بزووتنەوە ئیسلامچییەکان بەڕاستیانە بەکارنەهێنانی زەبروزەند و تووندوتیژی یان تەنها تاکتیکێکی کاتییە، پرسیارێکی چارەنووسسازی ئەم ناوچەیەیە.بەڵام ئۆلیڤەر ڕۆی لێکۆڵەرەوە لە بواری ئیسلامییدا بانگەشەی گەشبیینییەکی ئازایانە دەکات. ڕۆی وای دەبیێت کە پێویستە بزووتنەوەی ئیسلامچییەکان لە ڕێی کارەکانییانەوە هەڵسەنگێنرێن نەوەک نییەتیان.

بە چالاکییە ئیرهابییەکانیان جیهادییە عەدەمییەکان ئەم ناوچانە و ڕۆژئاواشیان تووشی سەدمە کردووە کە هەموو سنوورێک دەبەزێنێت و ڕێگە پێگرتنیشی مەحاڵە. بەڵام ئیسلامچییە میانڕوەکان سەرکەوتنیان تا ڕاددەیەک بە دەست هێناوە و لە سەر ئاستی ناوچەیی و هەرێمی قبووڵ کراون.

پارتی دادوگەشەپێدان کە پارتێکی ئیسلامییە لە ووڵاتی مەغریب ڕەزامەندی و پشتگیری خۆی بۆ پرۆژەیاساکەی شا موحەمەدی شەشەم دەربڕی، کە بە یاسایەکی پێشکەوتنخواز دەژمێردرێت بۆ خێزان. بە پێی ئەو پرۆژەیاسایە مافی تەڵاق دەدرێتە دەست ئافرەت، کچی ژێر تەمەنی هەژدە ساڵ بۆی نییە شووبکات. بە یەکسانی دابەشکردنی ماڵ و موڵک کاتی جیابوونەوەی ژن و پیاو. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دەبینین کە ئیخوان موسلیمین ی ئەردەن سەرکۆنەی جەنگی عیراقی کرد، لە کاتێکدا کە هاوبیرەکانیان لە عیراق بەشداری حکومەتی عیراقی پاش سەددامیان کرد.

بزووتنەوەی ئیسلامچی و پراگماتییانەی نەرم

ئەم بزووتنەوانە لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتێکی پراگماتییانەی نەرمەوە، بە شێوەیەکی مەیدانی جێگەی هێزی بەرهەڵستکارییان لەم ووڵاتانە گرتۆتەوە ، بۆ نموونە لە ووڵاتی میسر لە کاتێکدا کە پارتی ئیخوان موسلیمین لە ڕووی فەرمییەوە ڕێگای پێنەدراوە، تەنها بۆی هەیە پاڵێوراوی بێلایەنی هەبێت لە هەڵبژاردندا، کەچی بە پێی ئامارەکانی زیاء ڕەشوان ئەم پارتە لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا توانای بەدەستهێنانی لە سەدا سی دەنگەکانی هەیە. ئەم ڕێژەیە ڕوو لە زیاد بوونە و پارتەکە هەموو کاتێک دەتوانێت هەوادار و لایەنگری خۆی بە باشی هان بدات. لە هەمان کاتدا ئیشتراکییەکان و لیبرالییەکان و نەتەوەییەکان لە زۆر دەمێکەوە پەراوێز خراون.

 ئەمە دەیسەلمێنێت کە سەرکووتکردنی بەرهەڵستکارە عەلمانییەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەگەرچی لە ژێر بیانووی مەترسی دروست بوونی دەوڵەتی ئیسلامیشەوە بێت، بەڵام تەنها بزووتنەوەی ئیسلامچییەکان سوودمەندن تێیدا.

 بەتاڵکردنەوەی دیموکراسی لە ناوەرۆکەکەی باجی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ئیسلامچییەکانە بە بیانووی پاراستنی ئازادییەوە.میسر و تونس نموونەی ئەم دیاردەیەن، کە تەنگوچەڵەمەی بۆ بەرەی دیموکراتخواز و ڕۆژئاواش دروست کردووە. ئەمڕۆ بزووتنەوە ئیسلامچییەکان داکۆکیکەری یەکەمن لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی خاوێن و پلورالیزم، کە ئەمانە ناوەرۆکی بەهای فکر و فەلسەفەی دیموکراتخوازان و ڕۆژئاواشە.

 هاوپەیمانێتی وەها دروست دەبێت کە تێگەیشتنی مەحاڵە. بۆ نموونە بزووتنەوەی بەرهەڵستکاری میسری ( کفایە) کە لە کۆمەڵێک هێزی سیاسی جیاواز دروست بووە، شان بەشانی ئیخوان موسلیمین خۆپیشاندان دەکەن دژی پرۆژەکەی موبارەک بۆ مانەوەی پاسەوانی تایبەتی نیزامی موبارەک. یان هاریکاری و پێکەوەکارکردنی ئەم دواییانەی نووسەرانی وێبسایتە تایبەتییەکان و ئیسلامچییەکان لە تۆڕی ئەلێکترۆنی نێودەوڵەتی بۆ داوای پتر ئازادی.

