Skip to Content

Sunday, November 1st, 2020

خێرايی – با – له سه‌ده‌یه‌کا …. سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد

Be First!
by April 1, 2012 هۆنراوە

 

ئيمێله‌که‌م پڕ بوو له‌ نامه‌
هه‌موويم ديلێت کردن و پاشان
یه‌که‌ یه‌که‌ نه‌مخوێندنه‌وه‌
***
گه‌ر ناتوانيت پارچه‌کانم کۆکه‌يته‌وه‌
تکا ده‌که‌م
ده‌سکاری ته‌نهاييم مه‌که‌
**
هه‌تا ئێستا دوو شتم بۆ نه‌پێوراوه‌
خێرايی با له‌ سه‌ده‌يه‌کا و
هه‌ناسه‌ شه‌خته‌ييه‌کانی دايکم له‌ سه‌عاتێکا
***
بێ ئيش نيم
ئه‌وه‌ نييه‌ به‌سه‌ر پلیکانه‌کانی
رۆژگاره‌‌وه‌‌
سيزيفانه‌ به‌ردی ميحنه‌ت به‌سه‌ر ئه‌خه‌م
***
گوێم له‌ به‌ردێک گرت
له‌به‌ر خۆيه‌وه‌ گۆرانی
( ئای نه‌رمه‌ نه‌رمه‌)ی ده‌گوت
***
وه‌ک قوله‌ ره‌شێک
ته‌نها ددانه‌کانی سپی ده‌چێته‌وه‌ ، زه‌مه‌ن
***
دراوسێ مرۆڤه‌کانم جێده‌هێڵم
ماڵه‌که‌م ده‌گوازمه‌وه‌
گه‌ڕه‌کی سه‌گه‌ به‌ وه‌فاکان
له‌گه‌ڵ سه‌گێکی جوامێر به‌ ژنان تێکه‌ڵ ده‌بين
***
نامه‌یه‌ک بۆ رۆحی قاله‌مه‌ڕه‌ ده‌نێرم
تکای لێده‌که‌م رێگام بدات
حه‌کایه‌تی نائومێدييه‌کانی دره‌ختێک
له‌ ده‌فته‌ری ناڵه‌ناڵی شمشاڵێکا بنوسمه‌وه‌
***
له‌سه‌ر ئيقاعی مردن
شمشاڵی ژيان ده‌ژه‌نم
***
ئای ته‌مبه‌ڵم
ئه‌وسا و ئێستاش فێر نه‌بووم
درێژی نيشتيمان X پانی نيشتيمان
ده‌کاته چه‌ند ميلليمه‌تر دوجا‌
***
له‌ دامه‌نی دايکمه‌وه‌
به‌ربوومه‌وه‌ ناو دار و به‌ردی نيشتيمان
ده‌ستم نا
قاچه‌کانم نا
که‌رامه‌تم ورد و خاش بوو
***
ناوێرم خه‌ون ببينم
له‌ ژێر پێستمدا
پۆليسێک هه‌ميشه‌ له‌ ئه‌رکدایه‌
***

Previous
Next

Leave a Reply