ناڕۆشنی هەڵوێستی بزووتنەوە ئیسلامچییەکان بەرانبەر بە دیموکراسی

لە کاتێکدا کە کەس وێنەی پەیوەندی ئیسلامچییەکان بە دیموکراسییەوە لا ڕوون و ئاشکرا نییە، هەندێک پرسیار دێت پێشەوە وەک: ئایا ئەم پەیوەندییە دەتوانێت سنووری بەکارهێنانی دین ببەزێنێت؟ ئایا بزووتنەوە ئیسلامچییەکان بە ڕاستی قوبووڵی ئاکامی هەڵبژاردنێکی خاوێن دەکەن ئەگەر تێیدا هەڵنەبژێردران؟یان تێگەیشتنیان بۆ پلورالیزم تەنها لە ڕووانگەی هزری بێرنارد لوویسەوەیە کە دەڵێت: یەک کەس، یەک دەنگ، وە بۆ یەکجاریش. واتە هەر کەسێک دەنگێکی هەیە و تەنها جارێک دەتوانێ دەنگ بدات و تەواو.

توێژەرەوەی مەغریبی لاو موحسین ئەلئحمەدی لە بواری کۆمەڵایەتیدا کە دە ساڵ لە پاریس ژیاوە، لێکۆڵینەوە لە سەر ئیسلامچییەکانی مەغریب دەکات . ئەو ئاگاداری دەدات لەسەر ئەوەی کە ئیسلامچییەکان کار بە پیرۆزی دەکەن لە گۆڕەپانی سیاسەت و مێژوودا کە پیرۆزی ناناسێ.

وە هەروەها لەم ڕووەوە دەڵێت کە ئیسلامچییەکان قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان تێنەگەیشتوون لەوەی کە دیموکراسی پێویستی ئەم سەردەمەی ئێستامانە.لە ڕێگەی ئامار و ئەژمار و قەبارەی بزووتنەوە و پارتەکانەوە ناتوانرێت قەبارەی کاریگەری بزووتنەوە ئیسلامچییەکان دیار و ئاشکرا بکرێت. ئەمانە دیاردەیەکی سیاسی و هەتا دیینی ڕەهاش نین، بەڵکو گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەورەیە. ئەلئەحمەدی ئەم گۆڕانە ناو دەبات بە ڕۆشنبیری دژەبەرانبەر.

توێژەرەوەی بەرلینی لە بواری ئیسلامیدا گودڕوون کرێمەر لەم ڕووەوە بەراووردی دەکات بە پارتی سەوز کە دەڵێت : ئەمڕۆ پارتی سەوز دەسەڵاتێکی  سیاسی گەورە نییە ، بەڵام بۆچوونەکانی ئەم پارتە کاریگەرییەکی فراوانیان لەسەر کۆمەڵگا هەیە. هەروەها بۆ بزووتنەوە ئیسلامچییەکانیش وایە لە ڕووی وەزیفییەوە، ئەوان چۆنێتی جلو بەرگ و، سرووشتی خواردن و ، ….هتد بۆ خەڵک دیاری دەکەن و تا ڕاددەیەکی زۆریش سەرکەوتوون لەم ڕووەوە.

گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەورە

گریمان ئەگەر بزووتنەوە ئیسلامچییەکا ن قەت نەگەنە وەرگرتنی دەسەڵاتیش، بەڵام ئەوان زۆرێک لە ڕێبازی ژیانی خەڵکیان گۆڕیوە. توانیویانە لە ڕێگەی دامەزراندنی تۆڕێک لە خەستەخانە و دایەنگا و باخچەی منداڵان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان ، ڕەگی خۆیان لە ناو کۆمەڵدا دابکوتن و بوونی خۆیان و کاریگەری کۆمەڵایەتییان زیاتر بسەلمێنن.

بۆ نموونە بینینی دیاردەی حیجابی ئافرەتان لە شارەکانی ئەسکەندەرییە و ڕەبات و جەزائیردا گۆڕانێکی دیار و بڵاوە. بەڵام تەنوورەی کورت و عەزی بێ قۆڵ پێش سی ساڵ مۆدەیەکی زۆر بڵاو بوو. هەروەها هەمان شت  بە نیسبەت جێ و ڕێ ی نوێژکردن لە ئیستگاکانی میترۆی قاهیرەدا. هەڵکۆڵینی ووشەی خودا لە سەر بەرد لە بیاباندا، کاتژمێری نوێژکردن کە بە کات و ڕۆژمێری هیجری و قیبلەنومای بەرەو مەککە دروست کراوە. سەرەڕای هەوڵدانی خەڵک بۆ خۆ دوورخستنەوە لە نوێژ و فەرائیزی دیینی، بەڵام بڵاوبوونەوەی داب و نەریتی دیینی شێوەیەکی قووڵ و فراوانی لە ناو خەڵکدا هەیە.

چەندین چالاکی ناڕازیبوون و خۆپیشاندان دژ بە سیاسەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکرێت، وە هیتر دژ بە وێنە کاریکاتۆرییەکانی پێغەمبەری ئیسلام ( محمد)، وە هەندێکی تر دژی ئیرهاب و هەتا حکومەتەکانیش. کەچی نابینین ڕێپێوانێک یا خۆپیشاندانێک دژ بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگا هەتا لەلایەن ئافرەتانیشەوە.

هەموو ئەو هەوڵانەی کە گروپ و بزووتنەوە مارکسییەکانیش دەیدەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە فراوانبوونی دیاردەی دیینی، کاردانەوەی هەژاری و  بێئومێدی و بێبەریبوونی توێژەکانی کۆمەڵگایە لە ئازادی و مسۆگەرکردنی ژیانێکی بێ منەت، ئەوەش سەلماندنی تەواو نادەن بە دەستەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە.

ڕۆشنبیرانی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا زیاتر ڕوو دەکەنە ئەم بزووتنەوەیە و کار دەکەن لەگەڵیدا هەتا دەگاتە کۆمەڵگاکانی ووڵاتانی کەنداوی عەرەبیش. ووتووێژی دینیانەی باوی ناو خەڵک وەک ئەو ووتەیەی کە دەڵێت خۆمان هەڵدەگرین بۆ ئەو دنیا وەکو بڵێ ی سبەینێ بمرین مایەی گاڵتەجارییە لای موحسین ئەلئەحمەدی. بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێشوازیشی لێدەکات چونکە بە بەرگرییەکی باشی دەزانێت بۆ خۆپاراستن لە زەبری گلۆبالیزەیشن.

ئەو دەڵێت بزووتنەوە ئیسلامچییەکان دیاردەیەکی ڕۆشنبیرین بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەی دەرەکی. وە دەڵێت کە جیهانی ئیسلامی دژایەتی ئیمپریالییەتی بەها ماددییەکان بە ئیمپریالییەتی بەها ڕۆحییەکان دەکات، کە ئەمەش ووتەکەی سامۆئێل هێنینگتن وە بیر دێنێتەوە.

دەربارەی وەڵامدانەوە بە پرسی مافی ئافرەت و مافی کەمایەتییەکان، بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەڵێن: بەهای داد و یەکسانی و لێبووردەیی و پشتگیری بێدەسەڵاتان لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە و ڕوونە. پێغەمبەر بەرپرسیار نییە لە چەوساندنەوەی ئافرەت بەڵکو ئەوەی ووتەکانی پێغەمبەر شیدەکاتەوە. بەڵام هۆمۆسێکسوئێلەکان ڕیسوا دەکرێن لە هەموو ئەو ووڵاتانەدا تەنانەت ئەگەر ڕژێمی عەلمانیش دەسەڵاتدار بێت.

ڕق و کینە بەرانبەر ئیسرائیل و ئەمەریکا تەنها لە هەڵوێستی بزووتنەوە ئیسلامچییەکاندا نییە، بەڵکو زۆر لە لایەنە فەرمییەکانی ناو دەسەڵات بەشدارن لە پشتگیری کردنی ئەو دیاردەیە.هەموو هەوڵەکان بۆ دابڕان و دوورخستنەوەی ئیسلامچییەکان یان لاواز کردنی بیروباوەڕیان ، ئاکامەکەی تەنها ئیرهاب و خوین ڕشتنە وەک لە جەزائیر یان سەرکوتکردن وەک لە میسر. نەشتوانراوە ڕێگا بگیرێت لە دەمارگیری و تەتەروف ی هەندێک گرووپی ئیسلامی، یان دیاردەی لەسەرخۆی بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگا.

ئەوروپای پیر و بە ئاگا عەلمانییەتی نەسەلماند و تێپەڕی نەکرد لە سنووری ناسۆنالییەت و فاشییەت، تەنها دووای ڕوودانی چەندین جەنگی ماڵ وێرانکەر نەبێت. ئەوە ئەو ئەوروپایە کە ئێستا گومان دەکات لەوەی کە ئەم دیاردەیە بە یۆتۆپیا بناسرێت.

بۆی هەیە هەموو ووڵاتێکیش بە سەردەمێکی پڕ ئەزموونی تاڵ و زەحمەتدا تێپەڕێت و هیچ ووڵاتێکیش ئامادەی بەشکردنی ئەو ئەزموونەی نییە لە گەڵیدا. پێویستی بوونی کەش و هەوای دیموکراسی لە ڕووانگەی بنەڕەتی بزووتنەوەی ئیسلامچییەکانەوە جێگای نییە و نایانەوێت. هەڵوێستی پڕ گومان و ترس بەرامبەر هەر داوایەکی بەشدارییکردنی ئیسلامچییەکان ، ئاکامی سیاسەتی ئەوروپایە کە شڵەژاو و تەمومژاوییە.

 

ardalan75@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply